Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى مەسیحى / ئایا ئاینی کریستیان ئاینێکی کوردیە؟ ئەی کریستیانەکانی کوردستان کوردن یان ئاشوری؟

ئایا ئاینی کریستیان ئاینێکی کوردیە؟ ئەی کریستیانەکانی کوردستان کوردن یان ئاشوری؟

1000019_428838363910886_2075643099_n

ئایا ئاینی کریستیان ئاینێکی کوردیە؟ ئەی کریستیانەکانی کوردستان کوردن یان ئاشوری؟
هیچ مێژوویەک هێندەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆز نیە، جگە لە هۆکاری بە سیاسی کردنی بابەتەکە، هۆکارێکی سەرەکی تر ئەوەیە کە لە سەردەمانێکدا ئەو ناوچەیە سەنتەری شارستانیی مرۆڤ بووە و شوێنێکی دەوڵەمەند بووە بە سامان و کەڵتور، بۆیە چەندین نەتەوەی جیاواز و لە شوێنی جیاوازەوە، بە مەبەستی داگیرکرن و نیشتەجێبوون ڕوویان کردۆتە ئەو ناوچەیە و هەر نەتەوەیەکی نوێ ویستوویەتی لەو ناوچەیەدا جێگیر ببێت و پاش ماوەیەک هەوڵی داوە ناوی شوێنەکان بگۆڕێت و زمان و فەرهەنگی خۆی بسەپێنێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە کاتێک لێکۆڵەرێک کە سەیری بەڵگەنامە مێژووییەکان دەکات، ئەگەر بە ووردی ئاگاداری ئەو پرۆسەیە نەبێت، هەندێک جار دەرئەنجامی هەڵە و پەلە سەبارەت خەڵکەکە و مێژووەکەی بدات.
یەکێک لەو بابەتانەی کە تووشی ئەم کێشەیە بووە و مایەی سەرنجە و زۆر ئاڵۆزە، بابەتی ناسنامەی کریستیانەکانی کوردستانە. ئەمڕۆ کریستیانەکانی کوردستان بە ئاشوری/ئاسوری/ئاتوری، ئارامی، کلدانی، کورد، کلدوئاشوری… ناو دەهێنرێن و ئەمە بووەتە مایەی سەرلێتێکدان سەبارەت ناسنامەی ئەو خەڵکە.
دەبێت سەرەتا ئەوە بزانرێت کە پێش هاتنی ئاینی کریستیانیی، کۆمەڵێک خێڵ و نەتەوەی سامی لە ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژئاوا ڕوویانکردۆتە ناوچەی مێسۆپۆتامیا و دەوروبەری، ئەو خەڵکانەش لە رووی زمانەوە خزم بوون و بە زمانێکی سامی قسەیان کردووە لە ژێر ناوی جیاوازی ئەکەدی، ئارامی، ئاموری، ئاشوری، کلدانی،… دا ناسرابوون. واتە چەند هەزار ساڵێک پێش هاتنی کریستیان خەڵکی جیاواز لە ناوچەکەدا ژیاون و خەڵکە ڕەسەنەکە کورد بووە.
ئاینی کریستیانی لەلایەن پێغەمبەر عیساوە دانراوە و سەرەتا تێکستە کریستیانییەکان بە زمانی ئارامی نووسرابوون. زمانی ئارامی زمانێک بووە کە لە سەردەمی ئاشوریەوە بوو بووە زمانی نووسین لە ناوچەکەدا و دواتر تا ڕادەیەک ڕۆڵی ئەمڕۆی زمانی ئینگلیزی دەبینی. بۆیە عیسا کە خۆی بە ڕەگەز جوو بووە، بەو زمانە نووسیویەتی و تێکستەکانی دوای خۆشی بەو زمانە بڵاوکراونەتەوە. واتە قسەکردن بە زمانی ئارامی ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو کەسە ئارامییە، بەڵکو زمانی ئارامی بۆ چەندین سەدە، بە شێوەیەکی بەرفروان زمانی نووسین بووە، بۆیە بووەتە زمانی بڵاوکردنەوەی ئاینی کریستیان و تەنانەت بەشێک لە ئاینی مانی و تەوراتیش هەر بە ئارامی نووسراوە.
هەر دەستبەجێ دوای لە خاچدانی عیسا و لە سەدەی یەکەمی زاییندا هەندێک لە دەست و پێوەندەکانی عیسی ڕوودەکەنە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئاینەکە. بڵاوکردنەوەی ئاینەکە تەنها لە ناو یەک نەتەوەدا نەبووە و هەوڵ دراوە ئاینەکە بە ناو هەموو خەڵکەکەدا بڵاوبکرێتەوە جا ئەو خەڵکە ئارامی، کلدانی یان کورد بووبێتن. بۆیە یەکێ لەو سێ کەسەی کە لە سەدەی یەکەمی زاینیدا، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە کوردستاندا ناویان هاتووە و بوونەتە کریستیان ناوەکانیان کوردی بووە. لە کۆڕی پاشای هەزەبانی هەولێردا دووکەس ناویان هاتووە؛ یەکێکیان ناوی زەردەشت و ئەوی تریان کوردەوا بووە. لە ناوچەی گەرمیان/کەرکوکدا لاوێک دەبێتە کریستیان بە ناوی دۆستی. هەروەها یەکەم قەشەی باڵا و دەسەڵاتداری کریستیان کە لە مێژوودا ناوی هاتبێت لە هەولێر لە سەدەی یەکەمدا بووە، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەو قەشە باڵایە ناوی ‘پاکیزە’ بووە کە ناوێکی کوردییە. پاکیزە خۆی سەرەتا کۆیلەی موغێک بووە و دوایی وازی لە ئاینی خۆی هێناوە و ڕووی کردۆتە ئاینی کریستیان. وا دەردەکەوێت ئاینەکە لە سەرەتادا خەڵکە هەژارەکەی بۆ خۆی ڕاکێشابێت.
ئەی باشە بۆ ئەمڕۆ هەندێک لە کریستیانەکان بە ئاشوری دەناسرێن؟
ئەوەی کە مایەی سەرنجە، بەڵگەی مێژوویی لە ئارادا نیە کە نیشانی بدات ئەو ناوە بە تایبەت بۆ ئاماژەکردن بە خەڵکێکی کریستیان بەکارهاتبێت. هەتاوەکو ساڵی ١٩١٠ بەڵگەیەک ناکەوێتە بەرچاو کە ئاماژە بە خەڵکێکی کریستیان بکات بە ئاشوری. یەکەم کەس کە ئەو ناوەی بۆ ئاماژەکردن بە هەندێک لە کریستیانەکان بەکارهێناوە نزیکی سەد ساڵ لەمەوبەر، کابرایەکی ئینگلیز بووە بە ناوی ویگرام. ویگرام لێکۆڵەرێکی کارامە بووە و کتێبێکی سەبارەت بە کریستیانەکان نووسیوە و هیچ مەبەستێکی نەبووە لەو کارەی، ئەو ویستوویەتی ناوێک بەکاربهێنێت بۆ ئاماژەکردن بە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵات کە سەر لە خوێنەری ئینگلیزی تێک نەدات و کار ئاسانیان بۆ بکات، کە خوێنەری کتێبەکەی بوون. بۆیە ویگرام سەبارەت هەڵبژرادنی ئەو ناوە دەڵێت
“نووسه‌ر به‌ درێژایی ئه‌م کتێبه‌ بۆ کڵێسای مه‌به‌ست، ناوی “ئاشوری” به‌کار هانیوه‌. هەرچەندە هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی مێژووی نیه‌ بۆ ئه‌م ناوه‌، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ هه‌مه‌ جۆرانه‌ی که‌ به‌کارهاتوون له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ وه‌ک (کریستیانە “شه‌رقیەکان”، فارسەکان، سوریەکان، کلدانیه‌کان، نه‌ستۆریه‌کان) هه‌موویان له‌به‌ر هۆی هه‌مه‌جۆر، سه‌ر له‌ خوێنه‌ری ئینگلیز تێک ده‌ده‌ن”.
ئەبێت ئەوە بزانرێت، وشەی (سوری) کە لە سەردەمی یۆنانیەکانەوە بەکارهاتووە، لە بەڵگەکاندا ماناکەی ڕوون نیە، لەبەر ئەوەی کە سترابۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ ئاماژەکردن بە خەڵکی کەپەدۆکیا بەکاری هێناوە کە بە زمانێکی هیندۆئەوپی قسەیان کردووە. بەڵام بە گشتی ئەو خەڵکانەی کە سەرچاوە ئیسلامیەکان بە ئارامی ناویان دەهێنێت، لای یۆنانیەکان بە (سوری) ناوهینراون و ئەمڕۆ هەندێک لە خەڵکەکە لە زمانی یۆنانیەوە بۆ ئاماژەکردن بە زمانەکەی خۆیان دەڵێن (سریان).
واتە ویگرام خۆی دەڵێت کە مەبەست لە داهێنانی ناوی “ئاشوری” بۆ ئەوە بووە کە سەر لە خوێنەر تێك نەچێت دەنا مانای مێژوویی نیە. بەڵام دوایی ئەم ناوە بۆ مەبەستی سیاسی سوودی لێ وەرگیراوە. دەسەڵاتدارانی ئینگلیز لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەیانویست سوود لە هەندێک لە کریستیانەکانی کوردستان وەربگرن و بۆ مەبەستی پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاریان بهێنن بەو جۆرە لە کوردیان جیابکەنەوە. ئەوەتا مەیجەر سۆن کە خۆی ڕۆڵی سیخوڕێکی ئینگلیز و دوایی حاکمی ناوچەی سلێمانی بینیوە، لە نزیکی ساڵی ١٩١٢ دا ئەم ئامانجە بە قسەکانیەوە دەردەکەوێت کاتێک کە دەڵێت “زمانی ئەم ئاسوریانە، هەندێک جار پێی دەڵێن سریانی نوێ یان ئارامی، ئەم زمانە ماوەتەوە و قسەی پێ دەکرێت، ئێستاکە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەکەوە کە موسڵمانن لە ناوچەی دەشتی سێرتدا بە زمانی کریستیانەکان ناسراوە. هەرچەندە ئەوان خۆیان بە کورد دەناسێنن، بەڵام ڕەگەزیان کلدانیە”. سەرنج دەدرێت کە مەیجەر سۆن بە ئاسوری ناویان دەهێنێت، لە هەمان کاتدا بە کلدانیان لە قەڵەم دەدات، ئەمجا خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان خۆیان بە کورد دادەنێن، کەچی سۆن لە هەزاران کیلۆمەترەوە هاتووە و ئەو لە خۆیەوە بێ لێکۆڵینەوە دەڵێت نەخێر ئەوان کورد نین. ئەمجا سۆن بەردەوام دەبێت و دەڵێت “لە کوردستانی باشور و لە کوردستانی ئێراندا، لەوێ کە کورد و کلدانیەکان جلوبەرگی وەک یەکتری لەبەر دەکەن و بە خۆشحاڵیەوە خۆیان بە هاوخوێن دادەنێن، کریستیانەکە زۆربەی جار بەینی زۆر خۆشە لەگەڵ دراوسێ جەنگاوەرەکەیدا [سۆن لێرەدا مەبەستی لە کوردە]”. سەرنج دەدرێت کە دیسان جارێکی تر، کە کریستیانەکان خۆیان بە کورد داناوە، ئەمجارەیان مەیجەر سۆن بە کلدانیان دادەنێت.
ئەو هەوڵەی ئینگلیزەکان هەندێک جار شێوەیەکی خراپتری وەرگرتووە و بووەتە هۆی دروستکردنی شەڕ و کێشە و جیاوازی لە نێوان کورد و کریستیاندا. کە نموونەی ئەوانە کوشتنی مار شەمعون بوو لە لایەن سمکۆوە کە بە دڵنیایی ئەوروپییەکان ڕۆڵیان لە دروستکردنی ئەو کێشەیەدا زۆر هەبووە. تەنانەت ئینگلیزەکان ئافرەتێکی ئاشوریان کردە نوێنەری ئاشورییەکان لە ولاتی بەریتانیا بە ناوی سورمە خانم، هەمان ئەو ئافرەتەی کە پشێتر لە شاری بەغدا هەوڵی کوشتنی سەی تەهای شەمزینی دابوو. بەو جۆە ئامانج و هەوڵی ئینگلیزەکان زۆر جار بووەتە هۆی دروستکردنی کێشەیەک کە پێشتر لە نێوان بەشەکانی کۆمەڵگەکەدا نەبوو بوو.
مرۆڤ کاتێک ئەم تۆمارانە دەبینێت، پێکەنینی بە هەندێک لە لێکۆڵینەوەی ئەوروپیەکانی سەدەی بیستەم دێت، کە بە داخەوە زۆر جار خوێنەری کورد وەک قورئان مامەڵە لەگەڵ کارەکانیان دەکات و دەرک بەم بێ مانایی و مەرامە سیاسیانە ناکات.
لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لەو کرسیتیانانە لە سەدەی نۆیەمی زاینی، واتە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن مێژوونوسی ئیسلامی، مەسعودیەوە ئاماژەیان پێکراوە و مەسعودی لە ئاماژە بە بەشە جیاوازەکانی کورد دەڵێت “تێیاندا یەعقوبییە و هەیانە جۆرقانییە و ئەوانە کریستیانن، شوێنی ژیانیان لە دوای ناوچەی موسڵ وشاخی جودیە”.
واتە بەشێکی زۆریان لە سەردەمی ئیسلامدا بە کورد دانراون و وەک ڕوونکرایەوە ناوی ئاشوری بۆ ئاماژەکردن بە کریستیانەکانی کوردستان، لە سەدەی بیستەمدا دەستیپێکردووە و ئینگلیزەکان سوودیان لێ وەرگرتووە و لە هەمان کاتدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، هەندێک لە کرسیتیانەکان پێیان خۆش بووە کە خۆیان بگەڕێننەوە بۆ پاشا ئاشورییەکان و رابردوویەکی شکۆمەدانە بۆ خۆیان دروست بکەن.
بە کورتی و بە کوردی، ئەو خەڵکە کریستیانانەی ئەمڕۆی کوردستان هەندێکیان بە ڕەگەز کوردن و ئاینەکەیان ئاینی کریستیانە و زمانی ئارامیش دەزانن و هەندێکیان زمانی کوردیشیان بیرچۆتەوە. هەندێکی تریان ئارامی و کلدانین و زۆرێک لە سەرچاوە کریستیانەکان هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەم هەر بە ناوی مەزهەبەکەیانەوە ئاماژەی پێ دەکردن و پێیان دەگووترا نەستۆرییەکان. واتە لە ڕووی ڕەگەزەوە کرسیتانەکان دەشێت کورد، ئارامی و کلدانی بن و ناوی ئاشوری ناوێکی نوێیە بۆ ئاماژەکردن بەو خەڵکە و قسەکردن بە زمانی ئارامی ئەوە ناگەیەنیت کەسەکە ئارامیە، بەڵکو لە رابردوودا زمانی ئارامی زمانی ئاینەکە بووە.
سەرەڕای ئەوەش، ئارامی و کلدانیەکانی کوردستان هەردوو کەوتبوونە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی کوردیەوە، ئەوەتا لیلیان کە لە نزیکی ساڵی ١٩١٤ ز دا ئەو کاتە تازە دەستەواژەی “ئاشوری” هاتۆتە گۆڕێ و لە کتێبێکدا سەبارەتیان دەڵێت “فۆلکلۆری ئاشوری زۆر لە ژێر کاریگەری کوردەکاندایە؛ ئەوان گۆرانی کەمیان هەیە و هەمیشە ئارەزووی گووتنەوەی گۆرانی کوردی و گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی دەکەن”.
ئەم قسەیەی لیلیان هەر لە خۆیەوە نیە و ئەمرۆش جل و بەرگ و مۆسیقا و هەڵپەڕکێی ئەوانەی کە خۆیان بە ئاشوری دادەنێن، هەر کوردییە.
ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەمڕۆ کورد ئەم ئاینە کەمتر بە یەکێک لە ئاینەکانی خۆی لە قەڵەم دەدات، لە کاتێکدا کە چەندین کەسایەتی کورد لە ڕابردوودا لەو ئاینەدا پلە و پایەی بەرزیان وەرگرتووە و کورد ڕۆڵێکی گرنگی لەو ئاینەدا بینیوە. وەک یوسف شارەزووری کە قەشەی باڵای گەرمیان بووە و جوبرائیل شارەزووری کە هەردووکیان لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا و لە مێژووی کریستیانیدا ناویان هاتووە. واتە زۆر پێش لە هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر ئەوان کەسایەتی پایەبەرز بوون لەو ئاینەدا. بەجۆرێک بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەو ئاینە هەندێک جار قەشەی کریستیان لە کوردستانەوە چوونەتە یەمەن و تەنانەت وڵاتی چینیش. هەروەها پێش هاتنی ئاینی ئیسلام، هەردوو هەولێر و گەرمیان، دوو سەنتەری گرنگی ئاینی کریستیان بوون لە ناوچەکەدا.
لە ڕاستیدا زۆرینەیەک لە کریستیانەکانی کوردستان کوردن و لە رابردووشدا بە کورد لە قەڵەم دراون بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای تێکدانی مێژووی ناوچەکە، هەندێک لە کریستیانە کوردەکان تووشی گومان بوون لە رەگەزی خۆیان. لە ژێر هەمان کاریگەرییدا هەندێک جار کورد بە ڕوونی ئەو ئاینە بە ئاینی خۆی دانانێت لە کاتێکدا کە پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ئەو ئاینە بە تەواوی لە ناو کورد دا بڵاوبوەتەوە و بە سەدان کەنیسە لە لادێ و شارەکانی کوردستاندا هەبووە و گەر کورد ئاینی ئیسلام بە ئاینی خۆی دابنێت، ئەوا ئاینی کریستیان نزیکی شەش سەد ساڵ پێش ئیسلام لە کوردستاندا ئاینی بەشێکی زۆر لە کورد بووە و کاتێک کە پاکیزەی هەولێری کورد قەشەی باڵای ئاینی کریستیان بووە لە شاری هەولێردا، ئەڵمان و ئینگلیز و فەرەنسی و زۆر نەتەوەی تری ئەمڕۆی ئەورپا، ئەو ئاینەیان هەر نەبیستبوو کە ئەمڕۆ خۆیان بە خاوەنی دادەنێن و بگرە بە ناوی نەتەوەیی ئەمڕۆوە نەدەناسران. وەک باسکرا لە ڕووی مێژووییەوە، ئاینی کریستیان بۆ کورد هاوشێوەی ئاینی ئیسلامە، هەردووکیان لە دەرەوەی کوردستانەوە هێنراونەتە ناو کورد، بەڵام کورد ڕۆڵی لە هەردوو ئاینەکەدا بینیوە و جێگە پەنجەی لە سەر ئەو ئاینە و مێژووکەی هەیە. بۆیە هەڵە نابین کە بڵێین ئاینی کریستیان یەکێکە لە ئاینەکانی کورد و بەشێک لە مێژوو و فەرهەنگی کورد، بەو ئاینەوە گرێدراوە.
تێبینی: هەر وەک سەرنج دەدەیت، لەم بابەتەدا سەرچاوە دانەنراوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم بابەتە بە ووردی لە کتێبەکەمدا “کورد کێیە؟” باسکراوە و سەرچاوە و تەنانەت پەڕەی کتێبەکان لەوێدا دانراون و ئەمەی ئێستا پوختەیەکی بابەتەکەیە و لە کتێبەکەدا بابەتەکە زۆر بە ووردتر ڕوونکراوەتەوە و تێیدا زانیاری زیاتر و سەرچاوەی زیاتر خراوەتە ڕوو. بۆیە گەر دەخوازیت زیاتر بچیتە قوڵایی بابەتەکەوە، بەشی ” کێشەی تێکەڵکردنی ناوی کریستیانەکانی کوردستان” لە کتێبەکەم “کورد کێیە؟” دا بخوێنەرەوە. جگە لەوەش دەمەوێت بڵێم کە من بە هیچ شێوەیەک دژی ئەو هەنگاوە نیم کە لە ئەنجامیدا هەندێک لە کریستیانەکان خۆیان بە ئاشوری لە قەڵەم دەدەن بەڵام وەک مێژوونوسێک بە مافی خۆمی دەزانم کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لێکدانەوە بۆ رووداوەکان بکەم و لە هەمان کاتدا ڕێزی بڕیاری ئەوان بگرم لە هەڵبژاردنی ئەو ناسنامەیەدا کە بۆ خۆیانی بە گونجاو دادەنێن.
نووسینی: Soran Hamarash

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …