Home / مێژووى جیهان / دیدارێکی یەڵماز گۆنای لەزینداندا

دیدارێکی یەڵماز گۆنای لەزینداندا

yilmaz_guney_215412

دیدارێکی یەڵماز گۆنای لەزینداندا

زياتر نوسراوە لە لایەن Haider Abdulrahman

حەیدەر عەبدولڕەحمان:نووسەری سینەمایی بورھان شاوی دەگێڕێتەوە دەڵێت : لە ساڵی ١٩٨٧کتێبێک بە ناوی یەڵماز گۆنای _ لە نووسینی رۆژنامە نووسی ئازربیجانی ( حوسینۆف ) لە دەزگای (ناوکا ) لە مۆسکۆ بڵاو کرایەوە ، بریتی بوو لە تەنھا دیمانەیەکی دوورو درێژ لە گەڵ سینەماکاری بە ناو بانگی کورد یەڵماز گۆنای .. لەو کاتەدا کە لە زیندان بوو ، ئەو کتێبە بڕوا پێکراوترین سەرچاوەیەکە کە دەربارەی یەڵماز گۆنای نووسرابێت ، چونکە لە زاری ھونەرمەند خۆیەوە وەرگیراوە ، بۆ دیکۆمینت کردنی بابەتەکە کە گرنگییەکی مێژوویی خۆی ھەیە ، ئێمەش بەشێک لەو دیمانەیە دەخەینە روو :

*ناوی تەواوتان ؟
– یەڵماز حەمید ، دایکیشم ناوی ( ئۆغلو بیتۆن ) ە
*کەی و لە کوێ لە دایک بوویت ؟
– لە یەکی نیسانی ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی ( ئینجە ) بە دووری ٢٧ کم لە شاری ئەدەنە .
* ئەی بۆچی ھەندێک ساڵی لە دایک بوونتان بە ١٩٣١ لە قەڵەم دەدەن ؟
-ئەوانە بە ھەڵە داچوونە .
*تکایە ئەگەر ھەندێک دەربارەی منداڵیت و داھێنانەکانت قسەمان بۆ بکەن
– دایک و باوکی من ھەردوکییان کوردن ، دایکم لە بنەماڵەیەکی خوا پێداو بووە ، بەڵام لە کاتی جەنگی جیھانیی یەکەم و لە گەڵ ھاتنی قەیسەرییەکان رایان کردووە ، باوکم بە پێچەوانەی ئەو لە بنەماڵەیەکی زۆر ھەژار لە دایک بووە ، لە ھەڕەتی لاویدا لە گەڵ دایکم یەکتریان خۆش ویستووە ، لە ترسی کۆمەڵگاو داب و نەریتە کۆنەکانی ئەو کاتە کە خۆشەویستییان بەلاوە گوناھێکی گەورە بووە ، ئەو ناوە بە جێ دیڵن و لە گەڵ دایکم پەیمانی ئەوە بە یەک دەدەن کە لە شاری ئەدەنە بە یەک بگەنەوە ، ئیدی لە سەر ئەو پەیمانە لەوێ یەکتر دەبیننەوە و باوکم دایکم دەخوازێ ، بەڵام چونکە زۆر دەست کورت و نەدار بوونە ، دووچاری زەحمەتیەکی زۆر دەبن ، بەڵام دوایی ھەلو مەرجەکە بە شێوەیەکی دیکە دەسوڕێ و باوکم لە کۆمپانیای دەرەبەگێکی گەورە کاری دەست دەکەوێت و لەوی کار دەکات ..ئیدی گوزەرانیان بەرەو باشی دەچێت ، من ئەو کاتە تا تەمەنم گەیشتە حەوت ساڵی و باوکم ژنێکی دیکەی ھێنا منداڵێکی بەختەوەر بووم ، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ژیانم لێ بوو بە دۆزەخ ، چونکە باوکم لە بەرچاوی ئێمەو بۆ خاتری ژنە تازەکەی زۆر دڵ رەقانە لە دایکمی دەداو ئازاری دەدا ، زۆر جارانیش ئێمەی بەو ناسکی خۆمانەوە بە دەر دەنا ، ھەر کاتێ باوکم من و لەیلای خوشکمی ( کە دوو سالان لە من بچووک تر بوو ) بە دەر دەنا دەچووین لە ژێر دارتووەکەی بەر ماڵمان دەخەوتین ..بەڵام جارێکییان کە باوکم من و دایکم و لەیلای خوشکمی بە دەرنا روومان لە ماڵی ئامۆزایێکی دایکم کرد لە ئەدەنە ، قەت ئەوەم لە بیر ناچێتەوە کە دایکم بە درێژایی ئەو رۆژە تا گەیشتینە ئەدەنە دایکم بە زمانی کوردی گۆرانییەکی گۆرانی غەریبی دەگوت و ئێمەش کە لە زمانی دایکم حاڵی نەدەبووین بەڵام ھون ھون فرمێسکمان لە گەڵیدا ھەڵدەڕشت .ئەو کاتە من درکم بەوە کرد کە ئەشکەنجەو ئازارەکانمان وا بە ئاسانی کۆتاییان نایەت ..بۆیە بە دەست خۆم نەبوو ھەموو کات ئاواتی مردنم بۆ خۆم دەخواست … ئیدی بە ناچاری لەو تەمەنە ساوایەی خۆمەوە دەستم بە کار کردن کرد ، بە تایبەت لەوەرزی میوەو لۆکە رنین لە کێلگەکاندا ، ھەتا دەگاتە کۆڵ ھەڵگری .. ئەو کاتە من ھەم کارم دەکردو ھەم دەمخوێند ، ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و سانەویشم تەواتو کرد ، بەڵام ھەموو کارێکیشم دەکرد ، لە چەشنی تۆ فرۆشتن لە شەقامەکان و رۆژنامە پەخش کردن و بەقاڵی ، دواتر ئامێر سازی دەزگا سینەماییەکان ، بە تایبەت کەلو پەلەکانی کۆمپانیای ( ئەند فیلم ) و ( کەمال فیلم ) ئەو ئامێرانەم گوند بە گوند دەگێڕا و فیلمی سینەماییم پیشانی خەڵکی دەدا ، ھەندێ جاریش دەوری کۆمبارسم لە ھەندێ لە فیلمەکاندا دەبینی ..
ئینجا یەڵماز بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی : دەتوانم بڵێم من بەو شێوەیە ھاتمە دنیای سینەما .
*ئەی پاشان لە کوێ خوێندنت تەواو کرد ؟
– ساڵی ١٩٥٦ چوومە کولێژی ماف لە زانکۆی ئەنقەرە ، بەلام چونکە لە پاڵ خوێندندا ھیچ کارێکم دەست نەکەوت کە پێی بژیم ، بۆیە بە ناچاری دوای دوو مانگ زانکۆم بە جێ ھێشت و رووم کردەوە ئەدەنە و لەوێ لە کۆمپانیایێکی بە کرێ گرتنی فیلم دەست بە کار بووم ، لە ساڵی ١٩٥٧ چوومە ئەستەمبۆڵ و لە کۆمپانیای ( دەزگای فیلم ) دەستم بە کار کردن کرد ، ساڵی ١٩٥٨ یش چوومە کولێژی ئابووری لە زانکۆی ئەستەنبۆڵ ، بەڵام پێش ئەوەی خوێندن تەواو کەم لە ساڵی ١٩٦١بۆ یەکەمجار دەستگیر کرام .
*ئەی چۆن گەراِیتەوە نێو نیچوەندی ھونەری ؟
– پیش ھەموو شتێ دەمەوێ ئەوە بڵێم کە من خۆم بە قەرزاری دایک و باوکم دەزانم ، دەڵێم باوکم چونکە ئەگەرچی ئەو پیاوێکی دڵ رەق بوو ، بەڵام منداڵەکانی خۆی خۆش دەویست ، بە تایبەت من ، بە بیرمە زۆر جاران لە گەڵ دایکم بە یەکەوە گۆرانی خەماوی کوردییان دەچڕی و دەردی غەریبی خۆیان ھەڵدەڕشت ، جارو بارێکیش لە گەڵ گۆرانیەکان ئامێری سازی لێ دەدا ، ھەندێ جاریش کە دراوسێ و خزمەکانمان باوکمییان بۆ ئاھەنگی خەتەنە کردنی منداڵەکانییان بانگ دەکرد ، باوکم منیشی لە گەڵ خۆیدا دەبرد ، لەو کاتانەدا دلم زۆر بە گۆرانیەکانی خۆش دەبوو ، دایکیشم زۆر جاران لە شەوانی دوورو درێژو ساردو سڕی زستانان چیرۆکی خۆشی لە ئەفسانەو حیکایەت خورافییەکان بۆ دەگێڕاینەوە ، ئەو شەوانە ماڵمان پڕ دەبوو لەو دراوسێیانەی شەوان دەھاتنە ماڵمان بۆگوێ گرتن لە لە چیرۆکە بە تامو چێژەکانی دایکم ، ئەو کاتانە ئاواتی ئەوەم دەخواست کە ھەر ھەموویان بنووسمەوە ، بەڵام ئەو دەسەڵاتەم نەبوو ، بێجگە لە دایکم پیرەمێردێک بە ناوی مام یەعقووب لە گوندەکەماندا ھەبوو دەنگی لە گۆرانی گوتندا زۆر خۆش بوو ، زۆر بە جوانیش ئامێری سازی دەژەنی ، جارو بار شیعریشی دەنووسی ، زۆر ببوو بە ھاوڕێم و زۆر یەکترمان خۆش دەویست ، ئەو فێری ئەوی کردم کە شیعر چۆن دەنووسرێ ، بەڵام بۆ سینەما من لە تەمەنی سێنزە ساڵییەوە ھاتمە نێو دنیای سینەما ، لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە بوم بە ئیش پێکەری ئامێری سینەماو پاشانیش ئەکتەری کۆمبارس ، ئا بەم شێوەیە ژیانی من بەرەو ئاقرێکی تر رۆیشت .
* کەی دەستتان بە نووسین کرد ؟
-لە دووەم ساڵی قۆناغی سانەویدا قەسیدەیەکم نووسی بۆ پەخشنامەی سەر دیواری قوتابخانە ، دەربارەی جوتیارێکی ھەژار ی گوند نشین ، کە ژنە نەخۆشەکەی لە گوندەوە دێنێتە شار بۆ چارەسەر کردن ، کەچی پارەی دکتۆرو داوو دەرمانی نابێت ، لە بریتی ئەوە کەڵەشێرێک بۆ دکتۆر دێنێ ، کە بە نرخترین شتێک بووە لای ئەو ، کەچی کاتێ دکتۆر زانییوویەتی پارەی نیە پیاوەکەو ژنەکەو کەلەشێرەکە بە یەکەوە فڕێ دەداتە دەرەوە .
سەرچاوەی بیرۆکەی فیلمی مێگەل – م لەو قەسیدەیەوە وەرگرتووە ، کاتی خۆشی ھەوڵم دا قەسیدەکە بڵاو بکەمەوە ، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە گوایە چەپڕەوە بڵاو نکرایەوە ، کەچی من کاتی خۆی ئەو قەسیدەیەم نووسی نەمدەزانی مانای چەپڕەوی یانی چی ؟
لە ساڵانی ١٩٥٣ – ١٩٥٤ دەستم کرد بە بڵاو کردنەوەی وتارو چیرۆکەکانم و بەرھەمەکانم بە شێوەیەکی زۆر فرەوان لە گۆڤارو رۆژنامەکاندا بڵاو بوونەوە ، دیارترین ئەو چیرۆکانەش کە لەو کاتەدا بڵاو بوونەوە چیرۆکی ( مردن بانگم دەکات ) بوو کە باس لە خۆشەویستی دراماتیکییانەی کچ و کوڕێکی ھەژار دەکات ، ئەو کوڕەی کاری دەست ناکەوێت و ناتوانێت ژیانی خۆی دابین بکات ، بۆیە بە ناچاری کۆچ دەکات و کچەکەش لە داخان خۆی دەکوژێت و لە دوای خۆیدا نامەیەک بە جێ دێڵێ کە تێیدا نووسراوە ( بۆ منت کوشت من بۆ ئەوە ژیانم خۆش دەویست تا لە گەڵ تۆدا برەو بە خۆشەویستی نێوانمان بدەین … ھەر لەو دەمەدا چیرۆکێکی ترم بڵاو کردەوە بە ناونیشانی ( ھیچ کۆتاییەک بۆ سوکایەتی پێکردن لە ئارا دانیە ) لەو چیرۆکەشدا باسی کەسێکم کردووە کە بە دوای کاردا دەگەڕێت ن کەچی بەو ھۆیەوە دووچاری کۆمەڵێ سوکایەتی پێکردن دەبێتەوە، بۆیە لە داخان خۆی لە پردێکی بڵند ھەڵداوێ و خۆی دەکوژێت .
ھەردوو ئەو چیرۆکانەم لە ساڵی ١٩٥٦ لە گۆڤاری ( ئایتی ئۆفوکلار – ئاسۆی چاک ) بڵاوکردۆتەوە ، بەڵام ئەو چیرۆکەی کە دەنگدانەوەیەکی زێتری ھەبوو چیرۆکی ( سێ نھێنییەکە ) بوو کە لە ژمارە ١٣ ی گۆڤاری ( لێکۆڵینەوەی ھونەریی ) بڵاو کرایەوە ، ئەم چیرۆکە ژیانی منی خستە قۆناغێکی ترەوە ، کاتێکیش ساڵی ١٩٥٧ ھاتمە ئەستەنبۆڵزیاتر لە سی وتارو چیرۆکم بڵاو کردەوە ، ئەو کاتە بوو کە برادەرەکانم نازناوی ( یەڵمازی چیرۆک نووس ) یان بە من بەخشی .
*من زۆر زۆر لە رۆمان و چیرۆکەکانتم خوێندۆتەوە فیلمەکانیشتم دیوە ، ئاگاشم لە زەمینەی سیاسی تۆ ھەیە ، بەڵام پێم خۆشە لەو شتانە بگەم کە کاریگەرییان ھەبووە لەسەر ئاستی ھوشیاریت ؟
-ژیان .. یان ئەو دەوروبەرەی تێیدا گەورە بووم ، وای لێکردووم کە ھەر لە منداڵیدا ھەست بە ئینتیمای کوردانەی خۆم بکەم ، چونکە من دەورو بەرەکەم بە تورکی ئاخافتونە ، بۆیە لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە کە من زمانی دایک زمانی رەسەنی خۆمم بە تەواوی نەزانیووە ، لە کاتی یاری کردنیشدا لە منداڵی لە مانای جیاوازی چینایەتی گەیشتووم ، چونکە زۆر جاران دایکم کە خزمەتکاری ماڵە دەوڵەمەندەکان و باوکم سەپانی ئەو دەرەبەگانە بوو بەرماوەی خواردنی ئەوانی بۆ ئێمە دەھێنایەوە بیخۆین ، بەڵام دواتر لە گەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن بۆم دەرکەوت کە ئەم کارە بۆ ئێمە ریسواییە ، قەت لە بیرم ناچێتەوە کە باوکم ھەمیشە خەونی بەوەوە دەبینی کە من خوێندن تەواو بکەم بۆیەزۆر جاران پێی دەگوتم : کوڕەکەم بڕۆ قوتابخانە تا تۆش وەکو ئێمە نەبیتە بەندە ، بەڵام ئەو نەیدەزانی لە کۆمەڵگەی بورژوازی دا رەنگە ببیتە بەندە ھەتا ئەگەر خوێندەواریش بیت .
سەرچاوە : السینما الکوردیە- برھان الشاوی

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …