Home / ڤیدیۆ / ڤیدیۆ:ژیاننامەی پیرەمێرد

ڤیدیۆ:ژیاننامەی پیرەمێرد

تۆفیق مەحموود هەمزە ناسراو بە پیرەمێرد و حاجی تۆفیق بەگ (1867- 1950) شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکدەبێ و لە لاویدا زانستی ئایینی دەخوێنێت. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە 1898دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە 1925 و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی هەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێ. پیرەمێرد بەرهەمی ئەدەبیی زۆری هەیە و زۆر خزمەتی
ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا، لە سلێمانیدا نێرراوەتە حوجرە و مزگەوت و پاش ماوەیەک ئەبێ بە فەقێ لە مزگەوتی هەمزاغای باپیری و لای مەلا مەحمود ناوێک دەستدەکات بە خوێندن و فێربوونی عەرەبی و وانەی ئایینی. لە خوێندنی عیرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بە خوێندنی سیوتی. پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی شاری سلێمانی گەڕاوە ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان(1). کە لە بانەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لە 1882 دا لەتەمەنی 15 ساڵیدا، کراوە بە نووسەری بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە لە سلێمانی. لە 1883 دا کراوە بە نووسەری ئەملاکی هومایۆنی لە هەڵەبجە. لە 1886دا کراوە بە سەرنووسەری دادگای شارباژێڕ، ئەو دەمە پێیان وتووە (باشکاتب). لە 1895 دا کراوە بە یاریدەری داواکاری گشتی لە کەربەلا، بەڵام ئەو کارەی بەدڵ نەبووە و وازی لە فەرمانی میری هێناوە.
شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لەباری بۆ گونجاند. لەسەر بانگهێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید کاروانێک ڕێکدەخەن لە 1898 دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد هاوسەفەریان دەبێت. ساڵی 1899 شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەنبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.
لەساڵی 1899 دا بەفەرمانی شاهانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەهۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلیژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگریت. لە 1905 تا 1908 لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە 1907 دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نهێنی پێکهاتبوو بە سەرۆکایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.
لە ئەیلوولی 1909 دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ
لە نیسانی 1912 دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل
لە شوباتی 1915 دا بووە بە قائیمقامی بالاوا
لە ئەیلولی 1916 دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب
لە مارتی 1917 دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لەهەمان ساڵدا بەهەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، هەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
لە نیسانی 1918 دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئەماسیە لە تورکیا. تاکوو ساڵی 1923 لەوێ بووە.
حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و هەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی هێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ هەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست ئەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بە هۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەهۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی 1923 پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەهێڵێت و لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەب دا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. هەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بەهەواڵێک بڵاودەکاتەوە: (جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی 30ی کانونی دووەمی 1925 تەشریفی هاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی هەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین) (2).
پیرەمێرد تا دواهەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە 19ی حوزەیرانی 1950 دا، بەرانبەر بە 4ی ڕەمەزانی 1369ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاهەنگ گێڕانی رۆژی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە

About kocher Hussien

Check Also

بەڤیدیۆ: یەکەم کەس لەجیھاندا کەلەتەلەفزیۆنەوە دەرکەوت

بەڤیدیۆ: یەکەم کەس لەجیھاندا کەلەتەلەفزیۆنەوە دەرکەوت دوای راگەیاندنی فرۆشتنی وێنەی ئەرشیفی یەکەم کەس لەجیھاندا کەلەسەر …