Home / بەشی مێژووی كورد / چەند ڕاستییەکی شێوێنراو لە بارەی دامەزراندنی لیوای زەنگابادەوە لە ساڵی ١٨٥٣

چەند ڕاستییەکی شێوێنراو لە بارەی دامەزراندنی لیوای زەنگابادەوە لە ساڵی ١٨٥٣

دکتۆر جەبار قادر
توێژەرێکی تورکمان بە ناوی فازیل بەیات دوو بەڵگەنامەی عوسمانی لە بارەی دامەزراندنی لیوای زەنگابادەوە بڵاوکردۆتەوە. ئەم لیوایە کفری، خورماتو، قەرەتەپە و زەنگابادی یا زەنگاواتی دەگرتە خۆ. هەر یەک لەم شارۆچکانە ناوەندی قەزایەک بوون و تا ساڵی ١٨٥٣ سەر بە ئیالەتی شارەزوور بوون، کە کەرکوک ناوەندی بوو. ئەم توێژەرە کەسێکی ئەکادیمییە و شارەزاییەکی زۆر باشی لە بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەردەمی عوسمانیدا هەیە. کۆمەڵێ بەرهەمی ئەکادیمی لەم بوارەدا بڵاوکردۆتەوە کە ئاستی شارەزایی دەردەخەن. بەداخەوە بەیاتیش وەکو زۆر لە نووسەران و توێژەرانی تورکمان لە پەتای دەردەکوردە ڕزگاری نەبووە. هەندێ لەم بەڕێزانە ئەگەر بۆیان بلوێت ناوی کورد لە مێژوودا دەسڕنەوە. یەکەم ڕستەی نووسینەکەی بە وتەیەکی نادروست لە باری مێژوویی و جوگرافییەوە دەستپێدەکات، کاتێ هەموو ئەو شوێنانە بە شارۆچکەی تورکمانی ناو دەبات.
بەڵگەنامەکان باس نامە و نامەکاری لە نێوان وەزارەتی دارایی و سەرۆکایەتی وەزیران و دەرباری سوڵتانی عوسمانی ئەکەن، واتا باس لە پرۆسەی دامەزراندنی لیواکە ئەکەن، هەرچەندە لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بە قایمقامییەت کراوە. پێدەچێت بەر لە دەرچوونی قانونی ویلایەتەکان لە دەوڵەتی عوسمانیدا لە ساڵی ١٨٦٤ جیاوازییەکی زۆر لە نێوان لیوا و قایمقامیەت نەکرابێت. ئەنجومەنی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی ساڵی ١٨٥٣ ڕاسپاردەیەکی بۆ کۆکردنەوەی ئەم قەزایانە لە یەکەیەکی کارگێڕی نوێدا بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەرزکردۆتەوە. ئەم یەکە کارگێڕییە بە هۆی پێگەی جوگرافییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە، چونکە دەکەوتە نێوان هەردوو ویلایەتی بەغدا و شارەزوورەوە. هەبوونی یەکەیەکی کارگێڕی بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێگەی سەرەکی نێوان هەردوو ویلایەت پرسێکی گرنگ بوو. بە هۆی ئەوەی هۆزە کۆچەرەکان بەو ناوانەدا بڵاوببوونەوە، بۆیە ئەرکی سەرەکی قایمقام کۆنترۆڵکردنی جموجوڵی ئەو هۆزانە بوو. نەدەبوو ئەم یەکە کارگێڕییە نوێیە ئەرکی دارایی زیاتر بخاتە سەر شانی دەوڵەت. دوای ئەوە لە ئەنجومەنی ژمێریاری وەزارەتی دارایی لێکۆڵینەوە لە سەر پرسەکە کرا، لە گەڵ راسپاردەکاندا بەرزکرایەوە بۆ سەدری ئەعزەم (سەرۆک وەزیران)، ئەویش ڕەزامەندی لە سەردا و بۆ سوڵتان عەبدولمەجیدی بەرزکردەوە، کە ئەمیش فەرمانێکی سوڵتانی لە ١٨ سەفەری ١٢٧٠ ک بۆ دامەزراندنی دەرکرد (دەکاتە ٢٠ نۆڤەمبەری ١٨٥٣). ئەندامی ئەنجومەنی شاری کەرکوک عومەر نەفتچی زادە، کە بنەماڵەکەی جێگەی متمانەی دەوڵەت، کرا بە قایمقام و محەمەد ئەفەندییەکیش کرا بە نووسەر و مەحمود ئەفەندیش بە ژمێریار. ناوەندی لیوای نوێ شاری کفری بوو، کە لە دەسپێکدا بڕیاڕ وابوو ناوی لیواکەش هەر کفری بێت، بەڵام دوایی بە باشتر زانرا ناوی زەنگابادی لێ بنرێت. وەکو هەر یەکەیەکی کارگێڕی تر باس لە دامەزراندنی هێزی دەرەک بۆ پاراستنی ئاسایش کراوە و گرنگی بە کۆکردنەوەی باجیش دراوە، کە دوو ئەرکی سەرەکی دامەزراوە عوسمانییەکان بوو لە ویلایەتەکان.
یەکێ لە ڕاسپاردەکان باس لە دامەزراندنی دوو نووسیار دەکات، کە دەبێت یەکێکان عەرەبی زان بێت و ئەوی تریشیان فارسی بزانێت. ئەم ڕاسپاردەیە بۆ خۆی پرسێکی ئەوتۆ نیە مرۆڤ زۆری لە سەر ڕاوەستێ، لێ ئەو ئەنجامەی توێژەر لە سەری بنیاتی ناوە، مایەی تێڕامانە. ئەم دوو نووسیار یا وەرگێڕە بەسە بۆ توێژەری بەڕێز بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی لێبڕاوە، کە مەبەستمە لەم نووسینە کورتەدا بیخەمە ڕوو. ئەو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی پێی وایە، کە دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەموو تورکمان بوونە، بەڵام هەندێ عەرەب لە نێویان ژیاون و لە دەور و بەریش هەندێ هۆزی عەرەب لە کۆچ و بەهار و هەواردا بوونە. هەندێ خەڵکیش بە فارسی قسەیان کردووە و بازرگانی کردنیش لە گەڵ ئێراندا وای کردووە فارسی زانێک پێویست بێت. لەم بؤچوونەیدا جووەکانی ئەو شارۆچکانەشی لە بیر نەکردووە، کە گوایە هەر بە تورکی قسەیان کردووە. دوای ئەم هەموو کەین و بەینە دەێتە سەر مەبەستی سەرەکی، کاتێ دەڵێت باسی زمانی تر نەکراوە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بە بۆچوونی توێژەر کە لەم خەڵکانە زیاتر کەسی تر لەم ناوچانە نەژیاون. مەبەستەکە ڕوونە کە کورد لەو ناوە نەبووە.
لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نا زانستییەدا پێم باشە ئاماژە بە چەند ڕاستییەک بکەم. بەر لە هەر شتێک دەیان گەڕیدەی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی بەر لەو ساڵە و دوای ئەوەش سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە و هەموو بە یەک دەنگ ئاماژەیان بەو ڕاستییە مێژووییە کردووە کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە هۆز و خێل و بنەماڵە کوردییەکان پێکیاندەهێنان. هیچ سەرچاوەیەکی عوسمانیش لافی وای لێنەداوە و ساڵنامەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە بارەی ویلایەتەکانی بەغدا و مووسڵەوە کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەم بڵاوبوونەتەوە باسی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان کردووە، کە تەواو پێچەوانەی ئەم قسانەی ئەم توێژەرە تورکمانەیە. تەنها لە ناوەندی شار و شارۆچکەکاندا هەندێک لە دانیشتوان کورد نەبوونە و زیاتر خەریکی کاری پیشەوەری و بازرگانی بوونە. ئەندامانی هۆزە کوردییەکان بە تایبەتی کۆچەرەکان بە چاوێکی سووکەوە سەیری ئەو پیشە و کارانەیان ئەکرد و خۆیان زۆر لەوە گەورە تر دەبینی بە کاری واوە خەریک بن.
بە پێچەوانەی ئەوەی بەڕێز بەیات پێی گەیشتووە، خەڵکی دەڤەرەکە کورد بوونە و ئەوانەشی لە گەڵیاندا ژیاون بە هۆی تێکەڵاوی و پیشەکانیانەوە ناچار بوونە کوردی بزانن. باشترین نموونەش بۆ ئەم بۆچوونە جووەکانی کوردستان بوون. بەڵام بۆ پەیوەندی لە گەڵ ویلایەتی بەغدا و ئێرانییەکاندا پێویستی بە عەرەبی زان و فارسی زان هەبووە. خۆ ئەگەر بەو پێوەرە بێت دەبێت تورکمانیش لەو دەڤەرانە نەبووبێتن، چونکە باسی زمانی تورکمانی نەکراوە. هەموو کەسێکیش دەزانێت ئەو دەمە و ئێستاش جیاوازی نێوان تورکمانی و تورکی چەندێ گەورەیە. ئەوەی بەشێک لە نووسەران و خەوێنەوارانی تورکمان زمانی خۆیان گۆڕیوە بۆ تورکی شتێکی ئەوتۆی لە پرسەکە نەگۆڕیوە، چونکە ئێستاش خەڵکە ئاساییەکە هەر بە تورکمانی قسە ئەکەن، نەک تورکی سەپێنراو بە سەر منداڵەکانیاندا.
ڕاستییەکی تریش ئەوەیە، کە زمانی تورکی زمانی فەرمی دەزگاکانی دەوڵەت بووە. فارسیش زمانی دەوڵەتی دراوسێ و نەیار بوو و بە هۆی پەیوەندی بازرگانی و ئەمنی ئەم دەڤەرە و وڵاتی ئێران نەدەکرا پشتگوێ بخرێت. هەرچی زمانی عەرەبیشە، هەم زمانی ئەو ئاینە بوو کە دەوڵەتی عوسمانی خۆی کردبووە خاوەنی و هەم هەموو جیهانی عەرەبیش لە ژێر دەستیدا بوو. سەرباری ئەوەش لە خوار ئەم دەڤەرانەوە ناوچە عەرەبییەکانی سەر بە ویلایەتی بەغدا دەستیان پێدەکرد، بۆیە باسکردنی زمانی عەرەبیش کارێکی ئاسیی بوو. ئەوەی پەیوەندی بە زمانی کوردیەوە هەیە، ئەوا هەم خەڵکەکە هەموویان دەیانزانی و هەم تا ئەو دەمە و زۆر دواتریش زمانێک نەبوو لە هێچ دەزگایەکی دەوڵەتێدا بەکار بهێنرێت. دەقی نووسراویش بە کوردی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دەگمەن بووە. هەرچی مەلا و خوێنەوارێکی کوردیش هەبووبێت، ئەوا عەرەبی و فارسی و تا ئەندازەیەک تورکیشی زانیوە و هێستا نەبووبوە نەریت کە بە کوردی بنووسن و بخوێنن، بۆیە باسنەکردنی زمانی کوردی نابێت کەسێکی توێژەر و ئاگادار بەو ئاراستە نادروستەدا ببات.
لێرەدا وێنەی هەردوو بەڵگەنامەکە بڵاودەکەینەوە کە لە وتارەکەی دکتۆر فازیل بەیات وەرمانگرتووە.

15350617_1299154663479344_6092552549170906553_n 15403746_1299165500144927_2515575271319545317_o

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …