Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / هەندێک شتی نەزانراو لە بارەی زەردەشتەوە

هەندێک شتی نەزانراو لە بارەی زەردەشتەوە

ئا. لە تورکییەوە: بەکر شوانی

 ئاین و ژیان و دابونەریتی کوردەکان لە چاخەکانی سەرەتایاندا، واتا پێش سەردەمەکانی بڵاوە لێکردن و کۆچکردنیان بۆ سەرزەمینەکانی ئەم ڕۆژگارە، تا بڵێیت پەنهان و نەزانراوە. بەڵام بەپێی پاشماوە مێژوویییە دۆزراوەکان وا دەردەکەوێت پاش گیرسانەوەیان لەم سەرزەمینە، ئاهورا، واتا ڕووناکییان پەرستبێت. ڕووناکییان بە دۆست زانیوە و بە تاریکی نیگەران بوون. ئاخر “ئاهور” یان “ئاهیر” واتای ئاگر دەگەیەنێت. “ئاهورا”یش لە هەردوو وشەی “Ahur” و “Aa” پێکهاتووە و بەسەریەکەوە واتای “ڕاستیی لە ئاگرەوە هاتوو” دەگەیەنێت. کتومت وەک وشەی خودا کە لە هەردوو وشەی “Khod” و “Aa” پێکهاتووە.

سەرەتا بەو ڕووناکییە “Şid” و پاشان “Şid-i Şidan” واتا تیشکی تیشکەکانیان گوتووە. ئەمەیشیان وەک ئافرێنەری گەردوون قەبوڵ کردووە. هاوتای ئەوەیش لە قورئاندا “خوا تیشکی ئاسمانەکان و زەمینە”یە. لەبەرەوە توانای هێز و دەسەڵاتیش بۆ ئەو تیشکە زیاد کراوە و “ئاهورامازد”، واتا “یەزدانی بەهێز”یان پێ گوتووە، چونکە وشەی “مازد” واتای بەهێز و دەسەڵاتدار دەگەیەنێت. بەکورتی؛ کوردەکان ئاگریان لەکن پیرۆز بووە و پاراستوویانە، چونکە بە ڕووخساری ڕاستیی پیرۆز “تیشک”یان داناوە. هێرۆدیت-یش پێی وایە موغەکان یەکێک لە شەش هۆزەکانی ماد-مەدیان پێکدەهێنا و ئاگرپەرستییان بە کوردەکان گەیاندووە.

بەهەمان شێوە بەکارهێنانی وشەکانی”خور، خورخۆش، خۆر و خورشید” لە هەمان سۆنگەوەیە، چونکە تیشکی خۆر ڕووخساری ڕاستەقینەی تیشکە. هەر لەبەرئەوەیشە خۆریان بە پیرۆز داناوە و پەرستوویانە. ئەمە وای کردووە کوردەکان بە خورشیدپەرست و خۆرپەرستیش ناوببرێن. (مێژووی کۆنی کەنیسەکان، ل 301، بە زمانی تورکی).

وشەی “Ehur” واتای ئەڤیندار و خۆشەویست و “Ehura“یش واتای ئەڤین و خۆشەویستی دەگەیەنێت. ئەم دوو وەشەیەش هەردووکیان لە وشەی ئاهورا داتاشراون. ئاشکرایە شاعیرەکانیش لە وێناکردن و لەبری داناندا ئەڤین وەک ئاگرێک کە لە ڕوح بەردەبێت، وێنا دەکەن.

بەشێک لە هۆزەکانی کورد بە کۆچبەری و ئاژەڵداری درێژەیان بە ژیان داوە. مێگەلی زۆریان هەبووە و لە پێدەشتەکاندا ژیاون. لە نێوان کوێستان و گەرمیانەکاندا لە هاتوچۆدا بوون. مەیلیان نەبووە لە شوێنێک بگیرسێنەوە و نیشتەجێ بن. لەگەڵ مێگەل و ئاژەڵەکانیاندا ژیاون و میوەی باخەکان و بەروبوومەکانی سرووشتیان خواردووە. سەرلەبەری سامانەکانیان بریتی بووە لە ڕەشەوڵاخ و مەڕ و مریشک و شتی لەو جۆرە. ئەوانەیش نیشانەی ژیانی تەواو سرووشتییانەی ئەوانە. سەردەمەکانی دواتر لە گوند و شارەکان نیشتەجێ بوون و خوویان داوەتە کاروباری کشتوکاڵ و دار چاندن. دەسەڵاتی هەر بنەماڵەیەک لە دەستی گەورەی بنەماڵەدا بووە. دواتر بۆ چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکان ڕاوێژ بە سەرۆک عەشیرەتیش کراوە. سەردەمی وا هەبووە عەشیرەت ئامادە نەبوون خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتی پادشایەکی دیاریکراوەوە و تەنیا سەرۆک عەشیرەتەکان پەیوەندییان لەگەڵ پادشاکاندا هەبووە. پادشاکان لە شەڕ و ئاشتی و باج کۆکردنەوە و سەربازگیریدا ڕای سەرۆک عەشیرەتەکانیان وەرگرتووە و ڕاوێژیان پێیان کردووە. چارەسەرکردنی گشت کێشە ناوخۆیییەکانی عەشیرەتیش لە دەستی سەرۆک و ڕیش سپییەکانی عەشیرەتدا بووە. ڕیش سپییەکان هەمیشە بە دەوری سەرۆک عەشیرەتەکانەوە بوون و لە کاتی ڕوودانی کێشەدا بیر و بۆچوونی خۆیان بەیان کردووە. پارەیان بەکار نەهێناوە. (وشەی پوول کە بە واتای پارە دەێت، لە ’’Pul’’ی پادشای ئاشوورییەکانەوە وەرگیراوە… کتێبی پادشاکان، بەرگی دووەم، بەشی 15، ئایەتی 19… کتێبی مێژووی ڕۆژەکان، بەشی 15، ئایەتی 26… هەردوو سەرچاوەکە بە زمانی تورکین).

کوردەکانی ئەو سەردەمانە سەودا و مامەڵەی موڵک لە نێوانیاندا نەبووە. هەموو پێداویستییەکانی خۆیان لە ڕێگەی گۆڕینەوەی شتومەکەوە بەدەست هێناوە. هەر شتێکیان کڕیبێت، شتێکیان لە بەرامبەری داوە. لە ڕێی میوانداریشەوە نان و خواردنی یەکدییان خواردووە. میوانپەروەری لای کورد و نەریتی چاوەڕێکردنی میوانیش لەو سەردەم و دابونەریتانەوە سەرچاوەی گرتووە و لەم ڕۆژگارەیشدا پەیڕەو دەکرێت. پۆشاکی خۆیان لە پێستی ئاژەڵی ماڵی و کێوی دروست کردووە و جلوبەرگی زۆر سادەیان پۆشیوە. ژنان هاوشانی پیاوان بوون و لە خێزان و عەشیرەتدا خاوەن هەمان پێگەی پیاوان بوون. چەکەکانی کورد بریتی بوون لە تیر و کەوان، گورز، ڕم، شمشێر، خەنجەر، کەمەند و هتد…

لە کۆمەڵگەی زەردەشتیی کوردیدا پەرستنی هورمز ئەرکی گەورەی بنەماڵەکان بووە و ئەوانە بە “پیر” ناوبراون. ئەندامەکانی تری خێزان لە ئەرک و باری گرانی پەرستن بەخشراون. پیرەکان لەبەرەوە پەرستنی هورمزیان لەگەڵ جادوو و چاوبەست و ئەفسووندا تێکەڵ کرد و ئەفسانە و درۆی جۆراوجۆریان داهێنا. دواجار ساڵی 660 پ. ز. لە ئورمییە دوایین زەردەشتی کورد پەیدا بوو و ویستی ئەو لە ڕێ لادان و تەڵەکەبازییانە ڕاست بکاتەوە. بەڵام پیرەکان بەدەم بانگەوازی ئەوەوە نەچوون و بەرەنگاری بوونەوە. ئەویش بەناچاری ڕووی لە بەڵخ کرد و لەوێ پەیامی خۆی بۆ خەڵک بەیان کرد. پاشان لە سیستان بە باشی پەیامی خۆی سەپاند و ئەمجار بۆ ئورمییە گەڕایەوە. لەوێ بێ ئەوەی هیچ تەگەرەیەک بێتە ڕێگەی، بۆچوونەکانی خۆی بڵاو کردەوە و کارێکی وای کرد پەرستنی ئاهورا دوور لە هەموو جۆرێکی نمایش و لە ڕێ لادان بەڕێوە بچێت.

زۆربەی توێژەران هاوڕان لەبارەی ئەوەی کە دوایین زەردەشت لە ڕەچەڵەکی ماد بووە و لە میدیا (وڵاتی مەدەکان) پەیدا بووە. کتێبی ئاوێستایشی بە زمانی دایک، واتا بە زمانی ماد نووسیوە. جوگرافیاناسی یۆنانی ئەستێرابوون کە لە سەدەی یەکەمی زایینیدا کۆچی دوایی کردووە، لە کتێبی (ئێرانی کۆن)دا دەڵێت: “پارس و مەدەکان زمانی یەکدییان زۆر بەباشی دەزانی.” لەمەوە ئاشکرا دەبێت کە زمانی پارس و مەدەکان یەکجار زۆر لە یەکەوە نزیک بوون، ڕێک وەک نزیکایەتیی ئەمڕۆی نێوان هەردوو زمانی کوردی و فارسی.

تیردادی فەرمانڕەوای کوردی ئەرمەنستان ساڵی 338 زایینی لە ڕووی پێداویستیی سیاسییەوە چووە سەر ئاینی مەسیحی. بەڵام کوردەکانی هەرێمی کوهیستان ئاینی مەسیحییان پەسەند نەکرد و لەسەر ئاینی زەردەشتی مانەوە. لەو مێژووە بەدواوە جۆرێک لە ڕکابەری لە نێوان هەردوو ئاینی زەردەشتی و مەسیحیدا سەری هەڵدا و خاکی کوردان تا ساڵی 562 زایینی ڕووبەڕووی هێرش لە دوای هێرش بووەوە. لەو ساڵەدا خەسرەوی دادپەروەر (ئەنوشیروان) بەرەو لازیکا (گورجستانی ئەم سەردەمە) بەڕێکەوت و بە خاکی کوردستاندا تێپەڕی. دواتریش کاتێک ویستی تایەفەی هازار جڵەو بکات، دیسان بە خاکی کوردستان و ئەرمەنستاندا گوزەری کرد. لە هەردوو لەشکرکێشییەکەی خەسرەوی دادپەروەردا کوردەکان لە دڵەوە خزمەتیان کرد و پێداویستی و پیتاکی سوپاکەیان دابین کرد. کورد و فارسەکان لەبەرئەوەی پەیڕەوییان لە هەمان ئاین کردووە، هاوکاریی یەکدییان کردووە. زەردەشتی و هورمزپەرستییان بەیەکدی بە قەبوڵکردن داوە و هەردووکیشیان لەسەرەتادا بەرەنگاری ئیسلام بوونەتەوە، بەڵام دواتر پێکەوە قەبوڵیان کردووە. تەنانەت لە وەرگرتنی مەزهەبی شیعەیشدا هەندێک لە کوردەکان دەگەڵ فارسەکان کەوتوون. لەم ڕۆژگارەدا نزیکەی سەد عەشیرەتی کورد لەسەر ڕێبازی شیعەگەرین.

 

سەرچاوە:

https://www.facebook.com/Baker-Schwani-183190481842264/

ڕەمزی پێشەنگ

https://www.timeturk.com/tr/2013/05/17/zerdust-hakkinda-bilinmeyenler.html

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …