Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە}

بەنموونە

ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح

بەشی یەکەم: بنی قینقاع

     کاتێک پێغەمبەرﷺ کۆچی کرد بۆ مەدینە هەوڵیدا بە ئاشتی و تەبایی ژیانی لەگەڵ جوولەکەکان بەرسەر بەرێ، موسوڵمانەکان هیچ کاتێک بیریان لەوە نەدەکردەوە لەگەڵ جوولەکەکان تێک بچن و پەیمان بشکێنن و لەوڵات دەریان بکەن،  پەیمانێکیش لە نێوانیان دابوو کە: هەر دوژمنێک هاتە سەر مەدینە هەردوو لا پارێزگاری لە شار بکەرن، هەردوولا ناپاکی نەکەن و دەستدرێژی نەکەنە سەریەکتر، هەردوولا بە ئازادی پەیڕەوی ئاینی خۆیان بکەن، بەڵکوموسوڵمانەکان  چاوەڕوانی پشتیوانی بوون لەلایەن جوولەکەکانەوە بۆ شەڕی بتپەرستان، چونکە جوولەکەکان بەگوێرەی ئەو کتێبانەی هەیانبوو دەبوایە باوەڕ بە پێغەمبەرﷺ بهێنن و ئیسلام بەڕاست بزانن.

     ئیبنو ئیسحاق دەگێڕێتەوە دەفەرموێ: (ئەوەی هانی داین بۆ ئیسلام بوونمان دوای ڕەحمەت و ڕێنمویی خوا ئەو قسانەبوو کە لە جوولەکەکان دەمانبیست، چونکە ئێمە کەسانێکی موشریک بوین و بتمان دەپەرست، بەڵام ئەوان کەسانێکی خاوەن زانست و ئەهلی کیتاب بوون، ئێمە هەندێ جار ئەگەر زیانمان پێ بگەیاندنایە یاخود بەسەریاندا سەربکەوتینایە پێیان دەوتین: نزیکە کاتی هاتنی پێغەمبەرێک  و ئێمە لەگەڵ ئەو پێغەمبەرەدا بەو دەردەتان دەبەین کە خوای گەورە قەومی عادو ئیرەمی پێ لەناو بردووە, خوای گەورە پێغەرێکی لەقوڕەش نارد باوەڕمان پێکرد)، هەڵبەتە ئەمە بەچەندین گێرانەوەی دیکەش هاتووە.

     جوولەکەکان هەڕەشەیان لەعەرەبەکان دەکرد، بەڵام کە پێغەمبەرﷺ هات بێ باوەڕبون و باوەڕیان پێ نەهێنا، ڕوانینیان زۆر خراپ بوو بەرامبەر موسوڵمانان، موسوڵمانان خەریکی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و دژایەتی بتپەرستی بوون، جوولەکەش خەریکی کاول کردن و بە پڕوپاگەندە یارمەتی بت پەرستانیان دەدا، هەمیشە توانج و قسەی ناشیرینیان بەرانبەر موسوڵمانەکان بەکار دەهێنا. سەرەتا هەوڵیاندا برایەتی نێوان ئەوس و غەزرەج تێک بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش کابرایەکی جولەکە کەبینی ئەوس و خەزرەج نێوانیان خۆشە کە پێشتر ناکۆکی لە نێوانیان هەبوو، زۆری پێ ناخۆش بوو فەرمانی بەگەنجێکی جوولەکە دا بچێتە لایان و باسی جەنگی بوعاثیان (دواجەنگی نێوان ئەوس و خەزرەوج بوو) بۆبکا، ئەو شیعرانەیان بۆ بخوێنێتەوە کە بەیەکتریان وتبوو، ئەوەبوو گەنجەکە باسەکەی دەرخست و ئەوانیش دەستیان کرد بە بەرگری و شانازی تاوەکو یەکێکیان توڕەبوو وتیی: ئامادەیە بۆ جەنگ، ئەم هەواڵە گەیشتە  پێغەمبەرﷺ فەرمووی: ئەی کۆمەڵی موسوڵمانان ئایا لەکاتێکدا کەمن وام لەنێوتاندا بانگی نەفامی بەرزدەکەنەوە، دوای ئەوەی خوای گەورە بە ناردنی ئیسلام ڕێزی لێگرتن و، لە ڕێبازی نەفامی لایدان و دڵ و دەروونتانی بەیەکەوە بەست، دەگەڕێنەوە سەر کافرێتی؟

     یەکەم خیانەتی جولەکەش بەرامبەر موسوڵمانان لەلایەن جوولەکەکانی (بنى قينقاع)ەوە بوو، کە لەهەموان شەڕەنگێزتربوون وهۆزێکی جولەکەی نیشتەجێبووی گەڕەکی (بنی قینقاع) لەقەراغ شاری مەدینە بوون، بە زەڕەنگەری و ئاسنگەری و دروستکردنی قاپ و قاچاغەوە خەریک بون و خاوەنی کەلوپەلی جەنگیش بوون. پێغەمبەرﷺ پەیمانی لەگەڵدا مۆرکردن، کە بەهەموویان بەرگری لەمەدینە بکەن و هاوکاری یەکتری بکەن لەشتی باشدا.

     ئەم هۆزە لە هەموو کەس زیاتر دوژمنی ئیسلام بوون،  کاری خراپ و گاڵتەو گەپ و سوکایەتیان بەرانبەرب ئیسلام و پێغەمبەرﷺ لەزیادبوندا بوو، ئەوەبوو پەیمانی خۆیان لەگەڵ پێغەمبەرﷺ هەڵوەشاندەوەو  پابەندنەبوونی خۆیان ڕاگەیاند بە یاساو بڕیارنامەکەی شاری مەدینە کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوەن لەگەڵ موسوڵمانان و هەموو لایەنەکانی شاری مەدینە.

     دوای سەرکەوتنی موسوڵمانەکان لە شەڕی بەدر جوولەکەکانی (بنی قینقاع) ڕق و قینیان بەرانبەر موسوڵمانەکان ئاشکراکرد و بەئاشکرایی دوژمنایەتی موسوڵمانانیان دەکرد، لە دیارترینیان (عەبدوڵای کوڕی صوریا، زەیدی کوڕی لوسەید، سەعدی کوڕی حونەیف، عوزەیفەی کوڕی ئەبو عوزەیر، سوەیدەی کوڕی حارث، هتد..)، ئەمەش وایکرد پێغەمبەرﷺ لە بازاڕ خەڵکێکی لەتیرەی (بنی قینقاع) کۆکردەوەو پێی فەرموون: {یا معشر یهود احذروا من اللە مثل ما نزل بقريش من النقمة وأسلمو، فإنكم قد عرفتم أني نبي مرسل، تجدون ذلك في كتابكم وعهد الله إليكم} واتە: ئەی کۆمەڵەی جوولەکە لەخوا بترسێن، وەک ئەوەی بەسەر قوڕەیشی هێناو موسوڵمان بن، ئێوە دەزانن من پێغەمبەری خوام و، ئەوەیش دەبینن لەو کتێبەدا کە خوا بۆی ناردوون و، ئەو پەیمانەی لێ وەرگرتوون.

     ئەوانیش لەوەڵامدا وتیان: نەخێر تۆ پێغەمبەری خوانی و ئیمانت پێ ناهێنین، تەناتەت  هەڕەشەیان لێکرد و  بێ منەتیان کردو پێیان وت: ئەی موحەمەد بەوە هەڵمەخەڵەتێ کەجەنگت لەگەڵ کەسانێکی نەشارەزا کرد، شارەزای جەنگ نەبوون، هەلێکت بۆ ڕێککەوت سەرکەوتی، ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێمەی بکەی دەزانیت کە بەڕاستی جەنگاوەرین

هۆکاری سەرەکی ڕووداوی دەرکرانی تیرەی (بنی قینقاع) ئەوەبوو، ئافرەتێکی موسوڵمان دەچێ بۆ بازاڕی (بنی قینقاع) بۆ ئەوەی شت بفرۆشێ، دوای ئەوەی شتەکەی دەفرۆشێ، دەچێتە لای زێڕنگرێک دادەنیشێ، سەرەتا جوولەکەکان دەیانەوێ ئەم ژنە دەموچاوی دەربخات بەڵام دەری ناخات، پاشان زێڕنگرەکە دامێنی کراسی ئافرەتەکە لەپشتەوەڕا  لەپشتی گرێ دەدادەرەوە، بەبێ ئەوەی ئافرەتەکە بزانێ و هەستی پێبکا، کاتێک ئافرەتەکە کاری لای زێڕنگرەکە تەواو دەبێ هەڵدەسێ و ڕانی بەدەر دەکەوێ، زۆر پێی سەغڵەت دەبێ و هاواردکا: ئەی موسوڵمانینە فریام بکەون ئەوانە سوکایەتیم پێ دەکەن، پیاوێکی موسوڵمان پەلاماری زێڕینگرەکەی داو کوشتی، جوولەکەکانیش پەلاماری موسوڵمانەکان داو کوشتیان، ئەم ڕوداوە لە ناوەڕاستی مانگی شەشەڵانی ساڵی دووەمی کۆچی بووە.

     کاتێک هەواڵەکە دەگاتە پێغەمبەرﷺ سوپایەک ئامادە دەکات و موسوڵمانان هێرشیان کردنە سەر، لەشکری موسوڵمانەکان لە موهاجیرو ئەنصار پێک هاتبوو، ئیمام  (حمزە)ش ئاڵای جەنگی هەڵگرتبوو، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی شەڕکەرانی جوولەکەی (بنی قینقاع) حەوتسەد کەس بوون، بەڵام جوولەکەکان لەو ڕوو بەڕوو بونەوە ترسان و چونە ناو قەڵاکانیان، موسوڵمانان بۆماوەی پانزە ڕۆژ گەمارۆیان دان، ئینجا ئەوان بەحوکمی پێغەمبەرﷺ ڕازی بوون و خۆیان تەسلیم کرد.

     شیاوی باسە کە (بنی قینقاع) هاوپەیمان بوون لەگەڵ (خەزرەجییەکان)، کە ئەوانیش دوو ڕیش سپیان هەبوون (عبادە بن الصامت) و (عبداللە  بن أبی  بن سلول) کەئەمەیان سەرۆکی مونافیقەکانی مەدینە بوو، کەوتەپارێزگاری کردن لێیان و وتی: چاک بە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانەمدا، پێغەمبەرﷺ وەڵامی نەدایەوە، دووبارە وتی: پێغەمبەر ڕووی کرد بەولادا، پاشان عبدللە دەستی خستە بەر پشتێنیەوە، پێغەمبەر فەرمووی: بەرمهەڵدە، ئەویش وتی وەڵا بەرت هەڵنادەم تا چاک نەبیت لەگەڵ ئەم هاوپەیمانانەمدا. ئاخر ئەوانە هاوپەیمانی من بوون و بەرگریان لەمن کردووە، چوارسەد کەسی زرێدارو سێ سەد کەسی بێ زرێ، داوات لێدەکەم پێمیان ببەخشی، پێغەمبەریش ﷺ فەرمووی: ئەوان هەموو بۆ تۆ.

ئنجا لەکاتێکدا کە (عبداللە  بن أبی  بن سلول) چوە دیفاع لەو جوولەکانە بکات، (عبادە بن الصامت)یش دەچێ بۆ خزمەت پێغەمبەرو دەڵێ: ئەی پێغەمبەری خوا! من لەگەڵ ئەوانەدا هاوپەیمان بووم، بەڵام ئەوە من دۆستایەتی خواو پێغەمبەری خواو ئەهلی ئیمان دەکەم، لە دۆستایەتی و کۆمەکی کردنی (بنی قینقاع) بەرییم، چونکە خیانەتیان کرد لەو پەیمانەی بە پێغەمەبەریان دابوو. بەو بۆنەیەوە خوا فەرمووی:{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْيَهُودَ وَالنَّصَارَىٰ أَوْلِيَاءَ ۘ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ ۚ وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ مِنْكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ﴿٥١﴾} المائدة.

واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە جوولەکەو نەصڕانییەکان مەگرن بە دۆست و پشتیوانی خۆتان، لەحاڵێکدا کە ئەوان هەندێکیان دۆست و پشتیوانی هەندێکیانن و، هەرکەسێک لە ئێوە وابکا، ئەوە لەوانە ( لەبازنەی ئیسلام دەچێتە دەر) بێگومان خوا ستەمکاران ڕاستەڕێ ناکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی (عبادە) ئەم چەند ئایەتە پیرۆزە دابەزی: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا مَنْ يَرْتَدَّ مِنْكُمْ عَنْ دِينِهِ فَسَوْفَ يَأْتِي اللَّهُ بِقَوْمٍ يُحِبُّهُمْ وَيُحِبُّونَهُ أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ يُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلَا يَخَافُونَ لَوْمَةَ لَائِمٍ ۚ ذَٰلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ ۚ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ ﴿٥٤﴾إِنَّمَا وَلِيُّكُمُ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَالَّذِينَ آمَنُوا الَّذِينَ يُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَهُمْ رَاكِعُونَ ﴿٥٥﴾وَمَنْ يَتَوَلَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالَّذِينَ آمَنُوا فَإِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْغَالِبُونَ ﴿٥٦﴾}

     واتە: ئەی ئیماندارینە! هەرکەسێک لە ئێوە لەدینەکەی پاشگەز ببێتەوە،{وەک (عبداللە بن أبی)ە، کە ئەگەر ئیمان و دینیشی هەبووبێ، بەوە کە دۆستایەتی گرتووە لەگەڵ جوولەکەو نەصرانییەکاندا و کەین و بەینی لەگەڵیاندا هەبووەو، پشتگیریی کردون و بەتەنگیانەوە بووەو خۆشیویستوون، لەبازنەی ئیسلام چۆتە دەرو، ئیمانەکەی هەڵوەشاوەتەوە} ئەوە خوا کەسانێک دێنێ: خۆشیدەوێن و خۆشیان دەوێ، لەگەڵ ئەهلی ئیمان نەرمو نیان و لەگەڵ کافراندا توندن، لەڕێی خوا جیهاد دەکەن و، لە لۆمەی لۆمەکاران ناترسێن، ئەوەش بەخششی خوایە، دەیدا بەهەرکەسێ، بیەوێ، بێگومان خوا خاوەنی بەخششی فراوانەو زانایە، بێگومان دۆست و پشتیوانی ئێوە تەنها خوایە، پاشان پێغەمبەرەکەی، دوایی ئەهلی ئیمانە، ئەوانەی نوێژ بەرپا دەکەن و، زەکات دەدەن و، ڕکووع بەرن، هەرکەسێکیش دۆستایەتی خواو، پێغەمبەری خواو ئەهلی ئیمان بکات، ئەوە حیزبی خوایە، بێگومان کۆمەڵی خواش زاڵ و سەرکەوتوون.

بەشی دووەم: بنی النضیر

     جوولەکەکان هەرچەندە پەیمانیشیان لەگەڵ موسوڵماناندا هەبوو، بەڵام بەردەوام خەریکی دژایەتی ئیسلام و موسوڵمانان و فڕوفێڵ و ئازاردانیان بوون، بە پلان نانەوە لە دژیان.

     جێ ماڵەکانی (بنی النضیر) سێ میل لە مەدینە دوور بوو، دوای ڕوووبەڕووبوونەوە لەگەڵ (بنی قینقاع) داو کوژرانی (کعبن بن الاشرف) جوولەکەکان ترسان و تۆزێک لە دژایەتییکردنیان گرتەوە، بەڵام دوای ئەوەی شکستی موسوڵمانەکانیان لە جەنگی ئوحوددا بینی، کەمێک ورەیان هاتەوەبەرو وەک موشریکەکان و دووڕووەکان بۆهەلێک دەگەڕان تاوەکو زەبری کۆتایی بگەیەننە موسوڵمانان، (بنی النضير) کەوتنە خۆ پڕچەککردن و خۆ قایم کردن و ئامادەباشی بۆ پەلاماردانی موسوڵمانان و پلانگێڕی و دەستکردنەوە بە غەدرو فێڵ لەدژی موسوڵمانان و پەیوەندی بەستن لەگەڵ مونافیقەکانی مەدینەو موشریکەکانی مەککە، ئاگادارکردنەوەیان لە خاڵە لاوازەکانی موسوڵمانان.

     ئەم مەرامەشیان دوای ڕوداوی دڵتەزێنی (الرجیع و بئر المعونە) زیاتر پەرەی سەندو زیاتر دەستیان بەدژایەتی کرد تا وایلێهات ویستیان پێغەمبەریش ﷺ شەهید بکەن. لە دیارترینیان (حویەی کوڕی ئەخطەب، سەلامی کوڕی موشکیم، ئەبو یاسری کوڕی ئەخطەب،..هتد)

     سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی (بنی النضير) دوای ئەوەی (عمرو بن أمیە) دوو کەسی لە (بنی عامر) کوشت کە پێغەمبەر ﷺ پەیمانی لەگەڵ هەبوون و فەرمووی: دوو پیاوت کوشتون دەبێ من خوێنەکەیان بدەم، بۆ ئەم مەبەستە پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هەندێک لەهاوەڵانیدا کە ئەبوبەکرو عومەرو عەلیان لەناودابوو، چونە لای (بنی النضیر) تاوەکو هاوکاری بکەن بۆ دانی خوێنی ئەو دوو کەسە، چوونکە (بنی النضير) لەگەڵ (بنی عامر) هاوپەیمان بوون.

     کاتێک پێغەمبەر ﷺ چووە لایان، جوولەکەکانی (بنی النضير) پێشوازیان لێکرد و پێییان گوت: ئەی (أبا قاسم) بۆچی هاتویت؟ پێغەمبەریش ﷺ پێی فەرموون: پیاوێک لەهاوەڵانم دوو پیاوی لە کیلاب یاخود بەنی عامر کوشتووە، کە پێشتر پەنادرابون لەلایەن منەوە، لەمن داواکراوە کە پارەی خوێنی هەردوکیان بدەم، دەمەوێت ئێوەش لەمەدا کۆمەکیم بکەن. ئەوەبو (بنی النضير) بە پێغەمبەریان گوت: بەڵێ ئەی (أبا قاسم) تۆ چی بڵێی ئێمە ئەوە دەکەین، دابنیشە تا پێوسیتیەکت بۆدابین بکەین و نان بخۆیت لامان و ئێمەش ڕاوێژی ناو خۆمان بکەین، ئەمەش لەکاتیكدا بووهەندێکیان فێڵ و تەڵە و پلانی ئەوەیان دادەڕشت کە پێغەمبەر ﷺ لەناوبەرن.

     پێغەمبەرو ئەو هاوەڵانەی لەگەڵیدا بوون لەژێر سێبەری دیوارێک دانیشتن کە لای ڕاستی  ئەبوبەکرو  لای چەپی عومەرو عەلیش لە بەرانبەری دانیشت، چاوەڕانی ئەوانیان دەکرد، هەندێک لە جوولەکەکانی (بنی النضیر) وتیان:  جارێکیتر ئێمە موحەمەدمان ئاوا بۆ هەڵناکەوێتەوە،  هیچ کاتێک ئەوەندە لێمان نزیک نابێت تا لەناوی بەرین و بحەوێینەوەو ئەم بەڵایەمان لەسەر لابچێت و بێ ترس ژیان بەسەر بەرین، کێ دەتوانێ سەرکەوێتە سەر ئەوبانەو تاشە بەردێک بەسەر پێغەمبەردا بەرداتەوەو بیکوژێ؟ ڕزگارمان بکات لەدەستی…..؟

     جا (عمرو  بن جحاش) وتی: من دەچمە سەربانی ئەوماڵەو تاشە بەردێکی بەسەردا دەدەم،  چوو بۆئەوەی ئەم کارەبکات، خوای گەورە  پێغەمبەری ﷺ لەفێڵ و تەڵەی جوولەکەکان ئاگادارکردەوە ، پێغەمبەر ﷺ یەکسەر لەو شوێنە هەڵساو گەڕایەوە بۆ مەدینە،  جوولەکەکان وتیان: محمد پەلەی کردو چاوەڕێی نەکردین تا ئەوەی بۆی هاتبوو بۆی جێبەجێ بکەین، دوای ڕۆیشتنی پێغەمبەر ﷺ هاوەڵانی دوایکەوتن پێیان گوت: بۆوا خێرا لەو شوێنە هەڵسای و ئێمە نەمانزانی؟  ئەویش فەرمووی: پلانێکی ئاوایان بەدەستەوە بوو. دوای ئەوەی پلانەکەیان ئاشکرابوو، خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەر ﷺ کرد تاوەکو لەگەڵیان بجەنگێ و لەمەدینە دەریان بکات، پێغەمبەر ﷺ صەحابەیەکی ناردە لای جوولەکەکان و فەرمووی: لەبەر ئەوەی ویستوتانە ئەو تاوانە گەورەیە ئەنجام بدەن، پێویستە تا (١٠) ڕۆژی تر لەشاری مەدینە بڕۆنە دەرەوە، ئاگاداریشی کردنەوە دوای ئەو ماوەیە هەرکامێکتان بمێننەوە خوێنی حەڵاڵە، جا جوولەکەکان خۆیان ئامادەکرد لە مەدینە بڕۆنە دەرەوە، بەڵام (عبداللە بن سلول) سەرۆکی مونافیقەکانی مەدینە، وەڵامیان بۆ دەنێرێ: ئێمەلەگەڵتانین و لەسەرتان دەکەینەوەو شەڕتان لەسەر دەکەین، مەڕۆنە دەرەوەو هەر لەقەڵایەکانی خۆتاندا بمێننەوە.

     سەرکردەی جوولەکە ئەوڕۆژە (حیی بن الاخطب) بوو، جا جوولەکەکان ورەیان بەرزبۆوەو شەیتان خەیاڵی سەرکەوتنی خستە دڵیان گوتیان: ئێمە لەوڵاتی خۆمان ناچینە دەرە ئەگەر بجەنگیت لەگەڵماندا ئێمە لەگەڵت دەجەنگین، دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی کە پێغەمبەر ﷺ بۆی دانابوون تەواو بوو، فەرمانیدا چەک هەڵبگرن و خۆیان بۆ جەنگ ئامادەبکەن لەگەڵ جوولەکەکانی (بنی النضیر)، ئەمەش لە مانگی (ربیع الاول) ساڵی چوارەمی کۆچیدابوو، پێغەمبەری خوا ﷺ هێرش دەکاتە سەریان و جوولەکەکان خۆیان لەنێو خانو و قەڵاکانیان قایم کردبوو. پێغەمبەر ﷺ بۆ ماوەی شەش ڕۆژان ئابڵوقەی دان، بۆ ئەوەی ورەیان بڕوخێ و شوێنەکە بەبێ شەڕ بەجێ بهێڵن، پاشان پێغەمبەر ﷺ بەڕێنمایی خوا فەرمانی بەهاوەڵاندا هەندێک لە دارخورماکانیان ببڕن و بیسوتێنن، جا جوولەکەکان وتیان: هۆ محمد تۆ وێرانکاری قەدەغەدەکەی، ئەی بۆچی ئەم دارخورمایانە دەبڕی و دەنایسوتێنی، دوای ئەوە جوولەکەکان ورەیان دابەزی و (عبداللە بن سلول)  یامەرتی نەدان، داوایان لە پێغەمبەر کرد ڕێیان بدات لە مەدینە بڕۆن، پێغەمبەری خواش ﷺ ڕێی دان، تەنها باری حوشترێک لەگەڵ خۆیان بباو بڕوا، چەک و کەلوپەلی جەنگیش هەمووی بەجێ بێڵن.

     ئەوانیش پێش ڕۆشتنیان بەدەستی خۆیان زۆر لە خانوەکانی خۆیان ڕوخاند، ڕۆیشتن بۆ خەیبەرو هەندێکیش بۆ شام، تەنها دوو پیاویان موسوڵمان بوون، ئەوانیش (یامین بن عمیر- ابو سعید بن وهب) بوون، پێغەمبەریش ﷺ موڵک و ماڵی جوولەکەکان تایبەت بەخۆی بوو بەسەر موهاجیرەکاندا دابەشکرد، لەژێر دارخورماو باخەکانیاندا کشتوکاڵ دەکرا، ساڵانە لەو کشتوکاڵە قوتی ماڵ و منداڵ دابین دەکران، زیادەکەش بۆ چەک و پێداویستی جەنگی خەرج دەکرا.

     ئەم ڕاگواستنە بووە هۆی شکاندنی وەرەو هێزی جولەکەکان و دووڕووەکان لە شاری مەدینە، (بنی القیرظە) ی بناچارکرد پەیمان لەگەڵ موسوڵمانان تازە بکەنەوە، دووڕوەکانیش بەڵێنی خۆیان بەجێ نەنهێاو جوولەکەکانیش بۆیان ڕوونبوویەوە نابێت چیتر پشت بە دووڕووەکان ببەستن.

     چەند ئایەتێکی سەرەتای سوڕەتی (الحشر) تایبەت بەم ڕووداوەی دەرکردنی (بنی النضیر) دابەزی وەک دەفەرموێ {هُوَ الَّذِي أَخْرَجَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِنْ دِيَارِهِمْ لِأَوَّلِ الْحَشْرِ ۚ مَا ظَنَنْتُمْ أَنْ يَخْرُجُوا ۖ وَظَنُّوا أَنَّهُمْ مَانِعَتُهُمْ حُصُونُهُمْ مِنَ اللَّهِ فَأَتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ حَيْثُ لَمْ يَحْتَسِبُوا ۖ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ ۚ يُخْرِبُونَ بُيُوتَهُمْ بِأَيْدِيهِمْ وَأَيْدِي الْمُؤْمِنِينَ فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ ﴿٢﴾ وَلَوْلَا أَنْ كَتَبَ اللَّهُ عَلَيْهِمُ الْجَلَاءَ لَعَذَّبَهُمْ فِي الدُّنْيَا ۖ وَلَهُمْ فِي الْآخِرَةِ عَذَابُ النَّارِ ﴿٣﴾ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ شَاقُّوا اللَّهَ وَرَسُولَهُ ۖ وَمَنْ يُشَاقِّ اللَّهَ فَإِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ ﴿٤﴾ مَا قَطَعْتُمْ مِنْ لِينَةٍ أَوْ تَرَكْتُمُوهَا قَائِمَةً عَلَىٰ أُصُولِهَا فَبِإِذْنِ اللَّهِ وَلِيُخْزِيَ الْفَاسِقِينَ ﴿٥﴾}

     واتە: ئه‌و خوایه ئه‌و زاته‌یه‌، ئه‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون له خاوه‌نانی کتێب، هه‌ڵیکه‌ندن له شوێنه‌واریان و ناچاری کۆچی کردن له یه‌که‌م ده‌ست پێکردنی کۆکردنه‌وه‌و ده‌رکردنیاندا، ئێوه به‌ته‌ما نه‌بوون و گومانتان نه‌ده‌برد ئاوا به‌ئاسانی بڕۆن، ئه‌وانیش گومانیان وابوو که به‌ڕاستی قه‌ڵاکانیان به‌رگریان ده‌کات له ویست و فه‌رمانی خوا، ئه‌وسا ئیتر له لا‌یه‌که‌وه خوا به‌ڵای به‌سه‌ر هێنان که به‌خه‌یاڵیاندا نه‌هاتبوون و حسابیان بۆ نه‌کردبوو، ئه‌وسا خوا ترسێکی فڕێدایه دڵیانه‌وه‌، به‌ناچاری ده‌ستیان کرد به‌کاولکردنی خانووبه‌ره‌و ماڵه‌کانیان به‌ده‌ستی خۆیان و ده‌ستی ئیمانداران، که‌واته‌: ئه‌ی خاوه‌ن بیروهۆش و دوور بینه‌کان ده‌رس و په‌ندو ئامۆژگاری وه‌ربگرن (جووله‌که هه‌روا بۆیان ناچێته سه‌ر).ئه‌گه‌ر خوا چۆڵکردنی له‌سه‌ر بڕیار نه‌دانایه‌، ئه‌وه هه‌ر له دنیادا سزای ده‌دان، له قیامه‌تیشدا سزای ئاگری دۆزه‌خ بۆیان ئاماده‌یه (چو‌نکه زۆر دڵڕه‌ق و پیلانگێرن).

ئه‌و سزایه به‌هۆی ئه‌وه‌وه بوو به‌ڕاستی ئه‌وانه دوژمنایه‌تی خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان کرد، ئه‌وه‌ش دژایه‌تی ئاینی خوا بکات، با چاك بزانێت خوا سزاو تۆڵه‌ی زۆر به‌ئێش و ئازاره‌. هه‌ر دره‌ختێکی ته‌ڕتان بڕی بێت یان وازتان لێ هێنابێت و له‌سه‌ر بنجی خۆی ما بێت (له خه‌یبه‌ردا)، به‌فه‌رمانی خوا بووه و ویستی ئه‌وی له‌سه‌ره‌، تا تاوانباران و له سنوور ده‌رچووه‌کان سه‌رشۆڕ و خه‌جاڵه‌ت بکات.

بەشی سێیەم: بنی قریظە

     بۆ تێگەیشت لە هۆکاری دەرکردنی (بنی قریظە) پێویستە بۆ شەڕی خەندەق بگەڕێینەوە، چونکە هۆی ڕوودانی شەڕی خەندەق جوولەکەکان بوون، کە چوون موشریکەکانی مەککەیان هانداو بەڵێنیشیان پێدان کە پشتگیریان بکەن دژی موسوڵمانان.

     شەڕی خەندەق لە مانگی )شوال(ی ساڵی پێنجەمی کۆچی ڕویدا، هۆکارەکەی ئەوەبوە کە جوولەکەکانی (بنی النضیر) بەهۆی پەیمان شکێنی لە شوێنی خۆیان دەرکران، هەوڵی ئەوەیان دەدا تۆڵەی خۆیان لە موسوڵمانەکان بکەنەوە، ئەوەش لە ڕێگای بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی بەهاوپەیمانی لەنێوان جوولەکەکان و قوڕەیشییەکان و هۆزەکانی غەطفان. ئیبنو ئیسحاق دەڵێت: شاندێک لە کەسە باڵادەستەکانی جوولەکەکان کە پێک هاتبوون لە (سلام بن ابی حقیق النضری، هذە بن قیس الوائلی، ابو عمار، لەگەڵ چەندین کەسی تر لە (بنی النضر، بنی الوائل)، کۆمەڵەو هۆزەکانیان کۆکردەوە دژی پێغەمبەر ڕۆیشتن تاوەکو گەیشتنە لای قوڕەیشییەکان لە مەککە، زۆر هانیان دان بۆ دژایەتی پێغەمبەرو موسوڵمانان، بەیەکەوە بەسەر مەدینەدا بدەن و  موحەمەد و کۆمەڵەکەی ڕیشەکێش بکەن، قوڕەیشییەکان   پرسیاریان لە جوولەکەکان کرد: ئێوە ئەهلی کتێبن. و زانیاری وەحی و ئاسمانتان لایە، کەئێمە لامان نییە، ئایا ئاینی ئێمە باشترە یان محمد؟ وتیان: ئاینی ئێوە چاکترە لە ئاینی ئەو، لەبارەیانەوە خوای گەورە دەفەرموێ: {أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ أُوتُوا نَصِيبًا مِنَ الْكِتَابِ يُؤْمِنُونَ بِالْجِبْتِ وَالطَّاغُوتِ وَيَقُولُونَ لِلَّذِينَ كَفَرُوا هَٰؤُلَاءِ أَهْدَىٰ مِنَ الَّذِينَ آمَنُوا سَبِيلًا ﴿٥١﴾أُولَٰئِكَ الَّذِينَ لَعَنَهُمُ اللَّهُ ۖ وَمَنْ يَلْعَنِ اللَّهُ فَلَنْ تَجِدَ لَهُ نَصِيرًا ﴿٥٢﴾} النساء.

     واتە: ئایا سەرنجی ئەوانە نادەی، کە بەشێک لە کتێبی خوایان پێدراوە، ئیمان دێنن بە سەنەم و تاغوت و بە ئەوانەی کافر دەڵێن: ڕێی ئێوە چاکترە لەوانەی بڕوایان هێناوە، ئەوانە کەسانێکن خوا نەفرینی لێکردوون و هەرکەسێکیش خوا نەفرینی لێبکات هیچ پشتگیری بۆی چنگ ناکەوێ.

     سەبارەت بەو پەیمانەی کە پێغەمبەرﷺ لەوکاتەوەی تەشریفی هێنایە مەدینە لەنێوان موسوڵمانەکان و جوولەکەکاندا نوسراوێکی نوسی کە بە (پەیمانی مەدينە) ناسراوە تیایدا هاتبوو: (جولەکەکان خەرجی خۆیان هەیە موسوڵومانەکان خەرجی خۆیان هەیە، وە لە نێوانیاندا پەیمانی پشتیوانیکردن و سەرخستن هەیە، دژ بەهەرکەسێک کە جەنگ لەگەڵ خەڵکی ئەم هاوپەیەیمانییەدا بکات)، وەلە بەندێکی تردا هاتووە: (لەنێوان هەردوولادا پشتیوانی و سەرخستنی یەکتری هەیە دژ بەوکەسانەی هەڵدەکوتنە سەر شاری مەدینە، پەیمانەکەش پێوسیتی دەكات لەسەر موسوڵمانان و جوولەکەکانی (بنی القریظە) دژی هەر کەسێک بجەگن کەهێرش و پەلامار دێنێتە سەر شاری مەدینە، لەپرس و ڕاوێژی یەکتردابن، ببنە هێزێکی خۆڕاگر دژی هەر دوژمنێکی پەلاماردەر.

     لەم حاڵەتە ناسکەدا (حیی بن أخطب) کە سەرۆکی جوولەکەکانی (بنی النضیر) ی دەرکراوبوو، هاتە لای (کعب بن أسد) گەورەی جوولەکەکانی (بنی القریظە)، کە هاوپەیمانی پێغەمبەربوو، داوای لێدەکات کە پەیمانی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بشکێنێ، ئەویش دەڵێ: ماڵ وێران ئەی (حیی)  وازم لێبێنە با لەسەر بارودۆخی خۆم بەردەوام بم، چونکە تاکو ئێستا جگە لە ڕاستی و وەفاداری هیچی ترم لە محمد نەبینیوە.

     لەگێڕانەوەی دیکە هاتووە (بنی القریظە) دەرگای قەڵاکانیان داخست بەڕووی (حیی بن أخطب) چونکە بەپیاوێکی بەدو خراپیان دەزانی، پاشان  (بنی القریظە) دەرگاکەی لەسەر دەکەنەوەو ئەویش پرسیاری (کعب) دەکات، هاوسەرەکەی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت لێرە نییە، (حیی) دەڵێت: بەڵکو لەلاتەو لەسەر سفرەی نان خواردنەکەیە، نایەوێت لەو خواردنەی بەشم بدات، ئەویش دەڵێت: هاوار لەدەست تۆ(حیی) بەهیچ جۆرێک ئەو گرێبەستە هەڵناوەشێنمەوە جگە لە ڕاستی و ئەمەكرداری هیچی دیکەم لەو پیاوە نەبینیوە، (حیی) داوای دەرگا کردنەوە دەکات ئەویش لێی دەکاتەوە، کاتێک دێتە ژورەوە دەڵێت ئەی  (بنی القریظە) شکۆمەندی ڕۆژگارم بۆ هێناون، سوپایەکی بێ ئەژماری وام بۆ هێناون هیچ کەسێک ناتوانێ ڕووبەڕووی بوەستێتەوە، تا دواجار (حیی) قەناعەت بە  (کعب بن أسد) دێنێ کە پەیمانی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بشکێنێ.

     کاتێک ئەم هەواڵە بە پێغەمبەر ﷺ دەگات، (سعد بن معاذ)  و (سعد بن عبادە) ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەی ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە، ئەگەر ڕاست بوو بەئاماژە بە پێغەمبەرﷺ  ڕابگەیەنێ، ئەگەر هەواڵەکە ناڕاست بوو بەدەنگی بەرز ڕای بگەیەنێ، کاتێک چوون زانیان هەڵوێستیان خراپەو (بنی القریظە) وتیان پێغەمبەری خوا کێیە؟! ئێمە هیچ پەیمانێکمان لەگەڵ موحەمەددا نیەو چیتان لەدەست دێ بیکەن، ئێمەش چیمان لەدەست بێ دەیکەین، ئەوانیش هەواڵەکە و عەرزی پێغەمبەر ﷺ کرد و پێیان گوت: پەیمانیان شکاندووە، موسوڵمانەکان زۆریان پێ ناخۆش بوو، چونکە لە پشتی خۆیان ئەمین نەبوون کە  (بنی القریظە) لەپشتەوەی مەدینە بون و بەقەڵاو باغ و بێستان و شاخ و دارخورما گیرابوو جێگای مەترسی نەبوو، بەڵام بەم هەڵوێستەی (کعب) بارودۆخەکە گۆڕاو فشارێکی دەرونی و بارودۆخێکی نا هەموار لەسەر موسوڵمانەکان دروستبوو، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی اللە اکبر ابشر مع المسلیمن. لەوکاتەدا بوو خوای میهرەبان ئەم ئایەتانەی ناردە خوارەوە. {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا ﴿٩﴾إِذْ جَاءُوكُمْ مِنْ فَوْقِكُمْ وَمِنْ أَسْفَلَ مِنْكُمْ وَإِذْ زَاغَتِ الْأَبْصَارُ وَبَلَغَتِ الْقُلُوبُ الْحَنَاجِرَ وَتَظُنُّونَ بِاللَّهِ الظُّنُونَا ﴿١٠﴾هُنَالِكَ ابْتُلِيَ الْمُؤْمِنُونَ وَزُلْزِلُوا زِلْزَالًا شَدِيدًا ﴿١١﴾} الأحزاب.

     واتە: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیمان و باوه‌ڕتان هێناوه یادی نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له‌سه‌رتان (مه‌به‌ست جه‌نگی خه‌نده‌قه که خوای گه‌وره فریای ئیمانداران که‌وت)، کاتێك سه‌ربازانی کوفر هاتنه سه‌رتان ئێمه‌ش ڕه‌شه‌بایه‌کی به‌هێز و سه‌ربازانێکمان نارده‌سه‌ریان که نه‌تانده‌بینین، خوای گه‌وره‌بینا بوو به‌هه‌وڵ و کۆششتان (چۆن پاسه‌وانیتان ده‌کرد، چۆن ئه‌و چاڵه‌قووڵ و درێژه‌تان هه‌ڵکه‌ند هتد).

     کاتێکیش دوژمنان له‌سه‌رو خوارتانه‌وه هاتنه سه‌رتان، کاتێکیش چاوه‌کان ئه‌بله‌ق بوون، دڵه‌کان گه‌شتبوونه گه‌روو، گومانی جۆراو جۆرتان ده‌برد به‌به‌ڵێنه‌کانی خوای گه‌وره (به‌سه‌رکه‌وتنی ئیمانداران). له‌وێدا ئیمانداران تاقی کرانه‌وه و تووشی ته‌نگانه و سه‌ختیه‌کی زۆر توندو به‌هێز بوون، تووشی دڵه‌له‌رزه‌یه‌کی زۆر سه‌خت کران.

     دوای ئەوەی موسوڵمانەکان لەشەڕی خەندەقدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و خوای گەورە دەرووی خێری لە موسوڵمانان وپێغەمبەر ﷺ کردەوە، بەهۆی ئەوەی دووچاری تاقیکردنەوەیەک و ڕووبەرووبونەوەیەکی سەخت ببونەوە لەزستانێکی سەختدا، بۆیە کاتێک گەڕانەوە زۆر ماندوو بوون و چەکیان دانا، جبریل (علیە السلام) هات بۆلای پێغەمبەری خواو ﷺ پێی گوت: ئایا ئێوە چەکتان داناوە؟

فەرمووی بەڵێ؟

     جبریل گوتی: بەخوا ئێمەی فریشتە هێشتا چەکمان دانەناوە، منیش لەسەر داوای ئەوان هاتمەوە لات، هەستە خۆت ببەستەو چەک هەڵگرە، خوا فەرمانت پێدەکات بچی بەرەو (بنی القریظە)، من و ئەو فریشتانەی کە لەگەڵمدان پشتیوانیتان دەکەین و ئەوان دووچاری ڕاچڵەکین و هەڵتەکاندن دەکەین، تۆش بچۆ بۆلای (بنی القریظە) شەڕیان لەگەڵدا بکە لەسەر ئەو پەیمان شکێنیەی کەکردیان.

     ئنجا پێغەمبەر ﷺ زرێیەکەی لەبەر کردو بۆیان چوو، بەناو موسوڵمانان جاڕیدا: {لا يُصَلِّيَنَّ أحَدٌ العَصْرَ إلَّا في بني قُرَيظة} کەس نوێژی عەصر نەکات تا نەچێتە ناو (بنی القریظە، مەبەستی ئەوەبوو پەلەبکەن و دەستوبرد لە چونەکەیان بکەن. پێغەمبەر ﷺحەزرەتی (عبداللە ابن أم مکتوم) ی کردە جێنشینی خۆی لەمەدینە، ئنجا هەندێک لەهاوەڵان نوێژیی عەصریان نەکرد، هەندێکیش کردیان، هەندێکیش دوای نوێژی عیشا گەیشتنە ئەوێ و کردیان، پێغەمبەرﷺ ڕەخنەی لە هیچیان نەگرت. پێغەمبەری ﷺخوا کەدەرچوو بەرەو (بنی القریظە) بەسواری گوێ درێژێک چوو، وەک خۆ بەکەم زانینێک بەرانبەر خوای گەورە، ئاڵایەکەی دایە دەست ئیمام عەلی، کاتێک گەیشتە بیرێک لەبیرەکانی (قریظە) بەناوی (بئر أنا)، دواتر سوپای ئیسلام بەڕێ کەوت، تاکو ژمارەیان گەیشتە سێ هەزار کەس، کاتێک پێغەمبەری خوا ﷺ نزیک کەوتەوە لەقەڵاکانیان بەدەنگێکی بەرز بانگی چەند کەسانێکی کردن لە پیاو ماقوڵان و سەرکردەکانیان فەرمووی: وەڵاممان بدەنەوە ئەی کۆمەڵەی جوولەکەکان؟ بانگی کردنەوە فەرمووی: ئەی برایانی مەیمون و بەرازەکان خوای گەورە سەرشۆڕ و ڕسواو زەبوونی کردن. لەوەڵامدا وتیان: ئەی (أبا قاسم) تۆ هەرگیز قسەی ناشیرینت نەوتووە، ئەویش بانگی کردن تاوەکو موسوڵمان بن بەڵام ڕەتیان کردەوەو ڕازی نەبوون.

     پێغەمبەری خوا ﷺ (٢٥ )شەو ئابڵووقەی قەڵایەکەیانییدا، هەرلەکاتی گەمارۆکەدا چەندین شەر لە نێوانیان ڕوویدا، زوبەیری کوڕی عەوام یەکێکیانی کوشت، وە چەندین شەڕە قسەو هەڵبەست و هۆنراوەی داشۆرینیان بەیەکتر دەوت، پێغەمبەری خوا ﷺ بە حەسانی کوڕی ثابتی فەرموو: هێرش بکە سەر موشریکەکان بە هۆنراوەی داشۆرین جبرائیل لەگەڵتدایە.

     گەمارۆکە تادەهات سەختتر دەبوو لەسەر (بنی القریظە) دڵنیابوون کە لەناودەچن و توانای شەڕکردنیان لەگەڵ موسوڵمانەکان نەماوە، (کعب ان الاسد) سێ ڕێیان لەپێش قەومەکەی خۆی دادەنێ تاوەکو یەکێکیان بگرنەبەر:

١- با موسوڵمان بین، چونکە بۆمان دەرکەوتووە کە محمد پێغەمبەری خوایە ڕاست دەکاو با ئیمانی پێ بهێنین.

٢- با ژن و منداڵەکانمان بکوژین و یەکسەر هێرش بکەینە سەر محمد و صەحابەکانی، جا ئەگەر بشفەوتێین هیچ ژن و منداڵمان لەدوا بەجێ نامێنێ مەراقی لێ بخۆین.

٣- ئەگەر هیچ کام لەمانەش پەسەند ناکەن، با ئەمشەو شەبەیخوون بکەینە سەر محمد و هاوەڵانی، چونکە شەوی شەمەیە ئەوان وادەزانن ئێمە شەوی شەمە ناشکێنین و هێرش ناکەین، با ئێستا هێرش بکەینە سەریان، یان هەموویان دەفەوتێنین یان دەمانفەوتێنن.

    بەڵام خەڵکەکە هیچ کام لەڕایەکان پەسەند ناکەن، ئەویش بەتوڕەییەوە پێیان دەڵێ: ئێوە قەومێکی بێعەقڵن مادام بەقسەم ناکەن کەیفی خۆتانە.

    دواتر (بنی القریظە) یەکێک بۆلای پێغەمبەر ﷺ دەنێرن و داوای لێدەکەن (أبو لبابە) یان بۆبنێرێ، کە یەکێک بوو لە پشتیوانەکان لە هۆزی ئەوس، کە پێشتر هاوپەیمان بوو لەگەڵ (بنی القریظە)دا، پێغەمبەریش ﷺ دەینێرێ بۆلایان، ئەوانیش لێی دەپرسن: ئەی (أبو لبابە) محمد ئابڵوقەی داوین، دەڵێ لەسەر حوکمی من دابەزن، ئایا تەسلیم بین یاخود نا؟ ئەویش ئاماژە بۆگەردنی دەکاو دەڵێ: سەرتان دەبڕێ، (أبو لبابە) دەڵێ زانیم خیانەتم کردوە، بۆیە دەچێتە مزگەوت و خۆی لە کۆڵەکەیەکی مزگەوت دەبەستێتەوە. لەم بارەیەوە خوای گەورە دەفەرمووێ: و{َلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ قَالُوا سَمِعْنَا وَهُمْ لَا يَسْمَعُونَ ﴿٢١﴾} الأنفال.

واتە: ئەی ئەوانەی ئیماندارن، خیانەت بەخواو پێغەمبەرو ئەمانەتەکان مەکەن، لەکاتێکدا کەدەزانن ئەوە خیانەتە  دواتر خوای گەورە تۆبەکەی دەنێرێتە خوارو پێغەمبەر ﷺ بەدەستی موبارەکی لە کۆڵەکەکەی دەکاتەوە،

     جا جوولەکەکان کە زانیان چارەیان نەماوە، بۆیە لەسەر حوکمی پێغەمبەر ﷺدێنە خوارێ، ئنجا هەندێ خەڵکی ئەوس دەچنە خزمەت پێغەمبەر ﷺ دەڵێن: کاتێک (بنی النضیر) پەیمانیان شکاند، ئەوانت بە خەزرەجیەکان بەخشی، داوات لێ دەکەین (بنی القریظە) بەئێمە ببەخشی، پێغەمبەری خوا ﷺفەرمووی: ئەی هۆزی ئەوس ئایا ڕازی دەبن کە کەسێک لەخۆتان حوکمیان بکات؟ وتیان: بەڵێ، پێغەمبەری ﷺ خوا فەرمووی ئەوە دامانە دەست (سعد بن معاذ)، ئەو چ حوکمێک بکات ڕازیم. دوایی دەنێرێ (سعد بن معاذ) بێت و بەبرینداری دەیهێنن، کە لەشەڕی خەندەقدا تیرێکی بەر قۆڵی کەوتبوو، لەڕێگادا کەسوکارەکەشی بەدەوریەوە بون و پێیان دەگوت: ئەوانە هاوپەیمان و دۆست و پشتیوانی پێشترت بوون، وەخەڵکی کینانەن، سعد ئاوڕی لێ نەدانەوە و کەگەیشتە نزیک ناوچەکە فەرمووی: کاتی ئەوە هاتووە گوێ بەکەس نەدەم و لەبەر خوا لە لۆمەی لۆمەکاران نەترسم.

     کاتێک (سعد) لە پێغەمبەری خوا ﷺدەرکەوت، پێغەمبەرﷺ فەرمووی: لەبەر گەورەکەتان هەڵسن دای بەزێنن، دواتر فەرمووی: ئەی (سعد) لەبارەی جوولەکەکانی (بنی القریظە) بڕیار بدە، (سعد) فەرمووی: خواو پێغەمبەرەکەی ﷺ شایستەترن حوکم بدەن، حوکمیان باشترە لەمن، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: خوای گەورە فەرمانت پێدەکات ناوبژیوان بیت و فەرمانیان بەسەردا بکەیت.

     (سعد) دەڵێ: حومکی من ئەوەیە: پیاوەکانیان بکوژرێن و ژن و منداڵەکانیشیان بەدیل بگیرێت و سامانەکەشیان غەنیمەت بێ بۆ موسوڵمانان. جا پێغەمبەرﷺ فەرمووی: بەبڕیاری خوا تۆ بڕیارت دا.  دوای ئەوە قۆڵبەستیان دەکەن و دەیانهێننە خوارێ، ئەوەی کە موسوڵمان دەبێ نایکوژن، بەڵام ئەوانی دیکە هەموویان دەکوژن کە پێگەیشتبوون و نیشانەی کەماڵ بونیان تێدا دەرکەوتبوو، کەسێک نیشانەی کەماڵ بونی تێدا دەرنەکەوتبا نەدەکوژرا، کە عطیەی قورەیظی یەکێک بوو لە دیلەکان و بەهۆی دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کەماڵی نەکوژرا، خۆیشی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە، ژمارەکەش لەنێوان (٦٠٠- ٧٠٠) یاخود (٨٠٠-٩٠٠) یاخود (٤٠٠) کەس. موسوڵمانەکان هیچ ئافرەتێکیان لە (بنی القریظە) نەکوشتن تەنها (بونانە) نەبێ، چونکە لەکاتی ئابڵوقەدانەکە گاشەبەردێک بەسەر یەکێک لەهاوەڵەکاندا دەخاتە خوارەوەو  کەناوی (خلاد بن سوید) بوو شەهیدی دەکات، بۆیە بە تۆڵەی (قصاص) ئەو ئافرەتە دەکوژنەوە.

     سەبارەت بە ژماری کوژراوەکان پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین:

هیچ ئایەتێکی قورئانی پیرزۆ و هیچ فەرموەدەیەکی پێغەمبەریش ﷺ ژمارەی کوژراوەکانی (بنی القریظە) ی دیاری نەکردووە، وە ژمارەی ئەو کوژراوانە زیاد لەپێویست گەورە کراوە، ئەگەر سەرنج بدەین لەگەڵ لۆژیکیش یەک ناگرێتەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ ڕەمزی داد پەروەری و پێکەوە ژیان و پاراستنی ماف و ئەمانەتە لەسەر زەویدا، سور بووە لەسەر جێبەجێکردنی داد پەروەروەری لەنێو تاکەککانی کۆمەڵگا بەبێ بیاوازی، ئەوانەی دژی پێغەمبەرو ﷺ موسوڵمانان جەنگان دیارە کێ بوون، هەر لەچوارچێوەی مەفهومی قورئاندا دەبێ تاوقنباری جەنگ باجی خیانەتەکە بدەن نەوەک خەڵکی بێ تاوان، ئیدی چۆن پێغەمبەر ﷺڕێگە دەدات بەکوشتن و لەملدانی ٩٠٠ مرۆڤ بەبێ جیاوازی تەمەن و تاوانبار و بێ تاوان.

     کەواتە ئەکتەرە سەرەکیەکان، ئەوانەی بەرپرسیارو کاربەدەست و خاوەن بڕیار بوون، لەناو جوولەکەکانی (بنی القریظە) دا، ژمارەیان لەنێوان (٢٠-٣٠) کەس تێپەڕی نەکردووە، کەبەسزای خۆیان گەیەنراون و کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەی کە ڕازی بوون (سعد بن معاذ) بڕیاریان لەسەر بدات.

ئەوەی دەقی صەحیحەو لە بوخاری و موسلیمدا هاتووە، بڕیار دراوە تەنها جەنگاوەرەکانیان بکوژرێن و ژن و منداڵەکانیان بە سەبی بگیرێن و سامانیان دەستی بەسەردا بگیرێت.

کەواتە بەپوختی دەڵێین:

 ⁃ بڕیاری کوشتن تەنها بۆ جەنگاوەرەکان دەرچووە.

 ⁃ ئەوانەی بڕیاری کوشتنیان بۆ دەرچووە براونەتە ماڵی رەملەی کچی حارپ و هەموویان لەوێ کۆکراونەتەوە، ماڵێکیش بەتەنها ٤٠٠ کەس ناگرێت، ئەگەرچی ماڵەکەی ڕەملە گەورە بووە.

 ⁃ هەموو جەنگەکەنای پێغەمبەری خوا لەگەڵ بێ باوەڕاندا لە بەدرەوە هەتا تەبووک (٣٠٠) بێباوڕی تێدا نەکوژراوە؟ ئایا ئاساییە بەڕۆژێ (٩٠٠) کەس لە شارێکدا بکوژرێن.

     بەم شێوەیە (بنی القریظە) لەمەدینە ڕیشەکێش کران، ئەو سزایەی جێبەجێ کرا دادپەروەرانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێست ستەم و ناپاکی بەرانبەر موسوڵمانان بکات، جوولەکەکانی (بنی القریظە)گیانی خۆیان خستە مەترسی و ماڵ و سامانیان دەستی بەسەردا گیراو ژن و منداڵەکانیشیان بونە کۆیلە، پیاوانی (بنی القریظە) تاوانباربوون، چونکە پەیمانیان شکاند و لەشەڕی خەندەقدا، لەناسکترین کاتدا ویستیان خەنجەری غەدرو خیانەت لەئیسلام و موسوڵمانان بوەشێنن.

سەرچاوەکان

١-الشیخ صفی الرحمن المبار کفوری، گوڵاوی سەرمۆر، و.مەودوود جەبار، چاپخانەی ئەدیبان، ٢٠٢٢.

٢- عەلی باپیر، ژیاننامەی پێغەمبەری خوا و دەرس و پەندەکانی، چاپخانەی تەفسیر، بەرگی دووەم، ٢٠٢٢.

٣- عەبدولعەزیز عەلائەدین موستەفا کۆیی، ژیان و ڕەوشتی پێغەمبەرﷺ، چاپخانەی جیهانی زانیاری بەرگی دووەم – بەرگی سێیەم.

٤- عبداللە عبدالعزیز هەرتەلی، مێرگو گوڵزاری بەهار بۆ گەشتیارانی ژیانی پێغەمبەری ڕێزدار، چاپخانەی ڕەها، ٢٠٢١.

٥- محمد ملا فائق شارەزووری، ژیانی پێغەمبەری خوا لەقورئان و فەرموودەکاندا، بەرگی یەکەم- بەرگی دووەم،٢٠٢٣.

٦- محمد سعید رمضان البوطی، فیقهی سیڕەی پێغەمبەرﷺ، و. مەلا مەحموودی گەڵاڵەیی، چاپخانەی الهدایە، ٢٠١١.

٧- نیهاد جلال حبیب اللە، پەیوەندی پێغەمبەرﷺ لەگەڵ نەتەوەکان، بەرهەمی پڕۆژەی بەهای فەرموودە،٢٠٢٠.

٨- حبیب محمد سعید، ژیانی ئازیزمان، چاپخانەی نەشری ئیحسان، بەرگی یەکەم – بەرگی دووەم، ٢٠٠٧.

٩- علی محمد صلابی، ژیاننامەی پێغەمبەرﷺ، و.احسان برهان الدین، چاپخانەی نارین،  2009.

١٠- یوسف صابر مولود – حسین شاکر شریف، هەڵوێستی پێغەمبەرﷺ بەرانبەر جولەکەکانی مەدینە بنی القریظە بە نموونە، چاپخانەی تەفسیر، ٢٠١٨.

About دیدار عثمان

Check Also

بیرۆكه‌ی دامه‌زراندن و ڕێكخستنه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئینكشاری له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی

د. فاخر عالی / زانكۆی سۆران به‌شی مێژوو Fakhir.mirkhan@soran.edu.iq لەگەڵ دەست بەکاربوون و هاتنە سەر …