(قالینج ئاغا) (گرمێروو)
بەشى يەكەم
ھەڵکۆڵينەکانى گردی قالینج ئاغا (1969)
د.بەھنام ئەبولسووف *
* بەهنام ناسر نوعمان ئەبولسوف (١٩٣١-٢٠١٢) شوێنەوارناسێکی مەسیحی عێراقی بوو. لە ساڵی 1931 لە شاری موسڵ لە عێراق لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری موسڵ تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە شوێنەوار و شارستانی لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٥ وەرگرتووە، دواتر خوێندنی پۆست گریجوەی لە زانکۆی کامبریج لە ئینگلتەرا بەدەستهێناوە و لە پاییزی ١٩٦٦دا بڕوانامەی دکتۆرای لە شوێنەوارناسی و بنەچەی شارستانیەت و ئەنترۆپۆلۆژی بەدەستهێناوە، ساڵانێکی زۆر لە هەڵکەندنی شوێنەوارەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق کاری کردووە. لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەرپەرشتی هەڵکۆڵینی بەرفراوانی لە حەوزی بەنداوی حەمرین (لە پارێزگای دیالە) و بەنداوی ئەسکی موسڵ لەسەر ڕووباری دیجلەى کردووە.
کولتوورێکی نوێی سەردەمی بەردینی نوێ لە ناوەڕاستی عێراق دۆزیەوە.لە ناوەڕاستی شەستەکاندا، ڕۆشنایی بەرچاوی خستە سەر تێگەیشتنمان لەو قۆناغە دێرینە. ساڵانێکی زۆر لە چەند زانکۆیەکی عێراقی و پەیمانگای مێژوو و کولتوورى زانستی عەرەبی وتارەکانی لەسەر سەرچاوەی شارستانییەت و شوێنەوارناسی و مێژوو پێشکەش کردووە.
ھەڵکۆڵينەکانى گردی قالینج ئاغا لە لیوای(پارێزگا) ھەولێردا، ھەرکەسێک لە ڕێگای کەرکوکەوە بگاتە ھەولێر، لەلای ڕاستی خۆیەوە (نزیک گۆڕەپانی وەرزشيی خۆبەڕێوەبەری) دەبینێت، تەپۆڵکەیەکی پان زیاتر لە حەوت مەتر لە ئاستی شەقامی تەنیشتیەوە بەرزترە. لە ناوخۆدا پێی دەوترێت گردی قارنچەغە (گردمێروو) قالینج ئاغا. ئەم تەپۆڵکەیە لە ناوەڕاستی پارچە زەوییەکی چۆڵدا دایە ، شارەوانی ھەولێر خەریکی دروستکردنی ھۆتێلێکی گەشتیاری گەورەیە لە لای باکووریەوە. ئەم تەپۆڵکە شوێنەوارییە ڕووبەرێکی زۆری زەوی داگیرکردووە کە زیاتر لە سی ھەزار مەتر چوارگۆشەیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا زیادبوونی ڕووبەری نیشتەجێبوون لە ھەولێر و فراوانبوونی شارەکە، ڕووبەرێکی فراوانی دوور لە ناوەندی قەڵا بەناوبانگەکەی گرتۆتەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە گردی قالنج ئاغا بکەوێتە ناوەڕاستی گەڕەکە نوێیەکانی شارەکە، ئەمەش وایکردووە خاوەن زەوییەکانی ئەم گردە دەکەوێتە ناوەڕاستیەوە ، داوا بکەن کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوارەکان ڕێگەیان پێبدەن زەویەکانیان بۆ مەبەستی ئاوەدانی بەکاربھێنن دوای دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و فرۆشتنی بە خەڵک.
بەپێی بڕگەکانی یاسای شوێنەوارەکان و پاراستنی کولتووری مێژوویی، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەکان خۆی لە پەسەندکردنی ھەر گۆڕانکارییەک لە سیمای شوێنەوارییەکە بە بنیاتنان لەسەری، یان لابردنی پاشماوە شوێنەوارییە بنچینەییەکانی وئاسەوارەکان ، پێش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست بۆ دیاریکردنی تەمەن و سروشتی ئەو شوێنەوارانە بەدوور گرت.
بەڵام لەبەر خەمی بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی پەیوەندیدار و ڕێزگرتن لە مافی خاوەندارێتی تایبەت، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەکان ڕێگەی پێداون کە سوود لە ھەموو ئەو زەویە چۆڵانە وەربگرن کە لە دەوروبەری جێ نیشتەجێبوونە شوێنەوارییە کەدان و دوورە لە شوێنەوارە مێژووییەکان، تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەکان لێکۆڵینەوە و ھەڵکۆڵینەکانی تەواو دەکات بۆ ئاشکراکردنی زۆرترین بەشی شوێنەوارەکە.
ئەمە پرۆسەیەکی زانستیی لەسەرەخۆیە و پێویستی بە وردبینی و چاودێرییەکی زۆر ھەیە، ڕەنگە چەند وەرزێک لە ھەڵکەندنی شوێنەواری سیستماتیکی بخایەنێت. بۆ دەستپێکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیانە، نووسەری ئەم بابەتە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٥دا نێردراوە بۆ پشکنینی شوێنەکە و بەدەستھێنانی تێگەیشتنێکی سەرەتایی لە سروشتی شوێنەواریی و سەردەمە مێژووییەکانی. دوای پشکنینی گردەکە و لێوارەکانی، و لێکۆڵینەوە لە پارچە گڵێنە گەورەکانی، کە بەسەر گردەکەدا بڵاوبوونەتەوە لەگەڵ دۆزراوەکانی دیکەی ڕووکەش، توانیمان بگەینە ئەو ئەنجامەی کە گردی قالینگ ئاغا لە ماوەی ھەزارەی پێنجەم و چوارەمی پێش زایین، لە قۆناغەکانی ناسراو بە سەردەمی حەلەف و عوبەید و وەرکا، جێى نیشتەجێ بوون بووە. (( ) ھەریەکێک لەو سەردەمانە بە ناوی نوێی ئەو شوێنە ناونراوە، کە بۆ یەکەمجار شوێنەوار و گڵینەکانی تێدا دۆزراینەوە. سەردەمی ئوروک کە مێژووەکەی نزیکەی بۆ ٣٥٠٠-٣١٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە، پاشماوە جیاوازەکانی بۆ یەکەمجار لە چینەکانی خوارەوەی شاری بەناوبانگی سۆمەری ئوروک، نزیک ناوەندی پارێزگای سەماوە دۆزرایەوە.سەردەمی عوبەید کە لە دەوروبەری ساڵی 4300 پێش زایین دەستی پێکرد، ڕەنگە کەمێک پێشتر و لە سەرەتای سەردەمی ئوروک لە دەوروبەری ساڵی 3600 پێش زایین کۆتایی هات، بۆ یەکەمجار پاشماوە جیاوازەکانی لە تەل ئەلعوبەید دۆزرایەوە، کە نزیکە لە ئور لە پارێزگای ناسریە. سەردەمی حەلەف (نزیکەی ٤٩٠٠-٤٣٠٠ پێش زایین) پاشماوە جیاوازەکانی بۆ یەکەمجار لە تەل حەلەف (شوێنی شاری کۆنی کوزانا) لە ناوچەی سەرەوەی خابور لە باکووری سوریا دۆزرایەوە. چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی تایبەتمەند لەسەر ئەم قۆناغە شارستانییانە و تایبەتمەندییەکانیان و کاتییەکانیان نووسراون. ڕەنگە باشترین ئاماژە کە بە زمانی عەرەبی ئەم قۆناغانە کورت بکاتەوە و لێیان بکۆڵێتەوە پێشەکی مێژووی شارستانییەتە کۆنەکان (بەشی یەکەم)* لە نووسینی پرۆفیسۆر تەھا باقر بێت.ڕەنگە باشترین ئاماژە کە بە زمانی عەرەبی ئەم قۆناغانە کورت بکاتەوە و لێیان بکۆڵێتەوە *پێشەکی مێژووی شارستانییەتە کۆنەکان (بەشی یەکەم)* لە نووسینی پرۆفیسۆر تەھا باقر بێت. بە کورتی باس لەوە دەکەین کە لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکان سەلماندوویانە کە میزۆپۆتامیا، چ ناوچەکانی باکور و باشووری، لانکەی لەدایک بوون و گەشەکردنی زۆربەی ئەو توخمە کولتووریانەی کە ئەم قۆناغانەیان پێکھێناوە، ھەروەھا قۆناغەکانی دیکە کە پێش یان دوای ئەوان لە سەردەمی نیوۆلیتی و کالکۆلیتیدا بوون.
لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی دراوسێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەوە. ئەو گرنگییە تایبەتەی کە ڕۆڵی ئوروک لە ڕۆڵە شارستانییەکانی دیکە لەم سەردەمەی مێژووی عێراقی کۆندا جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ھەر لەوێ بوو کە یەکەم بناغە و توخمەکانی شارستانیەتی گەورەی سۆمەری دانرا، کە دواتر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زاییندا گەشەی کرد و پێگەیشت.لەم سەردەمەدا (ئوروک) کشتوکاڵ زۆر فراوان بوو و گوندەکان گەشەیان کرد تا بوونە شارێکی ئاوەدان بە دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون و بینا ئاینییە پوختەکانیانەوە، کە ھەندێکیان لەسەر سەکۆی پلەدار لە خشتی تۆکمە بەرزکرابوونەوە. ئەمانە سەرەتای ئەو زیگوراتە بەرزانە بوون کە شارستانییەتە سەرەتاییەکانی عێراق پێیان بەناوبانگ بوون بە ھەزاران ساڵ پێش ئەوانی تر.
لەم قۆناغەدا ھونەری پەیکەرسازی پێگەیشت و گەیشتە لوتکە. لە سەردەمەكانی پێش مێژووەوە، نموونەی شایستەی سەرەتاییترین پەیکەرەکانی جیھان بەرھەم ھێنران و ھونەرمەندان دەستیان کرد بە نەخشاندنی مۆری لوولەکی بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر بەردی بەنرخ کە سەرچاوەیان لە کانەکانی دوورەوە لە شوێنەکانی وەک ئەفغانستان و ئێران و کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی وەرگرتووە. چەرخی گڵێنەسازی پەرەی سەند و گەیشتە قۆناغی کۆتایی تەواوبوونی خۆی، بە چەرخی خێرا ناسرا و بۆ دروستکردنی چەندین جۆری گڵێنەسازی بەکارھات. لە دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغەدا پەرەسەندنی نووسینی وێنەیی بوو، کە کۆتایی سەردەمی پێش مێژوو بوو لە عێراق و سەردەمی مێژوویی لە دەوروبەری ٣٠٠٠ پێش زایین دەستپێکرد.)….
الدكتور بهنام ابو الصوف،(مجله)سومر،الجزء 1+2 ،1969 ،ص 3-14 ،مجلد 25
History Of Kurdistan مالپهرێكی تایبهته به مێژووی كورد و جیهان