Home / بەشی مێژووی كورد / ئیسماعیلی كورد و جه‌نگی كورد و توركه‌ ئۆزبه‌گی له‌ خۆراسان

ئیسماعیلی كورد و جه‌نگی كورد و توركه‌ ئۆزبه‌گی له‌ خۆراسان

ئیسماعیلی كورد و جه‌نگی كورد و توركه‌ ئۆزبه‌گی له‌ خۆراسان

320150016-744512886635825279120867077-10678789_727173597371416_6738427789559458174_n
حسن محمود

له‌ مێژوودا هه‌واڵی زۆری هێرشه‌ دڕندانه‌كانی گه‌لانی مه‌غۆل و چینی و ئۆزبه‌گی و خێڵه‌ توركه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاستمان بیستوه‌، كه‌ به‌سواره‌كانیانه‌وه‌ په‌لاماری گه‌لانی ڕۆژئاوایان داوه‌، شارستانی و ده‌وڵه‌تی وه‌ك عه‌باسیه‌كانیش نه‌یتوانیوه‌ خۆیان له‌به‌ریاندا بگرێت. ئه‌و په‌لامارانانه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاڵانی و ڕاوڕوت بووه‌، نه‌ك به‌وه‌ی كه‌ شارستانیه‌تیان بووبێت و بیانه‌وێت بیگه‌یه‌نن و پایه‌دارتری بكه‌ن، هه‌موو مرۆڤی نه‌خوێنده‌وار و شڕه‌خۆر و خوێنڕێژبون، به‌سه‌ر هه‌ر وڵاتێكدا ڕۆشتبن، كاولیان كردوه‌ و گه‌له‌كه‌یان قه‌تڵ و عام كردوه‌، هه‌رچیان هه‌بوبێت به‌تاڵان بردوویانه‌، جه‌نگیزخان و ته‌یموری له‌نگ و هۆلاكۆ و ده‌یانی تر له‌پێش و پاشی ئه‌وان، نموونه‌ی ئه‌و قه‌سابخانانه‌ن كه‌ توركه‌ مه‌غۆله‌كان دروستیانكردبوو بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه‌، ئه‌وانه‌ به‌دوای له‌وه‌ڕ و په‌یداكردنی دانه‌وێڵه‌دا به‌ چه‌ته‌یی و ڕێگری و تاڵانی، له‌سه‌ر ڕزق و ڕۆزی و سه‌روماڵ و سامانی گه‌لان و خه‌ڵكی سنووری دێهاتیه‌كانی نێزیكیانه‌وه‌ ده‌ژیان، گوێیان لێنه‌بوو چه‌ند كوشتار و زه‌ره‌رو زیان له‌خۆیان و خه‌ڵكی بده‌ن، ته‌نانه‌ت جاری وابووه‌ هه‌زاران و ده‌یان هه‌زار كوژراو له‌خۆیان جێماوه‌.
ژماره‌یه‌كی زۆر كورد له‌ ناوچه‌ی خۆراسان دوور له‌ خاكی كوردوستان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باكوری ئه‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ژی، نازانرێت ئه‌و كوردانه‌ بۆچی كه‌وتونه‌ته‌ ناوچه‌ی خۆراسان و سنووره‌كانی خوارزم و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای قه‌زوێن، له‌كه‌یه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین، هه‌ندێك ڕاوبۆچون له‌سه‌ریان هه‌یه‌، به‌ڵام جێی متمانه‌ نییه‌. له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی گه‌لات درگز له‌ باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی خۆراسان، دوای كوژرانی نادرشای هه‌وشار هه‌ندێ‌ ڕووداو ڕوویداوه‌، له‌و په‌لامارانه‌دا چه‌ندین جار دێهاتی كوردنشین به‌ ئاگری توركه‌ ئۆزبه‌كیه‌كان سوتاوه‌ و ماڵیان تاڵانكراوه‌، ژن و منداڵیان به‌ كۆیله‌ براوه‌ و فرۆشراون، دوو تیره‌ی كوردی شیخوانلۆ و سوفیانلو له‌ ناوچه‌ی كه‌لات و داوێنی چیای هه‌زار مه‌سجید كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌، تیره‌ ڕه‌وه‌نده‌كانی ئۆزبه‌گستان هه‌مویان ڕێگر و تاڵانكه‌ربون، ژیانیان به‌ به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ئه‌سپ و وشتره‌وه‌ خه‌ریكده‌كرد، گشتیاری و چاندنی گه‌نم و دانه‌وێله‌ لایان باونه‌بوو، نه‌یانده‌توانی ساڵانه‌ نانی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن، ژیانیان له‌سه‌ر تاڵان و كوشت و كوشتاری دێهاته‌كانی دراوسێیان بوو، ئه‌سپی چاك و تیژڕه‌ویان هه‌بوو، په‌لاماری كتوپڕیان ده‌دا، هه‌روه‌ها وشكه‌ساڵی و نه‌هاتی  مه‌غۆل و توركه‌كانی ناچار ده‌كرد كه‌ بۆ نانپه‌یداكردن و بژێویان، له‌كاتی حاسلات و به‌روبوم و دروێنه‌دا په‌لاماری دراوسێكانیان بده‌ن، له‌وكاره‌دا سڵیان له‌ كوشتن و خوێنڕشتن نه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌سواری و چه‌كی ته‌واوه‌وه‌ له‌ سنوور ده‌په‌ڕینه‌وه‌ و دێهاته‌ كورده‌كانی كه‌لاتیان تاڵان ده‌كرد و به‌ده‌ستكه‌وت و تاڵانیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، یه‌ك دووساڵ پێی ده‌ژیان و كه‌لێیان ده‌بڕا  دووباره‌ ده‌ستیان پێده‌كرده‌وه‌، ئه‌م په‌لامارانه‌ له‌ سه‌رخه‌سه‌وه‌ تا نزیكی ده‌ریای خه‌زه‌ر و ده‌شتی گورگان ڕوی ده‌دا، كه‌ ناوچه‌ی كه‌لات له‌م هه‌رێمه‌دایه‌. وشكه‌ساڵی و نه‌هاتی ده‌شتی توركستان دانیشتوانی ناچار ده‌كرد كه‌ بۆ نانپه‌یداكردن كاری ناشایسته‌ بكه‌ن، هه‌میشه‌ له‌ دووسه‌د سوار تا هه‌شت سه‌د سواریان كۆده‌كرده‌وه‌، سه‌رده‌سته‌یه‌كیان بۆخۆیان دیاریده‌كرد. جلوبه‌رگی جیاوازی له‌به‌رده‌كرد و ئازاترینیان بوو، گه‌ر زیانێكی لێبكه‌وتایه‌ ئیتر زنجیره‌ی كاریان هه‌ڵده‌وه‌شایه‌وه‌، لاشه‌كه‌یان ده‌برد و هه‌ڵده‌هاتن، كورده‌كانیش كوڕی ئازایان زۆربوو. له‌كاتی به‌روبوم كۆكردنه‌وه‌دا چه‌كه‌كانیان له‌پاڵ خۆیان داده‌نا و دیده‌وان و پاسه‌وانیان دیاریده‌كرد تا ئاگاداری هاتنی تاڵانچیه‌كان بن، چه‌كی دوژمن تیر و شیر و خه‌نجه‌ر و تفه‌نگ و ساچمه‌زه‌ن بوو، به‌ڵام چه‌كی كورده‌كان تفه‌نگی نێزه‌داری دوڵقان بوو،
داستانی ته‌ختی كوشتار:
له‌ هاوینی ساڵی 1163ی هه‌تاوی 1198ی كۆچی 350 سواره‌ی توركمانی ئۆزبه‌گی له‌ قوچانه‌وه‌ كه‌دێیه‌كه‌ له‌ توركمنستانی باشوور، به‌نیازی تاڵانكردنی دێكانی (لائین و خاكسته‌ر) پێشڕه‌ویانكرد، چه‌ند سوارێكیان بۆ دیده‌وانی له‌ پێش خۆیانه‌وه‌ ده‌نارد، شوانه‌ كورده‌كان له‌ دوره‌وه‌ چاویان كردن، خه‌ڵكیان ئاگاداركرد و زووهاتنه‌ ده‌ست و بۆسه‌یان له‌سه‌ر ڕێیان بۆ نانه‌وه‌، هه‌ر كه‌ نێزیكبونه‌وه‌ ده‌ستڕێژیان لێكردن و هه‌ندێ‌ كوژراو و 45 برینداریان لێخستن و تا توتنیان هه‌ڵهاتن، كورده‌كانی دێی خاكسته‌ر دوایان كه‌وتن و به‌دوایاندا زۆر دووركه‌وتنه‌وه‌، كه‌ توركه‌كان زانیان واز ناهێنن، له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ بۆیان گه‌ڕانه‌وه‌ و گه‌مارۆیاندان و گرتنیان، له‌ده‌شتێك كه‌ ئه‌مڕۆ پێیده‌ڵێن ته‌ختی كوشتار كۆیانكردنه‌وه‌، دوای داركاری و تێهه‌ڵدان 41 لاوی كوردیان كوشت و دوایی پارچه‌پارچه‌یان كردن، كه‌ هه‌ندێكیان تازه‌زازوا و هه‌ندێكی تریان ده‌ستگیراندار بوون، ئاماده‌بوون دوای به‌رهه‌م كۆكردنه‌وه‌ بوكه‌كه‌یان بگوازنه‌وه‌، پاشان خه‌ڵكی لائین و خاكسته‌ر كه‌ به‌وه‌یان زانی، له‌ناو شین و شه‌پۆڕی گریان و ڕۆڕۆو له‌خۆداندا، لاشه‌كان و پارچه‌كانیان كۆكرده‌وه‌ و ئه‌سپه‌رده‌یان كردن، ئه‌مڕۆ زیاد له‌ دووسه‌د ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌ ئه‌سه‌فباره‌دا گوزه‌ریكردوه‌، به‌ڵام كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر یادی ده‌كه‌نه‌وه‌، سرودێكیان بۆ ئه‌و یاده‌ به‌ زمانی كوردی هه‌یه‌ و هه‌موو ساڵێك ده‌یڵێنه‌وه‌ و فرمیسك ده‌ڕێژن، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌و سروده‌:
(ئه‌ی لاوانی به‌ئاوات نه‌گه‌یشتوو، ئێوه‌ خونچه‌ی تازه‌ پشكوتوی ئێمه‌ بوون، خونچه‌ی جوانترین گوڵاڵه‌ بوون، چ گوڵێكی نایاب و گرانبه‌ها بوون، بۆچی له‌ باخچه‌كه‌مان دووركه‌وتنه‌وه‌؟ مه‌گه‌ر له‌ ئێمه‌ زیز بووبوون؟ مه‌گه‌ر ئێمه‌ ئێوه‌مان له‌داوێنی خۆشه‌ویستیماندا به‌خێو نه‌كردبوو؟ ئاه چه‌ند زوو خه‌زانی ژیانی شیرینی ئێوه‌ گه‌یشته‌ پێشه‌وه‌، ئێوه‌ی شكۆفه‌ی تازه‌ پێگه‌یشتوو سیس و پێ‌ كوتكرد، ئێمه‌ گیانفیداییه‌كانی ئێوه‌مان هه‌رگیز له‌بیرناچێت، به‌گریانه‌وه‌ له‌ ئێوه‌ و ئارامگای هه‌میشه‌ییتان دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌، به‌ده‌ستی خۆمان ئێوه‌ لێره‌دا به‌خاك ده‌سپێرین، به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و ڕێگرانه‌ به‌ پاداشتی سه‌ختی خۆیان ده‌گه‌یه‌نین). ئه‌و ده‌شته‌یان ناونا (ته‌ختی كوشتار) و سوێندیان خوارد كه‌ هه‌ركه‌سێك توركمانێكی ئۆزبه‌گی بینی، یان بیكوژێ‌ یان خۆی بۆبدات به‌ كوشت، دووساڵ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ی ته‌ختی كوشتار، له‌ساڵی 1200ی كۆچیدا 500 سواری توركی به‌ سه‌ركردایه‌تی نیازباتر (بهادر) كه‌ كه‌سێكی دڵڕه‌قی ناوچه‌ی (تژن) بوو، به‌نیازی تاڵانكردنی دێهاتی (لائین) له‌ ده‌ربه‌ندی سه‌نگ دیواره‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌، له‌كاتی دره‌وی گه‌نمدا په‌لاماری ناوچه‌كه‌یاندا، له‌ناو دره‌وانه‌كانی لائیندا لاوێكی ئازا و دلێر هه‌بوو، پێیان ده‌گوت (كورت ئیسماعیل یان كورد ئیسماعیل)، له‌شولارێكی كه‌ڵه‌گه‌تی هه‌بوو، هه‌میشه‌ خۆزگه‌ی ده‌خواست تۆڵه‌ی له‌خوێنداگه‌وزانی ته‌ختی كوشتار بكاته‌وه‌، ڕۆژێك خه‌ریكی دره‌وی گه‌نمبوو، له‌ناكاو شوانێك به‌هه‌ڵه‌داوان و هاوار هات،  ئیسماعیل ڕایكرده‌ به‌رده‌می و وتی: ئه‌وه‌ چیی ڕوی داوه‌؟ شوان هاواری كرد توركمان هات، توركمان هات، ئیسماعیل ده‌ستبه‌جێ‌ تفه‌نگه‌كه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌وه‌ بوو، كردیه‌ شانی و چوه‌ سه‌ر ڕێیان، خۆی له‌پاڵ گابه‌ردێكدا دابه‌زه‌ویداو خۆی حه‌شاردا و چاوی تێبڕین، هه‌تا سه‌ركرده‌كه‌یانی ناسیه‌وه‌ و ده‌ستنیشانی كرد، بینی نیازباتری سه‌ركرده‌یان له‌سه‌ر ئه‌سپێكی سپی و ده‌سته‌ جلێكی تایبه‌ت و ته‌پله‌یه‌ك له‌سه‌ریه‌تی، ئیسماعیل خۆی ئاماده‌كرد و وتی: هه‌ر ئێسته‌ سه‌ری پڕ له‌خۆبایی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر زینه‌كه‌ و كسپه‌ له‌ جه‌رگی دایكی هه‌ڵده‌سێنم، له‌پشتی گابه‌رده‌كه‌وه‌ ڕاكشا و قه‌ره‌وڵ و نیشانی لێگرت، گولله‌ قوڕقوشمێكی شینكه‌ی له‌ ورگی نیازباتر چه‌قاند و هه‌ڵیدڕی و به‌ره‌و زه‌وی شۆڕیكرده‌وه‌، ئه‌سپه‌كه‌ی له‌ هه‌وادا چه‌رخه‌یه‌كی كرد و لاشه‌ی بوو به‌ ژێر ئه‌سپه‌كه‌وه‌، چه‌ته‌كان كه‌ ئه‌وه‌یان دی به‌ره‌ودوا كشانه‌وه‌، چه‌ند كه‌سێك وێرایان خیرا بێن و لاشه‌كه‌ باركه‌ن و به‌ره‌و دوا هه‌ڵبێن و هه‌تا تژن نه‌وه‌ستان، ئیتر له‌وێوه‌ ناوبانگی ئیسماعیل كورد به‌ ناوچه‌ی خوارزم و توركستاندا بڵاوه‌یكرد، توركه‌كان (كورت ئیسماعیل)یان پێده‌وت، گیانی تاڵانكه‌رانی خسته‌ له‌رزه‌ و هه‌تا ماوه‌یه‌كی دوور سه‌ره‌ڕۆییان بۆ ناوچه‌ كورده‌كان نه‌كرد، خوا ده‌زانێ‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ئه‌و گولله‌یه‌ی ئیسماعیل سه‌ره‌و خواری بكردایه‌ و له‌ نیشانی نه‌دایه‌، چ كوشتار و تاڵانیه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌دا ڕوویده‌دا؟ كوژرانی نیازباتر كه‌ به‌ناوبانگترین و خوێنڕێژترین سه‌ركرده‌ی توركمان بوو، ناوی ئیسماعیلی خسته‌سه‌رزاران، به‌ڵام ئیسماعیل به‌وه‌ وازی نه‌هێنا و بڕیاریدا بوو خوێنی ته‌ختی كوشتار چه‌ند قات بكاته‌وه‌، زۆربه‌ی شه‌وان به‌ ته‌نها ده‌چوه‌ خاكی توركمه‌نستان و هه‌ركه‌سێكی ده‌ستكه‌وتایه‌ له‌كۆڵ ژیانی ده‌كرده‌وه‌، به‌یانی به‌كۆڵێك سه‌ری بڕاوه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ بۆ لائین، كچان و ژنان هه‌مووجار ده‌هاتنه‌ ڕێگه‌ی و وایان ده‌زانی ئیسماعیل خشڵ و زێڕی ژنه‌ توركه‌كانی به‌دیاریهێناوه‌، به‌ڵام كه‌ توره‌كه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ڕشت، كچان و ژنان به‌ قیژوقاو  ڕایانده‌كرد، ئه‌ویش ده‌یوت ئه‌ی ناتانه‌وێت سه‌ری ئه‌وانه‌تان بۆبهێنم كه‌ كوڕ و برا و مێردی ئێوه‌یان كوشتوه‌ و به‌رله‌قه‌یان داون، ئنجا سه‌ره‌كانی ده‌نارده‌ مه‌شهه‌د، والی خۆراسان سه‌ری به‌ 30 كیلۆگه‌نم ده‌كڕی، ئه‌مه‌یه‌ تۆڵه‌ و كاسبی، ترس و بیمی ناوی ئیسماعیل تا ئاستێك گه‌یشتبوو، زۆر له‌ هۆبه‌ و خیڵه‌ توركمانه‌كانی ئه‌و سنوورانه‌ كۆچیان بۆ شوێنی دوورتر ده‌كرد، ژنه‌كانیان به‌ منداڵه‌كانیان ده‌وت مه‌گری و بخه‌وه‌ كورت ئیسماعیل هات!
شه‌وێكی هاوین كورت ئیسماعیل چوو بۆ توركستان، پێنج سه‌ری ئۆزبه‌كی هێنا و دوو ئه‌سپی كه‌حێله‌ی كوه‌یتی زۆر چاك و گران به‌های توركه‌كانی هێنا، دوورۆژ دوای ئه‌وه‌ توركه‌كان دووسواریان نارد كه‌ ئه‌سپه‌كانیان بۆ بهێننه‌وه‌، كه‌ گه‌یشتنه‌ لائین شه‌وبوو، ئیسماعیل كورد چووبوو بۆ ڕاو بۆ كێوان، میرزابه‌گی كوڕی كه‌ ده‌ساڵان ده‌بوو، نوێنه‌ره‌كان بیریان كرده‌وه‌: ئێمه‌ تاكه‌ی دانیشین، ئه‌گه‌ر ئه‌م كوڕه‌ بدزن ئیسماعیل ناچار ده‌بێت بێت به‌شوێنیداو شته‌كانیشمان بۆ بێنێته‌وه‌، ئه‌گینا جه‌رگی پاره‌ پاره‌ ده‌كه‌ین، مناڵه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ ماڵی ئیسماعیله‌وه‌ بۆی ده‌رچون، كه‌ ئیسماعیل سه‌رله‌به‌یانی گه‌ڕایه‌وه‌ و هه‌واڵه‌كه‌ی زانی، جه‌رگی هه‌ڵقرچا و سواری ئه‌سپه‌كه‌ی بوو، به‌لاڕێدا قه‌وبڕ كه‌ خۆی ده‌یزانی و شاره‌زا بوو دایه‌ غار، له‌وبه‌ر ڕووباری لائینه‌وه‌ جێپێی هه‌ڵگرتن و گه‌شته‌ دێی (خێوئاباد) و دۆزینیه‌وه‌ كه‌ له‌ چ ماڵێك لایان داوه‌ بحه‌وێنه‌وه‌، به‌ یارمه‌تی خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ كه‌ له‌ ترسی گیانی خۆی ئیسماعیلی دی و ناسی، له‌رزدایگرت و جێگه‌كه‌ی نیشاندان، ماوه‌یه‌ك گوێی لیگرتن كه‌ خه‌ریكه‌ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌یانوت باخێراكه‌ین به‌خوا ئیسته‌ به‌فرته‌یه‌ك ئیسماعیل ده‌گاته‌ سه‌رمان و سه‌ره‌كانمان به‌كه‌سوكارمان ده‌فرۆشێته‌وه‌، ئیسماعیل له‌قه‌یه‌كی له‌ ده‌رگاكه‌داو وتی: تفه‌نگه‌كانتان فڕێ‌ بده‌ن، بێقسه‌ یه‌كێكیانی سارد كرده‌وه‌، ئه‌وی تر خه‌ریكبوو په‌لاماربدات، ئیسماعیل به‌شیر سه‌ری په‌ڕاند، سه‌ره‌كان و ئه‌سپه‌كانیانی هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ ئاوایی، ده‌بینێت خه‌ڵكی دێكه‌یان له‌به‌رده‌م ماڵی ئیسماعیلدا له‌ گریان و شین و شه‌پۆڕدان، باس و خواس و نیگه‌رانی میرزابه‌گ بوون، كه‌ ئیسماعیل و میرزابه‌گ و ئه‌سپه‌كان و توره‌كه‌كه‌یان بینی، ئیتر نوقمی ده‌ریای ماچیان كردن، ده‌ڵێن ئیسماعیل به‌و شێوه‌یه‌ 370 ئۆزبه‌كی له‌ تۆڵه‌ی قوربانیانی ته‌ختی كوشتاردا كوشتوه‌، له‌ ته‌مه‌نی 60 ساڵیدا ئیسماعیل وه‌فاتی كرد، هه‌تا ئه‌و له‌ژیاندا مابوو، توركه‌كان نه‌یانده‌وێرا ڕوو له‌و ناوچانه‌ بكه‌ن و له‌ئاوایی لائین و كه‌لات نێزیك ببنه‌وه‌، كه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی ئیسماعیل گه‌شته‌ توركستان، توركه‌كان به‌ 400 سواره‌وه‌ په‌لاماری لائینیاندا هه‌تا تۆڵه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسماعیل كورت بكه‌نه‌وه‌، كه‌ خه‌ڵكی ئاوایی لائین و خاكسته‌ر به‌وه‌یان زانی، میرزابه‌گیان كرده‌ سه‌ركرده‌یان، ئه‌وكاته‌ بیست و پێنج ساڵان ده‌بوو، ده‌ستیاندایه‌ تفه‌نگ و به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رچه‌ند كورده‌كان زۆریش بوون، له‌به‌رده‌م ئۆزبه‌كیه‌كاندا شكستیان خوارد، میرزابه‌گ به‌ برینداری گیرا و دایانه‌ به‌رشه‌ق و له‌قه‌، وتیان له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌یبه‌ین، مه‌رج بێت لاشه‌ی بكه‌ینه‌ كه‌باب و ده‌رخواردی توركه‌كانی بده‌ین، برینه‌كه‌یان پێچا و به‌ دوو سواردا له‌پێش خۆیانه‌وه‌ ناردیان كه‌ له‌ دێی قه‌هقه‌هه‌ ڕاوه‌ستن به‌ دیاریانه‌وه‌ تا ئه‌مانیش ده‌گه‌ن، پاشان ژماره‌یه‌ك سواره‌ و پیاده‌ له‌ دێهاته‌كانی خاكسته‌ر و ناوچه‌كه‌ هاتن بۆ یارمه‌تی خه‌ڵكی لائین، دوای جه‌نگێكی خه‌ست، هه‌شتا له‌ توركمانه‌كانیان كوشت و زیاد له‌وه‌ش له‌ كورده‌كان كوژرا، ورده‌ ورده‌ یارمه‌تی هه‌رده‌هات، كه‌ توركه‌كان زانیان چاریان نییه‌، به‌ده‌ستی به‌تاڵ بێتاڵانی هه‌ڵهاتن و ناوچه‌كه‌یان جێهێشت، دوو سواره‌كه‌ دوای ڕێیه‌كی دور گه‌شتبونه‌ دێی قه‌هقه‌هه‌ و له‌ ماڵێك لایاندابوو، سواره‌كان ماندو شه‌كه‌ت بوون، میرزابه‌گیان شه‌ته‌ك دابوو خه‌وتبوون، میرزابه‌گ خوێنێكی زۆری لێڕۆشتبوو، خه‌وی لێنه‌ده‌كه‌وت له‌تاو برینه‌كه‌ی، به‌ كۆشش و هه‌وڵدان توانی ده‌ستی چه‌پی بكاته‌وه‌ و به‌ سنگه‌خشكه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ چه‌كداریكیان، خه‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌ركردبوو له‌ شیرین خه‌ودا سنگی شه‌ق كردبوو، له‌قه‌یه‌كی توندی له‌ناوده‌می چه‌كداری دووه‌مدابوو شپرزیكرد بوو، به‌ خه‌نجه‌ر ژیانی ئه‌ویشی بڕاندبوه‌وه‌، ئه‌نجا به‌ بێهێزی خۆی گه‌یاندبوه‌ ئه‌سپێكیان كه‌ڕاكشابوو، سواری پشتی بووه‌و  پیش ئه‌وه‌ی سواره‌توركه‌كان بگه‌ن، له‌ڕێیه‌كی تره‌وه‌ كه‌ نه‌یده‌زانی بۆ كوێ‌ ده‌چێت ئه‌سپه‌كه‌ی دایه‌غار، كورده‌كانیش له‌گرتنی میرزابه‌گ بڕیاریاندا بوو كۆچ بكه‌ن بۆ ده‌شتی مه‌شهه‌د و له‌ هێرشی توركمانه‌كان خۆیان دورخه‌نه‌وه‌، كۆچكردنی كورده‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی میرزابه‌گ هاوكات بوو، له‌پڕ سوارێكیان بینی له‌ گوێچه‌مه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وێت، وایان زانیبوو دیده‌وانی توركه‌كانه‌، چونكه‌ ئه‌سپه‌كه‌ سپی و توركی دیاربوو، میرزابه‌گ شوانێكی بینی، بانگی كرد (مه‌ردان) من میرزابه‌گم فریام كه‌وه‌و كه‌میك ئاوم بۆ بینه‌، له‌ كڵاوه‌ نه‌وگینه‌كه‌یا ئاوی له‌ ڕوباره‌كه‌ بۆ بردو كردی به‌ده‌میه‌وه‌و میرزابه‌گ له‌هۆش خۆیچوو، شوانه‌ هه‌ڵهات و خه‌ڵكی ئاوایی بانگكرد و وتی: چیله‌ به‌چكه‌ پڵنگ هاته‌وه‌. خه‌ڵكی به‌ده‌م ئه‌م مژده‌ خۆشه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌داوان هاتن هێنایانه‌وه‌ بۆ ئاوایی و سه‌رله‌نوێ‌ ده‌واره‌كانیان هه‌ڵدایه‌وه‌، مانگێك دوای ئه‌م ڕووداوه‌ میرزابه‌گ له‌ لایه‌ن والی خۆراسانه‌وه‌ بوو به‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سنووری كه‌لات و ساڵی بیست تمه‌ن موچه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند خه‌روارگه‌نمی به‌ناوی موچه‌وه‌ پێدرا، ئه‌ویش ده‌ستیكرد به‌ به‌هێزكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر سنوور، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ میرزابه‌گ به‌ فه‌رمی بووه‌ فه‌رمانده‌ و جێگه‌داری باوكی، ساڵێكی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی جاریكی تر 500 سواره‌ی تورك بۆ تاڵانكردن و تۆڵه‌ له‌ میزابه‌گ و گرتنی، له‌ ڕێگای سه‌نگدیواره‌وه‌ په‌لاماری خاكسته‌ریاندا، ئه‌وه‌نده‌ خیرا و له‌پڕ هاتن، خه‌ڵك ئاگادار نه‌بوون، میرزابه‌گیش له‌ سه‌ردانی ئاواییه‌كانی ڕۆژئاوای كه‌لات بوو، هه‌تا خه‌ڵكی خاكسته‌ر هاتنه‌ده‌ست، توركه‌كان ده‌ستیانكرده‌ تاڵانی و كوشتار، كه‌ میزابه‌گ به‌ئاگاهات، به‌ 300 سواری ئاواییه‌كانی ئه‌و ناوه‌وه‌ هاته‌ جه‌نگی دوژمن، كه‌ گه‌یشتن توركمانه‌كان ده‌ستیان له‌ كوشتار و تاڵان كێشابویه‌وه‌، به‌نیازبون به‌ره‌و توركستان بڕۆنه‌وه‌، خه‌ریكبون له‌ ده‌ربه‌ندی ده‌روازه‌ تێده‌په‌ڕین، له‌لایه‌ن سواره‌كانی میرزابه‌گه‌وه‌ گه‌مارۆدران، جه‌نگ ده‌ستیپێكرد، میرزابه‌گ سواره‌كانی به‌ سێده‌سته‌ دابه‌شكردبوو، خۆیشی له‌ ده‌ربه‌نده‌كه‌وه‌ پێشی لێگرتبون و په‌لاماری ده‌دان، میرزابه‌گ هه‌ندێك لاوی بۆ پڕكردنه‌وی تفه‌نگ ته‌رخانكردبوو، توركه‌كان پاشه‌كشه‌یان كرد بۆ به‌رده‌می به‌ستاوی ئاوه‌كه‌ و ڕۆدخانه‌كه‌، شه‌ڕی ته‌مام عه‌یار له‌ هه‌موولاوه‌ ده‌ستیپێكرد، كه‌ دوژمن گه‌یشته‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ربه‌نده‌كه‌، تاوێرێكی گه‌وره‌ له‌ زرمه‌ و گرمه‌ی تفه‌نگ به‌سه‌ر توركمانه‌كاندا خلۆربویه‌وه‌ و سه‌دان به‌ردی تری له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاماڵی و به‌سه‌ریاندا باراندی، توركه‌كان ته‌واو شپرزبون، ئنجا ئاوی به‌نداوه‌كه‌یان به‌سه‌ردا به‌ردانه‌وه‌، سوپای تورك بوون به‌ژێر تاوێره‌ به‌رد و لافاو و قوڕ و لیتاوه‌وه‌، كه‌ ئاو هێور و كشومات بوویه‌وه‌، هیچ كه‌سیان له‌و پێنج سه‌د سواره‌ی تورك به‌زیندویی نه‌دی، كه‌ هه‌واڵێك بۆ كه‌سوكاری تاڵانچیان به‌رێته‌وه‌، هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و ژن و منداڵ هاتبوون بۆ سه‌یری ئه‌و داستانه‌ مه‌زنه‌. سوپاسی خوایان كرد، ئنجا گه‌ڕان لاشه‌ی توركه‌كانیان ده‌رهێنا و سه‌ره‌كانیان لیكردنه‌وه‌و به‌ره‌ و مه‌شهه‌د ڕه‌وانه‌یانكردن بۆ فرۆشتن، میرزابه‌گ كۆچی دوایی كرد، منداڵێكی بچوكی له‌دوا به‌جێما كه‌ ناوی ئاغا گلی به‌گ بوو، كورده‌كان بێسه‌ركرده‌ مانه‌وه‌، مه‌هزه‌مان(حه‌مه‌ زه‌مان) ناوێك له‌تیره‌ی زه‌یدانلۆی كورد كه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كانی لائین ناكۆكیان هه‌بوو، بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ چوو بۆ توركستان و داوای له‌ تاڵانچیان كرد كه‌ چاوساغیان ده‌كات ئه‌گه‌ر په‌لاماری كه‌لات بده‌ن، توركمانه‌كان به‌چوارسه‌د سواره‌وه‌ به‌ ڕێنمایی حه‌مه‌زه‌مان له‌ ڕێگای گرناوه‌ په‌لاماری خاكسته‌ریاندا، هه‌مزه‌مان له‌ناو ده‌ربه‌ند و كوێره‌ ڕێگاكانه‌وه‌ پێشیان كه‌وتبوو چاوساغی ده‌كردن، كورده‌كان ئاگادار نه‌بوون هه‌تا توركه‌كان چونه‌ ناو دێی خاكسته‌ره‌وه‌، كورده‌كان سه‌ركرده‌یان نه‌بوو كۆیانكاته‌وه‌، زۆریان لێكوژرا، هه‌ر لاو و گه‌نج و ژن و منداڵ بوو به‌ره‌و كێوه‌كان هه‌ڵده‌هاتن، هه‌رچیان به‌رده‌ستده‌كه‌وت له‌ ژن و منداڵ و ماڵات به‌ تاڵان ده‌یان برد، له‌ناو كورده‌كاندا لاوێك هه‌بووبه‌ ناوی (ئه‌ڵڵاقولی) كه‌ له‌ كۆڵان و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌دا هاش و هوشی ده‌كرد كه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێكم بۆ هه‌ڵكه‌وێت كاریك به‌تورك ده‌كه‌م كه‌س نه‌یكردبێ‌، به‌ڵام كه‌ تورك هات ژن و منداڵ و كچۆڵه‌ی كوردیان ده‌گرت، ئه‌ویش به‌ره‌و كێوه‌كان وه‌ك ژنه‌ بێچه‌كه‌كان هه‌ڵده‌هات، ئه‌و له‌پێش خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ به‌ كۆڵانه‌كاندا به‌پسكه‌ پسك ده‌یویست خۆی ده‌رباز بكات، به‌ڵام له‌سه‌ری دوا كۆڵاندا (شیرین) ناوێك كچه‌ كوردێكی خاكسته‌ری جوان، ده‌بینێت وا ئه‌ولاوه‌ هاشوهوشكه‌ره‌ ڕاده‌كات، ئه‌و پێشتر وتبووی ئه‌گه‌ر دوژمن بیت واده‌كا و خۆی به‌ ڕۆسته‌م نه‌ده‌گۆڕییه‌وه‌، كه‌چی واده‌بینێت به‌ده‌م ڕاكردنه‌وه‌ هه‌ر ده‌كه‌وێت و هه‌ڵده‌سێته‌وه‌ و شپرزبووه‌، كه‌ شیرین به‌و حاڵه‌ته‌وه‌ ئه‌ڵڵاقولی بینی، خۆی گه‌یاندێ‌ و به‌هه‌موو هێزی چه‌پۆكێكی دا به‌سه‌ریاو وتی: ( ئه‌ی نامه‌رد، تۆش ڕاده‌كه‌یت؟ ئه‌ی تۆ نه‌بویت لاف و گه‌زافی پاڵه‌وانان و ڕۆسته‌مت لێده‌دا؟ تف له‌سه‌رو چاو و غیره‌تت، كه‌ ناموسی خۆت و تیره‌كه‌ت له‌به‌رده‌ست دوژمندا جێده‌هێڵیت و ڕاده‌كه‌یت!) ئه‌ڵڵاقولی به‌و ته‌شه‌رانه‌ شه‌رمه‌زار بوو، دۆش داما و وره‌ی هاته‌وه‌ به‌به‌رداو، بێئه‌وه‌ی وه‌ڵامی شیرین بداته‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ و شیره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا و ڕێگای له‌ لاوه‌ گه‌نجه‌ هه‌ڵاتوه‌كانی تر گرت و وتی: (بگه‌ڕێنه‌وه‌ تا تفی شیرین سه‌روچاوتانی ته‌ڕنه‌كردوه‌، لاوه‌كان كه‌ بیستیان، پێكه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و به‌ داروبه‌د و تفه‌نگ و بێڵ و ته‌ور و ته‌ورداس به‌ره‌و دوژمن هێرشیان برد و جه‌نگێكی خه‌ست و ته‌ن به‌ ته‌ن ڕوویدا، سوارێكی تیژڕه‌وی كورد به‌ره‌و لائین ڕۆشت و داوای یارمه‌تیكرد، سواره‌كانی لائین هاتن و ڕێگه‌یان له‌ توركمانه‌كان گرت، ئه‌ڵڵاقولی هاواری ده‌كرد: (بیان گرن، بیان كوژن، تاڵانچیان ڕاوكه‌ن ئه‌ی براده‌ران و كوڕانی ئیسماعیل كورد، ئه‌مڕۆ ڕۆژی شه‌رمه‌زاری و شوره‌ییه‌) مه‌هزه‌مان (حه‌مه‌ زه‌مان)ی خائین كه‌ ئه‌و هاوارانه‌ی بیست غیره‌تی جوڵاو خوێنی تیره‌گه‌ری هاته‌جۆش و هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، شۆڕ و هه‌یه‌جانی دانیشتوانی خاكسته‌ر دێوێكی ترسێنه‌ر و مه‌رگهێنه‌ری له‌به‌رچاو تاڵانچیان به‌رجه‌سته‌ كردبوو، مه‌رگی خۆیان به‌ چاو ده‌دی، مه‌هزه‌مان بۆ خۆپاكردنه‌وه‌ دڕی به‌ تورك دا و سه‌ركرده‌كه‌یانی ده‌ناسی خۆی گه‌یاندێ‌ و كوشتی، به‌ڵام له‌پشته‌وه‌ لێیدرا و كوژرا، له‌ هه‌موولاوه‌ گه‌مارۆیان له‌سه‌ر توركه‌كان توند كرده‌وه‌، یه‌ك له‌دوای یه‌ك هه‌مویان كوشتن، پاشان سه‌ره‌كانیان ناردن بۆ مه‌شهه‌د بۆ فرۆشتن، كه‌ چوار سه‌د سه‌ر ده‌بوو. زۆر ستایشی شیرنی كچه‌ كوردیان كرد.
جارێكی تر له‌ ڕۆژێكی به‌هاردا كه‌ ژنانی خاكسته‌ر و لائین به‌ دۆشینی حه‌وت ڕان مه‌ڕوماڵاتیانه‌وه‌ خه‌ریك بوون، 250 سواره‌ی تورك له‌ ڕێگه‌ی سه‌نگدیواره‌وه‌ غافڵگیرانه‌ په‌لاماری خاكسته‌ریان دا، به‌ هێزێكه‌وه‌ مه‌ڕه‌كانیان له‌ پیشَ خۆیانه‌وه‌ نارد، ئاغاقولی به‌گ به‌په‌له‌ خۆی گه‌یانده‌ ئه‌لهیارخانی ده‌رگه‌ز و داوایان كرد بێن به‌ده‌میانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ 200 سواره‌وه‌، جگه‌ له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، له‌ هه‌موولاوه‌ گه‌مارۆیان دان و 170 سواره‌یان لێكوشتن، دیله‌كان و ڕانه‌ مه‌ڕه‌كانیان لێسه‌ندنه‌وه‌.
دوو ساڵ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌، 260 سواره‌ی تورك، هه‌شت هه‌زار سه‌رمه‌ڕی كوردیان به‌تاڵان برد، له‌ فێڵێكدا ئاغاقولی به‌گیان گرت و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان، زۆر له‌ كورده‌كانیان كوشت، به‌ڵام ساڵی دوایی كورده‌كان پاره‌یان كۆكرده‌وه‌ و ئاغاقولی به‌گیان كڕیه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ تورك تاڵاوی زۆریان چه‌شت به‌ده‌ست قولیخان و بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵ هه‌رچی هێرشیان هه‌بوو بۆ ناوچه‌ی كوردان، خراپ شكستی ده‌خوارد.
ساڵێكی تر وشكه‌ ساڵیه‌كی قڕ داكه‌وت و ناوچه‌ی توركمانه‌كانی گرته‌وه‌، توركه‌كان به‌ 230 چه‌كداره‌وه‌ هێرشیان هێنا، به‌ره‌و ئاوایی بورده‌ ملیان نا، له‌به‌ر سه‌ختی شوێنه‌كه‌ی ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاربووه‌ ڕوو له‌و دێیه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بكه‌ن، ئاواییه‌كه‌ له‌ به‌رزایی كێودا بوو، ته‌نها توله‌ ڕێیه‌كی سه‌خت خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌گه‌یانده‌ ئه‌و دێیه‌، ده‌بوو به‌ زنجیره‌ چیاكاندا بۆی سه‌ركه‌ون، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و سواره‌ چه‌كداره‌ ڕیزبوانه‌ی توله‌ ڕێگه‌كه‌ی بكردایه‌، وای ده‌زانی هه‌موو سواری پشتی یه‌كتربون، له‌ خوار توله‌ ڕێگه‌كه‌وه‌ له‌ دۆڵه‌ هه‌زار به‌هه‌زاره‌كاندا، ئێسك و پرۆسكی وڵاخ و نه‌فه‌رت ده‌دی كه‌ دوور دیاربون، سارد و سه‌رما و ڕه‌شه‌بای ئه‌وكێوانه‌ هه‌ر باس ناكرێت، خه‌ڵكی دێ‌ له‌ ئاگری ئه‌وانه‌ به‌خه‌به‌ر هاتن، به‌په‌له‌ فریاكه‌وتن، ده‌یان بینی وا هێزی توركان به‌ زه‌حمه‌ت به‌ره‌وپیش دێن، كورده‌كان تفه‌نگی خۆیان قه‌ره‌وڵدا و، هه‌موو له‌ ئاماده‌باشیدا نتقیان له‌خۆیان بڕیبوو، كوردێك به‌یه‌ك فیشه‌ك سنگی سه‌ركرده‌كه‌یانی هه‌ڵگرت، پاشان ته‌قه‌یان له‌ ناوچاوی ئه‌سپه‌كه‌شی هه‌ڵساند و به‌ره‌و دۆڵه‌كه‌ خلۆریان كرده‌وه‌، ئه‌نجا به‌ربونه‌ سوپا بێسه‌ركرده‌كه‌ كه‌ نه‌یانده‌توانی به‌ره‌و دواش بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ تاو ته‌سكی توله‌ ڕێگه‌كه‌، به‌جۆریك شڵه‌ژان هه‌ر ئه‌سپ و سواربوو به‌ ته‌پاوتل خلۆر ده‌بویه‌وه‌، خه‌ڵكی دێ‌ به‌ ژن و منداڵه‌وه‌ هاتبوون له‌و دیمه‌نه‌ سه‌یره‌ حه‌په‌سابون، دوای ته‌قه‌ وه‌ستان، یه‌ك خشپه‌ چییه‌ له‌ توركه‌كانه‌وه‌ نه‌هات، یه‌ك سواریان لێده‌رنه‌چوو.
كورده‌كان بیریان كرده‌وه‌ تاكه‌ی ئه‌مان هه‌ر چاوه‌نواڕی هێرشی دوژمن ببن، ببینن ماڵ و سامان و ژن و منداڵیان به‌تاڵانی ده‌برێت. بڕیاریاندا هێرشێكی دژئامێز بۆ ناوچه‌ توركه‌كان ئه‌نجام بده‌ن، كاتێكی باشیان هه‌ڵبَژارد، هه‌واڵ هات بۆ خه‌ڵكی كه‌لات كه‌ توركمانێكی زۆر بۆ فرۆشتنی داهاتیان ڕویان له‌ شاری عه‌شقئاباد كردوه‌، هێزێكی كوردی كه‌لات كه‌ پێكهاتبون له‌ 120 سوار، له‌ بیابانی مه‌رۆوه‌ چون و 50 ئافره‌ت و كچۆڵه‌ و منداڵ ، ماڵ و سامانێكی زۆر له‌ ئه‌سپ و حوشتر به‌ تاڵان گرت و به‌ره‌و كه‌لات هێنایانه‌وه‌، كه‌ توركمانه‌كان له‌ عه‌شقئاباد گه‌ڕانه‌وه‌ و ئه‌و هه‌واڵه‌ جه‌رگبڕه‌یان بیست، چیان له‌و كاروانه‌ بازرگانیه‌دا ده‌ستكه‌وتبوو، ئه‌وه‌نده‌ی تر قه‌رزوقۆڵه‌یان كرد و هاتن بۆ كه‌لات، ژن و منداڵه‌كانیان پێكڕیه‌وه‌، هه‌ر له‌وێدا ڕێكه‌وتنێكیان مۆركرد كه‌ ئیتر كه‌س نه‌چێته‌ سه‌ر كه‌س و تاوانباریش دادگایی بكه‌ن، توركه‌كان له‌و ساوه‌ خۆیان به‌ به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات و كشتوكاڵه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كرد، وازیان له‌و جۆره‌ جه‌نگه‌ هێنا، جگه‌ له‌وه‌ی بارودۆخی جیهانیش گۆڕابوو یارمه‌تیده‌ربوو بۆ سنوورداركردنی ئه‌وجۆره‌ كارانه‌، پاشان جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان هه‌ڵگیرسا و سنووره‌كان گۆڕاو ڕوسیا ئه‌و ناوچانه‌ی داگیر كرد، هه‌تا ئاستیكی باش ئه‌و سنوورانه‌ دامه‌زران.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …