Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچی ئێمەی کورد لە مێژوو دەرس وەرناگرین!

بۆچی ئێمەی کورد لە مێژوو دەرس وەرناگرین!

cqherg3wyaadakj

بێگومان هیچ کەس نیە کە بایه‌خی مێژوو نەزانێت،ئەگەر بڵێین ریشە و رەگ بۆ دارێک چۆنە و چ بایه‌خێکی هەیە،مێژووش بۆ گەلێک ئاوایە،دەتوانین بەم جۆرە پێناسەی بکەین کە مێژوو بەسەرهاتی راستەقینەی گەلێکە کە رەفتار و کردارو بیرکردنەوەی ئەوگەلە بۆ نەوەکانی دوایی ئەم میللەتە دەنەخشێنێت.

 گەلی ئازاش ئەو گەلەیە کە بتوانێت دەرس لە رابردوی خۆی وەرگرێت، بەڵام بۆ ئێمەی کورد نەمانتوانیوە بە پێی پێویست وانە لە رابردوی خۆمان وەرگرین و بەکاری بێنین. لێرەدا من نامهەوێت بچمە قوڵایی مێژووەوە چونکە کورد وتەنی ئەو هەویرە ئاو زۆر هاڵدەگرێت. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەبدەم کە هەر گەڵێک دەبێت بەلانی کەمەوە مێژووی سێ هەزار ساڵەی خۆی بزانێت، بەو مەبەستە بتوانێت بناخەی وڵات و ژیانێکی بەختەوەر بۆ خۆی و نەوەکانی داهاتوی خۆی بنیات بنێت. ئەگەر لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە مێژووی کۆنی گەلەکەیان بە تاڵان بردووین و یان چەواشەکاریان تێدا کردوە. خۆ ئێستا دەتوانین لە مێژووی سەد ساڵەمان دەرس وەرگرین. ئەگەر چاوخشاندێکی خێرا بەسەر ئەو سەد ساڵەدا بخشێنین دەبینین کە زۆر دەرفەتی زێرین بۆ ئێمەی کورد رەخساوە کە ببینە خاوەن وەڵات و کیانی خۆمان بەڵام بەداخەوە بە هۆی خەیانەت و پێکەوە هەڵنەکردن و نه‌زانینەوە بە ئاسانی لە دەست چووە، زۆر جار دەبینین کە رووداوەکان دووپات بوونەوە لە ماویەکی کەمدا، بەڵام چونکە خوێندنەوەمان نەبوە بۆ شکستی پێشوومان و لێکۆڵینەوه‌ و توێژینەوەمان لە سەر نەکردوە دووبارە لە دەستمان داوەتەوە. زۆر دوور نارۆم شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران چندان کەسیان لەیەکتر کوشت و چندین منداڵیان هەتیو و بێ دایک و باوک کرد. سەرەرای ئەو کاریگەریە نیگەتیڤیانەی کە بە سەر کۆمەڵگای کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دا هێنا، هیچ کات ئەوەم بیر ناچێتەوە کاتێک سەرباز بووم بردییانینە کەلاسی عەقیدەتی سیاسی سەرگوردێک هات قسەی بۆ کردین و باسی بیرەوەریەکانی دەکرد کە ئەودەم بە دەرەجەی گروبان دووەمی لە سەردەشت ومەهاباد خزمەتی کردوە، دەیگێرایەوە کە سەرەتا حزبی دێموکرات و کۆمەڵە کاریان بە ئێمە نەبوو، تەنیا کاریان بە بەسیج و سۆپا بوو، دوایی باسی ئەوەی کرد کە من لە گوردانی کیتکە بەرپرسی بەشێک بووم و لە رووبەرووی ئێمە کۆمەڵە و دێموکرات شەڕیان دەکرد، ئێمەش سەیرمان دەکردن و هاوکاری هەردوولایەکمان دەکرد بۆ ئەوەی هاوسەنگی راگرین و شەڕەکە بەردەوام بێت. هەر وەها چەندین بیرەوەری دیکەشی گێرانەوە کە لێرەدا مەجاڵ نابێت باسیان بکەم. دوایی کە بە فەرمانی خومەینی فەرمانی جیهاد دراو هێزە چەکدارەکان ئەودیوی سنووورکران دووبارە کۆمەڵە و ذێموکرات شەرێکی دیکەیان بە دژی یەک هەڵگریساندەوە لە پێناو چی روون نییە. چوونکە کەس نەیتوانیوە توێژینەوەیەکی زانستی لە سەر ئەو شەڕانە بکات یان ئەگەر کرابیشن کرچ و کاڵن. ئەوە دڵۆپێکی بچوکن لەدەریایەک کە تاکوو ئێستاشی لە گەل بێت نەتوانراوە دەرسی لێوەرگرن. هەر چەند هەموومان شاهیدین کە هەر کام لەو پارت و رێکخراوانە بوونە چەند بەشێک و هیچ کام لەوانەش دانوویان پێکەوە ناکۆڵێت لەو باردۆخە زێرینەی کە ئێستا بۆ کوورد رەخساوە،بە جێگای ئەوەی ئەو ئەنەرژی و وزە و پتانسیلەی کە دژی دوژمنی بەکاربێنن دژی خۆیانی بەکار دێنن. ئەگەر ئاورێکیش لە باشووری کوردستان بدەینەوە دەبینین کە ئەوانیش هەر بەم شێوەیە مامەڵەیان لە گەڵ مێژوو کردووە. ئەوە نزیک بە بیست ساڵ دەبێت کە نیمچە ئازادیەک بەدی هاتووە و فەزایەک رەخساوە بۆ ئەو کەسانەی بیانهەوێت دڕکێک لە دەستی گەلەکەیان دەربێنن، بەڵام لەو ماوە زێرینەدا چ کراوە. جارێ باسی شەری ناو خۆیی ناکەم کە بە هەزاران گەنجیان بە کۆشتندا و هەزاران منداڵیان بێ دایک و باوک کرد. بێ ئەوەی دەرس لە مێژووی رابردووی خۆیان وەرگرن. باسی ئەو رێکخراوە سیاسی و سەندیکاو سەنتەرانە دەکەم کە وەک خیز و خۆل زۆر بوون، بێ ئەوەی کارێکی پۆزیتیڤ ئەنجام بدەن و ئەو پارەیەی کە دەدرێیتە ئەوان ئەگەر بهاتبایە خەرجی هەژارانی کوردستان بکرابایە هەموویان لە بەدبەختی و هەژاری دەهاتنە دەرێ، زۆرن لەو رێکخراوە سیاسیانەی کە لە هەردوو بەشی کوردستان هەن کە تەواو هەوڵ و تەقەلایان ئەوەیە کە تەنیا دەیان هەوێ ژمارەی هۆگران و ئەندامانیان زیاد بکەن، بە بێ ئەوەی بیان هەوێت ئەو راستیەیان لە بەر چاو بێت کە ژمارەی زۆری لایەنگران وئەندامان بە بێ ئەوەی کە رێباز و ئامانجی ستراتیژیان هەمووان یەک بێت هیچ بایخێکی نییە، بەڵکو سەدان زیانی لێدەکەوێتەوە وەکو ئەوەی تاکو ئێستا بە چاو دیتۆمانە. خەڵک لە خۆ خڕکردنەوە شتێکە و بە دوای چارەسەرکردنی بەدبەختی گەلێک شتێکی دیکەیە، وەدوای هەوا و هەوەس کەوتن، وەدوای قازانجی خۆ کەوتن شتێکە، بەردی قورسی چارەرەشی لە سەر سێنگ و شانی گەلێک لابردن شتێکی دیکەیە. ئەوەی گرینگە و پێویستە باسی بکەم ئەوەیە کە دەبێت ئیزن بە مێژوو نووسان بدرێت کە راستیەکان وەک خۆی باس بکەن. شتە چاکەکان وەک خۆی بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بۆ چاک بوون هان بدا و شتە خەراپەکانیش بە هەمان ئاراستە و بەچەشنێک بدوێن کە خراپیه‌کان و ناراستیه‌کان بێ ئەمەگان وا تێک بشکێنن کە هیچ بە شەرێک نە وێرێت بۆ لای خەراپە بروات،وەک شمشێر بیبرێت و وەک تەرازو میزان بێت. بەم شێویە دەتوانرێت کە چرایەک بۆ رێگە تاریکەکانی کە لە ژیاندا لە پێشمانن هەڵکەین وە بۆگەیشتن بۆ ئەومەبەستە دەبێت ئاڵ و گۆرێکی بنەرەتی لە بیر و ڕاکانماندا بەدی بێت دەنا ئێمە ئەوەی هەین هەر هەین،ئەگەر سەد رژیمی دیکەش بێت و بگۆرێت.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …