Home / بەشی مێژووی كورد / ئاشووکانی /تل فخریە

ئاشووکانی /تل فخریە

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

شوێنەواری ئاشووکانی وەکو هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی کوردستان ناوەکەی گۆڕدراوە و کراوە بە تل فخریە. ئاشووکانی لە باشووری شاری کۆبانییە و نزیک کانییەکانی هەڵقوڵانی رووباری خابوورە. لە ساڵی ١٩٤٠ یەکەم گەڕانی شوێنەوارناسیی بۆ کراوە و لە ساڵی ١٩٥٨ ئەنجامەکانی بڵاو کراونەتەوە. لەو گەڕانەدا دوو پەیکەری مرۆڤ دۆزرانەوە ئێستە لە مۆزەخانەی پەیمانگەی ڕۆژەهەڵات لە شیکاگۆ هەڵگیراون. بەڵام هنری فرانکفۆرت ئەو کاتە بایەخێکی زۆری بەو دوو پەیکەرە نەداوە و نووسیویەتی، ئەو دوو پەیکەرە پەیکەرتاشێکی نەزان، دایتاشیون ! نازانرێ تەمەنی ئەو دوو پەیکەرە بۆ کەی دەگەڕیتەوە، ناشتوانرێ لەوەی لە مۆزەخانەی شیکاگۆ نووسراوە تەمەنیان بۆ نێوان ١٣٠٠ تا ١١٠٠ ساڵ پێش زایینە، دڵنیابین. لەبەرئەوەی هیچ پەیکەرێکی دیکەی هاوشێوەی ئەوان لە هەموو شوێنەوارەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا نەدۆزرابوونەوە، بۆیە نەدەتوانرا بەراوردیش لەگەڵ هیچ هاوشێوەیەکی ئەوان بکرێ.

لە نێوان ساڵی ١٩٤٠ تا ئێستە پێشکەوتنی بەرچاو لە زانستی شوێنەوارناسیی چاخی بەردینی نوێ دەستکەوتووە. بەتایبەتی دوای ئەوەی کاثلین کینیون پۆلێنی چاخی بەردینی پێش گڵسازیی کرد (واتا PPN)، لەو کاتەوە لە زۆر شوێنەواری دیکە پەیکەری مرۆڤ دۆزراونەتەوە و تەکنۆلۆجیای ئێستە دەتوانێ تەمەنی ئەو پەیکەرانە بزانێ. بۆیە لێرەدا ڕێچکەیەکی تازەی سەردەمییانە دەگرمە بەر تا بتوانین تەمەنی ئەو دوو پەیکەرەی ئاشووکانی بخەینە بەردەم گفتوگۆی زانستیی.

شوێنەوارەکە ٩ چینی تێدابووە. دوو پەیکەرەکە لە بن دیواری کۆشکیێکی ئاشووریەکان لە چینی٩دا دۆزرانەوە. ئەو شوێنە چاڵێکی ٣ مەتر پان بووە لە لای باکووری گردەکە بووە. هیچ پێکهاتەیەکی خانووبەرە لە نزیک ئەو دوو پەیکەرە نەبووە. کۆنترین پارچەی گڵسازیی ئاشووکانی بۆ سەردەمی چاخی برۆنز دەگەڕێتەوە، بەڵام ئامرازە بەردەکانی لەوێ هەبوون نیشانی دەدەن مرۆڤ لە چاخی بەردیینی نوێ لەوێ نیشتەجێ بووە. ئامراززە بەردەکان لەوانەن پییان دەگووترێ ئامرازەکانی چایونو، واتا هەمان کەلتووری ئەو ئامرازەن لە شوێنەواری چایونو لە باکوور دۆزرابوونەوە و کەمێک جیاوازیان لەگەڵ ئەوانەی لێڤانت و میسۆپۆتامیا، هەیە. لە دیوارەکانی چاخی کانزادا ئامرازی بەردی بچووک و وورد، هەبوون، واتا قوڕی سەردەمی چاخی بەردیینی کۆن ەکە ئەو وردە بەردانەی تێدا بووە بەکارهاتووەتەوە و ئەو دیوارانەی لێ دروستکراوە، بۆیە ئەو ئامرازانە لەو دیوارانەدا هەن.

ئێمە پیمان وایە ئەو دوو پەیکەرە لە تەنیشت دیواری چاخی بەردیین و بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی بوون. ئەو دیوارە تازە نەبووە وەک ئەوەی لە تۆمارەکانی ساڵی ١٩٤٠دا هاتووە. چونکە دیوارەکانی نیشتەجییەکانی دوای ئەوان بە شێوازێکی دیکە دروستکراون و زۆربەی ئامرازە بەردەکان لە چینی ٩ بوون و شوێنی دۆزینەوەیان بە وردیی، تۆمار نەکراوە. هیچ پارچەیەکی گڵسازیی لە نزیکیان نەدۆزراوەتەوە، بۆیە ئەو چینە بۆ سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی دەگەڕێتەوە.

ئەو دوو پەیکەرەی مرۆڤ بە ڕاوەستاوی دروستکراون و هەریەکەیان نزیکەی ٣٠ سانتیمەترە و لە بەردێکی وەکو مەڕمەڕ دەچێ، هەردووکیان پاشماوەی ڕەنگی سووریان لەسەرە. جگە لەوەی یەکیان وەکو مەمکی ئافرەت لەسەر سنگییەتی، دەنا بە گشتیی هەردووکیان وەکو یەکن. یەکەمیان ئافرەتێکە دەستی بە مەمکەکانییەوە گرتووە و دووەمیان پیاوێکە دەستەکانی بەرداوەتەوە و لەسەر بناغەیەکی ٤ سانتیمەتر ئەستوور لە هەمان بەرد، داتاشراوە. لەوانەیە پەیکەرەکەی دیکە هەمان بناغەی هەبووبێ و شکابێ. هەردووکیان حەوزێکی پان و ناوقەدێکی باریکیان هەیە، تەواوی دەست و ڕانیان بۆ دروستکراوە. بڕەبڕەی پشت و هێڵەکانی شانیش نیشاندراون. لەگەڵیاندا، بازنێکی بەردی سوور، ملوانکەیەکی ئێسقان و بازنێکی دیکەی لە بەرد دروستکراو، دۆزرانەوە. بەڵام لە کوێی ئەو شوێنەوارەدا بوون، تۆمار نەکراوە.

دەموچاو و سەری هەردووکیان وەک یەک دروستکراون. قووڵایی چاویش بەردێکی ڕەنگ سەوزێ تێخراوە. ئەو ماددانە لە هەمان شوێنی دۆزینەوەی ئەو دوو پەیکەرە هەبوون. گوێی پان، دەمێکی شێوە لاکێشە ولووتی دریژ و باریک لە هەردووکیاندا هەن. شێوەی لووت و ناوچەوان وەکو پیتی Tن. لەسەر گوێیەکان و ناوچەوان شوێنەواری قیر هەیە، لەوانەیە کڵاویان لەسەربووبێ بەڵام لە ماددەیەکی دیکە دروستکرابێ. جلیان لەبەر نییە، بەڵام لەبەر هەبوونی پاشماوەی ڕەنگی سوور و قیر، دەکرێ ئەوە جلەکانیان بووبێ.

لە ساڵانی ڕابردوودا پەیکەری ئافرەت دەستی بە مەمکی خۆیەوە گرتبێ لە شوێنەواری دیکەی وەکو نەوالی چۆرێ لە باکوور و عەین غەزال لە سووریا دۆزراونەتەوە. هەرچی پیاوە، هەردوو دەستەکانی بەردابێتەوە، لە عەین غەزال و ئۆدیسیا (ئورفە) و گرێ مرازان، لە باکوور و گردی شێخ حەسەن لە ناوچەی بیقاعی لوبنان، دۆزراونەتەوە. لە زۆربەیاندا نواندی دەموچاوەکان لەیەک دەچن و جیاوازییەکی وا لە تەکنیکی دروستکردنیاندا بەدی ناکرێت.

کارامەیی لە دروستکردنی ئەو دوو پەیکەرە وامان لێدەکات تەمەنیان بۆ چاخەکانی کانزا بگەڕێنینەوە، چونکە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا زانستی شوینەوارناسیی هەرئەوەندەی پێدەکرا، نەیتوانیوە چینی دۆزینەوە و شوێنی دۆزینەوەکان بە وردی تۆمار بکات و نەتوانراوە تەمەنیان دیاری بکرێت. بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێ، کە لە شوێنەواری دیکەی چاخی بەردینی نوێ پەیکەری هاوشێوە و بە تەکنیکی بەرز لە چاو ئەو کاتە، دروستکراون، وەکو ئەوانەی لە شوێنەواری گری مرازان دۆزرانەوە بە قەبارەی گەورە سەری شێر و ئاژەڵی دیکە داتاشراون. کەواتە لەو چاخەدا ئەو جۆرە توانا و هونەرە لە مرۆڤدا هەبووە. بۆیە ئەو دوو پەیکەرەی ئاشووکانی دەبێ بۆ هەمان چاخی بەردینی نوێ بگەڕێنەوە.

سەرچاوە: https://www.researchgate.net/…/287197999…

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …