Home / بەشی مێژووی كورد / میراتی بەریتانیاو پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەعێراقدا (١٩١٨ – ١٩٢٦): گرنگیی “مەسەلەی موسڵ”

میراتی بەریتانیاو پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەعێراقدا (١٩١٨ – ١٩٢٦): گرنگیی “مەسەلەی موسڵ”

زەینەب ئەریکانلی
زانکۆی گەڵەتەسەرای – ئەستەمووڵ

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

*  سەرنج:

زەینەب ئەریکانلی یاریدەدەری پرۆفیسۆرە لە زانکۆ ی گەڵەتەسەرای لە ئەستەمبووڵ و تویژەر و مامۆستای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لەو زانکۆیە. دوو بڕوانامەی ماستەری لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ لەم بوارەدا هەیە و ساڵی ٢٠١٦ هەر لەم بوارەدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٠ ئەم باسە بەپێز و زانستییەی لە سەر مەسەلەی کورد و مەسەلە مێژووییەکانی ویلایەتی مووسڵ بڵاوکردووەتەوە، لەو دەمەدا کەوا کەمێک کرانەوەی سیاسیی هاتبووە ئاراوە لە تورکیادا بە ئاڕاستەی جۆرە چارەسەرێک بۆ مەسەلەی کورد. ئەمەش بەڵگەیە کەوا لەو وڵاتەدا هەموو تورکێک ناسیۆنالیستێکی پەڕگر و توندڕەو نیە و پێموایە ئەم توێژەرە گەنجە تورکە یەکێک بێت لەوانە و نموونەی زۆری تری لەم چەشنە پێشتر و ئێستاش هەن.
وەرگێڕ

*  تێبینی 

 لە خوێندنەوەی ئەم باسەدا هەندێ وشە و دەستەواژە دەبێنرێن کە تێرمینۆلۆجیی سەردەمی خۆی بوون، بەتایبەتی دوو تێرمیان:
–  ناوچە یان خاکی داگیرکراو Occupied territory  تێرمێکی یاسای نێودەوڵەتییە بۆ عێراق (یان هەر وڵاتێکی تر) لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و دواتر تا ساڵی ١٩٢١، ئیدارەدانی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەریتانیاوە بوو. ئەم تێرمە بە مانا یاساییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣شدا هاتە ئاراوە کاتێ ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ماوەیەک ڕاستەوخۆ جڵەوی حوکم و ئیدارەدانیان لە عێراقدا گرتەئەستۆ.
–  میسۆپۆتامیا   Mesopotamia ، جاران لە ئەدەبیات و نووسینی بەریتانی و نێودەوڵەتیدا بەم وڵاتەی ئێستای عێراق دەوترا میسۆپۆتامیا، کە وشەکە رەگێکی یۆنانیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری گەشت و تێپەڕینی زینۆفۆنی یۆنانی بەم وڵاتەدا و بە مانای وڵاتی نێوان دوو ڕووبار دێت و بێجگە لە ئێستای عێراق ناوچەکانی حەوزی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتیشی دەگرتەوە لە ئێستای سووریا و تورکیادا. بەڵام بەزۆری تێرمەکە بۆ ئێستای عێراق بەکاردەهێنرا.
–  کەرت، بەش، هەرێم یان ناوچە division ، لە کاتی داگیرکردن و حوکمی ڕاستەوخۆی بەریتانیا بۆ ئەم وڵاتەی میسۆپۆتامیا (عێراقی دواتر)، لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و دواتردا، هەر یەکەیەکی ئیداری کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی حوکمی دەکرد بە ناوی کەرت و بەشەوە division دەناسرا، وەک کەرتی بەسرە، ناسرییە، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، مووسڵ تاد. ئەم کەرت و بەشانەش دواتر بوون بە بناغە بۆ دروستکردنی یەکە ئیدارییەکانی عێراقی دوای ١٩٢١، کە لیواکانیان دەسنیشان کرد، بەڵام هەندێک بەش یان کەرتی سەربەخۆ لێکدران وەک حاڵەتەکەی کەرتی خانەقین کە لەگەڵ باقووبە لەیەکیاندا و لیوای دیالەیان لێدروستکرد.
–  کوردستانی باشوور یان باشووری کوردستان Southern Kurdistan: دەستەواژە یان تێرمێک بوو لە  ئەدەبیات و نووسراوە نێودەوڵەتییەکاندا و بەتایبەتی لای بەریتانییەکان بۆ ئەو بەشەی کوردستانی عوسمانییان بەکاردەهێنا کە دەکەوتە خوار ویلایەتی دیاربەکرەوە و دواتر بەشی زۆری خرایە سەر دەوڵەتە تازەکەی عێراق، پاش ئەوەی لە کۆنگرەی مارتی ١٩٢١دا بەریتانییەکان بڕیاریان لە سەردا.
وەرگێڕ

کورتەیەک

مەبەستی ئەم باسە لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی بەریتانیایە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ١ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا، کاتێ کە هەردوک ناسیۆنالیزمی کوردی و دەوڵەت – نەتەوەی (یان دەوڵەتی نەتەوەیی) عێراق لە قۆناخی دروستبوون و پێکهاتنیاندا بوون (ئەگەر نەشڵێین قۆناخی ساوایی. لەم مەسەلەیەدا دوو ئارگومێنتی تێکهەڵکێش و بەیەکەوە گرێدراو هەیە: یەکەم، سیاسەتەکانی بەریتانیاش لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا هەر لە قۆناخی فۆرمەلە و پێکهاتندا بوو لە میانەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیۆپۆڵەتیک و نەخشەکێشانەوەی سنوور کە نیزام یان ئۆردەری نێودەوڵەتیی نوێ پێویستیی پێیانە. دووەم، ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵدا بەپێی تێڕوانینی سیاسەتەکانی بەریتانی   پەرەیسەندووە و بووە بە کارتێکی براوە و تەحەدایەکیش بۆ دانیشتووانە کوردەکە. من مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەم کەوا ئەم دووفاقییە بووە بە مۆرک و کاراکتەری سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە شکڵبەندیی داهاتوویدا لە عێراقدا بەتایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی. ئەم دوالیزمە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوو لە قۆناخی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا و مۆری فرەیی و گۆڕانکاریی گەورەی پێوەنا بە هۆی ئەو دوودڵی و گومانانەی قۆناخی دوای جەنگ هێنابوویە ئاراوە و پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ سەرەتا نوێکانی سیستەمی نوێی جیهانی و کێبڕکێی نێوان ئیدارەکاندا inter- departmental . ئەم فرەیی و لادان و چاوبەستییە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقدا دەرکەوت، بەتایبەتی لە پێش چارەسەر و بەلاداخستنی مەسەلەی مووسڵدا، ئەو ویلایەتە کۆنەی دەوڵەتی عوسمانی کە ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی دانیشتووانی کوردی لەخۆدەگرت. بە واتایەکی تر، ئەوە ویلایەتی مووسڵ بوو لەم ماوەیەدا (١٩١٨ – ١٩٢٦) کە سەرلەنوێ سیاسەتەکانی بەریتانیای سەردەمی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمی داڕشتەوە بە هەموو هەڵبەز و دابەزەکانیەوە.
وشە سەرەکییەکان: سیاسەتەکانی بەریتانیا، عێراق [میسۆپۆتامیا]، کورد، ناسیۆنالیزمی کوردی، سیستەمی ماندێت، ماندێت، مووسڵ [مەسەلە یان کێشەی مووسڵ].

پێشەکی

 ماوەی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم هەڵوەشانەوەی نەمسا – هەنگاریا و عوسمانیی بەخۆوە   بینی و هەروەها بەدوایشیدا گواستنەوەیەک لە قەوارەی زل و قەبەی فرە نەتەوە و رەگەزەوە بۆ قەوارەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی. لە دۆخ و سیاقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم گواستنەوەیە، لە نێو ژمارەیەکی زۆری گۆڕانکاریی تردا، ئەوەشی گرتەوە کە نەخشەی ناوچەکە وادانرا کە سەرلەنوێ بە پێی بناغە و پرەنسیپی نەتەوەکان، بە سنووری تاڕادەیەک وشک و ڕەق و ئەمەش بە ڕادەیەکی گەورە نامۆ بوو بە هەرێم و ناوچە ئیسلامییەکان. لەم سیاقەدا ناسیۆنالیزمی کوردی تەحەدایەکی گەورەی پێکهێنا بۆ هەردوو هێزی ماندێت (واتە فەرەنسا و بەریتانیا) کە دەبوو سیاسەتەکانی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێدا، کە مۆرکی بڕیاردان لە مافی چارەنووس و دەوڵەتانی تازە دامەزراوی لەخۆگرتبوو (بۆ نموونە تورکیا، سووریای ژێر ماندێتی فەرەنسا و فەلەستین و عێراقی ژێر ماندێتی بەریتانیا).
هەڵبەت تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی کوردی یان بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، کە بەرەنجامی ڕاستەوخۆی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو و بەرەنجامی هیچ جەنگێکی سەربەخۆیی نەبوو دژ بە داگیرکردن و مەسەلەی بەرهەڵستیی کۆڵۆنیالیزمیش نەبوو، بەڵکو ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و تەحەدایەک بوو بۆ ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تازە دروستکرابوون یان دامەزرابوون. لەو دۆخ و سیاقەدا کەوا کۆمەڵگەی کوردی نیشتەجێی خاک و ناوچەکانی کۆنی عوسمانی کە ئێستا بوون بە دەوڵەتی جیاجیای ژێر ماندێت (ئینتیداب)، ناسیۆنالیزمی کوردی وەک جووڵانەوەیەک پەرەیسەند بە ئامانجی یەکخستنی خەڵکە پەرتکراو و دابەشبووەکەی لە ناو یەک دەوڵەتی نەتەوەییدا. بەم پێیە، دەوڵەتی نەتەوەیی نەک هەر نەبوو بە شانۆی ململانێی کورد بەڵکو بوو بە مەسەلە هەرە سەرەکییەکەی و پرۆسەی چارەسەری “کێشەی مووسڵ” بەرجەستە و گەڵالەکردنی مەسەلە سەرەکییەکان بوو لەم ماوەیەدا کە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بوو. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا “هێشتا ڕوون نەبوو کەوا مووسڵ دەبێتە بەشێک لە عێراق”٢. بەم مانایە بێت، ئەوە “مەسەلەی مووسڵ، خاڵی کێشە و ناکۆکی بووە لەبارەی هێڵی پوخت و تەواوی سنووری نێوان تورکیا و عێراق بووە (واتە) لەبارەی خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵەوە”٣. بە مانایەکی فراوانتر، ئەمە پرسێکی “سنوور و خاوەندارێتی” بووە لە ناو سیستەمی نوێی دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەی کە ئەم پرسیارەی هێناوەتە پێشەوە ڕەتکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەرە کە ساڵی ١٩٢٠ لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ئیمزا کراوە و لەلایەن کۆماری تورکیاوە، کە تازە دامەزرابوو، ئەم پەیماننامەیە٤ هەرگیز وەرنەگیرا و ساڵی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان جێیگرتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕینەوەی پەیماننامەی ئاشتی ناکۆکییەکانی لەبارەی مووسڵەوە چارەسەر نەکرد و ئەمەش هاوکار بوو لە پەرەسەندنی مەسەلەیەکی تردا، کە ئەویش کێشەی کوردە لە عێراقدا.
تێگەیشتن لە شێوازی بەریتانیا بۆ بەڕیوەبردنی مەسەلەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا٥، کاتێ کە هەردوک ناسیۆنالیزمی کوردی و بنیاتنانی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی پێکهاتندا بوون، ئەگەر نەشڵێین قۆناخی ساوایی، کە ئەمەش هاوکارە لە ڕوونبوونەوەی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی، وەک دیاردەیەکی نوێ، بێجگە لە تایبەتمەندیشی. یەکەمی دوو ئارگومێنتەکەی من ئەوەیە کە سیاسەتە نوێکانی بەریتانیا لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا دیسان ئەمانیش لە قۆناخی دروستبووندا بوو، چونکە لە ناو مەسەلەی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و نەخشەکێشانەوەی جیۆپۆڵەتیک و سنووردا بوون کە زەڕوورەتی سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێ هێنابوونیە کایەوە. دووەم ئارگومێنتم ئەوەیە کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵدا لە نێو ئاوێزە و لە چاوی سیاسەتەکانی بەریتانیاوە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، کەوا کارتێکی براوە و تەحەدایەکی پێکهێنابوو بۆ دانیشتووانی کورد. ئەم دوالیزمە، کە ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوو لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بوو بە مۆرکی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پێکهاتنی دامەزراوە و دەزگاکانی داهاتوودا و لە عێراق بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی. بە ڕۆڵی خۆیشیان سیاسەتەکانی بەریتانیا لەم ماوەیەدا مۆرکی فرەیی و گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی، بە هۆکاری ئەو دڵنیانەبوونەی کە لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا هاتبووە ئاراوە، وەک پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ سەرەتا و پرەنسیپە نوێکانی سیستەمی جیهانی و کێبڕکێی نێوان ئیدارەکاندا. ئەم فرەیی و دابەشبوونە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی عێراقدا، بەتایبەتی لە پێش چارەسەری کێشەی مووسڵدا، واتە ئەو ویلایەتە کۆنەی عوسمانیدا کە ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووانی کورد لەخۆ دەگرێت. بە واتایەکی تر، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەریتانیا لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بە هەموو هەڵبەز و دابەزەکانیەوە لەو ماوەیە و ناوچەکەدا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەم نووسینە لەبەر هۆکاری بەجێ، بەنیاز نیە سەرکۆنەی بەریتانییەکان بکات لەبەر ئەوەی خیانەتیان لە بەڵێنەکانیان کردووە، بەڵکو ڕێبازەکەی ئیلی کەدووری دەگرێتەبەر کاتێ دەنووسێت کەوا: “سیاسەتی دەوڵەتێک لەبەرانبەر دەوڵەتێکی تردا لە باشترین حاڵەتدا شتێکە گۆڕانکاری تێدا خراپە. ئەوە خەیاڵێکە لە گەرمەی فشاری لەناکاوی کارەکاندا و بە پێی سروشتی مەسەلەکە پێویستە پەنا بباتە بەر نەزانی و نەگونجان و بەدحاڵیبوون. پەیڕەویکردنی ڕێباز و سیاسەت کە گرنگی بە شتەکان نەدات وەکو خۆیان و وا ئاڕاستە بکرێن کە ئیمتیاز و بەرژەوەندیی مسۆگەر بەدەستبێنن”٦. لە ڕووی سیاسیشەوە کارێکی نەگونجاوە لە وەڵامدانەوەی دۆخی دوای جەنگدا٧ و هەروەها ئیلهامیشی لە چواردە بەندەکەی ویڵسن وەرگرتووە، کەوا کوردەکان “کرۆکی کێشەی مووسڵ بوون”٨ و ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتدا لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠کاندا. شیاوی باسە کەوا هەرچەندە جۆشدان و مۆبیلیزەکردنێکی بەرچاوی کورد هەبوو لە ئەنەدۆڵدا Anatolia لە ماوەی ئەو کێشە یان مەسەلەیەدا و شیکردنەوە و لەسەروەستانی سنووری ئەم نووسینە تێدەپەڕێنێت، لەبەرئەوە بەدیاریکراوی سەرنجی باسەکەم دەخەمە سەر سیاسەتی بەریتانیا لە میسۆپۆتامیادا  Mesopotamiaو پەیوەندیی نێوان بەریتانییەکان و کورد شیدەکەمەوە لەم چوارچێوەیەدا.
بۆ سەلماندنی بەڵگە و ئارگومێنتەکانم، لەپاڵ تاوتوێکردنی ئەدەبیاتی پەیوەندیداردا، پشکنین لەو کەرەستە ئەرشیفییە بەریتانییەدا دەکەم کە لە ئەرشیفی نیشتمانیدا هەن و بە (ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکانیش ناودەبرێت Public Record Office – PRO) لە لەندەن و ئەرشیفی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستEast Center Archives (MECA) Middle  لە ئۆکسفۆرد. ئەم کەرەستانە کۆمەڵێکی بەرفراوانی ئەو بەڵگەنامانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بەو دامودەزگا سەرەکییانەی بەشدار بوون لە لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنی هەردوک میسۆپۆتامیا و کێشەی مووسڵدا (وەک وەزارەتی دەرەوە Foreign Office، وەزارەتی کۆڵۆنییەکان Colonial Office، هێزی ئاسمانیی شاهانەی (بەریتانی) Royal Air Force و دواجاریش بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle East Department کە لە چوارچێوەی وەزارەتی کۆڵۆنییەکاندا دروستکرا بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی زیاتر هەماهەنگ و چڕ کە تایبەت بێت بە میسۆپۆتامیا). بێجگە لەوەش، بەتایبەتی نامە و نووسراوکاریی کەسایەتییە زۆر گرنگەکانی ئەو سەردەمە بەکاردێنم وەک (لۆرد کێرزۆن، لۆید جۆرج، سێر پێرسی کۆکس، لۆرد هاردینگ، لۆرد رۆبەرت سێسڵ، سێر ئەرنۆڵد ت. ویڵسن، تی. ئی. لۆرەنس، گێرتڕوود بێڵ و سێر هوبەرت یۆنگ) و راپۆرتەکانی هەواڵگریی حکوومەتی بەریتانی، کە جیاوازیی ڕاوبۆچوونی کاربەدەست و بەرپرسە (مەدەنی و سەربازییەکان) و دەزگا و دامەزراوەکان و سیاسەتمەداران لە لەندەن و مووسڵ و (هەروەها قاهیرە و هندستان) دەردەخات.

داگیرکردنی میسۆپۆتامیا لەلایەن بەریتانیاوە، ١٩١٤ – ١٩١٨

تا جەنگی جیهانیی یەکەمیش، چاوتێبڕینی سەرەکیی بەریتانییەکان لە باشووری ئاسیادا کەنداوی فارس بوو، چونکە ئەمەیان “دڵی کایەی هندستانی پێکدەهێنا و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هندستان ڕیگە و ڕاڕەوی بازرگانیی بەریتانییان دەپاراست و ئاگربەسێکی دەریاییان بە سەر کەنداودا سەپاندبوو”٩. کارەکە بە چالاکییەکانی کۆمپانیای بەریتانیی هندستانی ڕۆژهەڵات     British East India Company دەستیپێکرد، بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتننامە بازرگانییەی کەوا کۆمپانییەکە لەگەڵ شای ئێراندا کردی و بەمە ساڵ بە ساڵ کاریگەری و دەسەڵاتی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا زیادی دەکرد١٠. ئەم دەسەڵات و کاریگەرییە لە ڕێگەی هەردوک بازرگانانی بەریتانی و دەسەڵاتی دەریایی بەریتانییەوە تەشەنەی کرد. بە گوێرەی قسەکانی گوێخان چەتینسایا بێت، “هەر لە ساڵانی ١٨٣٠کانەوە بەریتانییەکان تەواوی کاریگەریی ئەوروپییەکانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو لە میسۆپۆتامیا و ناوچە دەراوسێکانی دوورگەی عەرەبی و کەنداودا”١١. چەتینسایا چالاکییەکانی بەریتانییەکان لەو سەردەمەدا بەم شێوەیەی خوارەوە باس دەکات:
– “کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا بە ڕێکوپێکی پاسەوانییان لە کەنداودا ئەنجامدەدا، کەوا گەلێ شێخنشینی ناوچەیی تێدابوو، کەوا ڕێککەوتننامەی پارێزگارییان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی هندستانی بەریتانیدا مۆرکردبوو.  بەشێکی گەورەی بازرگانیی کەنداو لەگەڵ هندستانی بەریتانیدا دەکرا و کەشتییەکانی بەریتانیا و هندستانی بەریتانی هەژموونیان بە سەر بارە بازرگانییەکانی کەنداودا هەبوو و کۆمپانیای لینچی بەریتانیش ئیمتیازی هاتوچۆی بەدەستهێنابوو لە ئاوەکانی هەردوو ڕووباری فورات و دیجلەدا. لە ساڵی    ١٨٦٢وە خزمەتگوزارییەکی پۆستەی بەریتانی کەوتبووەکار لە نێوان [میسۆپۆتامیا] و    هندستاندا و هێڵی تەلگرافی بەریتانیش بەغدای بە هندستان و ئەستەمبووڵ و تارانەوە دەبەست. هەروەها زیارەتکاران و قوتابییانی هندستانی بەریتانیاش کە دەهاتنە مەزارە شیعییەکانی باشووری عێراق ئەو ڕیگەیەیان بەکاردەهێنا کە کاریگەری و هەژموونی بەریتانیای بەسەرەوەبوو”١٢.
هەردوک ڕێککەوتننامەی سایکس – پیکۆ لە مایسی ١٩١٦دا١٣ و نامە و نووسراوی نێوان حوسەین – مەکماهۆن ئەوەیان سەلماندووە کە چۆن خاوەندارێتی، یان بەلایکەمەوە، کۆنترۆڵکردنی میسۆپۆتامیا وەک مەسەلەیەکی گرنگی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە لەقەڵەمدەدرا و ئەم گرنگییەش بە شێوەیەکی گەورەتر و بەرچاوتر دەرکەوت لە کاتی جەنگدا. لەڕاستیدا، ڕێککەوتننامەی    سایکس – پیکۆ و نامە و نووسراوکاریی مەکماهۆن ئەنجامی گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و ئەو مەترسییانەی ئاسایش بوو کە جەنگ هێنانیە ئاراوە. بێگومان لەگەڵ تەشەنەکردنی شەڕ و ململانێ و گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیادا “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە بەشێکی تەواوکەر و دانەبڕاوی هەریەک لە سیستەمەکانی ئیمپراتۆریی بەریتانی و هندی”١٤.
لەم دۆخ و سیاقەدا، میسۆپۆتامیا جێی خۆی کردەوە لە ناو ئەجێندای بەریتانیدا، وەک ئەنجام و لێکەوتەیەکی پەیوەندی و بەستنەوەی دوور و درێژی هندستانی بەریتانی لەگەڵ کەنداوی فارسدا١٥. بەو جۆرە، داهاتووی میسۆپۆتامیا بوو بە تەوەری بایەخی حکوومەتی هندستان.
رۆبەرت جەی. بلیپ تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “ئاڵۆزیی هێجگار گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش ساڵی ١٩١٤ زنجیرەیەک کێشەی بۆ بڕیاربەدەستانی سیاسیی بەریتانی دروستکردووە لە هندستاندا، کە تەحەدای کایەی ئۆپەراسیۆنەکانی چواردەوری حکوومەتی هندستانی کرد و هەل و دەرفەتی نوێی دایە”١٦. تێکشکاندنی متمانە و قەناعەتەکانی سەدەی نۆزدەی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دەرکەوتنی ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانی وەک هێزێکی کۆڵۆنیاڵیی نوێ و گیرۆدەبوونی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی بەدەست باری بێسەروبەری و    ئاژاوەوە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی، بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی پەیوەندییەکانی ئەوروپای لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی١٧. ئەو سەردەمە وای بۆ بەریتانیای مەزن گەیاند کە پێگەی خۆی بەهێز بکات و بەتایبەتی لە کەنداوی فارسدا. تا ئێرە و هەر کە لەشکرکێشیی لە میسۆپۆتامیا دەستیپێکرد، بەریتانییەکان هەوڵەکانی خۆیان چڕکردەوە بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەژموونی خۆیان لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە هەردوو بواری دیپلۆماسی و سەربازیدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٦وە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەست بە میسۆپۆتامیا تەنها دەبوو باس لە سیاسەتێکی بەریتانیی دیاریکراو بکەین. وەک کەدووری Kedourie مشتومڕ یان ئارگومێنتی لە سەر دەکات کەوا “لە سەرەتای جەنگدا، سیاسەتێک درێژخایەن نەبوو سەبارەت بە میسۆپۆتامیا و هێزێکی ئیستیتڵاعی لە هندستانەوە هەندێ ئامانجی زۆر سنوورداری جێبەجێ دەکرد، کە بۆ دابینکردنی دۆخی بەسرە و کۆنترۆڵ کردنی کەنداوی فارس دەنێردرا”١٨. بگرە ئەی. جەی. بارکەر لەوەش دوورتر دەڕۆیشت و دەیوت “ئەو سوپایەی لە وڵاتی میسۆپۆتامیادابوو سوپایەکی لەبیرکراوی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو، یان شتێکی لەو جۆرە دەهاتە بەرچاو بۆ ئەوانەی کە لەوێبوون”، ئەوجا زیاتر لە سەری دەڕوات و دەڵێ “هەموو ئەوەی دەستیدەکەوت زۆر کۆن و زۆر بێکەڵک بوو یان لە شوێنێکی تر نەگونجاو بوو بۆ بەکارهێنان و بگرە زەخیرە و تەقەمەنیش ناونیشانێکی وای بەسەرەوەبوو “دروستکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تەنها بۆ مەشق و ڕاهێنانە”. (……) پیاوەکان لە میسۆپۆتامیا زۆر شەکەتی جەستەیی و ئەقڵییش بوون و شکست و نائومێدی باڵی بەسەردا کێشابوون”١٩. برووسکەیەک کە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هندستان ناردبووی ئەوە دەردەخات کەوا بەریتانییەکان، هەرچەندە بەسرەشیان داگیرکردبوو، هێشتا هەر پرۆژەیەکی وردیان نەبوو بۆ دواتر: “ئێمە حاڵی حازر لە توانای جەختکردنەوەمان زیاتر نیە، وەک کردوومانە، لە داواکاری و دەسەڵاتشکانی گەورەمان بەولاوە بۆ ڕاسەری کەنداوی فارس”٢٠. بەو پێیە، لە سایەی سەرکەوتنەوە حکوومەتی بەریتانی سیاسەتێکی گرتەبەر، کەوا سێر پێرسی کۆکسی گەورە ئەفسەری سیاسیی هێزە ئیستیتڵاعییەکە و سەرەڕای ئەوەش هێرش و لەشکرکێشییەکەی میسۆپۆتامیای کە ساڵی ١٩١٧ بە داگیرکردنی بەغدا و ساڵی ١٩١٨ش بە داگیرکردنی مووسڵ تەواوی کرد، لە پاش ئیمزاکردنی ئاگربەسی مۆدرۆس. داگیرکردنی مووسڵ خاڵێکی وەرچەرخانی نوێی پێکهێنا لە مێژووی عێراقدا بەگشتی و مێژووی کوردیشدا بەتایبەتی.

سەرلەنوێ نەخشەکێشانەوە: کورد و چاووڕاوی بەریتانییەکان لە میسۆپۆتامیادا

ئەدەبیاتی پەیوەندیدار بە کورد و کوردستانەوە بەشدارە لە دەسنیشانکردنی ئاستەنگی ئیمپراتۆرییەتە جیاوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەم ناوچەیە. مارتن ڤان بڕوونەسن تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “نەبوونی توانای گەیشتن بە کوردستان و توانای جەنگیی دڕی دانیشتووانەکەی هەمیشە کردوویەتی بە سنووری سروشتیی ئەو ئیمپراتۆرییەتانەی لە چواردەوریدا   سەریانهەڵداوە و دروستبوون. هیچکام لەم ئیمپراتۆرییەتانە نەیتوانیوە دەسەڵاتیان بشکێت بە سەر زیاتر لە پارچەیەکی کوردستاندا”٢١. بە هەمان شێوەش ماکدوواڵ مشتومڕی لە سەر دەکات و دەڵێ “هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان و خەڵکەکەی هیچ کاتێ ئاسان نەبووە بۆ بێگانە”٢٢. ئەنجامی ئەمەش وابووە کە کوردستان “بە سنووری سیاسیی دەوڵەتەکانی دەوروبەری دابەشبووە”٢٣، ئەمەش ڕاستییەکە بە درێژایی مێژوو ماوەتەوە. بەم مانایە بێت، لەکاتێکدا کە جەنگەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی رۆڵیان لەم دابەشبوونەدا بینیوە، ئەوە داگیرکردنی بەریتانی و فەرەنسی لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە کەوا کوردستان ببێتە چوار پارچەوە. میهردادی ئیزەدی تێبینی دەکات کەوا             “لە سەرەتای جەنگی گەورەوە لە ساڵی ١٩١٤دا، ئەو خاکەی کە نزیکەی هەزار ساڵ بوو کوردستانی پێدەوترا لە نێوان فارس و عوسمانییەکاندا دابەشکرا و بەم دواییە ڕووسیاش”٢٤. (پێشتر بە ئێران دەوترا وڵاتی فارس Persia و دواتر لە ساڵی ١٩٣٤دا بە فەرمی ئەم ناوە بوو بە ئێران – وەرگێڕ)
ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی جەنگدا بە ئاڕاستەی ئەو پاڵنەرەدا وەرچەرخا و پەرەیسەند کە کۆتایی بەم دابەشبوونە مێژووییە بێنێت و پارچەکانی کوردستان یەکبگرن لە تاقە دەوڵەتێکدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕاستەوخۆ دوای ئەو جەنگەشدا، کایەی بەردەوام گۆڕاوی ناوەرۆکی سیاسەتەکانی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد، ئەم ناسیۆنالیزمە بەو ئاڕاستەیەدا گۆڕا کە ببێتە کەمینەیەک لە ناو هەر دەوڵەتێکی نوێی تازە دروستبوودا. بە پێی ئەم بارودۆخە، ویلایەتی مووسڵ بوو بە شانۆی ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە.
لەبەرئەوەی ئەم سەردەمە هیوا و ئاواتی کوردی بۆ سەربەخۆیی گەڵالە و بەرزکردەوە و پەو پێیە وایکرد کە کورد ئەگەری هاوپەیمانیان تێدابێت لە ناوچەکەدا و لەو سۆنگەیەوە، لە دەسپێکی ساڵی ١٩١٧وە بەریتانییەکان کەوتنە دەستپێکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردەکانی میسۆپۆتامیادا. ماکدوواڵ دەنووسێت کەوا “بە ماوەیەکی کورت لە پاش گرتنی بەغدا لە مارتی ١٩١٧دا لەلایەن جەنەراڵ مۆدەوە، ناڕەزایی ئەو سەرۆک خێڵانەیان بۆ هات (مەبەست ناڕەزاییە لە تورکەکان – و) کەوا خانەقین و کفری و هەڵەبجەیان لە ژێردەستدا بوو، ئەگەرچی تورکەکان هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ کوردەکان دەدا  بەوە بیانترسێنن کەوا بەریتانیا نەخشە و پلانی وایە بیانخاتە ژێر حوکمی عەرەبەوە٢٥. لە سەرەتای مانگی مایسی ١٩١٧وە، ئەفسەرە سیاسییەکانی بەریتانیا پەیوەندیی خۆیان دامەزراند لەگەڵ سەرۆک خێڵەکاندا لە تووزخورماتوو و کەرکووک و
[سلێمانی]. لەمی دواییاندا سەرۆک و پیاوماقووڵان پڕیاری دروستکردنی حکوومەتێکی کوردیی کاتییان دا، بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموود بەرزنجی کەوا پێویستە “سیاسەتێکی دۆستایەتیی تەواو لەگەڵ بەریتانییەکان بگرێتەبەر”٢٦. بەم جۆرە بەریتانییەکان دامەزراندنی هەرێم یان ناوچەیەکی کوردیی سەربەخۆیان تاقیکردەوە لەگەڵ مەحمووددا.
بەڵام ئەم کەشی دۆستایەتییە فرەی نەخایاند و هەرزوو بەرەوڕووی بەرەنگاری بووەوە کاتێ کە مەحموود داوای نوێنەرایەتیی هەموو کوردی کرد، نەک هەر سلێمانی، بەڵکو ناوچەیەکی فراوانتر کە تا سنەش بڕوات لە ئێران. جافنا ل. کۆکس لەم ڕووەوە دەڵێ “مەحموود یاخیبوونێکی بەرپاکرد، بەڵام لە پاش ئۆپەراسیۆنێکی کورتخایەنی سەربازی شکستیهێنا و دەسگیر کرا و دوورخرایەوە”٢٧. سەبارەت بە پێگەی بەریتانیا لە کوردستانی باشووردا و هەروەها ئەو پەیوەندییانەش کە دەبوو لەگەڵ کوردەکان بیبەستێت (بەتایبەتی لەگەڵ خێڵەکاندا)، ئی. بی. سۆنی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لە بیرۆی کورد، لە ٢٦ی تەمووزی ١٩١٧ دەنووسێت کەوا “بێجگە لە جاف ]کە خێڵێکن [، هەموو خێڵەکانی تری ئەم سنوورە جێگیرن و بێ هیچ هەڵاواردنێک بەنەریت دژی تورکن و داویانەتە پاڵ هەر یاخیبوونێک کە لە پەنجا ساڵی ئەم دواییەدا بەرپاکراون”٢٨.
کشانەوەی ڕووسیا لە جەنگ، کە بە دوای شۆڕشی بەلشەڤیکی ساڵی ١٩١٧دا هات، کاریگەرییەکی نیمچە دەسبەجێی هەبوو لە سەر هەڵوێستەکانی بەریتانیا لەبەرانبەر داهاتووی سیاسیی میسۆپۆتامیا، بە کوردستانی باشووریشەوە. بەهەر‌حاڵ، هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی کوردستانەوە هەر بە ناڕوونی مایەوە، چونکە مەسەلەی کوردستان بۆ بەریتانیا هەر بە لاوەکی مایەوە بەراورد بە چارەسەری سیاسیی ئەو هەرێمە سەرەکییانەی کە بایەخ و بەرژەوەندییان فراوانتر بوو، واتە سووریا و میسۆپۆتامیا. بیرکردنەوەی فەرمیی سەرەکیی بەریتانی سەبارەت بە میسۆپۆتامیا هێشتنەوەی بوو، لە پاڵ ئێرلەندا و میسردا، لە ناو سیستەمی ئیمپراتۆریی بەریتانیادا. لەم ڕووەوە ڕۆجەر لویس دەڵێ “ئەگەر ئەم مەبەستە هەنگاوی غەیرە نەریتیی پێویست بێت، ئەوە بەریتانییەکان ئامادەن بینێن”٢٩. سەرەڕای ئەم ئامانجە ورد و ڕوونە، بەڵام بەریتانییەکان هەر بە دوودڵ مانەوە لەبەرانبەر ئایدیالیزمی مادەی ٢٢ی پەیماننامەکە و تەنانەت زیاتر پەشۆکابوون لەوەی کە چۆن مووسڵ و کوردەکان بخەنە پرۆژەکەوە، لە پاڵ جیاوازیی نێوان بەریتانییەکان خۆیاندا، نەک تەنها لە نێوان ئەوانەی لە ناوچەکدا بوون لەگەڵ ئەوانەی لەندەندا، بەڵکو لە نێوان ستافی سەربازی و کاربەدەستە سڤیلەکانیشدا. نامەیەک کە لە لایەن پێرسی کۆکسەوە نێردراوە لە ڕۆژی ٢٥ی مایسی ١٩١٧دا باشترین نموونەیە بۆ ئەم جۆرە جیاوازییانە. کۆکس ئیشارەت بەوە دەدات کەوا کێشە سیاسییەکان بەردەوام سەرهەڵدەدەن و هەستی کردبوو کەوا “ئەرکی ئەوە حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانیا) تێبگەیەنێت لەو هەڵوێستەی کە [بووە] بە هەڵوێستێکی قبووڵنەکراو لە دیدی سیاسییەوە”. ئەوجا بەم شێوەیەی خوارەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
“سەرکەوتنەکانی جەنەراڵ مۆد سەلماندوویەتی کە ئەو وەک سەربازێک ناوبانگی خۆی لە سەڕوو هەموو ڕەخنەیەکە بنیاتناوە. بەڵام ئەو تەنها سەربازێکە و هیچیتر بێئەوی هیچ ئەزموون و شارەزاییەکی هەبێت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتناسیدا و من وایدەبینم، کە بە هیچ لایەکدا نەیشکێنێتەوە و هاوسۆز نەبێت و تا ڕادەیەک لێبووردە نەبێت سەبارەت بە کێشە سیاسییەکان و نەتوانێت مەزەندەی کاریگەریی گرنگ بکات بۆ ئەو کێشە سادانەی ڕۆژانە ڕوودەدەن لە بەرژەوەندیی کێشە سیاسییە یان تەنانەت سەربازییە گەورەکان”٣٠.
ئەم ناکۆکی و جیاوازییانە زیاتر ڕوونبوون سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ میسۆپۆتامیا. دوو بەڵگەنامەی تر ئەوە پیشاندەدەن کەوا بەریتانییەکان ئایدیایەکی چەسپاویان نەبووە لەبارەی نامەکەوە و بگرە کەمتریش لە سەر مووسڵ و کوردەکان کاتێ کە لەشکرکێشییەکەیان دەسپێکردووە.
“داگیرکردنی سەربازی بۆ [كوردستانی باشوور] بە هیچ شێوەیەک ڕێی تێناچێت، تەنانەت لەدوای شکشتخواردنی تورکەکانیش و ئاستەنگی دابینکردنی تفاق و زەخیرە و زەحمەتییەکانی تر کە وادەکات تەنانەت گرتنی سەربازگەیەک یان خاڵێکی نزیک لە خۆمانەوە مەحاڵ بێت، با گرنگیی سیاسیشی هەبێت بۆمان وەک [سلێمانی]. لەبەرئەوە، دەبوو تەنها هەر ئەڵتەرناتیڤی سیاسی بگرینەبەر و [درکیش بەوە کراوە] کە لە خێڵە کوردە باشوورییەکاندا سەریهەڵداوە”٣١.
لە مارتی ١٩٢٠دا گێرتروود ل. بێڵ نووسیوێتی:
“کاتێ کە [سلێمانیمان] داگیرکرد، ڕاستەوخۆ لە دوای ئاگربەس، هێشتا لقوپۆکانی مەسەلەی کورد نەزانراو و چاوەڕواننەکراو بوون، یان لەڕاستیدا تا ساڵ وەرگەڕایەوە هێشتا بەتەواوی گەشەی نەکردبوو، بەڵکو هیوا و ئاواتە نەتەوەییەکانی کورد لە نۆڤەمبەردا پێشکەشکرا لەلایەن جەنەراڵ شەریف پاشاوە و لە کانوونی دووەمیشدا لەلایەن کۆمیتەیەکی سەربەخۆیی کوردییەوە، کە لە میسر دروستکرابوو و داواکاریمانی پێشکەش کردبوو کە یارمەتیمان بدات لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا. سێر مارک سایکس پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی پێویستە مووسڵیش بگرێتەوە (مەبەستی هەموو ویلایەتی مووسڵە – و)، بەڵام ئایدیاکە لەلایەن م. پیکۆوە ڕەتکرایەوە لەجیاتیی حکوومەتی فەرەنسی”٣٢.
کۆتایی جەنگ خێراییەکی دا بە ڕووداوەکان: نەک هەر بەتەنها شکستهێنانی هێزەکانی عوسمانی لە سووریا و میسۆپۆتامیا، بەڵکو شۆڕشی سۆڤیێتیی ئۆکتۆبەریش لە ساڵی ١٩١٧دا کە ڕێککەوتننامەی نهێنیی سایکس – پیکۆی هەڵوەشاندەوە و کارەکە پێویستی بەوە کردەوە کە جارێکیتر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشرێتەوە. ئەمەش بەهێزکردن یان بەرجەستەکردنی “دامەزراندنی سنووری ستراتیجییە لە کوردستان” و ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کەوا کورد بخرێنە ناو نەخشە و پرۆژەی میسۆپۆتامیاوە. ئەم تێکهەڵکێش کردنەش بە ڕۆڵی خۆی داگیرکردنی ویلایەتی مووسڵ دەگەیەنێت، کەوا بە شێوەیەکی بنەڕەتی کورد تێیدا نیشتەجێیە. تێکهەڵکێش کردنی ویلایەتی مووسڵ بوو بە بەشێک لە ئەجێندای بەریتانی کاتێ کە لە ئۆکتۆبەری ١٩١٨دا ئەفسەرە بەریتانییەکان لە بەغدا تێگەیشتن کەوا “داهاتووی سیاسی و ئابووریی میسۆپۆتامیا بە شێوەیەکی گەورە تۆکمە و بەهێز دەبێت لە ڕێگەی خستنەسەری ویلایەتەکەوە”٣٣. داگیرکردنەکە بەم هەلومەرجانەی خوارەوە پاساوی بۆهێنرایەوە:
“هەرچەندە بارودۆخی مووسڵ هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام [ویلایەتەکە] کەوا جەنگ ویرانی کردووە، نەدەکرا هەروا لێیبگەڕێیت بێ کارگێڕی یان یارمەتی و هاوکاری و هەرکە داگیرکردنی سەربازی ڕوویدا، کۆڵۆنێڵ لیچمان کرا بە ئەفسەری سیاسی. کاتێکیش کە ڕێکخستنی سەرەتایی تەواوبوو ئەفسەران نێردران بۆ ڕۆژهەڵات و باکوور بۆ ئاکرێ و زاخۆ بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان ببەسترێت و زەمانەتی ئاشتی بکەین لە سنوورەکانماندا”٣٤.
لە کاتی چاوەڕێکردنی کۆنفرانسی ئاشتیدا و گەڵاڵەکردنی سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ داهاتووی کوردستان، لەندەن دەسەلاتی دا بە کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد تی. ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری مەدەنی بۆ وەرگرتنی کاروباری کارگێڕی و سیاسی و زەمانەتکردنی سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی ئاشتی و نیزام و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە کوردستانی ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیادا٣٥. سەعد ئەسکەندەر ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ویڵسن “لەلایەن ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سیاسییەوە هاوکاری دەکرا بۆ کاروباری کارگێڕی و سیاسی، کە نەک کاروباری لۆکاڵییان ڕاییدەکرد لە ناوچەکانیاندا، بەڵکو پێشنیازی تایبەتیی خۆیشیان پێشکەش دەکرد سەبارەت بەو ڕیگەیەش کەوا ناوچەکانیان بە شێوەیەکی نموونەیی بەڕێوەببرێت”٣٦. بە واتایەکی تر، لە غیابی هەڵوێستێکی بەریتانیی ڕوون و ئاشکرادا پەیوەست بە مەسەلەی کوردەوە، ئەوە سیاسەتی بەریتانی لە سەر زەوی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت بۆ کاریگەری دانان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان”٣٧.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی ئاگربەسی مۆدرس بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر، سیاسەتەکانی بەریتانیا لەبەرنبەر کورددا “تاڕادەیەکی گەورە بریتیبوون لە پاڵپشتی کردنی یەکە سەربەخۆ بچووکەکان یان میرەکانی ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە [میسۆپۆتامیادا]”٣٨. لە هەمان کاتیشدا، بەریتانییەکان هەوڵی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان دەدا لەگەڵ خێڵە کوردییەکاندا و دەیانویست “ئەو بسەلمێنن کە بەریتانیا بە پشتگیریی کوردستانێکی یەکگرتوو باوەش بۆ هەندێ لە پارچەکانی ئێرانی بکاتەوە”٣٩. بە ماوەیەکی کورت لەدوای ئاگربەس، بەریتانیا و فەرەنسا لە       ٧ی نۆڤەمبەری ١٩١٨دا ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان درکرد و بەندی دوانزەمینی چواردە بەندە بەناوبانگەکەی ویڵسنیان دووپات کردبووەوە٤٠ و بە شێوەیەکی تایبەت ئاڕاستەی گەلانی   سووریا و میسۆپۆتامیا کرابوو. ڕاگەیاندنەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
“ئەو ئامانجەی کەوا فەرەنسا و بەریتانیای مەزن ڕەچاویان کردووە لە شوێنکەوتنی جەنگدا لە ڕۆژهەڵات کەوا چاوتێبڕینی ئەڵمانی تێکیدابوو رزگارکردنی کۆتایی و تەواوی ئەو گەلانەیە کە تورکەکان ماوەیەکی دوور و درێژ چەوساندبوونیانەوە و دامەزراندنی حکوومەت و کارگێڕیی نیشتمانی کە دەسەڵاتیان لە پراکتیزەکردنی ئازادانە و دەستپێشخەرانەوە وەرگرتبێت و هەڵبژاردەی خەڵکانی رەسەنی وڵاتەکە بن. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئەو نیاز و مەبەستانە، فەرەنسا و بەریتانیای مەزن کۆکن لە سەر یارمەتیدانی خەڵکی ڕەسەنەکە و هاوکاری کردنیان لە دامەزراندنی حکوومەت و کارگێڕییان لە    سووریا و میسۆپۆتامیا کە بەم دواییە لەلایەن هاوپەیمانانەوە رزگارکراون، هاوکات ئەو خاک و ناوچانەش کە کار بۆ زەمانەتکرنیان دەکرێت و بە زووتری کات دانپیانانیان هەر کە بە کردەوە دامەزران.
لەجیاتیی ئەوەی هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی دیاریکراو بسەپێنن بە سەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا، ئەما تەنها بایەخ بە دابینکردنی کاری رێکوپێک دەکەن بۆ ئەو حکوومەت و دەزگا کارگێڕیانەی دانیشتووان خۆیان بە ئازادی هەڵیاندەبژێرن لە ڕیگەی پشتیوانی و هاوکاریی تەواوەوە، بۆ دابینکردنی دادپەروەرییەکی بێگەرد و یەکشان بۆ هەمووان، بۆ ئاسانکردنی گەشەکردنی ئابووریی وڵاتەکە لە ڕیگەی پاڵپشتی و هاندانی ناوخۆییەوە، بۆ شەرپەرشتی و چاودێری کردنی خوێندن و کۆتاییهێنان بەو جیاوازییانەی کە ماوەیەکی زۆر سیاسەتی تورکی بەکاریدەهێنا. ئەمە ئەو ئەرکەیە کەوا هەردوو هێزی هاوپەیمان دەیانەوێ لەئەستۆی بگرن و دەستبەکاربن تێیدا لە خاک و ناوچە ڕزگارکراوەکاندا”.
بەپێچەوانەی ئەوەی کە کورد بەتەمای بوو، ڕاگەیاندنەکە پێشنیازی مافی چارەی خۆ نووسینی بۆ میسۆپۆتامیا لەجیاتیی خەڵکە کوردەکەی بە بڕیاری نووساندنی باشووری کوردستان بە میسۆپۆتامیاوە. بێجگە لەوەش، “هەرچەندە بەریتانیا حەزی نەدەکرد ویلایەتی مووسڵ ڕادەستی فەرەنسا بکات، بەڵام مامەڵەکردنی لەگەڵ تەواوی کێشەکانی باکووری مووسڵدا پەیوەست بوو بە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی بابەتی لەگەڵ فەرەنسادا”٤١ و تا ئەوکاتە لەندەن پرۆژەیەکی کۆنکریتی و ڕوونی نەبوو بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە، چجای بڕیاردانی درێژخایەن لە سەر داهاتووی ناوچە کوردییەکان لە مەودایەکی دووردا٤٢. سەرباری ئەم حاڵەتی ناجێگیر و دوودڵییەش جیاوازیی بیروڕای نێوان بەریتانییەکان خۆشیان، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٩وە. بە گەڕانەوە بۆ چالاکییەکانی ئێدوارد ویلیەم چارڵس نۆیڵ، کە بریکارێکی دەزگای هەواڵگریی بەریتانی بوو، “سیاسەتی بەریتانیا لە میانەی ساڵی ١٩١٩دا”، رۆبەرت ئۆڵسن سەرنجی دەداتێ و دەڵێ “واباشترە ناوی سیاسەتی نۆیڵی لێبنرێت” و ئەوجا لە سەری دەڕوات و دەڵێ:
” [نۆیڵ] چالاک بوو لە هەوڵدانیدا بۆ دڵنیابوون لە سوود و بایەخی سیاسەتێک کە پشتیوانی لە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بکات یان لایکەمەکەی ئۆتۆنۆمییەکی شایستەی ژیان بۆ کورد. ئەمە ئەگەر بەدیبهاتایە، ئەوە لە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بەریتانییەکاندا دەبوو. نۆیڵ بە زۆری ناوی “لۆرەنسی دووەمی” لێنرابوو، وەک سووکایەتی و گاڵتەپێکردن لە لایەن کاربەدەستانی ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵیی بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کاربەدەستانە دڵنیا نەبوون لە قووڵایی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئەوەی نۆیڵ قەناعەتی هەبوو بە هێز و توانای. چونکە بەرپرس و کاربەدەستانی ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵی دڵنیا نەبوون لەوەی کەوا “شۆڕشێکی کورد” پێگە و هەڵوێستی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاکدەکات، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیادا لەپاش سەرکەوتنەکانی کەمالییەکان لە ساڵی ١٩٢١دا”٤٣.
جیاوازییەکە زیاتر ڕوونبووەوە کاتێ کە ئەرنۆڵد تی. ویڵسن لە “تێبینی لە سەر پێشنیازەکانی م. کلێمێنسۆ” ئەم ڕاگەیاندنەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:
“ئێمە ئێستا ناتوانین ئەوە بکەین کە لە پێش سێ مانگدا دەمانتوانی بیکەین. لە ڕۆژهەڵاتدا وەک چۆن لە ڕۆژئاوادا، گیانێکی نوێ لە ئەقڵ و مێشکی پیاواندا هەیە. ناتوانرێت ئیمپراتۆرییەتی تورکی تێکبشکێنرێت، چونکە بەرجەستەی نموونە و ئایدیاڵی ئیسلامە بۆ حوکمی زەمان لە سەر زەویدا بۆ حوکمڕانانی موسڵمان، کەوا نەتوانینی هێزە کریستیانەکان بۆ ڕێککەوتن وڕووژاندوویەتی، لەکاتێکدا کەوا گەلانی ڕۆژئاوا شەکەت و ماندوون و ڕقیان لە جەنگ و شەڕوشۆڕی زیاترە. تاقە چارەسەر کە من ئێستا دەیبینم دانپیانانە بە ئیمپراتۆرییەتێکی تورکیدا لە قوستەنتینییەوە بۆ قەوقاز – بە دیاریکراوی لەگەڵ ناوچەکانی پەنا و قوژبنی ئەرمەنی و نەستۆرییەکاندا، واتە: کۆنترۆڵێکی ئەوروپی بە سەر قوستەنتینییەدا لەلایەن دەستەیەکی نێودەوڵەتییەوە و نەتەوەی ئەوانەی نوێنەرەکانیان لە ویلایەتەکاندان پەیڕەویی هێڵە گشتییەکانی کاریگەری و دەسەڵاتی دەوڵەتە جیاجیاکان دەکەن کە ئێستا لە ژێر گفتوگۆدان. ئەمە پابەندمان دەکات کە پشتیوانی تورکیا بکەین و تا ئەم ئاستە مەسەلەکە قەناعەتبەخش دەبێت بە هاوبەشە محەممەدییەکانمان. […] ئەم سیاسەتە خۆ دوور دەگرێت لە بچڕین و لەخۆگرتنی خاک یان ناوچەی پارێزراو کە پێچەوانە بێت لەگەڵ ویست و خواستی میللیدا.
گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورکیا لە ژێر سەرپەرشتیی راوێژکارانی بێگانەدا (باشترە بڵێین بەریتانی) لە پارێزگاکانی باکووردا دۆخەکە لە سنووری باکووری میسۆپۆتامیادا ئاسان دەکات، هەروەها لە کوردستانیشدا کە بەم دواییە ئەفسەرێکی سیاسی کوژرا لە ئەنجامی پیلانێکی ڕاستەوخۆی تورکی – کوردیدا”٤٤.
هاوشان لەگەڵ زیادبوونی گومان و دوودڵی لە ماوەی دوای جەنگدا، فرە سیستەمیش لە ناو دەزگا و دامەزراوەکانی بەریتانیدا زیادی کرد. کێشەی ئەم فرەییە زیاتر ڕوونبووەوە کاتێ کە داهاتووی میسۆپۆتامیا بەگشتی و ئەوی ویلایەتی مووسڵ بەتایبەتی بوون بە جێی پرسیار. “ئەو هەژدە مانگەی تێپەڕی لە نێوان کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا و بەخشینی ماندێتی میسۆپۆتامیا بە بەریتانیای مەزن مۆرکی جیاوازی و ناکۆکییەکی زۆری لێنیشت لە سیاسەتی نێوان دەسەڵاتە ئیمپراتۆرییەکان لە لەندەن و بەغدادا”٤٥. شکستی حکوومەتی لەندەن لە گونجاندنی سیاسەتێکی توندوتۆڵ یەکگرتوودا بۆ میسۆپۆتامیا یارمەتیی ئەرنۆڵد تی. ویڵسنی دا بۆ بەهێزکردنی لە ولاتی داگیرکراودا occupied territories. ئەرنۆڵد ویڵسن ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە جاڕنامەی ئەنگلۆ – فەرەنسی “هەڵەیەکی کارەساتبار” بوو و ئەوەی ڕایگەیاند کەوا “وڵات سەرتاپا بەتەمای ئەم چەشنە پلانە گشتگیرانەی سەربەخۆیی نیە و چاوەڕێیشی ناکات”٤٦. بەو ڕەنگە و سەبارەت بە مووسڵ، بەریتانییەکان جیاوازییەکی بەرچاویان سەلماند و ئەمەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا “زۆرێک لە ئیدارە حکوومییەکان پشکێکیان لە مەسەلەکەدا هەیە”٤٧. بێک ئەم جیاوازی و مشتومرانە بەم شێوەیەی خوارەوە کورتدەکاتەوە:
“بۆ نموونە، [ئەم جیاوازییە]، لە سکاڵای لۆرد کێرزنی وەزیری دەرەوەدا دەرکەوت لە ساڵی ١٩١٩وە تا ١٩٢٤، لەبارەی دەستێوەردانی دامودەزگا وئیدارەکان لە سیاسەتیدا. بەڵگە و ئارگومێنتی ستراتیجی، کە پاساوی داگیرکردنی بەریتانی بوو بۆ مووسڵ لە ساڵی ١٩١٨دا و گرنگی و بەهای ناوچەکەی شیکردەوە بۆ هەریەک لە پەیوەندییەکانی ئیمپراتۆری و پێگەی بەریتانیا بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە دەگەیەنێت کەوا کێشەی مووسڵ نەک هەر وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی کۆڵۆنییەکانی سەرقاڵ کردووە بەڵکو وەزارەتی هندستانیشی گرتووەتەوە. ئارگومێنت و پاساوی ئەم کارەش پشتی بەو ئیددیعایە بەستووە کەوا کۆنترۆڵ کردنی مووسڵ، کە لە ڕووی سروشتییەوە بە چەند زنجیرە چیایەک لە تورکیا جیابووەتەوە، نەک هەر مانەوەی عێراق دابین دەکات بەڵکو سنوورێکی سەلامەت و ئارامتر دەستەبەر دەکات دژ بە تورکیا، چونکە ترس هەبوو کەوا ئەمیان (واتە تورکیا – و)، کە وەک دەوڵەتێکی ئیسلامیی دوژمنکار تەماشا دەکرێت، رەنگە وەک خاڵی دەستپێکردن بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و لە کاتی گونجاوی خۆیشیدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە لە کەنداوی فارسدا”٤٨.
بە هەمان شێوە، وینستن چەرچڵ، کە لەو کاتەدا وەزیری جەنگ و هێزی ئاسمانی بوو، لە یاداشتێکیدا کە لە ١ی مایسی ١٩٢٠دا بەرزیکردبووەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەوە ڕووندەکاتەوە کەوا “وڵاتەکە مۆتەکەیەکی کارگێڕی بوو و لە نێوان سێ بەشی سەرەکیدا دابەش بووبوو”٤٩.
لە ناو ئەم بارودۆخەدا، تاقە دڵنیایی دروستکردنی دەسنەجێی ڕووبەر یان ناوچەیەکی ناوبەینی ژێر کاریگەریی بەریتانیا. ماکدوواڵ دەنووسێت “لە ڕووی تیۆرییەوە، جۆرێک لە کۆنفیدراسیۆنی کوردی وێناکرابوو. بەڵام لە ڕووی کردارەوە، کێشەی راستەقینە هەبوو لە دیاریکردنی سنوورێکی ئارام بۆ میسۆپۆتامیا، کە ناوچەیەکی ناوبڕ بێت لە باکووری ئێرەوە بۆ دوورخستنەوەی تورکەکان و دواجاریش سنوورێکی باکووری قبووڵکراو بۆ ئەو ناوچە ناوبڕە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەرمەنی مەزەندەکراودا٥٠. گەلێ پێشنیاز پێشکەشکران، بۆ نموونە، مێجەر نۆیڵ (لای کورد ئەم ناوە زیاتر بە نۆئێل رۆیشتووە – و) داکۆکیی لە سەر سێ پرۆژە دەکرد بۆ کوردستان: باشووری کوردستان کە بنکەی لە سلێمانی بێت و نەهری، رەواندز، هەولێر، کەرکووک، کفری و خانەقین لەخۆدەگرێت، ناوەندی کوردستان بنکەکەی لە مووسڵ بێت و ڕۆژئاوای کوردستان کە بنکەکەی لە دیاربەکر بێت و تا ئەوپەڕی باکوور دەکشێت کە کوردی تێدا نیشتەجێبێت و هەر هەموو ئەم پێشنیازانە بە پارێزگاری و ڕاوێژی بەریتانی کراون٥١. ئەرنۆڵد تی. ویڵسن، لە ژێر کاریگەریی دابینکردنی سنووری ئارام و سەلامەتدا، پێشنیازی “گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورکیای کردووە بە سەرپەرشتیی راوێژکارانی بیانی (باشترە بڵێین بەریتانی) لە ناوچە یان پارێزگاکانی provinces باکووردا. [ئەمەش پێدەچێت] پێگە و هەڵوێست ئاسان بکات لە میسۆپۆتامیا و کوردستانیشدا”٥٢. وەزارەتی دەرەوە لە لەندەن و بارەگای گشتی لە قاهیرە، بە ڕۆڵی خۆی، پێشنیازی کشانەوەیەکی تەواوی کردووە لە هەموو کوردستان و تەنها دەشتاییەکانی میسۆپۆتامیا بهێڵرێتەوە. ئەرنۆڵد تی. ویڵسن بەم شێوەیەی خواروە وەڵامیداوەتەوە:
“بە ڕای من سەبارەت بە کورد پێویستە تەواوی بنەمای کارمان مسۆگەرکردنی سنوورێکی قەناعەتبەخش بێت. چونکە ناتوانرێت ئەم جۆرە سنوورە بە ئارامی دابین بکرێت، پێموایە لە دەشتاییەکانیشدا، بەلام دەبێ لە چیا کوردییەکاندا ئەوە بکرێت و …. [ئەمەش] پێویستی بەوەیە کە پەنا ببرێتە بەر سیاسەتێکی خێڵەکی”٥٣.
ئەم سیاسەتە دژوار و پێچەوانە بەیەک و ناڕوونانە بەرانبەر بە کوردەکان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا ڕوونبووەوە کە دامودەزگا بەریتانییە سەرەکییەکان لە ١٣ی نیسانی ١٩٢٠دا ئەنجامیاندا وەک وەزارەتەکانی دەرەوە، کۆڵۆنیاڵی، هێزی ئاسمانی و ئۆفیسی هندستان. لەو دەمەدا بەریتانییەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبوو کوردستان دابڕن، بەو پێیەی کە ناتوانن هیچ کەسێک بدۆزنەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەو بەشەی وڵاتەکەدا٥٤. بەڵام ویڵسن پێداگریی لە سەر ئەوە دەکرد کە دەستبەردان لە کوردستانی باشوور پێگەی بەریتانیا بەرەوڕووی مەترسی دەکاتەوە لە کەنداوی فارس و بە هەمان شێوەش لە میسۆپۆتامیادا، کەچی لۆرد کێرزۆن لەگەڵ ئەم ڕایەدا کۆک نەبوو و نەیدەسەلماند. لەبەرئەوەی کە مەحاڵ بوو بگەنە بڕیارێکی کۆنکریتی، لیژنەی کۆبوونەوەکە لە سەر ئەوە ڕێککەوتن لە سەر راپۆرتی رەشنووسی پێشنیازی رۆبەرت ڤانسیتارت کەوا کوردستان “بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ” جیانەکرێتەوە، بەڵکو لێبگەڕێن کەوا کێشەکە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا چارەسەر بکرێت. پێشنیازەکانی ڤانسیتارت بوون بە بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیماننامەی سیڤەر٥٥. لە سەروبەندی گفتوگۆدا و لەکاتێکدا ئێدوین مۆنتاگۆی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هندستان داکۆکیی لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد، لۆرد کێزۆن رایگەیاند کەوا “ئەگەر بەریتانییەکان دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنن بە ئیدارەیەکی بەریتانییەوە، لەوانەیە فەرەنسییەکانیش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی هاوشێوە لە باکووری کوردستان بە سەرپەرشتیی راوێژکارانی فەرەنسی”٥٦.
بە هاتنی مانگی مایسی ١٩١٩ و لە یەکەم کشانەوە و دەستبەرداربوونیان لە تاقە دەوڵەتێکی کوردستانی باشوور، ڕوویان وەرگێڕا بەرەو بیرۆکەی ویلایەتێکی مووسڵی عەرەبیی دەوردراو بە چەند دەوڵەتێکی کوردی بە سەرکردایەتیی سەرۆکە کوردەکان لەگەڵ راوێژکارانی بەریتانیدا٥٧. هەرچەندە بیرۆکەی جیاکردنەوەی سیاسیی نێوان کورد و عەرەب هەر مابوو، بەڵام ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩١٩ بەریتانییەکانی لە عێراقدا هێنانیە سەر ئەو قەناعەتەی کە پێویستە کاروباری ناوخۆ توندتر بگرن و ئاگایان لێبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاربەدەستانی لەندەن بیریان لەوە دەکردەوە کە دەسبەرداری ناوچەیەکی شاخاوی کەوا کۆنترۆڵکردنی زۆر لە سەریان دەکەوێت. “لەکاتێکدا کە براوەی ئەو ڕۆژە باسی لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد و ئێستا تەنانەت ویلایەت و هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکانیش کەوتوونە بەر دەسکاری و گۆڕانکاری”٥٨. ویڵسن دوابەدوی راپەڕینەکەی شێخ مەحموود برووسکەیەکی بۆ سەرۆکەکانی ناردووە لە لەندەن و تێیدا دەڵێ:
“ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە هیچ شێوەیەک دید و بۆچوونی منی نەگۆڕیوە سەبارەت بە کاراکردنی ئەو سیاسەتەی کە لە [9ی مایسدا] حکوومەتی خاوەن شکۆ ڕەزامەندیی لە سەر دەربڕیوە لە بارەی دەوڵەتە سەربەخۆکانی کوردەوە، بەڵام پلەی سەرپەرشتی کردن دەبێ پشت بە پێویستیی وڵاتەکە و مەسەلە ستراتیجییەکان ببەستێت”٥٩.
ئەم جۆراوجۆریی ڕاوبۆچوون و پێشنیازانە ڕۆڵیان لەوەدا بینی کەوا کێشەی سنووری باکووری ویلایەتی مووسڵ هەر بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا کە باسی لێوەدەکەین،   هەوڵ و کۆششی بەریتانییەکان لە دروستکردنی هاوپەیمانیی گونجاوی ناوخۆییدا چڕبووبووەوە و بەدیاریکراویش بۆ دۆزینەوەی “سەرکردە و ڕابەری گونجاوی کورد کە بتوانرێت کاریان لەگەڵدا بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک”. جەنەراڵ شەریف پاشا، کە ئەندامێکی پێشووی حیزبی کوردی بووە لە ساڵی ١٩٠٨دا و هەروەها بەشداریش بووە لە کۆنفرانسی ئاشتیی ساڵی ١٩١٩دا و شێخ مەحموودی بەرزنجی و شێخ تەهای نەهری سەرکردەی ناودار و دەرکەوتووی کوردبوون کە بەریتانییەکان هەوڵیانداوە چارەسەریان لەگەڵ بدۆزێتە و ئەم هەوڵانە هەروا بێئەنجام مانەوە و شتیکیان لێنەهاتەبەر. ئەم تەمومژ و تێکەڵوپێکەڵییە تادەهات زیادی دەکرد بە هۆی دابەشبوونی نێوان کوردەکان خۆیانەوە. دێڤید ماکدوواڵ باس لەوە دەکات  کەوا “لە بەهاری ساڵی ١٩١٩دا، سێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی سیاسی لە ناو کوردەکاندا هەبوو: سەر بە تورک و سەر بە هاوپەیمانان و دواجاریش، لە ناو کوردەکانی دەرسیمدا، ئارەزوویەک پەیدابوو بۆ سەربەخۆیی تەواو لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی. زۆرێک لەو کوردانەی کە گومان و دوودڵیی چواردەور پەشۆکاندبوونی، حەزیان نەدەکرد خۆیان پابەندی یەک ڕەوتی کار بکەن بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی تێدا نەبێت”٦٠.
بە هاتنی ساڵی ١٩٢٠، دامزراندن و دروستکردنی کوردستانێکی جیا هەر بە ئاڕاستەیەکی گشتی مایەوە، لەکاتێکدا کە نەدەتوانرا سنوورەکانی دیاری بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت. بە درێژایی ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢١، گەلێ پێشنیاز و بۆچوون پێشکەشکران. بۆ نموونە، لە ١٣ی ئابی ١٩٢٠دا، نامەیەک نێردراوە بۆ سێر پێرسی کۆکس٦١، کە ئەمەی خوارەوەی تێدا دەخوێنرێتەوە:
“هەروەها گریمانەی ئەوەش دەکەم کە ئەو پەرەسەندەی بارودۆخی گشتی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا [ئاوها] دواتر دەبێتە سەرکەوتنێک بۆ ئۆتۆنۆمییەکی کوردی لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا و بەدوایدا داواکارییەکی سەرکەوتوو دێت لە کۆتایی پێنج ساڵی سەربەخۆییدا و بژاردەی جیابوونەوە لە [بەغدا] و هاتنە پاڵ دەوڵەتە کوردییە نوێیەکە.
[…] سەبارەت بەو ناوچانەی کوردستانی باشووریش کە لەئێستادا لەلایەن بەغداوە         بەڕێوەدەبرێت، پێمخۆشە پێشنیازی فیدراسیۆنێکی دەوڵەتە کوردییەکان بکەم لە لایەن سەرۆکە کوردەکانەوە لەگەڵ سەرۆکێکی بەریتانی لە لایەنی ئەوانەوە و ئەنجومەنێکی فیدراڵی کە رەنگە لە [سلێمانی] بێت و لە ئێستادا ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی سەرۆکایەتیی بکات. […]  وەک ئەندامی ئەنجومەنی فیدراڵی بێجگە لەوانەی [ناخوێنرێتەوە] بە شێوەیەکی ناوخۆیی، من پێمخۆشە حەمدی بەگی بابان راسپێرم وەک نوێنەری بنەماڵەی بەدرخان و بەو سیفەتەشی کە ئەندامی یانەی کوردییە لە قوستەنتینییە”٦٣.
بەهەرحاڵ، گوتراویشە کەوا داهاتووی باشووری کوردستان دەکرێت بڕیاری لێبدرێت بەپێی بارودۆخی ناوخۆیی و بەندە بەو هەڵوێستەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریدەگرێت. بێجگە لەوەش، ڕاپەڕینی بەرفراوانی تەمووزی ١٩٢٠ و هەروەها هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی داهاتووی کوردستانی باشووری زیاتر تەڵخ و لێڵ کرد. لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠دا سێر پێرسی کۆکس جێگەی ویڵسنی گرتەوە و بە زوویی دەستپێشخەریی کرد بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتێکی عەرەبی لە عێراقدا. بۆ نموونە، لە نامەیەکدا بۆ سێر ویندهام هێنری دیدس٦٤، هوبەرت یۆنگ جەختی لە پێویستیی “پێکهێنانی حکوومەتێکی لەم چەشنە کردەوە و بە عەرەبیی پوخت هێشتنەوەی”٦٥. بە هاتنی کۆتایی ساڵ، وادیاربوو هەڵوێستی بەریتانی بەرانبەر بە کورد گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتبێت. ماکدوواڵ تێبینی دەکات کەوا “کاتێ پیداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردندا کرا لە دیسەمبەری ١٩٢٠دا، یاساکە هیچ دانپیانانێکی تێدا نەبوو بەو زەمانەتانەی کە مافی کوردەکانی عێراق بوو بەدەستیبێنن بەگویرەی پەیماننامەی سیڤەر، کە تەنها چوار مانگ لەوەوپێش مۆرکرابوو”. لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومونی وەزیراندا وا ڕوونکراوەتەوە کە یاساکە ناونراوە “لائیحەی هەڵبژاردنی کاتی” و لە دەقەکەیدا واهاتووە:
“[…] ئەنجومەنی نوێنەران یان کۆنگرێس دەبێت لە سەد ئەندام پێکبێت و دەبێت بیست کەسیان لەلایەن [شێخی] عەشیرەتەکانەوە هەڵبژێردرێن. بێجگە لەم نوێنەرایەتییە تایبەتییە، هەر عەشیرەتێکی شایستە دەتوانێت ناوی خۆی لە تۆماری هەڵبژاردندا بنووسێت و وەک هەر هاووڵاتییەکی تری میسۆپۆتامیا دەنگ بدات. هەروەها نوێنەرایەتیی تایبەتی کۆمەڵگەکانی جوولەکە و کریستیانیشی گرتەوە لە عێراقدا، کە یەک ئەندام بۆ جوو و پێنجیش بۆ مەسیحییەکان بوو.
“خاڵە گرنگەکانی تر ئەوەن کەوا ئەو بەندەی باس لە عێراق دەکات وەک “ناوچە یان هەرێمێکی  territoryدیاریکراو لە پەیماننامەی هێزەکاندا”، کە بەش یان کەرتی division [سلێمانیی] کوردی بوو بەتەواوی لابرابوو و بەهەمان شێوەش ناوچە کوردییەکانی تر لە هەردوو کەرتی مووسڵ و کەرکووک، خرابوونە نێو ئەحکامەکانی ئەم دەقەوە”٦٦.
هەرچەندە کوردەکان خرانە نێو کاروباری هەڵبژاردنەوە، لەگەل بوونی هەندێ بەندی تایبەتیشدا، بەڵام پێرسی کۆکس پێشنیازی ئەوەی کرد کە “بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ [سلێمانی] و ناوچە کوردییەکانی تردا بکرێت چونکە پێویستیان بە بایەخدانێکی ورد و تایبەتە، کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ بەندی ٦٤ی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ [دەوڵەتی عوسمانیدا]”٦٧.
سەبارەت بە بارودۆخی کورد، راپۆرتی هەواڵگریی ٣١ی دیسەمبەری ١٩٢٠ ڕوونیدەکاتەوە کەوا “ئەفسەرە سیاسییەکانی مووسڵ و کەرکووک و هەولێر وایان دەبینی کە لە ناچەکانیاندا ئارەزوویەک نیە بۆ جیابوونەوە لە عێراق بەو مەرجەی دڵنیاییان بدەنێ لەبارەی بەردەوامیی کۆنترۆڵی بەریتانییەوە ئەگەرچی هەندێ زەمانەتی ناوخۆیی دابینکراوە سەبارەت بە زمان و شتی لەم چەشنە”٦٨. بێجگە لە ڕەچاوکردنی مافەکانی کورد، “ئەمانە بەتەواوی ملکەچی ستراتیجییەتی بایەخپێدانی بەریتانییەکان و (عێراقییەکان) دەبن”٦٩.
گۆڕانکارییەکی گرنگی تر ئەویە کە وەزارەتی کۆڵۆنییەکان جێگەی وەزارەتی هندستانی گرتەوە بۆ کاروباری عێراق و دروستکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو وەزارەتی کۆڵۆنییەکاندا. ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار لە نێو مەسەلەکانی تردا:           ١) پێویستیی کەمکردنەوەی تێکهەڵکێشیی نێوان دەزگا و دامەزراوەکان. سەبارەت بەم مەسەلەیە، بۆ نموونە، یۆنگ دەنووسێت: “[…] لەبەرئەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵ کردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە بە دوو بەشەوە کە دەکرێت بە شێوەیەکی کارا جیاواز و ناکۆک بن لە سەر مەسەلەگەلێکی پرەنسیپ، ئەو کاتە بۆ ئێمە تەواو مەحاڵ دەبیت کە سیاسەتی هاوبەش دابڕێژین٧٠. ٢) پێویستیی پەرەپێدانی “سیاسەتێکی داڕیژراو بۆ کەمکردنەوەی خەرجی ئیمپراتۆری بە قۆناخبەندیی یەک لە دوای یەک تا نزمترین ئاست”٧١، بەزۆری لە ژێر فشارێکی جەماوەریی گەورەدا. بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی فەرمی لە کۆنفرانسی مارتی ١٩٢١ی قاهیرەدا دامەزرا، کە تێیدا بڕیاریش درا کەوا فەیسەڵی کوڕی حوسەینی لەمەڕ حیجاز، بکرێتە مەلیکی داهاتووی عێراق٧٢. کۆنگرەی قاهیرە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە سەر سیاسەتی بەریتانی سەبارەت بە کورد و کۆنگرەکە “هەوڵدانێک بوو لەلایەن بەریتانییەکانەوە بۆ وەستاندنی داڕووخانی سیاسەتی بەریتانی کە لە ساڵی ١٩٢٠وە تووشی بووبوو و بەردەوام بووبوو بە مۆرک و خاسییەتی ئەو سیاسەتە لە سەرەتای ساڵی ١٩٢١یشدا”٧٣. بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاداشتێکی لە لەندەن ئامادەکردبوو و بەرزیکردبووەوە بۆ لیژنەی سیاسی لەبارەی کوردستانەوە. لیژنەکە پێکهاتبوو لە وینستن چەرچڵ (سەرۆک) و پاشان وەزیری کۆڵۆنییەکان، پێرسی کۆکس، گێرتڕوود بێڵ، کە سکرتێری کۆکس بوو، کۆڵۆنێڵ تی. ئی. لۆرەنس مێجەر هوبەرت یۆنگ و مێجەر ئی، دەبلیو. سی. نۆیڵ ئەندامی راوێژ پێکردن بوون.  یاداشتەکە ڕوون و ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ئەندامان بەتوندی لە سەر ئەو ڕایەن کەوا ئەو ناوچانەی بە پوختی و تەواوی کوردن نابێت بخرێنە سەر دەوڵەتە عەرەبییەکەی میسۆپۆتامیا، بەڵکو دەبێ پرەنسیپەکانی یەکگرتوویی و نەتەوەیی کورد تا دەتوانرێت بپارێزرێت و پشتگیری بکرێت لە لایەن حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانییەوە – و). لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، چوار ئەندام لە کۆی حەوت قەوارەیەکی کوردییان پێ باشتربوو کە لە عێراق جیابێت و ئەوانیش: چەرچڵ، یۆنگ، نۆیڵ و لۆرەنس، دژ بە کۆکس و بێڵ بوون و (مێجەر ر. د. بابکۆکی سکرتێری لیژنەکە گفتوگۆ و مشتومڕەکەی بەجێهێشت و چووە دەرەوە). لەگەڵ ئەوەشدا، لە چەند مانگی دواتردا مەسەلەکە واکەوتەوە کە وەرگەڕانێکی سەرسوڕهێن لە سیاسەتی بەریتانیدا ڕووبدات و سیاسەتەکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەرچڵ رەتکرایەوە لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکی کۆکس”٧٤. بەم ڕەنگە “بیر و ئایدیای ڕێگەدان بە سەرهەڵدان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا بۆ کوردستانی باشوور لە دواجاردا خرایەلاوە لە بەرژەوەندیی هێشتنەوەی وەک بەشێک لە عێراق”٧٥.
لە دید و بۆچوونی کۆکسەوە، “باشترین سیاسەت ئەوەبوو کەوا کوردەکان بە کەمینەیەک دابنرێن لە عێراقدا لەگەڵ پێدانی شانسی سێ ساڵ بۆیان و پاشان چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکەیاندا [ئاوها هاتووە]”٧٦. بێگومان ئەمە نیاز و مەبەستی بەریتانییەکان بوو کاتێ کە داکۆکییان لە “ئۆتۆنۆمییەکی ناوخۆیی local autonomy” دەکرد بۆ کوردەکان لە کاتی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ماندێتدا و هەروەها لە کاتی گفتوگۆکانی مەسەلەی مووسڵیشدا.
ئەم گۆڕانکارییانە کاردانەوەی جۆراوجۆریان بەرپاکرد لە ناو کوردەکانی ویلایەتی مووسڵدا. ڕژێمە نوێکە پەلیکوتا بۆ سێ ناوچەی سەرەکیی ویلایەتەکە (مەبەستی ویلایەتی مووسڵە – و) کەوا کەرکووک و هەولێر و مووسڵی گرتەوە، “لەکاتێکدا سلێمانی بە ئاشکرا خواستی خۆی دەربڕی بۆ مانەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەریتانیادا” و “هەموو هەوڵێک درا بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی خۆماڵی بە پێی بنەما ئاساییەکان”٧٧. وەڵامی بەریتانییەکان بۆ ئەم کاردانەوانە ڕاگەیاندنێک بوو لەلایەن پێرسی کۆکسەوە، کە تێێدا جەختیکردەوە لە سەر ئەوەی کەوا “کۆمیسیاری باڵا ڕەچاوی ئەو ڕێکخستنە ئیدارییانەی کردووە کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ داهاتووی ناوچە کوردییەکان لە عێراقدا. ئەو وا تێگەیەنراوە کە ترس و نیگەرانییەکی زۆر لەئارادا هەیە لەوەی کوردەکان ببەسترێنەوە  بەو حکوومەتی نیشتمانییەوە کە لە بەغدا دامەزراوە و لەبەر ئەم هۆیەیە کە هەندێ داواکاری هەیە بۆ ڕژیمێکی ئۆتۆنۆمی”. لێرەدا گونجاوە کە ئەم ڕاگەیاندنە بگوێزینەوە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ئایدیا و بۆچوونی کوردستانێکی جیاکراوە وازی لێهێنراوە و ئەوەش ڕوونبکرێتەوە کە چۆن بەریتانییەکان هەوڵیانداوە پاکانە بکەن و پاساو بۆ هەڵوێستیان بێننەوە لە بەرانبەر کورددا:
“لە هەمان کاتدا، وا دێتە تێگەیشتن کە ڕابەرانی ڕای کوردی بەتەواوی ئاگایان لەو پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەیە دروستەیە کە ناوچەکانیان بە عێراقەوە    دەبەستێتەوە و ئەو سەغڵەتی و نەگونجانەیە کە جیابوونەوە لەخۆیی دەگرێت. لە سایەی ئەم کەش دۆخەدا ئەگەر بکرێت خاوەن پایە حەز دەکات بەڵگەی خواست و ئارەزووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکانی کوردی دەستبکەوێت. ئەوان ئەگەر پێیان باشبێت لە ژێر سایەی حکوومەتی عێراقدا بمێننەوە، ئەوە ئەم ئامادەیە ئامادەیە ئەنجومەنی دەوڵەت ڕاسپێرێت بۆ چارەسەرێک بە پێی ئەم بنەمایانەی خوارەوە:
یەکەم – سەبارەت بەو ناوچانەی کوردستان کە سەر بە کەرتی مووسڵن و دەکەونە چوارچێوەی ماندێتی بەریتانیاوە، ئەوە دەبێت لیوایەکی لاوەکی٧٨ sub – liwa  یان (نیمچە لیوا، بنلیوا) پێکبهێنرێت و لە قەزاکانی زاخۆ و ئاکرێ و ئامێدی پێکبێن و دهۆکیش ببێتە ناوەندی لیوا لاوەکییەکە بۆ ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی یاریدەدەرێکی بەریتانیدا بێت [موتەسەڕیف]. دەبێت قایمقامەکانیش٧٩ لە حاڵی حازردا بەریتانی بن، بەڵام هەر کە پیاوانی کارامە و شایستە پەیدابوون ئەوە دەگۆڕدرێن بە کورد یان ئەو عەرەبانەی دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و لای کورد پەسەندبن.
ئەم نیمچە لیوایە بەگشتی و بۆ هەموو کاروباری دارایی و دادوەری ملکەچی حکوومەتی نیشتمانی دەبێت لە بەغدا و بە شێوەیەکی ئاسایی نوێنەرانی خۆی دەنێرێت ئەنجومەنی دامەزراندن (المجلس التأسیسی)، بەڵام بۆ مەبەستی کارگێڕیی گشتی قایمقامەکان پەیوەست دەبن بە موتەسەڕیفی نیمچە لیواکەوە (لێرەدا ئەم پێگەیەی بە نیمچە یان خوار موتەسەڕیف ناوبردووە – و)، لەکاتێکدا کە دامەزراندنی ئیداری لە ڕێگەی خاوەن شکۆ کۆمیسیاری باڵاوە دەبێت بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندا.
دووەم – کۆمیسیاری باڵا هەوڵدەدات بەشداریی ئەفسەرە بەریتانییەکان ڕێکبخات لەگەڵ ئیدارەی هەولێر، پێکەوە لەگەڵ کۆیسنجەق٨٠ و رەواندزدا و ئەوە دابین دەکات کە دامەزراندنی کاربەدەستانی حکوومەت بەپێی خواستی خەڵک دەبێت. هەر کە بارودۆخەکە ڕەخسا وردەکارییەکان رادەگەیەنین.
سێهەم: [سلێمانی] وەک موتەسەڕیفلغێک (واتە لیوا – و) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و موتەسەڕیفێک حوکمی دەکات و ڕاوێژکارێکی بۆ دادەنرێت و تا ئەو کاتەی کە موتەسەڕیف دادەنرێت ئەوە ئەفسەری سیاسیی بەریتانی مەم سیفەتە ئەو ئەرکە دەبینێت”٨١.
لەکاتێکدا کە ئەم هەلومەرجانە لە لایەن کەرتەکانی (division) مووسڵ و هەولێرەوە قبووڵکران، کەچی سلیمانی رەتیکردنەوە. هەڵبەت بە زەحمەت دەتوانرێت قسە لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاوە بکات سەبارەت بە کورد. بۆ نموونە، بەیاننامەی ٢٤ی دیسەمبەری ١٩٢٢ دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردیی سەلماندووە لە چواچێوەی سنووری عێراقدا و لە بەیاننامەکەدا هاتووە کەو “حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا و حکوومەتی عێراق بەهیوان کەوا لە زووترین کاتدا کەسە جۆراوجۆرە پەیوەندیدارەکانی کورد لەناو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتنێک لە سەر فۆرم و شێوەی ئەو حکوومەتەی دەیخوازن و ئەو سنوورانەی تا کوێ بگرێتەوە و نوێنەرانی بەرپرس بنێرن بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ کردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی خاوەن شکۆی   بەریتانیا و حکوومەتی عێراقدا”٨٢. ئەم بەڵێنانە بە هەر ڕێگەیەک بێت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەلمێنرا لە ١١ی تەمووزی ١٩٢٣دا. دەقی بڕیارەکە دەڵیت کەوا “حکوومەتی عێراق بەنیاز نیە هیچ کاربەدەستێکی عەرەب لە ناوچە کوردییەکاندا دابمەزرێنن بێجگە لە کاربەدەستە تەکنیکییەکان، هەروەها بەنیازنین دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان بە زۆر ناچار بکەن زمانی عەرەبی بەکاربێنن لە نووسراوە ڕەسمییەکانیاندا”.
لەگەڵ ئەوەشدا، چارەسەرە مامناوەندییەکە تەنها ڕووکەش بوو، چونکە کۆکس پێشتر ئەوەی دەربڕیبوو کە “ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆ ناسیۆنالیستی کورد دەکاتە دوو گڕووپەوە: “کوردە زۆر ڕۆشنبیر یان مونەوەرەکان” و “ڕەگەزە زۆر نەزان و دەمارگرژەکان” بە سەرکردایەتیی مەحموود٨٣. لەو نێوانەدا، ئاژاوە و پشێوی بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵکشا لەگەڵ گەیشتنی فەیسەڵدا. ئەم پیاوە و “مەسەلەی هەڵبژاردنی بۆ تەختی پاشایەتیی عێراق بارودۆخی سیاسیی گۆڕی”٨٤، کە لە واقیعدا، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەرچڵدا. بەم مانایە بێت “ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان وەزارەتی کۆڵۆنیاڵی و دەسەڵاتەکانی بەریتانیا لە میسۆپۆتامیادا هەڵپەسێردران. بۆ ئەوەی مەسەلەی کورد نەبێتە کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم دامەزراندنی فەیسەڵ وەک مەلیکی عێراق، وەزارەتی کۆڵۆنییەکان (موستەعمەرات) نەک تەنها نەخشەکێشانی دواخست لە نێوان کوردستانی باشوور و عەرەبی میسۆپۆتامیادا، بەڵکو داهاتووی سیاسیش بۆ یەکەمیان (واتە کوردستانی باشوور – و)”٨٥. ناوچە شاخاوییەکانی ڕەواندز و سلێمانی و بارزان و ئاکرێ بەتایبەتی بووبوونە شانۆی ئاژاوە و پشێویی ڕوو لە هەڵکشان. وەڵامدانەوەی بەریتانییەکان بۆ ئەم دۆخ و هەڵوێستە جێبەجێ کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی و ئاسمانی. بارودۆخەکە بە دامەزراندنی عێراق لە ژێر حوکمی هاشمیدا خراپتر بوو.
خاڵێکی وەرچەرخانی تر ئەوەیە کاتێ کە جەنگی سەربەخۆیی تورکیا (1919 – 1922)   سەرکەوت و کۆماری تورکیا لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٣دا دامەزرا، دوابەدوای مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣دا. لەگەڵ پەیماننامەکەدا، وادیارە بنەمای دامەزراندنی کوردستانێک بەتەواوی سڕایەوە و نەما. پەیماننامەی لۆزان هەموو کێشەکانی لانەبرد لە نێوان عێراق (کە ڕاستییەکەی بەریتانیابوو) و تورکیادا، “لە کاتی ناکۆکییەوە لە سەر خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵ، یان ڕاستتر لە سەر هێڵی سنووری وردی نێوان تورکیا و عێراقدا کە هێشتا لە حاڵەتی بنبەستدان”٨٦. مووسڵ بخرێتە کوێ و بەو پێیەش، کورد، کە بووبوو بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو سەردەمە. ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبارەی “سنوورەکان و خاوەندارێتییان” کەوا کایەی مشتومڕیان لە سەر ولایەتەکە دروستکردووە.


“جیهانی نوێی ئازا و بوێر”: سیستەمی ماندێت و مەسەلەی موسڵ

دەکرێ ئەو پرۆسەیەی بە بەخشینی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە کورتبکەینەوە:
سیستەمی ماندێت لە کۆنگرەی ئاشتیی ساڵی ١٩١٩وە سەریهەڵدا، کە کۆمەلەی گەلانیشی پێکهێنا٨٧. بە ئیلهام وەرگرتن لە چواردە بەندەکەی وودرۆ ویڵسن کە جەی. سی. سمەتی دەوڵەتمەداری باشووری ئەفریقا پەسەندی کرد و پاڵپشتیی لێکرد، پێشنیازی کۆمەڵەی گەلانی کرد وەک پێشنیازێکی پراکتیکی A practical Suggestion٨٨. سیستەمی ماندێت بریتیبوو لە دابەشکردنی خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتە بەزیوەکان، واتە ئەڵمانیا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. هاڵس تێبینی دەکات کەوا، “لە جەنگەکانی پێشوودا، ئەو ناوچانەی داگیر دەکران بەعادەت هەموو خاکە داگیرکراوەکە یان بەشێکی دەخرایە سەر دەوڵەتی داگیرکەر”٨٩. بەڵام سیستەمی ماندێت نکووڵییەکی تەواوبوو بۆ هەر خاک بچڕین و داگیرکردنێک. پرەنسیپەکانی ئەم سیستەمە لە مادەی ٢٢ی پەیمانی کۆمەڵەی گەلاندا هاتووە٩٠. مادەی ٢٢ سێ جۆر ماندێتی جیاکردووەتەوە:            ١) ماندێتی A لە ناوچەکانی پێشووی عوسمانی پێکهاتووە. 2) ماندێتی B بۆ ناوەڕاستی ئەفریقا و 3) ماندێتی C لە ئۆقیانووسی پاسیفیک (زەریای ئارام) و باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا. کۆنگرەی سان ڕیمۆ کە لە ١٩ – ٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ بەسترا ماندێتی بە سەر عێراق و فەلەستیندا دیاریکرد بۆ بەریتانیای مەزن و ماندێتیش بە سەر سووریا و لوبناندا بۆ فەرەنسا. بەهەرحاڵ، مەسەلەی سنوورکێشانی وردی جێهێشت بۆ ئەوەی لەلایەن هێزە سەرەکییە هاوپەیمانەکانەوە دەسنیشان بکرێت و هەلومەرجی ڕێککەوتن تەنها لەلایەن ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلانەوە دەسەلمێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٢دا.
عێراق دوا وڵات بوو کە وەکو ماندێتی A دەسنیشانکرا. وەک لە سەرەوە باسمکردووە، بەریتانییەکان دامەزراندنی سیستەمێکی پاشایەتییان هەڵبژارد بۆ عێراق لە ژێر حوکمی هاشمیدا و فەیسەڵیش بکرێتە مەلیک. لە ئابی ١٩٢١دا، فەیسەڵ بە زۆرینەیەکی ڕەها بە مەلیک هەڵبژێردرا٩١ و دانوستانی لەگەڵ بەریتانییەکان دەستپێکرد بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات بە پێی بنەمای پەیماننامەیەک دابڕێژرێت. لەئەنجامدا ڕەشنووسێکی ماندێتی عێراق لە سێپتەمبەردا پێشکەشی ئەنجومەن کرا (واتە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان – و)٩٢. دامەزراندنی ڕژێمێکی پاشایەتی لە ژێر سایەی حوکمڕانێکی عەرەبدا بەم شێوەیەی خوارەوە پاساودرا لە لایەن بەریتانییەکانەوە:
“حکوومەتی خاوەن شکۆ (بەریتانیا – و) ڕوانی کە ناتوانێت بەرهەڵستیی خواست و ئارەزووی دڵگەرمانەی گەلی عێراق بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی لە ژێر سایەی حوکمڕانێکی عەرەبدا. ڕەوتی ڕووداوەکان هێندە خێرابوون و بە ئاستێک بوو کە ڕێگەی نەدا بە ڕاوێژکردن بە ئەنجومەن لە پێش هەنگاوناندا و دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ئەنجومەنە ڕەزامەندیی لە سەر دەردەبڕێت، کە بەدیاریکراوی دانپیانانە بە مەلیک کە چوونە سەر تەختی بەدوای داواکاریی گشتگیری گەلی وڵاتەکەدا هاتووە”٩٣.
بەهەرحاڵ، تا ساڵی 1924 بارودۆخی وڵاتەکە شێوەی کۆتایی خۆی وەرنەگرت. بەدوای بڕینەوەی یەکەم پەیمانی ئەنگلۆ – عێراقی لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا، پرۆتۆکۆلێکی پاشکۆ و تەواوکەری پەیماننامەکە ئیمزاکرا. هاڵس پرۆسەکە بەم شێوەیەی خوارەوە کورتدەکاتەوە:
“ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن ئەنجومەنێکی تازە دامەزراندنی نوێی عێراقەوە ڕەزامەندیی لە سەر دراوە، پاش ئەوەی بە دواییە تورکیا بەگوێرەی پەیماننامەی لۆزان دەسبەرداری مافەکانی خۆی بوو لە ویلایەتە عەرەبییەکاندا. […] بەو پێیە لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە ڕۆژی       [27ی سێپتەمبەری 1924دا]، ئەنجومەن ڕەزامەندیی دەربڕی لە سەر ئەو کارەی بەریتانیا بە دامەزراندنی سیستەمێکی پاشایەتیی دەستووری لە عێراقدا، لە ڕیگەی ئامرازێکەوە کە بە ‘بڕیاری ئەنجومەن’ ناسراوە نەک بە ماندێتێک، بەڵام بووە بە ئەرک لە سەر بەریتانیای مەزن وەکو هێزیکی ماندێت مامەڵە بکات لە حاڵەتی ماندێتی Aدا”٩٤.
هەرچەندە تورکیا دەسبەرداری مافەکانی خۆی بوو لە ویلایەتە عەرەبییەکاندا، بەڵام تا ئەو کاتە هێڵی سنوور دیاری نەکرابوو لە نێوان تورکیا و عێراقدا و گفتوگۆ و دانوستان بەردەوام بوو لەبارەی لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە تورکیا یان عێراقەوە. ئەوان لە لۆزاندا نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، بۆیە کێشە و ناکۆکیی مووسڵ بەرزکرایەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان و ماوەی نۆ مانگی تریش درا بە دانوستان لە دوای پەیمانەکە بەڵام هەر بێسوود مایەوە٩٥.  لە سێپتەمبەری ١٩٢٤دا، کۆمیسیۆنێکی تەکنیکی، کە پێکهاتبوو لە مستەر ویرسن و کۆنت تێلێکی و کۆڵۆنێڵ پاولیس، دەسەڵاتی درایە بۆ لێکۆڵینەوەی دەسبەجێ لە ڕاستییەکانی ویلایەتە لە سەر ئەرزی واقیع. لەو ماوەیەدا، کۆمیسیۆنەکە سنوورێکی کاتیی داڕشت کە دەسنیشانی حاڵەتی دۆخی سەربازیی ئەو کاتەی دیاریکردبوو (الوچع الراهن، status quo) و ئەم سنوورە بە هێڵی برۆکسل ناسرا٩٦. لە سێپتەمبەری ١٩٢٥دا، ئەنجومەن (مەبەست ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلانە – و) راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی تاوتوێ کرد، کە تێیدا ڕایسپاردبوو هێلی برۆکسل بکرێتە بنەمای سنوور و ماوەی بیست و پێنج ساڵی ماندێت بدرێتە بەریتانیای مەزن و سەربەخۆیی کولتووری ببەخشرێتە کوردەکان. لە ١٦ی دیسەمبەری ١٩٢٥دا، ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان ئەم ناوچە کێشە لە سەرەی بەخشییە عێراق (بەو پێیەش بە بەریتانیا) بە گوێرەی ئەو مەرجانەی لە سەرەوە باسکراون، ئەگەر عێراق نەبێتە ئەندامێکی کۆمەڵەی گەلان لە مێژوویەکی پێشتردا٩٧. بەم پێیە، کەمینەیەکی نوێ لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرا، کە کورد بوون.

  ئەنجام
کوردەکانی مووسڵ: لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ دۆخی کەمینە

هەرچەندە دەکرێت رەگوڕیشەی مێژوویی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی حەڤدەوە بدۆزرێتەوە بەڵام “لە فۆرمی نوێیدا لە ماوەی نیوەی دووەمت سەدەی نۆزدەدا پەرەسەندنی بەخۆوە بینیوە هاوشان لەگەڵ جووڵانەوە هاوشێوەکانی ڕەعییەتەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ئاسیادا، وەک عەرەب و ئەرمەن”٩٨. بەزین و شکستهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ساڵی ١٩١٨ لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا و ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر، لەپاڵ بەندی دوانزەهەمی چواردە بەندەکەی وودرۆ ویڵسندا، ڕۆلی خۆیان بینی لە بەرزکردنەوەی ئاوات و خواستی کورد بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ. پرۆژەکان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆیە و بەشداربوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی جۆراوجۆر بوون بە درێژایی ماوەی دوای جەنگ و بەتەواوی کاریگەر بوو بەو دوودڵی و گومانانەی باڵیان کێشابوو بە سەر ماوەی دوای جەنگدا. هەروەها لە ساڵی ١٩١٨وە تا ساڵی ١٩٢٦،  سیاسەتەکانی بەریتانیاش ڕۆڵی خۆیان گێڕا لە پێکهاتنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. لە حاڵەتی نەبوونی سیاسەتیكی بەریتانیی دیاریکراو سەبارەت بە میسۆپۆتامیا و کوردەکان، ئەوە ناسیۆنالیزمی کوردی بە پێی وەرچەرخان و هەڵبەز و دابەزی  دید و تێڕوانینی بەریتانییەکان پەرەیسەندووە. ئەمەش وادەگەیەنێت کە ئەم ناسیۆنالیزمە بووە بە کرۆکی سیاسەتەکانی    بەریتانیا و تەحەدایەکی جیددی بۆ ئەم سیاسەتانە.
بەخشینی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق، واتە بە دیاریکراوی نووساندن و تێکەڵکردنی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتێکی نەتەوەیی عەرەبدا دروستکردنی کەمینەیەکی ئیتنیکی دەگەیەنێت لە عێراقدا، کە ئەمەش بەتایبەتی یارمەتیدانی قووڵبوونەوەی دابەشبوونی خاک و وڵاتی کوردە. لە ناو ئەم سیستەمە نوێیەی دەوڵەت – نەتەوەدا، ئەم دابەشبوونەش ڕەنگڕیژی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردیی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لووتبەرزیی ئەوروپی و مۆرکی گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەزی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوون بە بەشێکی پێکهێنەری ئەم پەرەسەندنە و بوون بە سەرەتایەکی زۆر زووی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاشکۆی ١: بڕیاری ساڵی ١٩٢٠ی سان ڕیمۆ:

کۆنگرەی سان ریمو ، (19 – 26ی نیسانی 1920)،  کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بووە لە سان ڕیمۆی ئیتالیا بۆ بڕیاردان لە سەر داهاتووی ناوجەکانی پێشووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی تورکی، کە یەک لە هێزەکانی شکستخواردووی تەوەر بووە لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا. بەشدارانی کۆنگرەکە سەرۆک وەزیرانی هەر یەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و نوێنەرانی ژاپۆن و یۆنان بەلجیکا بوون.
کۆنگرەکە ڕێککەوتووە لە سەر چوارچێوەی کۆتایی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا، کە دواتر لە سیڤەر ئیمزاکرا لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا. پەیماننامەی سیڤەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هەڵوەشاندەوە و تورکیای پابەند کرد دەسبەرداری هەموو مافێک بێت لە ئاسیای عەرەبی و باکووری ئەفریقا، هەروەها زەمینەی ڕەخساند بۆ سەربەخۆیی ئەرمینیا و کوردستان و بوونی یۆنانی لە ڕۆژهەڵاتی تراکیا و کەناری ڕۆژئاوای ئەنەدۆڵ و کۆنترۆڵکردنی یۆنان بە سەر دوورگەکانی دەریای ئیجە. دواتر لە ساڵی ١٩٢٣دا و لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ڕژیمە ناسیۆنالیستە نوێکەی تورکیاوە، پەیمانی سیڤەر گۆرا بە لۆزان، کە داواکاریی پێشتری هاوپەیمانانی ڕەتکردەوە لە ئۆتۆنۆمیی کورد و سەبەخۆیی ئەرمینیا، بەڵام دانی بە سنووری ئێستای تورکیادا نا.لە کۆنگرەی سان ڕیمۆدا شێوازی ماندێت بۆ ویلایەتە عوسمانییەکان بڕیاری لە سەردرا: سووریا و لوبنان بۆ فەرەنسا و میسۆپۆتامیا (عێراق) و فەلەستین بۆ بەریتانیا.
(ئە) بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی مادەی ماندێت سەبارەت بە فەلەستین، بەپێی ئەو بنەمایە بەڵێننامەیەک هاتووە لە کۆنووسدا  لەلایەن دەسەڵاتی ماندێتەوە کە ئەمە دەسبەرداربوون نیە لەو مافانەی کە تا ئێستا  کۆمەڵگەکانی غەیرە جوو هەیانبووە لە فەلەستیندا. ئەم بەڵێننامەیە ئیشارەت نیە بۆ مەسەلەی پارێزگاریی ئاینیی لەلایەن فەرەنساوە، کەوا لە کاتێکی پێشتری دواینیوەڕۆی ڕۆژی پێشتردا چارەسەر کراوە لە لایەن حکوومەتی فەرەنسییەوە کە دانی بەوەدا ناوە  کە ئەم مەحمییە تەواوبووە.
(بێ) مەرجەکانی مادەی  ماندێت دەبێت وەک ئەمانەی خوارەوە بێت:
لایەنە باڵاکانی کۆنتراکتەکە (بەڵێننامەکە) ڕێکدەکەون کەوا سووریا و میسۆپۆتامیا، بە گوێرەی بڕگەی چوارەمی مادەی ٢٢، بەشی ١ (لە پەیماننامەی کۆمەڵەی گەلان)، بە شێوەیەکی کاتی وەک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ دەناسرێن و دانایان پێدا دەنرێت، بەمەرجێ لایەنێکی ماندێت راوێژ و هاوکاریی ئیدارییان بۆ بڕەخسێنێت تاوەکو بەتەنها لە سەر پێی خۆیان دەوەستن. دەوڵەتانی هاوپەیمان سنوورەکا نی ئەو دوو دەوڵەتەی باسیان هاتووە دیاری دەکەن و دەوڵەتانی ماندێتیان بۆ دەسنیشان دەکەن.
لایەنە باڵاکانی کۆنتراکتەکە ڕێکدەکەون بۆ لەئەستۆگرتنی ئەحکامی مادەی ٢٢ی بەڕێوەبردنی فەلەستین، لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی کە دەوڵەتە سەرەکییەکانی هاوپەیمان دیاری دەکەن، بۆ دەوڵەتێکی ماندێت کە ئەم هێزانە هەڵیبژێرن. دەوڵەتی ماندێت بەرپرس دەبێت لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕاگەیاندنەی کەوا حکوومەتی بەریتانی لە ٨ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ دەریکردووە لە بەرژەوەندیی دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جوولەکە لە فەلەستین، کە بائاشکرا ئەمە وادەگەیەنێت کە هیچ کارێک ئەنجام نادرێت زیان بە مافە مەدەنی و ئاینییەکانی کۆمەڵگە غەیرە جوولەکەکان بگەیەنێت کە لە فەلەستیندان، یان ئەو ماف و بارە سیاسییەی جوولەکە هەیبێت لە هەر وڵاتێکی تردا.

پاشکۆی ٢: چەند بڕگەیەک لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکەی موسڵ

فۆکەسی سەرەکیی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکە لەبارەی کێشەکەوە لە سەر خاسییەتە ئیتنیکی و رەگەزییەکانی ویلایەتەکەیە. راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە و ئارگومێنتە سەرەکییەکانی تورکیا و بەریتانیای مەزن پاساون بۆ ئەم ڕاگەیاندنە و ڕاپۆرتەکە پێنج جۆر ئارگومێنت جیادەکاتەوە:       ١) جوگرافی و ئیتنیکی ٢) مێژوویی ٤) ئابووری ٤) ستراتیجی [ئاوها] ٥) سیاسی. ٣٦ لاپەڕە لە کۆی ٩٠ لاپەڕەی ڕاپۆرتەکە بۆ ئارگومێنتە جوگرافی و ئیتنیکییەکانە. راپۆرتەکە وایدادەنێت کە “وڵاتەکە کورد و عەرەب و کریستیان و تورک و یەزیدی و جوولەکەی تێدا نیشتەجێن، بەم ڕیزبەندییە لە ڕووی بایەخی ژمارەوە” و “کورد و عەرەب بە تەنها بە کۆمەڵی فراوان و ناوچەی بەرفراواندا دەژین و دەکرێ هێڵێکی دابەشبوونی ئیتنیکی لە نێوانیاندا بکێشین.
خواست و ئارەزووەکانی دانیشتووان بەم شێوەیەی خوارەوە گوزارشی لێوە دەکرێت:
“بە ڕەجاوکردنی ئەو تەحەفوزانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون سەبارەت بە ڕاوبۆچوونەکان، پێدەچێت ئەو ڕاستییانەی کە دانیشتووان گوزارشیان لێوە کردووە، ئەگەر ناوچەکە بە تێکڕایی وەربگرین بەسەریەکەوە، زیاتر لە بەرژەوەندیی عێراق بێت تا تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ لەوە تێبگەین کە هەڵوێستی زۆربەی خەڵک بەدەستهێنانی پاڵپشتییەکی کارایە لە سایەی ماندێتدا و لە ڕێگەی ڕەجاوکردنی ئابوورییەوە، زیاتر لەوەی هەستکردن بێت بە هاوسۆزی و یەکگرتن لەگەڵ مەملەکەتە عەرەبییەکەدا. خۆ ئەگەر ئەم دوو فاکتەرە هیچ کێش و بایەخێکیان نەبوایە لەگەڵ ئەو کەسانەی پرس و ڕایان لەگەڵ کراوە، ئەوە ئەگەر هەبوو کەوا زۆرینەیان تورکیایان پێ پەسەندتر بوایە وەک لەوەی بچنە سەر عێراق”.
پێکەوە لەگەڵ ئاگومێنت و پاساوەکانی تردا و پەیوەست بە کوردەکانی مووسڵەوە کۆمیسیۆنەکە ڕایسپاردووە کەوا “پێویستە ئەو خواست و ئارەزووانە ڕەچاوبکرێن کەوا کوردەکان گوزارشیان لێوەکردووە، کەوا کاربەدەستانی کورد دابمەزرێن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان و دادپەروەری بەرقەرار بکرێت و خوێندنی قوتابخانەیان بۆ بڕەخسێت و پێویستە زمانی کوردی زمانێکی فەرمی بێت لە هەموو خزمەتگوزاری و دامودەزگاکاندا”.
سەرچاوە:

ئەڵتەرناتیڤەکان: گۆڤاری جۆرناڵی تورکی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بەرگی ٩، ژمارە ٤، زستانی ٢٠١٠ ، لاپەڕە ٩١ – ١٣٢
ناوی بابەت / میراتی بەریتانیا و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە عێراقدا     (١٩١٨ – ١٩٢٦): گرنگیی “مەسەلەی مووسڵ”
ناوی نووسەر: زەینەب ئەریکانلی /  زانکۆی گەڵەتەسەرای – ئەستەمووڵ
Alternatives: Turkish Journal of International Relations
Vol. 9, No. 4, 91-132, Winter 2010
British Legacy and Evolution of Kurdish Nationalism in Iraq
(1918-1926):
What Significance the ‘Mosul Question‌?
Zeynep Arıkanlı
Galatasarai University

پەراوێز
1 ویلایەت: ناوچە یان هەرێمێک کە حوکمدارێکی گشتی بەڕیوەیببات (والی).
٢ سارا شیڵدز، “کێشەی مووسڵ: ئابووری و شوناس و خستنەپاڵ”، لە ڕیڤا سپێکترا سیمۆن ، (٢٠٠٤)، “دروستکردنی عێراقی مۆدێرن”، (نیویۆرک، جاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا)، لاپەرە ٥٠.
3 پێتەر جەی. پێک، “مشتومڕێکی بێزارکەر و مەترسیدار: بەریتانیا و چارەسەری کێشەی مووسڵ، ١٩١٨ – ١٩٢٦”، گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle Eastern Studies، ١٧ ، ژ ٢ (نیسان، ١٩٨١)، ل ٢٥٦.
٤ بەندی 62ی پەیماننامەی سیڤەر بەم شێوەیەیە: “کۆمیسیۆنێک کە بارەگای لە قوستەنتینییەیە و لە سێ ئەندام پێکهاتووە کە بە دوای یەکدا حکوومەتەکانی بەریتانی و فەرەنسی و ئیتالی دایاندەمەزرێنێت، لە ماوەی شەش مانگدا لە چوونە بواری کارپێکردنی ئەم پەیماننامەیەوە، بە داڕشتنی پلانێکی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینە کوردن و دەکەونە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە، لە باشووری سنووری خواڕووی  ئەرمینیاوە، کە دواتر دیاری بکرێت، لەگەڵ باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و میسۆپۆتامیا، وەک لە مادە ٢٧، ٢ (٢) و ٣دا دیاری کراوە. ئەگەر مسۆگەر نەکردنی کۆدەنگی لە سەر هەر مەسەلەیەک نەکرێت، ئەوە لە لایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە بەرەوڕووی حکوومەتەکانیان دەکرێتەوە. دەبێت پرۆژە و پلانەکە زەمانەتی تەواو لەخۆ بگرێت بۆ پاراستنی کلدۆئاشوورییەکان و کەمینە ئیتنیکی یان ئاینییەکانی تر لەم ناوچەیەدا و بەم ئامانجە کۆمیسیۆنێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی بەریتانی و فەرەنسی و ئیتالی و فارس و کورد سەردانی شوێنەکە بکەن و بڕیار لە هەر دەسکاری کردنێک بدەن، ئەگەر هەبێت و پێویستە لە سنوورەکانی تورکیا جێبەجێ بکرێن، کە بە پێی ئەحکامی ئەم پەیماننامەیە ئەو سنوورانە بگونجێن لە گەڵ سنووری وڵاتی فارسدا.
5 لە ئاگربەسی مۆدرۆسەوە ساڵی 1918 بۆ پەیماننامەی ئەنگۆرا (واتە ئەنکەرە – و) ساڵی 1926.  بەریتانییەکان لە پاش مۆرکردنی ئاگربەسەکە ڕاستەوخۆ مووسڵیان داگیرکرد. چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ بە شێوەیەکی کۆتایی لەگەڵ پەیماننامەی ئەنگۆرادا هات کە لە نێوان تورکیا و بەریتانیای مەزندا ئیمزاکرا و ڕادەستی عێراق کرا وەک ماندێت بەپێی پەیمانی کۆمەڵەی گەلان (1920).
٦  ئیلی کەدووری (١٩٨٧)، “ئینگلاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ١٩١٤ – ١٩٢١”، (لەندەن و بۆڵدەر: بڵاوکەرەوەی مانسێل و چاپی وێستڤیو)، ل ١.
٧ دێڤید ماکدوواڵ (٢٠٠٠)، “مێژووی مۆدێرنی کوردەکان”، (لەندەن و نیویۆرک: ئای. بی. تۆریس)، ل ١٥١.
٨  عوسمان عەلی، “فاکتەری کورد لە کێشە و ململانێی ویلایەتی مووسڵدا، ١٩٢١ – ١٩٢٥”، گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان The Journal of Kurdish Studies، ژ ٤ (٢٠٠١ – ٢٠٠٢)، ل ٣١.
٩  رۆبەرت جەی. بلیپ (٢٠٠٣)، “ئیمپراتۆری راج، هندستان و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،     ١٨٥٨ – ١٩٤٧”، (هامپشایەر: پاڵگرەیڤ ماکمیلان)، ل ١٥.
١٠  ئەی. جەی. بارکەر (١٩٦٧)، “جەنگی پشتگوێخراو. میسۆپۆتامیا ١٩١٤ – ١٩١٨”، (لەندەن: فەیبەر ئەند فەیبەر)، ل ١٨.
11 گوێخان چەتینسایا (٢٠٠٦)، “کارگێڕیی عوسمانی لە عێراقدا، ١٨٩٠ – ١٩٠٨”، (نیویۆرک، رۆتلیج)، ل ١٢٧. بڕوانە ماڵکۆلم ئی. یاپ، “سیاسەتی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا” و “سەدەکانی نۆزدە و بیست”، لە ئەڵڤین جەی. کۆترێڵ (١٩٨١)، “کەنداوی فارس: ڕووماڵێکی گشتی”، (باڵتیمۆر، مێریلاند؛ چاپی زانکۆی جۆنز هۆپکینز)، لاپەڕە         ٧٠ – ١٠٠ و ٤١ – ٦٩؛ هەروەها وەزارەتی دەرەوە، “میسۆپۆتامیا” (لەلایەن چەتینسایاوە وەرگیراوە، هەمان سەرچاوە، ل ٢٠٦).
١٢ هەمان سەرچاوە، ل ١٢٧ – ١٢٨.
١٣ ڕیککەوتننامەی سایکس – پیکۆ ڕێککەوتننامەیەکی نهێنییە لە نیوان حکوومەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسادا و ناوچەکانی مڵکی عوسمانییان دابەشکردووە بۆ بازنەی دەسەڵاتیان. بەپێی ئەم ڕیککەوتننامەیە و ڕەزامەندیی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی، مووسل خراوەتە بازنەی کاریگەریی بازنەی فەرەنساوە. تێرمەکانی ڕێککەوتننامەکە لە ١٦ی مایسی ١٩١٦دا بڕیاری لە سەر دراوە و لەلایەن سێر مارک سایکسەوە لەبری بەریتانییەکان و فرانسیس جۆرج پیکۆ لەبری فەرەنسییەکان دانوستانی تێداکراوە.
١٤ بلیپ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣٢.
١٥ هەمان سەرچاوە، ل ١٣٣.
١٦ هەمان سەرچاوە، ل١٣٢.
١٧ =       =.
١٨ کەدووری، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧٥.
١٩ بارکەر، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧ – ١٨.
٢٠ ف. جەی. مۆبەرلی (١٩٢٣)، “مێژووی فەرمیی جەنگ، لەشکرکێشیی لە میسۆپۆتامیادا”، بەرگی ١، ل ١٣٧.
٢١ مارتن ڤان بڕوونەسن (١٩٩٢)”ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان، (لەندەن و نیوجێرسی: زەد بووکس)، ل ١٣.
٢٢ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٥١.
٢٣ بڕوونەسن، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣.
٢٤ میهرداد ر. ئیزەدی، “کورد و پێکهاتنی دەوڵەت لە عێراقدا، ١٩١٧ – ١٩٣٢”، لە سیمۆن، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩٥.
٢٥ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٨. لە سەرنجێکی کۆتاییدا، ماکدوواڵ، بە گەڕانەوە بۆ کتێبی دڵسۆزانی Loyalties ئەرنۆڵد تی. ویڵسن، باس لەوە دەکات کەوا بریکارانی تورک جاڕنامەکەی جەنەراڵ مۆدیان بەکاردەهێنا بۆ دانیشتووانی بەغدا وەک بەڵگەی نیاز و مەبەستی بەریتانییەکان کەوا کورد دەخەنە ژێر حوکمی عەرەبەوە. هەروەها بڕوانە، ئەرنۆڵد تی. ویڵسن  (١٩٣٠)، “دڵسۆزانی میسۆپۆتامیا، ١٩١٤ – ١٩١٧. تۆمارێکی مێژوویی شەخسی”، (لەندەن: چاپی زانکۆی کوردستان)، ل ٢٦٦. ئەرگومێنت و پاساوی تورکیا بەتایبەتی پشتی بەم ڕاگەیاندنە بەستووە: “ئەوە خواست و هیوای گەلی بەریتانی و وڵاتانی هاوپەیمانە لەگەڵیان کە رەگەزی عەرەب جارێکیتر هەڵسێتەوە و بگاتە مەزنی و ناوبانگ لە نێو گەلانی سەر زەویدا”، جارێکیتر لە فیلیپ دەبلیو. ئایرلاند (١٩٣٧)، “عێراق: توێژینەوەیەک لەبارەی گەشەکردنی سیاسییەوە”، (لەندەن: کەیپ)، ل ٤٥٧ – ٤٥٨.
٢٦ هەمان سەرچاوە.
٢٧ جەفنە ل. کۆکس، “زەمینەیەکی مەشقی نایاب: گرنگیی هێزی ئاسمانیی شاهانە و ڕۆڵی لە عێراقدا،            ١٩١٩ – ١٩٣٢”، گۆڤاری  The Journal of Imperial and Commonwealth History، ١٣، ژ ٢ (کانوونی دووەم، ١٩٨٥)، ل ١٦٨.
٢٨ GB165-0029, 1/3/5, 26 July 1917,، “سەرنج لە سەر دۆخی باشووری کوردستان و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن ئەگەر ویستمان سوود لە خێڵەکان وەربگرین”، لە لایەن ئی. بی. سۆنەوە.
٢٩ و. رۆجەر لویس، “شانشینی یەکگرتوو و سەرەتای سیستەمی ماندێت، ١٩١٩ – ١٩٢٢”، گۆڤاری International Organization، ٢٣ ، ژ. ١ (زستانی ١٩٦٩)، ل ٩٢.
30. GB 165 – 0341 / 4 / 8, 25 May 1917, Sir Percy Cox to London.
٣١ FO371 / 4192, 1919, “کورتەیەک لەبارەی دۆخی کوردستانی باشوورەوە لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا”، ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مەدەنی، بەغدا، ل ٩.
٣٢ GB 165 – 0341 / 2 / 5 / 20، ٨ی مارتی ١٩٢٠، گێرتڕوود بێڵ بۆ سێر ئەرپەر هیرتزل “باکووری کوردستان”.
٣٣ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٧.
٣٤  بێڵ، سەرچاوەی پێشوو.
٣٥ سەعد ئەسکەندەر، “سیاسەتی بەریتانیا لە کوردستانی باشووردا: دروستبوون و کۆتایی پێهاتنی یەکەم حکوومەتی کوردی، ١٩١٨ – ١٩١٩”، گۆڤاری بەریتانی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست                 British Journal of  Middle Eastern Studies ، ٢٧، ژ. ٢ (نۆڤەمبەر، ٢٠٠٠)، ل ١٤١.
٣٦  هەمان سەرچاوە.
٣٧  =       =.
٣٨  رۆبەرت ئۆڵسن (١٩٨٩)، “سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید”، (ئۆستن: چاپی زانکۆی تەکساس)، ١٩٨٩، ل ٥٣.
٣٩ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١١٩.
٤٠ وتارێک لە لایەن وودرۆ ویڵسنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێس لە ٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٨دا. خاڵی دوانزەیەم بەم جۆرەیە: بەشی تورکی لە ئیمپراتۆرییەتی ئێستای عوسمانیدا دەبێ سەەربەخۆییەکی ئارام دابین بکرێت، بەلام نەتەوەکانی تر کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا دەبێ ئارامی و ئاسایشێک دابین بکرێت کە گومانی تێدا نەبێت و دەرفەتێکی ڕەهای گەشەکردن بڕەخسێت و دەردەنێڵ دەبێ بە هەمیشەیی بکرێتەوە وەک ڕاڕەویکی ئازاد بۆ گشتییەکان و بازرگانیی هەموو ولاتان لە ژێر زەمانەتی نێودەوڵەتیدا. بڕوانە
wwi.lib.byu.edu/index.php/President_Wilson’s_Fourteen_Points,
٤١ ماکدوواڵ، هەمان سەرچاوە، ل ١١٩.
٤٢ ئەسکەندەر، هەمان سەرچاوە، ل ١٤٠.
٤٣ ئۆڵسن، هەمان سەرچاوە، ل ٥٣.
٤٤ GB165 – 0029 / 6 / 58، ٢٣ی نیسانی ١٩١٩، “سەرنج لە سەر پێشنیازەکانی کلێمەنسۆ” لە لایەن ئەرنۆڵد تی. ویڵسنەوە.
٤٥ کریستیان کۆتس ئۆڵڕیچسن، “داگیرکردنی بەریتانیا بۆ میسۆپۆتامیا، ١٩١٤ – ١٩٢٢، گۆڤاری توێژینەوەی ستراتیجی  The Journal of Strategic Studies ٣٠، ژ. ٢ (نیسانی ٢٠٠٧)، ل ٣٦٦.
٤٦  ویڵسن، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠٣.
٤٧  بێک، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٥٧.
٤٨ هەمان سەرچاوە.
٤٩ کاب ٢٤/ ١٠٦، ١ی مایسی ١٩٢٠، چەرچڵ، یاداشتی ئەنجومەنی وەزیران، نهێنی: “خەرجیی میسۆپۆتامیا”.
٥٠ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢٠.
٥١ FO وەزارەتی دەرەوە  ٣٧١ / ٤١٤٩، ٦ی نیسانی ١٩١٩، “یاداشت: دەستووری داهاتووی میسۆپۆتامیا”، پێچراوەی ٨ تێبینیی ئۆفیسی سیاسیی سلێمانی.
٥٢  بەریتانیای مەەزن     GB165 – 0029 / 6 / 58.
٥٣  FO وەزارەتی دەرەوە  ٣٧١ / ٤١٩٢، ١٢ی سێپتەمبەری ١٩١٩ ، تەلگرافێک لە میسرەوە بۆ وەزارەتی جەنگ و کاردانەوەی ویڵسن.
٥٤ ئۆڵسن، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٥٧. ئەم “نەتوانینە” بە شێوەیەکی سەرەکیبە هۆی شکستهێنانیانی ئەزموونەکەیانەوەیە لە کۆنترۆڵ کردنی ناڕاستەوخۆی بەشە کوردییەکەی ناوچەی Bدایە، بە سلێمانی و کەرکووک و کفرییەوە لە کوردستانی باشووردا. لە ماوەی ساڵی ١٩١٨ – ١٩١٩دا بەریتانییەکان دەستیانکرد بە دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمووددا و ئەم بە توندی کەوتە بەرەنگاربوونەوەی پێگە و هەڵوێستی بەریتانییەکان لە ناوچەکەدا، بە ئیددیعاکردنی ئەوەی کەوا مەلیکی تەواوی ناوچە کوردییەکانە. بۆ وردەکاریی ئەم یەکەم حکوومەتە ئۆتۆنۆمییەی کورد، بڕوانە ئەسکەندەر، سەرچاوەی پێشوو، هەروەها سەعد ئەسکەندەر (نۆڤەمبەری ٢٠٠٧)، “نەخشەدانان بۆ جیابوونەوە: بەریتانیای مەزن و داهاتووی کوردستان، ١٩١٥ – ١٩٢٣”، (سلێمانی: تێزی بڵاونەکراوەی دکتۆرا، ٢٠٠٧).
٥٥ هەمان سەرچاوە.
٥٦ =         =.
٥٧ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٦٥.
٥٨ هەمان سەرچاوە.
٥٩ ویڵسن، هەمان سەرچاوە، ل ١٤٣.
٦٠ ماکدوواڵ، هەمان سەرجاوە، ل ١٢١.
٦١ لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠دا، کۆکس جێی ئەرنۆڵد تی. ویڵسنی گرتەوە، چەند مانگێک دوای یاخیبوونە گشتییەکەی تەمووزی ١٩٢٠.
٦٢ لە سەردەمی عوسمانیدا، بەدرخان رابەر و سەرکردەی یاخیبوونێک بووە لە ویلایەتی مووسڵ دژ بە هەوڵەکانی سێنتراڵیزەکردن (١٨٤٣).
٦٣ بەریتانیای مەزن GB 165 – 0309 / DS 799.K, 13 August 1920,،  سیاسی، بەغدا بۆ سێر پێرسی کۆکس.
٦٤ سکرتارییەتی سەرۆک (١٩٢٠ – ١٩٢٢) بۆ سێر هێربەرت سامۆیڵ، کۆمیسیاری باڵای بەریتانی لە فەلەستین.
٦٥ بەریتانیای مەزن GB 165 – 0309 / DS 42. 3. 67, 15 October 1920، سێر هەبەرت یۆنگ بۆ سێر ویندهام هێنری دیدس.
٦٦ وەزارەتی کۆڵۆنییەکان (موستەعمەرات) CO 730 / 1, 31 December 1920,، ڕاپۆرتی هەواڵگری، لە رۆبەرت ل. جەرمەن (١٩٩٨)، گۆڤاری ڕۆژانەی سیاسیی جیهانی عەرەب: عێراق  Political Diaries of the Arab World. Iraq ، بەرگی ١: ١٩٢٠ – ١٩٢١ (ئۆکسفۆرد: بڵاوکراوە ئەرشیفییەکان)، ل ٧٤ – ٧٥.
٦٧ هەمان سەرچاوە، ل ٧٥.
٦٨ =        =     ، ل ٨٩.
٦٩  ماکدوواڵ، هەمان سەرچاوە، ل ١٦٦.
٧٠ بەریتانیای مەزن، سێر هوبەرت یۆنگ بۆ کلەیتۆن، GB 165 – 0309 / DS 42. 3. 67, October 1920 .
٧١ هەمان سەرچاوە.
٧٢ “کۆنگرەی قاهیرە لە لایەن وینستۆن چەرچڵی وەزیری کۆڵۆنییەکانی ئەودەمەی بەریتانیاوە بەسترا، لەگەڵ سپاردنی فەلەستین و عێراق بە ماندێت (ئینتیداب) بدرێتە بەریتانیا لە کۆنگرەی سان ڕیمۆدا. چەرچڵ حەزی بە ڕاوێژکردن بوو لەگەڵ پسپۆڕانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و لە سەر داواکاریی ئەو گێرتروود بێڵ سیرپێرسی   کۆکس و تی. ئی. لۆرەنس و سێر کیناهان کۆرنوالیس و سێر ئەرنۆڵد تی. ویڵسن و جەعفەر عەسکەریی وەزیری جەنگی عێراق و ساسۆن ئەفەندی (ساسۆن حزقێل)ی وەزیری دارایی عێراق و کەسانیتر لە مارتی ١٩٢١دا لە قاهیرەی میسر کۆبوونەوە. دووان لە گرنگترین بڕیاری کۆنگرەکە بەخشینی تەختی پاشایی عێراق بدرێت بە ئەمیر فەیسەڵی کوڕی حوسەین (کە بوو بە فەیسەڵی یەکەم) و ئیمارەتی ترانسجۆردەن یان شەرقی ئوردن (کە ئێستا ئوردونە) بدرێتە براکەی کە عەبدوڵڵای کوڕی حوسەین بوو. بێجگە لەوەش، هێزی سەربازیی بەریتانی لە عێراق بە کردەوە کەم بکرێتەوە و بگۆڕدرێت بە پۆلی فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی شاهانە و بنکەی سەرەکیی لە حەببانیە بێت. کۆنگرەکە بەرنامەی کاری دا بە ئیدارەی بەریتانی لە هەردوک عێراق و شەرقی ئوردن و لە بەخشینی ئەم دوو ناوچەیە بە بنەماڵەی هاشمی و کورانی سەریف حوسەینی ئیبن عەلیی لەمەڕ حیجاز، چەرچڵ باوەڕی وابوو کە ڕۆح و پەیامی بەڵێنەکانی سەردەمی جەنگی بەریتانیا بۆ عەرەبەکان جێبەجێ کراوە”. ئەم زانیارییانە لەم ماڵپەڕە وەرگیراوە  http://www.answers.com/topic/cairo-conference.
٧٣ ئۆڵسن، سەرجاوەی پێشوو، ل ٥٨.
٧٤ هەمان سەرچاوە، ل ٥٩.
٧٥ ماکدوواڵ، سەرجاوەی پێشوو، ل ١٦٦.
٧٦ وەزارەتی دەرەوە FO ٣٧١ / ٥٠٦٧، ١٢ی حوزێرانی ١٩٢١، کۆمیسیۆنی باڵای میسۆپۆتامیا بۆ وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان.
٧٧ ماکدوواڵ، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٦٧.
٧٨ لیوا: هەرێم یان ناوچەیەکە موتەسەڕیفێک حوکمی دەکات. (بەرانبەر پارێزگای ئێستایە – و).
٧٩ قایممەقام: حوکمداری قەزایەکە. (پلەی سەربازیی موقەدەمیش بووە لە سوپای عوسمانیدا – و).
٨٠ سەنجەق یان سنجاق، پلەیەک لە خوار ویلایەتەوە بووە (لە دابەشکردنی ئیداریی عوسمانیدا – و).
٨١ بەریتانیای مەزن ١٦٥ / ٠٣٤١، ٦ی مایسی ١٩٢١، “ئەو بەڵێنانەی بە کورد درابوون”، بەیاننامەی سێر پێرسی کۆکس لەلایەن ڕاوێژکارانی بەریتانییەوە لە کەرتەکانی مووسڵ و کەرکووک و سلێمانی بڵاوکراوەتەوە. هەروەها بڕوانە وەزارەتی دەرەوە ٣٧١ / ٦٣٥١، ١٥ی مایسی ١٩٢١، ڕاپۆرتی هەواڵگری. هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە “مەترسی هەیە سلێمانی هیچ جارەسەرێکی پێشنیازکراو قبووڵ نەکات و دەنگ لە دژی خستنەپاڵ عێراق بدات”.
٨٢ هەمان سەرچاوە.
٨٣ ئەسکەندەر، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٧٦. هەروەها بڕوانە وەزارەتی دەرەوە FO ٣٧١ / ٧٧٨٢، ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢، کۆمیسیۆنی باڵای عێراق بۆ وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان.
٨٤ هەمان سەرچاوە، ل ١٦٣. هەروەها وەزارەتی کۆڵۆنییەکان ٧٣٠ / ٢، ٢٣ی حوزێرانی ١٩٢١، کۆنووسی ۆفیسی کۆڵۆنیاڵی ژمارە ٣١٥٥٨ و FO ٣٧١ / ٦٥٥٢، ٩ی تەمووزی ١٩٢١، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان بۆ کۆمیسیۆنی باڵا.
٨٥ هەمان سەرچاوە.
٨٦ بێک، سەرجاوەی پێشوو، ل ٢٥٦. هەروەها بڕوانە سەڵاحی رامسدان سۆنێڵ، “دیبلۆماسییەتی تورکیا ١٩١٨ – ١٩٢٣، مستەفا کەمال و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی تورکیا”، گۆڤاری مێژوو: پێداچوونەوەی کتێبە نوێکان History: Review of New Books ٤، ژ. ١ (١٩٧٥)، ل ١٩٥ – ٢٢٦.
٨٧ دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان تێکەڵ بە پەیماننامەی ڤارسای ساڵی ١٩١٩ کراوە. “کاری فەرمی کۆمەڵەی گەلان لە ١٠ کانوونی دووەمی ١٩٢٠ دەستیپێکردووە، کاتێ پەیماننامەی ڤارسای کەوتووەتە بواری کارپێکردنەوە و لەگەڵ بەرنامەکەی یەکەم بەشی ئەم پەیماننامەیە پێکدێنن و پەیماننامەکانی تر کە سەپێنراون بە سەر هێزە بەزیوەکانی تەوەردا”. بڕوانە جۆرج ئیگەرتۆن ، “کۆمەڵەی گەلان: کورتەیەکی مێژوویی، ١٩٢٠ – ١٩٤٦”. کۆمەڵەی گەلان (١٩٩٦)، “کۆمەلەی گەلان، ١٩٢٠ – ١٩٤٦، ڕێکخراوەکە و ئەو کارانەی ئەنجامیداون، وەبیرهێنانەوەی کارەکانی یەکەم ڕێکخراوی جیهانی بۆ چەسپاندنی ئاشتیی جیهانی”، (نیویۆرک و جنێڤ: ئەرشیفی نەتەوە یەکگرتووەکان)، ل ٢٤ – ٢٩.
٨٨ لیفتنانت- جەنەراڵ، ژان کریستیان سماتس (١٩١٨)، “کۆمەڵەی گەلان: پێشنیازێکی کردەیی”، (لەندەن و نیویۆرک: هۆدەر و ستۆغتۆن).
٨٩ جەیمس جی. هاڵس، “خولقاندن و سەپاندنی سیستەمی ماندێت (لێکۆڵینەوەیەک لە سەرپەرشتیی کۆڵۆنیاڵیی نێودەڵەتی)، ” Transaction of the Grotius Society 25 (کێشەکانی ئاشتی و جەنگ، ئەم پەیپەرە لە ساڵی ١٩٣٩دا لە بەردەمی کۆمەڵەدا خوێنراوەتەوە (١٩٣٩)، ل ١٨٨.
٩٠ بڕگە یەکەمەکانی (پەیمان ، بەرنامە، میپاق، Covenant) ئەمەی خوارەوەی تێدایە: بۆ ئەو کۆڵۆنی و ناوچانەی کە لە ئەنجامی جەنگی ئەم دواییدا بەتەنها لە سایەی بارودۆخی سەختی جیهانی نوێدا دەوەستێ و دەبێت ئەو پرەنسیپە جێبەجێ بکرێت کە خۆشگوزەرانیی گەلان و پەرەسەندنیان ئەمانەتی شارستانیی پیرۆزە و زەمانەتی پێکهێنانی ئەم متمانەیە پێویستە لەم بەرنامەیەدا بەرجەستە بێت. باشترین ڕێگەش بۆ کاریگەریی پراکتیکیی ئەم پرەنسیپە ئەوەیە کە باڵکێشان بەسەر ئەم گەلانەدا پێویستە بسپێردرێت بە وڵاتە پێشکەوتووەکان کەوا بە حوکمی سەرچاوەکانیان و ئەزموونیان یان پێگەی جوگرافییان دەتوانن بە باشترین شێوە ئەم بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ بگرن و ئامادەشن بۆ قبووڵکردنی و پێویستە ئەم ئەرکە وەربگرن بەو سیفەتەیان کەوا لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە ڕاسپێردراون بۆ ماندێتکردن و لەبری ئەو ئەم ئەرکە بەجێدێنن. مۆرک و کاراکتەری ماندێت دەبێت بە پێی قۆناخی پەرەسەندن و گەشەکردنی ئەو گەلە و دۆخی جوگرافیی هەریم یان وڵاتەکە و باری ئابووری و دۆخە هاوشێوەکانی تر بگۆڕێت”.
٩١ گفتوگۆ لەبارەی ئەم “زۆرینە ڕەهایەوە” کە فەیسەڵیان وەک مەلیکی عێراق هەڵبژاردووە لە سنووری ئەم باسە دەدەرە.
٩٢ هاڵس، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠١.
٩٣ کۆمەڵەی گەلان (١٩٢١)، جۆڕناڵی فەرمی Official Journal ، ل ١٣٥٥.
٩٤ هاڵس، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠٢.
٩٥ مادە یان بەندی پەیوەندیداری پەیماننامەی لۆزان لەبارەی سنووری نێوان تورکیا و عێراقەوە بەم شێوەیە:
“سنووری نێوان تورکیا و عێراق بە سەروبەرگرتنێکی دۆستانەی نێوان تورکیا و بەریتانیای مەزن دەکێشرێت لە ماوەی نۆ مانگدا. لە حاڵەتی ئەوەی کە ئەم دوو حکوومەتە لە ماوەی ئاماژە پێکراودا نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوە کێشەکە بەرەوڕووی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان دەکرێتەوە.
هەردوو حکوومەتی تورکی و بەریتانی لای خۆیانەوە بەڵێن دەدەن کەوا لە کاتی چاوەڕێکردنی بڕیاردان لە سەر بابەتی سنوور، هیچ جووڵەیەکی سەربازی یان هەر شتێکی تر ئەنجام نادەن کەوا دەسکاریی ئەم بارەی ئێستای ئەو زەوییانە بکات کە دوا چارەنووسیان بەندە بەو بڕیارەوە کە لە سەریان دەدرێت”. (پەیماننامەی لۆزان، مادەی ٣، بڕگەی ٢). بڕوانە ئەم ماڵپەڕە:
http://www.hri.org/docs/lausanne/part1.html,
٩٦ هێڵی A کەمێک دەکەوێتە خوار سنووری باکووری ویلایەتی مووسڵەوە.
٩٧ کۆمەڵەی گەلان، “مەسەلەی سنوور لە نێوان تورکیا و عێراقدا”، راپۆرتێکە بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجومەن لە لایەن ئەو کۆمیسیۆنەی کە پێکیهێناوە بە پێی ئەو بڕیارەی لە ٣٠ سێپتەمبەری ١٩٢٤ دەریکردووە بۆ چارەسەری کێشەکە. جنێڤ، ئابی ١٩٢٥،  لاپەرە ٩٠ “کۆمەڵەی گەلان، کورتەی مانگانە” ٥ (دیسەمبەر، ١٩٢٥)، ل ٣٢٥ – ٣٢٦. بۆ قۆناخە جیاجیاکانی چارەسەری کێشەکە بروانە کوینسی رایت “کێسەی مووسڵ”، گۆڤاری جۆرناڵی ئەمەریکی بۆ یاسای نێودەوڵەتی  The American Journal of International Law ٢٠ ، ژمارە ٣ (تەمووزی ١٩٢٦)، لاپەڕە ٤٥٣ – ٤٦٤.
٩٨ سی. جەی. ئێدمۆندس، “ناسیۆنالیزمی کوردی”، گۆڤاری مێژووی هاوچەرخ                               Journal of Contemporary History، ٦، ژمارە ١ (کانوونی دووەم، ١٩٧١)، لاپەڕە ٨٧.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …