Home / بەشی مێژووی كورد / ده‌رباره‌ی مێژووی شاری ڕانیه‌

ده‌رباره‌ی مێژووی شاری ڕانیه‌

ده‌رباره‌ی مێژووی شاری ڕانیه‌

FB_IMG_1488730176104

 

ناوی رانیە: لەسەر ناوی رانیە چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە, بەنمونە لە قسەی پێشینانی شارەكەوە دەگێرنەوە كە ناوی رانیە لە (رانك)و چۆخەوە هاتەوە! رانك‌و چۆخە جل و بەرگێكی رەسەنی كوردیە, گوایە شوانێك لە بەرزایەكی قەندیلەوە رانكەكەی لێ‌ بە ئاودا چووە, پاشان لە سەرچاوەی ئاوی(قولە) كە دەكەوێتە ناوەراستی شاری رانیە دۆزراوەتەوە, بەمەش ناوی رانیە لەو رانكەوە هاتبێت. كەسانی تر پێیان وایە لە ناوی پاشایەكی كۆنەوە هاتوە بەناوی (رەهانشا). (مەلا روف سلێمان حەوێزی) پێی وایە ناوی رانیە لە (رۆندیات)ەوە هاتوە. (جمال بابان) رای وایە ناوی رانیە لە (راه+نیاه) هاتوە بەواتای رێ‌ نیشاندەر. مامۆستا (شاكر فەتاح) ناوی رانیە بۆ (ران) رانەمەڕ, شوێنێكی لەبار بۆ بەخێوكردنی مەڕوماڵاتەوە دەگێرێتەوە. كەسایەتیەكی وەك (محمود قادر فەرەج) پێی وابوو ناوی رانیە لە (ڕەن)ەوە هاتوە, (برایم بەگ) كەسایەتیەكی بەتەمەنی ناو رانیە كە ئێستا كۆچی دوایی كردوە پێی وابوو ناوی رانیە لە (رێ‌+نیە)ەوە هاتوە, واتە ناوچەی رانیە لە كۆندا بیشەڵان‌و ناوچەیەكی چڕبووە و رێی كەم بووە, لە رۆژنامەیەكی كوردستانی نوێ‌ ژمارە 2476 بۆچونێك خراوەتە روو كە ناوی رانیە لە ئۆرانیەوە هاتوە كە گوایە لە وشەیەكی یۆنانی لە ئۆرانس یان ئۆرانیەوە هاتوە كە بە واتای ئاسمان دێت, بۆچوونی تر زۆرە لەسەر ناوی رانیە كە رەنگە ساخكردنەوەیان بەدواداچوونی كاتێكی زیاتری بوێت.

……………………………………………………………………………………

لایەنی جوگرافی : سنوری رانیە : شاری رانیە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی كوردستانی باشوورو باكوری رۆژئاوای شاری سلێمانی, دەكەوێتە باكوری چیای قەندیل و باشوری قەزای كۆیەو رۆژهەڵاتی قەزای پشدەر‌و رۆژئاوای قەزای شەقلاوە, مەركەزی شاری رانیە سەرباری دەشتێكی بەپیت‌و فراوان بە چیا دەورە دراوە, بەشی باكوری ئەو شارە بە چیای كێوەرەش كە (1200 م لە ئاست رووی دەریاوە بەرزە) دەورە دراوە, بەشی باشوری رۆژئاوای چیاكانی حاجیلەو ماكۆكە, لەنێوان رانیەو چوارقورنە, چیایەكی بچوك هەیە كە جادەی پێدا دەروا بەناوی كلكەی كۆڵین, بەهەمان شێوە لە نێوان رانیەو قەڵادزێ‌ كلكە چیایەك هەیە بەناوی دەربەند, ئەمە جگە لە زێی دەربەند كە لایەكی رانیەی گرتوە. قەزای رانیەش لە باشورەوە بە چیای كۆسرەت‌و زێی بچوك‌و لە خۆرهەڵاتیش بە چیای ئاسۆس وكۆلارە‌و لە خۆرئاوای چیای حەریرە. روبەری مەركەزی قەزای رانیە 8كم2 = 3200 دۆنم, پانتایی قەزای رانیە 884كم2 یە, دەشتی بیتوێنی رانیە كە یەكێكە لە دەشتە بەناوبانگەكانی كوردستان, بە دەشتێكی پان‌و بەرین دادەنرێت, درێژیەكەی 30كم‌و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاواو پانیشی (20-30)كم دایە, رووبەرەكەی 800كم2 و بەرزیشی لە نێوان 500-600كم دایە. رانیە 146 كم لەو شاری سلێمانیەوە دوورە.

……………………………………………………………………………………

بواری مێژوویی: لە ناوەراستی سەدەی حەڤدە رانیە سەر بە ئەمارەتی بابان بووە, دواتر كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی میر محمدی رواندز, دواتر كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەكان. رانیە لە ساڵی 1897وە سنجاقێكی سلێمانی سەر بە ولایەتی شارەزوو بووە كە ناوەندەكەی كەركوك بووە, لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق رانیە قەزایەكی سەر پارێزگای هەولێر بووە, لە ساڵی 1957 خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی‌و لە ناوەراستی شاری رانیە گەرەكێك هەیە بە بەری رۆژهەڵاتدا بەناوی گەرەكی قەڵات, ئەو گەرەكە بە كۆنترین گەرەكی ناو شاری رانیە دادەنرێت كە بناغەی شوێنی نیشتەجێ‌ بوونی خەڵكی بووە لەو شارەدا, مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە, مامۆستا عەبدول رەقیب یوسف لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری رانیەدا دەڵێت: مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ 9000 ساڵ پێَش ئێستا دەگەرێتەوە, نوسەرو مێژوونوس (عەلی سەید گەورانی) ساڵی 1930 لە كتێبی (لە عەمانەوە بۆ ئامیدی) لە بارەی قەڵاتی رانیەوە دەڵێت: (رانیە گردێكی كۆنی تێدایە,گوایە لەشكری ئێرانی لە كاتی خۆی هەڵیان بەستوە,ئێستا خانووە چین بە چینی بەسەریەوە دروستكراوە بە چەشنی قەلای هەولێر), لە تەنیشت گەرەكی قەڵات گردێكی تر هەیە بە ناوی گردە دێمە كە رۆژگارێگ خاوەنی مێژووی خۆی بووە, هەروەها چەندین شوێنەرای تری مێژووی لەو دەڤەرەدا هەیە بەتایبەت گردی شمشارە كە لە سالی 1957 بۆ 1959 لە لایەن تیمێكی دانیمارێكی و عێراقیەوە پشكینیی بۆ كراوە, بە یەكێك لە كۆنترین گردەكانی مرۆڤایەتی دادەنرێت كە زیاتر لە 247 نامەی بزماری‌و میخی‌و پەرستگایەكی سەردەمی ئاشوریەكان‌و 7 چینی مێژووی تێدا دۆزراوەتەوە, هەر سەردەمی پێش فەخفوری‌و (حسونە، وركا، ئاشوری) و هتد, بۆ دوای هاتنی ئیسلام. ئەمە جگە لە چەندان گردی مێژووی تر كە هەر لەو ناوچەیەدان وەك گردی ( بازموسیان‌و بوسكێن, دوگرادان, كامەریان‌و قورەشینە و دێمە)‌و چەندان پاشماوەی مێژوویی تر, لەوانە تابلۆ هەلكۆردراوەكەی لای دەستە راستی دەربەند لە خۆرهەڵاتی شاری رانیە كە هەلكۆردراوێكی مێژووی هەیە كە وێنەی مرۆڤێكە, بەرای هەندێك لە شوێنەوارناسان پاشایەكی گۆتی یان لۆلۆییە لە دەوڵەتە كۆنەكانی كوردستان, ئەم تابلۆ مێژووییە پانی مەترێك‌و بەرزی 60 سم‌و نزیكەی 20 م لە زەویەوە بەرزە. شاری رانیە لە سەردەمی نوێشدا خاوەنی مێژوویەكی تایبەت بە خۆیەتی بەتایبەتیش لە سەردەمی شیخ مەمودی نەمر, كە بارەگای جێگری حاكمی سیاسی سلێمانی ئینگلیز لە دەربەندی رانیە بووە, شەری بەناوبانگی دەربەندی رانیە لە 23/8/1922 بە یەكێك لە دیارترین روداوەكانی ئەو سەردەمە دادەنرێت كە خێڵە كوردە نیشتەجێبوەكانی ئەو ناوچەیە رۆلێكی گەورەیان تێدا گێراوە. رانیە خاوەنی چەندین دەستكەوت‌و سەروەری گەورەی نەتەوەییە لەوانە راپەرینی ساڵی 1982 و راپەرینی 5/3/1991 كە بۆ یەكەم جارو لە شاری رانیە جەماوەری خەڵكی كوردستان بەگژ دەسەڵاتە خوێنرێژەكەی بەعسدا هاتنەوە و لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بە خوێنی 8 شەهید شارەكەیان رزگار كرد, بەمەش دەروازەی راپەرینی سەرتاسەری خەڵكی كوردستان لە رانیە كرایەوەو بەرهەمی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە, هەر بۆ ئەمەش لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە نازناوی دەروازەی راپەرینی پێدراوە.

……………………………………………………………………………………

بواری رۆشنبیری : بواری رۆشنبیریدا لە شاری رانیە بە درێژایی ساڵی هەشتاكانی سەدەی بیست تا پێش راپەرین, تەنها لیژنەیەكی رۆشنبیری هەبوو كە ئەندامەكانی لە پەنجەكانی دەست زیاتر نەبوون, ئەم لیژنەیە لە مەڵبەندی رۆشنبیری رانیە بوو, چالاكیە هونەری‌و رۆشنبیریەكانی ئەنجام دەدا, دڵسۆزانە كاریان دەكرد‌و رابەرایەتی بزاوتێكی رۆشنبیریان لەو شارەدا دەكرد, بەڵام لە سەروی ئەوانەوە لیژنەیەكی تری ئەمنی هەبوو, كە سەر بە دامودەزگا ئیستیخباراتیەكانی بەعس و مونەزەمە بوو, ئەم لیژنەیە سانسۆریان دەخستە سەر بەشێكی چالاكیەكان‌و چاودێری كەسە رۆشنبیریەكانیان دەكرد. لە دوای راپەرین بواری رۆشنبیری لە شاری رانیە گەشەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە, ئێستا لە شاری رانیە 3 گۆڤار‌و 2 رۆژنامەو 5 كەناڵی تەلەفزیۆن‌و 6 كەناڵی رادیۆو بەرێوبەرایەتیەكی رۆشنبیری‌و نزیكەی 42 رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی هەیە كە بەشێكیان تەنها لە بواری رۆشنبیریدا كار دەكەن, ساڵانە فیستیڤاڵی ئەدەبی‌و هونەری و چەندان پاڵەوانیەتی وەرزشی ئەنجام دەدرێت‌و لە گەلێك بواریش دەستكەوتی گەورە بەدەست هاتوون. زیاتر لە 50 كەس لە شاری رانیە ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنوسانەو 4 تیپی شانۆیی‌و چەندان گروپی مۆزیك هەیە, 6 كتێبخانەی ئەهلی لە بازاری رانیەدا هەیە, جگە لە بەرێوبەرایەتی كتێبخانەی رانیە. لەتەنها سەنتەرێكی وەك سەنتەری چالاكی گەنجانی رانیە زیاتر لە 187 كۆری رۆشنبیری هەمەجۆر ئەنجام دراوە. هەروەها چەندان رێكخراوی ژنان لە ناوچەكەدا هەیە, كە چالاكی بەرفراوان ئەنجام دەدەن, لەگەڵ بوونی نوێنەرایەتی بیتوێنی لیژنەی ئۆلمپی‌و یانەی وەرزشی رانیەو 106 تیپی وەرزشی تۆپی پێی لە شاری رانیە (62 پلە تیپی سێ‌, 20 تیپی پلە دوو, 24 تیپی پلە یەك). لە بواری پەروەردەدا 3 كۆلێژ و 3 پەیمانگاو 2 پیشەیەی‌و 155 یەكەی خوێندن لەقەزای رانیەدا هەیە. رێژەی دانیشتوانی ناو مەركەزی رانیە تاكو راپەرین نزیكەی 25000 كەس بوە بەڵام ئێستا زیاتر لە 100000 كەس تەنها لەناو مەركەزی رانیەدا نیشتەجێن. ئەمە جگە لە 4 ناحیەو 126 گوند كە سەر بە قەزای رانیەن.

له‌ فه‌یس بووکه‌وه‌

خالید قادر – هێڤار

به‌سوپاسه وه  وه رگیراوه‌

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …