Home / بەشی مێژووی كورد / لە یاددی ٧١ ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە یاددی ٧١ ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 16244473_237756126677758_204149134_n
نوسینی ڕەنجدەر ابوبکر
١٩٤٦/١/٢٢- ١٩٤٦/١٢/١٧ز دا: پانۆرامایەکی ناساندنی کۆمار:-
– پایتەخت / مەھاباد – زمانی فەرمی / زمانی کوردی – شێوازی حوکمی دەوڵەت / کۆماری – سەرۆک کۆمار/ پێشەوا قازی محەمەد – سەرۆک وەزیران / حاجی بابەشێخ – راگەیاندنی سەربەخۆیی / ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ – ڕووبەر/ ٣٧٬٤٣٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە – ١٤٬٤٥٥ مایلی چوارگۆشە – دراو/ ڕیاڵی‌ ئێرانی
یەکەم: بارودۆخی سەردەمەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان:-
آ- بارودۆخی دەرەکی:-
١- بارودۆخی پێش دامەزراندنی جمهوریەتی کوردستان، بریتی بوو لە دا: وڵاتی ئێران لە هاوینی ساڵی ١٩٤١ز دا لە لایەن هێزەکانی یەکێتی سۆڤێت، کە ناوچەکانی باکوردی ئێران و باکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکاش، کە ناوچەکانی باشوری ئێرانیان داگرکرد و ڕەزا شای ئێرانیان ناچارکرد بۆ وازهێنان لە دەسەڵات و ناردنی بۆ ئەفریقای باشوور تا مردنی لە ساڵی ١٩٤٤ز لە تاراوگە، وە دانانی محەمەد ڕەزای کوڕی وەکو شی ئێران لە جێگەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی سووپای نازی ئەڵمانیا لە درێژەی شەڕەکانی جەنگی جیهانی دووەم – ١٩٣٩ – ١٩٤٥ز دا پەلاماری وڵاتی یەکێتی سۆڤێتی دا، چونکە دەیووست لە ڕێگای خاکی یەکێتی سۆڤێتەوە بگاتە سنوورەکانی وڵاتی ئێران، کە هاوپەیمانی هیتلەر بوو و لەوێشەوە دەست بگرێت بەسەر گێڵگە نەوتییەکانی کەنداودا، وە کاردانەوەی هەر یەکە لە وڵاتانی هاوپەیمانی یەکێتی سۆڤێت لە بەریتیانیا و ئەمریکا بە داگیرکردنی خاکی ئیران هەتا بتوانن هاوکاری سەربازی وڵاتی یەکێتی سۆڤێتی هاوپەیمانیان بکەن لە دژی سووپای ئەڵمانیای نازی لە ڕێگای خاکی ئێرانەوە.
٢- ناوچەکانی باکور و موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتبووە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی سۆڤێت و هێزەکانی بەریتانیاش تا شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو، هەرچی دەسەڵاتی وڵاتی ئێرانیشە تەنها لە شاری تارانی پایتەخت و ناوەندی ئێران دا باڵا دەست بوو.
ب- بارودۆخی ناوخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و ناوچەی موکریان بە تایبەتی؛- ئەم بارودۆخە دەرەکییەی، کە باسمانکرد زەمینەیەکی لەباری بۆ گەشەسەندنی جوڵانەوەیەکی ڕامیاری و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری لە ناوچەی موکریان ڕەخساندبوو:-
١- سەرەتا قازی محەمەد و کەسایەتییە ناسراوەکانی موکریان پەیوەندیان کرد بە هێزەکانی ئینگلیز لە شاری سنە، بە مەبەستی گەیاندنی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد، بەڵام لە لایەن هێزەکانی بەریتانیاوە هیچ کاردانەوەیەک نەبوو، هەربۆیە ناچار بوون پەیوەندی بکەن بە هێزەکانی سۆڤێتییەوە و بۆ ئەم مەبەستەش وەفدێکیان لە ساڵی ١٩٤١ز سەردانی شاری باکۆی پایتەختی ئازربایجانی سۆڤێتیان کرد.
٢- دواتر کەسایەتییە ڕۆشنبیرییە نەتەوەییەکانی ناوچەی موکریان هەستان بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف لە ١٩٤٢/٨/١٦ز و دەرکردنی گۆڤاری نیشتمان و بڵاوکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی لە ناو لاوانی ئەو دەڤەرەدا.
٣- پاشان چوونی کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەکە بۆ جاری دووەم بۆ شاری باکۆی پایتەختی ئازربایجانی سۆڤێتی لە مانگی ئەیلولی ١٩٤٥ز دا و پێشکەشکردنی داخوازییەکانی گەلی کورد بە ناقرۆفی سەرۆک کۆماری ئازربایجانی سۆڤێت.
٤- پاش گەڕانەوەی وەفدی کوردی لە باکۆ لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، لە شاری مەهاباد کۆنگرەی گۆڕینی کۆمەڵەی ژێکاف بە حزبی دیموکراتی کوردستان بەسترا و قازی محەمەد بە سکرتێری حزب هەڵبژێردرا. دووەم: هۆکارەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان:
آ- هۆکارە دەرەکییەکان:-
١- هاتنە ناوەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆ ناو خاکی ئێران و داگیرکردنی خاکی ئێران بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی لە ٢٥ی ئابی ١٩٤١ز، کە بووە هۆی لادانی ڕەزا شا لە دەسەڵاتی شای ئێران و دانانی محەمەد ڕەزا شای کوڕی، کە لەسەرەتا دا بە کەسێکی قبوڵکردنی ئازادییان دەناساند لە جێگەکەی، هەروەها نەمانی شکۆی هێزەکانی شای ئێران لە ناوچەکانی کوردستان، چونکە هێزەکانی سۆڤێت باکووری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان داگیرکرد.
٢- دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی ئازربایجان لە شاری تەبرێزی ئازربایجانی ئێران لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٥ز دا.
ب- هۆکارە ناوخۆییەکان:
١- پەرەسەندنی بززوتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە کۆتای ساڵانی سییەکان و سەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەم، بە هۆی دامەزراندنی چەندین ڕێکخرا و کۆمەڵەی سیاسی، وەکو پارتی ئازادی کوردستان-١٩٣٨ز و کۆمەڵەی ژێکاف-١٩٤٢ز و دواتر گۆڕینی بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ز دا.
٢- نەمانی ستەم و چەوساندنەوەی ئەرتەشی ڕەزا شای ئێران لەسەر ناوچەکانی کوردستان بە گشتی و ناوچەی موکریانی ژێر هەژموونی سووپای سووری سۆڤێت بە تایبەتی.
٣- بوژاندنەوەی ڕۆشنبیری و دەرکردنی چەندین بڵاوکراوە و بەرهەمی ئەدەبی و شانۆی، کە زیاتر گوزارشتیان دەکرد لە مافی ئازادی نەتەوەی کورد و قارەمانێتی گەلی کورد بەرامبەر هێزە داگیرکارەکانی، وەکو گۆڤاری نیشتمان، کە ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و چامە جوان و نەتەوەییە بەرزەکانی شاعیرانی ئەو سەردەمە، هەروەها شانۆگەری دایکی نیشتمان، کە لەو ساڵانەدا لە شاری مەهاباد نمایشکرا.
٤- بوونی مەڵبەندێکی ڕامیاری و بارزگانی و ڕۆشنبیری گرنگی وەکو شاری مەهاباد لە ناوچەی موکریان، یەکێکی تر بوو لەو هۆکارانەی، کە زەمینەی لەخۆگرتنی ئەو جوڵانەوە نەتەوەییەی لەبارتر کرد.
٥- بوونی سەرکردەیەکی وەکو پێشەوا قازی محەمەد- ١٩٠٠- ١٩٤٧ز، کە یەکێک بوو لە نەوەی دیارترین بنەماڵەکانی شاری مەهاباد بوو، کە ئەویش بنەماڵەی قازی بوو.
٦- بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەرتەشی ڕەزا شای ئێران، ژمارەیەکی زۆر چەک کەوتە دەست هۆزەکان و هێزی عەشایری کورد.
٧- ئازادبوونی زیندانە سیاسییەکان و سەرکردە نیشتمانپەروەرەکانی کورد و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی کوردستان و ڕۆڵیان لە گەشانەوەی بزاڤی نەتەوەی کورد دا.
٨- کاریگەری بوژاندنەوە ڕۆشنبیری و نەتەوەییەکانی باشووری کوردستان لەسەر ناوچەی موکریان لەو ماوەیەدا، بە تایبەتی بزاڤی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی شاری سلێمانی، کە ناوچەکانیان نزیک بوون لە یەکدییەوە لە ڕووی سنووری جوگرافییەوە. سێیەم: دامەزراندنی کۆماری کوردستان:- لە دوای بوونی ئەو بارودۆخە مێژوویی و سیاسی و ئەو هۆکارانەی، کە باسکران، سەرەنجام پاش هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ڕۆژی ١٩٤٥/١٢/١٧ز دا و راگەیاندنی کۆماری دیموکراتی ئازربایجان لە هەمان ماوەدا، لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦کوردی بەرامبەر ١٩٤٦/١/٢٢ز، لە شاری مەهاباد-سابلاغ و لە مەیدانی چوارچرا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتە جیاوازەکانی دانیشتوانی کوردستان و سەرکردەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک هۆزە کوردەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەی موکریان و نوێنەرانی پارجەکانی تری کوردستان لە مەڕاسیمێکدا دەوڵەتی جمهوریەتی کوردستان ڕاگەیەنرا. ئاهەنگی دامەزراندنی کۆمار بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و سرودی نیشتمانی کورد و سڵاوکردن بۆ ئاڵا دەستی پێکرد، پاشان پێشەوا قازی محەمەد وەکو سەرۆک کۆماری کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە خۆش و شادی خەڵکی کوردستان کرد لەو ڕۆژەدا و دواتر ئاماژەی بە خەباتی نەتەوەی کورد و داخوازییەکانی نەتەوەکەی کرد لە هەوڵدان بە بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی. لە ڕۆژانی دواتردا وەکو جەژنێکی نەتەوەی لە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار دا لە لایەن هەموو چین و پێکهاتە نەتەوەی و ئاینییە جیاوازەکانی دانیشتوانی کوردستان ئاهەنگ گێڕدرا بەم بۆنە نەتەوەییەوە.
چوارەم: دامەزراندنی کابینەی حکومەتی کوردستان:- لە ڕۆژی ١٩٤٦/٢/١١ز دا، بە مەرسومێکی کۆماری، کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی زمانحاڵی حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بڵاوکرایەوە، حکومەتی کوردستان پێکهێنرا، کە لە (١٤ تا ١٥) وەزارەتێک پێهاتبوو، لەوانە:- – ئەندامانی کابینەی حکومەتی کوردستان:
١- سەرۆک وەزیران / حاجی بابە شێخ
٢- وەزیری جەنگ / محەمەد حوسێن سەیفی قازی
٣- وەزیری کیشوەر/ محەمەد ئەمین موعینی
٤- وەزیری ئابووری / ئەحمەد ئیلاهی
٥- وەزیری پۆست و تەلەگراف / کەریمی ئەحمەدیان
٦- وەزیری فەرهەنگ / مەنافی کەریمی
٧- وەزیری (تەبلیغات) / سەدیقی حەیدەری
٨- وەزیری کار / خەلیلی خوسرەو
٩- وەزیری بازرگانی (تیجارەت) / حاجی مەستەفای داودی
١٠- وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ)/ مەحموودی وەلی زادە
١١- وەزیری ڕێگاوبان / ئیسماعیلی ئیلخانی زادە
١٢- وەزیری (بیهداری) / سەیید محەمەدی ئەیوبیان
١٣- وەزیری (موشاویر) / عەبدولرەحمانی ئیلخانی زادە
١٤- وەزیری داد/ مەلا حوسێنی مەجدی
پێنجەم: سووپای کۆماری کوردستان:- لە ڕووی سووپایشەوە کۆماری کوردستان هێزی سەربازی تایبەت بە خۆی دامەزراند، کە بە ناوی سووپای پێشمەرگەی کوردستان و پلە جیاوازەکانیشی تیایدا دیاریکرد:-
١- وەزیری جەنگ: محەمەد حوسێن سەیفی قازی
٢- ژەنەڕڵەکان:- – حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی – مەلا مستەفا بارزانی – محەمەد رەشید خانی خان قادرزادە(حەمە رەشید خانی بانە) – عومەر خانی شەریفی (عومەر خانی شکاک)
٣- پلەکانی سەرباز-: – سەرباز_پێشمەرگە – جوگە_لێزگە – گروە_قۆڵ – دەستە_دەستە – گورهان_چڵ – گوردان_لک – هەنگ: پۆل – تیپ_تیپ – لەشکر_لەشکر – سپاە_هێز – شەڕەکانی سووپای کۆماری کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەکانی سووپای ئەرتەشی ئێران:- سووپای کۆمار لە مانگەکانی نیسان بە دواوە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سووپای ئەرتەشی ئێران دا کرد و شەڕەکانی مامەشە و قاراوا و هێڵی سەقز بانە و ……هتی تۆمار کرد، ئەمەش بە هاوکاری هێزەکانی بارزانییەکان(کاتێک شۆڕشی دووەمی بارزان بە ڕابەرایەتی مستەفا بارزانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٥ز، لە ناوچەی بارزان لە باشووری کوردستان تێکشێنرا، لە لایەن هێزەکانی سووپای پاشایەتی عێراق بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەریتانیا و دوای چوونی هێزی بارزانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێ بوونیان لە ناوچەکانی کۆماردا و پاشان پێشوازی کردنی قازی محەمەد لە مستەفا بارزانی و پەیوەندیکردنیان بە هێزەکانی کۆمارەوە)، کە هێزێکی پاڵپشتی کۆماری کوردستان بوون، بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و چوار ئەفسەرە کوردەکەی باشووری کوردستان(مستەفا خۆسناو، خێروڵا عبدالکریم، عیزەت عبدالعزیز و محەمەد قودسی) لەگەڵ میرحاج ئەحمەد. شەشەم: دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان:- هەرچەندە کۆماری کوردستان ماوەی ٣٣٠ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەڵام مێژووییەکی شکۆداری لە مێژووی هاوچەرخی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی نەتەوەی کورد دا تۆمار کردووە:
١- بە دەستهێنانی ئازادی بۆ نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان.
٢- گەسانەوەی بواری ڕۆشنبیری لەو ناوچەیەی کوردستان دا، کە سەرەڕای بە ڕەسمی کردنی زمانی کوردی، خوێنندنی لە خوێندنگەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار دا کرد بە زمانی کوردی، هەروەها دەرکردنی چەندین بڵاوکراوەی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی، لەوانە: ڕۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری هەڵاڵە و گڕوگاڵی منداڵانی کورد، سەرەڕای فەرمانگەی ڕۆشنبیری سۆڤێتی.
٣- گرنگیدان بە لایەنی ئابووری کوردستان، نمونە هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومی توتنی کوردستان لە سۆڤێت.
٤- سەقامگیری و پاراستنی هێمنی دانیشتوانی کوردستان، بە تایبەتی مەڵبەندی شار.
٥- هاتنەپێشەوەی ژنان و لاوان بۆ ناو کایەی سیاسی خەباتی نەتەوەیمان و دروستکردنی کۆمەڵە و ڕێکخراوی پیشەی تایبەت بە خۆیان.
٦- پەیوەندی دبلۆماسی کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆماری دیموکراتی ئازربایجان و یەکێتی سۆڤێت لە ماوەی حوکمڕانی کۆمار دا.
حەوتەم: هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان:-
کۆماری کوردستان دوای ئەو ماوە کەمە لە حوکمکردن، بەڵام سەرەنجام و لە ئەنجامی جەندین هۆکار کۆمارەکە هەرەسی هێنا. لە گرنگترینیان:-
١- ململانێی زلهێزەکانی لەسەر خاکی ئێران و ناچارکردنی سووپای سووری سۆڤێت بە چۆڵکردنی خاکی ئێران لە ایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە، کە پێشتر بە پێی ڕێکەوتننامەی تاران-١٩٤٣ز لەسەری ڕێککەوتبوون، سەرەنجام لە کۆتای ساڵی ١٩٤٦ز دا، هێزەکانی سووپای سووری سۆڤێت لە خاکی ئێران و کوردستان کشانەوە و بەمەش هەردوو کۆماری ئازربایجان و کوردستان بێ پاڵپشت مانەوە.
٢- ڕووخاندنی کۆماری ئازربایجان لە تەبرێز و هەڵاتنی جەعفەر پیشەوەری سەرۆک کۆمار و سەرانی تری کۆمار بۆ یەکێتی سۆڤێت و چوونە ناوەوەی سووپای شای ئێران بۆ ناو ئازربایجان.
٣- خیانەتی هەندێک سەرۆک هۆزی کورد، لە کاتێکدا هەندێکیان چەند هەزار سەربازی لە سووپای کۆمار لەبەر دەستدا بوو، بەڵام ژێر بەژێر دڵسۆزی خۆیان بۆ شای ئێران نواندبوو هەر کاتێک سووپای شا هاتەوە ناوچەکە.
٤- بچووکی ڕووبەری ژێر دەسەڵاتی کۆمار، کە نەدەگەیشتە یەک لە چواری ڕووبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
٥- نابەرامبەری هێز، لە نێوان هێزەکانی کۆمار و هێزەکانی شای ئێران دا.
٦- خراپی باری ئابووری کوردستان و ناوجەکە، چونکە بەردەوام لە ئامادەکاری جەنگ و ڕووبەڕەەنەوەدا بوو.
٧- دواکەوتووی باری کۆمەڵایەتی گەلی کورد، چونکە هەرچەندە کۆمار هەوڵی پەسەرەندنی بواری ڕۆشنبیری و هەستی نەتەوەی دا، بەڵام لەبەر کەمی ماوەکەی فریای بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیرییەک ەسەر ئاستی فراوانی گەل نەکەوت. لە ئەنجامدا هێزەکانی ئەرتەشی شای ئێران دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئازەربایجانی ئێران، ڕۆژی ١٩٤٦/١٢/١٧ز، هێزەکانی شا هاتنەوە ناو شاری مەهاباد و بەمەش کۆماری کوردستان هەرەسی هێناو سەرانی کۆماریش یەک لە دوای یەک دەستگیرکران و دواتر لە دادگایکردنێکی سەربازیدا لە شاری مەهاباد هەرمانی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، کە پێشەوا قازی محەمەد و محەمەد حوسێن سەیفی قازی و سەیفی قازی برای پێشەوا لە ڕۆژی ١٩٤٧/٣/٣١ز لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد لە سێدارە دران.
– بۆ زیاتر سەرچاوە لەسەر کۆماری کوردستان:- – مەحمودی مەلا عێزەت: جمهوریەتی کوردستان.
– مەحمودی مەلا عێزەت: جمهوریەتی کوردستان نامە و دۆکۆمێنت(بەرگ ١ و ٢ و ٣).
– نەوشیروان مستەفا ئەمین: حکومەتی کوردستان-کورد لە گەمەی سۆڤێت دا.
– د. یاسین سەردەشتی: کوردستانی ئێران- ١٩٣٩-١٩٧٩.
– د. ئەفراسیاو هەورامی: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دووم جەنگی جیهانیدا.
– جەلیل گادانی: پەنجا ساڵ خەبات(بەرگی ١و٢).
– د. عبدالرحمان قاسملو: چل ساڵ خەبات.
– عەلائەدین سەجادی: مێژووی ڕاپەڕینی کورد.
– ئارچی ڕۆزڤڵت: کۆماری مەهاباد، و: ئەبوبەکر خۆشناو.
– زۆربەی ئەو سەرچاوانەی باسی مێژووی هاوچەرخی کورد دەکەن.
– بیرەوەری ئەو کەسایەتیانەی لە کۆماری کوردستان دا بەشداربوون، وەکو: – عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی: گەشتێک بە کۆماری مەهاباد دا. – عۆلە: ساڵێک بوو کورد ئازاد دەژیا. – غەنی بلوریان: ئالاکۆک. – سەرۆک کۆماری کوردستان لە بەردەم دادگای ئێران دا.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …