Home / ناوداران / عەبدولمەجید لوتفی

عەبدولمەجید لوتفی

267

عەبدولمەجید لوتفی
نووسەری گەورەی کوردی بە عەرەبی نووس عەبدولمەجید لوتفی کوڕی عومەر کوڕی عەبدولڕەحمان کوڕی محەمەد لە رۆژی 1905.06.30دا لە شاری خانەقین لە بنەماڵەی “خەڵووزی” لەدایکبووه.
ناوی ئەو بنەماڵەیان لە ئمانی عەرەبی بووەتە “خلوصی”، چونکە ئەوانە بە “خەڵووزی”، واتا خەڵووز فرۆش ناسراون، باوکی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا شەهید کراوه، ئەمیش خوێندنی دواناوەندی لە بەغدا تەواوکردووە و لەو شارە ژیاوە بۆیە نووسینەکانی بە عەرەبی بوون.
بنەماڵەی “خەڵووزی” گەلێک زانا ونووسەری لێهاتووی لێ هەڵکەوتووه.
“عەبدولعەزیز خلوصی”ی برا گەورەی دادوەرێکی ناسراو بووە و دادگایی کردنی تاوانبارانی بەزمانی کوردی کردووە خۆیشی وێژەناسێکی گەورە و چیرۆکنووسێکی راستەقینەی بووه، دکتۆر “صفا و خلوصی”ی برازای پڕۆفیسۆرێکی زانا و مامۆستایەکی لێهاتووی زانکۆ بووە و لە زانکۆکانی بەغدا و ئۆکسفۆرد وانەی گوتۆتەوە و باشترین وەرگێڕ بووە لە ئینگلیزیەوە بۆ عەرەبی و بەپێچەوانەوەش.
عەبدولمەجید بۆ وێژە و نووسین و پەرتووک دانان خوڵقابوو، تا لە ژیاندا بووە 19 پەرتووکی بەنرخی چاپ و بڵاوکردۆتەوه، بەڵام کاتێک کە لە رۆژی 1992.10.27دا لەشاری بەغدا کۆچی دواییکرد، نزیکەی 190 پەرتووکی دەسنووسی لەپاش بەجێما و هەندێک لەو دەسنووسانەی بەزمانی کوردین و چونکە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و بەچاکی دەزانی بۆیە چەند پەرتووکێکیشی لەزمانی تورکی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی بەزمانی کوردیش کەم کەمە نووسین و هۆنراوەی چوارێنی هەبوو.
عەبدولمەجید لوتفی لەپاڵ چیرۆک و رۆماننوسیشەوە شاعیرێکی هەست ناسک بوو، دیوانێکی هۆنراوەیی هەیە بەزمانی کوردی و زۆربەی هۆنراوەکانی چوارینن و تام و چێژی چوارینەکانی بابەتاهیری هەمەدانیان لێدێ و دەتوانین بڵێن یەکەمین وێژەناس بووە لە ئێراق و لە کوردستان پەخشانە هۆنراوەی لە سییەکانی سەدەی بیستەمەوە نووسیوه، لە چیرۆکنووسیشندا هاوتای جەعفەر ئەلخەلیلی و زەنوون ئەیوب بووه، عەبدولمەجید لوتفی تەمەنێکی باش ژیاو 87 ساڵ لە ژیاندا ململانێی لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵەکەیدا دەکرد و هەردەم لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بوو لە چوارچێوەی ئێراقدا لە هەموو چالاکییەکانی رۆشنبیری و زانستی کورددا بەشداریی دەکرد و لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقلاوە لە نێوانی 15-17ی ئابی 1960 بەشداریی کرد و گەلی پێشنیازی لەبارەی زمان و مێژوو وێژەیی کودری پێشکەش بە گۆنگرەکە کرد و پەسندکران هەستی نەتەوەیی پاڵی پێوەنا و راسپاردەی کرد، کە پاش مەرگی تەرمەکەی ببڕێتەوە بۆ خانەقین تاکو لە کوردستان لە گۆڕستانی “باوەڕ مەحمود” لە سەر رووباری ئەڵوەند بنێژرێ هەتاکو خەڵکی بزانن، کە رۆڵەیەکی دڵسۆزی کورد بووە دەبێ ئەو راستیەش بووترێت، کە گرنگی وێژەی عەبدولمەجید لوتفی لە زۆربەی بەرهەمەکەی نییه، بەڵکو چۆنێتی پتەوی بابەتەکانیەتی، چونکە لە هەموو کارە وێژەییەکانیدا یەکسانی و ئاشتی و برایەتی داوا دەکرد و لە دژی ستەم و زۆرداری بوو، هەندێ لە کارە وێژەکانی وەرگێردراتە سەر زمانی رووسی و ئیسپانی و فەڕەنسی و ئینگلیزی و تەنانەت رۆژهەڵاتناس و رەخنەگرێکی رووس بەبۆنەوەی کۆچی دوایی ئەم وێژە مەزنە گووتوویەتی “گۆرکی ئێراق” کۆچی دواییکرد.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …