Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / شارستانیەت و بەربەریەت و جیهانبینیی ماركسیانە بۆ مێژوو

شارستانیەت و بەربەریەت و جیهانبینیی ماركسیانە بۆ مێژوو

%d8%a7%d9%84%d8%ad%d8%b6%d8%a7%d8%b1%d8%a9

Written by Alan Woods

دەوترێت هێنری فۆرد گوتوویەتی “مێژوو بێ مانایە(بەنك)”، بۆ ئەوانەی كە ئاشنانین بە ئاڵۆزیی زمانی باو یان سەرجادەی ئەمریكی، وشەی بەنك بۆ شتێك بەكاردێت كە بێمانایە و بێمانایی ئاماژەیە بە شتێك كە هەڵگری هیچ مانایەك نییە. ئەو گوتراوەی هێنری فۆرد كە زۆر سەرنجڕاكێش نییە، دەربڕی بۆچوونێكە كە لە ساڵانی ڕابردوودا توانی هێز لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە. دامەزرێنەری كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرد (هێنری فۆرد)، ئەو پێناسەیەی خۆی بۆ مێژوو دەستكاریكرد و ڕوونتریكردەوە: “مێژوو شتێكی نەعلەتی و بۆگەنە لە دوای شتێكی نەعلەتی و بۆگەنی دیكە”، ئەمە ڕەهەندێكی بینینی ئەو پێناسەیەیە.

Translation of Civilization, Barbarism and the Marxist view of History – Translated by Karzan Aziz

  هەمان ئەو بیرۆكەیە بە شێوەیەكی جوانتر و باشتر لەلایەن پاڵپشتانی پۆستمۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنەكانەوە دەوترێتەوە و هەندێكیش بە فەلسەفەیەكی ڕەوای دەبینن. لەڕاستیدا، ئەم بیرۆكەیە هێندەش نوێ‌ نییە، دەمێكە مێژوونووسی مەزنی ئینگلیز “ئیدوارد گیبۆن” لە كتێبی لاوازبوون و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم دا ئاوڕی لەمە داوەتەوە. وەكو لە ڕستە بەناوبانگەكەیدا دەڵێت: “میژوو كەمێك لە ئەرشیفی تاوان و گەمژایەتی و بەدبەختی مرۆڤایەتی زیاترە”.ئەوەی لەم بۆچوونانەوە دەستدەخرێت ئەوەیە كە مێژوو دەكرێت بە كۆمەڵێك ڕووداوی بێماناو هەڕەمەكی بەسەریەكدا كەڵەكەبووی بێ پەیوەندی. پێماندەڵێن كە هیچ ڕێسایەك بۆ ڕوودانی ڕووداوەكان و تەنانەت شیكردنەوەشیان بوونی نییە ، هەروەها هەر هەوڵێك بۆ تێگەشتن لە مێژوو هەوڵێكی مەحكووم بە شكستە. ئەوەی دەكەوێتە نێو ئەم هەمەچەشنییەی ئایدیاكان، ئەو بیرۆكەیەیە كە لە هەندێك بازنەی ئەكادیمیدا باوە و پێیوایە كە هیچ فۆرمێكی گەشەی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەناوی گەشەی بەرز یان نزم لەئارادا نییە.  بانگەشەی ئەوە دەكەن كە شتێك بەناوی “گەشە و پێشكەوتن”ەوە بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوایانوایە كە ئەمە ئایدیایەكی كۆنی بەسەرچووی سەددەی نۆزدەیەمە پاش ئەوەی لەلایەن لیبڕاڵە ڤیكتۆرییەكان و سۆسیالیستە چاكسازیخوازەكان و كارل ماركسەوە بڵاوبویەوە.

ئەم نكۆڵیكردنە لە بیرۆكەی گەشەكردن تایبەتمەندییەكی سایكۆلۆجیی بۆرژواییە لە قۆناغی لاوازبوونی سەرمایەو سەرمایەداردا. ئەوە ڕەنگدانەوەیەكی درووستی ئەو ڕاستییەیە كە لە سایەی سەرمایەداریدا گەشە گەشتووەتە ئاستی كۆتاییەكانی و ترسی بەلارێداچوونی هەیە. چینی بۆرژواو ڕۆشنبیرانی نوێنەری ئەم چینە نایەنەوێت بڕوا بەم ڕاستییە بهێنن. لەمەش زیاتر، ئەمانە ناتوانن لەڕووی ئۆرگانییەوە درك بەم ڕاستییە بكەن.

لینین دەیگووت مرۆڤ كە هەر پێی دەكەوێتە كەناری لووتی شاخەوە ئیتر ناتوانێت بیربكاتەوە. هەرچەندە، نیگایان بۆ واقیع و ئێستایان ڕوون نییە و نازانن لە چی دۆخێكدان، پاشان لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەهانەیەك بۆ ئەو نەبوونی دەرچەو ڕێگای ڕزگارییەی نێو سیستەم، لێرەوە بۆ داپۆشینی ئەم ترسەی سیستەم دەستدەكەن بە نكۆڵیكردنی هەر گریمانەو كرانەوەیەك بەرووی پێشكەوشتندا.

تا ئەم ساتە، ئەم بیرۆكەیە هێندە ئاخنراوەتە نێو ئاگایی مرۆڤەوە كە تەنانەت بڕوانەبوونی بە “پەرەسەندنی دەرە-مرۆیی”شی گەیاندۆتە بنبەست. تەنانەت بیریارێكی بەتوانای وەكو “ستیڤن جەی گووڵد” كە تیۆری دیالێكتیكیانەی ئیكویلیبریا[1]  كەی بووە هۆی گۆڕینی دونیابینیمان بۆ پەرەسەندن، پێیوایە هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێت گەشەی نێو پەرەسەندن لە نزمەوە بۆ بەرزە، بەڵكو مرۆڤ و میكرۆب لە یەك ئاستدان.  بەمانایەك، ڕاستە ئەگەر بڵێین هەموو زیندەوەران پەیوەستن بەیەكەوە (زانیارییە جێنەتیكییەكان ئەمەیان پشتڕاستكردووەتەوە). مرۆڤ بوونەوەرێكی بەرز و تایبەتی ئاسمان و میتافیزیك نییە، بەڵكو بەرهەمی گەشە و پەرەسەندنە. هەروەها بینینی پەرەسەندن وەك دیزاینی مەزن هەڵەیە، بۆ نموونە، ئەگەر وادابنێین كە پەرەسەندن جۆرێكە لە دیزاین بۆ ئامانجێكی تایبەت لەوانە بە نموونە درووستبوونی خوودی مرۆڤ خۆی. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە هەر بیرۆكەیەك ڕەتدەكەینەوە خێرا پەنابەرینەبەر پێچەوانەكەی و لێرەوە بكەوینەوە هەڵەی نوێوە.

ئەمە پرسیارێك نییە پەیوەست بە قبووڵكردنی جۆرێك لە پلانی پێشوەخت كە یان پەیوەندی بە دەستێوەردانی ئاسمانییەوە یان تێلیۆلۆژیاوە (كۆتایی ئامانجدار) هەبێت، بەڵكو ئەوە یاساكانی پەرەسەندنە لەهەناوی سرووشتدا كە فۆرمی گەشەی سادەو ساكار دەگەیەننە فۆرمی گەشەكردووی ئاڵۆز. خاڵێكی گرنگ ئەوەیە كە فۆرمی ئاڵۆزتر لە گەشە مانای سڕینەوەی فۆرمە سەرەتاییەكانی گەشە نییە چونكە هێشتان فۆرمە ئاڵۆزەكان فۆرمە سەرەتاییەكانی گەشەیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە. ئاساییە گەر بمانەوێت گەشەی چاوو و لاق و ئەندامەكانیتر بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ هەر پلانێكی پێشوەخت ڕوونبكەینەوە.

لە قۆناغێكی دیاریكراودا، دەگەین بە گەشەی ناوەندی سیستمی نیورۆن و مێشك. لەكۆتاییدا لەگەڵ هۆمۆ ساپیەن[2]  دا، دەگەینە ئاگایی مرۆڤ. ماددە لە خوودی خۆی بە ئاگا دێتەوە. وە تائێستا، هیچ شۆڕشێكی گرنگتر لە گەشەی ماددە (ژیان)ی نائۆرگانیك بۆ گەشەی ئۆرگانیك ڕووینەداوە.

لەپێناو ڕاگرتنی دڵی ڕەخنەگرانماندا ڕستەیەكیتر دەخەینەسەر ئەم دیدگایەمان. بێگوومان ئەگەر میكرۆبەكان بیانتوانیایە بیریانبكردایەتەوەو بۆچوونی خۆیان بخستایەتەڕوو ئەوا ناڕەزایی جدییان دەردەبڕی. هەروەها لەبەرئەوەی ئێمەش مرۆڤین بۆیە دەتوانین لە چاوی خۆمانەوە شتەكان ببینین. دووبارە پێداگری دەكەمەوە كە پەرەسەندن مانای گەشەكردن نییە لە فۆرم یان ژیانێكی نزمەوە بۆ فۆرم و ژیانێكی بەرز. ڕەخنەكردنی ئەو بۆچوونە بێسوود دەكەوێتەوە، ئەم بۆچوونە زانستی نییە بەڵكو سكۆلاست[3] یانەیە. لێرەدا و لە وتنی ئەمەدا مەبەستمان بێحورمەتی نییە بەرامبەر بە میكرۆب كە بەلایەنی كەمەوە تەمەنی ئەوان لە تەمەنی ئێمە درێژترە، هەروەها ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری نەڕوخێنرێت لەوانەیە هێشتاش دواپێكەنینی لەلابێت.

كولتوور و ئیمپریاڵیزم

ناتوانین پێمانوابێت كە فۆرم و ژیانی بەرزو نزم لەیەكتر جوودان ئەگەر نەمانەوێت ئازاری میكرۆب و بوونەوەرانیتر بدەین ، یان سوربین لەسەر ئەوەی كە بەربەریەكان نوێنەری فۆرمی ژیانێكی نزمترن لە گەشەی كۆمەڵایەتی و كلتوریدا بەبەراورد بە كۆیلەكان، چ جای ئەوەی بمانەوێت سەرمایەداری بە كۆیلایەتی و بەربەریەت بەراورد بكەین. تەنانەت هێشتان شتێكی گرنگمان نەوتووە گەر بڵێین بەربەریەكان خاوەنی كلتوری تایبەتی خۆیانبوون.

ڕاستە گەر بڵێین لەو كاتەوەی مرۆڤە سەرەتاییەكان كەرەستەی بەردینیان بەرهەمهێناوە، تا ئێستا هەر قۆناغەو كلتوری تایبەتی خۆی هەبووە. ئەم كلتورانە جێگەی بایەخ نەبوون تاكو بەم دواییە بوون بە جێگەی بایەخ. بۆرژووا هەمیشە مەبەست و مەیلێكی هەبووە بۆ دەستكەوتی هەندێك لە كلتورەكان و پشتگوێخستن و كەمنرخاندنی ئەوانیتر. لەپشتی ئەم جیاكارییەوە بەرژەوەندی ئەو كەسانە وەستاوە كە لە هەوڵی كۆیلەكردندان، لە هەوڵی سەپاندنی هەیمەنە و قۆرخكردنی ئەوانیدیكەدان، وە دەیانەوێت شكڵی ئەم سەركوتكردن و قۆرخكارییەیان لەژێر پەردەی دووڕوویی بەناوی باڵایی كلتور و جیاكاری كلتوریدا بگۆڕن و بشارنەوە.

مەسیحییەكانی باكوری ئیسپانیا(پاشماوەكانی گۆسە[4]  بەربەرییەكان)  لەژێر چەتری پۆلێنكردنی باش و خراپی كلتوورەكان سیتمی ئاودێری و كلتوری دەوڵەمەندی ئیسلامی ئەندەلووسیان وێرانكرد و پاشان بەربوونە وێرانكردنی كلتوورە دەوڵەمەندو گەشەسەندووەكانی مەكسیكییەكان و ئینكاسەكان لەبەرزاییەكانی پیرۆ. لەژێر هەمان ئاڵادا، داگیركەرە بەریتانی و فەرەنسی و ئەڵمانییەكان بەشێوەیەكی سیستماتیك دانیشتووانی ئەفریقا و ئاسیا و ناوچەی زەریای هێمنیان كۆیلەكرد.

بەوەشەوە نەوەستان كە خەڵكەكەیان بچووككردەوە بۆ خراپترین جۆری كۆیلایەتی، تەنها سەروماڵیانیان تاڵاننەكرد بەڵكو ڕۆحیشیان لێسەندن. بانگەشەكارانی ئاینی مەسیحی ئەو كارەیان تەواوكرد كە سەربازەكان و گوێزەرەوەی كۆیلەكان دەستیانپێكرد، تاڵانكردنی شووناسی كلتوریی ئەو دانیشتووانانە. هەموو ئەمانە بێدوودڵی ڕاستن بۆیە پێویستە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەر كلتورێكدا ڕێزی شیاو لە شوناس و جیاوازییەكانیان بگیرێت. هەموو سەردەم و خەڵكێك بەشێوەیەك لە پرۆسەی وێرانكردن و گەشەكردندا بەشداربووەو شتێكی خستووەتە سەر خەرواری كلتوریی دەستەجەمعییانەی موڵكی مرۆڤایەتی. بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە هەموو كلتوورەكان یەكسانن و هەر كلتورێك وەكو كلتورێكیتر باشە؟ ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە ناتوانین پێداگیری لەوەبكەین كە جیاوازی هوونەری لەنێوان هونەری چاخی بەردین و سەردەمی پەیكەرەكەی داوود لەلایەن مایكڵ ئەنجیلۆدا نییە؟ بەكورتی، ئایا ناتوانین دەربارەی گەشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بدوێین؟

لە لۆجیكدا، میتۆدێكی باو هەیە كە ئارگومێنت تا ئاستی پووچێتی كورتدەكاتەوە ئەویش بە درێژكردنەوەی تا ئەوپەڕی یان بۆ پێچەوانەكەی و پەڕەكەیتری. جۆرێك لەم درێژكردنەوە بۆ پەڕەكەی تر لەنێو ئاراستەكانی ئەنترۆپۆلۆژیای مۆدێرن و مێژوو و كۆمەڵناسیدا بەدیدەكرێت.

ئەوە ڕاستییەكی ڕوونە كە لە جیهانی سەرمایەداریدا تا زیاتر زانست لە كۆمەڵگە نزیكتر دەبێتەوە ئەوا زانست كەمتر زانستی دەبێتەوە، ڕوونتر، زانست زانستی بوونی خۆی زیاتر لەدەست دەدات. ئەوانەی پێیاندەوترێت زانستە كۆمەڵایەتییەكان بەڕاستی زانست نین، بەڵكو هەوڵی شاراوەی نەخۆشانەن بۆ شەرعیەتدات بە سەرمایەداری، یان بۆ تێكدان و لەكەداركردنی ماركسیزم (كە ئەمیش بەهەمان شێوە شەرعیەتدانە بە ماركسیزم). ئەمە بۆ ڕابردوو زۆر درووستبوو كاتێك دەوترا ئەنترۆپۆلۆژیستەكان هەموو هەوڵێكی خۆیانیاندا بۆ شەرعیەتدان بە كۆیلایەتی نەژادە دوواكەوتووەكان لەڕێگای ناشرینكردن و بەكەمگرتنی كولتوورەكەیان. بەڵام دۆخی ئێستا لە ڕابردوو باشتر نییە كاتێك دەبینین هەندێك قووتابخانە پەنایان بردووەتە بەر ئەو پەڕەكەی تر. هەڵەش نین كە دەڵێین ئیمپریالیستەكان بەمەبەستەوە سووكایەتی یان نكۆڵی  كلتوری مرۆڤە دوواكەوتووەكانیاندەكرد، لەوانە ئەفریقا و ئاسیا. شاعیری پاش-ئیمپریالیزمی ئینگلیزی “كیپلینگ” بەم شێوە باسی مرۆڤی سەر بە ئەو كلتورانەی دەكرد: “بەبێ‌ یاسا لە مرۆڤ كەمتر”

بێ‌ گوومان ئەم ئیمپریالیزمە كلتورییە بریتی بوو لە لە شەرعیەتدان بە كۆیلەكردنی ملیۆنان مرۆڤ. هەروەها، ئەوەش درووستە كە بەربەریترین و نامرۆڤانەترین كردارەكانی ڕابردوو نادیدەدەكرێت كاتێك دێینە سەر ئەو مەترسیانەی كە لەسایەی سیستمێكی شارستانی وەك سەرمایەداری و هاوەڵەكەی كە ئیمپریالیزمە لەسەر ژیانی مرۆڤ.  پارادۆكس و دژیەكییەكی پروكێنەر و تاڵ ئەوەیە كە دەبینین مرۆڤایەتی تاكو توانای بەرهەمهێنان و زانست و تەكنەلۆجیای زیاتر دەكات، مەینەتی و برسێتی و سەركووتكردن و ڕەزالەتی زۆرینەی دانیشتووانی جیهانیش زیاتر دەبێت.

ئەم ڕاستییە چیتر بۆ پاڵپشتەكان و داكۆكیكارانی ئەم سیستەمەش شاراوە نییە. بەڵام هیچ شتێكیش ناكەن بۆ باشتركردنی. یان ناتوانن، چونكە پێیانوایە كە ڕێگای ڕزگاری و چاككردنی كەلێن و ناكۆكییەكانی نێو ئەم سیستمە هەر لەنێو خۆیدایە. هەرچەندە ئەوە بە تەنها بۆرژوواییەكان نین كە گەشتن بە هەر دەرئەنجامێكی پێویست ڕەتدەكەنەوە.

ئەمە ڕاستە تەنانەت بۆ زۆرێك لەوانەی كە خۆیان بە چەپ و ڕادیكاڵ دەبینن. هەندێك كەسی نیاز پاك هەن، بۆ نموونە، ئەوانەی كە پێیانوایە سەرچاوەی هەموو كێشەكانمان گەشەی زانست و تەكنیك و پیشەسازییە و ڕزگاری گەڕانەوەیە بۆ ژیانی پێش سەرمایەداری. ڤیكتۆریانەكان[5]  نیگایەكی یەك ئاراستەو یەك لایەنەیان هەبوو بۆ مێژوو كە وایاندەبینی بریتییە لە ڕۆشتنێكی دەستەجەمعی بۆ سەركەوتن، ڕۆشتنێكی ڕێلێنەگیراو بەرەو پێشكەوتن و ڕۆشنگەری كە لەلایەن سەرمایەداری ئینگلیزییەوە سەركردایەتی دەكرێت.

بریتانیای شارستان و پڕچەك بە ئینجیل(هەروەها بە كۆمەڵێك كەشتی جەنگیی و كانون و چەكی بەهێزەوە)  ڕۆشت بۆ هند و ئەفریقا لەپێناو ناساندنی خۆشگووزەرانیەكانی ڕۆژئاوادا بە خەڵكە ناشارستان و جاهیل و نەزانەكانی ئەو ناوچانە. ئەوانەی كە ئامادە نەبوون بچنە نێو چاكسازی كلتوری بریتانی و بێلجیكا و هۆڵەندا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بەزوویی بە فیشەك عاقڵ و فێركران.

ئێستا، بۆرژووا لە چوارچێوەیەكیتری عەقڵیدا كاردەكات. ڕووبەِووی بەڵگەی كارەساتی سەرمایەداری گلۆباڵ بووەتەوە، كەوتوونەتە گێژاوی نادڵنیاییەوە، ڕەشبینن و پێشبینییەكانیان بۆ داهاتوو پڕ لە ترسە. ئەو گۆرانیانەی كە بە باڵای پێشكەوتنی مرۆییدا دەوتران ئێستا لەناو واقعی ئەمڕۆی جیهاندا نەشازن.

وشەی پێشكەوتن لەسەر زمانمان قورس بووە. ئەم قوورسبوونەی زمانمان لە ئاست پێشكەوتندا لەخۆڕا نییە. خەڵكی خەریكە لەوە تێدەگات لە دەیەی یەكەمی سەددەی بیست و یەكدا پێشكەوتن گەشتووەتە خاڵی موتڵەقی وەستان. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو خوولانەوە ئەبەدییە یان نەبوونی ڕێگای ڕزگارییەی نێو سەرمایەدارییە كە پوتێنشیاڵی پێشكەوتنی لەناو سیستمدا تا ئاستی كووشتن ماندووكردووەو دواجار كردوویەتی بە كۆسپێكی كووشندە لەبەردەم گەشەی بەشەریەتدا. تا ئەم ئاستە- تەنها تا ئەم ئاستە- مەحاڵە بتوانین دەربارەی پێشكەوتن بدوێین.

بەڵام ئەمە یەكەمجار نییە كە ئەم مەیل و ئارەزووە دەبینین. ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لە ماوە درێژەكەی لاوازبوونیدا كە پێش ڕووخان و كەوتنی هات، زۆرێكی بەو بڕوایە گەیاندبوو كە كۆتایی دونیا نزیك بووەتەوە. ئەم بیرۆكەیە لەناو مەسیحییەتدا زۆر كاریگەرە كە ناوەڕۆكی كتێبی “ئاشكرابوون” دەربارەی ئەپۆكلپس[6] . خەڵك بڕوای بەوە هێنابوو كە دونیا كۆتایی پێدێت. لەڕاستیدا، ئەوەی كۆتای پێدەهات سیستمێكی دیاریكراوی كۆمەڵایەتی-ئابووری بوو- سیستمی كۆیلایەتی كە گەشتبووە دواسنوورەكانی و نەیدەتوانی چیتر هێزەكانی بەرهەمهێنانی گەشەپێبدات وەك ئەوەی كە لە ڕابردوودا دەیكرد.

دیاردەیەكیتری نزیك لەمە لە سەددەكانی ناوەڕاستدا هەستپێدەكرا، كۆتایی دونیا، كاتێك بیرۆكەی هاوشووناسی یان هاوخۆیەتی زاڵبوو. دەستە دەستە خەڵك بەشداریی ڕێوڕەسمی خۆپاككردنەوەییان دەكرد كە لەلایەن خەڵكانێكەوە سەرپەرشتی دەكرا هەمیشە لە گەشتی ئەوروپادابوون، تێیدا لەڕێگەی لەخۆدان و سزادانەوە  دەیانویست مرۆڤایەتی لە گووناه و خراپەكارییەكان پاكبكەنەوە وەك ئامادەكاری بۆ ڕۆژی دوایی. دووبارە لێرەدا، ئەوەی كۆتایی پێدەهات دونیا نەبوو بەڵكو سیستمی دەرەبەگایەتی بوو كە چیتر سودی نەمابوو، لەكۆتاییدا لەلایەن دەركەوتنی بۆرژواوە ڕوخێنرا.

هەرچەندە، ئەو ڕاستییەی كە دەڵێت كاتێك فۆرمێكی كۆمەڵایەتی-ئابووری لە ڕووی مێژووییەوە لە سوود كەوت ئەوا دەبێتە كۆسپێكی كۆنەپارێزانە لەبەردەم پێشكەوتنی مرۆییدا مانای ئەوە نییە كە پێشكەوتن چەمكێكی بێمانایە.

ئەمە مانای ئەوە نییە كە لە ڕابردوودا پێشكەوتن ڕووینەداوە تەنانەت لە نێو سەرمایەداریشدا، یان پێشكەوتن لە داهاتوودا ڕوونادات پاش ئەوەی سەرمایەداری لەناو دەبرێت. بەهۆی ئەوەمەوە، بیرۆكەیەك كە لە یەكەم نیگادا وادەردەكەوێت زۆر گرنگ بێت كەچی دەبێتە بەرگرییەكی دەمامكدار لەپێناو سەرمایەداری و دژ بە سۆشیالیزم. تەنانەت بچووكترین شاردنەوەی ئەم ئایدیایە دەبێتە هۆی دەستبەرداربوون لە هەر هەڵوێست و پێگەیەكی شۆڕشگێڕانەو كەوتنە داوی كۆنەپارێزییەوە.

ماتریالیزمی مێژوویی

كۆمەڵگە بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە. مێژوو لە هەوڵی تۆماركردن و شیكاركردنی ئەم گۆڕانانەدایە. بەڵام ئەو یاسایانە چین كە بڕیار لە گۆڕانی مێژوویی دەدەن؟ ئایا ئەم یاسایانە هەر بوونیان هەیە؟ ئەگەر نین، ئەوا دەتوانین بڵێین كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانین لە مێژووی مرۆڤایەتی تێبگەین، وەك ئەوەی گیبۆن و هێنری بڕوایانوابوو. هەرچەندە، ماركسییەكان بەم شێوە مامەڵە لەگەڵ مێژوودا ناكەن. هەروەكو ئەوەی كە پەرەسەندنی ژیان یاساگەلێكی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە كە دەتوانرێت شیبكرێنەوە وەكو ئەوەی كران، سەرەتا لەلایەن داروین و پاشانیش لەلایەن توێژینەوەی جێنەتیكییەوە. هەروەها یاساكانی گەشەی كۆمەڵگا بۆ ماركس و ئەنگلز ئەوانەن كە دۆزییانەوەو شیانكردنەوە.

ئەوانەی كە ئینكاری بوونی ئەم یاسایانەی گەشەی كۆمەڵایەتی دەكەن ئەوانەن كە بە شێوەیەكی سوبێكتیڤ و ئەخلاقیانە لە مێژوو دەڕوانن. وەك “گیبۆن”  سەریان سوڕدەمێنێ‌ لە نمایشی ناكۆتای توندوتیژیی بێ‌ هەستانە، “نامرۆڤایەتی مرۆڤ دژ بەخوودی مرۆڤ خۆی”. لە جیاتی دیدێكی زانیستیانە بۆ مێژوو دیدێكی پرۆتێستانتی بەدەستدەهێنین.

ئەوەی لێرەدا پێویستە گووتارێكی ئەخلاقی نییە، بەڵكو قووڵی و وردی عەقڵییە. پێویستە لەودیو ڕاستییە پەراوێزخراوەكانەوە مەیل و ئاراستە بەرفراوانەكان، گۆڕانەكان لە سیستمێكەوە بۆ سیستمێكی دیكە و هەروەها دەستنیشانكردنی هێزە جووڵێنەر یان پاڵنەرە بنەڕەتییەكانی ئەم گۆڕانانە، بینین.

بە بەكارهێنانی میتۆدی دیالێكتیكی ماتریالیزمی مێژوویی  بۆماندەردەكەوێت و ڕووندەبێتەوە كە مێژووی مرۆڤ بەدەر نییە لە یاساو ئەمەش بەو دەرئەنجامەمان دەگەیەنێت كە دەتوانین وەكو پرۆسەیەك لە مێژوو تێبگەین.

بەشێوەیەكی زانستی لە ڕێگەی توانین و نەتوانینەوە لە گەشەی ئامرازەكانی بەرهەمهێنانەوە دەتوانرێت سەرهەڵدان و كەوتنی فۆرمەڵەبوونە كۆمەڵایەتی-ئابوورییەكان ڕوونبكرێتەوە، لێرەشەوە برەودان بە ئاسۆكانی كلتوری ئینسان و فراوانبوونی هەیمەنەی مرۆڤ بەسەر سرووشتدا هاتەكایەوە.

ماركسیزم جەخت لەوە دەكاتەوە كە گەشەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ملیۆنان ساڵدا ئاماژەیە بۆ پێشكەوتن، بەڵام ئەم پێشكەوتنە هەرگیز لەسەر یەك هێڵی ڕاست ڕووینەداوە، وەك ئەوەی كە ڤیكتۆریانەكان دیدگایەكی تەواو نادیالێكتیكیانەیان هەبوو بۆ پەرەسەندن.

یەكەم بنەمای ئارگومێنتی ماتریالیزمی مێژوویی بریتییە لەوەی كە دوا سەرچاوەی گەشەی مرۆڤ یەكسانە بە گەشەی هێزی بەرهەمهێنان. ئەمە گرنگترین دەرئەنجامە چونكە ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ گەشتن بە چەمكی زانستیانەی مێژوو.

مێژوو، پێش ماركس و ئەنگلز وەكو زنجیرەیەك لە ڕووداوی ناپەیوەست و بێ پەیوەندی بەیەكترەوە دەبینرا. هیچ ڕوونكرنەوەیەكی گشتی سەبارەت بەمە لە ئارادا نەبوو، مێژوو بێ‌ ناواخن و وەك هەڵگری بێ هیچ ناوەڕۆكێك دەبینرا. هێندەی بڕوا بەم بۆچوونە دەهێنیین ڕاستەوخۆ و لەگەڵ ئەمەشدا بڕوا بەوە دەهێنین كە ئەوەی لە پشتی ڕووداوە مێژووییەكانەوەیە ڕۆڵ و كاریگەری یەك بە یەكی تاكەكانە.

بەمانایەكیتر، ئێمە بەهۆی بۆچوونی ئایدیالیست و سوبێكتیڤمانەوە سەبارەت بە پرۆسەی مێژوویی چەپین. ئەمە بڕوای سۆسیالیستە یۆتۆپییەكان بوو، ئەوانەی سەرەڕای قووڵی و ڕەخنە بەهادارەكانیان دژ بە بارودۆخی كۆمەڵایەتی باڵادەست لە تێگەشتنی یاسا بنەڕەتییەكانی گەشەی مێژوویی شكستیان هێنا. بۆ ئەوان، سۆسیالیزم تەنها “بیرۆكەیەكی باش”بوو، ئایدیایەك كە دەكرا هەزاران ساڵ پێش ئێستا یان بەیانی بیری لیبكرایەتەوە، وەك ئەوەی بڵێین ئەگەر هەزار ساڵ پێش ئێستا سۆسیالیزم بدۆزرایەتەوە ئەوا زۆرێك لەم كێشانەی ئەمڕۆ نەدەبوون و یەخەیان نەدەگرتین.

ئەوە ماركس و ئەنگلز بوون بۆ یەكەم جار توانییان پێمانبڵێن كە لە ڕیشەوە ئەوەی لە پشتی گەشەی مرۆییەوە وەستاوە هێزەكانی بەرهەمهێنانە، لێرەوە توانییان خوێندنەوەی مێژوو بخەنە سەر ڕێچكەیەكی زانستیانە. لەبەرئەوەی یەكەم مەرجی زانست ئەوەیە كە لە بینینی تایبەت ڕزگارماندەبنێت و بەدوای یاسا گشتییەكاندا دەگەڕێین. بۆ نموونە، مەسیحییە سەرەتاییەكان كۆمۆنیست بوون (هەرچەندە كۆمیونیزمەكەیان یوتۆپیانەبوو، بنەماكەی بەكارهێنان بوو نەك بەرهەمهێنان). ئەزموونە كۆمینیزمییەكەیان نەیگەیاندنە هێچ كوێ‌، لەبەرئەوە نەیانیگەیاندە هیچ شوێنێك، چونكە گەشەی هێزەكانی بەرهەمهێنانی ئەو كات ڕێگەینەدا بە گەشەی كۆمیونیزمێكی ڕاستەقینە.

زۆر نییە كە لە هەندێ‌ بازنەی چەپدا ئینكاركردنی پێشكەوتن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بووە بە دەركەوتەیەكی پەسەند. بەشێوەیەكی جوزئی، ئەم ئاراستانە نوێنەرایەتی بەرپەرچدانەوەیەكی تەندروست دەكەن دژ بە ئیمپریالیزمی كەلتوری و سەنتەرگەرایی ئەوروپی كە پێشتر ئاماژەم بۆ كرد. دەوترێت كە هەر كەلتورێكی بەشەری یەكسانە بە كلتورێكی دیكە.  لەم ڕێگەوە، ڕۆشنبیری پێشكەوتووخوازی ئەوروپی پێیوایە توانیویەتی قەرەبووی ئەو دەستدرێژی و ماڵویرانییە سیستماتیكە بكاتەوە كە لەلایەن باوباپیرانییەوە ئەنجامدراوە، چونكە تا هەنووكە ئەو تاڵانكردنە لەژێر دەمامكی ترو بە فۆرمی ترەوە ئامادەیە. لەوانەیە مەرامەكانی ئەم خەڵكە شایانی باسكردن بێت بەڵام پێش بیرو بنەماكانی هەڵەن. لە خاڵی یەكەمدا، ئەوە ئاسودەییەكی بێ‌ چێژە كە بۆ ملیۆنان مرۆڤی چەوساوەو قۆرخكراوی ئاسیایی و ئەفریقی و ئەمریكای لاتین درك بەوە دەكەن كە ئێستا دووبارە كلتورەكانیان لەلایەن ڕۆشنبیرە ئەوروپییەكانەوە دۆزراوەتەوەو و ڕێزیان لێدەگرن. ئەوەی پێویستییە لێرەدا ئاماژەی ڕەمزی و ڕادیكالیزمی تێرمینۆلۆژی و زمانەوانی نییە بەڵكو ململانێیەكی ڕەسەن و سەرسەختە دژ بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداری لە ئاستێكی جیهانیدا.

هەرچەندە، بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە سەربكەوێت، پێویستە بخرێتە سەر بنەڕەت و ڕێچكەیەكی تووندووتۆڵ. مەرجی پێشتر بۆ سەركەوتن بریتی بوو لە جەنگێكی بەردەوام لەپێناو تیۆری ماركسیزمدا. بەڵام پێویستە ئەم جەنگە بكەین بە جەنگ دژ بە سەرجەم چەشنەكانی حوكمی باڵادەستی ئامادە یان بڕیاری بێ‌ بەڵگەی ڕاسیستانە و ئیمپریالیستیانە. بەڵام پێویستە بۆ بەگژداچوونی ئایدیایەكی ناتەواو خۆمان بۆ زۆر دوور ئامادە نەكەین، چونكە هەر هێندەی ئایدیایەكمان بۆ ئەوپەڕی درێژكردەوە ئەوا پێچەوانەكەیمان دەستدەكەوێت. مێژووی مرۆڤایەتی هێڵێكی نەپچڕاوی پێشكەوتن نییە. بەدرێژایی ئەوەی هێلێك بەرزدەبێتەوە هێڵێكیش دادەبەزێت. ئەو زەمەنە مێژووییانە زۆرن كە كۆمەڵگە بە هۆكاری جیاوازجیاواز گەڕاوەتەوە بۆ دواوە، پێشكەوتن پچڕاوە و شارستانیەت و كولتوور تووشی لاوازی و وێرانبوون هاتوون. ئەوروپای پاش كەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم نموونەیەكی دیارە، كە بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزی و هەروەها كوردییشدا بەم سەردەمە دەوترێت سەددە تاریكەكان. بەمدواییە، هەندێك ئەكادیمیست مەیلی دووبارە نووسینەوەی مێژوویاندا بۆ ئەوەی جۆرێك ڕەوایەتی بدەن بە بەربەرییەكان. ئەمە نەك بەو مانایەی كە زانستیتر یان بابەتیتر نییە بەڵكو بە ساددەیی لەبەر ئەوەی منداڵانەیە.

لەماوەی ڕابردوودا، كەناڵی چواری بریتانی دەستیكرد بە پەخشكردنی زنجیرەیەكی سێ‌ بەشی بەناوی “بەربەریەكان”، كە لەلایەن “ڕیچارد ڕەگلی” ئەنترۆپۆلۆژیست و نووسەری كتێبی” شارستانییەتە وونبووەكانی چاخی بەردین”ەوە پێشكەشدەكرا. پاش تەماشاكردنی بەشی دووەمی كە لەسەر ئەنگلس و ساكسۆن و قەبیلە ئەڵمانییەكان بوو لە داگیركردنی دوورگەكانی بریتانیادا، توانیم تێگەشتنێكی باش دەربارەی تێزەكەی ڕەگلی بنیاتبنێم. پێیوایە كە ئەوان كۆمەڵگایەكی شارستانتریان لەوەی كە داگیریانكرد بەجێهێشت.ڕەگلی دەڵێت “پشتبەستنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمان بە كۆیلایەتی گۆڕدرا بۆ كۆمەڵگایەكی باشتر كە تێیدا هانی خەڵك دەدرا بۆ فێربوونی كار و بەهرەی كاری دەستی و گرنگی پێدەدرا.

بە شێوەیەكی گشتی خەڵكی بڕوایانوایە كە شەرعییەت و گرنگی ڕۆم بۆ بریتانیا بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی بوو بەڵام دواتر لەلایەن خێڵە بەربەریەكانەوە بە تووندوتیژی و داگیركاری لە سەددە تاریكەكاندا تەنرابوو. ڕەگلی دەڵێت: لە گەشتەكەمدا بۆ تێگەشتن لە سەددە تاریكەكان، پەیم بەوە برد كە ئەو شتانەی لای من بە بەهان ڕەگوڕیشەكانیان نەك لە شارستانیەتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا هەیە، بەڵكو لەناو ئەو جیهانەدایە كە بەربەریەكان لە وێرانەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمەوە بنیاتیاننا.

ڕەگلی پەی بە دۆزینەوەیەكی گرنگ برد: ساكسۆنەكان دەیانزانی چۆن كەشتی درووستبكەن- تەنانەت كەشتی خێراش. پێیوایە كە بەربەریەكان خاوەنی لێهاتوویی زۆربوون و بوون بە هۆكاری هێنانی ئەم لێهاتووییانەبوون بۆ ئەم كەنارانە و بڵاوبوونەوەیان. دەڵێت: بەهرەكانیان بێ‌ پایان بوو. تەنها بە گەڕانەوەیەك بۆ تەماشاكردنی كاری كانزایی و دارین و خشڵ لەم دەمەدا ئەم لێهاتوویەمان بۆ ڕووندەبێتەوە.

بەڵام ڕۆمانەكان سەرەڕای درووستكردنی كەشتی توانییان ڕێگا و كەناڵی ئاودێری و شارو زۆر شتی دیكە بنیات بنێن. ڕەگلی دەیپەرژێتە ڕوانین بەسەر ووردەكاری كەم بایەخ وەك ئەوەی كە ئەم دەستكەوتانە لەلایەن بەربەریەكانەوە یان وێراندەكران یان بەتەواوی پشتگوێدەخران. ئەمانە بەسەر یەكەوە سەردەمەكەیان ڕووبەڕووی كارەسات و لێژبوونەوەی كێرڤی گەشەی هێزەكانی بەرهەمهێنان و كلتور كردەوە بە ڕادەی گەڕانەوەی مێژووی ناوچەكە بۆ هەزار ساڵ پێش خۆی.

لەسەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە ووشەی زاری شارەزایەكی خەنجەر-درووستەكەر (هێكتە كۆڵ) دەهێنێتەوە كە دەڵێت: ئاسنگەرانی خەنجەری ساكسۆنەكان خەبیرو شارەزا بوون كە دەیانتوانی دەمی خەنجەری ڕێك 600 ساڵ پێش یابانییەكان درووستبكەن. هەموو قەبیلە بەربەریەكانی ئەو سەردەمە كارامەی بواری شەڕبوون و ئەمەش هۆكاری سەرەكی بوو كە بەربەریەكان توانییان هەموو هۆكارەكانی بەرگریكردنی ڕۆمانەكان تێكبشكێنن.

تەنانەت ڕۆمانەكانی تەمەنی كۆتایی ئیمپراتۆریەتەكە دەستیانكرد بە لاساییكردنەوەو دووبارەكردنەوەی توانا سەربازییەكانی بەربەریەكان، بۆ نموونە، بەكارهێنانی تیری كورت كە لەلایەن هانەكانەوە گەشەی پێدرابوو. بەڵام هیچ یەكێك لەمانە مانای ئەوە نییە كە بەربەریەكان لە ئاستی پێشكەوتنی ڕۆمەكاندا بوون.

ڕەگلی پەنجە بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەكێشێت كە هاتووچۆ دەریایی و ئاوییەكانی ئەنگلس و ساكسۆنەكان بۆ نێو خاكی بریتانیا داگیركاری بەكۆمەڵی جەنگاوەران نەبوو بەڵكو بەهۆی گروپی بچووك بچووكی ئارامی كۆچبەرەوەبوو كە بۆ پەناگە دەگەڕان. لێرەدا دوو شتی نائومێدانە بەیەكدا تێكەڵدەكات. گومانێك لەوەدا نییە كە بەربەریەكان بەدوای ناوچەی جوگرافیدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون. هۆكارەكانی كۆچی بە كۆمەڵ لە سەددەی پێنجدا هەمەچەشن بوون. تیۆرێك هەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە گۆڕانی كەش و هەوا بووبەهۆی ئەوەی لە ناوچە كەناراوەكانی ئەو شوێنانەی كە ئێستا بە هۆڵەندا و باكوری ئەڵمانیا ناودەبرێن ئاستی دەریا بەرزببێتەوە و بیانكات بە ناوچەی نەگونجاو بۆ ژیان.

بۆچوونێكی دیكەی ترادشناڵ ئەوەیە كە ئەمانە لە ژێر فشاری هۆزەكانی تردا لە ڕۆژهەڵاتەوە كۆچیانكردبێت. بەهەموو پێشبینینییەكانەوە، هەردوو ئەم هۆكارەو هۆكاری تریش بەشداربوون. بەگشتی، دەتوانین هۆكارەكانی ئەم كۆچە بە كۆمەڵانە بخەینە ژێر ناونیشانی ڕووداوی مێژووییەوە. ئەوەی گرنگە ئەو دەرئەنجامانەن كە بۆ مێژوو بەرهەمیاندەهێنن یان دەیخەنە سەر مێژوو. هەروەها ئەم دەرئەنجامانەیە كە مایەی گفتوگۆو ناكۆكی بووە.

توندووتیژی نەبووبوو بە ڕووكاری سەرەكیی پەیوەندییە سەرەتاییەكانی نێوان ڕۆمەكان و بەربەریەكان. چەند سەددەیەك بوو كە بازرگانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتدا زۆر گەشەی كردبوو، هۆزەكانی ئەو ناوچانەی كە لەپەیوەندی بازرگانیدابوون لەگەڵ ڕۆمانەكاندا كەوتبونە ژێر كاریگەری زۆری ڕۆمەكانەوە. زۆرێكیان بووبوون بە كرێگیراو و خزمەتی سەربازییان دەكرد.

ئەلارك كە یەكەم سەركردەی گۆسك بوو پێیخستە نێو خاكی ڕۆمەوە تەنها سەربازێكی پێشووی ڕۆم نەبوو بەڵكو مەسیحییش بوو. هەروەها یەكەم ساكسۆنەكان ڕۆشتنە نێو بەریتانیاوە نیشتەجێبوو و بەكرێگیراو و بازرگانی ئاشتیخواز بوون. ئەمە لەژێر ئەو نەریتەدابوو كە لەلایەن پاشای بەریتانی بەڕۆمانی كراو “ڤۆرتیگێرن”ەوە پاش جێهێشتنی فیرقە سەربازییەكان ئەوانی بانگهێشتگردبوو بۆ بەریتانیا. بەڵام لەم خاڵەدا، شیكارییەكەی ڕەگلی دەست بە شكستی خۆی دەكات. ڕەگلی ئەو خاڵە گرنگە لەبیردەكات كە نەتەوە شارستانەكان و بەربەریەكان هەمیشە لە بازرگانیدابوون كە لەهەمانكاتدا و بەبێ‌ جیاوازی تێكەڵەیەك بوو لە چەتەیی و سیخوڕی و جەنگیش.

بازرگانە بەربەریەكان هەمیشە سوودیان لە خاڵە بەهێزو لاوازەكانی نەتەوە هاو-كارو بازرگانەكانیان وەردەگرت. ئەگەر ئاماژەی لاوازی لە لایەنەكەی تری بەرامبەریانەوە دەربكەوتایە ئەوا بازرگانییە ئاشتیخوازانەكە دەگۆڕا بۆ دەستدانە چەك و داگیركاری و تاڵانی و ڕاوڕووت. هێندە بەسە كە پەیمانی كۆن بخوێنینەوە بۆ تێگەشتن لە پەیوەندیی نێوان هۆزە ئیسرائیلییە كۆچەرییە-شوانكارەكان و سامییە كۆنەكان كە وەكو خەڵكی شاری و مەدەنی دەناسران و لە پێشكەوتندا پێگەیەكی كلتوریی بەرزتریان هەبوو.

ئەو پێداگرییەی كە ڕۆمانەكان پێگەیەكی كلتوریی بەرزتریان لە بەربەریەكان هەبوو لەو ڕاستییەی خوارەوادا بە ئاسانی دەردەكەوێت. هەرچەندە بەربەریەكان توانییان ڕۆمانەكان داگیربكەن بەڵام زۆری نەخایاند كە بەربەریەكان لەناو ڕۆمانەكاندا توانەوە، تەنانەت زمانەكەیان لەدەستداو دیالێكتێكی لاتینیان هەڵگرتەوە. فرانكەكان (دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كە یەكیان گرتەوەو ئێستا فەرەنسایان پێكهێناوە) ئەوانەی كە ناوی ئێستای فەرەنسایان هێنایەبوون هۆزێكی ئەڵمانی بوون زمانەكەیان پەیوەستبوو بە زمانی ئەڵمانی مۆدێرنەوە. لەگەڵ هۆزە ئەڵمانییەكاندا كە ئیتالیا و ئیسپانیایان داگیركرد هەمان شت ڕوویدا.

ئەوەی ئاوارتەیەكی ڕوون بوو بۆ ئەم یاسایە لەو ڕاستیەدا دەردەكەوێت كە ئەنگلو و ساكسۆنەكان لە داگیركردنی بەریتانیادا لە سێلتكە پێشكەوتووە ڕۆمییە-بەریتانیەكاندا نەتوانەوە. زمانی ئینگلیزی سەربە زمانی ئەڵمانییە لەگەڵ تێكەڵەیەكی فەرەنسی نۆرمانی سەددەی یازدەدا.

لەڕاستیدا، ژمارەی وشە سێڵتیكییەكان[7]  لە زمانی ئینگلیزیدا زۆرنین لەكاتێكدا ووشە عەرەبییەكانی نێو زمانی ئیسپانی گەلێك زۆرن. ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو عەرەبانەی ئیسپانیا پێگەیەكی كلتوری بەرزتریان هەبوو لەو مەسیحییانەی كە بە ئیسپانی دەدوان و داگیریان كردبوون.

تەنها ڕوونكردنەوەی شیاو ئەوەیە كە بەربەرییە ئەنگلۆ-ساكسۆنەكان[8]  ( ئەوانەی كە بەڕێز ڕەگلی بە ئاشتیخواز و باش ستایشیاندەكات) دەبێت سیاسەتێكی جێنۆسایدیان دژ بە سێڵتیكەكان بەكارهێنابێت لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانەی كە لە جەنگی خوێناویدا لەپێناو داگیركاریدا بەرپایانكردبوو.

سێنتمێنتاڵیزم (سۆزگەرایی) و زانست؟

لێرەوە دەتوانین ڕێسایەكی جێگیر دابڕێژین: گروپێكی داگیركەر كە پێگەو ئاستی كلتوورییان نزمترە لە گروپێكیتری داگیركراو كە لە پێگەیەكی كلتوری بەرزتردان، ئەوا داگیركەر لە كلتوریی داگیركراودا دەتوێتەوە و پێچەوانەكەشی ڕاستە.  لەوانەیە هەندێك هاوڕانەبن و بڵێن هەمان هاوكێشە ڕاستە لەسەر ئەو یاسایەی كە ژمارەی داگیركاران كەمتربوون لە داگیركراوان. بەڵام ئەمە توانای خۆڕاگرتنی نیە لەبەردەم تاقیكردنەوەدا. لەسەرەتاوە، وەك ئەوەی ڕەگلی گفتوگۆی دەكات و دەڵێت لە ڕاستیدا ژمارەی زۆر گەورە بەشداربوون لە كۆچكردندا. پاشان، نموونەی مێژوویی زیاتر لەبەردەستدان كە دەتوانن پێچەوانەكە دووپاتبكەنەوە.

ئەو مۆنگۆلانەی كە هندیان داگیركرد هێزێكی فەرمانڕوایی خێزانییان بنیاتنا كە تاكو دووبارە داگیركردنەوەی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە درێژەی كێشا بەڵام ئەو كات بەتەواوی لە شێوازی پێشكەوتووتری ژیانی هندیدا توابوونەوە. ڕێك و پێك هەمان شت لە چیندا دووبارە بووبویەوە، هەرچەندە كاتێك كە بەریتانیەكان هند داگیردەكەن، بەریتانیەكان لە ناو كلتوری هندیدا نەتوانەوە بەڵام بەپێچەوانەوە، وەك ئەوەی ماركس ڕوونیدەكاتەوە، بەتەواوی كۆمەڵگای كۆنی هندی كە تەمەنی هەزاران ساڵ بوو لەلایەن بەریتانیەكانەوە وێرانكرا. ئەمە چۆن مومكین بوو؟ تەنها لەبەرئەوەی كە بەریتانیا سیستمێكی گەشەكردووی خێرای سەرمایەداریی هەبوو، یان لە پێگەیەكی بەرزتری پێشكەوتندا بوو  بەبەراورد بە هند.

بەدڵنیاییەوە، دەكرێت بڵێین پێش هاتنی بەریتانیا، هندییەكان خاوەن پێگەیەكی بەرزی پێشكەوتنی كلتوری بوون. هەرچەندە، داگیركارە ئەوروپاییەكان وەكو نیوە-بەربەری لە هندییەكانیان دەڕوانی. لەسەر بنەمای پێوەری بەرهەمهێنانی ئاسیاییە كۆنەكان، كلتوری هندی گەشتبوو بە ئاستی باڵا. دەستكەوتەكانیان لە بواری هونەر و پەیكەرتاشی و بیناسازی و مۆسیقا و شیعردا ناوازە بوو، تەنانەت كاریگەرییان خستبووە سەر نوێنەرە زیاتر شارستانەكانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی.

ئەمە یەكسانبوو بە بڵاوەپێكرنی ئەو بەریتانیانەی كە وادەردەكەوت مەدەنیتربن لە كردە پەڕگیرو دڕندانەكان كە تێیدا هندییەكانیان لەڕێگەی پێكهاتەیەك لە فێڵ و درۆ و كوشتن و كۆمەڵكوژییەوە وێرانكرد. هەموو ئەوانە ڕاستن، بەڵام هێشتان بەتەواوی خاڵە گرنگەكەی لەبەرچاونەگرتووە. ئەو پرسیارە سەرەكیی كە دەبێت بكرێت ئەوەیە: بۆچی بەریتانیەكان لە كلتوری هندییەكاندا نەتوانەوە وەك ئەوەی مەنگۆلەكان تێیدا توانەوە؟

سەرەڕای هەموو ئەوە، لەم بارەدا، ڕاستە كە ژمارەی ئەو بەریتانیانەی لە هنددا نیشتەجێبوون زۆر نەبوون كاتێك بەراورد دەكرێت بە كۆمەڵە چەند سەد ملیۆنییەكەی ئەم نیمچە كیشوەرە(هند و دانیشتوانەكەی). بەڵام ئەوە هندییەكان بوون پاش دوو سەد ساڵ فێری زمانی ئینگلیزی بوون نەك ئینگلیزەكان فێری زمانی هندی ببن.

ئەمڕۆ، نیو سەددە پاش جێهێشتنی هند لەلایەن بەریتانیەكانەوە، ئینگلیزی زمانی فەرمی هندە لەگەڵ ئەوەی كە لینگۆ فرانكا[9] ی هەموو هندی و پاكستانییەكی خوێندەوارە. چۆن بتوانین لەمە تێبگەین؟ تەنها لەڕێگەی ئەو ڕاستییەوە ئەمە ڕووندەكرێتەوە كە سەرمایەداری نوێنەرایەتی ئاستێكی بەرزتری پێشكەوتن لە دەرەبەگایەتی و مۆدی بەرهەمهێنانی ئاسیایی دەكات. ئەمە ڕاستییە چارەنووسسازەكەیە. بۆ سەركۆنەكردن و ڕەخنەكردنی ئەمە پێویستمان بە دژوەستانە بەرامبەر بە “ئیمپریالیزمی كەلتوری”، موتڵقەن گومانێك سەبارەت بە  كردەی بەربەریانەی ئیمپریالیستەكان لەئارادا نییە. بەڵام لە گۆشەنیگایەكی زانستیانەوە ئەم كۆمێنتانە زۆر دوورمان ناخەنەوە.

خوێندنەوەی مێژوو لە گۆشەنیگای سۆزگەرایی یان سێنتمێنتاڵییەوە نەك هەر بێسوودە بەڵكو لە بێسوود بێسودترە. مێژوو ئەخلاقیات نازانێت و بەگوێرەی هەندێك یاسای هەمەچەشن كاردەكات. ئەركی هەر كەسێك كە ئاواتەخوازی تێگەشتنە لە مێژوو پێش هەموو شتێك وەلاخستنی هەر توخمێكی ئەقلاقیانەیە، لەبەرئەوەی هیچ ئەخلاقیاتێكی سەرو-مێژوویی بوونی نییە- نەبوونی ئەخلاق لەئاستی گشتیدا- ئەوەی هەیە ئەخلاقیاتی تایبەت و تاك تاكە كە پەیوەستن بە سەردەمە مێژووییە جیاوازەكانەوە، هەروەها بە بارودۆخە كۆمەڵایەتی-ئابووریەكانەوە و هیچ یەكێك لە ئەخلاقیاتە تایبەتەكان سەروومێژوویی نین و پەیوەندییان بە دەرەوەی زەمەنەكانیانەوە نییە.

بەهۆی ئەمەوەیە لە دیدێكی زانستییەوە بەراووردكردنی ستانداردە ئەخلاقییەكانی ڕەفتاركردن لەلای بۆ نموونە ڕۆمانەكان و بەربەریەكان، بەریتانیەكان و هندییەكان، مۆنگۆلەكان و سینیەكان  بێمانا دەكەوێتەوە. كردەی نامرۆڤانەو بەربەریانە لە هەموو سەردەمە مێژووییەكاندا ئامادەییان هەبووە، بۆیە ئەگەر ئەمە بكەین بە پێوانە بۆ ڕەگەزی مرۆیی ئەوا دەتوانین بە ڕەشبینترین دەرئەنجامەكان بگەین وەك ئەوەی زۆرێك بەم دەرئەنجامانە گەشتوون.  وەكو بابەتی حەقیقەت، هەموو كەسێك دەتوانێت بڵێت هەر هێندەی ئاستی پێشكەوتن بەرزتر دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئازارو نەهامەتییەكانی زۆرینەی مرۆڤایەتی زیاتر دەبێت. بارودۆخی جیهان لە دەیەی یەكەمی سەددەی بیست و یەكدا باشترین نموونەی ئەم پێشكەوتن و زیادبوونەی نەهەمەتییەكانی مرۆڤە لەهەمانكاتدا پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و پیشەسازی.

خەڵكانێك بەو دەرئەنجامە گەشتوون كە لەوانەیە كێشەكە ئەوەبێت پێشكەوتنی زۆر بەدیهاتووە، زۆر بەرەوپێشەوەچووینە، شارستانییەت زیاد لە پێویست گەشەیكردووە. ئایا ئێمە بەختەوەرتر و خۆشگووزەرانتر نەدەبووین ئەگەر بە ژیانێكی ساددەی كشتووكاڵی ژیاباین وەك ئەوەی بەبێ‌ تراكتۆر زەوییەكانمان بكێڵایە و جلەكانمان بەدەست بچنیایە و خۆمان نانمان بكردایە؟ بەمانایەكیتر، ئایا باشتر نەبوو بگەڕیاینایەتەوە بۆ بەربەریەت؟

لە باردودۆخی ناهەمواری كۆمەڵگای ئێستاو جیهانی ئەمڕۆ لەژێر سایەی سەرمایەداریدا، دەتوانین لەوە تێبگەین كە زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت لەم واقیعە تاڵە هەڵبێن و كاتژمێرەكانیان بۆ چاخی ئاڵتوونی بگێڕنەوە. بەڵام كێشەكە ئەوە نییە كە ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو چاخە بەڵكو كێشەكە ئەوەیە كە ئاوها چاخێكی زێڕینی لەم جۆرە هەرگیز بوونی نەبووە.

ئەوانەی (بەتایبەتی چینی ناوەڕاست) كە هەمیشە باس لەم گەڕانەوەیە بۆ سەیروسەمەرەكان و خۆشیەكانی ژیانی كۆنی كشتووكاڵی دەكەن هیچ هۆشیارییەكیان سەبارەت بە ناخۆشی و نەهامەتییەكانی ئەو سەردەمانە نییە. با ئێستا بەنموونە گووتەی ڕاهیبەیەك لە دەستنووسەكانی سەددەی ناوەڕاستدا بهێنینەوە كە  جیا  لە  كەسە بەجۆشەكانی سەددەی نوێی مۆدێرن دەیزانی ژیان لە سایەی دەرەبەگایەتیدا چۆنە. ئەمە كورتەی نووسەرێكی سەددەكانی ناوەڕاستە، ڕاهیبەیەك كە ناوی “ئەیلفریك”بوو، كتێبێكی بۆ وتنەوەی گفتوگۆی لاتین لە وونچستەر نووسیبوو  كە ئەو گفتوگۆیەی خوارەوەی نێوان ئاغا و جوتیارێكی لەخۆگرتبوو:

ئاغا: جووتیار چۆنی، چۆن كار بەڕێدەكەیت؟

جووتیار: گەورەم بەباشی كاردەكەم. هەر كە گزنگی خۆر دەكەوێت گاكان دەخەمە ناو كێڵگەكەو نیڵ ەكەیان لێدەبەستم بۆ دەستكردن بە جووت. هەرچەندە زستانەكەی زۆر سەختە بەڵام لە ترسی لۆردەكەمدا(خاوەن زەوی) ناوێرم لەماڵەوە بمێنمەوە، پاش بەستنی نێڵ[10]ەكە، هێش[11]  و گاوەسن[12] ەكەش پێكەوە دەبەستم، ئەبێت هەر ڕۆژەو بەلایەنی كەمەوە دۆنمێك جووتبكەم.

ئاغا: خۆت بە تەنهای؟

جووتیار: كوڕێكی گاڕام[13] بەدەستم لەگەڵدایە بۆ گاكان، بەڵام ئێستا تووشی قوڕگ ئێشەو قفە[14]  بووەو سنگی دەخیزێنێت.

ئاغا: ڕۆژانە چیی تر دەكەی؟

جووتیار: زۆر لەوە زیاتر دەكەم. ئەبێت توورەكەی گاكان پڕ لە كا بكەم و ئاویان بدەمێ‌، پاشانیش پاشاڵەكان فڕێبدەمە دەرەوە.

ئاغا: بۆ ئەوە كارێكی قورسە؟

جووتیار: بەڵێ‌ قورسە لەبەرئەوەی ئازاد نیم.

بەدڵنیاییەوە ئەو گفتوگۆیەی سەرەوە پێمان دەڵێت كە  دوو هەفتە ئیشی پشت شكێن چارەسەرە بۆ هەموو وەهمێكی ڕۆمانتیكیانەی كەلە ڕەقانە. چی ئازارێكە كە ناتوانین سەفەرێكی كورت بە تایم مشین[15]  (مەكینەی كات) بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئەم جوتیارو ئاغایە ڕێكبخەین.

بەربەریەت چییە؟

وشەی بەربەریەت لە سیاقی جیاوازجیاوازدا بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردەهێنرێت. تەنانەت دەتوانێت ببێتە دەربڕی هێزی ئیهانەكردن بۆ ئەو هاندەرانەی تۆپی پێ‌ كە زیاد لە سنووری خۆیان بە حەماسن و ڕەفتاریان بە بەربەری ناودەبرێت. بۆ یۆنانییە كۆنەكان كە یەكەم كەس بوون لە بەرهەمهێنانی ئەو وشەیەدا، بەربەریەت بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرا كە نەیاندەزانی یان نەیاندەتوانی بە زمانی یۆنانی بدوێن. بەڵام بۆ ماركسییەكان، ئەم ووشەیە ئاماژەیە بۆ ئەو قۆناغەی نێوان كۆمیونیزمی سەرەتایی و سەرەتای كۆمەڵگای چیندار، ئەو كاتەی كە چینەكان درووست بوون و دەڵەتیشیان بەدوای خۆیاندا هێنا. بەربەریەت قۆناغی گواستنەوەو تێپەڕینە لە قۆناغی یەكەمەوە بۆ قۆناغی دووەم، ئەو قۆناغەی كە تێیدا كۆمیونی كۆن دەكەوێتە لێژی و چینەكان و دەوڵەت دەست بە چێبوون و فۆرمەڵەبوون دەكەن.

وەكو هەموو كۆمەڵگا مرۆییەكانی تر لەنێویاندا دڕندەیی، قۆناغی كۆمەڵگا ڕاوشكارییەكان لەسەر بنەمای كۆمیونیزمی سەرەتایی كە بەرهەمهێنەری هونەری ناوازەی نێو ئەشكەوتی فەرەنساو ئیسپانیای باكوورە. بەدڵناییەوە بەربەریەكان خاوەنی كلتور بوون و توانییان بابەتی هونەریی ئاڵۆزو گرنگ بەرهەمبهێنن.

تەكنیكەكانیان بۆ جەنگ ئەوە پیشاندەدات كە توانایەكی زۆریان لە ڕێكخستندا هەبووە، هەروەها تواناكانیان لەو كاتەدا ڕوونبوویەوە كە هێزە ڕۆمانیەكانیان بەزاند. تەنانەت ڕۆمانەكان دەستیانكرد بە كۆپیكردنی تاكتیكە سەربازییەكانی بەربەریەكان و تیروكەوانی كورت كە بۆ شەڕ بەسەری پشتی ئەسپەوە بەكاردێت داهێنا كە دواتر لەلایەت خێڵی هانەكان و ئەوانیترەوە گەشەی پێدرا.

مێژووی بەربەریەت بەشێكی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتیی داگیركردووە، ئەم ماوەیەی بەربەریەت دابەشبووە بەسەر ماوەی كورتتری جیاوازدا. بەشێوەیەكی گشتی، تایبەتمەندییەكەی بریتییە لە گواستنەوە لە جۆری بەرهەمهێنانی ڕاووشكارییەوە بۆ ئاژەڵداری و كشتوكاڵی، ئەمە لە چاخی بەردینەوە “پەیلۆ لیسك[16] “ەوە تاكو “نیۆلیسیك[17] ” چاخی بەردینی نوێی بەربەریەت بۆ ئاستێكی بەرزتری بەربەریەت لە چاخی برۆنزدا.

خاڵی وەرچەرخانە گرنگەكە بریتی بوو لەوەی كە “گۆردۆن چیڵد” ناویلێنا شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ‌ كە بازدانێكی گەورەبوو بۆ پێشەوە لە پێشكەوتنی توانای بەرهەمهێنانی مرۆڤ، لێرەوە كلتوریش گەشەیكرد. بۆیە چێڵد گووتی: ئێمە زۆر قەرزداری بەربەریەتی پێش خوێندەواریین. هەموو بەرهەمێكی ڕووەكیی خووراوی ئاوەدێر لەلایەن كۆمەڵگەیەكی بەربەری بێناوەوە دۆزرابوەوە. (ج. چیڵد، چی لە مێژوودا ڕوویدا، پ.64)

ئەمە منداڵدانی گەشەكردنی شارو شارۆچكەو نوسین و پیشەسازی و هەموو شتێكیتربوو كە بوون بە بناغەی ئەوەی پێیدەوترێت شارستانیەت. ڕەگووڕیشەكانی شارستانیەت لە ناو بەربەریەتەوە هاتوون و دەدۆزرێنەوە، تەنانەت لە كۆیلایەتیشدا. پێشكەوتنی بەربەریەت بە ژیانی كۆیلایەتی  كۆتاییهات، یان ئەوەی ماركس بە شێوە بەرهەمهێنانی ئاسیایی ناویدەبات.  ناتوانین و تەنانەت هەڵەیە ئەگەر بمانەوێت بەشداریی بەربەریەكان لە پێشكەوتنی مرۆڤ تا ئەم ساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بكەینە دەرەوە. بەربەریەكان لە فۆناغێكدا ڕۆڵیان هەبووە، ڕۆڵێكی كاریگەرو گرنگ. ئەوان خاوەنی كلتور بوون، تەنانەت لەو ساتەی كە ئەوان تێیدا دەژیان كلتوری بەربەریەكان گەشەسەندوو و چاولێكراوبوو.

مێژوو ناوەستێت. پێشكەوتنی زیاتری هێزەكانی بەرهەمهێنان بووبەهۆی سەرهەڵدانی فۆرمی نوێی كۆمەڵایەتی-ئابووری كە چۆنایەتیی باشتریان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. شارستانیەتی مۆدێرن وەكو ئەوەی هەیە بەرئەنجامی داگیركارییە گەورەكانی میسرو میزۆپۆتامیا و دۆڵی ئیندەس و ئەوانیتری هاوشێوەیە لە یۆنانەوە تاكو ڕۆم.

هەروەها بەبێ‌ نكۆڵیكردن لە كلتورو كاریگەری بەربەریەكان، ماركسییەكانیش هیچ دوودڵییەك لە پشتڕاستكردنەوەی ئەوە ناكەن كە لەڕووی مێژووییەوە كلتورەكانی میسرو یۆنان و ڕۆم لە منداڵدانی بەربەریەتەوە سەریانهەڵدابوو و هەر ئەمانەش بوون جێگەی بەربەریەتیان گرتەوە. نكۆڵیكردنی ئەم ڕاستییە یەكسانە بە نكۆڵیكردنی لە هەموو ڕاستییەكی تر.

ڕۆڵی كۆیلایەتی

ئەگەر چاوێك بە كۆی پرۆسەی مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنین، یەكەم شت كە بەرماندەكەوێت ئەو هێواشی و پێشكەوتنە هەنگاو بەهەنگاو و لەسەرخۆیەیە كە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕیوە. پەرەسەندنی بەرەبەرەی مرۆڤایەتی یان بوونەوەری هاوشێوەی مرۆڤ پەرەسەندنی مەرج و بارودۆخی ئاژەڵیانە نییە  بەڵكو پەرەسەندن و گۆڕانی بارودۆخی مرۆیانەیە كە بەدرێژای ملیۆنان ساڵ ڕوویانداوە.

یەكەم قۆناغ كە بە ژیانی دڕندەیی یان دڕندەئاسا ناویدەبەین تایبەتمەندبووە بە ئاستێكی زۆر نزمی پێشكەوتنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنان، كە تەنها ئامرازە بەردییەكانی تێدا درووستكرا و شێوە ژیانی ڕاووشكاری تێدادەركەوت. ئەم قۆناغە لە مێژووماندا بۆ ماوەیەكی زۆر درێژەی هەبوو.

ئەم فۆناغە لەسەرەتای دەركەوتنی بەربەریەتەوە دەست بە خێرابوون دەكات ( بەتایبەتی لەگەڵ شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ‌) كاتێك یەكەم كۆمەڵگا جێگیرەكان بوون بە شارۆچكە وەكو “جێریكۆ” كە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 7000 ساڵ پێش زایین.

هەرچەندە، گەشەیەكی گەورەی لەناكاو لە میسرو میزۆپۆتامیا و دۆڵی ئیندەس و هەروەها صین و ئێران و یۆنان و ڕۆمدا سەرهەڵدەدات. بەدەربڕینێكیتر، پێشكەوتنی كۆمەڵگەی چینایەتی بەر گۆڕنێكی گەورە لە هێزەكانی بەرهەمهێنان دەكەوێت و لەدەرئەنجامدا كلتوری مرۆی دەگاتە ئاستێكی بەرز كە تا ئێستا ڕووینەداوە.

یۆنانی و ڕۆمانەكان دەڵێن ئەمە شوێنی ئاماژەبۆكردنی هەموو دۆزینەوەكان نییە، دیمەنێكی بەناوبانگ لە فیلمەكەی مۆنتی پیسۆن بەناوی “ژیانی بریان”، كە “جەنگاوەرێكی ئازادیی” لەڕادەبەدەر بەجۆش پرسیارێكی ڕەوانبیژانە دەكات و دەڵێت: تا ئێستا ڕۆمانییەكان چییان بۆ كردووین؟

بەهۆی بێزارییە زۆرەكەیەوە لیستێك وەڵامی بۆ ئامادەدەكات. نابێت وەكو ئەم كارەكتەرە خەیاڵییە بكەوینە دووبارەكردنەوەی هەمان هەڵەوە! بەڵام، ئەمە جێگەی قبووڵ نییە چونكە یۆنانی و ڕۆمانەكان لە كۆیلایەتییەوە سەرچاوەیانگرتووە كە دەزگایەكی قێزەون و نائینسانییە. دەستكەوتە گرنگەكانی ئەسیناییە كۆنەكان لەسەر كۆیلایەتی بنەغەی گرتووە.  دیموكراسیی ئەسینا- لەوانەیە پێشكەوتوترین دیموكراسی دونیا بێت- دیموكراسیی كەمینەیەكی ئازادبوو. زۆرینە- كۆیلەكان- هیچ مافێكیان نەبوو. ماوەیەك پێش ئێستا نامەیەكم پێگەشت كە نەویستانە كۆمەڵگای كۆیلە بە بەربەریەت بەراوورد دەكات. من بەشێك لەو نامەیە دادەڕێژمەوە:

“لەڕاستیدا كۆمەڵگا سەرەتاییەكان نابەربەریترین كۆمەڵگاكانبوون لە مێژووی جیهاندا. بۆ نموونە، شەڕو جەنگی كۆمەڵگا سەرەتاییەكان تەنها ڕیتواڵی و تەشریفاتی بووە و بێ‌ قووربانی بووە. بەربەریەتی نازیزم و جەنگەكانی بەڵكان تایبەتمەندییەكی نموونەیی سەرمایەدارانەیان هەبوو. بەربەریترین ڕاستییەكان لە مێژوودا دەرئەنجامەكانی كۆمەڵگای چینایەتین”.  ئەو ڕستانەی سەرەوە پرسیاری جەنگ نەك ماتریاڵانە بەڵكو ئەخلاقیانە دەوروژێنێت. جەنگ هەمیشە بەربەریەت بووە. جەنگ پەیوەستە بە كووشتنی ئەوانیترەوە بە ڕێكوپێكترین شێوە. هەموومان دڵنیاین لەوەی كە جەنگی كۆمەڵگا سەرەتاییەكان بە بەراوورد بە جەنگەكانی دونیای مۆدێرن كەمترین كووشتارو قوربانییان لێكەوتووەتەوە.

هۆكاری سەرەكیی ئەو بەربەریەتە گەورەیەی جەنگە مردێرنەكان پێشكەوتنی زانست و تەكنیكە لەبەرئەوەی ڕێگای تەواوی بۆ بەرهەمهێنان لەبەردەم مرۆڤدا كردووەتەوە، نەك تەنها لەڕێگەی پیشەسازی و كشتوكاڵەوە بەڵكو تەنانەت لەسەر مەیدانی جەنگیش. ئەنگڵز ئەوە لە “ئەنتی-دوهرین”دا ڕووندەكاتەوە كە چۆن لە مێژوودا تێگەشتن لە جەنگ تەنها لە ڕێگای پێشكەوتنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنانەوە درووستدەبێت.  ڕۆمانەكان بەهرەو توانای كووشتنیان زۆر لە بەربەریەكان زیاتربوو(بەلایەنی كەمەوە ئەو ماوەیەی كە دەسەڵاتیان زۆربوو)، هەروەها ئێمەش لەم چركە ساتە مێژووییەدا توانای كوشتنمان لە ڕۆمانەكان زیاترە.

ماركسیەكان لە گۆشەنیگایەكی ئەخلاقییەوە لە مێژوو ناڕوانن. جوودا لە هەر شتێكیتر، هیچ شتێك نییە بەناوی ئەخلاقیاتی سەروو-مێژوو. هەر كۆمەڵگایەك خاوەنی ئەخلاقیات و ئاین و كلتوری تایبەتی خۆیەتی كە ئاستی پێشكەوتنی ئەو كۆمەڵگایانە پیشاندەدەن، بەلایەنی كەمەوە ئەو ماوەیەی كە پێیدەڵێین شارستانیەت، هەروەها بەرژەوەندییەكانی چینێكی تایبەت.

بۆ دەستنیشانكردنی باش و خراپەی جەنگ ناتوانین پشت بە كەم و زۆری یان چەندێتیی قووربانییەكانی جەنگ ببەستین، زۆر لەمە كەمتر لە دیدی ئەخلاقیانەی ئەبستراكتەوە. لەوانەیە بتوانین بەشێوەیەكی گشتی جەنگ ڕەتبكەینەوە بەڵام شتێك هەیە كە نكۆڵیی ناكرێت: بەدرێژایی كۆی مێژووی مرۆڤایەتی: هەموو پرسیارە گرنگەكان بەم شێوە چەسپیوون. ئەمە بۆ هەردوو ناكۆكی و ململانێی نێوان نەتەوەكان (جەنگەكان) و چینەكان (شۆڕشەكان)یش درووستە.

لێرەوەیە كە هەڵوێست و نیگامان بۆ كۆمەڵگا و كولتورێكی تایبەتی كورت نابێتەوە بۆ بۆچوونی ئەخلاقیانە. لە گۆشەنیگای ماتریالیزمی مێژووییەوە، ئەمە بابەتی بێلایەنییە كە بەربەریەكان(تەنانەت باوباپیرانیشم سەربە سێڵتە كۆنەكانن) سەربڕ بوون و مرۆڤیان بە زیندوویی دەسووتاند و دەیانخستنە نێو پەیكەرە زەمیلەوەو ئاهەنگی هاوینەیان لەسەر دەگێڕان.

نەفرەتلێكردنیان لەو ڕاستییە عەقڵانیتر نییە كە ئەوان بە هەمان شێوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی خشڵ و زێڕو خوێندنەوەی شیعر بوون وەك ستایش. ئەوەی بڕیار لە پێشكەوتن و دواكەوتنێكی مێژووییانە دەدات پێش هەموو شتێك توانای پەرەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنانە- بنەڕەتی واقیعیانەی ماتریاڵییە كە كلتوری مرۆیی لێیەوە سەرهەڵدەدات و پێشدەكەوێت.

هۆكاری ئەوەی كە پێشكەوتنی مرۆییانە هێندە جەرگبڕانە لەو ماوە درێژەدا هێواش بووە بەوردی پەیوەستە بە پێشكەوتنی لەسەرخۆی هێزەكانی بەرهەمهێنانەوە. پێشكەوتنی ڕاستەقینە هەر لە قۆناغی بەربەریەتەوە دەستپێدەكات، وەكو ئەوەی لە سەرەوە باسمانكرد.

ئەمە لە ساتەوەختە مێژووییەكەیدا گەشەیەكی ڕوولەپێش بووە، بەڵام تێپەڕینراوە، نەفیكراوە و جێگەگیراوە لەڕێگەی فۆرمێكی بەرزترەوە كە كۆیلایەتییە. هێگڵی پیر، لە قووڵییەوە دەنووسێت: “ڕزگاریی كۆی بەشەریەت بە تێپەڕبوونی بە قۆناغی كۆیلایەتیدا زۆر لە ڕزگاریی خوودی كۆیلەكان لە كۆیلایەتی گەورەترە” .

ڕۆمەكان هێزی دڕندەئاسایان لە كپكردن و ملكەچكردنی ئەوانیتردا بەكاردەهێنا، هەموو شارەكانیان خستەوە سەر یان فرۆشتەوە بە كۆیلایەتی، هەزاران دیلی جەنگیان لە یاری سێركدا بۆ چێژلێوەرگرتن لە مەیدانی گشتیدا سەربڕی، هەروەها هەندێ‌ میتۆدی نوێی لە سێدارەدان و لە خاچدانیان داهێنا. بەڵێ‌، هەموو ئەمانە بە پێرفێكتی ڕاستن.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتان كاتێك دێینە سەر شوێنی سەرهەڵدانی شارستانیەتی مۆدێرن، كلتوری مۆدێرن، ئەدەبی مۆدێرن، هونەری بیناسازیی مۆدێرن، زانستی پزیشكیی مۆدێرن، زانست و فەلسەفەی مۆدێرن و تەنانەت زمانیشمان، ئەوا لە وەڵامدا دەڵێین كۆی ئەمانە لە یۆنان و ڕۆمەوە هاتوون. زەحمەت نییە گەر بمانەوێت لیستێك لە تاوانی ڕۆمانەكان ( یان لۆردە دەرەبەگەكان و تاوانی سەرمایەدارەكانی دونیای ئەمڕۆ) ئامادەبكەین. تەنانەت بەراووردكردنی تاوانانەكانیان بە هەندێك لەو هۆزە بەربەریانەی كە هەمیشە لە جەنگدابوون.

ئەمە شتێكی تازە نییە. لەڕاستیدا، دەتوانین بەر زۆرێك لەو نووسینانەی مێژوونووسی ڕۆمانی “تاسیتەس” بكەوین كە بەووردی ئەم ئەركەمان بۆ جێبەجێدەكات. بەڵام ئەمە تەنها تاكە هەنگاوێكیش نامانباتە پێشەوە بۆ تێگەشتن لە مێژوو. تاكە میتۆدی ڕەخساو بۆ تێگەشتن لە مێژوو بریتییە لە ماتریالیزمی مێژوویی.

هەڵسانەوە و ڕووخانی ڕۆم

هەرچەندە كاری كۆیلە بەرهەمهێنەرانە یان لە خزمەتی بەرهەمهێناندا نەبوو  (كۆیلەكان ناچار بە كاركردن كرابوون)، ژمارەیەكی زۆر لە كۆیلەكان، وەكو ئەوەی لە ڕۆم لە ماوەی كۆتایی كۆمارو ئیمپراتۆریەتەكەدا لە یەكە گەورە كشتوكاڵیەكاندا كاریاندەكرد و توانییان بەرهەمی زیادەی زۆر بەرهەمبهێنن. لە لوتكەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەكەدا، كۆیلەكان ژمارەیان زۆربوو هەروەها نرخیشیان هەرزان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جەنگەكانی ڕۆم پشتیان بە كۆیلەكان بەستبوو. بەڵام لە ساتێكی تایبەتدا ئەم سیستمە گەشتە دواسنوری خۆی و پاشان پێی خستە قۆناغی لاوازییەوە.

سەرەتاكانی دەركەوتنی قەیران لە ڕۆمدا لە بەشی كۆتایی كۆمارەكەدا سەریهەڵدا، ماوەیەك كە پێشهاتی كۆمەڵایەتی و سیاسی خێرا و جەنگی چینایەتی دەركەوت. هەر لە سەرەتاكانەوە جەنگێكی توند لەنێوان هەردوو چینی دەوڵەمەند و هەژاردا سەریهەڵدابوو. وردەكاری ئەم ڕووداوانە  لە نووسینەكانی لیڤی و ئەوانیتردا دەربارەی ململانێكانی نێوان چینی خوارەوەو خانەدانەكاندا تۆماركراوە. لەماوەی دواتردا، ڕۆم خۆیكردە كۆیلەی میدیتەریان پاش بەزاندنی لەلایەن بەهێزترین ڕكابەری كە “كارسەج”(توونسی ئەمڕۆ) بوو.

“تایبیریەس گراسكەس[18] ” داوای ئەوەیكرد كە سەروەت و سامانی ڕۆم بەسەر هاوڵاتیانیدا دابەشبكرێت. ئامانجی بوو كە ئیتالیا بكات بە كۆمارێكی بچووكی جووتیار نەك كۆیلە، بەڵام خانەدانەكان و خاوەن كۆیلەكان بەسەریدا زاڵبوون. ئەمە كارەساتێكی دوورمەودای بۆ ڕۆم بەحێهێشت. كشتووكاڵیان وێرانكرد كە بڕبڕەی پشتی كۆمار و سوپاكە بوو- چینی كرێكاری خوارەوەیان كرد بە چینێكی نابەرهەمهێن كە بە خێری دەوڵەت لە برسێتی ڕزگاریان دەبوو. سەرەڕای ڕقیان لە دەوڵەمەند یان بۆرژواكان، بەڵام هێشتان بەرژەوەندیی هاوبەش لەدەوری كۆیلەكان كۆیدەكردنەوە چونكە چالاكترین و بەرهەمهێنەرترین چینی كۆمارو ئیمپراتۆریەتەكەبوون لەو كاتەدا.

هەڵكشانی ژمارەی كۆیلە لەسایەی “سپارتاكۆس”دا ڕووداوێكی شكۆمەندانەی مێژووی كۆنە. سەدای ئەم هەڵكشانە مەزنە دەگاتە گوێی چەندین سەددەی دوای خۆی و هێشتانیش وەكو سەرچاوەی ئیلهام لێوەرگرتن و لاساییكردنەوە كاریگەرە لە ئێستاماندا. وێنەی هەڵسانەوەی ئەم مرۆڤە سەركوتكراوو و خراپ بەكارهێنراوانە بەهێزترین دەسەڵاتی ئەوكاتی دونیایان تووشی شكستی یەك لەدوای یەكی گەورەكردەوەو ئەم ڕووداوەیان لە مێژوودا كرد بە یەكێك لە ڕووداوە ناوازەكانی مێژووی مرۆڤایەتی. ئەوان توانییان لە ڕووخاندنی دەوڵەتی ڕۆمدا سەركەوتووبن و ئاراستەی مێژوویان گۆڕی.

بەدڵنیاییەوە، مومكین نییە بەتەواوی بتوانین بڵێین كە دەرئەنجامەكە چییە. بەڵام بێ‌ گومان ئەمە بووبەهۆی ئازادبوونی كۆیلەكان. بەنموونەوەرگتنی ئاستی گەشەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان، ئاراستەی گشتی ئەم گەشەسەندنە بەسوودی جۆرێك لە دەرەبەگایەتی كەوتەوە. بەڵام لانی كەم مرۆڤایەتی چیتر لەبەردەم هەمان ترس و هەڕەشەكانی سەددە تاریكەكاندا نەبوو، هەروەها گەشەی ئابووری و كلتوری بەشێوەیەكی خێرا بەرەوپَشەوەچوو.

ڕاستی كەوتن یان شكستی سپارتاكۆس لەكۆتاییدا پەیوەستبوو بە درووستنەبوونی پەیوەندی لەنێوان كۆیلەكان بە پرۆلیتاریاوە لە شارۆچكەكاندا. هاریكاریی پرۆلیتاریا بۆ دەسەڵات بەردەوامبوو، سەركەوتنی كۆیلەكانیش مەحاڵ بوو. بەڵام پرۆلیتاریای ڕۆم وەكو پرۆلیتاریای مۆدێرن بەرهەمهێن نەبوون بەڵكو چینێكی مشەخۆربوون، بەكاری كۆیلەكان دەژیان و پشتبەستووبوون بە ئاغاكانیان. شكستی شۆڕشی ڕۆمانی لەم  حەقیقەتەدا خۆی حەشارداوە.

ماركس و ئەنگڵز ئەوە پیشاندەدەن كە ململانێی چینایەتی لەكۆتاییدا یان بە سەركەوتنی تەواوی یەكێك لە لایەنەكان كۆتایی دێت یان بە وێرانبوونی چینە بەشدابووەكان لە ململانێكەدا. چارەنووسی كۆمەڵگەی ڕۆم ڕوونترین نموونەی شكست و وێرانبوونی هەموو چینەكانی نێو ململانێیەكەبوو.  بەزاندنی كۆیلەكان لەگەڵ خۆیدا شكستی دەوڵەتی ڕۆمیشی بەدوادا هات.

دەوڵەت لە نائامادەیی یان غیابی كشتوكاڵی ئازاددا ناچاربوو پشت بە سوپای بەكرێگیراو ببەستێت لە جەنگەكانیدا. بنبەستی ململانێی چینایەتی بووبەهۆی سەرهەڵدانی بارودۆخێكی نزیك لە دیاردەی مۆدێرنی (بۆناپارتیزم) كە بریتیبوو لە هاوپەیمانێتییەكی پۆپیولیستیانە لە نێوان چینی بۆرژواو چینی پرۆلیتاریای خوارەوە بەتایبەتمەندیی سەركردایەتییەكی پتەو و ناسیۆنالیزمێكی كۆنزێرڤاتیڤانە. كە لە ڕۆمانییەكەیدا پێدەوترا (سیزریزم) ئۆتۆكراسی یان دەسەڵاتی بێ‌-سنور كە لە تەنها كەسێكدا كۆدەبێتەوە.

سەرۆكی فەیلەقەكان چیتر دلسۆزی كۆمارەكە نەبوو چونكە هەموو مەیلێكی دابوو بە كۆماتدەرەكەی- ئەو پیاوەی كە گەرەنتیی پارەو تاڵانییەكانی و پارچەیەك زەویی پێدابوو پاش خانەنشین بوونی. دواماوەی كۆمارەكە پێكهاتبوو لە تووندبوونەوەی ململانێی نێوان چینەكان كە هیچ لایەكیان توانای بردنەوەیەكی چارەنووسسازیان نەبوو. سەرەنجام، دەوڵەت، كە لینین بە “جەستەی چەكداركراوی مرۆیی” ناویدەبات، سەرەتای وەرگرتنی سەربەخۆیی بوو، لێرەوە بەرزیوویەوە بۆ سەرووی كۆمەڵگا وەك بڕیاردەری كۆتایی لە ململانێیی هێزەكاندا لە ڕۆم.  زنجیرەیەك سەركێشیی سەربازی وەكو ماریاس، كراسەس، پۆمپەی و جولیا سیزەر كە سیاسییەكی بەتوانا و بازرگانێكی لێهاتووبوو، سیزەر سەرەڕای ئەوەی خزمەتێكی بە كۆمارەكە نەكرد كەچی بووبەهۆی كۆتایی هاتن بە كۆمارەكەش.

شكۆمەندیی خۆی بەسەر ناوچەكانی وەك گاوڵ (فەرەنسا و بەلجیكای ئێستا)، ئیسپانیا و بەریتانیا لە سەركەوتنەكانی سوپاكەیەوە وەرگرتبوو ، هەروەها چڕكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی خۆیدا. هەرچەندە لەلایەن كۆنەپارێزێكەوە كوژرا بەمەبەستی پاراستن و هێشتنەوەی كۆمارەكە وەكو خۆی چونكە وادەبینرا كە سیزەر مەترسی بێت بۆ سەر كۆمارەكە.

شەكسپیر لە جولیا سیزەردا دەڵێت: “سیزەر خانەدارترینی هەموو ڕۆمەكان بوو”. بێ‌ دوودڵی، بروتس و پیلانگێڕەكانیتر كە سیزەریان كووشت كێشەی ئازایەتی شەخسییان نەبوو، هەروەها مۆتیڤ و پاڵنەرەكانیان لەم كوششتنەدا لەوانەیە خانەدانانەنەبووبێت.  بەڵام بەتەواوی بێئومێدبوون. ئەو كۆمارەی ئەمان هەوڵی پارێزگاریكردن و بەرگریكردنیان دەدا ئێسك و پروسكێكی داڕزاوبوو. پاش ئەوەی برتس و ئەوانیتر شكستیانخوارد لەلایەن دەستەی دەوڵەتەوە ئیتر كۆمارەكە بە شێوەیەكی ڕەسمی ناسێنرا و ئەم مەیلە لەلایەن یەكەم ئیمپراتۆر ” ئۆگەستەس”ەوە پارێزرا. “ئیمپراتۆر”ە زۆر بچووكەكە لەقەبێكی سەربازی بوو كە بەمەبەستی خۆدوورگرتن لە ناونیشانی پاشا داهێنرا چونكە پیاوانی نێو كۆمارەكە بە نەشیاویان دەزانی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئەم لەقەبە كە بۆ دوورگرتن بوو لە ناوی پاشا بەڵام هیچی لە دەسەڵاتەكانی ئەو كەمنەكردەوەو هەموو دەسەڵاتێكی پاشای هەبوو.

هەرچەندە ماوەیەكی زۆر تێپەڕیبوو بەڵام هێشتان فۆرمەكانی كۆمارە كۆنەكە مابوونەوە. بەڵام ئەو فۆرمانە تەنها كەوڵی بۆشبوون و بێ‌ ناوەڕۆك بوون، هێندەی كاغەزێك توانای خۆڕاگرتنی بەر بایەكیان هەبوو. ئەنجوومەنی سیناتۆرانی كۆمارەكە خاڵی بوو لە دەسەڵات و هێز. جولیا سیزەر ڕای گشتیی تووشی شۆككرد كاتێك كەسێكی لە ناوچەی “گاوڵ”(ئێستای فەرەنسا و بەلجیكا) كرد بە ئەندامی ئەنجوومەنەكە و هیچ كەسێك ئەمەی بە هەڵە نەبینی، یان ئەگەر هەستیان بە هەڵەبوونی ئەمەش كردبێت ئەوا دەستیان بە كڵاوی خۆیانەوە گرتبوو.

ئیمپراتۆرەكان هەمیشە ڕاوێژیان بە ئەنجوومەنەكە دەكرد، هەروەها ئەم ڕاوێژكرنەیان بە ئەنجوومەنەكە جێگەی پێكەنینی خۆیان نەبوو. لەدوا ماوەی ئیمپراتۆریەتەكەدا، لە دەرئەنجامی دابەزینی بەرهەمهێنان و گەندەڵی و تاڵانكردندا، دارایی لە بارودۆخێكی زۆر خراپدابوو، ڕۆمانییە دەوڵەمەندەكان بەردەوام پلەیان بۆ سیناتۆر یان ئەندامی ئەنجوومەن بەرزدەكرایەوە بۆئەوەی باجی زیاتریان لێوەربگیرێت.  قسەخۆشێكی ڕۆمانی بە یاسادانەرێكی دژ دەڵێت “فڕیدرایە نێو ئەنجوومەنەكەوە”

زۆرجار لە مێژوودا ڕوودەدات كە دەزگاكان پاش ئەوەی ڕۆڵ و كاریگەری و كاتیان بەسەردەچێت كەچی هێشتان بەبێ‌ ئامادەبوونی مەبەستی درووست بوونیان هەر درێژە بەمانەوەیان دەدرێت. درێژە بە ژیانی سەرەمەرگی و گاڵتەجاڕانەیان دەدرێت وەك چۆن پیاوێكی كەنەفتەی پەككەوتە كە بۆ مانەوە لە ژیان چنگ بۆ پوشیش دەبات ، بەڵام ئەم بەردەوامییەتییە لەڕێگەی شۆڕشێكەوە دەوەستێنرێت و كۆتایی پێدەهێنرێت. لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بۆ چوار سەدە درێژبوویەوە. ئەمە پرۆسەیەكی نەپچڕاوبوو. هەم چركەساتی هەڵسانەوەو هەم ئومێدی گەورەشی لێدەبینرا، بەڵام هێڵە گشتییەكە سەرلەلێژیبوو.

لە سەردەمێكی لەم شێوەیەدا، هەستێكی نائاسوودە ئامادەیە. گوومان باڵ بەسەر هەموو شتێكدا دەكێشێت، نەبوونی متمانەو ڕەشبینی لە داهاتوودا زاڵدەبێت. هەموو نەریتە كۆنەكان، ئەو نەریتانەی كە كۆمەڵگا پێكەوە گرێدەدەن و دەبەستنەوە وەكو ئاین و ئەخلاقیات و ڕاستگۆیی توانایان لەدەستدەدەن. لەشوێنی ئاینە كۆنەكەدا خەڵكی بەدوای ئاین و خودای نوێدا دەگەڕێن. لە ماوەی لاوازبوونەكەدا، ڕۆم كەوتبووە بەر لافاوی تاعوون ئاسای مەزهەب و سێكتی ئاینی جۆراوجۆری ڕۆژهەڵاتەوە.  مەسیحییەت یەكێك بوو لەو شەپۆلانە و لەكۆتاییشدا سەركەوتووبوو، هەروەها بەربەرەكانێی لەگەڵ چەندین شەپۆلی دیكەدا كرد لەوانە گرووپی ئاینداری میترایی (كەڵتی میتراكان).

كاتێك مرۆڤەكان هەست بەوەدەكەن ئەو جیهانەی تێیدا دەژین نائارام و ناجێگیرە و هەموو كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر جیهاندا لەدەستداوە، هەروەها  لەلایەن هێزی نەبینراوەوە بڕیار لە ژیان و چارەنووسیان دەدرێت، پاشان مەیل و ئارەزووی ناعەقڵانی و عیرفانی باڵادەستدەبن.

خەڵكی پێیوایە كۆتایی دونیا شەوە. مەسیحییە سەرەتاییەكان تا دوا نەفەس بڕوایان بەمە هەبوو، بەڵام ئەوانیتر بەجۆرێك لە جۆرەكان گوومانیان دەكرد. بەڕاستی ئەوەی بەرەو كۆتایی دەڕۆشت  جیهان نەبوو بەڵكو فۆرمێكی تایبەتیی كۆمەڵایەتی بوو-  كۆمەڵگەی كۆیلایەتی. ڕیشەی سەركەوتنی مەسیحییەت پەیوەندی بەم ڕاستییەوە هەبوو. جیهان بە خراپ و شەڕەنگێز و گوناهبار دەبینرا. بۆیە پشتكردن لە دونیا وەك شتێكی ناچاری دەردەكەوت بۆ ئەوەی ڕوو لە ژیانێكیتر بكەن لە دوای مەرگ.

لە ڕاستیدا، ئەم بیرۆكانە بۆ ئارەزووی فەلسەفی ڕۆم بابەتی بیرلێكردنەوەو گەڕانەوەبوون. ئەو كاتەی مرۆڤەكان هیوایەكیان بەو ژیان و جیهانە نامێنێت كە تێیدا دەژین، ئەوا ڕووبەڕوی دوو هەڵبژاردن دەبنەوە: یان هەوڵدان بۆ گەشتن بە تێگەشتنێكی عەقڵیانە لەوەی كە ڕوودەدات بۆ ئەوەی شەڕی گۆڕینی كۆمەڵگا بكەن، یان بۆ بەتەواوی پشتكردن و دەستبەرداربوون لە كۆمەڵگا. لە ماوەی لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتەكەدا،سوبێكتیڤیزم[19]  و ستۆیسیزم[20] و گوومانگەرایی باڵی بەسەر فەلسەفەی ڕۆمدا كێشابوو. بە هەنگاو هەڵهێنان لە گۆشەیەكیترەوە، ئیپیكیرەس خەڵكی فێردەكرد كە چۆن بەدوای خۆشبەختیدا بگەڕێن و بەبێ‌ ترس فێری ژیانكردن ببن.

بەلەبەرچاو گرتنی بارودۆخەكە ئەمە دەبێتە فەلسەفەیەكی باڵا، بەڵام ئەم وانانە تەنها خەڵكە زیاتر تێگەشتووەكەی چینی خاوەن سەرمایەو مافی دەگرتەوە. لەكۆتاییدا، فەلسەفەی ئەفڵاتۆنی نوێی پلۆتینەس نزیكایەتییەكی زۆری لەگەڵ عیرفانیەت و خورافیاتدا هەیە، دەرئەنجامیش خستنەڕوو یان فەراهەنكردنی پاساوی فەلسەفی بۆ مەسیحییەت.

ئەو كاتەی بەربەریەكان داگیركارییان دەكرد، هەموو ستراكتۆرێكی ئابوووری و ئەخلاقی و ڕۆحییان تا ئاستی خاپووركردن وێراندەكرد. هەروەها هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە كە كۆیلەو چینی هەژار پێشوازی و بەخێرهاتنی بەربەریەكانیان دەكرد. ئەوان لەگەڵ هاتنیاندا كارێك تەواودەكەن كە پێشتر هەموو ئامادەییەكی بۆ سازكراوە. هێرشی بەربەریەكان ڕووداێكی مێژووییە كە خزمەتی بە دەربڕینی  زەروورەت یان پێویستییەكی مێژووییكرد.

بۆچی بەربەریەكان سەركەوتن و مانەوە؟

چۆن مومكین دەبوو كە كلتورێكی گەشەكردوو هێندە بەئاسانی لەلایەن كلتورێكی دواكەوتوو و سەرەتاییەوە داگیربكرێت؟ تۆوی داڕووخانی ڕۆم زۆر پێشتر لە داگیركاریی بەربەریەكان چێنرابوو. دژیەكیی بنەڕەتی ئابووری كۆیلە بریتییە لەوەی كە بە پێچەوانەوە بناغەگرتووە بە بەرهەمهێنانی كەمی كارەوە. كاری كۆیلە تەنها لەو كاتەدا لە خزمەتی بەرهەمهێناندایە كە ڕێژەكەی زۆرە.

مەرجی لەپێشتری ئەم بەرهەمهێنانە زۆرە بریتییە لە بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆری كۆیلە و پێدانی پارەیەكی كەم پێیان. لەبەرئەوەی ئەگەر كۆیەكان بخرێنە ژێر چاودێرییەوەو دەستبەسەر بكرێن  زۆر بە كەمی وەچە دەخەنەوە ، تەنها ڕێگای شیاو بۆ بەبەردەوامی دەستەبەركردنی كۆیلە یان گەرەنتیكردنی دەستخستنی كۆیلە بەردەوامیدانە بە جەنگ. جارێك لەژێر دەسەڵاتی “هادریان”دا ئیمپراتۆریەتەكە گەشتە دوا سنوورەكانی داگیركارییەكانی، بۆیە دابینكردنی كۆیلە ڕۆژ بە ڕۆژ دەبوو بە كارێكی قورستر.

لەم خاڵەدا، ناكۆكییەكانی نێو كۆیلایەتی دەستیان بە دەركەوتن كرد، ڕۆم پێی خستە نێو لاوازبوونەوە و ئەم لاوازبوونە زیاد لە 400 ساڵی خایاند، تا ئەو كاتەی كە بەربەریەكان دەستیانگرن بەسەریدا. لەبەر هۆكاری جیاواز جیاواز و دوای كەوتنی ئیمپراتۆریەتەكە، شەپۆلی كۆچكردن لەنێوان شوانكارە كۆچەرییەكان بوو بە دیاردەیەكی باو- بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان و گۆڕانی كەش و هەواوە  پەستان كەوتە سەر خاك و زەوییە كشتووكاڵییە بەپیتەكان.

لەم دۆخەدا،نیشتەجێبوانی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەناچاری لەلایەن هۆزێكی دواكەوتووی كۆچەری وەكو هانەكانەوە لە زەوییەكانی خۆیان هەڵكەنران. ئایا ئەم بەربەریانە خاوەنی كلتور بوون؟ بەڵێ‌، ئەوان كلتوریان هەبوو، هەروەكو چۆن هەر كۆمەڵە كەسێك لە دێر زەمانەوە خاوەنی كلتور بوون. هانەكان هۆشیاری كشتووكاڵییان نەبوو، بەڵام سووپاكەیان مەكینەیەكی جەنگیی نەبەزێنراوبوو. لەو سەردەمەی جیهاندا هێزی سەربازی ئەسپسواریان بێوێنەبوو، وەكو ئەوەی پێیاندەوترا كە وڵاتەكەیان لەسەر پشتی ئەسپە.

هەرچەندە، بەداخەوە بۆ ئەوروپا كە هانەكان لە سەدەی چواردا دژی كلتورێكی گەشەسەندوو وەستانەوە، كلتورێك كە بەناوبانگ بوون لە هونەری بنیاتنان، لە نێو شارو شارۆچكەكاندا دەژیان، هەروەها سووپایەكی ڕاهێنراویان هەبوو- صین. ئازایەتی و چاونەترسی جەنگاوەرە ترسناكەكان لە جەنگەكانی ناوچەی مەنگۆلەكان هاوتا نەبوو لەگەڵ شارستانیەتی صیندا كە شورای مەزنی صینیان بنیاتنابوو- كە بەربەرستێكی هەندەسی گەورەبوو لە وەدەرنانیاندا.

كاتێك هانەكان لەلایەن صینییەكانەوە تووشی شكست بوونەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بەڕێكەوتن، پاش ڕۆشتنیان، وێرانەو خاپوورییەكی زەبەلاحیان جێهێشت. بەنێو ڕووسیای ئەمڕۆدا گوزەریانكرد و لە ساڵی 355ی زایندا لەگەڵ گۆسەكانی ڕۆمانیای ئەمڕۆدا دەستەویەخەبوونەوە. هەرچەندە هۆزە گۆسەكان لە ئاستێكی بەرزتری گەشەدابوون بە بەراوورد بە هانەكان بەڵام پارچەپارچەبوون و ناچاربوون بەرەو ڕۆژهەڵات هەڵبێن. ڕزگاربووان كە نزیكەی هەشتا هەزار ژن و پیاو و منداڵی نائومێدبوون بە ئەسپوعەرەبانەوە، لەو ساتەی كە كۆمەڵگای كۆیلایەتی گەشتبووە ئاستێكی لێژی كە تەنانەت توانای بەرگریكردنی لە خۆی نەبوو بەهۆی لاوازبوونیەوە، بەرەنگاری هێڵی پێشەوەی سوپای ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بوونەوە.

گۆسەكانی ڕۆژئاوا، ئەوانەی كە بەبەراورد بە ڕۆمەكان دواكەوتووبوون، توانییان بەسەر ڕۆمەكاندا سەركەون. مێژوونوسی ڕۆم “ئەمینۆس مارسیلینۆس” پێناسەی ئەم بەیەكدادانەی نێوان دوو جیهانی نامۆ و غریب بەیەكتر بە “كارەساتبارترین بەزین لە دوای بەزینی ڕۆم لە جەنگی كانای”دا وەسفدەكان.

شارۆچكەكان بەخێراییەكی ئێجگار زۆر خاپووركران و چۆڵكران. ئەوەش ڕاستە كە ئەم پرۆسە لەگەڵ بەربەریەكاندا دەستی پێنەكرد. خراپبوونی ئابووری كۆیلە، سرووشتی چەوسێنەرەوانە و دڕندەئاسای ئیمپراتۆریەتەكە بە هەڵاوسان و گەورەبوونی بیرۆكراسیەت و باجی قۆرخكارانەی سەر جوتیار كۆتاییهات، سەرجەم ئەمانە سیستمەكەیان تووشی شكست و سەرەولێژی زیاتر دەكردەوە. گەڕانەوە بۆ گوند و دوورەشارەكان دیاردەیەكی بەرچاوبوو كە تێیدا ڕێگە بۆ جۆرێكی بەرهەمهێنان “دەرەبەگایەتی” خۆشكرابوو.

ئیمپراتۆریەتی ڕۆم خۆی بەهۆی كێشەی ناوەكییەوە لەسەرەمەرگدابوو، لەم كاتەدا بەربەریەكان هاتنە سەری و وەكو نەخۆشێك پێش ئەوەی بە ئازاری زیاترەوە بمرێت ئەمان كۆتاییان پێهێنا. كۆی بنەڕەت و جەستەی ڕۆم وەكو كەلاكی ئاژەڵێكی چەند ساڵەی فڕێدراوی لێهاتبوو، تەنها بە دەستلێدانێك ووردوخاش بوو.

ئەو هێڵەی ڕۆمانیەكان كە نەدەشكێنرا و دزەی تێنەدەكرا بەدرێژایی “دانوب و ڕاین” لەكۆتاییدا تێكشكاو و داڕووخا. لە قۆناغێكی دیاریكراودا هۆزی جیاواجیاوازی بەربەریەكان  بە هانەكانیشەوە بۆ بەگژداچوونەوە و هێرشكردنەسەر ڕۆم یەكیانگرتەوە. سەرۆكی گۆسیكەكان (كە مەسیحییەكی ئاری و بەكرێگیراوی پێشتری ڕۆم بوو) فەرمانڕەوایی 40 هەزار گۆس و هانیكرد و هەروەها كۆیلەكانی لە ئەڵپی جولیان ڕزگاركرد  و پاش 10 ساڵیش ڕۆمی تاڵانكرد.

هەرچەندە وادەردەكەوت سەرۆكی گۆسەكان (هۆزێكی ئەڵمانییە) كەسێكی ڕۆشنفكر بێت، هەوڵیدا كە هاوڵاتیانی ڕۆم بووەستێنێت بەڵام نەیتوانی و هانەكان لە ڕزگاركردنی كۆیلەكاندا سەركەوتووبوون سەرەڕای خۆبەدەستەوەدانی بۆ كوشتن و تاڵانكردن و دەستدرێژیكردنەسەری. پەیكەر و كارە هونەرییەكانیان تێكشكاند و بۆ كانزایتریان تواندەوە.

هێشتان ئەمە سەرەتایە. لە سەدەكانی دواتردا كۆمەڵێك شەپۆلیتری بەربەریەت بە ڕۆژهەڵاتدا بڵاوبونەوە لەوانە هۆزە ئەڵمانییەكان، ئالانس (ئێرانییەكان)، لۆمباردییەكان (ئەوانەی كە لە سەدەی شەشدا ئیتالیایان داگیركرد)، سوێڤی (هۆزی ئەڵمانی)، ئەڵێمانی، بورگەندییەكان، فرانكس، تۆرینگیانس، فریشیانز، هێرولی، ئەنگلس، ساكسۆنس، گوتس، گێپیدای، هانس، ماگیارس،هەروەها ڕیگایان بەرەو ئەوروپا كرایەوە. ئەو ئیمپراتۆریەتە زەبەلاحە بووبە خۆڵ.

ئایا شارستانیەت گەڕێندرایەوە بۆ دواوە؟

ئایا ڕاستە گەر بڵێین ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لەلایەن بەربەریەكانەوە شارستانیەتی مرۆیی گەڕاندە دواوە؟ سەرەڕای ئەو هەڵمەتی ژاوەژاوەی كە لەلایەن “هاوڕێكانی كۆمەڵگەی بەربەریزم”ەوە سەریهەڵدا، هیچ گومانێك لەمەدا نییەو تەنانەت فاكت و فیگۆری باشمان لەبەردەستدایە بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەمە. كاریگەری ڕاستەوخۆی هێرشە دەستەجەمعییەكەی بەربەریەكان بۆسەر ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بۆ سڕینەوەی شارستانیەت و گەڕاندنەوەی كۆمەڵگەی مرۆیی بوو بۆ هەزار ساڵ پێشتر.

هێزەكانی بەرهەمهێنان تووشی دابڕانێكی تووند و پڕوكێنەر بوونەوە. شارەكان وێرانكران و دانیشتوانیش ئەو ناوچانەیان چۆڵكرد لەپێناو گەشتن بەو ناوچانەی كە دەتوانن خۆراكی لێوەدەستبخەن. تەنانەت هاوڕێ‌ كۆنەكەمان “ڕەگلی” دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت “تەنها پاشماوەیەكی بیناسازی لە پاش هانەكان بەجێمابێت وێرانەی ئەو شارانەبوون كە ئاگریان تێبەردان”. ئەمەش بە تەنها كاری هانەكان نەبوو. یەكەم كاری گۆسەكان سووتاندنی شاری “ماینز”بوو تاكو تەختی زەوی. بۆ ئەم كارەیان ئەنجامدا؟ ئەی بۆ لەجیاتی سووتاندن داگیریاننەكرد؟ ئەم سوتاندنە پەیوەستبوو بە دواكەوتویی گەشەی ئابوری داگیركەرانەوە. ئەمان مرۆڤی كشتوكاڵی بوون و هیچیان دەربارەی شارو شارۆچكە نەدەزانی. بەربەریەكان دوژمنی شاربوون (ئەمە سایكۆلۆژیایەكی باوی كشتوكاڵكەران بووە لە هەموو سەردەمەكاندا).

  قەشە “جیرۆم” (یەكێكە لە باوكە سەرەتاییەكانی كەنیسەی مەسیحییەتی ڕۆمانی كە دەكارە گرنگەمانی وەرگێری دەستنووسەكان بوو لە زمانی هێبرۆ و یۆنانییەوە بۆسەر زمانی لاتینی) لە نووسنەكانیدا ئەم خاپوركردنە بەم شێوە وەسفدەكات : “شتێك كە لەو وڵاتە بیابانیانەدا مابوونەوە تەنها ئەرزو ئاسمان بوون”، پاش وێرانكردنی شارەكان و قەڵاچۆكردنی رەگەزی مرۆیی لەو ناوچانە دووبارە زەوییەكان گیرسانەوەو دارستانی چڕ و گژوگیای بەیەكداچوو گەشەیكرد. هەروەها ئەو بێ‌ بەری و بێ‌ پیتییە گشتییەی كە لەلایەن “زێفنایە”وە ڕاگەیەندرا بەهۆی قات و قڕی بڕبڕدارەكان و باڵندەكان و ماسییەوەبوو.

ئەو ڕستانە بیست ساڵ پاش مەرگی ئیمپراتۆر “ڤالێن” نووسراون، ئەو كاتەی كە داگیركاری بەربەریەكان دەستیپێكرد. بارودۆخی خاكی ڕەسەنی ژێر دەسەڵاتی قەشە جیرۆم “پانۆنیا” كە دەكاتە خاكی ئێستای هەنگاریا بەهۆی ئەو هەموو كوشتارو وێرانكارییەوە كە بەهۆی شەپۆلی داگیركاریەكانەوە ڕووبەڕوی دەبوویەوە نائارام بوو. لەكۆتاییدا،دانیشتوانی پانۆنیا بەتەوای لابران و دواتریش لەلایەن هانەكانەوە داگیركرا.

ئەم پرۆسەی كاولكردن و دەستدرێژی و تاڵانكردنە بۆ چەند سەدەیەك بەردەوامی هەبوو، بەدواشیدا، كەلەپورێكی تاڵی دواكەوتوویی بەربەریەتی لێكەوتەوە- لەڕاستیدا ئەو ماوەیەی بە سەدە تاریكەكان ناوی دەبەین ئەو سەدەیانەیە كە ئەم ڕووداوانەیان تێدا ڕوویدا . با ئەم گووتەزایە بخەینەڕوو: “سەدە تاریكەكان لە هەموو ڕوویەكەوە توند و بێ‌ ڕەحم بوون. قات و قڕی و برسێتی و تاعون و درمی یەك لە دوای یەك  گەشتبوونە لوتكە و زیاتر و زیاتر دانیشتوانیان لەناودەبرد.

ئێسكە نەرمە و كەمی ڤیتامین دی كاریگەری خراپی لەسەر ئەو كەسانە هەبوو كە لە نەهامەتییەكانی پێشوتر ڕزگاریاندەبوو. گۆڕانی زۆر و نائاسایی لە كەش و هەوادا بووبەهۆی هەڵكردن و هێنانی گەردەلول و لافاو كە كارەساتی گەورەتریان لێكەوتەوە لەبەرئەوەی سیستمی ئاوەڕۆ وەكو زۆربەی ژێرخانی ئیمپراتۆریەكە كاری نەدەكرد. ئەمە زۆر شتمان دەربارەی سەدەكانی ناوەڕاست بۆ ڕووندەكاتەوە كە ساڵی 1500 پاش هەزار ساڵ لە پشتگوێخستن بەڵام هێشتان ئەو شەقامانەی كە ڕۆمەكان دروستیانكردبوو باشترین ڕێگاكانی كیشوەر بوون. ئەوانیتریش لە ئاستێكی وێرانكردندابوون بۆیە كەڵكی پێوە نەمابوو. هەروها لەنگەرە ئەوروپاییەكانیش بێكەڵك كرابوون تا ئەو كاتەی كە بازرگانی جارێكیتر لە سەدەی هەژدەدا  بەگەڕكەوتەوە. لەنێوان هونەرە لەدەستچووەكاندا خشت دانان هەبوو، لەسەرانسەری ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و هۆڵەندا و سكاندینافیادا هیچ بینایەكی بەردین نەبوو جگە لەو قەڵانەی كە دەیان سەدە پێش ئەمە دروستكرابوون. ئامێرە بنەڕەتیەكانی كشتوكاڵكاران بریتیبوو لە پاچ و بێڵ و داس و گژو گیابڕ. بەڵام بەهۆی كەمی ئاسنەوە دەستیان بە گاوەسنەو عەرەبانە نەگەشتبوو.

نەبوونی گاوەسنە لە باشوردا كێشەیەك نەبوو چونكە جوتیاران بەئاسانی دەیانتوانی خاكی نەرم و سوكی میدیتەریان (ناوچەی دەریای سوور) شیبكەنەوە، لەكاتێكدا خاكی باكوری ئەوروپا ڕەق بوو بۆیە پێویستی بە شەقكردن و جووڵان هەبوو لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو بە دەست بكەندرایەت و شیبكرایەتەوە. هەرچەندە “ئەسپ و گا”یان هەبوو بەڵام بە ڕێژەیەكی كەم بەكاردەهاتن. تەنانەت تاكو ساڵی 900ی زانیش هۆڕزەنگ[21]  و لەغاو نەبوون. ئەمەش هۆكاری مەحاڵی ئەسپ و عەرەبانە بوو لەو كاتەدا. ئاژەڵداران قورستر كاریاندەكرد، عارەقی زیاتریان دەڕشت، زیاتر لە ئاژەڵەكانیان شەكەت دەبوون و زووتر لە ئەوانیش دەكەوتن. (ولیام مانچستە، جیهانێك كە تەنها بە ئاگر داگیرساوە.)

سەرهەڵدانی سیستەمی فیوداڵ (دەرەبەگایەتی) پاش ڕووخانی ڕۆم یەكسانبوو بە زەمەنێكی درێژ لە چەقبەستن و مەنگی كلتوری لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژئاوای پایرینیس ( ئەو زنجیرە چیایەی كە ئیسپانیا و فەرەنسا لەیەكتر جیادەكاتەوە). بەدەر لە دوو داهێنان كە بریتیبوون لە ئاشی ئاو و ئاشی با، بۆ نزیكەی زیاد لە هەزار ساڵ هیچ جۆرە داهێنانێكی حەقیقی پێشكەشنەكرا. بەدەربڕینێكیتر، جۆرێك لە چەقبەستوویی كلتوری ئامادەبوو. ئەمە دەرئەنجامی داڕوخانی هێزەكانی بەرهەمهێنان بوو، ئەو هێزانەی كە كلتور پشتیان پێدەبەستێت. شكستخواردن لە تێگەشتنی ئەم هێزانەی بەرهەمهێنان و كاریگەرییان لەسەر كلتور تێگەشتنی زانسیتیانە لە مێژوو بەتەواوی مەحاڵ دەكات.

فكری مرۆیی، هونەر، زانست و كلتور  دابەزێنران بۆ نزمترین ئاستی سەرەتایی، باشتربونێكی ڕێژەیی ڕوویدا كاتێك عەرەبەكان بیرۆكەكانی ڕۆم و یۆنانیان بۆ سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا ئیزافەكرد. ڕاستیشە كە دەڵێین گرێی مێژوو بەهۆی ڕێنیسانسەوە دووبارە توند كرایەوە. بەهێواشی چاكتربوونەوەی دۆخی بازرگانی هۆكاری گەشەی بۆرژواو لەدایكبونەوەی شارۆچكەكان بوو، بەتایبەت فلاندەرس و هۆڵەندا و ئیتالیای باكور. بەڵام ئەوەش ڕاستی بوو كە مێژوو بۆ هەزار ساڵ گەڕایەوە دوایەوە. ئەمە ئەوەیە كە بە لێژبوونەوەی هێڵی مێژوو ناویدەبەین. هەروەها نابێت ڕێگە بە هیچ كەسێك بدەین كە پێیوابێت گەڕانەوە یان لێژبوونەوەی پەتی مێژوو مەحاڵە یان ڕوونادات.

سۆسیالیزم یان بەربەریەت؟

كۆی مێژووی مرۆڤایەتی بەوردی بریتییە لە ململانێی مرۆڤ بۆ خۆ دوورخستنەوە لە ژیانی ئاژەڵی یان بۆ دەرچوون لە ئاستە ئاژەڵییەكە. ئەم ململانێ‌ دورودرێژە بۆ حەوت ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی كە باوباپیرانمان بۆ یەكەمجار هەستانەوەو لەسەر قاچەكانیان خۆیانگرت و پاشان توانییان دەستەكانیان بۆ كاری دەست ئازاد بكەن. بەرهەمهێنانی خاكەنازی بەردی و تەور سەرەتای پرۆسەیەك بوو كە ژن و پیاو لە ڕێگەی كارەوە خۆیان دروستكردەوە. هەر لەو ساتانەوە، ئیتر بۆ ئەوەی قۆناغی باشتر و پێشكەوتوتر لە گەشەی كۆمەڵایەتی مەیسەر ببێت پێویستبوو گۆڕان لە هێزەكانی بەرهەمهێنانی كاردا ڕوویانبدایەت، بەمانایەكیتر، هیچ گۆڕان و بەرەوپێشچوونێكی كۆمەڵایەتی نایەتە بوون تا ئەو كاتەی گۆڕان و گەشە لە هێزەكانی بەرهەمهێنانی كاردا دێتەدی- ئەمەش بریتییە لە هێزی ئێمە بەسەر سرووشتدا.

ئەم پرۆسەی گەشەسەندنە لە زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتیدا خاوییەكی تاڵی هەبووە بۆ مرۆڤ، هەروەكو ئابوریناسێك لە بەرەبەیانی هەزارەی نوێدا دەڵێت: “بۆ نزیكەی زۆربەی مێژوومان، بەرەوپێشچوونی ئابوری هێندە خاو بووە وەكو ئەوەی كە هیچ یەكێك لە ئێمە لە ژیانی تایبەتیماندا نەمانتوانیبێت گۆڕانێكی ئابوری بەرقەرار بكەین. سەدە لە دوای سەدە، ڕێژەی ساڵانەی گەشەی ئابوری لە یەكێك لە ژمارەكانی خانەی دەیاندا بوو، سفر بە نموونە. ئەو گەشەیەی كە ڕوودەدات هێندە خاوە بۆ هاوچەرخییەكان نادیار دەبێت-  تەنانەت بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، وادەرناكەوێت كە كاریكردبێتە سەر ستانداردەكانی ژیان یان هەلومەرجەكانی ژیانكردن (كە لەمڕۆدا گەشە بریتییە لەم ستانداردی ژیانكردنە)، تەنها وەك بەرزبوونەوەیەكی لەسەرخۆی دانیشتوان.

لە خوار ئەم هەزارەیەوە، گەشەی هەمووان بۆ دەستە و تاقمێك بریتیبوو لە: بەرەبەرە مومكین دەبێت كە مرۆڤی زیاتر بژی، كە ئەمە پڕ بە ووشەی ئاستی بوون و ژیانكردن دێت.”

پەیوەندی نێوان كلتوری مرۆیی و هێزەكانی بەرهەمهێنان بۆ عەقڵیەتی كۆن ڕوونبوو، ئەرستۆ، لە كتێیی میتافیزیكەكەیدا ڕوونیدەكاتەوە كە: “مرۆڤ ئەو كاتە دەست بە بیركردنەوەی فەلسەفی دەكات كە ئامرازەكانی ژیانی لەبەردەمدا ئامادەیە،” هەروەها دەڵێت هۆكاری دۆزینەوەو كەشفكردنی ئەستێرەناسی و بیركاری لە میسردا پەیوەستبوو بەوەی كە پریست (قەشە) كە هەموو شتێكی بۆ مابووەوە كاری نەدەكرد. ئەمە خوێندنەوەو تێگەشتنێكی تەواو ماتریاڵیستیانەیە بۆ مێژوو. ئەمە وەڵامی تەواوی هەموو ئەو بێمانای و گەمژەییەیە كە یۆتۆپییەو پێیوایە بە گەڕانەوە بۆ سرووشت بە ژیانێكی دەوڵەمەند و گەشەكردو و بێ‌ كێشە شاد بین- ئەمە جگە لە گەڕانەوە بۆ ژیانێك لە ئاستی ژیانی ئاژەڵیدا هیچیتر نییە.

شیمانەی دەركەوتنی سۆشیالیزمێكی حەقیقی و تەواو پشت بە پەرەسەندنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنان دەبەستێت، تا ئاستێك كە تەنانەت هیچ كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندووی نێو سەرمایەداری وەكو ئەڵمانیا و ئەمریكا یابان پێینەگەشتوون. پێش ئەوەی ماركس تەنانەت مانیفێستی كۆمیونیزمەكەی بنووسێت ئەمەی ڕوونكردووەتەوە. لە ئایدۆلۆژیای ئەڵمانیدا دەڵێت: “لەكوێ‌ خواست دەگشتێنرێت ئیتر چەوساندنەوەش زیندوو دەبێتەوە.” (مەبەست لە چەوساندنەوە لێرەدا بریتییە لە چەوساندنەوەی چینایەتی و نایەكسانی و استغلال). هۆكاری بەلاڕیدابردنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر بۆ ستالینیزم پەیوەندی بەوەوەهەبوو كە بە گۆشەگیری و دابڕاوی لە وڵاتێكی دواكەوتوودا چەقی گرتبوو كە تێیدا مەرج و بارودۆخە ماتریاڵییەكان بۆ بنیاتنانی سۆشیالیزم غایب بوون.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە تا ئێستا سەرمایەداری چەوسێنەرترین و قۆرخكارترین سیستمە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی، لە زاری ماركسدا، “كاتێك سەرمایە هاتە سەر سەحنی مێژوو خوێن لە هەموو كونێكەوە دەچۆڕا،” ئەم قۆناغە نواندنەوەی هەنگاوێكی گەورەبوو لە گەشەی هێزەكانی كاردا-هەروەها هێزمان بەسەر سرووشتدا. گەشەی پیشەسازیی و كشتوكاڵ و زانست و تەكنەلۆژیا جیهانمانی گۆڕی و بناغەی تەواوی بۆ شۆڕشێك دامەزراند كە بۆ یەكەمجار مرۆڤ دەكات بە بوونەوەری ئازاد.

ئێمە لە دڕندەیی و بەربەریەت و كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتییەوە هاتوینەتەدەر و سەرمان دەرهێناوە، وە هەریەكێك لەم قۆناغانە هێمای گەشەیە بۆ هێزی بەرهەمهێنان و كلتوریی تایبەت لە قۆناغە دیاریكراوەكەدا. بەدەربڕینێكیتر، هەر قۆناغەو خاوەنی هێزی بەرهەمهێنان و كلتوری تایبەتی خۆی بووە. كاتێك گووڵەكە دەردەكەوێت ئیتر خونچەكە ووندەبێت و ئەمە نەفیكردنەوەی ئەویترە، شتێك ناكۆك دەبێت لەگەڵ ئەویتردا. بەڵام ئەم قۆناغانە پێویستین و دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێن بۆ یەكێتی. بێ‌ مانایە ئەگەر بمانەوێت بەربەریەت لە مێژوو بكەینە دەرەوە یان نكۆڵی لێبكەین، ئەمە ڕاستە بۆ قۆناغەكانی دیكەش. بەڵام مێژوو هەرگیز لە جووڵە و ڕۆشتن ناكەوێت.

هەر قۆناغێكی گەشەی مرۆیی ڕەگوڕیشەكانی لە دڵی گەشەی پێشتردایە. ئەمە دروستە بۆ هەردوو پەرەسەندنی مرۆڤ و گەشەی كۆمەڵایەتیش. ئێمە لە بوونەوەری نزمترەوە پەرەمانسەدووەو بایۆلۆجییەن پەیوەستین بە سەرەتایترین فۆرمەكانی ژیانەوە، وەك ئەوەی جینۆم[22]  لە ڕێگەی زانیاری بۆماوەییەوە ئەمەمان بۆ پشتڕاستدەكەنەوە. ئەو جیاوازییە جیناتییەی كە خاڵی جیاكەرەوەی نێوان مرۆڤ و مەیمونی چیمپانزییە وەكو نزیكنرین ئاژەڵ لە ئێمەوە كەمترە لە دوو لە سەد . بەڵام ئەم جیاوازییە بچووكە ئاماژەیە بۆ گۆڕان و بازدانێكی گەورەی جۆری یان چۆنایەتی لە گەشەی چیمپانزییەوە بۆ مرۆڤ.

بەهەمان شێوە، گەشەی سەرمایەداری بناغەی بۆ گەشەیەكی چۆنایەتی بەرزتری مرۆیی دامەزراند، كە ئێمە پێیدەڵێین سۆسیالیزم. ئەو قەیرانەی ئێستا لە ئاستێكی جیهانیدا هیچ نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەی كە گەشەی هێزەكانی بەرهەمهێنان كە بەزوویی دەكەوێتە ناكۆكییەوە لەگەڵ خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت نەتەوەدا. سەرمایەداری ماوەیەكە لە ڕۆڵی گەشەئاسای خۆی كەوتووە، هەروەها بووە بە تەگەرەیەكی زەبەلاحی دڕندە لەبەردەم هەر گەشەیەك لە داهاتوودا. ئەگەر بڕیاروایە مێژووی مرۆڤ نەوەستێت ئەوا پێویستە ئەم كۆسپە تێكبشكێنرێت. وە ئەگەریش لەكاتی خۆیدا تێكنەشكێنرێت ئەوا مەترسییەكی گەورە بەسەر سەری ڕەگەزی مرۆییەوە خۆی مەڵاس داوە.

كۆرپەلەی كۆمەڵگەیەكی نوێ‌ لە منداڵدانی ڕابردوو و ئێستادا لە پێگەشتندایە. توخمەكانی دیموكراسیەتی كرێكار لە فۆرمی ڕێكخراوی كرێكاریدا ئامادەیە، یەكێتییەكانی بازرگانی، دەستەی هاریكارییەكان. لەو ماوەیەی كە دەكرێتەوە، ململانێی نێوان ژیان و مەرگ دەبێت- ململانێی توخمەكانی كۆمەڵگە نوێكە لەدایك دەبێت، هەروەها بەرگرییەكی بەهێز لەلایەن نەزمی كۆنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنە كایەی كۆمەڵگە و نەزمێكی نوێ‌.

لە قۆناغێكی تایبەتی ئەم بەریەككەوتنەدا- كە پێشتر بەشێوەیەكی گشتی لە ئەوروپادا بینرا، بزووتنەوە شۆڕشگێریەكانی ئەرجەنتین و وڵاتانی ئەمریكای لاتین، هەروەها هەڵسانەوە گەنجانەییەكان لە هەموو شوێنێك- كۆی ئەمانە ڕۆژێك دەگەن بە خاڵێكی گرنگ. هیچ چینێكی دەسەڵاتدار و حاكم بەبێ‌ كەوتنە ململانێیەكی تووندەوە دەستبەرداری دەسەڵات و ئیمتیازاتەكانی نابێت. قەیرانی سەرمایەداری تەنها قەیرانی ئابوری پیشان نادات كە هەلی كار و ژیانی ملیۆنان كەس دەخاتە مەترسییەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

بەڵكو مەترسیشە بۆ بناغەی ژیانێكی مەدەنی و شارستانی- چونكە مەترسیە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤایەتی بۆ بەرەكانی جەنگ و بەیەكدادانی چینەكان. ئەگەر پرۆلیتاریا- كە چینی سەرەكی و هەمیشەیی شۆڕشگێڕییە- سەرنەكەوێت لە زاڵبوون و تێكشاكاندنی حوكمی بانكەكان و مۆنۆپۆڵیدا ئەوا سەردەمەكە لەبەردەم وێرانبوونی كلتورو گەڕانەوەی بەربەریەتدا دەبێت.

لەڕاستیدا، بۆ زۆربەی مرۆڤی ڕۆژئاوایی (نەك تەنها ڕۆژئاواییش) ڕوونترین و تاڵترین مانیفێستەكانی قەیرانی سەرمایەداری ئابووری نییە، بەڵكو ئەو دیاردانەیە كە بەشێوەیەكی زۆر هەستیار و سۆزداریانە كاریگەری دەكەنە سەر ژیانی تایبەتی تاكەكان: تێكچون و شكستی خێزان، درمی تاوان و توندوتیژی، داڕوخانی بەهاو ئەهلاقیاتی كۆن بەبێ‌ هیچ بەدیل و جێگرەوەیەك لە جێگەكامیاندا، بەبەردەوامی هەڵگیرسانی جەنگ- هەموو ئەمانە هەستی بشێوی و ناسەقامگیری دەتەقێننەوە، نەبوونی عقیدەو بڕوا بە ئێستا و داهاتوو. نیشانەكانی نەبوونی ڕزگاری لە سەرمایەداری دەرئەنجامی هەڵسانەوەی هێزەكانی بەرهەمهێنانە دژ بە خاوەندارێتی تایبەتی سنوردار و دەوڵەت نەتەوە.

ئەوە ماركس بوو كە گریمانەی دوو ڕێگای كرد لەبەردەم ڕەگەزی مرۆییدا: سۆشیالیزم یان بەربەریەت. دیموكراسی فۆرماڵ كە كریكارانی ئەوروپا و ئەمریكای باكور بەشتێكی ئاسایی دادەنێن بناغەیەكی زۆر ناسكی هەیە كە توانای مانەوە و ڕزگاربوونی لە ململانێی چینەكان ناگرێت. بەمانایەكیتر، بۆ شەڕی سەرمایەداری و دەسەڵات، كرێكاران نابێت تەنها پشت بە دیموكراسی فۆرماڵی ئەوروپا و ئەمریكای باكور ببەستن چونكە ئەم دیموكراسییە بناغەیەكی ناسكە و كرێكاران تووشی شكست دەكاتەوە بەرامبەر بە سەرمایەداری. بۆرژوای بە كلتور لە داهاتوودا سڵ و دوودڵی لە گۆڕینی ئاراستەی خۆی لە دیموكراسییەوە بەرەو دیكتاتۆری ناكاتەوە. هەروەها هێزی بەربەری لە خراپترین شێوەكانیدا لەژێر ئەم پەردە تەنكەی كلتورو شارستانیەتی مۆدێرندا خۆی حەشارداوە. ڕووداوەكانی ئەم دوایەی بەڵكان نموونەی درەوشاوەی ئەم ڕاستییەن.  نۆرمە شارستانیەكان بە ئاسانی تێكدەشكێن و دەبنەوە بە شەیتانە لەبیركراوە كۆنەكان و پاشان بەسەر شارستانیترین نەتەوەدا زاڵدەبن. بەڵێ‌، بەدڵنیاییەوە، مێژوو وەك چۆن ئاگای لە هێڵی بەرەپێشچوونە بەڵام هێڵی گەڕانەوەشی بیرنەچووەتەوە!

بەهۆی ئەمەوە پرسیارەكە بە تووندی و ڕوونی دادەڕێژینەوە: لە ماوەی داهاتوودا، یان چینی كرێكار حوكمی كۆمەڵگا دەگرێتە دەست و سیستمی بەسەرچووی سەرمایەداری بە نەزمێكی تری كۆمەڵایەتی بناغەبەستوو بە عەقڵ و هێزەكانی كارو ئاگایی ژن و پیاو و كۆنتڕۆڵیان بەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیاندا جێگەیدەگریرێتەوە، یان ڕووبەڕووی وێرانبوون و داڕووخانێكی مەترسیداری كۆمەڵایەتی و ئابوری و كلتوری دەبینەوە.

بۆ چەند هەزار ساڵێك كلتور مۆنۆپۆڵی كەمینەیەكی ئیمتیازداربووە، لەكاتێكدا زۆرینەی مرۆڤایەتی لە مەعریفە و زانست و هونەر و حكومەت وەدەرنراوە یان بێیەشكراوە. هەمان شت لە ئێستاشماندا ئامادەیە. سەرەڕای هەموو نمایشەكانمان بەڵام بەڕاستی ئێمە شارستانی نین. جیهانەكەمان شایستەی ئەم ناوە نییە. جیهانێكی بەربەرییە، مرۆڤی ئێستا ئەو بوونەوەرەیە كە دەبێت بەسەر ڕابردوویەكی بەربەریدا زاڵبێت. مانەوە لە ژیان بۆ زۆرینەی مرۆڤی سەر هەسارەكەمان ململانێیەكی ڕەق و توندە، نەك تەنها لە وڵاتە ناگەشەسەندووەكان بەڵكو لە لە وڵاتە پێشكەوتووە سەرمایەدارییەكاندا.

هەرچەندە، ماتریالیزمی مێژوویی بۆ دەرئەنجانی ڕەشبینانە بانگهێشتمان ناكات، بەڵكو بەپێچەوانەوە گەشبینمان دەكات بەرامبەر بە داهاتوو. ئاراستەی گشتی مێژوومان هەمیشە بەرەو ئاراستەی پێشكەوتنی زیاتر و دەركەوتنی ووزەو پوتێنشیاڵی بەرهەمهێنان و كلتوری بووە. دەسكەوتە گەورەكانی سەد ساڵی ڕابردووی مرۆڤایەتی بۆ یەكەمجارە دۆخێكی هێناوەتە گۆڕێ‌ كە چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی ڕوبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە بە ئاسانی چارەسەردەكەن. لە ئاستێكی جیهانیدا پوتێنشیاڵی كۆمەڵگەی بێ‌ چین ئامادەیە. ئەوەی پێویستە بكرێت هێنانەكایەی پلانێكی عەقڵیانەو هارمۆنی هێزەكانی بەرهەمهێنانە بۆ ناسینەوەو دانپێدانان بەو پوتێنشیاڵە گەورەدا.

لەسەر بناغەی شۆڕشێكی واقیعی لە بەرهەمهێناندا، مومكینە بگەین بە ئاستی پڕی و كیفایەت لە بەرهەمهێناندا بۆ ژن و پیاو تا ئەو ڕادەیەی چیتر خەمی پێداویستییە ڕۆژانەییەكانمان نەبێت. ئەو خەم و دوودڵییە ترسناكەی كە هەموو كاتژمێرێك سەری مرۆڤی بیركەرەوەی خواردووە كۆتایی پێدێت. بۆ یەكەمجار، مرۆڤی ئازاد دەبێتە ئاغای چارەنووس و داهاتووی خۆی. ئیتر لەو ساتەوە مێژووی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی دەستپێدەكات.



[1] ئیكویلیبریا یان پەنكچووەیتد ئیكویلیبریا  تیۆریی بایۆلۆژیی پەرەسەندنی “ستیڤن جەی گوڵد”ە، كە پێیوایە پەرەسەندن بریتییە لە قۆناغی درێژ خایەنی سەقامگیر، واتە گۆڕان لەناو پەرەسەندندا هەندێك چركەساتە لە كۆی مەودا درێژە سەقامگیر و نەگۆڕاوەكاندا، بەدەربڕینێكیتر، گۆڕان بریتییە نییە لە جوڵەی بەردەوامی نێو ئەم پرۆسەیە بەڵكو سەقامگیریی(وەرگێڕ).

[2] هۆمۆساپییەن بریتییە لە جۆری مرۆڤی مۆدێرن، نەك وەك جۆری مرۆڤە سەرەتاییەكان بەڵكو مۆدێرن(وەرگێڕ) .

[3] فۆرمی باڵای تیۆلۆژیا و فەلسەفەی سەدەكانی ناوەڕاستی مەسیحییەتی ڕۆژئاوا بوو لە ژێر كاریگەری فەلسەفەكەی ئەرستۆدا(وەرگێڕ).

[4] هۆزێكی ئەڵمانی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا بوو.

[5] ئەو كەسانەن كە لە سەردەمی مەلیكە ڤیكتۆریا “سەدەی نۆزدە”ی ئینگلانددا دەژیان(وەرگێڕ).

[6] لە ئاینی مەسیحیەتدا ئەم وشەیە (ئەپۆكلپس) ناوەڕۆكی كتێبی ڕێڤیلەیشنە كە پێشبینی و دیدگا ڕەمزییەكانی دەربارەی كۆتایی دونیا لەخۆدەگرتووە(وەرگێڕ).

[7] ئەو خەڵكانە بوون كە لە چاخی برۆنز تاكو ناوەڕاستی سەدەی یەكەمی پێش زاین دەسەڵاتیان بەسەر ڕۆژئاواو ئەوروپای ناوەنددا هەبوو(وەرگێڕ).

[8] ئەو هۆزانە بوون كە لە باكوری ئەوروپاوە لە سەدەی پێنجەوە بۆ ئینگلاند كۆچیانكرد و دەسەڵاتی پاشایەتییان پێكەوە لەگەڵ گووتەكان دامەزراند(وەرگێڕ).

[9] زمانێكە كە لە نێوان قسەكەرانی دوو زمانی جیاوازدا دەبێت بە میدۆم یان زمانی هابەشی پەیوەندیكردن و قسەكردن لەنێوان هەردوولادا(وەرگێڕ).

[10] ئەو پارچە دارەیە كە دەخرێتە سەر مل یان ژێر ملی دوو ئاژەڵ كە پێكەوە جووتدەكەن بۆ ئەوەی هەردووكیان هاوسەنگ بكات و بە یەك خێرای و لە ئەك ئاستدا زوییەكە بكێڵن.

[11] ئەو پارچە دارە ئەستورەیە كە (گاوەسن)ی پێوەتووند دەكرێت بۆ جووتكردن(وەرگێڕ).

[12] ئاسنێكی نووك تیژەو لە هێشەكە دەبەسترێت بۆ ئەوەی بچەقێتە سنگی ئەرزوكەدا بۆ هەڵیبدڕینی(وەرگێڕ).

[13] دار یان كوتەكێكە كە بۆ لێدانی “گا” یان هەر ئاژەڵێكیتر بەكاردێت كاتێك دەوەستێت یان نایەوێت جووتبكات كە زۆركات نەقیزەیەكیشی پێوەیە بۆ ئازاردنی ئاژەڵەكە بۆ هەمان مەبەست(وەرگێڕ).

[14] قفە هەندێك ناوچەی “گەرمیان”ی كۆندا بۆ “كۆكە” بەكارهاتووە، لە ئێستاشدا هەندێك كەس بەكاریدەهێنن(وەرگێڕ).

[15] ئامێرێكی گریمانەییە كە بۆ گەشتكردن بۆ ڕابردوو و داهاتوو بەكاردێت(وەرگێڕ).

[17] چاخی بەردینی نوێیە كە لەم قۆناغەدا هەندێ‌ ئامێری كانزای داهێنرا و كشتووكاڵ و ئاژەڵداریش لە گەشەكردندابوو تێیدا(وەرگێڕ).

[18] یەكێك لە سیاسییە چاكسازەكانی ئەوكاتی ڕۆم بوو كە لە دژی موڵكدارە دەوڵەمەندەكان و بەرژەوەندی هەژاراندا چاكسازی لە یاسای موڵكایەتی و زەوی و زاری كشتوكاڵیداكرد(وەرگێڕ).

[19] ڕەوایەتیدانی تەواوە بە دونابینی سوبژێكتیڤانە، بنەمای سەرەكی بریتییە لەوەی كە چالاكی عەقڵی قابیلی پرسیار نییە یان كۆی مەعریفە سوبژێكتیڤەو حەقیقەتی دەرەكی بوونی نییە(وەرگێڕ).

[20] قوتابخانەیەكی فەلسەفی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بوو كە بڕوایان بە پەیوەندی پتەوی نێوان حەتمەیەت و ئازادی مرۆڤ هەبوو. شەڕی خۆلادانی هەست و سۆزیان دەكرد چونكە بە دەرئەنجامی هەڵە بڕیاردانیان دەبینی نەك حەتمییەت(وەرگێڕ).

[21] ئەو شوێن پێیانەیە كە ئەسپسوار لە كاتی غاردانی ئەسپدا پێدەخاتە سەری و بە ئەملاولای ئەسپەكەدا شۆڕبوونەتەوە(وەرگێڕ).

[22] لە مۆلیوكیولا بایۆلۆجی مۆدێرندا، جینۆم بریتییە لە ماتریاڵی جێنەتیكی هەر ئۆرگانیزمێك، زانیارییە بۆ ماوەییەكانی دی ئێن ئەی و ئاڕ ئێن ئەی(وەرگێڕ).

About دیدار عثمان

Check Also

گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی …