Home / بەشی مێژووی كورد / سایکس بیکۆ شەتڕەنجەکەی سەد ساڵە

سایکس بیکۆ شەتڕەنجەکەی سەد ساڵە

سایکس بیکۆ شەتڕەنجەکەی سەد ساڵە
Rudaw.net
غەیاسەدین نەقشبەندی

لە ماوەی دوو مانگدا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی سەد ساڵەی رێککەوتننامەی (سایکس- بیکۆ) کە لە 1916 لەنێوان فەرەنسا و ئینگلتەرادا ئیمزا کرابوو بۆ پارچەکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەنێوان هەردوو دیپلۆماتکاری ئینگلیز مارکس سایکس و فەرەنسی فرانسوا جۆرج بیکۆ، هەرێمی کوردستان و دەڤەرەکە بەگشتی شڵەژاوە و کەوتووەتە بارێکی نائارامەوە و گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی تێدا ئەنجامدرا کە نزیکەی 500 ژنی کورد لەبەرچاوی جیهانی پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست لەبازاڕی کۆیلەکاندا فرۆشران و لاقەکران و بێ سەروشوێن کران! وەک جینۆسایدی ئەرمەن و لەنێوبردنی کورد دوای ئەو رێککەوتنە گومانلێکراوە.

 98 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنەدا تێپەڕی و لەوەدەچێت نەهێڵن ببێتە سەد ساڵ، ئەگەر سنووری نوێ دانەمەزرێنن و بەگوێرەی بەرژەوەندیی کۆلۆنیالیزمی نوێ نەخشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکێشنەوە.

ئێستا و دوای ئەو هەموو هەوراز و نشێوەی مانگی رابردوو، گەیشتمە قەناعەتێکی تایبەت لەو رووەوە: هەرکەسێک بڵێت لە بارودۆخەکە تێدەگەم و وای لێدێت، یان داعش بۆچی هات و کێ هێنای! درۆ دەکات. چونکە ئەو رووداوانەی دوایی هیچ پەیوەندییەکیان بە زانستی سیاسەت و ئەکادیمییەتەوە نەبووە و زیاتر جووڵەی شەترەنجین، لەسەرەتاوە داعش مەبەستی کوردستان نەبوو، نیازی بەغدا و نەجەفی هەبوو، بەڵام دوای چەند جووڵەیەکی شەترەنجی روویان لە کوردستان کرد و پەلاماری ناوچەی مادەی 140یان دا، بەڵام نەهاتنە ناو هەرێمی کوردستان و هێڵی مادەی 140 یان نەبەزاند لەکاتێکدا پێیاندەکرا ئەگەر شەوی یەکەم و دووەم بیانویستبا هیچ بەربەستێک نەبوو رایانگرێت. 

هیچ نەبێ دەیانتوانی چەند مووشەک یان تۆپێک بهاوێژنە شارەکانی هەرێمی کوردستان کە تۆپیشیان هەبوو، لەتوانایاندا بوو بیکەن و ئەگەر بیانکردبا دڵەڕاوکێ زیاتر دەبوو، هێزی پێشمەرگەش لەو ئامادەباشیەی ئێستادا نەبوو، هۆیەکە چی بوو نەیانکرد! سەرم لێی دەرناچێت، هەرچەندە دڵنیابووم و دەمزانی کە داعش توانای مانەوەی لە هیچ جێگایەکدا نییە، ئەگەر خەڵکەکە بۆی نەبنە هێلانە و پێشوازیی لێنەکەن، چونکە داعش توانای شاڵاویان هەیە و تێیدا سەرکەوتوون، بەڵام مانەوە زۆر زەحمەتە، چونکە ئالیەتی مانەوەیان نییە و پلانی توکمە و درێژخایەنیان بۆ مانەوە و خۆپاراستن نییە.

تەنیا پەنا بەخوا و هێزی پێشمەرگە و هاوکاریی دۆستان و بە سیاسەتێکی دەرەوەی سەرکەوتوو داعشمان شکاند و تێکشکاندنی هەر بەردەوامە، ئەگەر بەیەکجارەکیش نەبێت، بەڵام ئێستا بارەکە گەڕاوەتەوە دۆخی جاران، تەنیا جیاوازیش ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە نێوبانگێکی یەکجار زۆری دەرکردووە و رای جیهانی بەگشتی بەچاوێکی بەرز سەیری دەکات و ئەوەندەش مایەی خۆشحاڵییە، نەخاسمە ئەو هەموو یارمەتییە و چەک و جبەخانەی بەدواداهات کە پێموایە بۆ یەکەمین جارە لە دیرۆکی کورد لە بارێکی وەها باشدا بین، بەڵام چارەنووسەکە نادیارە و ئیحتیمالی زۆری لێدەردەکەوێ و بەدەیان سیناریۆ لەسەر مێزەکان رازێندراونەتەوە کە جگە لە خەلیفەکانی (سایکس –بیکۆ) کەسی دیکە سەرەداوی لێهەڵناکات.

 پێشمەرگە لەسەرەتاوە نیشانیدا کە هێزێکی پەرتوبڵاوەو هێشتان بە ئیمرەتی حیزبەکان کاردەکات، ئەگەر بانگەوازەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبووایە کە گوتی هیچ کەسێک بۆی نییە ئاڵای حیزبەکان هەڵگرێت، ئێستا نە ئەوروپا و نە ئەمریکا ئەو جۆرە یارمەتییەیان نەدەنارد. پێویستمان بەو یەکگرتنەیە ئەگەر بمانەوێ دەسکەوتی زیاتر بەدەستبێنین، چونکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان وڵاتە زلهێزەکان پشت بە میلیشیا نابەستن و لە دواڕۆژدا لەشکرێکی یەکگرتووی بەهێزیان دەوێ بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت، هەروەها لەشکرێکی یەکگرتووی بەهێز دەبێتە جێی متمانە و دەسکەوتی زیاتر دەبێت. سەرەڕای ئەوەش هێشتا پارتی و یەکێتی لەنێو لیستی تیرۆرن و ئەمریکا ئامادە نییە لە لیستەکە دەریانبێنێ لە کاتێکدا بۆ ئەمریکا خۆی دەبێتە گرفت کە پشتگیری جیهانی بۆ “تیرۆریستان”! کۆدەکاتەوە.

ئێستا هەموومان هەستمان بەوەکرد کە بردنەوەی جەنگ لە مەیدانەکانی شەڕدا دەسکەوتێکی یەکجارەکی نییە، تەنیا بردنەوە سیاسییەکانە کە دەسکەوتە لەشکرییەکان دەپارێزن و دەیانکەنە بردنەوەی بەردەوام. بردنەوە سەربازییەکان کاشخانی داواکاری لەکاتی مفاوەزات بەرزتر دەکاتەوە، بۆیەش ئێستا سیاسەتێکی دەرەوەیی یەکجار تۆکمەمان دەوێت بۆ ئەوەی بردنەوە سەربازییەکانمان بکاتە بردنەوەی بەردەوام، بەتایبەت لەگەڵ ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییە بەهێزەو لەکاتێکی ئەوەندە هەستیار کە تەنیا دوو ساڵی ماوە رێککەوتنە شەترەنجییەکە کۆتایی بێت.
هەڵوەشاندنەوەی سایکس بیکۆ کارێکی یەکجار گرنگە لەبەردەم نەخشەکێشی سیاسەتی دەرەوەی کوردستان و ئەگەر ئێستا پێمان نەکرێت سوودی لێوەرگرین هیچ کات پێمان ناکرێت و با چیتر گلەییش لە کەس نەکەین.

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …