Popular Posts

(قالینج ئاغا) (گرمێروو)

بەشى دووەم

ھەڵکۆڵينەکانى گردی قالینج ئاغا (1969)

د.بەھنام ئەبولسووف (١٩٣١-٢٠١٢)

ڕەنگە شوێنەکە لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمی پێش زایین بە تەواوی جێھێڵرابێت، بەو پێیەی ھیچ شوێنەواری قۆناغەکانی نیشتەجێبوونمان نەدۆزیەوە، لە نێوان ئەو گڵێنەسازی و ئاسەوارە دۆزراوەكان، کە دوای ئەم ڕۆژگارەی بێت. .

ھەروەھا بۆمان دەرکەوت ، کەڵەکەبوونی شوێنەواریی قۆناغەکانی ئوروک لەوانەیە لەم شوێنەدا ئەستوور بووبێت، بە لەبەرچاوگرتنی چڕیی پاشماوەکان و دۆزینەوەی ئاسەوارە تایبەتمەندەكانی ئەم قۆناغانە و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانیان، بە تایبەت لە لوتکەی گردەکە و لێوارەکانی ڕۆژئاوای، بۆ زیاتر پشتڕاستکردنەوەی ھەموو ئەمانە، سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ١٩٦٦ ھەڵکۆڵین و بۆگەڕانمان ئەنجامدا کە ھەشت ڕۆژی خایاند بە ھاوکاری ژمارەیەک کرێکاری ناوخۆیی کە لەلایەن پارێزگای ھەولێر و شارەوانییەکەیەوە نێردرابوون. ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە کورتخایەنانە بریتی بوون لە دۆزینەوەی شەش چینە یەک لە دوای یەکەکانی سەردەمی ئوروک لە بەشێکدا، کە قەبارەکەی ٦ x ٢.٥ م و قووڵی ٢.٢٢ م لە لوتکەی نیشتەجێبوونەکە و پێنج چینە شوێنەواری ھاوشێوە لە کۆتایی ڕۆژئاوای شوێنەکەدا.

تەنیشت ڕێگای سەرەکی بەرەو کەرکوک، لە چاڵێکی دیکەدا (درێژی 1.80م، پانی 1.24 م، و قووڵی 2.15 م)، چینە پێنجەمەکەی (واتە نزمترین چین) ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی پاکیزە ، کە دوو مەتر لە خوار ئاستی ڕێگای تەنیشتيەوەیە. ( لێکۆڵینەوەیەکی وردمان لەسەر ئەم یەکەم هەڵکۆڵینە بۆگەڕانە لە قالینج لە بەشی بیانی گۆڤاری سومەر بڵاوکردەوە.مجلة سومر، المجلد ٢٢ لسنة ١٩٦٦، ص ٧٧-٨٢.)

ئەمەش بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە کە دەشتی هەولێر بە هۆی هۆکارە سروشتییە جیاوازەکانەوە زیاتر لە دوو مەتر بەرزبووەتەوە بە بەراورد بەو شتەی کە لە دەوروبەری 5000 پێش زایین بووە، کاتێک نیشتەجێبوون لە قالینج ئاغا دەستی پێکردووە و ڕەنگە لە خودی قەڵای هەولێریشدا (ئەگەر نیشتەجێبوون لە لە قالینج ئاغا زووتر لەوە دەستیپێنەکردبێت لە سەرەتای دامەزراندنی گوندەکان و سەرەتای کشتوکاڵ لە دەوروبەری 7000 پێش زایین).

زۆربەی دۆزراوەکانی شوێنەواریی لە هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٦٦ پێکهاتبوون لە گڵێنەى تایبەتمەندی سەردەمی ئوروک، لە سێ جۆری ناسراوی خۆیدا: سوور، خۆڵەمێشی و جۆری باو و سادە، کە زۆرترینى باو بووە.

بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی زیاتر لە ڕابردووی قالینج ئاغا و بۆ زانینی ژیانی دانیشتووانەکەی، بە پێویستمان زانی ڕووبەرێکی گەورەتر لە پاشماوە شوێنەوارییەکانی بدۆزینەوە. ئەمەش بووە هۆی هەڵکۆڵینی بۆگەڕان کە بە درێژایی مانگی ئاداری ئەو ساڵە بەردەوام بوو.١٩٦٧( ئێمە ئەنجامی وەرزی دووەمی هەڵکۆڵینە ئەزموونییەکانمان بە هاوکاری هاوکارمان شا محەمەد عەلی سیوانی کە لەگەڵمان بەشداری کرد لە کارەکانی هەڵکۆڵین لەو وەرزەدا، لە بەشی بيانى بڵاوکردەوە.مجلة سومر، المجلد ٢٣ لسنة ١٩٦٧ ص ٦٩- ٧٥.)

دەرئەنجامی ئەم دووەم کردە بۆگەڕانە بریتی بوو لە چوونە ناو چاڵە بەراییەکە لە لوتکەی نیشتەجێبوونەکە تا چینی دوانزەھەم، بە قووڵایی پێنج مەتر، پاشان ھەڵکەندنی خەندەقێکی گەورە کە درێژییەکەی ٩٢ مەتر و پانی شەش مەتر بوو، کە لوتکەی شوێنەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە چاڵە بەراییە قووڵەکەی تێدا بوو، بە کۆتایی ڕۆژئاواییەکەیەوە.

ئەم خەندەقە چەند چینێکی پێکھاتەیی بینای ئاشکرا کرد کە سەر بە خودی سەردەمی ئوروک بوون. جگە لە بڕێکی زۆر لە گڵێنە تایبەتەکانی سەردەمی ئوروک، ژمارەیەکی زۆر لە خشڵ و دەنکۆڵە دۆزرایەوە، کە مل و سنگ و جلوبەرگی مردووەکەیان ڕازاندبووەوە. ( ژمارەی زۆری ئەو دەنکۆڵە، کە لە توێکڵی سەدەف، ئێسک، یان بەردی بەنرخی وەک لازوەرد و عەقیق دروستکراون، کە لە دەوری سنگی ئێسکەپەیکەرەکە، یان لە نزیک ئەژنۆ و پێیەکانەوە دۆزراونەتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەسەر جلوبەرگەکان بۆ ڕازاندنەوە چنراون ، ھاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ زۆر ژنان لەگەڵ ھەندێک لە جلوبەرگی بۆنە تایبەتەکانیاندا دەیکەن. لەم ڕووەوە دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە لە گردی ئەلسەوان (سەرەتای ھەزارەی شەشەمی پێش زایین) ھەندێک بووکەڵەی بچووکی گڵینمان دۆزیەوە کە ئەژنۆ و پێیەکانیان دەڕازاندەوە، ھەروەھا دەنکۆڵەی گڵینیان لە کەمەریان پێچرابوو، کە لاسایی ئەو ملوانکە مووروودارانەیان دەکرد کە لەسەر جل و بەرگەکان نەخشێنرابوو. سەیری بابەتەکەمان بکەن سەبارەت بە ھەڵکۆڵینەکانی ئەم شوێنەی دوایی لە بەشی بیانی گۆڤاری سۆمەر، بەرگی ٢١، ١٩٦٥، ل ١٧-٣٢، بەھاوبەشی لەگەڵ دکتۆر فەیسەڵ ئەلوائیلی.)

لە ژێر زەوى ماڵی بنەماڵەکانیان لە گۆڕی تایبەتدا بە خاک سپێردرابوون. منداڵان لەناو كەندوويێکی گۆییدا دەنێژران و دەرچەی فراوانیان هەبوو، تێیدا منداڵە مردووەکە لە دۆخێکدا دادەنرا کە زۆر لە کۆرپەلەیەک دەچوو لە سکی دایکیدابێت. لە دیارترین ئەو شوێنەوارانەی کە لەم گۆڕانەوە بۆمان هاتوون، ملوانكه‌یەکی زێڕین هەیە کە لە گۆڕی ژنێکدا دۆزراوەتەوە، پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆر لە دەنکۆڵە موورووى بە قەبارە و شێوەی جیاواز (وێنەکەی لە سەرەتای بەرگی بیست و دووی سۆمەردا دەبینرێت). جگە لە زیاتر لە پەنجا پارچە زێڕ، دەنکۆڵەی دیکەی بەردی بەنرخی وەک لازوەرد (Lapis Lazuli) و عەقيق (Carnelian)هەبوون. شایانی باسە لێرەدا دۆزینەوەی خشڵى زێڕین لە شوێنی قالینج ئاغا بە پێشینەیەکی شوێنەواری دادەنرێت.

ئەمە یەکێکە لە کۆنترین خشڵە زێڕینەکان کە تا ئێستا دۆزراوەتەوە. ( لە ساڵانی ١٩٣٠دا ژمارەیەک دەنکۆڵە مۆروو و خشڵی ڕازاندنەوەی زێڕین لە چەندین گۆڕدا دۆزرایەوە ،کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئوروک لە شوێنی تەپەگەورە لە نزیک موسڵ لەلایەن نێردەی ئەمریکی زانکۆی پێنسیلڤانیا.)

ھە روە ھا لە بەڵگە سەرە تاییە کانی ئەوەیەکە مرۆڤ ئەم کانزا بە نرخەی بە کارھێناوە بۆ مە بەستی ڕازاندنەوە ، دوای سازاندنی. ھەرچەندە زێڕ بە یەکێک لە یەکەم کانزاکان دادەنرێت کە لە سەردەمی پێش مێژوودا سەرنجی مرۆڤی بۆ خۆی ڕاکێشابێت، بەڵام بەکارھێنانی بۆ مەبەستی ڕازاندنەوە تا زۆر دواتر ڕووی نەداوە، کاتێک یەکەم بنەماکانی کانگاکردن (بە کوتان) دۆزرایەوە و لەگەڵ کەرەستەی دیکەدا پەیڕەو کرا، کە یەکەمیان مس بوو (ڕەنگە لە ناوەڕاستی ھەزارەی شەشەمی پێش زایین)بووبێت.

بەو پێیەی زێڕ ، ھەرچەندە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ، لە ھەموو بەرد و قەراغی و پێکھاتەليتەيى وچەويیەکاندا ھەیە ، ھەروەھا لە (خاوى)کانزاکانی وەک مس و قوڕقوشمدا ھەیە ، دانیشتوانی شوێنە کۆنەکانی باکوری عێراق (تەپەگەورە، قالینج ئاغا، و ڕەنگە دەیان شوێنی دیکەی کۆن) پێدەچێت لە ناوخۆدا بە شۆردنی بەرد و مادەی لیتەییەکان بەدەستیان ھێنابێت. بەردەکانی تری خاو وەک لازوەرد وعەقیق لە ناوچە کانگاکانیان لە ئەفغانستان و ئێران و کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی بازرگانییەوە بەدەست ھێنراون.

الدكتور بهنام ابو الصوف،(مجله‌)سومر،الجزء 1+2 ،1969 ،ص 3-14 ،مجلد 25. .