Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / کورد خاوەنی پیت و نوسینی خۆی بوە؟

کورد خاوەنی پیت و نوسینی خۆی بوە؟

کورد خاوەنی پیت و نوسینی خۆی بوە؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

بابزانین ئەم بەڵگەنامەیە لە کوێوە پەیدابووە و چۆن لە سەدەی نۆزدەیەمەوە کەوتۆتە دەست خوێنەر و ئەگەری ساختەکاری هەبووە؟

لە سەدەی رابردووەوە چەند سەرچاوەیەکی کوردی نوێ ئاماژە بە جۆرێک لە ئەلفوبێی کوردی دێرین دەکەن کە بە ناوی ماسی سوراتی لە قەڵەمی
دەدەن و سەرچاوەی ئەو زانیاریەش کتێبەکەی ئیبن وەحشیەیە بە ناوی (شوق المستهام في معرفة رموز الاقلام) کە تێیدا نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژە بە ئەلفوبێیەکی کوردی کراوە وەک ئەلفوبێیەکی دێرین. لە هەمان کاتدا هەندێک لێکۆڵەری کورد دەڵێن ئەو کتێبە دروستکراوە و بە ناوی ئیبن وەحشیە بڵاوکراوەتەوە و کورد ئەلفوبێی دێرینی نەبووە و گومانیان لەسەر ئەو بەڵگەنامە مێژوییە دروستکردووە. زۆرێک لەو کوردانەی کە ئەو سەرچاوەیە بە دروستکراو دادەنێن، دەڵێن ئەو کتێبە هی ئیبن وەحشیە نیە و دوایی بە ناوی ئەوەوە نووسراوە و بەڵگە نامەکە دروستکراوە و جگە لەوەش دەڵێن ئەو ئەلفوبێ کوردیەی کە ئیبن وەحشیە ئاماژەی پێکردووە وەک ئەلفوبێی کوردی، پیتی وای تێدایە کە بە هیچ شێوەیەک لە زمانی کوردیدا نیە.
با بزانین ئەم دوو بۆچوونە ڕاستن؟ ئەگەر ڕاست نین، بۆ کورد ئەو گومانەی لا دروست بووە؟ هەروەها سەرەتا سەیرێکی کتێبەکەی ئیبن وەحشیە دەکەین تا بزانین کە سەبارەت چیە و باس لە چی دەکات.

ئیبن وەحشیە لە سەرەتای کتێبەکەیدا باش دوعا و سەلام دەڵێت “ئەم کارەم بۆ کۆکردنەوەی ئەلفوبێکانە کە لەلایەن نەتەوە دێرینەکانەوە بەکارهاتووە، لە زانا و حەکیمە دێرینەکان و فەیلەسوفە بەتواناکان کە لە کتێبە زانستیەکانیاندا بەکاریان هێناوە بۆ ئەوەی کە خەڵکانی عەوداڵی زانست و زانین و فەلسەفە و نهێنیە خواداییەکان سوودی لێ وەربگرن. هەر ئەلفوبێیەک بە شێوە دێرینەکەی لەگەڵ ناوەکەی کە پێی ناسراوە دانراوە و ناوی دەنگەکە لە ژێریدا بە مەرەکەبی سور و بە پیتی عەرەبی نووسراوە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت بە جوانی جیابکرێتەوە.”
واتە وەک بە قسەکانی ئیبن وەحشیەدا دەردەکەوێت لە ساڵی ٨٥٦ ز دا ویستوویەتی کە هەموو ئەلفوبێ ناسراو و دێرینەکان لە کتێبێکدا کۆبکاتەوە. لە ڕاستیدا کتێبەکە ئەلفوبێکانی عەرەبی، هیندی، یۆنانی، فارسی، میسری کۆن، ئارامی، عیبری، نەبەتی، کوردی و دەیان ئەلفوبێی تر لە خۆ دەگرێت.
کتێبەکە بایەخی زۆر بە نووسینی میسری کۆن و نووسینی نەبەتی و ئارامی و یۆنانی دەدات. لە نزیک کۆتاییەکەیدا ئاماژەیەک بە ئەلفوبێی کوردی دەکات وەک یەکێک لە ئەلفوبێ دێرینەکان و تایبەتەکان بەوەی کە لە ڕووی ژمارەوە لە ئەلفوبێکانی تری جیهان لایداوە و لەوانی تر ناچێت لەبەر ئەوەی کە ٣٧ پیتە (بڕوانە وێنەی ١). ئیبن وەحشیە هیچ ناوێک ناداتە ئەو ئەلفوبێیە، ئەو بە ئەلفوبێی کوردی ناوی دەهێنێت و لە سەدەی ڕابردوودا چەند مامۆستایەکی کورد بە هەڵە ناویان ناوە ماسی سوراتی. ئەم هەڵەیە لەلایەن هەردوو مامۆستایان ئایەتوڵای مەردوخی و مامۆستا سەدیق بۆرەکەیی کراوە، دیارە لەبەر ئەوە بووە کە هیچیان نەچوونەتە سەر سەرچاوەکە خۆی و پێ دەچێت کە زانیاریەکەیان لە سەرچاوەی دەستی دووەوە وەرگرتبێت. لە ڕاستیدا ئیبن وەحشیە کە باسی ماسی سوراتی دەکات، ئەو دەڵێت کوردەکان دەڵێن کە ئەو ئەلفوبییە ماسی سوراتی پێی نووسیوە و کورد ماسی سوراتی بە کەسێکی زانای دێرین داناوە.

بابزانین ئەم بەڵگەنامەیە لە کوێوە پەیدابووە و چۆن لە سەدەی نۆزدەیەمەوە کەوتۆتە دەست خوێنەر و ئەگەری ساختەکاری هەبووە؟ سەرەتا دەبێت بزانرێت کە ئەو کۆپیە چاپکراوەی کە ئەمڕۆ لە بەردەستدایە، لە ساڵی ١٨٠٦ دا لە شاری لەندەن لە لایەن جۆزێف هامەرە (Joseph Hammer) وە تەرجومەکراوە و کتێبەکە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی چاپکراوە. هامەر خۆی پێشەکیەکی بۆ نووسیوە و سەبارەت گرنگی ئەو کتێبە لە سەرەتاکەیدا ووردەکاری زۆری داوە. هامەر دەڵێت ئەو کۆپیەی کتێبەکەی لە قاهیرە لە میسر لای عەرەبەکان دەستکەوتووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە لەو کاتەدا کە ئەو کتێبەکەی چاپ کردووە، کۆپیەکی تری ئەو کتێبە لە فەرەنساش هەبووە کە ئەو کۆپیە لە کتێبخانەی ئیمبراتۆری ڕۆماوە براوە بۆ فەرەنسا.
جگە لەو دوو سەرچاوەیە، لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا کۆپیەکی تری ئەو کتێبە دەکەوێتە دەست ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی بە ناوی ئەساناسیوس کیرشەر (Athanasius Kircher) (١٦٠٢ ز-١٦٨٠ز)، کە یەکێکە لەو کەسانەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەسەر نووسینی میسری کۆن کردووە. کیرشەر کۆپیەکەی خۆی لای تورکەکان لە دورگەی ماڵتە پەیدا کردووە. واتە سێ سەرچاوەی جیاوازی ئەوروپی بۆ کتێبەکە هەبووە کە نزیکی سەد و پەنجا ساڵ لە نێوانیاندا بووە.

هەروەها حاجی خەلیفە لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا، ئیبن وەحشیە بە یەکێک لە باشترین موتەرجیمەکانی سەردەمی ئیسلامی دادەنێت و بەو جۆرە ئیبن وەحشیە وەک کەسێکی شارەزا لە زمان و تەرجومە ناسراو بووە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر لە سەدەی دەیەمی زاینیدا واتە نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر و سەد ساڵ دوای مردنی ئیبن وەحشیە، ئیبن نەدیم لە کتێبی (ئەلفیهرست) دا ئاماژە بە کتێبێکی ئیبن وەحشیە دەکات کە سەبارەت ئەلفوبێکانە و ئیبن نەدیم دەڵێت خۆی کتێبەکەی بنیوە کە دەستنووسی ئیبن وەحشیە خۆی بووە.
جگە لەوەش ئەو کتێبە تەنها کتێب نەبووە سەبارەت ئەو بابەتە، جابری کوڕی حەیان کتێبێکی هەبووە کە ئیبن وەحشیە وەک سەرچاوە ئاماژەی پێکردووە کە ئەمڕۆ دیارنەماوە، بەڵام ئەمڕۆ چەندین کتێبی تری سەردەمی ئیسلام لە ئارادایە کە لەسەر بابەتی ئەلفوبێ دێرینەکانە. واتە زانستی لەو جۆرە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا شتێکی ئاسایی بووە و نامۆ نەبووە و ئەگەری بوونی کتێبی لەو جۆرە هەبووە. وەک ڕوونکرایەوە بەڵگەنامەکە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازدا لە دوای ئیبن وەحشیەوە ئاماژەی پێکراوە و ئەگەری ساختەکاری بەتەواوی ناهێڵێت و ئەو کتێبەش کتێبێکی دەگمەن نیە و کتێبی تری هاوشێوەی ئەوە لە سەردەمی ئیسلامدا نووسراوە.

هەروەها بەهانەیەکی تری ڕەتکردنەوەی ئەلفوبێکە لەلایەن کوردەوە ئەوەیە کە گوایە پیتی وای تێدایە بە هیچ شێوەیک لە زمانی کوردیدا نیە و لە کوردی ناچێت. ئەوەی ئەم بۆچوونە بە تەواوی لاواز دەکات ئەوەیە کە ئەلفوبێی کوردە ئێزدیەکان، لە ڕووی ناوەوە بە نزیکی هەموو ئەو ئەلفوبێیانەی تیدایە کە لە کتێبەکەی ئیبن وەحشیەدا ئاماژەیان پێکراوە و لە ڕووی ژمارەشەوە ئەلفوبێکەی سەدەی نۆیەم ٣٧ پیتە و ئەلفوبێی کوردی ئێزدی ٣٤ پیتە (بڕوانە وێنەی ٢)، کە ئەوە دیسان ڕاستی زانیاریەکانی ئیبن وەحشیە دووبارە دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی بەپێی ئیبن وەحشیە هیچ کام لە ئەلفوبێکانی جیهان لە ٣٠ لاینەداوە، کەچی ئەلفوبێ کوردیەکە ژمارەی ٣٧ و ئەو ئەلفوبێ کوردیە ئێزدیەی کە لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا دۆزراوەیەوە ٣٤ پیتە. کەواتە ئەم بەهانەیەی دوەمیش بنەمای زانستی نیە.

جگە لەوە ئاماژەکردنی ئیبن وەحشیە بە ئەلفوبێی کوردی هەروا سەرپێی نەبووە، ئەو دەڵێت کە کورد لە زانستی کشتوکاڵ و تایبەتمەندی ڕووەکدا بێ هاوتا بوون و دوو کتێبی زانستی لە زمانی کوردیەوە کردۆتە عەرەبی بۆ ئەوەی کە مرۆڤایەتی سوودی لێ وەربگرێت و بەهۆی تەرجومەکردنی ئەو دوو کتێبە کوردیەوە، لە دانانی کتێبەکەی سەبارەت بە ئەلفوبێ کۆنەکان دواکەوتووە. واتە ئیبن وەحشیە هێندە کتێبە زانستیە کوردیەکانی لا گرنگ بووە، نووسینی ئەو کتێبەی خۆی بۆ دواخستووە. ئەوەی کە پشتگیری لە زانیاریەکانی ئیبن وەشحیە دەکات سەبارەت بە تایبەتمەندی کورد لە کشتوکاڵدا ئەوەیە کە کۆنترین کتێبی ڕووەک کە ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی مابێت، کتێبەکەی زانای کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەریە کە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا سەبارەت بە ڕووەک نووسیویەتی.

بۆیە هەر دوای ئەوەی کە دەنگۆی ساختەکاری ئەم بەڵگەنامەیە لە ناو کورد دا هاتە بەرگوێم، من هەموو ئەو شوێنانەی کە لە جیهاندایە و پێی ئاشنام گەڕاوم بە دوای یەک سەرچاوەدا کە گومانیان لەو کتێبەی ئیبن وەحشیە هەبێت کەچی یەک سەرچاوەم نەبینیوە کە گومانی خستبێتە سەر ئەو کتێبەی ئیبن وەحشیە جگە لە کورد خۆی نەبێت و لە ئەوروپا بە گشتی بێ کێشە مامەڵە لەگەڵ ئەو کتێبەی ئیبن وەحشیە دەکەن و وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و دەکرێت.

باشە مرۆڤ دەبێت پرسیار بکات، ئایا بۆ ئەمڕۆ بە سەدان کتێبی سەردەمی ئیسلام لە ئارادان کە باس لە عەرەب و فارس دەکەن و کورد گومانی لە هیچ کام لەو کتێبانە نیە، کەچی ئەم کتێبەی کە چەندین بەڵگەنامە و زانیاری پشتڕاستی دەکاتەوە، کورد بە دروستکراو لە قەڵەمی دەدات؟ بە بۆچوونی من هۆکارەکەی ڕوونە؛ لە دوای دابەشکردنی کوردستانەوە بۆ نزیکی هەشتا ساڵە چەند نەوەیەک لە ئێمەی کورد لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی داگیرکەردا هەر لە منداڵیەوە تۆوی بێ بڕوایی لە ناوماندا دەچێنرێت و لە بەرامبەردا دڵنیابوون و گەورەیی ئەفسانەی نەتەوەی فارس، تورک و عەرەب بەسەرماندا دەسەپێنرێت. بۆیە لە قوڵایی دڵی هەموو کوردێکدا هەمیشە گومانێکی لەوە هەیە کە هەرگیز ئەلفوبێی هەبووبێت یان خاوەنی شارساتەنیەت و زانست بووبێت. بۆیە لەبری ئەوەی کە کورد لێکۆڵینەوە لە سەر ئەلفوبێکانی بکات، دەبێتە تەنها کەس لە جیهاندا کە گومان دەخاتە سەر ئەو بەڵگەنامە ڕاستیانەی کە لەسەر زمان و تێکستەکانی هەن.

کە منداڵ بووم، هەموو ئاواتێکم ئەوەبوو لە کتێبێکی مێژووی قوتابخانەدا ناوی کورد ببینم. هەمیشە پرسیارم لە خۆم دەکرد، بۆ لە ناو کتێبە مێژووییەکانی قوتابخانەدا کورد بوونی نەبوو، ئایا دەکرێت هەبین و کەچی نەشبووبێتین؟ بۆ من لۆجیکێکی سەیر بوو و زۆرجار سەرقاڵی ئەو نالۆجیکیە بووم و دڵنیام هەزاران منداڵی تری کورد ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بووتەوە. من پێم وایە دەبوو زانکۆکانی کوردستان چەندین لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاریگەریی دەگیرکردن لەسەر شێوەی بیرکردنەوەی منداڵانمان بکردایە و بەراوردیان بکردایە بە منداڵانی فارس، عەرەب و تورک، ئەوسا بۆمان دەردەکەوت کە داگیرکردن چۆن هزری بڕوابەخۆبوونی منداڵی کوردی لاواز کردووە و هەموومان بەو بێ بڕواییە گۆش کراوین و دڵنیام ئەو کات بۆمان ڕوون دەبووەوە کە داگیرکردن چۆن نەوەیەک لە خەڵکانی بێمتمانە بەخۆ دروست دەکات و ئا لەم ساتەدا هێشتا بێ ئەوەی کە ئاگادار بین، ئێمە هەموومان لە ژێر ئەو کاریگەریەداین.
لە هەمان کاتدا دەمەوێت بڵێم، ئەو ئەلفوبێ کوردیە، بەپێی ئەوەی کە هەموو دەنگەکانی بە زیادەوە تێدایە، دەردەکەوێت کە ئەلفوبێیەکی ڕەسەنە و لە بنەچەیەکی سەربەخۆیە. پێناچێت لە ژێر کاریگەریی ئەلفوبێ سامیە هاوسێکاندا هاتبێتە کایەوە کە بە گشتی هەموویان پیتی بزوێنیان نیە یان کەمە. بۆیە بەو شێوەیەی کە کورد ئاماژەی بە ئەلفوبێکەی کردووە و لە سەرچاوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، دەشێت تەمەنی ئەو ئەلفوبێ کوردیە سێ هەزار ساڵ بێت و هاوتەمەنی ئەلفوبێی عیبری بێت و دڵنیام لەوەی کە ڕۆژێک دێت، لە سوچێکی کوردستاندا لە سەر پارچەیەک چەرم یان گڵی سورەوەکراو، تێکستێکی دێرینی کوردی بەو ئەلفوبێیە دەبینین، ئەوسا بەشێکی تر لەو بێ بڕواییە دەڕەوێتەوە، کە بە تەواوی لە ناو هزرماندا چەسپێنراوە.

كورد زانست

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …