Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا پەیکەری تەمبورژەنە تەمەن سێ هەزار و پێنج سەد ساڵەکانی ئیلامی دێرین هەر پەیکەری باوباپیرانی تەمبور ژەنە یارسان (کاکەیی) ەکانی ئەمڕۆ نین؟

ئایا پەیکەری تەمبورژەنە تەمەن سێ هەزار و پێنج سەد ساڵەکانی ئیلامی دێرین هەر پەیکەری باوباپیرانی تەمبور ژەنە یارسان (کاکەیی) ەکانی ئەمڕۆ نین؟

12232827_963137103721957_4998585256835034010_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
کاتێک کە بە ڕێکەوت گوێ لە کەناڵێکی گۆرانی کوردی بگریت، زۆر جار دەکەویتە گومانەوە کە ئایا ئەو گۆرانیەی گوێی لێ دەگریت تورکی یان عەرەبی یان فارسیە. بە دڵنیایی هێندە کۆنەخواز نیم کە لەوە نەگەم مۆسیقای نەتەوەکان هەمیشە کاریگەری لەسەر یەکتری دادەنێن، بەڵام ناکرێت مۆسیقا بە تەواوی ناسنامەی خۆی بزر بکات و هێشتاش هەر بە مۆسیقای کوردی لە قەڵەم بدرێت. مۆسیقا بۆ ئەوەی کە ڕەسەنایەتی بزر نەکات دەبێت وەک چڵێکی نوێ لەسەر درەختێکی دێرین نەشونما بکات و گۆڕانکاری سەردەم نابێت لە درەختەکەی خۆی دایببڕێت. بە داخەوە زۆر لە گۆرانیە کوردیەکانی ئەمڕۆ، بوونەتە پەلوپۆی درەختی مۆسیقای تورکی و عەرەبی و فارسی. ئەوەی کە مایەی نیگەرانیە مۆسیقای کوردی بنەچەیەکی زۆر دێرینی هەیە و وەک دێرینی ئاسەوارەکانی سەر خاکەکەیەتی.
بۆ ئەوەی کە لە دێرینی ڕەگی مۆسیقای کوردی بگەین، دەبێت پەنا بۆ تێکستە مێخیەکان بەرین. هەموو سەرەتای گۆرانیە فۆلکلۆریە کوردیەکان کە بریتین لە (لێ لێ، لۆلۆ) و شین و گریانی کوردی کە بە هەمان شێوە بە شێوەی (لای لایە، لێ لێ) دەردەکەون، وەک خۆی لای سۆمەری و هوریەکان وەک گۆرانی و شین و گریان تۆمارکراون. بەو جۆرە دوای پێنج هەزار ساڵ لە تۆمارکردنیان لەسەر قوڕی سورەوەکراو، هێشتا هەمان وشە دێرینەکانی شایی و شین بەکاردێنین.
لە تێکستێکی ئاشوریدا کە نزیکی سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، کاتێک کە باسەکە دەگاتە سەر ناوچەی شارەزوور دەڵێت خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک ئافرەت دەچریکێنن. پێ دەچێ دەنگی هۆرەی ئەو ناوچەیە سەرنجی ئاشوریەکانی ڕاکێشا بێت کە بەو ناوچەیە زۆر ئاشنا نەبوون.
مۆسیقای کوردی هەر لە ڕووی شێوازەوە دێرین نیە، بەڵکو سەرەتاکانی بە نۆتەکردنی مۆسیقا لەسەر خاکی کوردستان بووە. هوریەکان نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر مۆسیقایان تۆمار کردووە و ئەو زانستەش بۆ هەزاران ساڵ لە ناو کورد دا مابوو. چەندین کەسایەتی لە ناو کورد دا هەبوون کە هەتاوەکو نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر وەک زانست مامەڵەیان لەگەڵ مۆسیقادا کردووە. یەکێک لەوانە، سەفیەدینی ورمێی (١٢١٦ز-١٢٩٤ز) یە کە مۆسیقاناس و مۆسیقا دانەر بووە و خاوەنی یەکێک لە باشترین کتێبی تیۆری مۆسیقایە. هەروەها بەدرەدینی هەولێری (١٢٨٧ز-١٣٥٤ز) کە ئەویش خاوەنی کاری تایبەتە لەسەر مۆسیقا. لە ڕاستیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مۆسیقاژەنە مەزنەکانی ئامێری عود، کورد بوون. لە هەموویان مەزنتر زریابە (٧٨٩ز-٨٥٧ز)، ئەو مۆسیقاژەنە مەزنەی کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر گەورەترین کاریگەری لەسەر مۆسیقای ئیسپانی هەبووە. (بڕوانە بابەتی ڕابردووم لەسەر زریاب https://www.facebook.com/photo.php?fbid=606364322732572&set=pb.100000770292893.-2207520000.1447093129.&type=3&theater ).
ئامێرە ژێدارەکان لە ناو کورد دا لە دێر زەمانەوە بڵاو بووە، بە تایبەت ئامێری تەمبور. ئەم ئامێرە هەتا سەد ساڵێک لەمەوبەر لە هەموو بەشێکی کوردستاندا بڵاو بووە و لە ئورفەوە هەتاوەکو کرماشان سوود لەو ئامێرە وەرگیراوە. ئەمڕۆ لە زۆر ناوچەی کوردستاندا لەگەڵ کاڵبوونەوەی فەرهەنگی کوردیدا، ئەم ئامێرە بزر بووە. بۆ نموونە گەڕۆکێکی وەک هود کە لە ساڵی ١٨١٧دا دێتە نزیک سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە دێی دۆڵان، گۆرانی بێژێکی بینیوە کە بە تەمبورەوە لە دانیشتنەکەدا گۆرانی وتوە. یان کەسێکی وەک مامۆستا عەلی مەردان لە گفتوگۆیەکی دەنگیدا کە لەگەڵی دەکرێت و باسی چۆنێتی ئاشنابوونی بە مەقام دەکات، ئاماژە بە (خدر) ناوێک دەکات کە لە دیوەخانەکاندا لە ناوچەی کەرکوک بە تەمبورەوە مەقامی کوردی وتووە و ئەو لەوەوە زۆر لە مەقامە کوردیەکان فێربووە. کەچی ئەمڕۆ ئەو ئامێرە لەو ناوچانەدا دەگمەن و نامۆیە، جگە لە ناو یارسانیەکاندا نەبێت.
هەمیشە باوەشی ئاینە کوردیەکان گەرمە لە هێشتنەوە و پاراستنی فەرهەنگی کوردیدا و ئەم ئامێرە بە تایبەت لە ناو ئاینە کوردیەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئامێرەکە لە ناو یارسانی (کاکەیی) ەکاندا بە تایبەت شوێنیکی پیرۆزی هەیە و لە کۆبوونەوەی ئاینی و تەنانەت لە مردو ناشتنیشدا بەکاری دەهێنن. بەشێوەیەک ئەو ئامێرە لە ناو ئەواندا ڕێزی لێ دەگیرێت، زۆر جار دوای کۆتایی هێنان بە تەمبور ژەنین، ماچی ئامێرەکە دەکەن و وەک شتێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
بەکارهێنانی تەمبور لە ناو کورد دا زۆر دێرینە و ئەم ئامێرە لە چەند وێنەیەکی بەردینی دێریندا دەردەکەوێت و بە نزیکی بێ گۆڕان، پەیکەری سێ تەمبور ژەن لە شوش (ناوچەیەکی ئیلامی دێرین) دۆزراوەتەوە کە تەمەنیان نزیکی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە. مرۆڤی شاخەکانی کوردستان، خەڵکانێکی ڕۆحی بوون و هەموو دیاردە سروشتی و هونەریەکانی دەروبەریان، مانایەکی ئاینی و ڕۆحیان پێداون. هەرچەندە لەگەڵ ئەو پەیکەرانەدا بەڵگەیەکی وا نەدۆزراوەتەوە کە بیسەلمێنێت ئەو ئامێر ژەنانە لە ڕێوڕەسمی ئاینیدا ئامێرەکانیان لێداوە، بەڵام زۆربەی جار ئامێرە مۆسیقاییەکان لە ڕێوڕەسمی ئاینیدا بەکارهاتوون. بە دڵنیایی یارسانیەکان هەر وەک باوباپیرانیان هەمان ئامێر بەکاردەهێنن و هەر بەهەمان شێوە دەیژەنن، ئەوان بۆ هەزاران ساڵە فەرهەنگی کوردیان بە شێوەی جیاواز پاراستووە و نەیانهێشتووە ئەو ڕەگە قوڵە دێرینە کوردیە بپچڕێت. ئەوەی کە مایەی نیگەرانیە، زۆر لە دەزگا ئەکادیمیە مۆسیقاییە کوردیەکان و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی، هێندە بە فەرهەنگی دێرینی خۆی نامۆ بووە، ناتوانێت ئەو ناسنامە ڕەسەنە کوردیە دێرینە بۆ ئەو ئامێرە دێرینە بگەڕێنێتەوە. مەگەر هەوڵ و کۆششی ئاینی یارسانیمان بتوانێت کوردێتی ئەو ئامێرە بپارێزێت و لە باوەشی گەرمیدا لەگەڵ مۆسیقای ڕەسەنی کوردیدا بۆمانی بهێڵێتەوە.
دەبا دەرک بە گرنگی فەرهەنگیی ئەو ئاینە و ڕۆڵی لە پاراستنی فەرهەگنی کوردیدا بکرێت و ئاگاداری ئەوە بین کە تەمبور ژەنە یارسانیەکانی ئەمڕۆ هەر نەوەی خاوەنی پەیکەرە تەمەن سێ هەزار و پێنج سەد ساڵەکانی ئیلامن و ئەوان پەلێکی جوان و ناسک و ڕەسەنی سەر پیرە دەرەختی فەرهەنگی کوردین و دەبێت ئەوە بزانین کە ئەوان بە توندی دەمانبەستنەوە بە ڕابردووی خۆمانەوە و نایەڵن ڕەشەبای سەردەم ئەو ڕەگە قوڵەمان هەڵبکەنێت و لە خۆمان نامۆ ببین.
تێبینی:
– لە هەموو بابەتەکانی سەر فەیسبوکمدا بە مەبەست لە ڕێچکەی نووسینی ئەکادیمی لادەدەم، لەبەر ئەوەی کە پەیام و بۆچوونی فیکری خۆمیان بە ڕوونی تێ دەئاخنم و گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری بابەتەکانم دەکەم. دەبێت خوێنەر هەمیشە ئاگاداری ئەوەبێت و گەر دەیەوێت بابەتەکانم وەک سەرچاوە بەکاربهێنێت، دەبێت سوود لە کتێبەکەم وەربگرێت کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی داڕێژراوە.
– ڕاستە من مێژوونوسم بەڵام لە تەمەنی هەرزەکاریەوە مۆسیقا ژەنم و بڕوانامەم لە تیۆری مۆسیقا و تەکنەلۆژیای مۆسیقادا هەیە و مۆسیقا هەمیشە بەشێک لە ژیانم بووە.
سەرچاوەکان:
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– Stewart, S. (2013) The Everlasting Flame: Zoroastrianism in History and Imagination”, I.B.Tauris and Co. Ltd., New York.
– Westenholz, J. G. (2014) Music in Antiquity: The Near East and the Mediterranean, Walter de Gruyter GmbH, Berlin/Bosto

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …