Home / بەشی مێژووی كورد / هەولێرنامە یان رویدادنامەی ئەدیابنە

هەولێرنامە یان رویدادنامەی ئەدیابنە

هەولێرنامە یان رویدادنامەی ئەدیابن

 

 

ئوسامە حەسیب
هەولێرنامە، نامیلکەیەکی مێژووییە کە لە ساڵەکانی(٥٤۰-٥٦۹)ی زایینی مشیخازە (mi ixazeh) قەشەی گەورەی هەولێر و دەروبەری نوسیویە.
ن،پیگۆلۆسکایا مێژووزانی ناوداری رووسی،  وتارێکی لەسەر ئەو نامیلکەیە نووسیوە کە لە کتێبی (شهرهای ایران در روزگار پارتیان و ساسانیان)دا لە لاپەرەی ۱۹۹-۲۰٤ بڵاوی کردۆتەوە. ئەو کتێبە گرینگە باسی زۆربەی شارەکانی وەک:هەولێر، کەرکوک، شنگال، داقووق، گردیان، حەران، نەسیبەین، تیسفوون، دیاربەکر(ئامەد)، دیالە، شارەزوور، شیروان، بێستوون، هەمەدان، تاقی بوستان، ئازەربایجان، موسڵ، نەهاوەند، میان فارقین، حەلەوان، ئادسە، ئەرزەرووم، ئامێدی دەکا. جگە لەوەش باسی زۆربەی چۆم و ڕووبارەکان و تەنانەت کەژ و کۆی کوردستان دەکا. کاتێ باسی چیای سەفین دێتە گۆرێ، بە چیای (سۆفەن) ناوی دەبا.
هەولێر گەورەترین شاری دەڤەری ئەدیابنە بووە. لە ساڵەکانی(٥٤۰-٥٦۹)ی زایینی مەزنە پیاوێکی ئایینی بەناوی مشیخازە کە سەرۆکی کاروباری ئایینی ناوچەکە بووە، نامیلکەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی مێژوویی هەرێمەکە نوسیووە، کە ئێستا تانها نوسخەیەکی لە دەستدایە کە ئەویش سەرەتاکەی نەماوە.
ئەو نامیلکەیە مێژووییە لە لایەن گەورە قەشەی هەولێر بەناوی پینهاسەوە پارێزراوە کە باسی بارودۆخی مێژووی، کۆمەڵایەتی و ئایینی وێندەرێ دەکا. وەک لە دەقی هەولێرنامە دەردەکەوێ، گۆیا مشیخازە کەڵکی لە کتێبێک وەرگرتووە کە ئابێڵ ناوێک لە دەوروبەری ساڵی ٤۱۰ز نوسیویەتی کە بە داخەوە ئێستا دەقەکەی ئابێڵ لە دەستدانیە.
نوسەری هەولێرنامە لە زۆر جێگە پشتی بە نوسراوەکەی ئابێڵ بەستووە وەک سەرچاوە باسی دەکا. جگە لەوە لە بەڵگەگەل و سەرچاوەکانی کڵێساشی کەڵکی وەرگرتووە. نووسراوە بێ سەروشوێنەکەی ئابێڵ و هەولێر نامەی مشیخازە
مێژووی دێرینی ئەدیابنە و بارودۆخی کڵێسا و فەرهەنگ و بواری سیاسی سەردەمی پارتی و ساسانیەکان نیشان دەدەن. ئەگەر چی هەتا ئێستا هێندێ مێژووناس و مێژوونوس ناوەرۆکی هەولێرنامەیان لێک داوەتەوە و هەرکەس بە بۆچوونی خۆی هەڵی سەنگاندووە، بەڵام مێژووزان پیترۆس پیێ وایە ناوەرۆکی نامیلکەکە جێگەی قسە و باسە و دەبێ بەوردی سەیری بکرێ، پیترۆس پیێ سەیرە کە نوسەر چۆن توانیوێتی وا بە وردی باسی هەولێری سەدەی شەشەمی زایین بکا و دەپرسێ ئاخۆ مشیخازە ئەو هەموو زانیاریەی لە کوێ هێناوە؟ چونکە لە سەرچاوەگەل و دەساوێزی تردا بە دەگمەن شتی وا هەیە. هەر لەو بارەیەوە زاخائۆ مێژووناسێکە کە بە سەرسورماویەوە باسی هەولێرنامە دەکا و دەنوسێ: نوسەری هەولێرنامە بە شانازی و شکۆیەکی کەم وێنە باسی سەر زەوی ئەدیابنەی زێدی دەکا، هەروەها بە کۆنترین مەکۆی ئایینی مەسیحی لە رۆژهەڵات لە قەڵەم دەدا. بەڵام سەرەرای ئەوەش هەولێرنامە لەرووی مێژوییەوە جێگای باوەر و متمانەیە.
بەشی یەکەمی هەولێرنامە بەناوی مامۆستا(بێڵ)ە کە گرینگی تایبەتی هەیە. بێڵ نزیکەی دوو سەدە پێش نوسەری هەولێرنامە، لە دەوروبەری ساڵی ۳٥۱ز ژیاوە.
نوسەری هەولێرنامە دەنوسێ:
نەوەکانی وی لە ساڵی (۳٥۱)ز دا کەوتنە بەر عەزیەت و ئازار و ئەشکەنجە هێشتا هەر مابوون و زیندووبون. پێدەچی نامیلکەکە لە ٤۱۰ زایینیدا نوسرابی. هەر لەو ساڵەدا مارۆت ناوێکی خەڵکی میافارقین نامیلکەیەکی سەبارەت بە روداوەکانی کۆتایی سەدەی یەکەم و سەرەتای سەدەی دووەم تا سەدەی پێنجەمی زایینی نوسیوە. ئەو بەشەی هەولێرنامە کە کورتە مێژوویەکی ناوچەکەیە و باسی مەزنە پیاوان و سەرۆکانی هەرێم و بنەماڵەی پارتی و ئەشکانی لە دەوری ساسانیدا دەکات جێگای باوەر و متمانەیە. ئەگەر چی پێدەچی لە هەولێرنامەدا هەندەک هەڵە هەبی، بەڵام بە گشتی زۆر جێگەی وای هەیە دەبێ باوەری پێ بکرێ.
زائاخۆی مێژووزان و مێژوونوس، لەسەر ئەو باوەرەیە کە یەکێک لە بەشە هەرە جیێ باوەرەکانی هەولێرنامە، ئەو بەشەیە کە باسی مردنی قەشەی گەورەی هەولێر لە ساڵی ۳۱٦ز دەکا. هەروەها روونی دەکاتەوە کە مارابای چۆن گەراوەتەوە هەولێر و ئینجا باسی جوڵانەوەی ساڵەکانی ٥٤۰-٥٥۱ز دەکا.
هەولێرنامە هەروەها باسی دەورانی پاشایەتی ئەشکانی و جەنگی ئەردەوانی پێنجەم لەگەڵ ماکرین قەڕاڵی رۆم لە ساڵەکانی ۳۱۷-۳۱۸ز دەکات و ئینجا دەپرژێتە سەر رووخانی ئیمپراتۆری ئەشکانی و هاتنە سەر دەسەڵاتی بنەماڵەی ساسانی لە ۲۷ی نیسانی ۲۲٤ز.
هەولێرنامە لە بەشێکی دیکەدا باسی بەربەرەکانێی موغان لەگەڵ پەرەسەندنی مەسیحییەت دەکا و دەنوسێ: پگرئەسپ فەرمانرەوای هەولێر مەسیحییەکانی لانەوازی کرد و دەستی دلۆڤانی بەسەرداکێشان و لە کوشت و برین رزگاری کردن و زۆربەیانی لە رەز و رەزستانی خۆی جێوار کرد و کاری دانێ. بەڵام پاش مردنی پگرئەسپ فەرمانرەوایی کەوتە دەست فیرووزتەم شاپوور و سەرلەنوێ عەزیەت و ئازاری مەسیحییەکانی ژیاندەدە. هەولێر نامە باسی پەرەسەندنی بەربڵاوی ئایینی مەسیحییەت و فەرهەنگی سوریایی لە وڵاتی ئەدیابنە لە سەردەمی پارتیەکان دەکات. بەشێکی ئەو زانیاریانەی دەبێ لە نوسراوەکەیئەبێڵ وەرگرتبێ. ئایینی مەسیحییەت لەو ناوچەیەدا بەهۆی فەرهەنگ و خەت و زمانی سوریایی پەرەی سەندووە. ئەگەر چی هێندێ مێژوونوس رەخنە لە هەولێرنامە و کەرکوک نامە دەگرن، بەڵام سەرەرای ئەوەش ئەو دوو نوسراوە هێندێ زانیاری دەگمەنیان تێدایە کە کەمتر باسیان کراوە و پێناچێ ساختە و دەستکرد و درۆ بن.
لە هەردوو نوسراودا باسی کوشت و کوشتاری مەسیحییەکان کراوە پێناچێ درۆ بن. سەرەرای ئەوەش مێژونوسان حەقیانە بە دڕدۆنگیەوە راستیەکان بدۆزنەوە، ئەوەی مشیخازە لە هەولێرنامە باسی دەکا، پیشاندەری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵک و گەورەپیاوانە لە سەردەمی پارتی و ساسانیدا، ناکرێ بڵێین نووسەر بە ئەنقەست ئەو باسەی کردبێ.
هەولێرنامە بەزمانێکی سادە و ساکار و خۆماڵی نوسراوە بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە نیشان دەدا.
سەرچاوە:۱-کورد لە دەقە کۆنەکانی مێژوودا نوسینی ئەحمەد شەریفی
۲-زمانی ئایینی کورد نوسینی سەلام ناوخۆش.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …