Home / گۆڤاری مێژووناسی / گردی بەسموسیان/بێتواتە

گردی بەسموسیان/بێتواتە

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

یەکەم کەس لە شوێنەوارەکانی دەشتی بیتوێنی کۆڵیوەتەوە سەبری شوکری بووە لە ساڵی ١٩٥٠ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری بەغدا نێردراوە. لە گەڵ دروستکردنی بەنداوی دوکان و لە ساڵی ١٩٥٥ ڕووماڵێکی دیکە بۆ ناوچەکە کراوە. ئەوکاتە هەر یەک لە کاماریان، گردی دەم، شمشارە، قەرەشینە و بەسموسیان بەسەرکراونەتەوە. لەو دەشتەدا ٤٠ شوێنەوار هەن (گردی بۆر، مەلا عومەر، کەماریان، بۆیان، گردی دەم، کوللە یان قوللە، تەنکیجە، کولە کاوی، قارە قاج، مەلا شەل، هایز، بابو گەوران، مەمەند، تەپە گەوران، شمشارە، کوللەک، پارا پۆست، بسموسیان، قەرەشینە، سەرخومە، بۆسکێن، کولان، کەمام، کوندو، قورەڵەی سەروو، قورەڵەی خواروو، مەحمود هەباس، غەزنە، عارەبان، قەرەتەپە کون، کردەڵ و قەبری سەحابە). جگەلەوانیش ٨ شوێنەواری دیکە هەبوون بەڵام زانیارییان لەسەر بڵاو نەکراوەتەوە.

گردی بەسموسیان گەورەترین گردی ئەو ناوچەیەیە و ١٢ کیلۆمەتر لە ڕانیە دوورە. نزیکەی ١٥٠٠ مەتر دووجایە و ٢٣ مەتر بەرزە و ٨٠٠ مەتریش لە زێی بچووک، دوورە. لە نزیکەی ساڵانی ١٩٠٠ دێیەک لەوی ئاوەدان کراوەتەوە، کاتی ڕوومالەکە نزیکەی ٥٠ خانووی تێدا بووە. خانووەکان لە خستی قوڕ دروستکراون و لە ناوەوە بە گەچ سواغ دراون. بن میچەکانیان لەسەر کۆڵەکەی دار داندراون. هەیانبوو دوو قات دروستکرابوون، ئاژەڵەکانیان لە نهۆمی زەویدا دەژیان و خێزانەکانیش لە نهۆمی سەرەوە. جووتیاری ناوچەکە بە چاندنی تووتن، لۆکە و دانەوێڵەوە خەریک بوون.

دوو چاڵ بۆ گەڕان بە دوای شوێنەواردا لێدرا، یەکەمیان ٤٠ مەتر و دووەمیان ٢٥ مەتر درێژ بوون. دەرکەوت ئەو ناوچەیەی نێوان ئەو دوو چاڵە، پەرستگە بووە. بۆیە گەڕانەکان زۆرتر لەوێدا کران. لە چینەکانی سەرەوەدا، شتێکی وا دەرنەکەوت بەڵام لە هەردوو سەری چاڵەکاندا زەوی خانووە کۆنەکانی چینی یەکەم دەرکەوتن، هەندێک ئاگردانیان تێدا بوو. پارچەوپووچی شکاوی گڵسازیی سەدەی ٨ و ٩ هەبوون. نیشانەکانی سەردەمی عەبباسییەکانیش هەبوون، دیارە تا ئەو کاتە ژیان لەوێ بەردەوام بووە. لە چینی دووەمیش هەمان ئەوانەی چینی یەکەم دووبارە بوونەوە، بێ ئەوەی شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بدۆزرێتەوە. هەرچی چینی سێیەمە، جگە لە پەرستگەکە شتێکی ئەوتۆ دەرنەکەوت. هەندێک پارچەی شوێنەوار بۆ کۆتایی هەزارەی دووەمی بەر لە زایین دەگەڕێنەوە، دەرکەوتن. هەر لە هەمان چین، هێندێک نووسراوی ئاشوورییش دۆزرایەوە.

لە چینی چوارەمدا هەمان پەرستگە هەبوو، بەڵام لەوەی چینی سێیەم تازەتر بوو. پارچەی گڵسازیی لەو چینەدا لە جۆری شێوازی ناسراوی خابوور بوون کە لە هەزارەی دووەمی بەر لە زایین هەبووە. لە چینی پێنجەمدا دیواری تەواو دەرکەوتن، ئەگەرچی بەشێکی ئەو دیوارانە بە هۆی خانووەکانی چینی چوارەم لابراون یان نەماون، بەڵام ئەوەی ماوە بە ڕوونی دیارن. لە گەڕانەکانی دواتر لە وەرزی دووەم و سێیەمدا، چینی دیکە لە گردی بەسموسیان دەستنیشان کران. ئەو چینانە بۆ هەزارەی سێیەم و سەردەمی گڵسازیی ئوروک و حەلەف/سامەررا دەگەڕانەوە.

ئەگەر بە کورتی باسی پەرستگەکە بکەین، ئەوا دەبینین لە هەردوو چینی یەکەم و سێیەمدا لە سەر گردەکە دروستکراوە. هەردووکیشیان ژوورێکی لاکیشەیی هەبووە.دیوارەکانی پەرستگەی چینی یەکەم لە چاو ئەوەی سێیەم، کەمێک بەلای ڕۆژهەڵاتدا چووە. دیواری پەرستگەکەی چینی یەکەم لە خشتی قوری ٤٠ بە ٤٠ و ١٠ سانتیمەتر ئەستوور بە پانیی ٣ مەتر، لەسەر بناغەیەکی بەرد و چەو، دروستکراوە. هەردوو دیوی ناوەوە و دەرەوەی بە گەچ داپۆشراوە. ژوورەکەی ناوەوەی پەرستگەکەی چینی سێیەم ١٠ بە ٦ مەتر و نیو بووە. لە ناوەڕاستی هەردوو ژووری پەرستگەکانیشدا مێزیک هەبووە. هەردوو لا درێژەکەی ژووری پەرستگە کۆنەکە لە سەر دیوارەکەی ناوەوە بە قوڕ سێ دەستە ستوون هەبوون تا نیوەی بەرزی دیوارەکە دروست کراون. لەوانەیە لایەکەی بەرانبەر دەرگاس بووە، هەر هەیبووە، بەڵام نەماوە.

ئەوەی دەردەکەوێ ئەوەیە لە چینی سێیەمدا بەشێکی ئەو پەرستگەیە لە ناو زەویدا بووە. لە دەرەوە ڕێڕیەوەکەی بۆ نزم کراوەتەوە تا دەگاتە دەرگای چوونە ژوورەوە. ئەو پەرستگەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارهاتووە. چەند ستوونێکی کورت لە ناو ئەو پەرستگەیەدا هەبووە، هەموویان بە نەخش و نیگار ڕازاونەتەوە و بەشێک بوون لەو پەرستگەیە. هەبوونی ئەو جۆرە ستوونانە تێکەڵەیەکی سەرنجڕاکێشی خەسڵەتەکانی باکوو و باشووری ئەو کاتەن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی بچووکی ئەو کاتەی ئەو ناوچەیە نیشان دەدات.

سەرچاوە: https://www.brown.edu/…/resources/alsoof/files/9507529.pdf

About دیدار عثمان

Check Also

كاریگەرییەكانی ئاگر لە بواری بیناسازی لە وڵاتی دووڕوبار

رفیق رسول صوفی/ ماستەر لە شوێنەواری کۆن  بەكارهێنانی ئاگر لە لایەن مرۆڤەوە یەكێك بوو لەو …