چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ د.جه‌مال نه‌به‌ز له‌مه‌ڕ ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌ت و ئۆتۆنۆمی و بارودۆخی سیاسیی باشووری كوردستان
دیمانه : ستیڤان شه‌مزینی
ئه‌م دیمانه پێش نۆ “9” ساڵ و له ژماره “48” گۆڤاری “نێوه‌ند” كه خۆم سه‌رنووسه‌ری بووم له مانگی فێبریوه‌ی 2008 بلاَوكراوهتهوە.
پرسی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی كوردیی یه‌كێك له‌و پرسه گه‌وره‌و گرنگانه‌یه كه‌مترین ئاوڕی له‌بواری ئه‌كادیمیدا لێدراوه‌ته‌وه،ئه‌و نووسه‌رانه و لێكۆڵهرهوانهی به‌دیدێكی ئه‌كادیمیانه له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره گرنگه‌یان نوسیووه جگه له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌من،به‌ڵكو له‌كاره‌كانیاندا تووشی زه‌حمه‌تی زۆر هاتوون له‌به‌رئه‌وه‌ی جگه لهتهڵخی واقیعه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی كوردستان یارمه‌تیده‌ر نه‌بووه،له‌هه‌مان كاتدا به‌شی زۆری مێژووی كورد تاریكیی زۆری له‌سه‌ر بووه،ئه‌وه‌شی نوسراوه‌ته‌وه و تۆماركراوه زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری له‌لایه‌ن ناكورد و بیانییه‌كانه‌وه نوسراوه‌ته‌وه،هه‌ندێك له‌وانه گه‌شتیاربوون نه‌یانتوانیوه به‌رۆحی لێكۆڵیار یان مێژوونووسێكهوه ئه‌و مێژووه تۆمار بكه‌ن،هه‌ندێكی تریان كه‌پشكی شێر پێكدێنن ئه‌و رۆژههلاَتناسه گهڕیدانهن هه‌میشه به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ویستوویانه وێنه‌ی گه‌لانی ئه‌م رۆژههلاَته له‌نێویشدا كورد وه‌ك دڕنده‌و كێویی نیشان بده‌ن .
د.جه‌مال نه‌به‌ز بێجگه له‌وه‌ی سیاسییه‌كی ناسراوه له‌هه‌مان كاتدا تیۆریسیۆنێكی وریا و به‌ناوبانگی هزری ناسیۆنالیستی و نه‌ته‌وه‌یی كورده،وێڕای ئه‌وه‌ی دكتۆر نه‌به‌ز له‌بواری زمان و مێژوودا قه‌ڵه‌مێكی به‌بڕشت و به‌ئه‌زموونه بهلاَم به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی وه‌ك خودانی بیرۆكه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردیی چاوی لێده‌كرێت . ده‌رباره‌ی ناسیۆنالیزم و چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری پابه‌ند به‌بارودۆخی هه‌نووكه‌یی كوردستان به پێویستمان زانی دیمانه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل له‌گه‌ڵیدا سازبكه‌ین .
ستیڤان: ئه‌وه‌ی له‌دوای هه‌ره‌سی سۆڤێت و كۆتایی هاتنی جه‌نگی سارد وسه‌ره‌تای دنیای یه‌ك جه‌مسه‌ریی به‌رێبه‌ریی ئه‌مه‌ریكا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه:دنیای هاوچه‌رخ كه جیهانگیریی گۆڕیویه‌تی بۆ گوندێكی بچووك، دنیایه‌كه ناسیۆنالیزم تێیدا كۆتایی پێهاتووه به‌ڵكو جیهانگیریی سنووره‌كانی تێكشكاندووه و مهوسومی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گه‌یاندووه به وێستگه‌یی كۆتایی !! له‌و رووه‌وه ئه‌و لێكنزیكبوونهوانهی ولاَتانی ئه‌وروپی وكاركردنیان به‌یه‌ك دراوی یه‌كگرتوو به‌نموونه ده‌هێنرێته‌وه ، پرسیاری گه‌وهه‌ریی لێره‌دایه:ئایا ناسیۆنالیزم وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ت كۆتایی پێهاتووه؟ئایا ئه‌وه‌ی له‌دنیای هاوچه‌رخدا ده‌یبینین پاڵپشتی له‌و بۆچوونه ده‌كه‌ن یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟.
جه‌مال نه‌به‌ز: جیهانی ئه‌وڕۆ یه‌ك جه‌مسه‌ری نییه، راسته، ئه‌مریكا زلهێزێكه، كه‌ره‌نگه له‌باره‌ی دهسهلاَتی ئابوورى و سوپایی و ته‌كنیكیه‌وه، جارێ، له‌پله‌ی یهكهمدابێ، بهلاَم رووسیا و چین و ژاپۆن، سێ زلهێزی دیكه‌ن و، رۆژ به‌رۆژ به‌هێزتر ده‌بن و، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، هێنده‌ك ده‌وڵه‌تی دیكه‌ش هه‌ن، وه‌ك هیندستان، كه‌ده‌توانن، سا یان به‌ته‌نێ، یان به‌هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ زلهێزێك، بۆ وێنه:چین، ببنه زلهێزێك. ئه‌مه‌یان وا. ئه‌وجا ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌تی ناسیۆنال، نه‌ك هه‌ر كۆتاییان نه‌هاتووه، به‌ڵكو له‌نیوه‌ڕۆی ئاههنگیاندان. ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناسیۆنالیانهی ئێسته هه‌ن، رۆژ له‌دوای رۆژ، سنووره‌كانیان له‌جاران پتر ده‌پارێزن و، گه‌لانی بێده‌وڵه‌تیش، بێ‌وچان، هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن. تۆ وه‌ره سه‌یری گه‌لی باشووری سۆدان و گه‌لی كۆسۆڤۆ وعه‌ره‌بی(سه‌حرا)و گه‌لی تامیل و گه‌لی ئه‌مازیگ و گه‌لی فه‌له‌ستین بكه، ئه‌وجا، ئه‌و پرسیاره‌ش له‌خۆت بكه، بزانه هیچ ده‌وڵه‌تێكی ناسیۆنال هه‌یه، هه‌وڵیدابێ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه وبیكات به‌ده‌وڵه‌تێكی نا ناسیۆنال؟ ئه‌و نموونه‌یه‌ی “یه‌كێتیی ئه‌وروپا”كه‌هه‌ر ساته ناساتێ، ده‌كوترێته‌وه به‌چاوی كورددا، ئه‌وه‌ش به‌زۆریی، له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه، له‌عه‌ره‌ب و ترك و فارس، كه‌تا بینه‌قاقایان شۆڤێنیست و دهوڵهتپهرستن، نموونه‌یه‌كی چهواشهكهره. هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وروپایی، سنووری ناسیۆنالی خۆی تێكنه‌داوه وتێكنادات، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان، گه‌لێك له‌جاران پتر، خه‌ریكی پاراستنی زمان و كولتوور و سیسته‌می بودجه‌و باج وسنووری خۆیه‌تی. ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌وروپا، یه‌كێتییه‌كی ئابوورییه، به‌نیازی دامه‌زراندنی زلهێزێكی نوێ كه‌بتوانێ بۆڕبۆرێن له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا وچین بكات. پاشان، ئایا ئه‌م”یه‌كێتیى ئه‌وروپا”یه سه‌رده‌گرێ، یان سه‌رناگرێ و، له‌دوارۆژدا چی و چۆنی به‌سه‌ردێ، ئه‌وه‌ش پرسیارێكی به‌جێیه‌و وه‌رامه‌كه‌ی لێره‌دا نادرێته‌وه.
ستیڤان: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد به‌درێژایی زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌كه شۆڕش له‌دژی داگیركه‌رانی كوردستان ده‌كات كه‌چی هێشتا ناسیۆنالیزمی كورد وه‌ك ناسیۆنالیزمێك كه ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێت و كوردبوون ماك و بنه‌مای كاركردنی بێت نه‌خه‌مڵیوه، رایه‌كیش هه‌یه ده‌ڵێت راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد زیاتر په‌رچه‌كرداری پاڵه‌په‌ستۆی داگیركه‌رانن له‌سه‌ر كورد نه‌ك به‌رئه‌نجامی دیدێكی نه‌ته‌وه‌یی كه كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردستان ئامانجی بێت و ئه‌جیندای یه‌كه‌مین و بنچینه‌یی بێت ، وه‌ك خۆم له‌و بڕوایه‌دام ناسیۆنالیزمی كورد تا ئێستا سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه، له‌كاتێكدا سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌سه‌ده‌ی ناسیۆنالیزم ناودێر كرا كه‌چی كورد نه‌یتوانی ببێته خاوه‌نی دیدێكی ناسیۆنالیستی، ئایا تۆ پێتوایه ناسیۆنالیزمێك له‌ئارادا بێت وه‌ك ناسۆنالیزمی كورد؟ ئه‌گه‌رنا بۆچی سهریههڵنهواوهو ئایاهیچ ئومێدێك به‌دی ده‌كرێت بۆ نه‌شونماكردنی؟
جه‌مال نه‌به‌ز: كورد، مێژوویه‌كی یه‌كجار كۆن و ده‌وڵه‌مه‌ند، بهلاَم ناچڕوپڕی هه‌یه. ئه‌م مێژووه، چاڵوچۆڵ و كون و كه‌له‌به‌رێكی زۆری تێدایه. ئه‌ز كه سه‌رنجی مێژووی كورد ده‌ده‌م، وه‌ك خانوویه‌كی وا گه‌وره دێته به‌رچاوم كه ژووره‌كانی لهژمارته نایه‌ن و، هه‌زاران پارچه شت و ئامێری جۆربه‌جۆری تێدایه كه‌به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتوون و هه‌ریه‌كه‌شیان له‌لایه‌كه‌وه واشكاوه، یان پێكه‌وه نالكێنرێنهوه، یان زۆر به زه‌حمه‌ت دهلكێنرێنهوه.
ئه‌م كوردستانه‌ی ئه‌وڕۆ، شوێنی گه‌لێك شارستانی وكولتووری وه‌ك میترایزمی و مهزدایزمی و مانێتی ومادی و میتانی و كاردۆخی و خۆری و ههتیتی و سۆمه‌ری و بابلی و یۆنانی و مووسایی و عیسایی و ئیسلامی بووه. كورت و كرمانجی، به‌شێكی كوردستان، ولاَتی میزۆپۆتامیایه، كه بهبێشكهی شارستانێتیى جیهان نێو ده‌برێ. هه‌ر له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م كوردستانه شوێنی جه‌نگی ماڵوێرانكهرانهو قڕكه‌رانه‌ی ئه‌و گه‌ل و تیره‌و هۆزانه‌ش بووه كه كوردستانیان كردووه به‌گۆڕه‌پانی بهگژیهكداچوونیان بۆ داگیركردنی. كورته‌یه‌كی ئه‌م مێژووهشم له‌و سه‌میناره‌دا خستووه‌ته به‌رچاو كه به‌زمانی ئه‌ڵمانی له‌به‌رلین له 19-9-1997دا له”ماڵی جڤاتی كورد”(كه ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بوو) له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌كی زۆر له نوێنه‌رانی حیزب و كۆمه‌ڵ و كه‌سایه‌تییه ئه‌ڵمان و كورد و بیانییه‌كاندا پێشكێشكرد و، ئه‌و سه‌میناره هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چاپكراو دوایی كرا به ئینگلیزی وچاپكراو به‌هه‌ردوو زمانه‌كه‌ش له ماڵپه‌ڕی كوردبوون (www. kurdbun. de)دا ده‌ستده‌كه‌ون، له‌ژێر نێوی (كورد، مێژوو و كولتووریان) بۆ تێگه‌یشتن لهدیرۆك و ره‌وتی ناسیۆنالیزمی كورد، باشتر وایه كه بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كهلهمهوبهر له‌و باره‌یه‌وه نووسیومن، وه‌ك لێكۆڵینه‌وه له‌گۆڤاری”نیشتمان”و”ژێكاف”(چاپی سوێد 1985به‌كوردی وئه‌ڵمانی) و” دۆزی ناسیۆنالی كورد”(چاپی یه‌كه‌م سوێد 1985، چاپی دووه‌م له‌نده‌ن 2002، چاپی هه‌ولێر 2007).
ناسیۆنالیزمی كورد، وه‌ك ناسیۆنالیزمی تورك وعه‌ره‌ب و فارس، زۆر كۆنه، بهلاَم ئه‌وه هه‌یه لهخانووهكهی مێژووی كورددا، كه له‌سه‌ره‌وه په‌نجه‌م راكێشا بۆی، به‌ده‌ست و پێ شكاوی ده‌بینرێ. خۆ ئه‌گه‌ر”شه‌ره‌فنامه”ی بیتلیسی و”مهم و زین”ی خانی و هه‌ڵبه‌سته‌كانی خانای قوبادی بخوێنیته‌وه، یان سه‌رنجێكی ئاینی ئێزدی و یارسانی بده‌یت كه دوو ئاینی یه‌كجار كۆنی كوردن و، زمانی كوردى به‌زمانی پیرۆزی ئێزدانی داده‌نێن، ئه‌وا، ناسیۆنالیزمی كوردت به‌ئاشكرا دێته پێش چاو. ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزمی كورد، له‌هاتنه سه‌ركاری سه‌لاحه‌دینی ئهیووبیشدا، به‌جوانی ده‌بینرێ، كاتێك مفتی هه‌كاری، پشتگیریی سه‌لاحه‌دین ده‌كات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دین كوردبووه، مفتی نه‌یویستووه تركێك ئه‌و جێیه بگرێت. ئه‌م راستییه‌ش له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆنی عه‌ره‌بیدا تۆماركراوه، وه‌ك: “وفیات الاعیان”ى ابن خلكان و “الروضتین”ى ابو شامه.
كه ناسیۆنالیزمی كورد نه‌یتوانیوه، ده‌وڵه‌ت بۆ كورد دابمه‌زرێنێ، مانای وانییه كهنهبووه. بێجگه له‌وه‌ش، نه ناسیۆنالیزمی ترك، نه ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و نه ناسیۆنالیزمی فارس، هیچیان نه‌یانتوانیوه ده‌وڵه‌تی ناسیۆنال بۆ خۆیان دروستبكه‌ن. ده‌وڵه‌تی ترك به‌پێی په‌یمانی لۆزان (1923) له‌لایه‌ن به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیاوه و، به‌پشتگیریی سۆڤێت دامه‌زرا. ده‌وڵه‌تی فارس له‌ئێراندا به‌یارمه‌تی به‌ریتانیا و سۆڤێت دامه‌زرا، كه‌له‌ساڵی 1921دا پشتگیریی كوده‌تای ره‌زا خانیان كرد‌و، له1925 كردیان به‌شا. هه‌موو ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌كانی ئه‌وڕۆ كه هه‌ن، له‌لایه‌ن به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا وئیتالیاوه دامه‌زرێندران. خه‌باتی لۆرێنست نه‌بیستووه له‌پێناوی”سه‌ربه‌خۆیی”عه‌ره‌بدا؟ ئێسته‌ش ئه‌وه نییه، ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین دروستده‌كات؟ئه‌وه‌ش بخه‌ره به‌رچاوت كه یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی ناسیۆنال لهرۆژههلاَتی ناڤین‌دا، شانشینیی باشووری كوردستان بوو به‌سه‌رۆكایه‌تیى شێخ مه‌حموود له 1919دا. توركیا و عێراق و سووریا و ده‌وڵه‌تی فارس، پاش ئه‌وه دروستكران. به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا بوون كه نه‌یانهێشت كورد ده‌وڵه‌تی هه‌بێ، نه‌ك عه‌ره‌ب و ترك و فارس.
ستیڤان :دهستهلاَدارانی باشووری كوردستان به‌رده‌وام جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌بار نییه بۆ داواكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیی (هه‌رهیچ نه‌بێت له‌باشووری كوردستاندا) هه‌ر به‌م هۆیه‌وه بێباكن لهلكاندنهوهی باشووری كوردستان به‌عێراقی عه‌ره‌بییه‌وه، ئایا له‌دۆخێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا كه كورد له پێگه‌یه‌كی تارادده‌یه‌ك به‌هێزدایه هه‌لومه‌رجی بابه‌تی و ده‌ره‌كی و ناوخۆیی یارمه‌تیده‌ر نین بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان؟ ئایا ئه‌و بۆچوونه چه‌ندێك راستیی پێكاوه كه پێیوایه داواكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیی كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژییه به‌ڵكو له‌باربه‌ری ئه‌م ئه‌زموونه بچووكهشه له‌باشووردا بوونی هه‌یه؟ زۆر به‌كورتی كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئه‌جیندای كورد ده‌وڵه‌ت بێت نه‌ك فیدراڵی؟ ئایا ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌مه‌سه‌له‌ی كورددا روویانداوه هه‌نگاونان بۆ ده‌وڵه‌ت ناخه‌نه سه‌ره‌تای لیستی كاركردنی سیاسییه‌وه ؟.
جه‌مال نه‌به‌ز: كورد، له‌سه‌ره‌تای په‌لاماری ئه‌مریكادا بۆ سه‌ر عێراق، له‌پێگه‌یه‌كی زۆر به‌هێزدابوو، ده‌رفه‌تێكی فره باش هاته پێشه‌وه بۆی كه‌ده‌یتوانی رهپوڕاست باسی سه‌ربه‌خۆیی وبڕیاری چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ستی خۆی بكات. خۆ ئه‌گه‌ر كورد ئه‌وه‌ی پێنهكرایه كه باشوور سه‌ربه‌خۆ بكات، هیچ نه‌بێ ده‌یتوانی، كه‌ركووك و مووسڵ و به‌شێكی گه‌وره‌ی دیاله‌و كووت بخاته سه‌ر”میرنشینه‌كان”ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك.
بهلاَم سه‌ركرده‌كانی پارتی و یه‌كێتی، به‌پشتگیریی جه‌ماوه‌ری له‌خشته‌براو و سه‌رلێشێواو و، بێده‌نگی، یان دوو زمانی و چه‌ندڕوویی، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خوێندهوهرانی هه‌لپه‌رست و هه‌ڵمه‌ته كاسه‌ى كورد، توانیان ده‌نگی سه‌ربه‌خۆییخوازان كپبكهن وعێراقی رووخا‌و دروستبكه‌نه‌وه‌و، ئه‌و كورده‌ی كه‌به‌زۆری بۆمبابارانی فڕۆكه‌ی به‌ریتانیا كرابوو به عێراقی، به‌ئاره‌زوی خۆی بكه‌ن به عێراقی و، هیچ به‌ڵگه‌و بیانوویه‌كی قانوونی به‌ده‌سته‌وه نه‌هێڵن. ئه‌مه‌ش، وه‌نه‌بێ رێكه‌وت بێ وله‌پڕ هاتبێ ویه‌خه‌ی كوردی گرتبێ، به‌ڵكو له‌وه‌وه هاتووه كه‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حیزبانه، كهپهنجا ساڵ جه‌ماوه‌ری كوردیان به دهروێشێتیی رژێمی سۆڤێت و چین و”ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان و دێمۆكراتی بۆ عێراق” و “برایه‌تیی داگیركه‌ر وداگیركراو” ته‌فره‌دا، باوه‌ڕیان به‌سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نییه‌و خۆیان به‌عێراقی ده‌زانن وكوردستانیش به”گه‌ڕه‌كێك”له”شاره‌كه‌ی عێراق” داده‌نێن و، ئه‌مه‌ش مافی خۆیانه، چۆنكه هه‌موو كه‌سێك ئازاده له‌وه‌دا كه چۆن بیرده‌كاته‌وه. بهلاَم ئه‌وان كاتێك كه هه‌وڵدان بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان به “خۆكوژی” یان “خه‌یاڵی شاعیرانه” ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م و گاڵته‌یان پێیدێ، دیاره كوردێكی دیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه پێیانبڵێ، ده‌باشه، كه‌واته واز له‌وشه‌ی كوردستان بهێنن و، ئێدی هه‌ر به نێوی عێراقه‌وه سیاسه‌ت بكه‌ن و كاربكه‌ن و، بۆچی به‌هۆی ئه‌م “خه‌ون و خه‌یاڵ”ه‌وه، ئه‌م هه‌موو كورده بكوژرێن و ده‌ربه‌ده‌رببن و به‌ملیۆن خه‌ڵك بێ ئاو و بێ كارڤا وبێ سووته‌مه‌نی و بێ ده‌رمان و بێ دكتۆر و برسی و ره‌شوڕووت بژین و، تاقمێكیش به‌هۆی سه‌ر له خه‌ڵك تێكدان و كورد كوردێنهی بێ ئه‌نجام و بێ ئامانجه‌وه، وه‌ك شا گوزه‌ران بكه‌ن؟ ئه‌رێ… پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه و زۆریش ژیربێژانه‌یه. ئه‌گه‌رنا، وه‌نه‌بێ خۆم دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك بۆ چل ملیۆن كه‌س، كه‌چه‌ند هه‌زار ساڵێكه لهولاَتێكی پان وبهریندا ده‌ژی، به”راوی گردی ره‌ش” بزانم. خۆ ئه‌گه‌ر كێشه‌كه “خه‌ون و خه‌یاڵ”یش بێ، ئه‌وا رۆژێك بوو، مام جه‌لال خۆشی، بهخهونیدا نه‌ده‌هات، ببێته سه‌ركۆماری عێراق و، راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، هه‌موو ئاواتێك كه هاتووه‌ته دی، له‌سه‌ره‌تاوه له‌خه‌یاڵ و خه‌ونێكه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه. هاتنه‌دی، یان نه‌هاتنه‌دی ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه، به‌ندبووه به‌راده‌ی هه‌وڵدانی خاوه‌ن خهونهوهو، دهستپێشكهریكردن، یان نه‌كردنی له‌ده‌رفه‌تدا.
پاشان، كه‌تۆ باس له”راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان”ده‌كه‌یت، باشه، كێ ده‌وڵه‌تی كوردستان رابگه‌یه‌نێت؟خۆ دیاره حیزبه‌كان ئه‌وه ناكه‌ن، كه‌واته ده‌بێ جه‌ماوه‌ر بیكات. باشه كام جه‌ماوه‌ر؟ئایا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه، ملوێنێك له‌و دوو ملوێن خه‌ڵكه‌ی كهلهههڵبژاردندا له‌م ده‌رگه‌وه ده‌نگیاندا بۆ ده‌ستووری عێراق و له‌و ده‌رگه‌وه بۆ “سه‌ربه‌خۆییی كوردستان”، ئاماده‌ن له‌هه‌ولێر كۆببنه‌وه و بهئالاَی كوردستانه‌وه و لهخۆپێشاندانێكدا، داوای ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ن وئه‌م خۆپیشاندانه‌ش، هه‌ر مانگی جارێك و هه‌ر جاره له‌شارێك، دووباره بكه‌نه‌وه؟ئایا، حیزبه‌كان رێ‌یان داوه‌و ده‌ده‌ن كهجهماوهر تۆزی گه‌نده‌ڵیی لێبتهكێندرێ وبهوههسته و به‌و بیره په‌روه‌رده بكرێ، تاكو شه‌قامێكی كوردستانیی ئازادیخواز دروستببێ؟
ستیڤان: به‌درێژایی سه‌ده‌ی رابردوو چه‌ندان ره‌وت و پارتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی له‌كوردستان لهسهرههڵداندا بوون بهلاَم تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییانه نه‌ك گه‌شه‌یان نه‌كردووه به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه له بچووكترین ئاڵوگۆڕدا پووكاونه‌ته‌وه و لاوازبوون، ئه‌گه‌ر باسی كۆمه‌ڵه‌ی (ژێكاف)و (كاژیك) و (پاسۆك) بكه‌ین و سه‌یری سووڕی ژیانیان بكه‌ین راستیی ئه‌م بۆچوونه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆچی پارت و ره‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رده‌وام له‌به‌رامبه‌ر ئومهمییهكانی چه‌شنی كۆمۆنیسته‌كان لهسهرهتاداو ئیسلامییه‌كان له‌پاشاندا له‌پاشه‌كشه‌دا بوون ؟ هۆكاره هه‌ره سترۆكتۆرییهكانی لاوازیی و ناكارایی ره‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟ ئایا زه‌مینه‌ی كۆمهلاَیهتی و سیاسی یارمه‌تیده‌ریان نه‌بووه یان میكانیزمه‌كانی كاركردنیان ناواقیعی بووه‌و له‌گه‌مه‌ی سیاسی‌دا لاواز و ناشاره‌زا بوون ؟
جه‌مال نه‌به‌ز: ژێكاف وكاژیك وپاسۆك، هه‌رچه‌نده هه‌رسێكیان سه‌ربه‌خۆییخوازبوون، بهلاَم وه‌ك یه‌ك نه‌بوون. سه‌رده‌می ژێكاف، بیری نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ك هزرێكی فه‌لسه‌فی نه‌بوو. ئه‌م هزره لهكاژیكهوه ده‌ستیپێكرد. ژێكاف، حیزبێكی ناسیۆنالیست بوو، نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی. نه‌ته‌وه‌یی، ناسیۆنالیست نییه. ئه‌مه‌شم لهسهمیناری”بیری نه‌ته‌وه‌ییی كوردی، نه‌بیری قه‌ومیه‌تی رۆژههلاَتی ونهبیری ناسیۆنالیزمی رۆژاواییه”(چاپی سوێد 1984، چاپی له‌نده‌ن 2002)بههوردی رۆنكردووهتهوه). ژێكاف، توانی كه‌ڵك له‌هه‌لومه‌رجی داگیركرانی به‌شێك لهرۆژههلاَتی كوردستان له‌لایه‌ن سۆڤێتیهكانهوه وه‌ربگرێ و، سه‌ركرده‌یه‌كی لێوه‌شاوه‌ی وه‌ك پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بكاته رێبه‌ری خۆی و هه‌ل له‌ده‌ست نه‌داو كۆماری كوردستان دابمه‌زرێنێ. بهلاَم ئه‌وه‌بوو به‌ختی كۆمار ره‌ش بوو. هه‌ر ساڵێك دوای دامه‌زران، كوێره‌وه‌ری بۆ دروستبوو. ئینگلیز وئه‌مریكا، به‌هه‌موو جۆرێك ده‌یانویست سنووری ئێران وه‌ك خۆی بهێڵنه‌وه‌و، مه‌ترسیی سۆڤێتی لێدووربخه‌نه‌وه. ستالینیش به‌هومێدی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌ره‌تی(امتیاز)ی ده‌رهێنان وبهرخواردن لهنهفتی باكووری ئێران، ده‌ستخه‌ڕۆ بوو، وله‌شكره‌كه‌ی له‌ئێران كشانده‌وه و فه‌رمانیشی بهسهركۆماری ئازربایجان، جافه‌ری پیشه‌وه‌ری دا، كه‌شه‌ڕی له‌شكری ئێران نه‌كا و لهسۆڤێت ببێته په‌نابه‌ر، قازی محه‌ممه‌د به‌قسه‌ی پیشه‌وه‌ری نه‌كرد وكوردستانی به‌جێنه‌هێشت. پاش ئاشبه‌تاڵی ئازربایجان و پیشه‌وه‌ری، كوردستان به‌ته‌نێ مایه‌وه. كوردستان له‌شكرێكی به‌هێزی نه‌بوو. هه‌موو سوپای كوردستان 1500 سه‌رباز بوون به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، كه‌له‌لایه‌ن قازی محه‌ممه‌ده‌وه كرابوو بهجهنهراڵی سوپا. سوپای كورد، كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆدرا، به‌رگه‌ی نه‌گرت و، ئه‌وه‌بوو كۆمار رووخا. ژێكافیش، پاش ئه‌وه‌ی بوو به‌حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و، دوای شه‌هیدبوونی قازی و رووخانی كۆمار، وازی له‌بیری سه‌ربه‌خۆییی كوردستان هێنا.
ئه‌مه ژێكاف بوو. كاژیك، هه‌رچه‌نده وه‌ك حیزب نێوی رۆیشتووه، بهلاَم له‌راستیدا حیزب نه‌بوو، خۆشی نێوی خۆی نابوو”كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه‌و یه‌كێتیی كورد”. كاژیك رێبازێكی فه‌لسه‌فی و، به‌رهه‌می راپه‌ڕینی هزریی رۆشنبیرانه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی كوردانه بوو. ئامانجی كاژیك، ته‌نێ گه‌یشتن به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش بوو، له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ره‌به‌گی وباوكفرمانی وچینایهتییهوه، بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كسان، واته لایه‌نی ناسیۆنال و لایه‌نی كۆمهلاَیهتی(سۆسیال)ی پێكه‌وه گرێدابوو، نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتووی له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ چین دا ده‌دی، ئازادی و یه‌كسانی به‌ته‌واوكه‌ری یه‌كدی ده‌زانی، ئازادی، بێ یه‌كسانی لهدهسهلاَتداو، یه‌كسانی بێ ئازادی، به‌نه‌بوو نه‌كراو ده‌زانی. كاژیك له‌سه‌ر بنچینه‌ی قوتابخانه‌ی كوردیی سۆسیالیزم دامه‌زرابوو، باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو كهشۆرشێ له‌كوردستاندا به‌بێ تێپه‌ڕاندنی سه‌رده‌می رۆشنكاری، سه‌ربگرێ. له‌به‌رئه‌وه، ده‌یویست به‌نهێنی وله پێشه‌وه، بێ هه‌را وهۆریا، بكه‌وێته رۆشنكاری. كاژیكنامه، كهمانیفێستی كوردی یه، به‌ڵگه‌یه‌كی زیندووه بۆ ئه‌مه، كهپوختهیهكی هزری كوردانه‌ی رۆشنبیرانه‌یه.
به‌ختی كاژیكیش، له‌به‌ختی ژێكاف جیاواز نه‌بوو. دووساڵێك پاش دامه‌زراندنی كاژیك، له‌ناكاو، راپه‌ڕینی چه‌كداری، كه‌دوایی بوو به‌شۆرشی ئهیلوول، به‌سه‌ر كورددا سه‌پێنرا. كاژیك خۆی پێویستی به‌ماوه‌یه‌كی درێژبوو، تا بتوانێ به‌نێو جه‌ماوه‌ری كوردستاندا په‌لبهاوێ. بهلاَم كه‌شه‌ڕ هه‌ڵگیرساو، له‌شكری عێراق په‌لاماری كوردستانی دا‌و، مه‌لا مسته‌فای بارزانی سه‌ركرده‌یه‌تیی به‌رخۆدانی گرته ده‌ست، ئێدی خه‌ڵكه‌كه، بوون به دوو به‌ره، به‌ره‌یه‌ك لایه‌نگری شۆرش، كهزۆربه بوون و، به‌ره‌یه‌كیش دژی شۆرش كه كه‌مینه بوون. كاژیك هه‌رچه‌نده هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌و كاته‌دا به‌باش نه‌ده‌زانی، وه‌ك به بلاڤۆكیش ده‌ریبڕی، بهلاَم هه‌رده‌بوو پشتی بگرێ، دژی له‌شكری داگیركه‌ری عێراق و گرتی، هه‌ر له‌به‌د به‌ختی كاژیك، ئه‌و سه‌رده‌مه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خوێنده‌واران و بگره نه‌خوێنده‌وارانیش له‌نێو كورددا، رژێمی سۆڤێتیان، به”بووه‌یه‌كی پیرۆز” ونهتهكین (مصون) دادهناو سیاسه‌تكارانی كوردیش كه هورده بۆرژوازی و ده‌ره‌به‌گ بوون، خۆیان به ماركسی و”نوێنه‌ری پڕۆلیتاریا”ده‌دایه قه‌ڵه‌م و، كاژیكیش، سۆڤێت و به‌ره‌ی رۆژههلاَتی به‌دوژمنی ئازادی و دیكتاتۆر و دژ به‌كورد ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه، كاژیك، نه‌ك هه‌ر له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌و كوردانهشهوه، زۆر بێ ویژدانانه، بهربهرهكانیدهكرا. ئه‌وه‌ش ده‌بێ بێژم، كه‌له‌نێو كاژیكیشدا كه‌سانێك هه‌بوون كه‌له‌سه‌ر كاژیك حسیب بوون، بهلاَم بۆ راییكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان، بووبوونه پاسه‌وانی پارتی، ئێدی، كاژیك نه‌یتوانی، به‌ربه‌ره‌كانیی ئه‌م هه‌موو دوژمنه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه بكات و، نه‌شیده‌توانی، له‌تاران و ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق و به‌غدا بیرۆ بكاته‌وه و ده‌ست پان بكاته‌وه، چۆنكه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌داگیركه‌ر ده‌زانی، له‌به‌رئه‌وه ناچار بوو، وه‌ك رێكخراو، له‌چالاكی بكه‌وێ.
هه‌رچی”پاسۆك”ه، ئه‌وا بۆ ئه‌وه دامه‌زرابوو، كه درێژه‌پێده‌ری كاژیك وجێگره‌وه‌ی كاژیك بێ، بهلاَم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناكۆكی كه‌وته نێو دامهزرێنهرهكانییهوه، كههێندێكیان له‌حیزب جیابوونه‌وه و ته‌نانه‌ت كوردستانیشیان به‌جێهێشت و له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه، حیزب كه‌وته ده‌ستی كه‌سانێك كه نه‌له‌باری رۆشنبیری و لێزانیی رامیارییه‌وه و، نه له‌باری كه‌سایه‌تیی تایبه‌تیی خۆشیانه‌وه، به‌كاری گێڕانی ئه‌و رۆڵه نه‌ده‌هاتن و، ئه‌نجامی حیزبهكهیانیان گه‌یانده ئه‌وه‌ی كه ئه‌وڕۆ ده‌بینرێ، كه ئه‌ز لێره‌دا هه‌روا به‌كورتی په‌نجه‌م راكێشا بۆی.
ستیڤان :سه‌ركرده سیاسییه‌كانی باشوور هه‌موو به‌وه رازی بوون كورد له‌رێی مافی خۆجێییه‌وه له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه،له‌هه‌مان كاتدا رایده‌گه‌یه‌نن مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌رچووه وسه‌رده‌م سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن ئابووری به‌هێزه،ته‌نانه‌ت مام جه‌لال ده‌وڵه‌تی كوردیی به‌خه‌ونی شاعیرانه پێناسه ده‌كات!! به‌كوردییه‌كه‌ی هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ن ده‌وڵه‌تی كوردیی نا مومیكنه من له‌پرسیاری پێشوودا ئه‌وه‌م پرسی ئایا ئه‌و ده‌وڵه‌تی كوردیی مومكینه یان نا؟بهلاَم ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه چی ده‌سه‌لمێنێت و سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رانی كورد له‌كوێدایه له‌كاتی مانه‌وه‌ی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌ست و داگیركه‌ردا؟.
جه‌مال نه‌به‌ز:ده‌وڵه‌تی كوردستان، كاتێك ده‌توانرێ بهێنرێته دی، كه كورد و خه‌ڵكی كوردستان، باوه‌ڕیان بههێنانهبوونی هه‌بێ و به‌كرده‌وه تێبكۆشن بۆی و، له‌كاتی هاتنه پێشه‌وه‌ی ده‌رفه‌تدا، داخۆیانی بكه‌ن. بهلاَم به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێژم كه ئه‌م حیزب و سه‌ركرده و كۆمهلاَنهی كه ئه‌وڕۆ له‌كایه‌دان، باوه‌ڕیان به‌وه نییه و، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش بهێنن پێی، ئه‌وا قه‌واره‌ی ئه‌وه‌یان نییه كه سووت له‌ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن. ئه‌گه‌نا تا ئێسته ده‌رفه‌تێكی باشتر له‌ده‌رفه‌تی به‌هاری 2003 بۆ كورد هه‌ڵنه‌كه‌وتووه، بهلاَم كه‌ڵك وه‌رنه‌گیرا لێی. ئه‌وه‌ش ده‌مه‌وێ بێژم، كه‌چه‌ند ئۆتۆنۆمی سه‌ریگرت، ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی كه كورد په‌نجا ساڵ خوێنی رشت بۆی، فیدراڵیش هه‌ر هێنده سه‌ر ده‌گرێ. دیاره ده‌ستكه‌وتنی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان، ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ته و زۆریش زه‌حمه‌ته، بهلاَم كه مرۆڤ خۆی به خاوه‌نی شتێك زانی كه لێی سه‌ندرابوو به زۆر، ده‌بێ سۆر بێ له‌سه‌ر داواكردنه‌وه‌ی هه‌مووی. ئه‌وجا، ئه‌و شته‌ی زوو دهستدهكهوێتهوه، یان دره‌نگ، یان گوژمگوژم، ئه‌وه بابه‌تێكی دیكه‌یه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ هۆكارێكی دیكه‌ی ئه‌م بێباوه‌ڕییه‌ی سه‌ركرده‌كانی حیزبه‌كان بكه‌م، ئه‌وه‌ش”ترس”ه، ترس له‌سه‌ر نه‌كه‌وتن، له‌ئه‌نجامی بێدهسهلاَتییهوه، كه‌ئه‌م ترسه بووه‌ته گرێكوێره‌یه‌كی ره‌وانی و به‌ستراوه به” ئاوڕوو چوون”ه‌وه، له‌به‌رئه‌وه، رێی ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه به‌ستراوه، نه‌با سه‌رنه‌كه‌وتن ببێته”ئاوڕووچوون”. ئه‌وجا، كه مرۆڤ له‌مانای راستی”ئاوڕوو”نه‌گه‌یشت، ترسنۆكی ده‌بێته”ئازایه‌تی”. ئه‌وه‌نییه، هه‌موو رۆژێك له‌كوردستان چه‌ند كچێك ده‌سووتێندرێن، یان چه‌ند ژنێك ده‌درێنه به‌ر ده‌ستڕێژ، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پیاوه‌كان”ئاوڕوو”یان نه‌چێ. خۆ هه‌ر ئه‌و پیاوانه، ئه‌گه‌ر دهسهلاَتدارێك بیانداته به‌ر شه‌ق، ئه‌وه به”ئاوڕووچوون”نازانن، بهلاَم ئه‌گه‌ر كچه‌كانیان، یان خوشكه‌كانیان، زات بكه‌ن و له‌گه‌ڵ كوڕێك دوو وشه بگۆڕنه‌وه‌و دووجار پێكه‌وه ببینرێن، ئه‌وه “ئاوڕووچوون”ه، ده‌بێ ئه‌و “ئاوڕوو”ه به‌گولله، یان به پرێمز، بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ پیاوه‌كان، ئه‌مه‌ش به “ئازایه‌تی”ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
هه‌ر ئه‌مه‌شه خراپ تێگه‌یشتن له”ئاوڕوو”. چۆنكه ته‌نێ مرۆڤی ئازاد و سه‌ربه‌ست، خاوه‌ن ئاوڕوون، نه‌ك مرۆڤی دیل و ژێرده‌سته. خۆ ئه‌گه‌ر پیاوانێك و كوڕانێك په‌یداببن، هێنده ئازایه‌تی و سهربهزییان تێدا هه‌بێ كهبهتهنگ ئاوڕووی راسته‌قینه‌ی خۆیانه‌وه بن، ئه‌وجا، كه‌سانێك بێنه لایان و پێیان بێژن خوشكه‌كانتان، یان كچهكانتانمان دی، له‌گه‌ڵ پیاوان هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد، ده‌سته‌به‌جێ پێبكه‌نن و پێیان بڵێن، ئایا ئه‌وه شتێكی خراپه، دوو مرۆڤ (ژنێك و پیاوێك)یه‌كدییان به‌دڵ بێ و خۆش بوێ و بیانه‌وێ دواڕۆژێك بۆ خۆیان پێكه‌وه بنێن؟باشه كابرای كه‌ر كه تۆ ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌یت، تۆ كوێخای كوێیت، بڕۆ ملت بشكێنه. ئه‌و ده‌مه، ورده ورده ترس ده‌شكێ و ئاورووی راسته‌قینه كه ئازادییه، جێی ئاوڕووی درۆیینه كه ترسه، ده‌گرێته‌وه و ژنانیش له‌م دیلێتییه رزگاریان ده‌بێ.
كێشه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانیش هه‌ر وایه، بۆچی ده‌بێ ترس په‌یدا بێ له‌وه‌ی كه هه‌وڵدان بۆ ده‌وڵه‌ت سه‌رناگرێ، ده‌با جارێك، دووجار، سێ جار سه‌رنه‌گرێ، دوایی هه‌ر سه‌رده‌گرێ. ئه‌و ده‌مه گه‌لی كورد ده‌بێته خاوه‌ن ئاوڕوو، چۆنكه له‌باری ناسیۆنالهوه، یه‌كسان ده‌وه‌ستێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ داگیركه‌ری ولاَتهكهین.
ستیڤان: پارتی و یه‌كێتی له‌نوێترین هه‌نگاوی لێك نزیكبوونهوهكانیاندا گه‌یشتنه رێكه‌وتننامه‌یه‌كی ستراتیژیی، ئه‌م رێكه‌وتنامه‌یه جیا له‌وه‌ی بۆچه‌ند خولێكی تری هه‌ڵبژاردن هه‌ردوو حیزب وه‌ك هاوپه‌یمان ده‌هێڵێته‌وه له‌هه‌مان كاتدا رێكهوتنیشه دژی ئازادیی سیاسیی و خنكاندنی هه‌ر جۆره بهرههڵستكارێكه له‌زه‌مینه‌ی كوردستاندا،به‌دیوێكی تریشدا ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه قۆرخكردنی دهستهلاَتی سیاسی و به‌رده‌وامیی به‌خشینه به رۆتین وگه‌نده‌ڵی كه‌سیمای راسته‌قینه‌ی دهستهلاَتهكهیانه، چۆن سه‌یری ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه و ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه نوێیه‌ی نێوان هه‌ردوو پارت ده‌كه‌یت ؟.
جه‌مال نه‌به‌ز:نێوه‌ڕۆكی رێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی نازانم چییه، چۆنكه تا ئێسته بلاَویان نه‌كردووه‌ته‌وه، تا بزانم له‌سه‌رچی رێكه‌وتوون. ئه‌وه‌تا ئه‌ندامێكی یه‌كێتی، محه‌ممه‌د چاوجوان(هه‌فته‌نامه‌ی “میدیا”ژ 323، 22 1 8) نازانێ نێوه‌رۆكی ئه‌و رێكه‌وتنه چییه، ئه‌وجا یه‌كێكی وه‌ك منی سه‌ربه‌خۆ، له‌كوێ بزانم چییه. لێ، بلاَونهكردنهوهی ده‌قی ئه‌و رێكه‌وتنه، به‌تایبه‌تی چۆنكه هه‌ردووكیان دوو حیزبی دهسهلاَتدارن، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه، دژ به ساده‌ترین سه‌ره‌تای دێمۆكراسییه، كه‌بریتییه له به‌ڕۆنی پێشاندانی هه‌ڵسوكه‌وت. له‌به‌رئه‌وه چاوه‌ڕوانی خێری لێناكرێت.
ستیڤان:ره‌وشی سیاسیی كورد به‌به‌رینی مێژوو له‌هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدا بووه،تا ئه‌وه‌ی(هێنری كیسنجه‌ر) به قوربانیی هه‌میشه‌یی مێژوو وه‌سفی كورد ده‌كات ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دۆزی كورد له‌ئاستی جیهاندا پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه بهلاَم هێشتا كورد بێ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه،بگره زۆرینه‌ی خاكه‌كه‌ی له‌ژێر چه‌پۆكی داگیركه‌راندایه ،ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌زموونه خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ی له‌باشووریشدا هه‌یه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیدایه، چۆن سه‌یری دۆخی ئایندهی كوردستان ده‌كه‌یت ؟ ئایا رووداو و پێشهاته‌كانی ئاینده چه‌ندێك كاریگه‌ریی نه‌رێنی و ئه‌رێنی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد هه‌یه ؟.
جه‌مال نه‌به‌ز:هێنری كیسنجه‌ر(نێوه راستینه‌كه‌ی كیسینگهره، كه‌له‌بنه‌ڕه‌تدا جووله‌كه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیایه‌و چووه‌ته ئه‌مریكا) ناماقووڵی ده‌كات كهدهبێژێ”كورد قوربانیی هه‌میشه‌ییی مێژووه”، كورد هه‌موو كاتێك قوربانیی تاوانی تاوانبارانی وه‌ك جه‌نابی وی بووه، كهپلهوپایهو شوێنی دهسهلاَتدارێتیی خۆیان به‌كارهێناوه‌و، بوون به‌هۆی ماڵوێرانی كورد. كورد رۆڵی چه‌په‌ڵی وی له ئاشبه‌تاڵی شۆرشی ئه‌یلوولدا له‌بیر نه‌چووه‌ته‌وه.
پێشبینیكردنی دواڕۆژی كورد زۆر زه‌حمه‌ته، چۆنكه ئه‌م دواڕۆژه به‌دوو شته‌وه به‌نده. یه‌كه‌م، به‌كورد خۆیه‌وه، واته، تا چ ههندازهیهك ده‌توانێ خۆی كۆبكاته‌وه وئامادهبێ بۆ به‌كارهێنانی ده‌رفه‌ت. دووه‌م:به‌هه‌لومه‌رجی ده‌ره‌وه، هه‌لومه‌رجی ده‌ره‌وه‌ش رۆڵێكی لاته‌نیشتی ده‌بێ، ئه‌گه‌ر كورد خۆی ئاماده نه‌بێ بۆ قۆزتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه. ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش له‌به‌رچاوه ئه‌مه‌یه، حیزبه‌كان خۆیان كردووه بهمێردهزمهی كێشه‌ی كورد و، گه‌نده‌ڵی و مشوور نه‌خواردن بۆ دواڕۆژ و هه‌ر كه‌س بۆ خۆیی گه‌یشتووه‌ته پله‌یه‌كی زۆر به‌رز و رۆژ به‌رۆژیش خراپتر ده‌بێ و كۆمه‌ڵگه‌ی كورد به‌ره‌و ده‌رده‌داریی و رارایی ده‌بات. له‌به‌رئه‌وه كورد پێویستی بهشۆرشێكی رۆشنبیرانه هه‌یه كه ده‌بێ به راپه‌ڕینێكی رۆشنكارانه ده‌ست پێبكات، له‌به‌رئه‌وه رۆشنكاری، ئه‌وڕۆ له‌ڕێی ده‌زگه‌ی راگه‌یاندنی گشتییه‌وه، به‌تایبه‌تی ئینته‌رنێت زۆر پێویسته، چۆنكه رادیۆ وTV وچاپنامه (صحف)كان هه‌موو حزبین.
ستیڤان :بهپوختیی هه‌وڵدانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی باشوور به‌تایبه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی تاوانبارانی ئه‌نجامده‌ری تاوانی ئه‌نفال وه‌ك (عه‌لی كیمیایی و سوڵتان هاشم )ده‌رخه‌ری چییه؟ ئایا ئه‌و هه‌وڵه خیانه‌تێك نییه له‌چه‌شنی خیانه‌ته‌كانی تری نێو دیرۆكی كورد له‌وێنه‌ی خیانه‌تی مه‌لا ئیدریسی به‌تلیسی و مشیری حه‌مه‌ی سڵێمان؟ئایا ره‌نگدانه‌وه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و هه‌وڵدانانه چین هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی؟
جه‌مال نه‌به‌ز:دۆزه‌كه لێره‌دا له‌سێداره‌دان، یان له‌سێداره‌نه‌دانی ئه‌و تاوانبارانه نییه. ئه‌ز خۆم دژی سزای له‌سێداره‌دان و كوشتنم و پێموایه كه ئه‌و جۆره سزایه، هیچ ده‌ردێك ده‌رمان ناكات. تۆ ئه‌گه‌ر بێژیت، ئه‌و كه‌سانه تاوانباری گه‌وره‌ن و تاوانی گهلكوژییان له‌ئه‌ستۆدایه، بهلاَم له‌دژی لهسێدارهدانیانیت، چۆنكه سزای له‌سێداره‌دانت پێ‌باش نییه، ئه‌مه بیرورا‌و هه‌ڵوێستێكه و مافی خۆته، بهلاَم، ئه‌گه‌ر بێژیت:ئه‌مانه بێگوناهن، چۆنكه ته‌نێ فه‌رمانی سه‌ركرده‌كه‌یان كه سه‌ددام بوو، به‌جێهێناوه، دیاره ئه‌مه خۆ و خه‌ڵك به‌هه‌ڵه‌بردنه. تاوانكردن، به‌پێی فه‌رمانی سه‌ركرده‌ش بێ، هه‌ر تاوانه. پاش ئه‌مه‌ش، ئه‌م تاوانبارانه لهدادگهدا نه‌یانگوت به‌فه‌رمانی سه‌ددام ئه‌مه‌یان كردووه و، داوای لێبوردنیان له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌كرد، به‌ڵكو شانازییان بهكاروكرداری خۆیانه‌وه ده‌كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو تاوانانه، گوناهه‌كه‌ی ته‌نێ به‌ملی سه‌ددام بووبێ، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ددام سه‌ركرده‌و ئه‌مان بنكرده بوون و، هه‌ر سه‌ركرده تاوانبار بێ، نه‌ك كه‌سێكی دی، ئه‌وا لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته گۆڕێ:ئایا، گوناهی رشتنی خوێنی هه‌زاران كه‌س و رهشپۆشكردنی هه‌زاران ژن و خوشك و دایكی كوژراوان له‌و شه‌ڕانه‌دا كهنێویان ناوه”براكوژی”!!، ئه‌گه‌ر به‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه نه‌بووبێ كهبهكردهوه له‌شه‌ڕدابوون، بهلاَم سه‌ركرده نه‌بوون، ده‌بێ به‌ئه‌ستۆی كێ بووبێ؟ عاره‌ب گوتوویانه (العاقل تكفیه اشاره) و كوردیش ده‌بێژن” ئه‌گه‌ر كه‌سه، ئه‌لفێك به‌سه”و”تفی به‌ره‌و با ریش ده‌گرێته‌وه”. سیاسه‌تكار كه قسه‌ی كرد، ده‌بێ بیره‌وه‌ریی تێژبێ وئاگای له ده‌می خۆی بێ.
شتێكی ئاشكرایه كه‌بارودۆخی كورد له‌كاتی ئێسته‌دا خراپه‌و له‌وانه‌یه به‌ره‌و خراپتریش بچێ. گوناهی ئه‌مه‌ش له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا به‌ئه‌ستۆی كاربه‌ده‌ستانی كورده، كه كاتێك ده‌رفه‌تی نیسانی 2003 وه‌ك هه‌ڵكه‌وتێكی رۆژگار كه‌وته به‌رده‌ستیان، ئه‌و ده‌رفه‌ته زێرینه‌یان له‌ده‌ستداو كه‌وتنه حیزبحیزبێنهو بنه‌ماڵه بنهماڵێنه، له‌باتی پته‌وكردنی ریزه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و تۆبه‌كردن له‌رابردوو و، هێنانه كایه‌ی سیسته‌مێكی دێمۆكراسیی ئازادیخوازانه و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و دابینكردنی خزمه‌ته سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ك ئاو و كارڤا وسووته‌مه‌نی و ده‌رمان وكار و ئاڕاسته‌كردنی ئابووریی كوردستان به‌ره‌و خۆبهخێوكردن به به‌رهه‌می خۆماڵی، له‌ڕێی ژیاندنه‌وه‌ی سامانی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵییه‌وه و،رازینه‌بوون به فیدرالى و، رازینه‌بوون به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و نێوچه داگیركراوه‌كانی باشوور له‌ڕێی گشتپرسی”رهفراندۆم”یه‌وه. من خۆم ئه‌مانه‌م له‌ماوه‌ی ئه‌م سالاَنهی رابوردوودا، چه‌ندجار هێناوه‌ته به‌رچاویان، ته‌نانه‌ت داوامكردووه لێیان، ئه‌گه‌ر پێیانناكرێ ئه‌و رۆڵه بگێڕن باده‌ست له به‌رپرسیارێتی بكێشنه‌وه‌و، ئه‌وه‌ش وه‌ك شانازییه‌ك تۆمار ده‌كرێ بۆیان. خۆ ئه‌گه‌ر گوێیان له‌و ئامۆژگارییانه بگرتایه، ئه‌وڕۆ كابرایه‌كی وه‌ك خواجا روبێن نه‌یده‌وێرا ئه‌و قسه سارد و سووكانه بڵێ پێیان. ئه‌م كابرایه له نه‌وه‌ته‌كاندا له باشووری كوردستان بوو، واته له‌و سه‌رده‌مه‌دا كهچهكدارهكانی پارتی و یه‌كێتی، شان به‌شانی جه‌ندرمه‌ی ترك شه‌ڕی چه‌كدارانی پێ كێ كێ یان ده‌كرد، بهلاَم وادیاره، ئه‌و سه‌رده‌مه پارتی و یه‌كێتی گه‌نده‌ڵ نه‌بوون و سه‌ركرده‌كانیان “كوڕی باش”بوون، بۆیه خواجا روبێن، باسی گه‌نده‌ڵی نه‌ده‌كرد و تۆمه‌تی خه‌ڵك كڕین به به‌رتیلی نه‌ده‌خسته پاڵیان. ئێسته كه به چه‌ك شه‌ڕی پێ كێ كێ ناكه‌ن، گه‌نده‌ڵ و چی وچین. ئه‌وه به‌س نییه بۆ خواجا روبێن كه سه‌ركرده‌كانی ئه‌م دوو حیزبه له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌مارۆیان خستووه‌ته سه‌ر قه‌ندیل وته‌نانه‌ت، رێ به چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك ناده‌ن بچن بۆ سه‌ردانی قه‌ندیل.
ئه‌م خواجا روبێنه، نه‌ك هه‌رباسی ئه‌وه ناكات رژێمی ترك سه‌ت ساڵه خه‌ریكی كورد كوشتنه، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ش ده‌كات و كوردی باكوور به‌تیرۆریست ده‌داته قه‌ڵه‌م. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م كابرایه ره‌خنه‌ی له‌سه‌ركرده‌كانی كورد و سیاسه‌تكارانی كورد بگرتایه، هیچ قسه‌م نه‌بوو، ئه‌و ره‌خنانه‌ش كاتێك گرتوومن، كه خواجا روبێن لێی بێده‌نگ بووه، بهلاَم ئه‌وڕۆ ئه‌و به‌لایه‌نگریی رژێمی ترك و ئیسرائیل ئه‌و قسانه ده‌كات و كرده‌وه‌كه‌شی هیچ بهبهرژهوهندیی ئه‌مریكا نییه، به‌ڵكو به‌رگرییه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه بۆ رژێمی ئیسرائیل كه‌هاوكار و هاوپه‌یمانی رژێمی توركه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌و كوردانه‌ی له‌به‌ره‌ی ره‌خنه‌گران و به‌رهه‌ڵستكارانی فه‌رماندارێتیی باشووری كوردستانن، نابێ هیچ نرخێك بۆ ئه‌و قسانه‌ی خواجا روبێن دابنێن.