Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / لێکۆڵینەوەیەك لەسەر مێژووی قادیانی بیروباوەڕیان

لێکۆڵینەوەیەك لەسەر مێژووی قادیانی بیروباوەڕیان

alqadyany
ماکوان کەریم
هەر لەسەردەمی پێغەمبەری خواوە – صلی اللە علیە وسلم- خەڵکی هیندستان ئاشنا بووبوون بە ئیسلام لە ڕێگای بازرگانیان بۆ یەمەن و ئاڵوگۆڕی شتومەكو کەرەستەکانی نیوەدورگەی عەرەبی.. تا سەردەمی محمد قاسم – رەحمەتی خوای لێبێت- ئاینی ئیسلامی بە تەواوەتی بردە ناو خاکی هیندستان .. هەڵبەت خاکی هیندستان بریتی بوون لە پاکستان و بەشێکی زۆری ئەفغانستانیش.. ناوچەکانی کرمان و تادەگاتە تورکستان، پاشان موسڵمانان بەتەواوەتی دەسەڵاتیان لە هیندستاندا گرتە دەست لە رێگایی سەرکردەی گەورە و داد پەروەر سوڵطان محمودی غەزنەوی – ڕەحمەتی خوای لێبێت- بە ئیسلام فەڕمانڕەوای کرد، بێ ئەوەی هیچ کەسێك لە خەڵکی هیندستان بەزۆر موسڵمان بکات .. وازی لە خەڵکی هیندستان هێنا بە ئازادی پیادەی ئاینی خۆیان بکەن ..زۆربەیان لەسەر ئاینی باوباپیری خۆیان مانەوە، وەك ئاینی هندۆس و بوزی و بەرهەمی، هیندستان لەوکاتەوە لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوای موسڵماناندا بوو تا هاتنی داگیرکەری بەریتانی کە بەئاگرو ئاسن حوکمی کرد لە ڕێگای کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هیندستانەوە .
گومانی تێدا نیە موسڵمانان باشترین بەرگریان کرد لە خاک و دینیان دژی داگیرکەری بەریتانی، دوای ئەوەی بەریتانیەکان تێگەیشتن لەوەی کە ئاینی ئیسلام هۆکاری سەرەکیی و بنەمای هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی ناو هیندستانە دژی داگیرکەری بەریتانی، دوای لێکۆڵینەوە و لێووردبونەوە لە بیروباوەڕی ئیسلامی .. وویستی ئەم بیروباوەڕە بشێوێنێت بە هەر شێوەیەك بووە، کێشە لە نێوانی موسڵمانان دروست بکات و نفوزی موسڵمانان لە ناوچەکەدا لاواز بکات، پاشان ئیدارەی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ئەو ووڵاتەدا هەڵسا بە هاندانی بیروباوەڕی دەستکاریکراو زشت لەناو شەریعەتی ئیسلامیدا.. کتێبیان دروست دەکرد بە ساختە و هەموو جۆرە قسەیەکی بێماناو خورافیان تێدا بڵاودەکردەوە، بەردەوام خەریکی ئەم کارانە بوون تاگەیشتە ئەوەی گروپێك دروست بکەن بەناوی بانگەوازی قادیانی.
قادیانی چییە؟
دێیەك هەیە ناوی- قادیانە- لە – بنجابی- ئێستای پاکستان، پیاوێك لە دایك بوو بەناوی غوڵام ئەحمەدی قادیانی لە ساڵ (١٨٣٩) زاینی.. بەرانبەر(١٢٦٥)کۆچی ئەم کەسە دامەزرێنەری ئەم گروپەیە بەناوی قادیانی یاخود ئەحمەدی..
ئەم پیاوە کە ناوی ئەحمەد قادیانیە لە خێزانێکی بەناوبانگ لە ناوچەکەدا کە ناسیویانن بە خیانەت و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ ئینگلیزدا، بەوە ناسروا بوون کە هەمیشە خیانەتیان لە دینو نیشتیمانیان کردوە، غوڵام ئەحمەد لە ناو ئەم خێزانەدا ئینگلیز هەڵیبژاردو پەروەردەی کرد لەناو خەڵکیدا گەورەکراو تا موسڵمانانی لێکۆبوویەوە سەرەتا بەناوی جیهاد و دژی داگیر کەرو دوای دەرکەوت کە بەریتانیا دەستی خێری زۆری هەبووە بۆ خانەوادەکەی و دوای دەرکەوت خۆی وەلائی هەیە بۆ ئینگلیز.. خەڵکیش ئەیناسی کە پیاوێکی مەزاجی و نەخۆشە و پاشان ئالودەیە (مودمینە) بە مادە هۆشبەرەکان.
سەرەتا غوڵام ئەحمەد دەستی کرد بە بانگەوازی ئیسلام و بەرگریکردن لە ئیسلام ئەوەی قسەی بە ئیسلام دەوت یاخود دەیوست رووبەڕوی ئیسلام بوەستێتەوە بە شێوەیەکی زۆر توند رووبەڕوی دەبوویەوە.. ئەحەمەد قادیانی بەم شێوەیە بەردەوام بووە لەبانگەواز کردنی بۆ ئیسلام تا ماوەیەکی زەمەنی دورودرێژ، لەناوچەی خۆیدا زۆر خۆشەویست بوو ، خەڵکی لە دەوری کۆبوییەوە، ئینجا دوای ئەوە ووتی من ئیلهامم بۆدێت لای خواوە..! بەردەوام لە ناو خەڵکیدا خۆی و ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون دەیان ووت ئەحمەد قادیانی نوێکەرەوەی دینە، هاتنی ئەحمەد قادیان لەم سەدەیەدا ئەو موجەددیدە، پاشان بەوەوە نەوەستا قادیانی ناوی لە خۆینا مەهدی چاوەڕوانکراو(مهدي المنتظر) بەم ناوەشەوە بانگەوازێکی قادیانی بوو بۆ ناوشیعەکان.!
هەروەها ئەحمەد قادیانی بەم رەفتارو کردارانەیەوە نەوەستا پلانی دانا بۆ ئەوەی بگاتە ئەوەی بڵێت : ڕۆحی مەسیح – سەلامی خوای لێبێت- تێكەڵ بووە بەلاشەم .. جا-لێکۆڵەرەوان پێیان وایە ئەم پیلانە کە ئینگلیز کێشاوییەتی، پاشان بانگەشەی ئەوەی کرد کە شوێن ڕۆحی پێغەمبەری خوا – صلی اللە علیەوسلم – کەوتوەو تا تێکەڵ ببێت بە رۆحی غوڵام ئەحمەدی قادیانی.
بیروباوەڕی قادیانی..
قادیانیەکان بیروباوەڕیان وایە خوا بەرۆژوو دەبێت و نوێژیش دەکات، ئەخەوێت و لەخەو هەڵدەستێت، پاشان دەڵێن خوا دەخوێنێتەوە و دەنوسێت – پەنا دەگرم بە خوای موتەعال لە و قسە بێمانایانەی دەیکەن- ئەحمەد قادیانی بە ئاشکرا ڕایگەیاند خوا ئینگلیزیەو بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکات و بانگی خەڵکی دەکات.!!
هەروەها قادیانیەکان پێیان وایە: – کە لەدوای پێغەمبەری ئازیزمان صلی اللە علیە وسلم پێغەمبەری تر دێت، واتا محمد صلی اللە علیە وسلم..خاتەمی پێغەمبەران نیە ، بەڵکو بەردەوام پێغەمبەر دێت، بیروباوەڕیان وایە: خوای گەورە پێغەمبەر دەنێرێت بە گوێرەی پێداویستی، پاشان غوڵام ئەحمەد باشترین پێغەمبەرە لە ناو هەموو پیغەمبەرەکاندا..!
پاشان جوبریل سەلامی خوای لێبێت هاتوە بۆلای غوڵام ئەحمەد قادیانی، پاشان وەحی بۆ هاتووە لە لایەن پەروەردگارەوە، پاشان وەحی یەکەی وەك قورئان بووە، بەڵام ئەو ناوی ناوە بە کیتاب وموبین(كتاب المبين).
پاشان پێغەمبەرەکەیان لە قادیانەوە وەحی بۆ هاتووە ئەو دێیە کە ناوی قادیانە وەك مەککە و مەدینە وایە ، بەڵکو فەزڵی زیاتریشە، خاکەکەشی خاکێکی حەرام کراوە، واتا دەبێت بە ئیحرامەوە خەڵكی بچێتە ناوی.. قیبلەیە و بۆ کاتی حەج دەبێت روو لەوێ بکەن، هەرکەس شوێنی قادیانی نەکەوێت ئەوا کافرە.
پاشان ئامانجی بنەڕەتی لەم هەموو گوفتارو رەفتارانەی غوڵام ئەحمەد.. کە هەر لەسەرەتاوە داگیرکەری بەریتانی پشتگیری لێکردوە هەموو سەروەتو سامانێکی خستۆتە بەردەستی، لەبەر ئەوە بوو کە جیهادی حەرام کرد و جیهاد حەرامە لە ناو ئاینی قادیانیدا، داوا دەکات بە دواکەوتنی بێ پرسیار کردن و شوێنکەوتنی ئینگلیز و دەسەڵات و حوکومەتەکەی، چونکە وا نیشانیان داوە کە بەریتانیا وەلی ئەمری موسڵمانان و قادیانیەکانە بە دەقی قورئان.
کەسایەتیە ناسراوەکانی ناو قادیانیەکان..
غوڵام ئەحمەد قادیانی لە ساڵی ١٩٠٨ز بە نەخۆشی طاعون بەهەلاکەت چووە، پاشان زۆربەی خەڵکی ئاوایەکەیان کە ناوی قادیانە بەو دەردو نەخۆشیە لە ناو چوون، وەك ئەوەی کە خوای گەورە رسوای بکات پێشتر خەڵکی لەوە دڵنیا دەکردەوە کە بە هیچ شێوەیەك ناوچەی قادیان و.. خەڵکی قادیانی توشی نەخۆشی طاعون نابن گوایە وەحی و ئیلاهی بۆ هاتوە لە لایەن خواوە لە کتێبێکیدا بە ناوای کیتاب التبلیغ باسی کردوە خوای گەورە حەرامی کردوە لەسەر خەڵکی قادیان .. کەچی خۆشی بە طاعون مرد، خوای گەورە بەدرۆی خستەوە.!
لە کتێبە بەناوبنگەکانی ئەحمەد قادیانی نوسیویەتی بریتیە لە : (كتاب التبليغ) و(كتاب تجلِّيات إلهية).
لەدوای مردنی ئەحمەد قادیانی گروپەکەی بوون بە دوو بەشەوە ؛ بەشێکیان ووتیان گوایە پێغەمبەرێکی نێراوە، کە ئەم گروپەیان درێژکراوەی قادیانیەکانن، کۆمەڵێکی تریان ووتیان ئەمانە پیاوچاکی خوایەوە وەلی خوایە ، ئەم کۆمەڵەش ناویان لێنراوە بە ئەحمەدیەکان.
پاشان دوای مردنی ئەحمەد کوڕیکی بەناوی نورەدین دوای باوکی دەسەڵاتی قادیانیەکانی گرتە دەست و خۆی ناونا بە خەلیفەی موسڵمانان و تاجی خەلافەتی بەدەستی ئینگلیز کرایە سەر، خەڵکێك لە دەروێش و موریدەکانیان شوێن نورەدین کەوتن، پاشان لە دوای خۆی نورەدین لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە کەسێکی کردە جێگری خۆی بە ناوی عەلی ڕەزا.. دوای مردنی ئەویش کەسێکی تر چووە جێگای عەلی رەزا بەناوی بەشیرئەحمەد، ئەم بەشیرە کەسێك بوو لەوانەی کە زۆر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە غوڵام ئەحمەد قادیان پێغەمبەر بووە، ئەوەی نەیوتایە پێغەمبەرە دەیگرتو زیندانی دەکرد یاخود دەیکوشت.
بەشیر کتێبێکی نوسی بە ناوی ڕاستیەکانی پێغەمبەرایەتی(حقيقة النبوة) لەو کتێبەدا باس دەکات کە غوڵام ئەحەمەد باشترین پێغەمبەری هەموو پێغەمبەرانە. نمونەی ئایەتی قورئانی هێنایەوە کە گوایە محمدیش صلی اللە علیە وسلم بڕوای وابووە کە پێغەمبەرێك دێت بەناوی ئەحمەد نمونەی ئایەتی قورئانی دێنەوە (وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِنْ بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ} [الصف: ٦).
هەروەها بۆ یەکەم جار ظەفەر خان قادیان بووە یەکەم وەزیری دەرەوەی پاکستانی دەسەڵات و پۆستو مەقامیان پێدرا لە ناو حوکومەتی پاکستانیدا، پاشان حوکومەتی پاکستانی هاوکارێکی باشی ئەم دەسەڵاتە گومڕاو سەرلێشێواوە بوو، پاشان سەنتەرێکی گەورەی تایبەتیان بۆ کرایەوە لە هەرێمی بنجاب بە ناوێکی قورئانی (وَآوَيْنَاهُمَا إِلَى رَبْوَةٍ ذَاتِ قَرَارٍ وَمَعِينٍ) المؤمنون: ٥٠.
ئەو جێگاو شوێنانەی کە قادیانیەکانی تێدا بڵاون
قادیانیەکان زۆربەیان لە هیندستانو پاکستانن، کەمێکیشیان لە ئیسرائیل و ووڵاتانی عەرەبی بڵاون، بانگەوازی قادیانیەکان و چالاکیان زۆر بەهێزو بەرفراوانە لە ئیستادا لە قارەی ئەفریقا ، هەروەها لەزۆربەی جێگاگانی تری دونیادا بەر بڵاون تەنانەت لە کوردستانیشدا بوونیان هەیە و خەڵکانێک بانگەشەو بانگەواز دەکات بۆ ئەم ئاینی قادیانیە، دیاریشە کە دەستێکی داگیرگەری لە پشتییەوەیەتی، ئەم گروپە بە دڵنیایەوە حوکومەتی ئینگلیزی سەرپەرشتی دەکات و پەروەردەیان دەکات، دامەزارندنیان لە هەموو جێگا و پۆستە حوکومەیەکاندا تەنانەت لە کۆمپانیاکاندا زوو دادەمەزرێن، زۆربەشیان وەك ئەفەسەری دەرەجەدار واتا(ظبط) لە موخابەراتەکاندا لە ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەمریکا کار دەکەن بە دڵسۆزی بۆ ئەو ووڵاتانە.
قادیانیەکان هەموو جۆرە چالاکیەك دەکەن بۆ بڵاو بوونەوەی بیروباوەڕەکەیان، بەتایبەت بەڕای ڕۆشنبیران، زۆریك لە زاناو پزیشك و ئەندازیاریان لەگەڵدایە بۆ سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی، هەروەها لە بەریتانیا خاوەنی کەناڵێکی ئاسمانین بەناوی کەناڵی ئاسمانی ئیسلامی کە ئیدارەکەی قادیانەکەیان دەیبەن بەڕێگاوە.
دەرئەنجامی باسەکەمان..
لەسەرەتایی ئەم بانگەشەیەوە زانایانی ئەهلی وسوننەت رووبەڕوی وەستانەوە هەرچی درۆو دەلەسەکانی بوو بۆ خەڵکیان شیدەکردەوە، لەبارەی ئیلاهام و وەحی..
ئەوەی کە بەرانبەر ئەم بانگەوازە پیسە وەستاییەوە “شێخ ئەبو وەفا سەنائو اللە تەیسیری” بوو کە گەورە و لێپرسراوی زانکۆی ئەهلی فەرموودە بوو لە هیندستان، داوای مونازەرەو رووبەروبوونەوەی کرد لە ئەحمەد قادیانی، دوای دانیشتنێکی دوورو درێژ هەموو بەڵگەکانی ئەحمەد قادیانی بە درۆ خستەوە، شێخ ئەبوو وەفا بە درۆزن ناساندنی هەتا مردیش خەڵکی هەر بە درۆزن ناویان دەبرد ..
لەسەر ئاساتی جەماوەریش لە پاکستان شۆڕشێك کرا لە ساڵی ١٩٥٣ز دژی ظەفەر خان کە ئەودەمە وەزیری دەرەوەی پاکستان بوو، بەوەی دەبێت لە کارەکەی لاببرێت، بەو ئیعتیبارەی قادیانیەکان کەمینەن نابێت بەسەر زۆرینەی موسڵمانان حوکم رانی بکەن.. هەر لەو شۆڕشەدا زیاد لە دە هەزار کەس شەهید کران تاکو توانیان قسەکەی خۆیان بسەپێنن بەسەر حوکومەتدا، بە لە کارلابردنی وەزیری دەرەوەی پاکاستان.
هەروەها .. مەجلیسی ئوممەتی پاکستانی هەڵسا بە سازدانی موناقەشەیەك و رووبەڕوبوونەوەیەك لەگەڵ گەورەی گروپی قادیانیەکان کەماوەی ٣٠ کاژێری خایاند، ناصر ئەحمەد دەستەوسان کەوتوبوو لەبەردەم پرسیارەکاندا توانای وەڵامدانەوەی نەبوو، ئیتر لەوێیەوە دەستەکەیان ئاشکرا بوو دەمامکییان لەسەر لاچوو بە ئاشکرا دانیان بە کوفری خۆیاندا نا هەر لەو مەجلیسەدا بەیاننامەیەك دەرکرا بەوەی کە ئەم گروپە هیچ پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نیە.. گروپێکی کافرو بێبڕوان بە ئیسلام، پاشان بە کەمینەیەک ناساندیانن وەك گروپی قادیانی لە پاکستان.
پاشان ڕابیتەی ئیسلامی جیهانی لە کۆنگرەیەکی بەرفراوانیدا لە ساڵی ١٩٧٤ز لەشاری مککەی پیرۆز کە نوێنەری هەموو ووڵاتانی ئیسلامی تێدابوو، لەو کۆنگرەیەدا بە ئاشکراو بێپەردە و بە راشکاوانە ئەم گروپەیان کافر کردو ووتیان هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە لە ئیسلام دەریانکردن.. بە کۆڕایی زانایانی هەموو جیهانی ئیسلامی، بەڵکو داواکرا بەوەی کە هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکرێت و تەنانەت نابێت لە گۆڕستانی موسڵماناندا مردوویان بنێژرێت..
گومانی تێدانیە ئەوەی کە قادیانیەکان دەیڵێن ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە کە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی- صلی اللە علیە وسلم- وەیاخود ئەوەی موسڵمانان لەسەری کۆبونەتەوە کە بە ئوومەتی موحمەد هەژمارد دەکرێن، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەو بانگەشە شازەی کەبانگەشەی بۆ دەکات گوایە مەسیحی کوڕی مەریەمە..! یەکێك لەو بانگەشانەی کە دەیکرد حوکومەتی ئینگلیز هاوکاری دەکرد، گوایە ئەم یەکێك لە موعجیزەکانی ئەوەیە کە ڕۆژ دەگیرێت یاخود مانگ دەگیرێت، لەکاتیكدا ئەوە بۆ ماوەی دوو سەدەیە زانایان زۆر بەئاسانی دەزانن ئەو حاڵەتە کەی روو ئەدات.
سەرچاوە : قصة الاسلام/بةسوباسةوة وةركيراوة

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …