Home / بەشی مێژووی كورد / سەرەڕۆییەکانی ئەڵمانێك لە کوردستان

سەرەڕۆییەکانی ئەڵمانێك لە کوردستان

 سەرەڕۆییەکانی ئەڵمانێك لە کوردستان

13418577_1059318827480311_9009219698881413137_o

  ئەوکاتەی نوسەری ئەڵمانی کارل مای بڕیار دەدات گەشتێکی خەیاڵیانە (بەڵام لەسەر بنەمای زانیاریی ورد) بکات بەڕۆژهەڵاتو رۆژئاوای سەرزەمیندا، کوردستانیش لەبیر ناکات. ئەنجامی ئەو گەشتانە زنجیرەیەک کتێبی پڕ بەرهەم دەبێتو خۆی دەدات لە 80 بەرگ کە سەرجەمیان لەزمانی گەڕیدەیەکەوە کە خۆی بەگۆشتو ئێسقانەوە لەو شوێنانەدا ژیابێت، دەنوسێتەوە.

ئا: رێنوار نەجم

ئەو کتێبەی لەبارەی کوردستانەوەیەو لەساڵی 1881 نوسراوە، هەرچەندە گەر ئەڵمانییەکەی تەرجومە بکرێت ناونیشانەکەی دەبێتە “بەناو کوردستانی کێوی‌ دا” Durchs wilde Kurdistan بەڵام نزار سابیر، ئەو کتێبەی بەکوردییەکی رەوان‌ لەژێر ناونیشانی “گەشتێکی سەرەڕۆیانە بەکوردستاندا” وەرگێڕاوەو لەسەر ئەرکی خۆی‌و بەقەبارەی 580 لاپەڕەدا ناوەڕاستی مانگی رابردو چاپ‌و بڵاوکردوەتەوە.

کارل مای کێیە؟

نوسەری بەناوبانگی ئەڵمانی کارل مای (1842-1912) یەک لەپڕخوێنەترین نوسەرانی ئەڵمانزمانە لەناو گەلەکەی خۆیدا، جگە لەوەش بەگوێرەی رێکخراوی یونسکۆ، تەرجومەکراوترین نوسەری ئەڵمانییەو بەرهەمەکانی بۆ 44 زمان وەرگێڕدراون. مای، لەڕێگەی نوسینەوەی گەشتە خەیاڵییەکانی (کە لەکاتی خۆیدا بانگەشەی ئەوەی کردوە گەشتی راستەقینەن‌و بەسەرهاتی سەرکەشییەکانی خۆین) ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، دوای ئەوەش بڕیار دەدات گەشتێکی راستیی بۆ رۆژهەڵاتی گۆی زەوی ئەنجام بدات. کارل مای رۆمانەکانی بەوردەکارییەکی زۆری جوگرافیی‌و مێژویی‌و کۆمەڵایەتی دەنوسێتەوە، لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم کتێبەی لەبارەی کوردستانەوە ئەو راستییەت بەڕونی بۆ دەردەکەوێت‌و پێت غەریب نابێت ئەگەر لەسەردەمانێکدا باوەڕ بەوە کرابێت کە ئەوانە گەشتنامەی راستیین نەک رۆمانی خەیاڵی!

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم کتێبەی لەبارەی کوردستانەوە ئەو راستییەت بەڕونی بۆ دەردەکەوێت‌و پێت غەریب نابێت ئەگەر لەسەردەمانێکدا باوەڕ بەوە کرابێت کە ئەوانە گەشتنامەی راستیین نەک رۆمانی خەیاڵی!

کارل مایو سوکایەتی بەکورد

وەرگێڕەکە کە رۆمانەکەی لەزمانی یەکەمەوە کردوە بەکوردی، لەپێشەکییەکەیدا پێ لەسەر خاڵێک دادەگرێت؛ ئەوەیش ئەو پرسیارەیە “ئایا کارل مای سوکایەتی بەکورد کردوە؟” هەر لەناونیشانی کتێبەکەوە کە سیفەتی “کێوی” دراوەتە پاڵ کوردستان، خوێنەرو تاکی کورد جۆرە سڵێک دەکاتەوە، بەڵام وەرگێڕی رۆمانەکە لەپێشەکییەکەدا دەنوسێت “ئەوانەی ئەم رۆمانە دەخوێننەوە بۆیان دەردەکەوێ کە هیچ نیازو نییەتێکی شکاندنی کورد لەکتێبەکەدا بەدی ناکرێ. نوسەر مێژو هەڵدەداتەوە، بەڵام ئایندە نانێژێ. چەند داکێشانی تێدایە، هێندەش هەڵکشانی تێدایە. نوسەر خۆی نە کوردستانی دیوە، نە کورد، ئەوە وێنەیەی لێدەدا لەخەیاڵی ئەوەوە لێرەدا لەسەر کوردو کوردستان رەنگی داوەتەوە، لەو زانیارییانەوە پێکەوەی ناوە، کە لەسەرچاوە مێژویی‌و ئارکیۆلۆژی‌و مەسیحییەکانەوە وەریگرتون‌و هەموشیان ئەوروپایی بون”.

ئەوەی کارل مای لەم رۆمانەیدا نێگەتیڤانە باسی هەندێک لایەنی مێژوی کورد دەکات گەر وەک خەیاڵ‌‌و فانتاسیاش حسابی بۆ نەکەین، هەر راستیین، کێ دەتوانێ حاشا لەدڕندەیی هەندێک لەخێڵە کوردەکان بکات لەو سەردەمەدا؟ کێ دەتوانێت نکۆڵی لەو مێژوە بکات کە بەشێک لەخێڵ‌و عەشیرەتە کوردەکان داویانە بەسەر دراوسێ مسوڵمان‌و نامسوڵمانەکانداو لەسەر رێگەکاندا خۆیان حەشارداوە بۆ بەدەستهێنانی غەنیمەو دەستکەوت؟ ئەوە مێژویەکە گەر مێژونوسێکی راستگۆ بینوسێتەوە هیچی لێ نابوێرێت!

کێ دەتوانێت نکۆڵی لەو مێژوە بکات کە بەشێک لەخێڵ‌و عەشیرەتە کوردەکان داویانە بەسەر دراوسێ مسوڵمان‌و نامسوڵمانەکانداو لەسەر رێگەکاندا خۆیان حەشارداوە بۆ بەدەستهێنانی غەنیمەو دەستکەوت؟

سەرەتای چیرۆکەکە

رۆمانەکە بەوە دەستپێدەکات کە “کارا بن نەمسی” لەسەردانی سەرکردە بادینییەکان دەگەڕێتەوەو دەگاتە لای ئێزیدییەکان لەدەوروبەری شێخ ئادی. لەو کاتەدا لەگەڵ ئەوەی ئێزیدییەکان خۆیان بۆ جەژنێکی تایبەت ئامادە دەکەن، شانبەشانی ئەوەش لەئامادەباشییدان بۆ بەرگرتن بەو هێرشەی تورکە عوسمانییەکان لەلایەن موتەسەریفی موسڵەوە وەختە بکرێتە سەریان. لەو ساتانەدا کارا بن نەمسی کە جل‌و بەرگێکی کوردیی پۆشیوەو کوردییەکی باشیش قسە دەکات‌و نامەی رێپێدراوی سوڵتانی عوسمانییەکانی پێیە، دەبێتە یارمەتیدەری ئێزدییەکان‌و سەرجەم ئەو تۆپچییانە چەک دەکات کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر ئێزدییەکان، بەوەش متمانەیەکی تەواوی عەلی بەگی سەرکردەی ئێزدییەکان بەدەست دێنێت.

کارل مای لەوبەشەدا وێنەیەکی زۆر جوانی کوردانی ئێزدیی پیشان دەدات. تورکەکان هاتون سەرانەو باجیان بەزۆر لێ بستێنن، بەڵام ئەوان مل نادەن‌و ئامادەی روبەڕوبونەوەن. هەرچەندە ئێزدییەکان ئاشتییان دەوێت، بەڵام لەشەڕیش ناترسن. لەکاتی دانوستانیشدا لەگەڵ فەرماندەی تورکەکان‌و تەنانەت موتەسەریفی موسڵیشدا، گفتوگۆیەکی باش دەکەن‌و هەرچەندە چەند جارێک هەوڵی لەخشتەبردنیان‌و هەڵخەڵەتاندیان دەدرێت بەڵام ئەوان وریایانە مامەڵە دەکەن، گەلێک تاکتیکی سەربازیی‌و دیبلۆماسیی بەکاردەهێنن تا تورکان ناچار بەملدان بەخواستەکانیان دەکەن.

لەزاری پیر کامەکەوە کە یەک لەپیاوە پیرۆزەکانەو لەو روبەڕوبونەوەیەدا بەشێوەیەکی ئەفسانەیی خۆی دەکاتە قوربانیی، کارل مای بەم شێوەیە پەسنی ژیان‌و نەمریی لای ئێزدییەکان دەدات، “نابێ پیاو لەوانە بترسێ کە تەنیا لەشیان پێ دەکوژرێ. من لێرە دەمێنمەوە چونکە دەزانم عوسمانلییەکان ئازاری منیان پێ نادرێ، ئەگەر بشمکوژن چییە؟ ئەدی دڵۆپە ئاو نابێ دیسان هەڵبکشێتەوە بۆ خۆر؟ ئەرێ هەمو رۆژێک شەمس نامرێ‌و هەمو رۆژێکیش بەشەوقەوە هەڵنایەتەوە؟ تۆ قەت بیستوتە ئێزیدییەک بەیەکێکی دیکە بڵێت “مردوە”؟ هەر دەڵێ ‘گواستویەتییەوە’. چونکە نە مردن هەیە نە گۆڕ، ئەوەی هەیە هەر ژیانەو بەس”.

هاوەڵەکانی کارا بن نەمسی

لەدوای ئەو روداوانە، کارا بن نەمسی ئێزدییەکان جێدێڵێت‌و بەرەو ئەرکێکی سەخت بەڕێ دەکەوێت ئەویش ڕزگارکردنی بەندییەکە لەزیندانی عوسمانییەکاندا لەئامێدی. ئەو زیندانییە پیاوێکی عەرەبە لەهۆزی حەددەدین، کارا لەگەڵ باوکی ئەو زیندانییەدا بەرەو ئامێدی بەڕێ دەکەون.

ئەوەی لەتەواوی سەرکەشییەکانی ئەو کارەکتەرە ئەڵمانییە لەکوردستان فریای دەکەوێت چەند شتێکن؛ لەوانە: جەستەیەکی بەهێزو هەبونی چەکی باش‌و، لێهاتو لەبەکارهێنانیاندا. زمانێکی شیرین کە لەهەمو شوێنێک فریای دەکەوێت‌و بەزویی دۆست پەیدا دەکات. رۆحێکی پڕ غرورو نەرجسییانە کە سڵ لەهیچ ناکاتەوەو سوکایەتیی‌و بێڕێزییش لەهیچ کەس قبوڵ ناکات تەنانەت لەکاتی دیلیی‌و دەست‌و قاچ بەستراوییشدا. لەگەڵ ئەوانەشدا کارا بن نەمسی خاوەنی ئەسپێکی رەشی کوێتییە کە تیرئاسا ڕێ دەکات‌و خێراییەکەی، خاوەنەکەی لەزۆر دەردو بەڵا رزگار دەکات، لەهەمان کاتیشدا دەگمەنییەکەی، خاوەنەکەی توشی زۆر دەردو بەڵا دەکات. هەروەها ئەو خاوەنی خزمەتکارێکی گورجوگۆڵ‌و چاونەترس‌و پڕ بەهرەی عەرەبە کە لەتەواوی گەشتەکەیدا لەگەڵیدایە بەناوی خەلەف. رەنگە ئەوەی لەهەمو ئەوانە زیاتر فریای ئەو گەڕیدە ئەڵمانییە بکەوێت؛ سەگەکەی بێت بەناوی دۆیان، ئەو سەگەی لەلایەن کوێخای گوندی سپێندارێیەوە پێی دەدرێ‌و ئامۆژگاریی دەکرێ کە سێ جار تف بکاتە ناو دەمییەوەو شەو لەکاتی خەوتندا بیباتە ژێر لێفەکەیەوە، “ئیتر قەت جێت ناهێڵێت”. لەتەواوی روداوەکانی رۆمانەکەدا ئەو سەگە چەندین جار لەگەڕیدەکە ڕزگار دەکات‌و دوژمنانی دەبەزێنێ‌و بەوەفا بۆی دەمێنێتەوە.

کاتێک کارل بن نەمسی لەیەکێک گوندەکاندا دەبێتە میوان، کچی ئاغای گوندەکە لەبەر چاوی هەمو میوان‌و دانیشتوانی دێکەدا دادەنەوێتەوەو ماچی دەم‌و هەردو ئەملاو لای میوانە ئەڵمانییەکە دەکات، کاراش وەک سەرنجێک لەسەر ئەوە دەڵێت “من سەرم لەم جۆرە سوپاسدەربڕینە نەسوڕما؛ چونکە دەمزانی ڕێ بەکچانی کورد دەدرێ، بەخێرهاتنی ناسیاو بەماچ بکەن!” رەنگە ئەوە شتێکی غەریب بێت کە لەکارل مایەوە دەیبیستین شتێکی لەو جۆرە ئاسایی بوبێت لەسەدەی نۆزدەیەمی کوردستاندا!

کارل مای هێند شارەزایە لەگرێچن‌و پێکەوە لکاندنی روداوەکاندا، لەلایەک ناهێڵێت خوێنەر بێزاربێت لەخوێندنەوەی کتێبێکی وەها گەورە، لەلایەکی دیکەشەوە هەست ناکەیت هیچ روداوێک‌و کەسایەتییەکی زیادە هەبێت لەرۆمانەکەدا، هەر روداوو کەسایەتییەک کاری خۆیان هەیەو بێهۆ هیچ رونادات.

ئامێدی.. وێنەی دەسەڵاتی پەڕپوتی عوسمانییەکان

کاتێک کارا بن نەمسی دەگاتە ئامێدی، دەکەوێت بەسەر شارێکی وێرانی پڕ نەخۆشیی‌و گەندەڵیدا. لەوێ پاسەوان‌و سەربازان ماوەی 11 مانگە موچەیان وەرنەگرتوە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئامێدی، شارەکە چۆڵ بکەن‌و بەشێکیشیان دەستبدەنە کاری رێگری‌و چەتەیی. بەهۆی ئەوەی کارا بن نەمسی‌و هاوەڵێکی ئینگلیزیی کە لەڕێگادا توشی دەبێت‌و تا کۆتایی ڕێ لەگەڵیدا دەبێت، پارەی باشیان پێ دەبێت، سود لەداماویی خەڵکەکە بەموتەسەللیمی ئامێدیشەوە وەردەگرن‌و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

کارل مای هێند شارەزایە لەگرێچن‌و پێکەوە لکاندنی روداوەکاندا، لەلایەک ناهێڵێت خوێنەر بێزاربێت لەخوێندنەوەی کتێبێکی وەها گەورە، لەلایەکی دیکەشەوە هەست ناکەیت هیچ روداوێک‌و کەسایەتییەکی زیادە هەبێت لەرۆمانەکەدا، هەر روداوو کەسایەتییەک کاری خۆیان هەیەو بێهۆ هیچ رونادات.

لەئامێدی لەوکاتەی کچێک نەخۆش دەکەوێت، کارا بن نەمسی لێهاتوانە دەتوانێت چاکی بکاتەوە، بەوەش زیاتر سەرنجی خەڵکەکە بۆ خۆی رادەکێشێت‌و ئەو روداوەش دەبیتە هۆی ناسینی پیرەژنێکی کریستیانی‌و زانینی چەند نهێنییەک، کە لەکۆتاییدا قوفڵی رۆمانەکەی پێ دەکات.

رۆمانەکە گەرچی چیرۆک‌و روداوەکانی فانتاسین، بەڵام دەتوانێت وێنەیەکی دروست‌و راستەقینەی مێژوی ئەو رۆژگارەی ژیانی کورد بگێڕێتەوە لەو ناوچانەدا بەهەمو جوانیی‌و ناشرینییەکانییەوە.

گیربون لەداوی شەڕی خێڵەکان

لەدوای بەجێهێنانی ئەرکەکەی‌و ڕزگارکردنی بەندییەکە لەئامێدی، کارل مای‌و هاوڕێکانی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەرەوخواری روباری دیجلە، بەڵام لەڕێدا توشیان دەبێت بەهۆزی بەروارییەکانەوە. بەهۆی ئەوەی ئەمان خاوەنی ئەسپی رەسەن‌و چەک‌و تفەنگی سەرنجراکێشن، دانیشتوانی ئەو گوندە بەروارییەی لایان داوە لێی، دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت دەستبگرن بەسەر ئەو شتە بەنرخانەدا، بەڵام دوبارە بەزیرەکیی‌‌و کارامەیی کارل مای‌و هاوڕێیانی؛ دەرباز دەبن لێیان، تا دەگەنە لای دۆستێکیان بەناوی قادر بەگ.

کارل مای لەو بەشەی کۆتایی رۆمانەکەدا چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە ئەو شەڕی خێڵەکییانە لەنێو خۆیاندا، لەوکاتەی ئەو گەڕیدە ئەڵمانییە دەگاتە ئەو ناوچەیە، نەستۆرییەکان کە هۆزێکی کرسیتیانن، خۆیان ناوەتەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لەهۆزی بەرواریی کوردەکان‌و قادر بەگی کەسی یەکەمیان بەدیل دەگرن دواجار کارل مای خۆیشی دیل‌ دەکرێت، “ئێمە کەوتوینەتە وڵاتێکەوە، ژیان‌و ئازادیی‌و سەروماڵ لەهەر شوێنێکی دیکەی دنیا زیاتر مەترسیان لەسەرە”. لەو نێوەندەدا کارل مای کە وەک کەسێکی ئایدیال دەردەکەوێت، بەیارمەتی ئەفسانەکانی ئەو ناوچەیە، دەتوانێت شەڕ لەنێوان ئەو خێڵ‌و هۆزانەدا رابگرێت‌.

رۆمانەکە گەرچی چیرۆک‌و روداوەکانی فانتاسین، بەڵام دەتوانێت وێنەیەکی دروست‌و راستەقینەی مێژوی ئەو رۆژگارەی ژیانی کورد بگێڕێتەوە لەو ناوچانەدا بەهەمو جوانیی‌و ناشرینییەکانییەوە.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …