Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / ئایا ئایینی زەردەشتی ئایینێکی کوردیە؟

ئایا ئایینی زەردەشتی ئایینێکی کوردیە؟

 

ئایا ئایینی زەردەشتی ئایینێکی کوردیە؟

سۆران حه‌مه‌ڕه‌ش

 

زه‌رده‌شتی بەزۆر کراوەتە ئایینی کوردی و ئایینی هەڵقوڵاوی کوردستان نییە و ئەو هەوڵانەش کە دەدرێن بە زۆر بۆ کردنی بە ئاینێکی کوردی، زیاتر زیان بە فەرهەنگ و مێژووی کورد دەگەیەنن وەک لە قازانج.
کورد لە سەدەی ڕابردووەوە بڕیاری داوە ڕابردووی خۆی بە ئایینی زەردەشتیەوە گرێ بدات، بەو جۆرە ئەو ئایینەمان بە بڕیار کردۆتە ئایینی خۆمان.

زۆر دەمێکە دەمەوێت لەسەر ئەم بابەتە بنووسم و لە کتێبەشمدا بە کورتی لەسەریم نووسیبوو. ئەوەی کە پاڵی پێوەنام کە بیربکەمەوە لە جارێکی تر نووسینی ئەم بابەتە، چەند ئامانجێک بوو، یەکەم لای خۆمەوە لە هەوڵدام لەسەر بناغەی زانست و بەڵگە مێژووی کورد بخەمە ڕوو، نەک هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیای شەخسی. ئەم هەوڵەش بۆ مەبەستی زیاتر تێگەیشتنە لە فەرهەنگی کوردی و ڕزگارکردنی مێژووەکەیەتی لە دەیان ساڵ کاریگەری ئایدیۆلۆجیای سیاسی. دووەم ماوەیەکە بابەتی ئایینی زەردەشتی زۆر هاتۆتە گۆڕێ و کۆمەڵێک بەڕێز لە هەوڵی ئەوەدان کە بگەڕێنەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان و ئەوەش لە ئاینی زەردەشتیدا دەبینن. سێیەم زۆر جار پەیوەندیم پێوە دەکرێت و پرسیارم لەسەر ئەم بابەتە لێدەکرێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بابەتەم دانابوو بۆ داهاتوو لە ناوکتێبێکی تایبەتدا لەسەر ئایینی کوردی و بە دڵنیایی لە داهاتووشدا زیاتر لەسەری دەنووسم، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە گرنگانەی سەرەوە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە متمانە بە بەڵگەنامە مێژووییەکان و بە شێوەیەکی تاڕادەیەک کورت، بۆچوونی خۆم لەسەر ئەم بابەتە گرنگە بخەمەڕوو

ناوی زەردەشت لە زمانی یۆنانیدا بە (زۆراسترێس ((Zorastresهاتووە، کە ئەوە هەر هەمان ئەو ناوەیە کە چووەتە زمانی ئینگلیزی و بووەتە (زۆرۆاستەر (Zoroaster، لە زمانی یۆنانیدا ناوەکە بە مانا جیاوازەکانی (پیاوی ئاینی ئەستێرە، ئەستێرەپەرست، ئەستێرەزێڕین، ڕۆحانی ئەستێرەیی) لەیەکدراوەتەوە کە تەواو جیاوازە لە ناوی (زەرەتوشترا)کە بە مانای (وشتری زێرێن) و چەندین مانای تری پەیوەست بە وشترەوە لێکدراوەتەوە. بەپێی ئەوەی کە هەردوو وشەکانی “زێڕ” و “ئەستێرە” دوو وشەی دێرینن؛ “زێڕ” لە زمانی میدیدا بەکارهاتووە و “ئەستێرە” ش لای هیتیەکان بە شێوەی (هەستێر) هەبووە، بۆیە پێدەچێت ناوەکە لە بنەچەدا هەر (زەر/زێڕئەستێرە) بووبێت بە مانای (ئەستێرەی زێڕین/ئەستێرە زێڕ)، یان مانایەکی تر لە چوارچێوەی ئەو دوو وشەیەدا. ئەوەی کە بۆچوونە یۆنانیەکە بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە لێکدانەوەی ئەوان دێرینترە لە سەرچاوەکانی تر و زیاتر نزیکترە لە ڕاستیەوە، لە کاتێکدا کە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەردەشت کەسایەتییەکی ئەستێرەناس بووە و لەو سەردەمەشدا ئەستێرەناسی بەشێک بووە لە ئایین، مرۆڤ پێیوابووە کە زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤ و چارەنووسی بە ئەستێرەکانەوە بەستراوە.

ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە لەگەڵ زانیاریەکانی کتێبەکەی فەیلەسوفی کورد شەمسەدینی شارەزووری زیاتر یەکدەگرێتەوە. شارەزووری نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژە بەوە دەکات کە زەردەشت خەڵکی ئازەربایجان (ئاتەرپاسیان) بووە و لە منداڵیدا لەگەڵ باوکی ڕوویکردۆتە شاری حەران و لەوێ لای فۆریسی حەکیم فێری زانستی ئەستێرەناسی بووە.بەپێی شارەزووری، زەردەشتیش لەسەر هەمان بۆچوونی مامۆستاکەی بووە.زەردەشت کاتێک کە لای مامۆستاکەی گەڕاوەتەوە و لە وڵاتی خۆی کە ئازەربایجان بووە شوێنی پێ لێژکراوە، ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات و لەگەڵ خۆی ئامێرێکی ئەستێرەناسی پێبووە کە لە فۆریسی حەکیم وەریگرتووە.

پێش شارەزووری، نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر زانای گەورەی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری، کە خاوەنی کۆنترین کتێبە لەسەر کورد، باسی زەردەشت دەکات، بەپێی ڕووداوەکان کە ئاماژەیان پێدەکات، سەردەمی زەردەشت دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، واتە دوو هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر. ناوچەی بڵاوبوونەوەی ئایینەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی وەک سەجستان (سیستان) و خوراسان. بەڵگەی دێرینتریش هەیە کە لە ناو کورد دا ناوی زەردەشت بەکارهاتووە. لە سەدەی یەکەمی زاینیدا لە کۆڕی پاشای هەولێردا کەسێک ناوی “زەردەشت” بووە.
دیارە لێرەدا ناتوانرێت هەموو بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ژیانی زەردەشت بخرێنە ڕوو و لایەنی ساڵی ژیانی ئەو پێغەمبەرە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، بەڵام ئەوەی کە بە نزیکی زۆرینە لەسەری ڕێکن و ئەو دوو زانا کوردەش تاڕادەیەک ئاماژەیان پێکردووە، کات و شوێنی بڵاوبوونەوەی ئایینەکە دەستنیشان دەکرێت بە نزیکی سەدەی شەشەمی پێش زایین و شوێنەکەشی نزیک ئەفغانستان و خوراسان و سیستان و کرمانە، هەروەها ڕوون دەبێتەوە کە زەردەشت خەڵکی ئازەربایجانە.

ئایینی زەردەشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا سەری هەڵداوە و ئەو ناوچەیەش ناوچەی ئەشکانیەکان بووە. ئەشکانیەکان کە خەڵکانێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ئێران بوون، لە نزیک خۆراسان و سنووری ئەفغانستاندا بوون و سەرچاوە ئەوروپیەکان بە (پارثParth) ناویان دەهێنن و تەواو لە فارس جودا بوون، هەتاوەکو سەردەمی ئیسلامیش هەر بە جودا لە فارس مامەڵەیان لەگەڵ کردوون. ئەوان دوای کزبوونی دەسەڵاتی یۆنانی، وردە وردە بوونە زلهێزی دووەمی ناوچەکە، بەڵام پێشتریش وەک دەسەڵاتی ناوخۆیی لەو ناوچەیەدا هەر هەبوون. دەسەڵاتی ئەشکانی لە سەدەی سێیەمی پێش زایینەوە دەستیپێکردووە، لەوێوە و لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی دەوڵەتە زلهێزەکەیاندا ئەوان بوونە تاقە هێزی مەزن بەرامبەر یۆنان و دوایی ڕۆمەکان و لەئەنجامدا ئایینەکەیان بەبەرگی فەرهەنگی ئەشکانیەوە بە هەموو ناوچەکاندا بڵاوبووەتەوە. هەموو ناوچەکانی ناو ئاوێستا و بەڵگە مێژووییەکان پشتگیری لەوە دەکەن کە ئایینەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا دەستیپێکردووە. دوایی لە سەردەمی ساسانیەکاندا کە کاریگەری پێج سەد ساڵ فەرهەنگی ئەشکانیان لەسەر بووە، ئایینەکە بایەخی پێدراوە و پەرەی سەندووە، بەڵام لە بنەچەدا ئایینی ئەو ناوچەیە نەبووە. ئایینی زەردەشتی ئایینێکە کە لە ناوچەی ئەشکانیەکاندا داڕێژراوە و لەوێ بڵاوبووەتەوە و بەهۆی مانەوەی دەسەڵاتی ئەشکانیەوە بۆ نزیکی پێنج سەد ساڵ ئایینەکە بەهێز بووە.

زۆرێک لە بۆچوونەکان سەبارەت بە زەردەشت و ئایینەکەی لە ژێر سایەی ئەفسانەی ئاریەکاندا دروست بووە و زۆر ڕووی زانستی لەدەستداوە، بۆیە ناڕوونیەکی زۆر لە ئایینی زەردەشتیدا هەیە لە ڕووی دەستنیشانکردنی سەردەمی نووسینی تێکستەکانەوە. کێشەکە لەوەدایە کە بەڵگەیەکی ماددی نییە بیسەلمێنێت ئەو تێکستانە زۆر دێرینن و ڕووداوەکانی ناو ئاوێستاش لەو ڕووەوە هاوکاری ناکەن. لەبەر ئەوەی کە مادەی کۆنترین تێکستی ئاڤێستایی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زاینی. هەر ئەوەش نییە، لە ڕاستیدا یەک بەڵگە نییە نیشانی بدات تێکستەکانی زەردەشت لە کاتی خۆیدا نووسراون، ئەو تێکستانە بە دڵنیایی دوای خۆی نووسراون. مانی پێغەمبەر بە ئاشکرا دەڵێت کە زەردەشت هیچ کتێبێکی نەنووسیوە و کتێبەکان لە دوای خۆی نووسراون بێ ئەوەی کە دەستنیشانی سەردەمەکەی بکات. ئەوە دیسان دەیسەلمێنێت کە مانی پێغەمبەر، نزیکی هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر پێی وابووە تێکستی ئایینی زەردەشتی لە کاتی ژیانی زەردەشتدا نەنووسراوە و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

زۆر ڕووی ئەم ئایینەش، بە هەڵە لێکدراونەتەوە. بۆ نموونە فەروهەر کە سیمبوڵی ئایینی زەردەشتیە لە بنەچەدا سیمبوڵێکی بنەچە زەردەشتی نییە و بە سەدان ساڵ پێشتر بە هەمان شێوە لای ئاشورییەکان دەرکەوتووە. ئەو سیمبوڵە لە بنەچەدا خودای (ئاشور) ە کە لە شێوەی پیاوێکی ڕیشندا بووە، لە ناو خۆر و دووباڵ جێگیر کراوە و لە سەدا سەد سیمبوڵێکی ئاشورییە و ئەخمینییە فارسەکان وەک خۆی لە ئاشورییەکانیان وەرگرتووە. شێوە دێرینی ئەو سیمبوڵە سەدان ساڵ پێش ئاشورییەکان و نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، لای هوریەکان شێوەیەکی ڕەسەنتری هەبووە و ئاشورییەکان لە هوریەکانیان وەرگرتووە و گۆڕیویانە. زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئاشورییەکان، لای هوریەکان شێوە ڕەسەنە زاگرۆسیەکەی هەبووە. لە ڕاستیدا فەروهەری زەردەشتیەکان، دەستی سێیەمە و سیمبوڵێکی ئاشورییە کە لە شێوەیەکی تێکدراوی سیمبوڵێکی هوری و ڕەسەنی زاگرۆسەوە وەرگیراوە. هەندێک بۆچوون هەیە کە لە بنەچەدا ڕۆژ و دوو باڵەکە میسری بێت، بەڵام چەندین لێکۆڵینەوەی تر پێچەوانەی ئەوەیان سەلماندووە. ئەوەی کە ڕوونە ئەمڕۆ زۆر کەس ئاگاداری ئەوە نین کە ئەو سیمبوڵە بە ناو زەردەشتییە، خودایەکی ئاشورییە کە ئەوان بە زەردەشتی لە قەڵەم دەدەن.

گەر باس لە پەیوەندی کورد و ئایینیی زەردەشتی بکرێت، ئەوا بە دڵنیایی ئایینی زەردەشتی لە سەردەمی ئەشکانیەکان و لە سەدەی سێیەمی پێش زایینەوە وردە وردە کوردی پێ ئاشنا بووە، کاریگەری ئەو ئایینەش زۆرجار لە سەر سەنتەرەکانی دەسەڵات و شارە گەورەکاندا دەرکەوتووە. واتە بەدڵنیای ئەو ئایینە کاریگەری لەسەر کورد هەبووە وهەندێک کوردیش بوونەتە زەردەشتی، بەڵام کورد پەیڕەوی هەمان ئەو ئایینە زەردەشتیەی نەکردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا دەرکەتووە و هەندێک گۆڕانکاریشی لەو ئایینەدا کردووە، بە جۆرێک کە هەندێک جار ئایینەکە لە کوردستاندا جگە لە ناوی زەردەشت بە تەواوی گۆڕانکاری تێدا کراوە، لەبەر ئەوەی کە ئایینی هەڵقوڵاوی کوردستان نەبووە و ئایینێکی نامۆ بووە بە کوردستان. دیارە وەک پێشتر ئاژەی پێکرا، سەرچاوە کوردیەکان ئاماژەیان بە زەردەشت کردووە و تەنانەت لە هەندێک لە شیعرە یارسانیەکانیشدا ئاماژە بە زەردەشت کراوە، بەڵام ئەوانە ئایینەکە ناکەنە ئاینێکی کوردی، لەبەر ئەوەی کە شیعرە یارسانیەکان باسی داود و ئیبراهیم و چەندین کەسایەتی و پێغەمبەری ئایینی تری ترێدا کراوە.
ئەی باشە ئەم ئایینە چۆن کرایە ئایینی کوردان؟

مێژووی کورد لەسەر بناغەی زانست و لێکۆڵینەوە دانەڕێژراوە، ئەو مێژووە بەشێکی زۆری لە ژێر سێبەری کاردانەوە و لە توڕەییدا نووسراوە. لە سەدەی ڕابردوودا کە زۆر لە وڵاتەکانی ئەمڕۆ بە مانا نوێکەیان دامەزران، هەر نەتەوە و لە هەوڵدا بوو لە هەموو ڕوویەکی مێژووییی، ئایینی، زمانەوانی-ەوە نەتەوە و وڵات دابمەزرێنێت و مانای هەمەلایەنە بۆ ئەو بابەتە پێکبهێنێت. کوردیش ئەو کاتە سەرقاڵی ڕەتکردنەوەی دابەشبوون و بەرهەڵستیکردنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەکەی بوو، بۆیە زۆر جار هەوڵی داوە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو نکۆڵیکردنە و لە ئەنجامدا بێ هیچ پرسیارێک گورج ئەو ئایینەی کردۆتە ئاینی خۆی. ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ئەو هەوڵانە بۆی دەردەکەوێت کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نەکراوە بۆ ئەوەی کە بسەلمێنرێت ئاینی زەردەشتی ئاینی کورد بووە. ئەوەی کراوە هەوڵ و بڕیار بووە بەو ئاڕاستەیە و ئەنجامەکەشی بۆ ئەو کاتەی کورد مایەی دڵخۆشی بووە.بۆیە زۆرتر ئەو کوردانەی کە لەو بوارەدا هەوڵیان داوە، نەهاتوون پرسیار لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە بکەن، بەڵکو هەوڵەکە بۆ ئەوە بووە کە هەر شتێک ببینن بە پەلە پەیوەندی بۆ بدۆزنەوە لەگەڵ ئایینی زەردەشتیدا. بۆیە ئەمڕۆ هەر ئاسەواری ئاگردانێک لە کوردستاندا بدۆزرێتەوە، بە پەلە دەکرێتە زەردەشتی بێ ئەوەی کا ئاگاداری ئەوە بین کە ئاگردان لە پەرستگەدا زۆر پێش ئایینی زەردەشتیە. تەنانەت فەیلەسوف و پیاوی ئایینی یارسانی کورد، پیر شالیار، کراوەتە زەردەشتی بێ ئەوەی کە یەک بەڵگە هەبێت کە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە جگە لە بەزۆر کردنی بە کەسایەتییەکی زەردەشتی. بەو جۆرە ئەم ئایینە بەزۆر کراوەتە ئایینی کوردی و ئایینی هەڵقوڵاوی کوردستان نییە و ئەو هەوڵانەش کە دەدرێن بە زۆر بۆ کردنی بە ئاینێکی کوردی، زیاتر زیان بە فەرهەنگ و مێژووی کورد دەگەیەنن وەک لە قازانج.
لە ڕاستیدا زۆر گران نابێت کە بتوانرێت بزانرێت باوباپیرانمان زەردەشتی نەبوون و پەیڕەوی ئەو ئایینەیان نەکردووە. گەر سەرنجی زۆرینەی گۆڕە دێرینەکانی کوردستان بدەین، ئەوا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە باوباپیرانمان بە ڕێوڕەسمی زەردەشتی نەنێژراون و ئەو گۆڕە کوپە گڵێنیانەی کوردسان، کە لەهەموو شوێنێک دەدۆزرێنەوە، دەری دەخەن کە باوباپیرانمان بە ڕێوڕەسمێکی مێژوویی کوردی دوور لە ئایینی زەردەشتی نێژراون. هەندێک جار ڕێوڕەسمی تریش لە سەرچاوەکاندا دەردەکەوێت کە دیسان پێچەوانەی ئایینی زەردەشتیە. لە نزیکی سەدەی یەکەمی زاینیدا پاشای کوردی ناوچەی کوردیان (کوردستان) کە ناوچەی جەزیرە و بۆتان دەکات، تەرمەکەی ئاگری تێپەردراوە و سووتێنراوە، کە ئەو دابوونەریتە و ناشتن لە کوپەدا، بە تەواوی پێچەوانەی ڕێوڕەسمی ئایینی زەردەشتین.جگە لەوە چەندین خەڵکی یۆنانی هاتونەتە ناوچەکە و باس لەوە ناکەن کە خەڵکەکە هەمووی زەردەشتی بووبێتن. واتە بە وردی ڕوونە کە کورد لە سەدەی ڕابردووەوە بڕیاری داوە ڕابردووی خۆی بە ئایینی زەردەشتیەوە گرێ بدات، کە بڕیاریش درا، ئەوا زۆر ئاسان دەبێت کە لە هەموو شتێکدا لەیەکچوون لەگەڵ ئەو ئایینەدا دروست بکرێت و بەو جۆرە ئەو ئایینەمان بە بڕیار کردۆتە ئایینی خۆمان.

جگە لەو خاڵانەش، ئەمڕۆ یەک زەردەشتی دێرین لە کوردستاندا نییە، زۆرینەی ئەو زەردەشتیانەی کە لە وڵاتی ئێراندا ماون لە وڵاتی ڕەسەنی زەردەشتیەکان کە ناوچەکانی یەزد و کرمانە، ماون. ئەو ناوچانە ناوچەی بنەچەیی ئەو ئایینەن و بە هیچ جۆرێک یەک زەردەشتی لە رابردووی نزیکدا لە کوردستاندا نەبووە. ئایینی زەردەشتی ئایینی کورد نەبووە و ئایینێکە کە هاتۆتە ناو کوردەوە و لە کاتێکدا کە هەندێک کورد بوون بە زەردەشتی، بەڵام زۆرینەی کورد لەسەر ئایینەکانی باوباپیرەی خۆیان ماوەنەتەوە، کە ئەمڕۆ تەواوکەری ئەو ئایینانە، ئاینەکانی یارسانی (کاکەیی)، ئەلەوی، ئێزدی، شەبەک و دروزیە.

بە دڵنیایی من دژی ئەوە نیم لە کوردستاندا پەرستگەی زەردەشتی، بودی (بودی) ، جویی، کریستیانی یان هەر ئاینێکی تر هەبێت و بکرێتەوە، ئەوانیش وەک ئاینی ئیسلام ئاینن و وەک چۆن مافی دروستکردنی مزگەوت هەیە، بە بۆچوونی من دەبێت هەمان ماف بدرێت بە دروستکردنی پەرستگەی هەموو ئاینێکی تر و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو مافە تەنها بۆ یەک ئایین ڕەوا بێت، بەڵام بە تەواوی دژی تێکدانی فەرهەنگی کوردیم و بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەم کە مێژوومان لەسەر بناغەی هەست و سۆز و بیر و بۆچوونی شەخسی بنووسینەوە و ناکرێت کاردانەوەی توڕەییانە لە ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کورد وامان لێبکات کە مێژووی کورد و ناسنامەکەی تێکبدەین. ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئایینی باوباپیرەیان، هەڵبژاردەیان زۆرە، لەبەر ئەوەی کە ئایینی زیندووی ڕەسەنی کوردیمان ماون و هەر یەک لە ئایینەکانی یارسانی (کاکەیی)، ئەلەوی، ئێزدی، شەبەک و دروزی ئایینی کوردی هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کوردین. تەنانەت ئایینی مانی زۆر زیاتر پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک لە ئایینی زەردەشتی. بۆیە ناکرێت ئەم ئایینە بەزۆر بکەینە ئایینی خۆمان. دەبا ڕێز لە ئایینە کوردیەکان بگرین و هەوڵی پاراستنی پەیڕەوانی بدەین و کۆمەڵگەکەمان پێیان ئاشنا بکەین نەک ئایینێک کە کوردی نییە بە زۆر بکەینە کوردی.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ له‌ فه‌یسبوكی نووسه‌ر و له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی خۆوی وه‌رگیراوه‌ و له‌ گۆڤاری (خاڵ) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

سەرچاوەکان:

حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەندەن.
الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨)الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
الشهروزوري، شمس الدین محمد بن محمود (٢٠١٠) نزهة الارواح و روضة الافراح في تاریخ الحکماء والفلاسفة، دائرة المعارف العثمانیة، هند.
Krupp, E. C.(2012) Echoes of the Ancient Skies: The Astronomy of Lost Civilizations, Harper and Row, New York.
Nigosian, S. A. (2003) The Zoroastrian Faith: Tradition and Modern Research, McGill-Queen’s University Press, Qubec.
Voorst, R. V. (2014) RELG: World, Cengage Learning, USA.
Boyce, M., Grenet, F. (1991), Handbuch der Orientalistik: Der Nahe und der MittlereOsten, Brill.
Potter, D. S. (2014) The Roman Empire at Bay, AD 180–395, Routleg, New York.
D’Adamo, A. (2015) Science Without Bounds: A Synthesis of Science, Religion and Mysticism, CreateSpace Independent Publishing Platform.
10. Bromiley, G. W. (1988) The International Standard Bible Encyclopedia, Volume 4, B. Eerdmans Publishing Co. Chicago.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …