Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئەستێرە و مانگی سەر مزگەوتەکان، بنەچەکەی تورکی، ئاینیی ئیسلامی یان ئاینیی سۆمەریە؟

ئەستێرە و مانگی سەر مزگەوتەکان، بنەچەکەی تورکی، ئاینیی ئیسلامی یان ئاینیی سۆمەریە؟

10389335_578899492238105_1719546488922968737_n

ئەستێرە و مانگی سەر مزگەوتەکان، بنەچەکەی تورکی، ئاینیی ئیسلامی یان ئاینیی سۆمەریە؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر پەیجێكی ناسیۆناڵیستیی تورکی، بینیم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەستێرە و مانگەکە سیمبوڵێکی دێرینی تورکەکانە و لە ئاسیاوە لەگەڵ خۆیان هێناویانە بۆ ناوچەکە. ئەو بۆچوونە بۆ من شتێکی نائاسایی نەبوو لەبەر ئەوەی زۆر جار کە مرۆڤ کتێبی مێژوویی تورکی دەخوێنێتەوە، ناتوانێت پێکەنین نەیگرێت، بەپێی تورکەکان بێت هەموو جیهان تورک بنیاتی ناوە و هەموو داهێنانێکی ئەم جیهانە، هی ئەوانە. بە کوردیەکەی دەگمەنە لە سەرچاوە تورکیەکاندا زانیاری بێلایەن و دروستت دەست بکەوێت. لە هەمان کاتدا ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر پەیجێک، کوردێکی بەڕێز باسی لە حیکمەتی مانگ و ئەستێرەی سەر مزگەوتەکانی دەکرد و نووسیبووی حیکمەتە کە دەمە کراوەکەی مانگی سەر مزگەوتەکان ئاڕاستەی نوێژکردن بۆ قیبلە دیاری دەکات و نوێژکەر دەتوانێت بەهۆی ئەو مانگ و ئەستێرەیەوە کە سیمبوڵی ئیسلامە ئاڕاستەی قیبلە بدۆزێتەوە.

هەر وەک زۆربەمان ئاگادارین کە مانگ و ئەستێرە بووەتە سیبوڵی ئاینی ئیسلام و لەسەر ئاڵای تورکیا، مەغریب، جەزائیر، پاکستان، ئازەربایجان، تونس و هەروەها مانگەکە بە تەنها بووەتە سیمبوڵی دەزگای مانگی سوری خێرخوازی سەر بە وڵاتە ئیسلامیەکان و لەسەر مزگەوتەکان بە شێوەی مانگەکە بە تەنها یان مانگ و ئەستێرە دەبینرێت (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست). تەنانەت زۆر جار هەندێک لاوی موسوڵمان ملوانکەی ئەو سیمبوڵە لە مل دەکەن یان کڵاوی نەخشێنراوی ئەو سیمبوڵە دەکەنە سەریان یان فانیلەکەی لەبەردەکەن. بەکارهێنانی ئەم سیمبوڵە بەو شێوە فراوانە لەلایەن وڵات و تاک و دەزگای ئیسلامیەوە مرۆڤ دەخاتە پرسیارەوە، ئایا ئەم سیمبوڵە لە بنەچەدا تورکیە یان ئیسلام هێناویەتە کایەوە یان بۆ بیروباوەڕی ئاینیی سەردەمانێکی پێش ئەو دوو دەسەڵاتە دەگەڕێتەوە؟

لە ڕاستیدا بە جودایی، ئەستێرە و مانگ لەسەر هەڵکەندراوە دێرینەکانی مێسۆپۆتامیا لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی سۆمەریەوە دەردەکەوێت و مانگی پڕ، سیمبوڵی خودا (ئینانا) ی سۆمەری بووە کە دوایی ئەکەدیەکان خوایەکی هاوشێوەیان هەبووە بە ناوی (سین) کە ئەو نیوە مانگ بووە و ئەو دوو خودایە بەهۆی لەیەکچوونیانەوە کراونەتە یەک. بەڵام کۆنترین پارچە ئاسەوار کە هەردوو ئەستێرە و مانگەکەی ئەمڕۆی لە خۆگرتبێت، بەردە هەڵکەندراوەکەی پاشای سۆمەری (ئورنامو) ە کە لە نێوان ساڵی ٢١١٢ پ.ز -٢٠٩٥ پ.ز حوکمڕانی کردووە، واتە نزیکی چوار هەزار و سەد ساڵ لەمەوبەر سیمبوڵەکە وەک ئەمڕۆ لەسەر ئەو بەردەی کە لە وێنەکەدا دەبینرێت هەڵکەندراوە (بڕوانە وێنەکەی لای ڕاست).

ئەم سیمبوڵە لە ناوچەی مێسۆپۆتامیا و ئەناتۆڵ (کوردستانی باکور) دا دەرکەوتووە و دوایی گوێزراوەتەوە بۆ یۆنان و لە سەردەمی ڕۆمەکاندا زۆر بەکارهاتووە. بۆ نموونە گەر ئەو پارە ڕۆمیە سەیربکرێت (بڕوانە وێنەکەی لای چەپ خوارەوە) کە تەمەنی نزیکی دوو هەزار ساڵە، بە ڕوونی ئەستێرە و مانگی لەسەر دەبینرێت و لای ئەوانیش بەهایەکی پیرۆز و گرنگی هەبووە. ئەم سیمبوڵە بە هەموو لایەکدا بڵاوبووەتەوە و دەتوانرێت لەسەر زۆر شوێنی جیاوازی ڕۆم و دوایی ئەوروپیدا ببینرێت و پێ دەچێت بەهۆی دێرینی و بەها ئاینیەکەیەوە لە ناو هەموو شارستانیەتەکانی دوای سۆمەریەکان بە پیرۆز دانرابێت، بۆیە هەمان سیمبوڵ لەسەر پارەی ساسانیەکانیش هەڵکەندراوە (بڕوانە وێنەکەی لای چەپ سەرەوە).

ئەم سیمبوڵە لای ڕۆمە بێزەنتیەکان زۆر گرنگ بووە و بە تایبەت ئاڵای شاری کۆنستانتینۆپل (ئەستەمبوڵی ئەمڕۆ) ی پایتەختیان مانگ و ئەستێرەی لەسەر بووە. زۆر دواتر و نزیکی پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە تورکە عوسمانیەکان ئەو شارە مەزنە مێژووییەیان داگیرکرد، ئاڵای شارەکە ئەو سیمبوڵەی لەسەر بووە و تورکەکانیش کەوتنە ژێر کاریگەری فەرهەنگی خەڵکی ئەو شارە دێرینە مێژووییە کە هی خۆیان نەبووە و وەک خۆی ئەو سیمبوڵەیان خستە سەر ئاڵاکەی خۆیان.

واتە سیمبۆڵی مانگ و ئەستێرە بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی گەرمی شارستانیەت، وڵاتی سۆمەریەکان و هەر لەوێوە بڵاوبووەتەوە و لای ڕۆمە بێزەنتیەکان بە خەستی بەکارهاتووە و تورکە عوسمانیەکان لە دەستی چوار و پێنجەوە وەریان گرتووە و خستوویانەتە سەر ئاڵاکەیان و ئەمڕۆ دەیانەوێت ئەفسانەیەکی تورکی بێ بنەمای بخەنە پاڵ. لە ڕاستیدا مانگ و ئەستێرە هیچ پەیوەندیەکی بە ئاینی ئیسلامیشەوە نیە و لە سەردەمی نوێدا و دوای هاتنی عوسمانیەکان ووردە ووردە ئەو سیمبوڵە خراوەتە سەر مزگەوتەکان بێ ئەوەی کە موسوڵمانان ئاگاداری ئەوە بن کە سیمبوڵێکی هەزاران ساڵ دێرینی خوداوەندە دێرینەکانی سۆمەری لەسەر مزگەوتەکان بەکاردەهێنێت. هەرچەندە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە مەملوکە موسوڵمانەکانیش لەسەر ئاڵاکەیان ئەو سیمبوڵەیان داناوە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا هیچ گروپێکی ئیسلامی وەک عوسمانیەکان نەیانکردۆتە سیمبوڵی خۆیان و دواییش هەر لە ژێر کاریگەری ئەواندا هاتۆتە ناو ئیسلامەوە.

دیارە بوونی دیاردەی دێرین لە ناو ئایینە نوێکاندا مایەی نەنگی نیە، لەبەر ئەوەی هیچ ئاینێک نیە هەر لە خۆیەوە هاتبێت و دابونەریت و سیمبوڵی ئایینەکانی پێش خۆی وەرنەگرتبێت و زۆر لەو شتانەی کە ئەمڕۆ لە ناو ئایینەکانی کریستیان، جودایی و ئیسلامدا بەدی دەکرێن، بنەچەیان زۆر دێرینترە. بە نموونە نەریتی (وسڵ دەرکردن)، نزیکی شەش ساد ساڵ پێش هاتنی ئیسلام لە ناوچەی بابلی ئەمڕۆدا پەیرەو کراوە و ئەوە لەلایەن سترابۆوە کە چووەتە ناوچەکە، تۆمار کراوە و دوایی ئەو دابونەریتە چووەتە ناو ئاینی ئیسلامەوە. وەک ئاماژەم پێدا ئەمە دیاردەیەکی دەگمەن نیە و هەردوو جەژنە مەزنەکەی ئاینی کریستیان، جەژنی کریسمس و ئیستەر، هیچ پەیوەندیان بە ئاینی کرسیتیانەوە نیە و پاشماوەی ئاینە دێرینەکانن و هاتوونەتە ناو ئەو ئایینەوە و بە دەیان دابونەریتی تری هاوشێوە لە ئاینی کریستیاندا بەدی دەکرێت و کەس نکۆڵی لەو ڕاستیە ناکات. بە درێژایی مێژوو هیچ ئاینێک نیە خۆی بە تەنها توانیبێتی دابونەریتی نوێ دابهێنێت و خۆی بپارێزێت لە دابونەریتە دێرینەکان و هەموویان هەڵبوەشینێتەوە. تەنانەت هەتاوەکو بیست ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی کوردستان ڕۆژانی چوار شەممە دەچوونە سەر شەخس کە ئەوان پێیان وابووە دابونەریتێکی ئیسلامیان بە جێدەهێنا بێ ئەوەی کە ئاگاداری ئەوە بن ئەو دابونەریتە پەیوەندی بە ئایینە دێرینە کوردیەکانەوە هەیە. مەلا قادری ئارمردە نزیکی حەفتا ساڵ لەمەوبەر گلەیی لە موفتی پێنجوێنی و خەڵکی پێنجوێن دەکات کە وەک جاران ڕۆژی چوار شەممان ناچنە سەر شەخس و ئەرکی ئاینیی ئیسلامی خۆیان بەجێناهینن و لە بەشێکی شیعرەکەیدا دەڵێت:
……………………………
داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لە نەمانە
من لەبیرم دێ وەختی منداڵی
عالەم پەشێو حاڵ لەبەر بەتاڵی
بە تۆپێ چاو و یەک تەغار هەرزن
شەقیان هەڵدابوو لە خەفەت خواردن
ڕۆژی چوار شەمووی هەموو بەهارێ
عالەم ئەچوونە سەر شەخس بەجارێ
ئەمڕۆ شەخس و پیر باویان نەماوە
چاڵغی و عود و تار لە ناوا باوە
……………………………….

دیارە گەر داعشانە بیربکرێتەوە، ئەوا دەبێت دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک ئەو سیمبوڵە دابگیرێت و بە تەواوی لە ناو ببرێت، بەڵام گەر واقیعیانە بیربکرێتەوە، ئەوا قبوڵی ئەو ڕاستیە دەکرێت کە ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرێت ئەوا دەردەکەویت هەموو ئاینەکانی ئەمڕۆ پڕن لە بیروبۆچوونی ڕابردوو و ئەم ئاینانەی ئەمڕۆ، لە ڕوخسار و ناوەرۆکدا کاریگەری دابونەریت و ئاینی دێرینیان لەسەرە.

وەک ڕوونکرایەوە ئەستێرە ومانگ نە تورکی نە ئیسلامیە و زادەی ئاینی سۆمەریەکانە و هی سەردەمانێکە کە خەڵک چەندین خودای پەرستووە و سیمبوڵێکی پیرۆزی ئەو سەردەمە بووە. ئەم سیمبوڵە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک و لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر گوێزراوەتەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ لە ناو ئیسلامدا گیرساوەتەوە و تا ڕادەیەک بووەتە سیمبوڵی ئەو ئایینە بێ ئەوەی کە هیچ پەیوەندیەکی بەو ئاینەوە هەبێت جگە لە دەسەڵاتی عوسمانی کە بۆ چەند سەدەیەک بووەتە میراتگری خەلافەتی ئیسلامی و ئەو سیمبوڵەیان خستۆتە سەر ئاڵاکەیان و دوایی خراوەتە سەر مزگەوتی موسوڵمانان. تێگەیشتن لەو دیاردانە بۆمان دەردەخات کە تا چەند ئێمە لە ژێر کاریگەری ئاین و فەرهەنگی دێرینداین و هەتاوەکو چەند لە ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆدا دابونەریتی هەزاران ساڵە لەناوماندا ماوە بێ ئەوەی کە ئاگاداریان بین.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
– وێنەکەی لای ڕاست، بەردە هەڵکەندراوەکەی پاشای سۆمەری (ئورنامو) ە کە تەمەنی نزیکی چوار هەزار و سەد ساڵە و مانگ و ئەستێرەکەی ئەمڕۆی لەسەر دەبینرێت.
– وێنەکەی ناوەڕاست، مەنارەی مزگەوتی محەمەد عەلیە لە قاهیرە.
– وێنەکانی لای چەپ، ئەوەی سەرەوەیان دوو دیوی پارەیەکی ساسانیە و ئەوەی خوارەوەیان دوو دیوی پارەیەکی ڕۆمی تەمەن نزیکی دوو هەزار ساڵە و هەردووکیان مانگ و ئەستێرەیان لەسەر دەبینرێت.

سەرجاوەکان
-Hallo, W.W (2010) The World’s Oldest Literature: Studies in Sumerian Belles-Letteres, Brill, Leiden.
-Monthly crescent (July 2009) Srinagar, New Colony Pulwama, India.
-Pritchard, E.H, Gottschalk, L.R and MacKinney, L.C ( 1963) Foundations of the Modern World, Cambridge University Press, New York.
عرض الترجمة

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …