Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / فەلسەفەو مێژووی نەورۆز

فەلسەفەو مێژووی نەورۆز

فەلسەفەومێژووی نەورۆز

1458055886193

فەلاح شەریف

ھەندێک نەورۆز دەگێڕنەوە رۆژی لەدایکبوونی بۆ زەردەشتی پێغەمبەری کوردان لە یەکەمین شەممەی مانگی یەکەمی ساڵی 1767ی پێش زایین

لە کوردەواریدا، بەرچاوترین رووداوی سروشتی و گۆڕانکاری لە وەرزەکان کە گیان و رۆحێکی تازە بە بەر سەرلەبەری ژیان و دەشت و دیمەندا دەکرێتەوە، ھاتنی نەررۆز و ساڵی تازەیە. سەردەمی بەفر و سەرما بەسەر چووە و سەردەمی پشکوتنی دار و دەشتەکان دەستی پێکردووە و جووتگیریی گیانلەبەرەکان بە شێوەیەکی سروشتی دووبار دەبیتەوە و ژیانی مرۆڤیش پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە کە ئەم گۆڕانە وەکوو دەسپێکی دووبارەی زەمەنی چوار وەرزی ساڵە و ھەر ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی بیر لە دانانی کات و دیاریکردنی رۆژ و وەرز و ساڵەکان بکرێتەوە.
کۆمەڵناسان لەو بڕوایەدان کە دیاریکردنی دەسپێکی ساڵ، لەنێو نەتەوە و گرووپ و قەومە کۆنەکانی سەردەمی کشتوکاڵی، لەگەڵ کۆکردنەوەی دەغڵ و دان و چێنراوی رابردوو بووە و بەم شێوەیە ئەم دەسپێکە لە زۆربەی وڵاتان و ئایینەکاندا، لە سەرەتای رۆژانی پاییز، یان زستان و یان بەھاریشدا بووە.
لە رۆژھەڵاتی ناڤین و کوردستان و ناوچەکانی ئێران و دەوروبەری ئێرانیش، لەگەڵ گۆڕانی گەردووندا ئەم دەسپێکە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە.

کاتی نەورۆز
جەژنی نەورۆز لە کاتی نێوەندەی بەھاریدا دەست پێدەکات. لە زانستی ئەستێرەناسیدا، نێوەندێتیی بەھاری لە نیوەگۆی باکووری زەوی، بەو کاتە دەگوترێت کە خۆر لە ھێڵی ئیستیوای زەوی تێدەپەڕێت و روو لە باکوور دەکات. بەم چرکەساتەش، چرکەساتی یەکەمی کەلووی کاوڕ دەگوترێت و لە رۆژژمێری کۆچی ھەتاویدا بە یەکەم رۆژی (ھورمز رۆژ یا ئورمزد رۆژ) لە مانگی یەکەمی بەھار ھاتووە. ھەروەھا نەورۆز لە رۆژژمێری زایینیدا، یەکسانە بە 21 و 22ـی مارس.

وشەی نەورۆز
وشەی نەورۆز، وشەیەکی لێکدراوە کە پێکھاتووە لە (نەو) بە واتای نوێ دێت و (رۆز) کە جار جارە بە (روز)ـیش ناو دەبرێت، بە واتای رۆژ دێت کە بە ھەردووکیان رۆژی نوێ پێکدێنن. لە لاتینیشدا بەشی یەکەمی وشەی نەورۆز بە (No،Now،Nov،Naw) و بەشی دووەمیشی بە (Ruz، Rooz، Rouz) دێت و بەسەر یەکیشەوە بەم شێوەیە دەنووسرێت (Nowruz). ئەم شێوە نووسینەی وشەی نەورۆز (نەوڕۆژ) تاکوو ئێستاش لە نووسینەکانی یونسکۆ و زۆرێک لە دەقە سیاسییەکانی جیھاندا بەکار دەبرێت.

مێژووی نەورۆز
سەبارەت بە بوونی نەورۆز و مێژووەکەی، روانگەگەلی زۆر ھەن کە دەشێت ھەریەکەیان بایی خۆی بەھێز و راست بن و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت چیرۆک و گێڕانەوە و ئەفسانە بن و نەبنە سەرچاوەیەکی راستی بۆ سەلماندنی رووداوێکی مێژوویی.
لە ھەندێک دەقی کۆنی وەکو شانامەی فیردەوسی و مێژووی تەبەری و ھەندێک وردە دەقی کۆنی دیکە، (کەیوومەرس) وەکو بنەمادارنەی نەورۆز دەناسرێت. ھەندێک لە گێڕانەوە مێژووییەکانیش، نەورۆز دەدەنە پاڵ بابیلییەکان و ھەندێکیش دەیگێڕنەوە بۆ زەردەشتی پێغەمبەری کوردان کە یەکەمین شەممەی مانگی یەکەمی ساڵی 1767ی پێش زایین لەدایک بووە، بۆیە ئەو رۆژەیان بە نەورۆز نێودێر کردووە.
لە کتێبە ئاسمانییەکانی وەک قورئان، ئاڤێستا و تەوراتدا ھاتووە کە یەزدان دنیای لە شەش رۆژ ئەفراندووە و گەلانی ئاریایی باوەڕیان وابووە کە ئەم ئەفراندنە، لە رۆژی یەکەمی ئەو مانگەی ئەنجام داوە کە رۆحەکان لە ئاسمان بۆ سەر زەوی ھاتوونەتە خوارەوە و ئەم مانگەش ناوی (فرووھەر) بووە و ئەم رووحانەش دەگەڕێنەوە بۆ نێو کەسوکاریان و ئەو میواندارییەش دە رۆژان دەخایەنێ، بۆیە خەڵک لەم رۆژانەدا ماڵەکانیان خاوێن دەکەنەوە، جلوبەرگی نوێ دەپۆشن و بۆن و بەرامەی خۆش بەکار دێنن و ماڵەکانیان بە شینایی و گوڵ، حەیران و سیاچەمانە و لێوڕێژ لە شادی و خۆشی دەکەن، بەڵام لە ئاڤێستادا (بەلانیکەمەوە لە گاتاکاندا) ناوی نەورۆز نەبراوە، بەڵام باسی “جەم” کراوە کە خاوەن فرەئێزدی بووە ‌و بە فەرمانی ئەھورامەزدا لەگەڵ ئەھریمەن جەنگاوە ‌و بە لەنێوبردنی، سەوزایی بۆ سروشت گەڕاوەتەوە و رۆژگارێکی نوێ دەستی پێکردووە، بۆیە پێیانگوتوە (نەورۆز).
ھەروەھا ھەندێ پێیان وایە کە یەزدان لە یەکەم رۆژی بەھار مرۆڤی خولقاندووە، بۆیە مرۆڤ بۆ سوپاس و رێز و حورمەتی خوڵقێنەرەکەیەوە ئەم رۆژەی کردووەتە جەژن و ناوی لێناوە نەورۆز.
شا ئیسماعیلی سەفەوی رۆژی 11ی مارسی ساڵی 1502 واتە نۆ رۆژ بمێنێ بۆ سەرەتای بەھار، نەورۆزی کردە رۆژی پاشایەتیی خۆی. شا عەباسی سەفەوی لە ساڵی 1597 نەورۆزی لە کۆشکی (نەخشی جیھان) پیرۆز کرد. 
پێغمبەر ئیبراھیمیش کە دەڵێن لە ‌کوردستاندا ژیاوە،‌ نەورۆزی بە ‌ھەلێک زانیوە بۆ شکاندنی بتەکان، چونکە لەو کاتەدا پادشا و ژێردەستەکانی بۆ سەیران روویان لە دەرەوەی شار کردبوو.
سەرەڕای ھەموو ئەم روانگانە، بەگشتی نەورۆز بۆنەیەکی نیشتمانی، مێژوویی، ھاوبەشی گەلانی ئاریایی نەژادە و زۆربەی ئەو نەتەوە و وڵاتانە کە بەڕێوەی دەبەن، وەک بەشێک لە فەرھەنگی نەتەوەیی خۆیان لێی دەڕوانن.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …