Home / بەشی مێژووی كورد / سەرەتای هزری ناشیۆنالیزمی کوردی،گواستنەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی بۆ نەتەوە

سەرەتای هزری ناشیۆنالیزمی کوردی،گواستنەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی بۆ نەتەوە

سەرەتای هزری ناشیۆنالیزمی کوردی،گواستنەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی بۆ نەتەوە

FB_IMG_1488102507611

مەجید ساڵح
مێژوونوسی بەناوبانگی ئەمریکی کارل تون جوزیف هانتلی هایز. بۆچونێکی تایبەتی هەیە سەبارەت بە گواستنەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی بۆ نەتەوە؛ هایز پێی وایە ئەو پرۆسەیە بە یەکێک لەم رێگایانە یان چەند دانەیەکیان پێکەوە، روو دەدات:
١. ملکەچ پێکردنی هەندێ لە خێڵەکان لە لایەن فەرماندەیەکی بەهێزی سەربازی و ناچارکردنیان بەوەی لە کۆنفیدرالیەتێکی سیاسیدا یەکبگرن، لەو یەکگرتنەدا شانشین یان ئیمپراتۆریەتێکی سەربازی دروست دەبێ.
٢. سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ئاینی لە ناو خێڵێکی دیاریکراودا و دواتر بڵاوبونەوەی ئەو ئاینە لە ناو خێڵەکانی دیکەدا، بەمە خێڵەکان دەبنە خاوەنی بیروباوەڕ، عیبادەت، نەریت ، یاسا، سیستم، لە کۆتایدا کلتوری هاوبەشی یەکگرتو دروست دەبێ.
٣. سەرهەڵدانی نووسین یان زمانی نووسین، ئەم شێوازەیان گرنگترین رووداوی مێژووییە. بەکارهێنانی شێوەیەک لە شێوەکانی نووسین بە واتای سەرهەڵدانی مێژووی نوێ و دابڕان لە پێش مێژووی، لەم رێگەوە یەکێتی بیروباوەڕ لە نێوان رۆشنبیران و خوێندەواراندا دروست دەبێ و لە سنوری خێڵەکاندا یەک کلتوری هاوبەش پەیدا دەبێ.
٤. هۆکاری ئابوری، خێڵ بۆ خۆی یەکەیەکی ئابوری سەربەخۆیە، پێداویستییەکانی خۆشی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی شمەکەوە دەست دەکەوێت یان لە رێگەی پەلاماردان و شەڕەوە. بەڵام بە هۆی پێشکەوتن و داهێنانی کەرەستەکانی بەرهەم هێنانی کشتوکاڵی، بارودۆخی ئابوری پەرە دەسێنێت و سنوری خێڵەکانی دەبڕی، بەمەش ئیمپراتۆرییەکان سەریان هەڵدا.( ندیم البیطار، ، ص ١٢-١٣(.
  هەرچیەک بێت کۆمەڵگای کوردی تا ئەو کاتەی ئینگلیزەکان دەگەنە کەرکوک و سلێمانی، کۆمەڵگایەکە بە دەگمەن بەرکەوتەی لەگەڵ دونیای مۆدێرندا هەبووە، لەو تاک و تەرا ئەفسەر و تەکنۆکراتانە بترازێ کە لە ئەستەمبوڵ و تورکیای عوسمانیدا ژیاون، کۆمەڵگاکە لە دابڕانێکی رەهادا ژیاوە. سەرۆک خێڵێک وەک رانەمەڕ خێڵەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بەوە هەم ژیانی خۆی لای (باب العالی) مسۆگەر کردووە و هەمیش درێژەی بە دەسەڵاتەکانی خۆی داوە، پیرەمێرد لە شانۆگەری «نمایشێکی تەمسیلی راستی تەئریخی لەم وڵاتەی خۆماندا روویداوە» کە لە ساڵی ١٩٤٣دا نووسیویەتی، لە زاری مەحمود ئاغا، یەکێک لەو سەرۆک خێڵانەوە کە بە حساب لە هەمویان رۆشنبیر تر و دونیا دیدە ترە، دەڵێ:
«ئێستا من کە مەوقعێکی بڵندی عەشیرەتی و حوکومەتیم هەیە، پێم ناکرێ هەوڵی ئیسڵاحی ئەم قەومە بدەم و ئەگەر راستیشت دەوێ، بۆ ئیشم دەست نادا، چونکە ئەم خەڵکە ئەگەر تێگەیشتوو بن، بۆ من دەست نادەنە تفەنگ و بۆم بچن بە گژ لەشکری دوژمنی مندا و ئەم خاکەی ئێمەش خوا ئاوەکەی وا بۆ ڕشتوە هەموو عەشایر دوژمنی یەکین. لەبەر ئەوە بۆمان ناکرێ ئەم ئەهالیە سەوقی سەر خوێنەواری بکەین و لە دەست خۆمانی بکەینەوە». (محەمەد مەلا کەریم، ل ٧٣.)
)لازاریف)یش پێی وایە لە سەرەتای هاتنی ئینگلیزەکان بۆ کوردستانی جنوبی، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، جگە لە لایەنە مێژوویەکەی، لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگای کوردیش وەک پێویست نەڕەسکابوو. تەنانەت ئەو کارەکتەرە سەرەکیانەی کە دەبوو رۆڵی بەرچاو بگێڕن بە پێی پێویست نه‌بوون:
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، رێبەرایەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و خواستەکانی گەلی کورد بە دەستی دەرەبەگە عەشایرییەکانەوە بوو، بورژوایی کوردیش لەو سەردەمەدا تازە دەردەکەوت و لە بازرگانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەچوون و هیچ رۆڵیکی سیاسی بەرچاویان نەبوو، لە هەمانکاتدا ئەو رۆشنبیرانەی کە دەبوو لە کوردستانی جنوبی و رۆژهەڵاتدا کاری سیاسی بکەن بە پیشە، لە ریزی نەبوواندا بوون.( م.س. لازاریف، ص٨١).
بە هاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەکە و نەمانی هەژمونی عوسمانی لە باشوری کوردستان سەرۆک خێڵەکانی کورد توشی جۆرێک لە شڵەژان و ترسی لەدەستدانی نفوزی کۆمەڵایەتی و سیاسی ببون، تەنانەت لە ناو خێڵەکانیشیاندا وەک جاران دەست ڕۆیشتوو نەبوون. سافرستان کە بەوردی توێژینەوەی لە سەر کۆمەڵگای کوردیی کردووە، لەو بارەوە دەڵێ:
«سەرکردەی کوردەکان  بینییان دونیا بەرەو سەنترالیزمی نیشتمانی دەچێ و پەشێوییەکی زۆر جیهانی گرتوەتەوە، لەوە تێگەیشتن چیتر سیستمی خێڵایەتی پەسەند نییە و گەر ئەو سیستمە کۆنە بەردەوام بێت، ئەوا هەمویان دەفەوتێن»( ارشاک سافرستان، ص ١٣١).
کوردستان بۆ کوردە
کاتێک مێجەر نوئێل دەکرێتە حاکمی سیاسی کوردستان، لە گرنگی رۆڵی سەرۆک خێڵەکان تێدەگات بۆ ئەوەی پرۆژەکەی جێبەجێ بکات، بە گەیشتنی پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی سەرۆک خێڵەکاندا دروست دەکات و دڵنیایان دەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک نایەوێت بێگانەیان بەسەردا بسەپێنێت و هانیاندەدا لە نێو خۆیاندا یەکێتییەک دروست بکەن. نوئێل جگە لەوە هەمو فەرمانبەرە تورک و عەرەبەکانی دەرکرد و لە جێگەیاندا کوردی دامەزراند، بڕیاریدا هەر سەرۆک خێڵێک بەرپرس بێت لە خێلەکەی خۆی و سەرۆک خێڵەکەش وەک فەرمانبەری حکومی لە قەڵەم بدرێت. هەموشیانی لە ژێر چاودێری ئەفسەرێکی بریتانیدا دانا. دواتر دروشمی «کوردستان بۆ کوردە»ی کرد بە بەرنامەی خۆی،( د. ولید حمدی، ص ٤٩. (ئەم دروشمە جێگەی دڵخۆشی هەموان بوو، ئاهێکی بەبەردا هێنانەوە. دواتر بۆ رزگار کردنیان لە برسێتی، خۆراک و دانەوێڵەی بەسەر خەڵکدا دابەش کرد. ئەم کارانەی مێجەر نوئێل وای کرد سەرۆک هۆزەکانی کورد هان بدرێن بۆ چونە ناو ئەو یەکێتییەی کە ئەو دەیویست لە نێو خێڵە کوردەکاندا دروستی بکات. دوای دڵنیا بوون لەوەی پشتیوانی بەشی زۆری سەرۆک خێڵەکانی بەدەست هێناوە، نوئێل داوای لە حاکمی سیاسی عیراق کرد سەردانی سلێمانی بکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەرپەرشتی کۆبونەوە گرنگەکەی ماڵی شێخ مەحمود بکات کە تێیدا سەرۆک خێڵەکان بەیعەتیان بە شێخ مەحمود دا:
«لە ١ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩١٩ ویڵسن حاکمی مەدەنی بریتانیا لەگەڵ مێجەر نوئێل حاکمی سیاسی بریتانیا لە سلێمانی لە ماڵی شێخ مەحمود بە ئامادە بونی زیاتر لە ٦٠ سەرۆک خێڵی کوردستانی باشور، کە لە نێویاندا نوێنەری خێڵە کوردەکانی کوردستانی ئێران لە سنە و سەقز و هەورامان هەبوون، کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا. سەرجەمیان وەک حوکمداری کوردستان پشتیوانیان لە شێخ مەحمود کرد و لە سەر کۆنفدرالیەتی خێڵەکان رێک کەوتن.
 حاکمی مەدەنی بریتانیا وتووێژێکی دورودرێژی لەگەڵ شێخ مەحمودا کرد و هەڵوێستی بریتانیای سەبارەت بە سەرۆک خێڵە کوردەکان بۆ شی کردەوە، بۆی دەرکەوت هەستی نیشتمانی لە لای کوردەکان زۆر بەهێزە، کوردەکان بە دەست تورک و روسەکانەوە ئازاری زۆریان چەشتووە و هەمویان کۆکن لەسەر ئەوەی رێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە رێگە بە گەڕانەوەی تورکەکان بدات».(د. ولید حمدی، ص ٤٩).
وەڵامدانەوەیەکی ئیجابی خێرای بەدوادا دەهات
ئەو هەنگاوەی ئەو سەرۆک خێڵانەی کورد لەو کاتەدا، ئاستی ململانێی خێڵەکان و دابەشبونی کۆمەڵگا لە سەر ئەساسی عەشیرەتگەری گواستەوە بۆ ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و هەمبەستەگی نەتەوەیی، کە نەوەی پێش خۆیان نەیانبوو، لەو کاتە بەدواوە هەر بانگەوازێکی نەتەوەیی لە لایەن هەر نوێنەرێکی کوردەوە بهاتبایە، وەڵامدانەوەیەکی ئیجابی خێرای بەدوادا دەهات، هەرچەندە لە رووی شكڵەوە هێشتا بزوتنەوەی کوردایەتی وەک پێویست بە یەکگرتویی دەرنەدەکەوت، بەڵام نەدەکرا ئەو گوڕ و تینە شاراوەیەی لە خۆیدا هەڵی گرتبوو، لەبەرچاو نەگیرێت. ( ارشاک سافرستان، ص ١٥٨).
بەڵام ئەو تێڕاوانینە گەش بینیەی نوئێل چەند کۆسپ و تەگەرەی هاتە پێش و رێگر بوون لەوەی پێشکەوتنی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی بەو شێوە خێرایەی کە ئەو دەیویست، بەردەوام بێت، زاڵ بونی کلتوری خێڵەکی و پێکەوە هەڵنەکردنیان لە گەڵ یەک وای کردبوو ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی زۆر لاواز بێت. ئەرشاک هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ:
«نەبونی رایەڵەیەکی گشتی بۆ گشاندنی کلتوری نیشتمان پەروەری لە ناو خەڵکدا، نەبونی کەرەستەی پێویست بۆ دەربڕینی سۆزی نەتەوەیی. ناکۆکی لەسەر شتی پڕوپوچ بەشێکی دانەبڕاو بو لە ژیانی کوردەواری، هەندێ جار ئەو ناکۆکیە بە دیدارێکی رووبەڕووی چەند دەقەیی چارەسەر دەکرا، بەڵام هەندێ جاریش خوێن دەڕژا و دوژمنایەتی درێژخایەن دەکەوتە نێوانیان و لە نەوەیەکەوە دەگوازرایەوە بۆ نەوەیەکی دیکە..»( ارشاک سافرستان، ص ١٠٤.)
مستەفا پاشا یامولکی لەسەر ئەم مەسەلەیە وەستاوە و وێنەیەکی کەم تەرخەمی و گوێنەدانی خەڵک و ئەم جۆرە ناکۆکیانەی ئەو سەردەمەمان بۆ دەخاتەڕو، ئەو روو دەکاتە خەڵکەکە و بەم شێوەیە رەخنەیان لێ دەگرێ :
«ئەی ناس، ئەی برادەرانی کوردانم، لە ئەوەڵ نوسخەی (بانگی کوردستان)دا لە پاش سەلام بەعضێ قسە بۆ ئینتباهتان جەسارەتم کردبوو، وام دەزانی کە لە ئەو قسانە، کە لە ئەو رموزانە ئینتباهێکتان بۆ حاصڵ بووە. وا ئەسەف هیچ تاپیری پەیدا نەبوە حیرصی جاه و حەسودی، سەعی و کۆشش تەنها بۆ مەنفەعەت ذاتی هەر دەوام دەکا. ئایا مەحبەت و قەومی و وەگەنی وا دەبێ؟ لە پاش خۆتان بۆ ئەولاد و ئەحفاتان تیذکارێکی چاک بەجێ بێنن، لە پاش مردنتان فەرزەندان وەگەن رەحمەتێکتان بۆ بنێرن، لە سەر قەبرەکانتاندا بە ئەسپایی و بە سەلام و تەعظیم پێ هەڵبنێن، ئەولادەکانتان بە عەزم و کرداری ئێوە خۆشحاڵ خۆ بەرزی بنوێنن، ئەوانیش هەر ماڵ و ئەو ماڵ نەگەڕێن، هەر بە توتن کێشان و نۆشینی چای خاوەن مردو مەشغوڵ نەبن، فیکری تەحصیلی علم بکەن. دونیا تێ بگەن تا لە مەجالیسی مەدەنییەتدا ئثپات مەوجودیەت و مەدەنییەت و بە سەربەستی ئیظهار ئەفکار و مەعنەوییات بکەن. تاکەی بۆ چاکی و تەرەقی وەطەن دەنگ نەکرێ؛ هەر بەحثی لیرە و کولێرە، هەر قصەی توتن و کەتیرە بکرێ. هەر دەفتەری  خصومەت و جەهالەتی پێشومان بخوێنرێ»(مستەفا پاشای یامولکی، بانگ کردستان ژمارە ٣).
شان بەشانی ئەم هەنگاوانەی کە سەرۆک خێڵەکان ئەنجامیان دەدا، نوخبەی رۆشنبیری کوردیش دەستەوەستان دانەنیشتبون، ئەوانیش لە ژێر کاریگەری ئەو بزوتنەوە نەتەوەییە چالاکەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە باکوری کوردستان و ئەستەمبوڵی پایتەختی عوسمانی سەری هەڵدابو، لە هەوڵ و تەقەلاکانیان بەردەوام بوون.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …