Home / بەشی مێژووی كورد / لە شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە بۆ یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی

لە شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە بۆ یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی

sddefault

دوایین چاوپێکەوتنی بڵاونەکراوە لەگەڵ عەبدولڕەزاق فەیلی
لە شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە بۆ یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی
سازدانی : تەحسین تەها چۆمانی
یەك هەفتە بەر لە دوایین دیدارم لەگەڵ كۆچكردوو كاك عەبدولڕەزاق فەیلی، واتە لە ١٩/١٠/٢٠١٧ لە ساڵۆنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لەگەڵ كاك ستران عەبدوڵڵا و چەند برادەرێكی تر دانیشتبووین، پێم وابێت كاك عەبدولڕەزاق فەیلی لەگەڵ كاك ستران نیازیان هەبوو بڕۆن نەهارێك بخۆن، بەڵام دڵنیا نیم كامیان دەعوەتی كامیان بوون.!!
لەوێ بووم كە كاك عەبدولڕەزاق هات، من ئەو كاتە لە رۆژنامەی كوردستانی رۆژانە خەریكی كاری نووسینی توێژینەوەی ماستەر نامەكەم بووم سەبارەت بە فیكری سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ بەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تاران.
دەبوو لەگەڵ چەند كەسێك كە شارەزای فیكری سیاسی یەكێتین قسە بكەم، جا چ باشتر كە ئەو كەسە یەكێك بێت لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، كە كاك عەبدولڕەزاقم بینی، بە كاك سترانم وت ئەگەر ئەزیەت نییە قسەیەكی لەگەڵ بكە، بەڵكو كاتێكم بۆ دابنێت و كەمێك لەو بارەیەوە لە كاتی بگرم. كاك ستران پێی وت، ئەویش وتی هەر كات هاتی بە سەرچاو.
ئەم ئۆكەی، بە سەرچاوە بۆ من زۆر دڵخۆشكەر بوو، بەتایبەت كاك عادل بەهۆی نەخۆشییەوە لە دەرەوەی وڵات بوو، كاك عومەر شێخ موس هەم زۆر چاوەڕێ بووم وەڵامی پرسیارەكانم بداتەوە، بەڵام لە دوا نامەدا بە داوای لێبوردنەوە وتی كاتێكی وام لە بەردەستدا نییە، كاك دكتۆر فوئاد مەعسومیش بەهۆی رووداوە گەرمەكانی نێوان بەغداو كوردستان! وەك دەوروبەرانی وتیان كاتێكی وای نییە.
بە هەر حاڵ دوو رۆژ دوای ئەوە رۆشتمە لای كاك عەبدولڕەزاق فەیلی و لە مەكتەبەكی دانیشتم و چاكەیەكی بێ شەكری رەشیان بۆ هێنام خواردمەوە. دواتر گوێم لێ بوو پێیان وت تەحسین تەها هاتووە، لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-وە. وتی كام تەحسین تەها، ئەوەی هونەرمەندەكە!! هاتنو فەرموویان لێكردم بۆ ژوورەوە.
كە چوومە ژوورەوە كاك عەبدولڕەزاق دیار بوو كەسێك تێلی بۆ كردبوو، بۆئەوەی لە رێی پەیوەندییەكانی مەكتەبەكەیەوە سەفەرێكی بە مەبەستی نەخۆشی بۆ دەرەوی وڵات بۆ رێك بخات. رووی كردە من و وتی كاك (بەشدار) بەخوا نازانم چیت پێ بڵێم رۆژانە چەندین كەس بۆ ئەو مەبەستە تەلەفونم بۆ دەكەن؟! وتم كاك عەبدولڕەزاق من تەحسین-م، بەشدار نیم. من هاتووم بۆ چاوپێكەوتنەكە نەك كاری پاسپۆرت و ئەو شتانە.
پێكەنی و كەمێك داما، وتی ببورە سەرم زۆر مەشغوڵە…
قسەكانمان دەست پێكرد، وتی چات خواردووە، وتم بەڵێ خواردوومە، وتی كەوایە ئەمر بكە بزانم دەتەوێت چی بكەیت. منیش ئەو پرسیارانەی كە دەمویست لێی بپرسم سەبارەت بە رەوتی فیكری یەكێتی بە تایپكراوی پێم دان و سەیرێكی كردن، وتی ئەمە بۆ ئەمڕۆ باوەڕناكەم بەوە رابگەم وەڵامی ٧ پرسیار بدەمەوە بۆ نەیكەینە رۆژی پێنج شەممە، وتم زۆر ئاساییە، ئەویش وتی كەوایە منیش باش دەیانخوێنمەوە و وردتر قسەیان لە بارەوە دەكەین.
رۆژی پێنج شەممە سەعات ١٠ی بەیانی گەیشتمەوە مەكتەبەكەی ئەو، دیسانەوە وتیان تەحسین تەها هاتووە، كام تەحسین تەها، گۆرانیبێژەكە؟!!
لە ژووری خۆی نەبوو، دەنگی دەهات، دوای ١٠ دەقە هاتەوە، وتی فەرموو، كە چوومە ژوورەوە كوڕێكی گەنجیشی لەگەڵ بوو، ناوەكەیەم بیر نەماوە، بەهەر حاڵ پێی وت دانیشەو گوێ بگرە، ئەمە چاوپێكەوتنێكی زۆر باش دەبێت بۆ تۆ. ئەویش دانیشت.
كاك عەبدولڕەزاق فەیلی وتی كوا پرسیارەكانت، وتم ئەی كۆپییەكم پێ نەدای ئەو رۆژە؟. وتی بیرم نەماوە، كەمێك كاغەزەكانی سەر مێزەكەی ئەودیو ئەودیو كردن، دۆزیەوە، زانیم كە مەجالی ئەوەی نەبووە سەیریان بكات، دیسانەوە دەستی بە خوێندنەوەی یەكەم پرسیار كردەوە. وتی زۆر باشە گوێ بگرە من خۆم بە تێكەڵی وەڵامی هەموو پرسیارەكان دەدەمەوە.
كەمێك نا ئومێد بووم لەوەی كە وەڵامەكان بە دەقیقی بداتەوە، ئەمە شتێكی ئاسایی بوو، چونكە بۆ كەسێكی ئاوا كە زیاتر لە ٧٠ ساڵ تەمەنییەتی و هێشتا هەر بە چوشت و چالاك كار دەكات خزمەت ئاساییە.
دانیشتم و دەستی پێ كرد. ئینجا ئەوەی پێ وتم كە ئەوەندە لە ساڵ و ناو و شوێن تەركیزی نەماوە، هەم زاكیرەم هەم جەستەم لەوە دەرچوون كە سەیتەرەم بە سەرخۆمدا هەبێت.
من ئەوەم بە باشی لێ بەدی دەكرد، بەتایبەت كە بینیم چوار جار قاوەكەی بەردەمیان گۆڕی، ئەو هەر ئاگای لەوە نەبوو قاوەكەی بخواتەوە، زۆر رۆچووبووە ناو گێڕانەوەی سەرەتای شكستی شۆڕشی ئەیلول و دامەزراندنی یەكێتی، بە وردەكارییەكانییەوە.
سەعات و نیوێك بەدیارییەوە دانیشتین، تەواوی دیمەنەكانمان لەبەرچاو بوو كە دەیگێڕایەوە بۆ مان..
بە داخەوە كە هاتمە دەرەوە یەكێك لە فایلە دەنگیەكانم لە دەست سڕایەوە، بەڵام دیسان شوكر بووم كە فایلی دووەم بووە و سەرەتای باسەكەم لەبەر دەستە، ئەم سڕانەوەی فایلە زۆر بێتاقەتی كردم، تا وای لێهات بڕیاری ئەوەم دا كە تایپی نەكەم و هەر ئاوا لای خۆم بیپارێزم…
بەڵام كە هەواڵی كۆچی دوایی كاك عەبدولڕەزاق-م بیست، هەر ئەو شەوە بڕیارمدا وەك دوایین چاوپێكەوتن، ئەو بەشەی چاوپێكەوتنەكە كە ماوەتەوە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوی بكەمەوە..
دواجار بە كەمێك درەنگەوە چاوپێكەوتنەكەم تایپكرد.
لە بەشی راستی ئەم لاپەڕەیەدا تەواوی چاوپێكەوتنەكە، وەك دواین چاوپێكەوتنی كاك عەبدولڕەزاق فەیلی بڵاودەكەمەوە.
بارودۆخی دوای شۆڕشی ئەیلول
بارودۆخی ئەو کاتەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیایدا دامەزرا بە نسبەت بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان بارودۆخێکی ناوهەموارو ئاڵۆزو خراپ بوو.
من نامەوێت بڕۆمە ناو بابەتی هەڵسەنگاندنی مەسەلەی کۆتایی هاتنی شۆڕش و هەڵوێستی سەرکردایەتی شۆڕش، ئەمە بابەتێکەو خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، کە هەروا بە ئاسانی ناتوانین باسی لێوە بکەین، بەڵام من شتێک دەڵێم وەک رووداوێکی مێژوویی کە لە ٦ی مارتی ساڵی ١٩٧٥ روویدا ئێران هەموو سنوورێکی لە ئێمە داخست و مژارێکی بۆ بەجێ هێشتین، ئەویش بریتیی بوو لە دوو رێگە یان ئەوەی چەکەکانمان دابنێین و بڕۆینەوە ناو حکومەت یان ئەوەتا بڕۆینە ئێران و لە کەمپەکانی ئەوێدا کۆمان بکەنەوە. لەوە زیاتر مژارێکی تریان بۆ نەهێشتینەوە. بۆ ئەمەش ئەوانەی کە روویان لە ئێران دەکرد زیاتربوون لەوانەی کە دەڕۆشتنەوە ناو حکومەت. بەتایبەت ئەوانەی سەرکردەو بەرپرس بوون لە ناو شۆڕش ئەوان نەیان دەتوانی بڕۆنەوە ناو حکومەت و تەسلیم ببنەوە.
لەو کەین و بەینەدا کۆمەڵێک یان گرووپێک شۆڕشگێری ئەو سەردەمە بەرهەڵستی خۆیان نیشاندا و وتیان ئێمە بەرگری دەکەین، لەوانە دەستەیەک لە کادرو سەرکردەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە بە ئاشکرا کاریان نەدەکرد، بەڵام وەک کەسایەتی ناسراو بوون، لەوانە شەهید شەهابی شێخ نووری، دارۆی شێخ نووری، شەهید ئارام، سالار عەزیز، پێم وابێت فەرەیدون عەبدولقادریشیان لەگەڵ بووبێت کە من نەدی.. و کۆمەڵێک لە برادەرانی تر کە ئەوکات بەیەکەوە لە ناو کۆمەڵەدا کاریان دەکرد.
لە دوای ئەمانە دەبێت باس لە هەندێک کادری ئەوکاتی پارتی بکەین، کە دەتوانین ناویان بنێنین کادری پارتی شۆڕشگێڕ، وەک کاک عەلی عەسکەری و شەهید دکتۆر خالید سەعید، کاک عادل موراد، حەمە رەزاو ژمارەیەک لە ئەندامانی سکرتارێتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و بیرم نەچێت فاروقی مەلا مستەفاشیان لەگەڵ بوو، ئامادەبوون بڕۆن لە ناوچەی پێنجوێن جارێکی تر بە بیرکردنەوەو میتۆدێکی نوێ-وە کاری شۆڕشگێڕی و چەکداری دەست پێ بکەنەوە.
ئەمانە ئامادەبوون و رۆشتنە پێنجوێن و بەڕاستی تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم ئەوان دەیانویست بەگری بکەن و چەک دانەنێن، بەڵام لەو ئان و ساتەدا مەلا مستەفا لە تاران گەڕایەوە و پەیامێکی پێ بوو، ئەویش ئەوە بوو کە وتی نابێت هیچ کەسێک بەرگری بکات. تەنانەت وتی ئەوانەی کە رۆشتوونەتە پێنجوێن ئاگاداریان بکەنەوە کە بێنەوە، ئەگەریش قبوڵیان نەکرد خۆم دەڕۆم و دەستبەسەریان دەکەم و دەیانهێنمەوە. ئەمە تەورێک بوو بۆ ئەوەی هەموو رێگەیەک ببڕن لە مەسەلەی بەرگریکردن. ئەوەبوو برادەران هاتنەوە.
کە هاتنەوە کۆبوونەوەیەکی تر کە هاوتەریب بوو لەگەڵ ئەم بابەتە بە سەرکردایەتی مامۆستا ئیراهیم ئەحمەدو کەمال محێدین و کاردۆ گەڵاڵی و رەسول مامەند بوون لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵی مەلامستەفا. بیرم نەچێت رەحمەتی کاک عومەر دەبابەشیان لەگەڵدابوون. ئەوان گفتوگۆیان کرد لەوەی کە دەبێت چی بکەن. ئەوان بڕیاریان دا کە بڕۆنەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک دروست بکەن، هیچ نەبێت دەست بەو بارودۆخە خراپەوە بگرن و کارئاسانی بۆ خەڵک بکەن. چونکە ئەوە روون بوو کە رژێمی بەعس لە باری سەرکەوتندابوو. کە زۆر دڕندانە کەوتبووە گیانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە پێشووتر پێی دابوون لێ وەردەگرتنەوە، بۆ نموونە قەدەغەکردنی هەڵواسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە شەقام و دووکان و شوێنی کارو خوێندگاکان و …تاد.
وتیان بڕۆ بۆ لای مام جەلال
هەندێ لەو برادەرانە چوونە بەغداو ئەوانی تریش چوون بۆ نەغەدە یان راستر بڵێین روویان لە ئێران کرد، لە وێ لە نەغدە هەندێ لە برادەران کەوتنە لای من و هەندێکی تریشیان کەوتنە لای برادەرێکی تر، کاک شەهاب و ئارام لای من مانەوە، بەڵام ئەوان زوو بڕیاریان دا بگەڕێنەوە و کاک شەهاب وتی لەگەڵمان وەرەوە، منیش وتم پاسپۆرتم هەیە و دەڕۆمە دەرەوە، بەڵام کاک شەهاب وتی ئەگەر هەر دەڕۆیت بڕۆ بۆ سوریا بۆ لای مام جەلال، ئەوان لەگەڵ ساڵح یوسفی گەڕانەوە.
ئەو کاتە من و عادل موراد بەیەکەوە بووین، یەکێکیان دانابوو بچێتە سوریاو ببێتە نوێنەری یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە بەرەی نیشتمانی قوتابیانی عیراق، کە سەر بە عەرەبی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی عیراقی بوو لە سوریا. کە ئەو کاتە یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئەندام بوو تیایدا. ئەو کوڕەیان دانابوو کە بچێت ببێتە نوێنەر لەوێ، بەڵام دواتر ئەو برادەرە رۆشتەوە بۆ عیراق.
ئەوەبوو کاک عادل پێی وتم پاسپۆرتت هەیە، منیش وتم بڵێ بۆچی؟ وتی پێت چۆنە بتکەمە نوێنەری یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە شام، منیش قسەکەی شەهید شەهابم لە بیر بوو، خۆشم دەمویست بڕۆمە دەرەوە.
دوای ئەوە هەر لە نەغدە دکتۆر خالید وتی عەبدولڕەزاق چی دەکەیت و بەرنامەت چییە؟. منیش وتم دەمەوێت بڕۆمە دەرەوە پاسپۆرتم هەیە و دەمەوێت بخوێنم، ئەویش وتی بڕۆ بۆ سوریا بۆ لای مام جەلال.
ئەوەی من دەیڵێم بانگەشە نییە بۆ ئەوەی کە ئەوان دەیانزانی مام جەلال چی دەکات یان دەوێت چی بکات، بەڵام مەنتقی بارودۆخەکە وابوو کە ئەوان دەیانزانی مام جەلال هەروا بەئاسانی دانانیشێت و سەیری بارودۆخەکە بکات.
دوای ئەوە لەگەڵ یەک دوو برادەر رۆشتینە لای کاک عەلی عەسکەری لە سابڵاغ، کاک عەلی وتی(شێتە) دەتەوێت چی بکەیت؟ منیش وتم وەڵا کاک عەلی دەمەوێت بڕۆمە دەرەوە بخوێنم. ئەویش کە ئەم قسەیەی منی بیست جەختی کردەوە وتی بڕۆ بۆ لای مام جەلال لە شام. ئەمە سێیەم کەس کە ئەم قسەیە بکەن. منیش وتم هەوڵ دەدەم کە وا بکەم.
ئەمە جگە لەوەی کە خۆشیان بڕیاریاندابوو هەندێک کادری باوەڕ پێکراو بنێرنە ئینگلتەرا بۆ ئەوەی بزانن چی دەکەن لەوێ بۆ ئەوەی ئەوانیش ئامادەبن. یەکێک لەوانە کاک عادل موراد بوو، ئەوەی تریشیان کاک نوری شاوێس بوو، نوری شاوێس هەر لەو فەرتەرەیەی ئێمە دەرچووین بۆ سوریا ئەویش هاتە ئەوێ، بەڵام دواتر چووە بەیرووت.
لە شام وتیان چاوەڕێ بکەم مام جەلال فیکرەیەکی هەیە
ئێمە کە هاتینە شام، ئەگەر زۆر باش بیرم بێت ١٤/٤/١٩٧٥ بوو، یەکەمین کەس کەبینیمان ئەندامێکی حزبی بەعسی سەر بە سوریا بوو، واتە ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی بوون لەوانەی سوریا، کە ئێستاش پەیوەندی ئەو برادەرە لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە و زۆریش باشە. ئەگەر هەڵە نەبم ناوی (مەحمود شێخ رازی)بوو. ئەو کاتە ئێمە هێشتا مام جەلال-مان نەبینی بوو، زۆر بە رەخنەگرانە باسی شۆڕش و شکستی شۆڕشمان دەکرد، بەتایبەت کاک عادل زۆر پڕ بوو کە رۆشتبوون بۆ پێنجوێن و مەلا مستەفا نەیهێشتبوون.
مەحمود وتی چاوەڕێ بکەن مام جەلال دێتەوەو فکرەیەکی پێیە، دوای ئەو ئیبراهیم عەلاویمان بینی (ابو لیلا) کە سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی قیادە مەرکەزی بوو، قسەمان کرد و بارودۆخەکەمان بۆ روون کردەوە کە چۆنە و چۆن نییەو چی روویداوە، وتی چاوەڕێ بکەن مام جەلال لە جەولەیەکدایەو هەندێک خەڵک دەبینێت و فکرەیەکی پێیە.
دوای ئەو (عەبدولئیلا نەسراوی) ئەمنیداری گشتی بزووتنەوەی اشتراکی عەرەبیمان بینی. ئەویش دوای ئەوەی کە قسەمان کردو بارودۆخەکەمان هەڵسەنگاند، وتی بۆچاوەڕێی مام جەلال ناکەن، ئەو بە نیازی شتێکەو فکرەیەکی زۆر باشی پێیە.
ئەمە چی دەگەیەنێت، ئەوە دەگەیەنێت کە هەر سێ ئەو کەسەی کە لەگەڵ کاک عادل بینیمانن و قسەمان لەگەڵ کردن، ئەوان پێشووتر لەگەڵ مام جەلال قسەیان کردووە و گوێیان لە فکرەکەی مام جەلال بووە.
مام جەلال لەگەڵ مەلا مستەفا زۆر هەوڵێدا
مام جەلال لە سەرەتاوە هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی مەلا مستەفا کۆتایی بە شۆرش نەهێنێت، بەڵکو میتۆدەکانی شۆڕش بگۆڕێت و شێوازەکەی بگۆڕێت، ئەویش سۆزی لە سوریا و لیبیا وەرگرتبوو بۆ ئەوەی شۆڕش بەردەوامی پی بدەن، ئەوەشی بە مەلا مستەفا گەیاندبوو، کە ئەوەندەی من بیرم بێت جارێکیان فازلی مەلا مەحمود و جارێکی تریش ئازاد خۆشناو نامەکەی مام جەلال-یان بۆ مەلا مستەفا هێنا. بەڵام فایدەی نەبوو، ئەوەندەی من ئاگادار بم مام جەلال زۆر داوای لە مەلا مستەفا کردووە کۆتایی بە شۆڕش نەهێنێت و بەردەوام بێت، ئەویش هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لە مانەوەی شۆڕشەکە، بەڵام ئەنجام بوو.
بۆیە لە دوای ئەوە مام جەلال، بیری لەوە کردبۆوە کە دەبێت چی بکەین؟
مام جەلال لە میسر گەڕایەوە شام
پاشماوەیەک مام جەلال لە میسرەوە گەڕایەوە سوریا، ئێمە چووین بۆلای لە چایخانەیەک کە ئێستا ئەو چایخانەیە نەماوە، کە ناوی چاخانەی ئەل کەمال بوو، لەوێ بۆ یەکەم جار من و عادل موراد لەگەڵ مام جەلال دانیشتین، مام جەلال زۆری پێخۆش بوو کە چووبووینە لای، من وەک سکرتێری لاوان و نوێنەری قوتابیان بووم لە سوریا و کاک عادلیش وەک سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ئەوە بوو مام جەلال بە خێرایی فیکرە و نییەتی خۆی لە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێ بۆ خستینەڕوو، ئێمەش حەماس گرتنی، تەنانەت حەماسی عادل موراد لە من زیاتر بوو. یانی ئەوە نەبێت کە من کۆنە جەلالی ببوێتم و عادل موراد کۆنە مەلایی بێت، لەو بەرنامەیەی کە لەلایەن مام جەلالەوە پێشنیارکرا، عادل موراد ئامادەیی زیاتری تێدا بوو.
مام جەلال ئەوەی بۆ باس کردین کە چۆتە قاهیرە و لوبنان وکۆمەڵێک خەڵکی بینیوە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوە کارمان لەگەڵ بکەن و هەندێکیش پڕۆژەکەیان پەسەند نەکردووین.
وتی من من باسی ئەوانە دەکەم کە ئامادەیی ئەوەیان پیشاندابوو کارمان لەگەڵ بکەن، لەوانە دکتۆر فوئاد مەعسوم کە نوێنەری مەلا مستەفایە لە وڵاتی میسر قسەکانی قبوڵ کردووم و دەستی خستۆتە ناو دەستم بۆ ئیشکردن لەگەڵم، بۆیە چاوەڕێی دەکەم کە لەگەڵ ماڵ و منداڵەکانی بێنە شام و لێرە دەست بەکارەکانمان بکەین. کەواتە بووینە چوار کەس(مام جەلال، عادل موراد، فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی).
مام جەلال گەیشتە بەرلین و ئێمەش گیراین
لەو ماوەیەدا کۆنگرەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا دەبەسترا واتە لە بەرلینی خۆرئاوا، مام جەلال رۆشت بۆ ئەوەی. ئینجا لێرە شتێک هەیە کە ئێمەش ویستمان بڕۆین بۆ ئەوێ، ئێمە گیراین ئەوەندەی نەمابوو تەسلیمی حکومەتی عیراقمان بکەنەوە. چونکە لە بەرلینی خۆرهەڵاتەوە لە جیاتی میترۆ بە پاس رۆشتین و ڤیزامان نەبوو. بۆیە گەڕاینەوە، کە گەڕاینەوە بەرلینی خۆرهەڵاتی ئێمەیان دەستگیر کرد. باشییەکە لەوەدا بوو کە چەند عەرەبێکی سوریمان لەگەڵ دابوو، ئەوان پاسپۆرتی سوری و ئێمە پاسپۆرتی عیراقیمان پێ بوو. لە بەرلینی خۆرهەڵات وتیان هەر کەسەو دەبێت بڕواتەوە بۆ وڵاتی خۆی، برادەرانی سوری لە سەر ئێمە هەڵیاندایەو وتیان راستە ئەوانە عیراقین، بەڵام ئەگەر بیانگەڕێننەوە ئەوە دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن.
لە کافیتریای توڵەیتەڵەوە بۆ بەرلین
دواتر لە ٢٢/٥/١٩٥٦ لە کافیتریای توڵەیتەڵە، کافیتریایەکی بە ناوبانگ بوو لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بوو لە شام، ئێستاش هەر بەو ناوە ماوە، لەوێ دانیشتین و مام جەلال-یش هەموو شتێکی ئامادە کردبوو، وەک بەیاننامەی دامەزراندن، ئینجا بیروباوەڕو سیاسەت و نەهج و ستراتیژیەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستە سەر مێز. هەموو شتێکی بە ئامادەکراوی بۆ هێنابووین، ئێمەش خوێندمانەوە، هەندێک گفتوگۆمان لە سەری کرد و هەندێکش دەستکاریمان کرد، بەڵام دەستکارییەکە لە رووی زمانەوانی عەرەبییەوە بوو کە هەڤاڵ دکتۆر فوئاد مەعسوم دەستکاری کرد.
ئینجا مام جەلال وتی باشە، با بزانن کە هەندێک برادەری دیکە هەیە و دەیانەوێت لەگەڵمان بن و یارمەتیمان بدەن، بەڵام ناتوانن بێنە ئێرە. کە ئەوکاتەی چووبوو بۆ کۆنگرەی خوێندکاران لەوێ ئەو برادەرانەی هەڵبژاردبوو. کە ئەوانیش خوا لێخۆشبوو(دکتۆر کەمال فوئادو کاک نەوشیروان مستەفا) لەگەڵ کاک عومەر شێخ موس بوون. ئێمەش پێمانخۆش بوو، چونکە ئەوانە کەسایەتی و ناوی دیاربوون، بەتایبەتی دکتۆر کەمال فوئادو کاک نەوشێروان دوو کەسایەتی دیارو تێکۆشەربوون لەناو بزووتنەوەی کوردایەتی. من خۆم کاک ناوی کاک عومەرم بیستبوو، بەڵام نەمدیبوو، بەڵام دۆستی کاک نەوشێروان بووم لە ساڵی ١٩٦٢وە دۆست بووین، کاک دکتۆر کەمالیشم لە فەترەی پێش ١١ی ئازار لە زانکۆی سلێمانی کە سەرۆک بەشی کوردی بوو، جگە لەوەش هاتووچۆی بەغدای دەکرد بۆ رۆژنامەی نور، ناسیبوو. بەڵام ئەوەی کاک عومەر بەس بە ناو بیستبووم کە پیاوێکی چالاک و زیرەک و تێکۆشەرە.
مام جەلال وتی من ئەم بەیاننامەیە دەبەمە ئەوروپاو لەگەڵ ئەوان دادەنیشم، ئەوەبوو رۆشتەوە بۆ بەرلین و لەگەڵ ئەو سێ برادەرەش کۆبۆوە. ئەوەبوو لەوێ یەک خاڵی تێدا دارێژرایەوە(تعدیل). لەوێدا ئایدۆلۆژیای یەکێتی کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان بەباشی دەرکەوت کە ئێمە لەگەڵ دۆست و دوژمنی جیهانی بزووتنەوەی کوردی باسی ئەوەمان کردبوو، کە رڤیژنیزمی جیهانی ناتوانێت لەگەڵ ئێمە بێت. ئەوان ئەمەیان لابردبوو، وتبوویان ئەمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرنامەیەکی رزگاری نەتەوەییەو حزبێکی ئایدۆلۆژی نییە. کە دۆست و دوژمنی خۆی بەم شێوازە دیاریبکات. ئێمە دەبێت دۆستایەتی هەموو کەس و لایەنێک بۆ خۆمان رابکێشین، مام جەلال بە ئامرازی خۆی ئەمەی دەزانی، بەڵام شتی دیکەی لە خەیاڵدا بوو.
قسەی ئەمان زۆر لە جێ بوو، چونکە ئێمە بەرنامەیەکی رزگاری نەتەوەیی بوین و حزبی چینایەتی نەبووین، ئێمە دەبوو لە سروشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هەموو جۆرە رێکخراو و حزب و کەسێک ببێتە ئەندام لە ناو یەکێتیدا. بەو مانایەی مادام یەکێتی رێکخراوێکی نیمچە بەرەیی بوو، بۆیە هەر رێکخراو و لایەنێک کە دەهاتە ناو یەکێتی دەیتوانی مومارەسەی فیکر و ئایدۆلۆژیای خۆی بکات. بەهەمان شێوە لەناو یەکێتیدا لە رووی فیکرییەوە خۆیان بەهێز بکەن. بۆ ئەوەی دواتر ئەم یەکێتییە وردە وردە ببێتە بە بەرەیەکی فراوانی نیشتمانی. لەناو ئەو بەرە نیشتمانییە فراوانەشدا بێگومان حزبێک، لایەنێک لە هەموویان بەهێزترە و ئەبێتە پێشڕەو لە ناو بەرەکەدا.
ئەوکات مام جەلال سکرتێری کۆمەڵە بوو
لەو نێوەندەدا مام جەلال خەیاڵی بۆ کۆمەڵەی رەنجدەران دەچوو ببێتە ئەو حزبە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە ئەو سەردەمە مام جەلال سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدرانی کوردستان بوو. بۆیە ئەم مەسەلەیەی خستبۆوە ناو بەرنامەی یەکێتی، بەڵام برادەرانی دەرەوە ئەوەیان قبوڵ نەکردو تەعدیلیان کرد. وتیان ئێمە حزب نین!.
مام جەلال کە هاتەوە کۆیکردینەوەو وتی برادەران ئەم خاڵەیان داڕێشتۆتەوە، قسەکەش بەلای ئێمە مەنتقی تێدابوو.
بڵاوبوونەوەی یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی
دواتر بەیاننامەکە لە ٢٩ی ٥ ئەگەر تەواو لە بیرم بێت، مام جەلال وتی لەگەڵ فازلی مەلا مەحمود بڕۆن بۆ بەیروت بەیاننامەکە چاپ بکەین و بڵاویبکەینەوە. کە چووینە ئەوێ دوو خوێندکار کە فازڵ دەیناسین هاتنە پێشوازیمان و چونکە ئەوان وڵاتەکە و شارەکە باش شارەزا بوون و توانیمان بەیاننامەکە چاپ بکەین.
دواتر گەڕاینەوە بۆ شام و لە ١ی٦ ساڵی ١٩٧٥دا بەیاننامەکەمان بڵاوکردەوە.
کەواتە کۆبوونەوەی یەکەمی یەکێتی لە ٢٢ی٥ بوو، بەڵام بە رەسمی کە بەیاننامەی دامەزراندن بڵاکرایەوە لە رۆژی ١ی ٦ بوو، بۆیە ئەو رۆژە بووە رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. چونکە لەو رۆژەدا بەگشتی هەموو کەسێک زانی کە رێکخراوێکی وا تازە هاتۆتە مەیدانەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …