Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / بارودۆخی ڕۆشنبیران لەسەر دەمی ئیسلامدا

بارودۆخی ڕۆشنبیران لەسەر دەمی ئیسلامدا

بارودۆخی ڕۆشنبیران لەسەر دەمی ئیسلامدا

  • 59451516122015_082015_1521_3

پێشه‌كی 
لە بەدبەختی ئیبن ڕاوەندی هەموو ئەوانەی باسیان کردوە و هەوالیان گواستۆتەوە نەیارانی ئەون، جگە لە دوو کەس نەبێت کە ابن خلکان و الشریف المرتضی نەبێت. نووسینەکانی ئیبن ڕاوەندی کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕەپانی فەرهەنگی سەردەمی خۆی جێهێشتووە، کەم ناوی بەرز هەبووە کە وەڵامی نەدابێتەوە لەوانە فارابی و کیندی و ئەشعەری و سهل و ابو محمد نوبەختی، ئەشعەری و ابو القاسم البلخي الکعبي و ابو علي الجبائي و ابو هاشم الجبائي و الخیاط المعتزلي. لەناو ئەو هەموو وەڵامانەش تەنها وەڵامی خەیاتی موعتەزیلیمان پێ گەیشتووە بە ناوی [الانتصار] کە وەڵامی کتێبی [فضیحة المعتزلة] ی ئیبن ڕاوەندی نووسراوە کە خۆشی لە وەڵامێ کتێبی [فضیلة المعتزلة] ی جاحظ نوسیبووی!
لەوەدەچێت ئەو کتێبە کاریگەریەکی زۆر گەورەی جێهێشتبێت لەسەر هەموو ئاڕاستە و تەوژمەکانی موعتەزیلەکان، بەڕادەیەك یەك وشەی چاك نادۆزیتەوە دەرهەق بەو پیاوەیان گوتبێت، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆر موعتەزیلی بووە و چەندین کتێبی لە بەرگری و برەودان بە موعتەزیلە نووسیوە.

خراپ باسکردنی ئیبن ڕاوەندی 
هێرش کردنە سەر ئەو پیاوە لە ڕادەیەك بووە هەتا ئەوانەی کە خۆیان بەوە ناسراون کە تۆمەتبار کراون بە زەندەقە وەك ابو علاء المعري و ابو حیان التوحیدي یش دەستیان نەپاراستوە لە خراپ باسکردنی ئیبن ڕاوەندی!
درۆیەکی هێندە زۆر کراوە بە دەمی ئەو ئیبن ڕاوەندی یە لەلایەن ناحەزانی و جاروبار خەڵکانێک کە نەوێراون نوسینەکانیان بە ناوی خۆیان بڵاوکەنەوە داویانەتە پاڵ ئیبن ڕاوەندی، مرۆڤ سەری دەسوڕمێ دەبێت ئەو مێژووە چەند تەحریفاتی تێکراوە؟!
هەتا نووسەر و ڕۆمانووسێکی گەورەی ئەو سەردەمە وەك یوسف زیدان، کە ڕۆمانێکی مێژووی ئایینی مەزنی وەك[عەزازیل] نووسیوە، لە وتارێکدا بە ناوی [أحفاد ابن الراوندى]  زۆر نەشارەزایانە باوەڕی بەو هەموو درۆیە هەڤدژیانە کردوە کە دژی ئیبن ڕاوەندی هەڵبەستراوە، و دەڵێت خۆی جوو بوو، کە ئەوە هیچ بنچینەیەکی نییە، کە دیتی موعتەزیلە باڵادەستن بووە موعتەزیلە، دویێ موعتەزیلەی جێهێشت چونکە شوێن و پایەکی لایقیان پێی نەدا! دوایێ بووە شیعی کتێبێکیانی بۆ نووسی بە ناوی [في الامامة] بە ٣٣ دینار! دوایێ بوە سوننی، دوایێ بوەوە جوو کتێبێکی بۆ نوسین بە ٤٠٠ درهەم، دوایێ ویستی هەر خۆی وەڵامی کتێبەکەی بداتەوە، بۆیە جووەکان ١٠٠ درهەمی تریان دایێ تا بوەستێت و وەستا!
یوسف زیدان ئیبن ڕاوەندی وەك نمونەیەك هێناوەتەوە بۆ ئەوانەی کە قەڵەمیان دەفرۆشن و هەر ڕۆژەی لەسەر خوانێکن، ئێمەش دژی ئەو زومرەیە خۆفرۆشەین، بەڵام ئەوەی زیدان هەڵەی تێدا کردوە دوو شتە: یەکەم باوەڕکردنی بەو هەموو درۆ و دەلەسەیەی بۆ سوککردنی ئیبن ڕاوەندی هەڵبەستراوە هەتا لەلایەن ڕۆشنبیرترین چینی موسڵمانان کە موعتەزیلەیە، دوایێ چەند نمونەیەك لە وەڵامەکەی خەیاتی موعتەزیلی دەخەینە ڕوو بزانە هیچ سووکایەتی وجوێن ماوە بە ئیبن ڕاوەندی نەدابێت!
دووەم: لەوەتی جیهان هەیە تەنها ژیانی ئەو کەسە ڕۆشنبیرانە خراپە کە ئامادە نەبوون خۆیان و قەڵەمیان بفرۆشن بە دەسەڵاتداران، ئەگەر ئیبن ڕاوەندی بەپێی ئەو وەسفە بێت کە ناحەزانی باس دەکەن، ئەوە ئەو ژیانە کولەمەرگیە و ناخۆشەی نەدەبردە سەر، کە تا مرد هەر خەریکی خۆ شاردنەوە بوو لە ترسی دوژمنە زۆرەکانی، هەتا موعتەزیلە وەك سەرچاوەکان دەڵێن دڵی خەلیفەیان باش لێی کرمی کردبوو!
ئەوانەی هەر ڕۆژەی لەسەر خوانێك و پەتێکن بە کەمێك بلیمەتیەوە، کە لەوانەیە نەگاتە چارەگی بلیمەتی ئیبن ڕاوەندیەوە دەتوانن خۆشترین ژیان بۆخۆیان دابین بکەن، نەمانزانیوە ماستاوچی بە کولەمەرگی بژێت و ژیا بێت!

میحنەی ئیبن ڕاوەندی بە دەستی موعتەزیلە!
من پێموایە سەرەڕای ئەوەی موعتەزیلەکان وەك عەقڵانیترین گروپی ئیسلام لە مێژوودا دەرکەوتوون، ئەگەر میحنەی ابن حنبل و کیشەی خەلقی قورئانیش چاوپۆشی لێبکەین، بەڵام ناتوانین چاوپۆشی لەو هێرشە بەربڵاوە تووندە بکەین کە دژی ئیبن ڕاوەندی کردیان تا لە ژیاندا مایەوە! نەیانتوانی بە چاکی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن، لەبەر چەند ناکۆکیەك زۆر خراپ دژایەتیان کرد، سەیر لەوەدایە هەتا ئەو کتێبەی لەسەر موعتەزیلە نووسی بەناوی [فضیحة المعتزلة]ش بەداخەوە نەماوە، ترسی ئەوەم هەیە موعتەزیلەش بەژدار بووبن لە قەڵاچۆکردنی کتێبەکانی!
خەیاتی موعتەزیلی لە وەڵامەکەیدا بۆ ئیبن ڕاوەندی هیچ قسەی خراپ نامێنێت پیی نەوتبێت، زۆرجار کە دەمخوێندەوە هەستم دەکرد ئەوە زمانێکی هێرشبەری سەلەفیانەیە قسە دەکات، نەك بیرمەندێکی موعتەزیلی! بەو جۆرە زمانە دەزانین کە بیرمەندان لەسەردەمی موعتەزیلەش هێندە ئازاد نەبوون، ئەگەرچی بە بەراورد لەگەڵ ئەوانیتر باشتر بوون، بەڵام لەوە دەچێت قەت لێبوردە نەبووبن لەگەڵ ئەوانەی ڕەخنەیان لێ گرتبن!
ئەوە چەند کۆتەیشنێکە لە وەڵامەکەی خەیاتی موعتەزیلی:
لە سەرەتادا باسی هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئیبن ڕاوەندی و موعتەزیلە دەکات، دیارە لە کتێبەکەی ئیبن ڕاوەندی دەلێت موعتەزیلەکانی بەغدا عبدالله ی کوڕی جەعفەر بە فاسق دەزانن و هەڵوەستەش دەکەن لە حەسەنی کوڕی علی  ودەلێت: ” من گوێم لێی بوو کاتێ موعتەزیلی بوو، لە کۆتایی ڕۆژەکانیدا بەرلەوەی دەربکرێت لەناو موعتەزیلە بە کەمێک، ئەو قسانەی بە عبدالله ی کوڕی جەعفەر و حەسەنی کوڕی علی دەگووت، کە داویەتە پاڵی موعتەزیلە! خەڵکی مەجلیسەکە بە تووندی وەڵامیان دایەوە پییان گووت: بە مەبەست قسە دەڵێییت بەوەی پێغەمبەر [د.خ] بە یەك لە دوو سەرداری گەنجانی ئەهلی بەهەشت وەسف کردوە. ئەوەش دەستپێک و یەکەم دووژمنایەتی موعتەزیلە بوو لەگەڵ ئەوەدا [ئیبن ڕاوەندی]!” وکان ذاك اول عداوة المعتزلة له!
ماقولە ئەو هەموو کێشەیە گەورەیە لەسەر ئەوە بێت؟!
لە دەقێکیتردا تۆمەتێکی وەک تۆمەتی ئەخلاقی دەداتە پاڵ و دەڵێت: ” لێتان مەعلوم بێت کەوا موعتەزیلە ئەو داوێنپیسە [ماجن] ی توڕە کردوە لەبەر دژایەتی مولحیدەکان و تێکشکاندنی مەزهەبیان و دانانی کتێب لە دژیان”
” ئینجا ئەو داوێن پیسە باسی شتێك لە ثمامة دەگێڕێتەوە کە داوێنپیسەی خۆی پێی ناسراو بوو، چەندین جار گلەیی لێکراوە لەسەری، وازیشی نەهێنا تا خودا بە هەلاکەتی دا و بەرەو ئەشکەنجەی بە ئێشی خۆی بردی، ئەگەر لەبەر پاراستنی ئەو کتێبە نەبا، باسم دەکرد”
” وەڵام دانەوەی کتێبێ کەسێکی ساقیتی وەك تۆ بارگرانیە، بەڵام ئێمە وەڵامی هەردوو مامۆستاکەتمان داوەتەوە ابو حفص الحداد و ابو عیسی الوراق سەرەڕای هیچی وپوچیان، کێشە نابێت وەڵامی نزیکێک و شوێنکەوتەیەکی ئەو دووانە بدەینەوە!”
لە دەقیکیتردا بە ئیبن ڕاوەندی دەڵێت: ” ئەوە مەزهەب و قەولی تۆیە، لەبەر ئەوەش موعتەزیلە لە مەجلیسی خۆی دەریانکردی، لە خۆیانیان دوورخستیەوە هەتا قین وڕقت هانی دای وەك سەگ بەرامبەری بڕەویت، و درۆ لەسەر شێخەکانی بکەیت، تەنها خۆشت زەرەرمەند بوویت، چونکە بەڵگەکانی خوا زۆر ڕوونە نە بە تانەی مولحیدان و نە بە مەکری زەندیقە موشریکەکان دەڕوشێت!”
وەك دەبینین بە چ ڕوحیەتێکی تووند وتیژ جوێن و سوکایەتی پیدەداکات، ئەوەش بەداخەوە ئەو وەڵامە لە ئاستی ئەو موعتەزیلەیە نییە کە لە مێژووی ئیسلامدا وەك ڕێڕەوێکی عەقڵانی و ئازادیخواز ناسراون.
سەرەڕای ئەو دژایەتیە توندەی ئیبن ڕاوەندی، هێشتا کەسایەتیەکی مێژوویی زۆر گرنگە، هەرچەندە زۆر ستەمی لێکراوە لە مێژوو، لە کۆی ١٢٠ کتێبی تەنها دوو سێیەکی ماوە، وئەویتریان هەمووی سوتاندوە و ون کردوە. جورئەتی ئیبن ڕاوەندی هێندە بە هێز بووە، کاتێ کتێبی الفرند دەداتە دەستی نەساخ ێك کە دەخوێنێتەوە دەڵێت:
کەسیتر ئەو کتێبەی دیوە؟! 
ئیبن ڕاوەندی : بەڵێ
نووسەرەکە دەڵێت: سەرم سوڕماوە چۆن هێشتا دەژی و بە ئازادی دێیت ودەچیت، سەرەڕای ئەو کوفرەی بڵاوی دەکەیتەوە لەناو ئەو کتابە! “يدهشني أنت ما زلت على قيد الحياة ناعماً بحريتك في الذهاب والإياب، على الرغم من هذا الكفر الذي تبثه في ثنايا الكتاب.
ئیبن ڕاوەندی : ئەوەی لەو کتێبە نووسیمە هەقیقەتن و کوفر نین.
هەر کە خەلیفە المتوکل یش دەبینێت کە سەیرێکی کتێبی [الفرند] دەکات دەڵێت: چۆن تا ئێستا ماویت کە نکوڵی لە خودا و پێغەمبەرایەتی دەکەیت! لە وەڵامدا گووتی من نکوڵی لە خودا ناکەم، بەڵکو لەو ئەفسانانەی مرۆڤ بۆ خوایان دروست کردوە! 
ابن عقیل یش دەڵێت [سەیرم لێ دێت چۆن نەکوژراوە] “عجبي كيف لم يقتل” لە باسکردنی ئیبن ڕاوەندی دا، لای سەیرە چۆن پیاوێک وا بێ باوەڕ بێت و کتێب بنوسێت دژی دین و باوەڕ نەشکوژرێت بە دەستی ئیمانداران ودەسەڵاتداران!
یانی ئەوەی کە لە درێژایی حوکمی ئیسلامی کوژراوە کوژراوە و بە هەقی خۆی گەیشتووە، ئەوەشی کە نەکوژراوە لەبەر ڕاکردن و خۆشاردنەوە و هەر هۆیەکی تر بووە، خۆی دەبوایە بکوژرێت!
چونکە هەر ئەو ابن عقیلە پێوەرێك دادەنێت بۆ گەرمی دڵ یان ساردی دڵی ئیمانداران، کە پشت دەبەستێتە سەر ڕادەی بێدەنگیان لە دوژمنانی شەریعەت!  دەڵێت:
[ئەگەر ویستت پایەی ئیسلام لای خەڵکی سەردەمێك بزانیت، مەڕوانە قەرەباڵغیان لەبەر دەرگای مزگەوتەکان، یان هاواری لبیك اللهم لە حەج، بەڵکو بڕوانە خەمساردی و بێ دەنگیان لە ئاست دوژمنانی شەریعەت….ابن الراوندی و المعري بەر نەفرەتەکانی خوا کەون، ژیان ساڵانێکی زۆر ژیان شیعرو نوسینی کوفرباریان بڵاودەکردەوە، ساڵانێکی زۆر ژیان، ئینجا گۆڕەکانیان ڕیزیان لێگیرا، و دانراوەکانیان دەفرۆشران، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر دڵساردی!]
” إذا اردت أن تعرف محل اﻻسلام من أهل الزمان ، فلا تنظر الى زحامهم في ابواب الجوامع وﻻ ضجيجهم في المواقف بـ ..لبيك..وإنما انظر الى مواطأتهم أعداء الشريعه ، عاش ابن الرواندي والمعري عليهما لعائن الله ينظمون وينثرون كفرا وعاشوا سنين وعظمت قبورهم واشتريت تصانيفهم وهذا يدل على برودة القلب.”
یانی کە ئیبن ڕاوەندی و ئەبو عەلائی معەری و خەڵکیتریش کە بێ باوەڕبوون نەکوژراون، ئەوە جێگای ئەسەفە لای ابن عقیل و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساردی دڵی ئیمانداران، دەنا ئەگەر ئیمانداری هەقیقی بان و دڵ و کەلـلەیان گەرم با نەدابا بهێڵن ئەوانە بژین!

ئیبن ڕاوەندی مولحید نەبووە!
فوقەهاکان بە گشتی و حەنبەلی وسەلەفیەکان بە تایبەتی، ڕقیان لە کەسانێکی بێ دین هێندە دەبێتەوە، دەبەنگێکی دینداریان پێ باشترە لە بلیمەتێکی بێ دین، نازانم دەبەنگ چ سوودێکی بۆ دینەکەی دەبێت. سەلەفیەك نووسیتی: ڕەحمەتی خوای لە ئیمامی زەهەبی – کە ئیمامێکی سەلەفیە و قوتابی ابن تیمیە یە – بێت کە لە ژیینامەی زەندیقیکی زیرەکدا نووسیتی: 
[نەفرەتی خوا لە بلیمەتیەک بێت، کە بێ ئیمان بێت، و ڕەزای خواش لە دەبەنگیەک بێت تەقوای لەگەڵ بێت]!
[لعن الله الذكاء بلا إيمان، ورضي الله عن البلادة مع التقوى!] سير أعلام النبلاء، ترجمة ابن الرواندي (62/14)
لەو قسەیە دەردەکەوێت کە ئیبن ڕاوەندی، کە بەناوبانگترین ئێتیستی [مولحیدی] مێژووی ئیسلام ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی دەوترێت بۆ تەوهین پێ کردنی، بەڵام زۆر بلیمەت بووە! بلیمەتی ئەو پیاوە لە هەندی لەو وتانەی دەردەکەوێت، کە هەتا نەیارانیشی بۆیان گواستۆتەوە، هەرچەندە من زۆر پێچەوانەم لەگەڵ بیری ئیلحادا، بەڵام پێموابێ ابن الراوندی مولحید نەبوو بێت، تەنها باوەڕی بە نبوەت و کتێبی ئاسمانی ودینەکان نەبووە، دەنا باوەڕی بە خوا هەبووە وەك لە نێو دێری وەڵامەکان دەردەکەوێت، بەڵام لە مێژووی ئیسلامدا ئەوەی پێغەمبەرایەتیشی ڕەتکردبێتەوە بە مولحید ناوی دەبەن! سەرەرای ئەوەی دەمارگرژی و تووندڕەوی بووە هۆی ئەوەی نزیکەی هەموو کتێبەکانی لەناو ببردرێت، بەڵام هەندێ لە وتەکانی لەو کتێبانە ماون کە لە وەڵامی و دژیدا نووسراوە! لە زانستی کیمیا و پزیشکیش قسەی زۆر بلیمەتانەی هەیە، وتەیەکی هەیە کە دەڵیت مرۆڤ دەورەدراوە بە تەنی خراپی دوژمنکار، بەڵام جەستە خۆی بەرگری دروست دەکات لە دژی! و باسی چەندین شتیتر دەکات.
هەندێ لە وتەکانی کە بوونە هۆی وروژاندنی پیاوانی دینی:
دەربارەی دین دەڵێت: [ ئەگەر دین موافیقی عەقڵ بێت ئەوە پێویستیمان پێی نییە، ئەگەریش پێچەوانەی عەقڵ بێت هەرڕەتی دەکەینەوە!
[اذا كان الدين متفقاً مع العقل فلا حاجة لنا به ، واذا كان مختلفاً مع العقل فنحن نرفضه]
دەربارەی دابەزینی فریشتە لە جەنگی بەدر دا دەڵێت: [ئەگەر ڕاست بێت فریشتە لە جەنگی بەدر دابەزی بن، ئەوە ئەو فریشتانە نا ئازا و دەست وپێ سپی وبێ دەسەڵات بوون، چونکە بە دەستی خۆیان و دەستی موسڵمانان تەنها حەفتا قوڕەیشییان پێ کوژرا!
” لو صح نزول الملائكة في معركة بدر فإن هؤلاء الملائكة مغلولي الشوكة قليلي البطش، فإنهم على اجتماع أيديهم وأيدي المسلمين لم يقتلوا من قريش سوى سبعين رجلاً !! “
دەربارەی ئایەتی: ” إن كيد الشيطان كان ضعيفا ” [تەڵەکەی شەیتان لاوازە] دەڵێت: لاوازی چی کە ئادەمی لە بەهەشت دەرکرد!
“أي ضعف به وقد أخرج آدم من الجنة !”
ابن کثیری سەلەفی لە البداية والنهاية زۆر بە تووندی ڕەخنە لە ابن خلکانی کوردی دەگرێت چونکە وەك سەلەفی ساڵح لە کاتی باسکردنی ابن الراوندی دنیایەك نەفرەتی بەسەردا نەباراندوە و دەڵێت: ابن خلکان دەڵێی هەر مێشێکیش میوانی نییە، ئینجا خاڵێکی پۆزەتیڤیتریش لە ابن خلکانی دۆزیوەتەوە، کە دەڵێت:
کە باسی ناودارە –ئیماندارەکان – دەکات بە کورتی دەدوێت، کە ژیننامەی زەندیق و مولحیدان باس دەکات درێژ دادڕی دەکات، وەك بڵێیت: سەگ هەویری نەخوارد بێت!
هەرچەندە ابن خلکان تەنها دەڵێت: ” وكان من فضلاء عصره، ومن تصانيفه “كتاب فضيحة المعتزلة”، قلت: وهو رد عن المعتزلة، فأصحابنا ينسبونه إلى ما هو أضل وأفظع من مذهب المعتزلة.”
لە پیاوە ڕیزدارەکانی سەردەم بوو! ،،،هاوەڵانمان دەیدەنە پاڵ گوڕاتر و دزێوتر لە موعتوزیلە”
سەلەفیەك دەڵێت: ئەی ئیبن خەلەکان ئەو دۆڕاوی و زەلیلیەت لە پای چی؟! بەڕای من ئەوەش ڕوحێکی تەساموحی کوردیانەیە لە ئیبن خەلەکان، نەك دۆڕان و زەلیلی، چونکە عەرەب تەساموحیان پێ زەلیلیە!
هەر ئەو سەلەفیە دەڵێت: زەهەبی ناوی بەخۆیەوەیە زێڕی سونەتە، کاتێك باسی ابن الراوندی دەکات گووتی: ئەو سەگێکی ساتمەکەرە، چونکە زەهەبی بە قەڵەمی ولاء و براء دەینووسی، ابن خلکانیش بە پێنووسی پیروکەنەفتەکانی [هەبوو نەبوو..]…
“والذهبي من ذهب السنة معدنه ، لما ترجم لابن الرواندي قال : هو الكلب المعثر ؛ لأن الذهبي يكتب بقلم الولاء والبراء ، وابن خلكان ، يسجل بقلم العجائز ( كان يا ما كان ) ” 
جیاوازی نێوان ژیننامەی ابن الراوندی لای ئیبن خەلەکان و لای شمس الدین الذهبي، جیاوازی نێوان دوو عەقڵیەت و دوو میازاجی دینی و مرۆیی یە. 
ئیبن خەلەکان ئیبن راوەندی بە چاك مامەڵە کرد، بەڵام ئیبن ڕاوەندی لە تەفسیری ئایەتێك لە سورەتی الإنسان آية 21 : [عليهم ثياب سندس خضر وإستبرق وحلوا أساور من فضة وسقاهم ربهم شرابا طهورا] دەڵێت سندس و استبرق زۆر ناشیرینن وەك نمونەی پۆشاکی بەهەشت باس بکرێت، ئەگەر لەبەر بکرێت وەك بووکی کوردان و نەبەتیەکان دەردەکەون!
دەرئەنجام
ئەوەی دەمەوێ بڵێم لە هیچ سەردەمیكی ئیسلامی تەساموحێکی هەقیقی نەبووە بۆ ئەوانەی باوەڕدار نەبوون بە دین، و رەخنەیان هەبووە، هەتا لە سەردەمی موعتەزیلەش! ئەگەریش کەمێك ئازادی هەبوو بێت بەپێی هەڵوێست و فەتوایەکی شەرعی و دەزگایی نەبووە، زیاتر هەڵوێستی خەلیفە بووە کە خەریکی مەلەزاتی خۆی بوە، یان کابرا خۆی شاردۆتەوە بە درێژایی ژیانی.


سەرجاوەكان:
تاریخ ابن الراوندي الملحد
ابن الراوندي في المناهج العربیة الحدیثة
هەردوو کتێب لە نووسینی عبدالامیر الاعسم دکتوراه الفلسفة في کمبردج واستاذ فیها.
تاریخ الالحاد في الاسلام، عبدالرحمن البدوي
http://www.ziedan.com/memory/6.asp
وتارەکەی یوسف زیدان

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …