Home / بەشی مێژووی كورد / کورتەیەك لە مێژووی هەڵەبجە

کورتەیەك لە مێژووی هەڵەبجە

135112552014_12-1
هەڵەبجە شارێکی ئێجگار کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لۆلۆییەکان پێدەچێت شاری (خارخار – کاداخار) کە لە هەزارەی دووەمی
پێش زاییندا هەبووە هەڵەبجەی ئێستا بێت.

لە ساڵی ٦٤١ز سوپای موسڵمانەکان هاتوونەتە ئەم ناوچەو ساسانیەکانیان دوورخستووەتەوە ، ناوچەکەش بووەتە
بەشێک لە دەوڵەتی ئیسلامی.

لە سەردەمی عەباسیەکانداو لەنێوان ساڵانی (٩٥٩-١٠١٥ز) میرنشینی حەسنەویە کە میرنشینێکی کوردیە لەم ناوچەیە
حوکمی کردووە دواتر میرنشینی عەنازی لە (١٠١٦-١١١٧ز) حوکمی کردووە .

لە ساڵی ١٦٥٠ز لەلایەن بەگزادەکانی جافەوە هەڵەبجە ئاوەدان کراوەتەوە لە نزیك مزگەوتی تەکیەی ئێستا .

بەرلەوەی ببێتە قەزا لەڕووی ئیدارییەوە سەربە ناحیەی گوڵعەمبەر (خورماڵ) بووە .

لە ساڵی ١٨٨٩ز لە سەردەمی عوسمانیەکاندا بووەتە قەزا ، عوسمان پاشای جاف بووەتە یەکەم قایمقامی هەڵەبجە
ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ بە قەزا بوونی شاری هەڵەبجە .

لە ساڵی ١٩١٩ز یەکەم قوتابخانەی تیا دروست کراوە .

لە ساڵی ١٩٢٠ز بەپێی سەرژمێری بەریتانیا ژمارەی دانیشتوانی (٦٥٠٩) کەس بووە ، ئەم شارانە (خورماڵ ، پێنجوێن ،
وارماوا ، دەربەندیخان) سەربە هەڵەبجە بوون .

لە ساڵانی بیستەکاندا خەڵکی هەڵەبجە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هاوکاری کردنی شۆڕشەکانی (شێخ محمودی حەفید)دا،
لەبەرئەوەیە فەرماندەی سەربازی بەریتانی (ئەدمۆنز) لەکاتی هێرشەکانی بۆ سەر هەڵەبجە بە سێ فڕۆکەوە ئینجا توانی
ئەم شارە داگیر بکات ، ئەمەش لەبەر بەرگری خەڵکەکەی ، دواتر شەڕی گەورەی ئەشکەوەڵ لە چیای شنروێ ڕویدا .

هەڵەبجە خاوەنی چەندین شاعیری گەورەی کوردە لەوانە (عبداللە گۆران ، مەولەوی ، ئەحمەد موختار جاف ، تاهیر بەگی جاف ،
قانع ….. چەندانی دی ) .

لە ساڵی ١٩٢٤ز یەکەم ئۆتۆمبیل هاتە هەڵەبجە ، لە هەمان ساڵدا تەلەگرافی تیا دانرا .

لە ساڵی ١٩٢٩ز یەکەم خەستەخانەی تیا دروست کرا ، لە هەمان ساڵدا پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە دانرا .

لە ساڵی ١٩٣٠ز بینای سەرای تیا دامەزرا ، لە هەمان ساڵدا بەنزینخانەی تیا کرایەوە .

لە ساڵی ١٩٣١ز میوانخانەو گەراجی ئۆتۆمبیلی تیا دروست کرا .

لە ساڵی ١٩٣٣ز یەکەم قوتابخانەی کچانی تیا دروست کرا .

لە ساڵی ١٩٣٦ز یەکەم موەلیدەی کارەبای بۆ دانرا .

لە ساڵی ١٩٣٩ز یەکام شانۆ لە هەڵەبجە نمایش کرا ، ئەکتەرە دیارەکانی (ئەحمەد جوتیار و صاڵحی مەلا ئەحمەد) بوون و
مامۆستایەکی فەلەستینی دەرهێنەری بوو .

لە ساڵانی سیەکاندا ژمارەی خانووەکانی نزیکەی (٤٧٠ بۆ ٥٠٠) خانوو دەبوو ، پێکهاتبوو لە ٣ گەڕەك ئەوانیش بریتیبوون لە
( پاشا ، پیر محمد ، سەرا ) .

لە ساڵی ١٩٤٥ز یەکەم قوتابخانەی ناوەندی تیا دروست کرا ، لەهەمان ساڵدا باخی گشتی لە هەڵەبجە دروستکرا .

لە ساڵی ١٩٥٢ز خەڵکی هەڵەبجە لە دژی ڕژێمی پاشایەتی ئەوکاتەی عێراق ڕاپەڕینیان ئەنجامداوە بە سەرپەرشتی کەسایەتیەکی
ناوداری هەڵەبجە بەناوی (ئەحمەدی حاجی ڕەحیم ) .

لە ساڵی ١٩٥٤ز یەکەم بینای پشکنینی توتنی تیا دروست کراو لە چەند نهۆمێك پێکهاتبوو .

لە ساڵی ١٩٥٦ز شانۆیی (بازرگانی فینیسیا ، مەم و زین) نمایشکرا لە دەر‌هێنانی (ع.ع.شەونم و ئەحمەد حەمە ڕەشید ئەفەندی) .
لەهەمان ساڵدا بەشی ناوخۆیی تیا دروست کرا بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار .

لە ساڵی ١٩٥٨ز سێ تیپی شانۆ لە هەڵەبجە هەبوون کە بریتیبوون لە (تیپی شانۆی شنروێ، تیپی شانۆی گەنجان، تیپی شانۆی لاوانی
دیموکرات)، سەرەڕای بایەخدانێکی گەورە بە شیعرو مۆسیقا .

لە پەنجاکاندا کارگەی ساردی (خواردنەوی گازی) تیا دروستکراو بەرهەمەکانی دەنێرایە سلێمانی و شارەکانی تر .

لە شۆڕشی ئەیلولدا خەڵکی هەڵەبجەو کەسایەتیە دیارەکانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە .

لەنێوان ساڵەکانی (١٩٦١-١٩٦٢ز) بەڕێز حاکم ئەحمەد صالح باوکی دکتۆر بەرهەم ئەحمەد صالح حاکمی شاری هەڵەبجە بووە .

لە ١١-٩-١٩٧٠ بانکی ڕافیدەین لە هەڵەبجە کرایەوە .

لە ڕۆژی ٢٦-٤-١٩٧٤ ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق بە فرۆکەو موشەکی ناپاڵم بۆمبارانی شاری هەڵەبجەی کردو لە ئەنجامدا نزیکەی
١٠٠ کەس شەهیدو بریندار بوون ، سەرەڕای وێران بوونی چەندین خانوو وە ئاوارە بوونی خەڵکەکەی .

لە شۆڕشی نوێدا خەڵکی هەڵەبجە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە ، یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێ کەسایەتیەکی هەڵەبجە بوو بەناوی
(شەهید فاتح) .

لە ڕۆژی ١٣-٥-١٩٨٧ز خەڵکی هەڵەبجە لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕینیان ئەنجامدا ، لە بەرامبەردا ڕژێمی بەعس بۆ کپ کردنەوەی
ڕاپەڕینەکە هەستا بە بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە فرۆکە ، کە بووە هۆی شەهید بوونی ٥٠ کەس و گرتن و زیندە بەچاڵ کردنی
٧٢ کەسی دی و خاپورکردنی گەڕەکی کانی ئاشقان بە بۆمبی (تی ئێن تی) .

لە ١٦-٣-١٩٨٨ز دوای ڕاپەڕینی خەڵك و ڕزگار کردنی هەڵەبجە لە ڕژێمی بەعس ، ڕژێمی سەدام بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی
نزیکەی (٥٠٠٠) بێتاوانی لە هەڵەبجە شەهید کرد .

لە ١٦-٣-٢٠١٠ لەلایەن بەڕێز د.بەرهەم ئەحمەد صالح سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی زانکۆی
هەڵەبجە دانرا .

لە ڕۆژی ١٦-٢-٢٠١١ بەڕێز (پ.ی. د.خسرەو عبداللە علی) وەك یەکەم سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەردەوام بوو .

وەرگیراوە لە ماڵپەری زانکۆی هەڵەبجە

About دیدار عثمان

Check Also

‎هۆلۆکۆستی کورد

‎قوتابی:عمر خليل خالد‎قوتابی لە زانکۆی سۆران بەشی مێژوو قۆناغی چوارەم ‎هۆلۆکۆستی کورد وەک یەکێک لە …