Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان (بەشی دووەم و کۆتایی)

جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان (بەشی دووەم و کۆتایی)

لێکۆڵینەوەی: جێفری ئوستلەر

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

جەنگی 1776 – 1815

لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هندییەکان بەردەوام ئەو داواکارییەیان ڕەتدەکردەوە کە دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن و لەبەر ئەوەی ئەمریکییەکانیش بڕیاریان دابوو هەرچۆنێک بووە دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرن، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان جەنگێکی بەردەوامی هەڵگیرساندبوو دژ بە هندییەکان. ڕاستییەکەی ئەمریکا لەوەتەی دروستبووە شەڕی هندییەکان دەکات و لە قۆناخەکانی بەرایی جەنگی شۆڕشگێڕیدا زۆربەی گەلە هندییەکان،تا ڕادەیەکی زۆر،بوون بە هاوپەیمانی بەریتانیای مەزن چونکە وایاندەبینی کە ئەم دەوڵەتەی نیشتەجێ نوێیەکان (ئیستیتانی)بەرجەستەی هەڕەشە و مەترسییەکی بێ پێشینەیە بۆ خاک و زەوییەکانی ئەمان. لە ساڵی ١٧٧٩دا ویلایەتە یەکگرتووەکان جاڕی جەنگی دا دژ بە خێڵی هۆدێنۆسۆنی (ئیرۆکوا) Haudenosaunee بە مەبەستی سزادانیان لەسەر ئەو هێرش و پەلامارانەیان کە بۆ شکاندنی نیشتەجێبووە کۆڵۆنیاڵەکان ئەنجامیاندابوو. ئامانجەکەش بە پێی گوزارشی جۆرج واشنتن “تێکشکاندنی گشتگیر و وێرانکردنی نیشتەجێکانیان” بوو. کاتێ کە سوپای کیشوەر هەڵیکوتایە سەریان، خێڵی هۆدێنسۆنی بڕیاریاندا سەرچڵی نەکەن و گیانی خۆیان بپارێزن و لەجیاتیی بەرگریکردن لە گوند و شارەکانیان بڕیاری چۆڵکردنیان دا. ئەمەش ڕێگەی بۆ هێزەکانی ئەمریکا خۆشکرد کە ماڵ و خانووبەرە و بەروبوومیان بسووتێنن و وەک ئۆڵد سمۆکی سەرۆکیان دواتر ڕوونیکردەوە “ڕاستە ئێمە وڵاتەکەمان لەدەستدا، بەڵام ئەوە لەپێناوی سەلامەتیی ژن و منداڵەکانماندا بوو”.١٩بەم پێیە دووسەد کەس لە خێڵی هۆدێنسۆنیکوژران (کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون)، هەرچەندە ژمارەی ئەوانەی کە بە هۆی نەخۆشییەوە مردن گەیشتە نزیکەی هەزار کەس (کە لە پلەی یەکەمدا سکچوون و ئاوڵە بوو)، بێجگە لەبرسا مردن لە خێوەتگەی ئاوارەییدا. لە نێو دانیشتوواندا کە ژمارەیان دەگەیشتە نۆ هەزار کەس، لەوانەیە ژمارەی خەڵکە لەناوچووەکە لەئەنجامی سەرجەمی هۆکارەکانەوە گەیشتبیتە ١٥%. خۆ ئەگەر خێڵی هۆدێنسۆنی بڕیاری بەرگرییان بدایە بەدڵنیاییەوە ژمارەکە لەوە زیاتر دەبوو.

زۆرێکلە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە هندییەکان دینامیکییەتی هاوشێوەیان هەبوو و لە هەندێ حاڵەتدا هندییەکان دەیانتوانی سوود لە شارەزایی خۆیان بۆ ناوچەکانیان و لاوازیی هێزەکانی ئەمریکا ببینن و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن کە دەنگی دەدایەوە. لە ساڵی ١٧٩١دا، هێزێکی خێڵە هندییەکانی مەیامی و شاونی و کیکاپووس و ویز و دێلاوێر و پۆتاواتۆمی و هیتر هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر لەشکرکێشییەکی داگیرکەری ئەمریکی و شەشسەد سەربازیان لێکوشتن (کە زیاتر بوو لە دوو هێندەی کوژراوانی شەڕی لیتڵ بیگهۆرنی بەناوبانگ). بەڵام گەلێ جار ئارەزووی سەرکێشیی ئەوەیان نەدەکرد کە زیانی قورسیان لێبکەوێت (چونکە بە شێوەیەکی تایبەتی بایەخیان بە پاراستنی ژن و منداڵ دەدا) و لەبەر ئەوە بەگشتی گوند و شارەکانی خۆیان چۆڵ دەکرد و دەیانزانی کە دەسووتێنرێن. بەو ڕەنگە لە کۆتایی ساڵانی ١٧٧٠کانەوەتا ساڵی ١٨١٥، هێزەکانی ئەمریکا (بە میلیشیاکانی ویلایەتەکانیشەوە) سەدان گوند و شارۆچکەی هندییەکانیان سووتاند لە نیویۆرک و ڕۆژاوای پەنسلڤانیا و ئۆهایۆ و ئیندیانا و ئیلینۆی و تەنەسی و ڕۆژاوای ڤەرجینیا و کارۆلاینای ڕۆژاوا و جۆرجیا و ئەلەباما و ڕۆژاوای فلۆریدا. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، سیستەمی کۆکردنەوەی هەواڵگریی هندییەکانهۆشدارییان دەدا بە نزیکبوونەوەی هێرشەکان و بەو پێیە هێزەکانی ئەمریکا دەچوونە سەر گوند و شاری تا ڕادەیەک چۆڵکراو کەوا زۆربەی دانیشتووانیان تێدا نەمابوو.بەڵام هەندێ جار هێزەکانی ئەمریکا لەناکاو هێرشیان دەکردو لەو کاتەدا کەمتر خۆیان پێدەگیرا و بەتوندی دەستیان دەوەشاند. بۆ نموونە لە هێرشێکیاندا بۆ سەر شارۆچکەی ئۆیاتینۆنی هندی لەسەر ڕووباری واباش لە ویلایەتی ئیندیانالە ساڵی ١٧٩١دا، یەکێک لە میلیشیاکان تەقەی لە پێنج بەلەمی هندییەکان کرد لەو کاتەدا کە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا. ڕاپۆرتی فەرمی باس لەوە دەکات کەوا پیاوانی میلیشیاکان “تەواوی ئەو ‘کێوییانەیان’ کوشت کە ترنجابوونە ناو پێنج بەلەمەوە”، بێ ئەوەی ڕەگەز و تەمەنی ئەو هندییانە باس بکات، کە بەدڵنیاییەوە زۆرێک لەوانە خەڵکی شەڕکەر نەبوون. لە حاڵەتێکی تردا ساڵی ١٧٨٢، میلیشیای پەنسلڤانیا لەناکاو هەڵیانکوتایە سەر نزیکەی سەد هندیی مەسیحی لە گنادێنهوتن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆهایۆ. لە نموونەیەکی ترسناکدا کەوا زانای کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆجیست) مایکڵ مان بە “دیوی تاریکی دیموکراسی” وەسفی دەکات، پیاوانی میلیشیاکان دەنگیان لەسەر ئەوە دا کە ئاخۆ دیلەکانیان بکوژن یان نە. کاتێ کە دەنگەکان جیاکرانەوە زۆرینە لەگەڵ کوشتنیاندا بوو و دەسبەجێ میلیشیاکان کەوتنە سەربڕینی ژن و منداڵ و پیاوەکان وەک یەک.٢٠

ڕیزپەڕی ئەم شێوازە گشتییەی خۆلادانی هندییەکان لە مەترسیی تووشی زیانی گەورە نەبوون لە ئەلەباما بوو، کە تێیدا خێڵی کریکی ڕێد ستیک (واتە دار یان کوتەک سوور – وەرگێڕ) لە سەرەتای ساڵانی ١٨١٠کاندا کۆبوونەوە و کەوتنە جموجووڵ دژ بە فراوانخوازیی ئەمریکا و ئەو کریکانەی کە هاوکاریان بوون. کاتێ کە هێزەکانی ئەمریکا لەدژیان جووڵا، ڕێد ستیک چەندین جار دەستیان دایە بەرگریکردن لە گوندەکانیان و ئەو سەنگەر و قایمکارییانەی تازە دروستیان کردبوو، هەروەها هێرشیان دەکردە سەر ئەمریکییەکان هەر کاتێدەرفەتیان بۆ بڕەخسایە. بە درێژایی چەندین مانگ دەستە و تاقمی ڕێد ستیک زیانی قورسیان بەردەکەوت و ئەم زیانە لە ساڵی ١٨١٤دا گەیشتە لووتکە وەختێ کە بە لای کەمەوە هەشتسەد کەسیان لێکوژرا، کاتێ کە ئەندرو جاکسۆن، بەپێی دەربڕینی خۆی “بڕیاری لەناوبردنیانی دا” و سەنگەر و قایمکارییەکانیانی لە هۆرسشوو بێند Horseshoe Bend (واتە چەمینەوەی ناڵەئەسپ – و)لەسەر ڕووباری تالاپووسا تێکشکاند. ئەم ڕووداوە، کە بەعادەت ناوی شەڕ یا نەبەردی لێدەنێن، هەندێ خاسییەتی قەتڵوعامی تێدایە. ئەگەرچی زۆربەی کوژراوەکانی ڕێدستیک جەنگاوەر بوون، چونکە لە نێوان دووسەد بۆ سێسەدیان لێکوژرا کاتێ کە هەوڵیاندا بە مەلەکردن لە ڕووباری تالاپووسا بپەڕنەوە. ڕاپۆرتە فەرمییەکان نەیانتوانی بیانناسنەوە و هیچ شتێکیان بۆ ڕوون نەبووەوە ئەوە نەبێت کە “ڕووبارەکە بە خوێن سوور بووە”، بەڵام گومانی تێدا نییە کەوا زۆرێکیان ژن و منداڵ بوون.٢١

بە هەڵسەنگاندنی ماوەی نێوان ساڵی 1776 تا ساڵی 1815، ڕوونە کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز نیازی نەبووە تەواوی هندییەکانی ئەو خاک و ناوچانە بکوژێت کە داوای دەکردن و ڕاوەدووی دەنان. ئەگەر ئەوە پێوەری جینۆسایدبووبێت ئەوە ئەم زاراوەیە نایگرێتەوە. بەرپرسە ئەمریکییە بەردەوام ئامادەییان دەردەبڕیبۆ بەکار‌هێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی دژ بە گەل و خێڵە هندییەکان، کە وایان لەقەڵەم دەدان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕەفتار دەکەن (هەڵبەت ئەم بەرژەوەندییانەی بە ڕەوا دەزانی). زۆربەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کوشتاری بەکۆمەڵیان لێنەکەوتەوە، بەڵام ئەمە کاری خۆڕاگری نەبوو بە ئەندازەی سنوورداریی هێز و توانای ئەمریکا لەلایەکەوە و توانای ناوخۆیی بەهێزی ڕەسەنەکان لە لایەکی ترەوە. وەک پرەنسیپێکی گشتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە کۆمەڵگە هندییەکان توانایەکی ڕەگ داکوتاوی توندوتیژیی فراوانی لەگەڵ خۆ هەڵگرتبوو دژ بە جەنگاوەران و غەیرە جەنگاوەران، یان بە زمانی باوی ئەو سەردەمە، قڕکردن و لەناوبردن. فرەجار ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان قەتڵوعامی لێنەدەکەوتەوە کە هەندێ جار بە هۆی لاوازی (وەک بەشنەکردنی ئازووقە و زەخیرە و لاوازیی هەواڵگری و شکستهێنان لە دۆزینەوەی خێڵەکان) و گەلێ جاریش بە هۆی توانای هندییەکانەوەبۆ خۆلادان لە کوشتار، کە هەندێ جار لە ڕێگەی شەڕکردنەوە و هەندێ جاریش لە ڕێگەی تەفرەدان و خۆدزینەوەوە بوو لەهێزەکانی ئەمریکا. بە تێپەڕینی کات، ئەوەی وایکرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا کارا و کاریگەر بێت بیبەزەیی و دڵڕەقییەکەی بوو. هەندێ جار هندییەکان بەریان بە هێرشێک دەگرت بۆ سەر وڵاتەکەیان و ئەگەر ئەوە مەحاڵ بوایە گوند و شارەکانیان چۆڵ دەکرد و دواتر لەوێ یان لە شوێنی تر دروستیان دەکردەوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی زۆر و ڕوو لە هەڵکشانی دانیشتووانی هەبوو، لەگەڵ توانایەکی بەرزی جۆشدانی لاوان بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ شەڕکردن و پابەندبوونێکی چەسپاو بە پەلکوتان و فراوانخوازی و وڵات توانای هەبوو جەنگێکی بێکۆتایی بەڕێوەببات. لە بەردەم ئەگەری تەواو ڕاستەقینەی ئەوەی کەوا دواجار میللەتەکەیان بەتەواوی تێکدەشکێت، لەکۆتاییدا سەرکردەکانی بەرگریی هیندی ڕەزامەندییان لەسەر پەیماننامەکانی ئەمریکی دەربری کە داواکارییان دەستبەردار بوونی خاک و زەوییەکان بوو. هەڕەشەکردن بە جینۆساید، بەم مانا زۆر بەهێزەی زاراوەکە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە بواردان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوا ئامانجە بنەڕەتییەکەی بەدیبێنێت لە دەستبەسەرداگرتنی خاک و زەویی هندییەکاندا.

ڕاگواستن، 1815 – 1840

لە پاش ساڵی ١٨١٥، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵ و کۆششی خۆی چڕکردەوە بۆ کشان و بەرفراوانبوون.بۆ ئەو کارەش سیاسەتی مۆرکی دامەزراوەیی فەرمیی پیادەکرد لە ڕێگەی یاسای ساڵی ١٨٣٠ڕاگواستنی هندییەکانەوە، کە بەپێی ئەو یاسایە تەواوی ئەو هندییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری مسیسیپیدا دەژیان دەبوو بگوێزرێنەوە خاک و ناوچەی هندییەکان Indian Territory (کە دەیکردە هەردوو ویلایەتی کەنساس و ئۆکڵاهۆمای ئەمڕۆ). بەپێی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پرۆسەی ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییەکان زۆر وێرانکەرتر بوو لە ماوەکانی پێش جەنگ. با لێرەدا تێفکرێین لە گەورەترین سێ گەل یان میللەتی هندی کە دەکەوتنە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری مسیسیپی و ئەوانیش بریتی بوون لە چۆکتاو و کریک و چیرۆکی، کە ژمارەی دانیشتووانی هەر یەکەیان نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بووە، لە کاتی پرۆسەی ڕاگواستندا لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا و تێیدا نزیکەی دوو هەزار چۆکتاو، چوار هەزار و پێنجسەد کریک و پێنج هەزار چێرۆکی لەناوچوون، کە زۆربەیان بە هۆکاری تێکەڵ بەیەکتری وەک نەخۆشی و برسێتی و بەر سەرما و گەرما کەوتن و نائومێدییەوە بووە. چەند سەدێکیان لە کاتی پرۆسەی ڕاگواستن بەرەو ڕۆژاوا گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە مێتافۆری “کاروانی فرمێسک”ئەو ڕاستییە تەمومژ دەکات کەوا زۆربەی مردنەکان لە کەمپەکانی بەندکردندا ڕوویانداوە لە کاتی چاوەڕوانیی گواستنەوە بەرەو ڕۆژاوا و لە یەکەم ساڵەکانی دوای ڕاگواستندا. ژمارەی گیان سپاردنیهەر سێ گەلە ڕەسەنەکە – کە لە سەدا بیست نزیک دەبێتەوە – هاوتایە بە ٦٠ ملیۆنی دانیشتووانیویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستادا. هەروەها ئەو نەتەوە ڕەسەنە بچووکانەی کە دەکەوتنە باکووری ویلایەتی ئۆهایۆ تووشی زیانی گەورە هاتوون لە ماوەی ڕاگواستنەکەدا. چل و سێ کەسی سەر بە گەلی پۆتاواتۆمی کوشتنیان ڕاگەیەنراوە لە کۆمەڵێکدا کە لە هەشتسەد کەس پێکهاتبوو لە کاتی گەشتیاندا لە ئیندیاناوە بۆ کەنساس، لەکاتێکدا کە شەست کەسی سەر بە گەلی ویاندۆت، کە زۆریان منداڵی بچووک بوون، لە کۆمەڵێکدا کە لە حەوتسەد کەس پێکهاتبوو، بە هۆی نەخۆشییەوە مردن لە پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتنیاندا بۆ ڕۆژاوا.

بۆ زەمانەتی ملکەچکردنی هندییەکان بۆ ڕاگواستن، حکوومەتی فیدراڵی پشتی بە هەڕەشە بەستبوو. یەکەم کێشانەوەی پارێزگاریی فیدراڵی و بەو پێیە وا لە هندییەکان دەکات ملکەچی سیستەمە یاساییەکانی ویلایەتەکان ببن کە بە هۆیانەوە دەکرا بەر پێشێلکاریی نیشتەجێ مستەوتینەکان بکەون و لەکۆتاییدا دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا بگرن. هەروەها بەرپرسە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی بە هندییەکانیان ڕاگەیاندووە کە حکوومەت زەبروزەنگ بەکاردێنێت ئەگەر کۆچکردن ڕەتبکەنەوە. ئەمەش هەڕەشەیەک بوو کە مێژووی پێشتری جەنگی ‌هێنایە پێشەوە. کاتێکیش کە هندییەکان ڕەتیانکردەوە، بەرپرسەکان خاوەنی قسەی خۆیان بوون و ڕێگەیان بە جەنگ دا دژ بە هەردوو گەلی سیوکس و فۆکس لە شەڕی بلاک هۆکدا (١٨٣٢) و سێمینۆڵ لە شەڕی دووەمی سێمینۆڵدا (١٨٣٦ – ١٨٤٢). لە حاڵەتی یەکەمدا، دەرفەت بۆ سوپای ئەمریکا ڕەخسا کە توندوتیژیی بێ قەید و شەرت بەکاربێنێ کاتێ کەوا هێزەکان،بە هاوکاریی هۆ چانک، بەریان بە کۆمەڵێکی بلاک هۆک گرت لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە لە ڕووباری مسیسیپی لە باشووری ویسکنسنەوە. ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کەوتنە دەسڕێژی تەقەکردن و کوژرانی زیاد لە دووسەد هندیی لێکەوتەوە، کە خەڵکی شەڕنەکەریشیان تێدابوو.لە فلۆریدا، کە تۆپۆگرافی و کەشوهەوا نەگونجاو بوون بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، سوپا تووشی ئاستەنگی گەورەتر بووەوە لە دۆزینەوەی نیشتەجێکانی خێڵی سێمینۆڵدا، لەوەگەڕێ کە لە ناکاو هەڵبکوتێتە سەریان، لەبەر ئەوە پەنای بردووەتە بەر تەکتیکی وەک دەستبەسەر کردنی سێمینۆڵەکان لە کاتی دانوستانی ئاشتیدا و ناردنیان بۆ زیندان. ئەگەرچی لە ماوەی جەنگی دووەمی سێمینۆڵدا کوشتاری گەورە ڕووینەداوە، بەڵام ئەفسەرانی سوپا زۆر جار داوای لەناوبردنی سێمینۆڵیان کردووە و بەو پێیە بەرپا نەبوونی کوشتار بە هۆکاری ڕەفتارەوە نەبووە بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەرفەت. وەک هندییەکانی تر کە لە بارودۆخی هاوشێوەدا دەژیان، سیمینۆڵەکانیش گەلێ جار توانیبوویان خۆ لە هێزەکانی ئەمریکا بدزنەوە و هەندێ جاریش زیانیان پێبگەیەنن.

توێژەران کەوتنە ئاماژەدان بەوەی کە ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییەکان پاکتاوی ڕەگەزییە و ئەمەش زاراوەیەکە پێدەچێت شیاوییەکەی مشتومڕ قبووڵ نەکات.٢٢ بەڵام ئاخۆ ئەوە جینۆساید بووە؟ ڕەنگە یەک لە وەڵامەکان ئەوە بێت کەوا چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان نیازی کوشتنی هندییەکانی نەبووە و (ڕاگواستنی وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مرۆڤانە هێناوەتە کایەوە بۆ بنەبڕکردن) و لەبەر ئەوەی کەوا ئەو مردنانەی لە ڕاگواستنەکە کەوتووەتەوەبەس نییە بۆ بە جینۆساید دانانی و ئەنجامێکی بێمەبەست بووە کە بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراوی وەک (کەشی خراپ و درم و پەتای چاوەڕوان نەکراو) دروستیان کردووە، بۆیە پێوەری سەلماندنی جینۆسایدی بەسەردا جێبەجێ نابێت. لەوانەیە وەڵامەکەی تر ئەوەبێت کەوا هەرچەندە مەبەست لە ڕاگویزان کوشتن نەبووە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم کاریگەرییەی هەبووە ئەوە جینۆسایدێکی سنووردار پێکدێنێت، بەتایبەتی کەوا بەرپرسەکانی حکوومەت هۆکاری تەواویان هەبووە بۆ زانینی ئەوەی کە ناچارکردنی دەیان هەزار کەس بە جێهێشتنی ماڵ و حاڵیان لەوانەیە سەر بکێشێتەوە بۆ زیانی گەورە. هەڵبەت گیان لەدەستدان بە تێپەڕینی کات زیاتر ڕوونبووەوە و پرۆسەی کرداریی ڕاگواستن ڕێک و ڕەوان ئەم کاریگەرییەی هەبوو. بە کەمترین خەمڵ و هەڵسەنگاندن، دەکرێ بڵێین کەوا جینۆساید ئامادە بووە لە پرۆسەی ڕاگواستن و دوورخستنەوەدا، بەو مانایەی کە جێبەجێ کردنی سیاسەت پشتی بە هەڕەشەکانی حکوومەت بەستبوو لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەهاوە بۆ مسۆگەر کردنی ملدان، هەرچەندە بەگشتی کاربەدەستانناچاری بەکارهێنانی نەبوون.

هەڵپەی زێڕی كاليفۆرنيا Gold Rush California

هەڕەشەکردن بە توندوتیژیی گشتگیر و هەمەلایەن لە هەڵپەی زێڕی کالیفۆرنیادا بەئاسانی بەدیهات و تەنانەت لەم حاڵەتەدا وەک بژاردەی یەکەم نەخرایە ڕوو. لە ساڵی ١٨٥١دا، جۆن ماکدۆگاڵی حاکمی کالیفۆرنیا هۆشداریی دا بە هندییەکان کە ئەگەر مل نەدەن بە هەلومەرجەکانی ئەمریکا لە پەیماننامەکاندا، ئەوە کالیفۆرنیا “جەنگێک هەڵدەگیرسێنێت …” کە بەزەروورەت دەبێتە هۆی لەناوبردنی زۆرێک لە خێڵەکان. لە سەردەمی ڕاگواستنەکانیشدا تا ڕادەیەک بەرپرسان هەمان شتیان دەوت. جیاوزییەکەی کالیفۆرنیا لەوەدا بوو کەوا نیشتەجێکان و بەرپرسە کاربەدەستەکان زۆر خێراتر بوون لە سەپاندنی سزای توندوتیژیی بەکۆمەڵدا و ئەمەش بە ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پاڵنەری قڕکردن بەهێزتر بوو و بە ڕادەیەکیش لەبەر ئەوەی نیشتەجێکان فشاریان لە هندییەکانی کالیفۆرنیا دەکرد بۆ نواندنی کردەوەگەلێک کە هانی زیاتری ئەم پاڵنانەی دەدا. لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا، نیشتەجێکان هندییەکانی کالیفۆرنیایان دەکردە کۆیلە (بەتایبەتی منداڵان) و زەوییەکانیان زەوتدەکردن و میلیشیایان دروستکردبوو بۆ ڕاوەدوونانیان. لە باکووری کالیفۆرنیا، یووکییە برسییەکان کە بە هۆکاری چالاکیی نیشتەجێکانەوە بێبەشکرابوون لە ڕاوکردن، دەستیانکرد بە کوشتنی ئاژەڵ و ماڵاتی نیشتەجێکان.جارێکیان خاوەن کێڵگەیەک کە بیست بەرازی فەوتابوو چووبوە مەزرایەکی یووکیی ڕانشێریای نزیک لە خۆیان و دەسبەجێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا سێ کەسیان کوشتبوو و پێنجی تریشیان بە دیل گرتبوو کە پاش “دادگایی کردنێک” لەسێدارەیان دابوون. ئەم ڕەفتار و کردەوانە بوون بە هۆی ئەوەی کەوا یووکییەکان پەلاماری نیشتەجێکان بدەن و ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی وایکرد کە توندوتیژیی نیشتەجێکان زیاد بکات. لە ساڵی ١٨٥٩دا، پیاوانی میلیشیاکان کە خۆیان ناونابوو “پاسەوانانی ڕووباری مارماسی”، هەروا بە هەوەسی کەیف و ڕابواردن کەوتنە کوشتنی هندییەکان و ژمارەیەکی زۆریان کردنە ئامانج بێ گوێدانە ڕەگەز و تەمەن، کە تێکڕا چەند سەد کەسێک دەبوون. هەرجەندە بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەیانویست خۆیان بەدوور بگرن لە پاسەوانانی ڕووباری مارماسی، وەک مێژوونووس بنیامین مادلەی دەریدەخات، بەڵام جۆن ب. ویلەری حاکمی کالیفۆرنیا ئاگاداری چالاکی و جموجووڵی ئەم میلیشیایە بوو و بەفەرمیی پشتیوانیی لێدەکردن. بێجگە لەوەش، ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەت و کۆنگرێسی ئەمریکی پارەیان تەرخانکردبوو بۆ پاڵپشتیی ئەم کەمپەینە و کەمپەینەکانی تری میلیشیاکان و لە هەندێ حاڵەتیشدا بە ئاگاداربوون لە کار و کردەوەی میلیشیاکان.٢٣

دەستبەسەرداگرتنی ئەمریکا بۆ کالیفۆرنیا بوو بە هۆکاری دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن بە شێوەیەکی زۆر توندتر لە هەر کاتێک و هەر شوێنێکی تر لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. لە ساڵی ١٨٤٨دا، ژمارەی هندییەکانی دانیشتووی کالیفۆرنیا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ١٥٠ هەزار کەس دەبوو. بۆ ساڵی ١٨٦٠، ژمارەکە تەنها ٣٠ هەزار بوو. هەڵبەت کوشتنی ڕاستەوخۆ فاکتەرێکی گرنگ بوو و لەوانەیە زۆربەی مردنەکانی هەندێ خێڵی وەک یووکی و یانا بەوە لێکبدریتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ژمارەیەکی گەورەتر لە خەڵک بە هۆی نەخۆشی و بەدخۆراکییەوە مردوون و ئەوجا بە هۆی کاری زۆرەملێ و لەدەستدانی زەویوزار و لەناوبردنی نێچیری ڕاو و کوشتن و بەزۆر هێشتنەوە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا reservation بووە.٢٤پێدەچێت لەم ماوەیەدا بوونی بەردەوامی نەخۆشیی جۆراوجۆر زیاتر لە دەرکەوتنی کوتوپڕی یەک پەتا بووبێتنە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگە هندییەکان، چونکە ئەم کۆمەڵگایانە نەیانتوانیوە دووبارە دۆخی دانیشتووانیان بنیات بنێنەوە (وەک چۆن هەندێ جار لە پاش یەک پەتا دەیانتوانی ئەوە بکەن). هەرچەندە نیشتەجێکان و فەرمانبەرانی گشتیی هەڵبژێردراو پلانی کۆکردنەوەی هۆکاری نەخۆشییەکانیان نەدۆزیبووەوە بۆ ئەوەی بیانکەنە جەستەی هندییەکانەوە، بەڵام وەسفی ئەو مردنانەی لە سەردەمی هەڵپە و تاومای گەڕان بەدوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا کەوا بێمەبەست بووە پێدەچێت لە ڕووی یاساییەوە زۆر خۆی نەگرێت چونکە ئەم نەخۆشییە ڕوون و ئاشکرا پەیوەست بووە بە پرۆژەیەکی کۆڵۆنیاڵییەوە و بووە بە هۆی کارلێککردنی بەردەوامی هێزە وێرانکەرە جۆراوجۆرەکان بە درێژایی ساڵانێکی زۆر.

بە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هندی لە کالیفۆرنیا بە شێوەیەکی توند و لەبەر ئەوەی کە ستەمکردن و زەبروزەنگی توند بەشێکی دانەبڕاو بووە لەم پرۆسەیە، بۆیە گەلێ لە زانا و توێژەران پێیان وانییە کە جینۆساید لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجام درابێت و بە لایانەوە ئەوەی کە لە کالیفۆرنیاداڕوویداوە مەسەلەیەکی ڕیزپەڕە و شیاوی گشتاندن نییە.٢٥بەهەرحاڵ، تەنانەت لەم حاڵەتەشدا جۆرە ناکۆکییەک هەیە. یەک لەو ئارگومێنتانە ئەوەیە کەوا جینۆساید بەسەریدا ناسەپێت چونکە نەخۆشیی هۆکاری بنەڕەتیی بووە لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هندییەکانی کالیفۆرنیا. هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە توندوتیژیی بەکۆمەڵ بە پلەی یەکەم لەلایەن نیشتەجێکانەوە ئەنجامدراوە و حکوومەتی ویلایەت و حکوومەتە فیدراڵییەکان سیاسەتێکی کوشتنیان دانەڕشتووە بۆ کوشتنی جەستەیی تەواوی هندییەکان.٢٦وەک چۆن مەسەلەکە لەگەڵ هەڵوێستەکانی تردایە، جیاوازیی بیروڕا پشت بە جیاوازیی پێناسەکان دەبەستێت. بەگوێرەی پێناسەیەکی توند و وشک نیاز و مەبەستی حکوومەتی فیدراڵی یان حکوومەتی ویلایەت بۆ کوشتنی تەواوی هندییەکانی کالیفۆرنیا و ئەوەی کەوا تێیدا زۆربەی مردنەکان لە کوشتنی ڕاستەوخۆوە سەرچاوەیان گرتووە، پێناچێت جینۆساید مایەی جێبەجێکردن بووبێت. بەپێی پێناسەیەکی کەمتر توند، ئەگەرچی تا ڕادەیەک هێشتا هەر موحافزەکارە و تەنها پێویستی بە نیازی نیشتەجێکانە بۆ تێکشکاندنی بەشێکی زۆر لە هندییەکانی کالیفۆرنیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێکی جۆراوجۆری هۆکار لە داماڵینی موڵکییەتەوە بۆ کوشتنی سیستماتیک، وا دیارە جینۆساید گونجاو بێت، بەتایبەتی کەوا ئەنجامی دیمۆگرافی لە کالیفۆرنیادا تا پەڕی ئەوپەڕ کارەستبار بووە. لەسۆنگەی ئەو ڕاستییەوە کە حکوومەتی ویلایەت هانی نیشتەجێبوونی دوژمنکارانەی دەدا و مافی هندییەکانی پێشێل کردبوو لە مەسەلەی زەویدا و پشتیوانیی لە میلیشیاکانی ڕاوکردنی هندییەکان دەکرد، مەسەلەکەی تەواو بەهێز کردبوو.هەڵبەت ڕۆڵی حکوومەتی فیدراڵییش ئاڵۆزتر بوو، چونکە لە لایەکەوە بەرپرسە فیدراڵییەکان، بە ستافی سەربازی یان سوپاشەوە، هەندێ جار کارێکیان دەکرد بۆ پاراستنی زەویوزاری هندییەکان و ڕێگرتن لەو زەبروزەنگە توندەی کە نیشتەجێکان پیادەیان دەکرد. لەلایەکی تریشەوە، ساڵی ١٨٥٠ سوپا بەشداریی کرد لە کوشتارێکی سزائامێزدا کاتێ کە زیاتر لە شەست کەسی خێڵی ڕەسەنی پۆمۆی سەربڕی لە کوشتاری دوورگەی خوێناویدا. کۆنگرێس شکستی هێنا لە ڕەزامەندیی دەربڕین لەسەر پەیماننامەکان کەوا ئەگەری ئەوەی لێدەکرا هندییەکان بپارێزێت و بەربەستێک دابنێت دژ بە کار و کردەوەی وێرانکەری نیشتەجێکان (موستەوتینەکان)، هەروەها کۆنگرێس کەوتە پارەدار کردنی میلیشیاکانیش.

جەنگی هندییەکان

بە سروشتی حاڵ، مشتومڕ کردن لەبارەی جینۆسایدەوە پێویستە لەکۆتاییدا ڕەچاوی ئەوە بکات کە پێی دەگوترێت جەنگی هندییەکان. ئەم زاراوەیەش بەکارهێنانێکی باوی هەبوو بۆ لەشکرکێشییەکانی سوپای ئەمریکا بە مەبەستی ملپێکەچکردنی گەلە هندییەکان لە ڕۆژاوای ئەمریکادا لە سەرەتای ساڵانی ١٨٦٠کانەوە. لە مێژوویەکی کۆنتردا، ڕووداوە سەرەکییەکانی ئەم مێژووە وا دەگێڕرایەوە کە شەڕ و نەبەردی بن.بەڵام ئێستا وا باوە کە توێژەران وەک کوشتار یان قەتڵوعام ئاماژە بۆ ئەم ڕووداوانە بکەن. ئەمەش بە شێوەیەکی تایبەتی بەسەر ئەو کوشتارەدا دەسەپێت کەوا میلیشیایەکی هەرێمایەتیی لە کۆلۆرادۆ دژ بە شاینەکان بەرپای کرد لە ساند کریک (١٨٦٤) و کوشتاری سوپا دژ بە شۆشۆنەکان لە بیر ڕیڤەر (ڕووباری ورچ – و) (١٨٦٣) بلاکفیتەکان (پێ ڕەشەکان – و)لە سەر ڕووباری ماریاس (١٨٧٠) و لاکۆتاکان لە وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار – و) (١٨٩٠). هەندێ لە توێژەران کەوتنە ئاماژەدان بەم ڕووداوانە وەک “کوشتاری جینۆسایدئامێز” و وا پێناسە دەکرا کە لەناوبردنی بەشێک بێت لە کۆمەڵێکی گەورەتر و هەندێ جاریش بۆ تەمێکردنی کۆمەڵە گەورەترەکە ئەنجام دەدرا.٢٧

وەک ئەوەی لە قۆناخەکانی پێشتری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەیانکرد، لەپاش جەنگی ناوخۆ، بەرپرسە فیدراڵییەکان ئەوەیان دەردەبڕی کە وایان پێ پەسەندتر و باشترە هندییەکان دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن لەبەرانبەر هاوکاری و یارمەتیدانیان بۆ ئاسیمیلەبوون لەکۆتاییدا. سیاسەت داڕێژان ئاسیمیلە کردنیان وەک گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤی قڕکردن و لەناوبردنی فیزیکی هێنایە کایەوە و بەم ڕێگەیە هۆکارێکیان بۆ مێژوونووسانی دواتر ڕەخساند کە پاکانە بۆ نیاز و مەبەستەکانی جینۆساید بکەن. بەڵام ئاخۆ مەسەلەکە چۆن دەکەوتەوە ئەگەر هندییەکان دەست و دیارییەکەی شارستانیی ڕۆژاوایان ڕەتبکردایەتەوە؟ یان چۆن دەبوو ئەگەر هێرشیان بکردایەتە سەر ئەو نیشتەجێیانەی دەستدرێژییان کردبووە سەر زەوییەکانیان و زیانیان بە داهات و سەرچاوەکانیان گەیاندبوو؟لەم حاڵەتەدا، هەردوک کاربەدەستانی سڤیل و سەربازی وەک یەک کۆک دەبوون لەسەر ئەوەی کەواجەنگێکی دوژمنکارانەی ڕەوا لەگەڵ هندییەکاندا بکرێت.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە هندییەکان بە ئامانجی کوشتنی هەموو کەسێک نەبوون کە بێتە ڕێیان، ئەگەرچی ئەوان بەنیازی بەرپاکردنی کاری توندوتیژیی مەودا فراوان و کارەساتاوی بوون بۆ دەستەبەر کردنی ملکەچی. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەیانخواست بەعادەت کۆمەڵگەکان بەئامانج بگرن نەک سوپاکان، بۆیە بە سرووشتی خۆیان ئەگەری بەرپاکردنی کوشتاریانهەبووە.لە زۆر حاڵەتدا، هێزەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بەدیبێنن و ئەوەش تا ڕادەیەکی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ توانا ناوخۆییەکان، چونکە هێزە هندییە شەڕکەرەکان زیرەکی و وریاییەکی بەرزیان هەبوو و لە هەندێ حاڵەتدا، کە ناودارترینیان لە لیتڵ بیگ هۆرن بوو (١٨٧٦)، کە تێیدا توانییان زیانی زۆر قورس لە داگیرکەران بدەن. لێرە هندییەکان پشتیان بە سیستەمەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بەستبوو بۆ ڕێگرتن لە هێرش و پەلامری کوتوپڕی و ڕێوشوێنی کارکردن بۆ کشانەوە و پاراستنی کەسانی شەڕنەکەر. ئەوان بەم ڕێگەیە خۆیان لە ئەگەری زۆر کوشتار لادەدا. بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا، هێزەکانی ئەمریکا دەیانتوانی هێرشی لەناکاو دەستەبەر بکەن یان کەلێن لە بەرگریی هندییەکاندا دروست بکەن و کاتێ ئەوەیان بکردایە، زۆر کەم خۆیان پێدەگیرا و ژن و منداڵ و پیریان وەک یەک دەکوشت. لە هەندێ حاڵەتدا، هێزەکان یان پیاوانی میلیشیای هندییەکان کە بە کردار بەشدار نەدەبوون لە بەرگری یان هێرشکردندا، وەک ئەوەی لە کوشتارەکانی ساندکریک و ماریاسدا ڕوویاندا، ئەمەش مەیلێکی لا دروستکردنکە هەموو هندییەکان بە شایستەی قڕکردن دابنێن. هەروەها ئەفسەرانی سوپاشهەندێ جار گوزارشیان لە هەستی جینۆسایدی دەکرد و بەناوبانگترینیان دەستەواژەکەی فیڵ شێریدانە کە دەیگوت”ئەو هندییە باشانەی کە من لە ژیاندا بینیومن ئەوانەن کە مردوون”.٢٨هەرچەندە مێژوونووسان گەلێ جار وا مامەڵەیان لەگەڵ ئەم چەشنە ڕاگەیاندنانەدا کردووە وەک گوزارشی دابڕاو، بەڵام گوتارێکی لەناوبردنیان تێدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام ئەمسەر و ئەوسەری کردووە لە نێوان نیشتەجێکان و ستافی سەربازی و سەرکردە سیاسییەکاندا و بە شێوەیەکی دەوری چالاک بووەتەوە لەو شتەدا کە دەکرێ بە “ساتەوەختەکانی جینۆساید” وەسفی بکەین.٢٩

بە سرووشتی حاڵ، توندوتیژی تاکە هێزی وێرانکەر نەبووە کە دژ بە کۆمەڵگە هندییەکان کار بکات لە ڕۆژاوا. کۆڵۆنیزە کردنی ئەمریکی بۆ ڕۆژاوا بوو بە هۆی لەدەستدانی خاک و زەوییان و لەناوچوونی بیسۆن (گا یان گامێشی ئەمریکیی کێوی – و)و نێچیرەکانی تر و بەرکەوتنی زیاتری نەخۆشی و مەیخواردنەوە. بۆ زۆرێک لە گەلە هندییەکانی ڕۆژاوا، زەرەر و زیانی دانیشتووان سەخت بوو. بۆ نموونە، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی کۆمانچ نزیکەی ٤٠ هەزار کەس بوو لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٧٠٠کاندا. لە ساڵانی ١٧٨٠کاندا، بۆ یەکەمجار ئاوڵەیان تێدا بڵاوبووەوە و بوو بە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان بۆ ٢٠ – ٣٠ هەزار کەس و لە ساڵانی ١٨٤٠کاندا جێگیر بوو. بۆ ماوەی چەند دەیەیەکی دواتر، کۆمانچ بە شێوەیەکی چەندبارە تووشی درم و پەتا بوون، بەڵام بەگشتی بە هۆی بارودۆخی ئابووریی لەبارەوە توانییان دۆخی خۆیان ئاسایی بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەروەختێکی نزیکەی ناوەڕاستی ١٨٤٠کاندا و لەگەڵ دابەزینی ژمارەی بیسۆندا ئابووریی کۆمانچتووشی داڕووخان بوو و لەگەڵیشیدا ژمارەی دانیشتووانیان هاتە کەمیو بۆ ساڵی ١٨٧٠ ژمارەی کۆمانچ هاتە سەر نێوان ٤ – ٥ هەزار کەس. دەکرێ بەشێک لەم دابەزینە بە جەنگ لێکبدەینەوە لەگەڵ میلیشیاکانی تەکساس و سوپای ئەمریکادا، هەرچەندە کۆمانچییەکان دیسان زیانیان لێکەوت لە جەنگیاندا لەگەڵ گەلە هندییەکانی تردا لە کاتی ڕکابەرییاندا لەسەر سەرچاوەکانی بژێوی کە تا دەهات ڕووی لە کەمی دەکرد. بەڵام هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان برسێتی و نەخۆشی بوو (کە بە هۆی بەدخۆراکییەوە لەگرێژەنە چووبوو). لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠ و ١٨٧٥دا، ژمارەی دانیشتووانی کۆمانچ لەوە زیاتر دابەزی بۆ تەنها ١٥٠٠ کەس. لەم ساڵانەدا سوپا ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا دژی کۆمانچ بۆ ئەوەی ناچاری جێگیریان بکات لە مۆڵگەیەکی پارێزگاریی (محمیة) ڕۆژئاوای ئۆکڵاهۆما و ئەمەش بوو بە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی چەند سەد کەسییان.تا ئاستێکی دوور، ژمارەیەکی گەورەی گیان لەدەستدان لەم ماوەیەدا بەستراوە بە بێبەشبوونی ماددی و فشاری کۆمەڵایەتییەوە.٣٠

مامەڵەیەکی بیرکارییانە بۆ پرسی جینۆساید لە کەیسی کۆمانچدا ڕەنگە هانی گەیشتن بدات بە ئەنجامگیرییەکی وا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان جینۆسایدی بەرپا نەکردووە دژ بە کۆمانچ چونکە بەشێکی گەورەی کەمبوونەوە درێژخایەنەکە لە چل هەزارەوە بۆ هەزار و پێنجسەد پێش ئەوەی ڕێکارەکانی نێشتەجێبووەکان settlers یان حکوومەتی ئەمریکی کاریگەرییەکی گەورەی ڕاستەوخۆیان هەبووێت لەسەر کۆمانچ. بەهەرحاڵ، بەپێی ئەم لۆجیکە بێت، ڕوودانی جینۆساید مەحاڵە پاش گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی چۆڵکردنی دانیشتووان، بە چاوپۆشی لەوەی کە چی ڕوویداوە لە پاش ئەو خاڵە (تەنانەت ئەگەر مەسەلەکە گرتنی هەموو ئەندامانی ئەو کۆمەڵە بەسەرکەوتوویی لەخۆبگرێت و هەموویان لەسێدارە بدرێن)- کە ئەمەش بۆچوونێکی بێمانایە.مەسەلە زیاتر لۆجیکییەکە ئەوەیە کە مامەڵە یان بۆچوونە بیرکارییە سەپێنراوەکە بەسەر دوا قۆناخی کۆچکردنی دانیشتووانی کۆمانچە (١٨٧٠ – ١٨٧٤) ڕەنگە مشتومڕ دژ بە جینۆساید بکات چونکە زۆربەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی کوشتنی ڕاستەوخۆوە نەبووە. لەم قۆناخەدا، بەرەوڕووی ئەو کێشە ناسراوە دەبینەوە کە خۆی لە دیاریکردنی ئەوەدا دەدۆزێتەوە ئاخۆ حاڵەتەکانی کەوا چەندین هێزی وێرانکردنی زۆر و یەکتربڕی بەستراو بە کاری کۆڵۆنیاڵییەوە بە جینۆساید دادەنرێت یان نە. هەندێ لە توێژەرانی وەک جاکی تۆمسن ڕاند، کە لە نووسینەکانیدا مشتومڕ لەسەر خێلی کیۆوا دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی داوەتە “هێرشێکی جینۆساید بۆ سەر دامەزراوە و کولتوور و ئابوورییەکانی گەلانی ڕەسەن”، ئەوە دەڵێن بەڵێ، سەرباری هەستم بەوەی کە زۆربەی پسپۆڕانی کە لە بواری مێژووی هندییەکانی ڕۆژئاوادا کار دەکەن لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا پێدەچێت ناکۆک بن لەگەڵ یەکتر.٣١

لە پشتی ئەمەوە پرسیارێکی گەورە هەیە لەبارەی ئەوەی کە تا چ مەودایەک دەکرێ ڕەفتاری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی جەنگی هندییەکاندا بەردەوام جینۆساید بووبێت، یان بەشێکی جینۆساید بووبێت، یان بەدەگمەن جینۆساید بووبێت، یان هەرگیز جینۆساید نەبووبێت. وەک ئەوەی لە گەلێ کات و شوێنی تری هەردوو ئەمریکادا هەیە، ئەمە پرسیارێکی قورسە و بەندە بە هەڵسەنگاندنێکی وردی مێژووی زۆرێک لە گەلە هندییەکان. ئەم مێژووانە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن. هەندێ لە گەلە هندییەکانی ڕۆژاوای (ئەمریکا)، وەک پۆنکا، بڕیاریان دا بەرهەڵستیی فراوانخوازیی ئەمریکی نەکەن و تووشی مامەڵەی توندوتیژ نەبوون، هەرچەندە دواتر سەربەخۆیی ئابووری و سیاسییان لەدەستدا و تووشی ڕاگواستن و بەندکردن بوون و ئەم پرۆسانەش سەریانکێشایەوە بۆ زیانێکی گەورە لە ژمارەی دانیشتوواندا. هەڵبەت شیکردنەوەی ئەم مێژووە فرە و جۆراوجۆرانە پێویستیان بەوەیە کە ئەم جیاوازییە ڕاستەقینانە رەچاو بکەین، بەڵام بێ پشتگوێخستنی سیاقی هاوبەشی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبوون.

مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات، Reservations) و سەدەی بیستەم

لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا گەلە هندییەکان چیتر پەیڕەویی سیاسەتی بەرگریی سەربازییان نەدەکرد و لەبریی ئەوە هەوڵی خۆگونجاندنیان دەدا لەگەڵ ئالینگارییەکانی ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە ناو مۆڵگەکانی پارێزگاریدا.بەرپرسە مەدەنییەکان بۆ سەلماندنی توانا و دەسەڵاتیان بەسەر هندییەکاندا لەم مۆڵگانەدا، هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیان پەرەپێدا و پشتیان بە بوونی هێزەکان دەبەست لە بنکە سەربازییەکانی ڕۆژاوادا. بە شێوەیەکی ئاساییگرتن و هەڕەشەکردن بە توندوتیژیبەس بوو بۆ کاربەدەستان کە لانی کەمی کۆنترۆڵ کردن دابین ببێت. بەهەرحاڵ، لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا هندییەکانی دەیان مۆڵگەی پارێزگاری بەشدار بوون لە جووڵانەوەیەکی سیاسیدا لەسەر بنەمایەکی ئایینی کە بە سەمای ڕۆحەکان Ghost Dance ناسرابوو.سەماکارە ڕۆحەکان بەهیوابوون ئاڕاستەی کۆڵۆنیالیزم پێچەوانە بکەنەوە نەک لە ڕێگەی بەرگریی توندوتیژەوە بەڵکوو لە ڕێگەی ڕووداوێکی سامناکەوە کەوا هەموو یان زۆربەی ئەمریکییە ئەوروپییەکان تێکبشکێنێت لەو شوێنانەی کە تا ئەم دواییانە وڵاتی گەل و نەتەوەی هندی بوون و ڕایانبماڵێت و شوێن و هەتەریان نەهێڵێت. بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سەمای ڕۆحەکان، حکوومەتی فیدراڵی ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دا دژ بە خێڵی لاکۆتا و ئەمەش ڕێکارێک بوو کەوا سەریکێشایەوە بۆ کوشتارەکەی وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار)، کە هەندێ جار بە ڕووداوی “کۆتایی” دادەنرێت لە زنجیرەی جەنگی هندییەکاندا، بەڵام بە شێوەیەکی گونجاوتر بڵێین نموونەیەکەبۆ سەرکوتکردنی توندی بزووتنەوەیەکی دژە کۆڵۆنیالیزم، کە سەمای ڕۆحەکان بوو.٣٢ بەدەر لەم ڕووداوە پڕ زەبروزەنگە و چەندین حاڵەتی توندوتیژیی بە مەودای بچووک لەلایەن نیشتەجێ داگیرکەرەکانەوە، هەژاری و نەخۆشی گەورەترین هەڕەشەی پێکدەهێنا بۆ هندییەکانی ناو مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا. ئامار و زانیارییەکان لەبەردەستدا نین بۆ هەموو مۆڵگەکان، بەڵام ئەو زانیاریانەی هەن ئاماژە بەوە دەکەن کەوا زۆربەی گەلە هندییەکان ژمارەیەکی ترسناکی دانیشتووانیان لەدەستداوە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا. بۆ نموونە، خێڵی کراو (قەلەڕەش – و) لە ساڵانی ١٨٦٠کاندا بوون بە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ستراتیجیکی خۆپاراستن و ئەگەرچی ئەوان تووشی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ نەبوون بەڵام هێزەکانی تری کاولکاری کاری خۆیان تێکردن. لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا، کراوەکان ناچار کران دەسبەرداری بەشێکی زۆری زەوییەکانیان ببن و بەربەست دانرا بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە ڕاوکردن و سەرچاوەکانی تر، کەوا پێشتر سەربەخۆیی ئابووریی بۆ دەڕەخساندن. بەو پێیە ژمارەی خەڵکەکەیان، کە لە ٣ هەزار کەمتر نەبوو لە ساڵی ١٨٨٠دا، دابەزی بۆ ٢٥٠٠ لە ساڵی ١٨٨٧ و ١٩٠٠ لە ساڵی ١٩٠٣دا، کە ئەم دابەزینە لە یەک لەسەر سێ زیاترە لە ماوەی دوو دەیەدا. ئەگەری ئەوە هەیە کەوا لەدەستدانی ژمارەی دانیشتووانی کراو لە تێکڕا گەورەتر بووبێت هەرچەندە ئەم شێوازە بەئاستێک باو بوو کە ببێتە هۆی دابەزینێکی گشتی لە ژمارەی دانیشتووانی هندییەکان لە ئەمریکادا بۆ خاڵێکی نزم (کە بەزۆری وەک “نەدیرnadir” ئیشارەتی پێدەکرێت) کە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس بووە لە ساڵی ١٩٠٠دا.٣٣ لەو دەمە بەدواوە، ژمارەی دانیشتووانی هندییە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان زیادی کرد. بێگومان ئەم ئاڕاستەیە پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە پێداویستییەکانی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبووندا، بەڵام دیسانیش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و کۆششی تاک و خێزان و گەلە ڕەسەنەکان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکانیاندا.٣٤بەهەرحاڵ، سەرەڕای گەشەکردنی دیموگرافیی گشتی، بەڵام هێشتا لانی کەم ئەگەری ئەوە ماوە بۆ وەسفکردنی هەندێ ڕێکاری ئەمریکی بەرانبەر هندییەکان لە سەدەی بیستدا بەوەی کە وەک ڕێکاری جینۆسایدئامێز دابنرێت.

هەندێ لە نووسەران مشتومڕی ئەوە دەکەن کەوا سیاسەتەکانی حکوومەت بۆ ناچارکردنی هندییەکان بە ئاسیمیلە یان تواندنەوە دەچێتە خانەی “جینۆسایدی کولتووری” یان “ئیتنۆسایدەوە”.٣٥ئامانجی ڕوونی قوتابخانە ناوخۆییەکان boarding schools لە دەرەوەی مۆڵگەکان و لەو وشە بەدناوانەدا ڕوونکراوەتەوە کە ڕیچارد هێنری براتی دامەزرێنەری قوتابخانەی کارلایلی هندیی کردوویەتی -“هندی بکوژە و مرۆڤایەتی ڕزگار بکە”٣٦-بەدڵنیاییەوە پشتگیریی لەم تێزە دەکات. هەروەها قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان وا وەسفکراون کە دەزگا و دامەزراوەی ڕوون و ئاشکرای جینۆساید بن بەپێی بنەمای ئەوەی کە تێکرای گیان لەدەستدان (بە هۆی نەخۆشییەوە) لە ناو خوێندنگە ناوخۆییەکاندا هێجگار بەرز بووە و ئەم قوتابخانانە بەتەنها منداڵی گرووپە ڕەسەنەکانیان وەرگرتووە و بەم پێیە منداڵبوون و وەچەخستنەوە تێیاندا قەدەغە بووە.٣٧ لە کاتێکدا کەوا زۆربەی ئەو توێژەرانەی لێکۆڵینەوەیان لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا بە دام و دەزگای داپڵۆسینیان لەقەڵەم دەدەن و ئەگەری زیاتر ئەوەیە کە وەک جینۆسایدی کولتووری وەریبگرن وەک زاراوەیەکی گونجاو بۆ ئامانجەکانیان و زیاتر بایەخیان بە بەڵگەی دید و بۆچوونی قوتابیان و باوان و خێزانەکانیان دەدا لەبری ئەوەی بڵێن کەوا ئەم دامەزراوانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان چێکراون کە جینۆسایدی فیزیکییە.٣٨ بە هەمان شێوە باس لە سیاسەتە فیدراڵییەکان و ڕێکارە کۆمەڵگەییەکانی تر دەکەن کەوا جینۆسایدئامێزن.ئەمانەش بە شێوەیەکی تایبەتی توندوتیژیی سێکسی دەگرنەوە دژ بە ژنانی گەلەڕەسەنەکان و لەنێویشیاندا نەزۆککردنی زۆرەملێ لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، بێجگە لە سەپاندنی “بڕی خوێن” وەک پێوەرێک بۆ ئەندامێتیی خێڵەکی، بە هۆی هاوسەرگیریی نێوان هندییەکان و غیرە هندییەکان بە پێی تێپەڕینی ڕۆژگار، بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر مەسەلەی “لەناوبردنی ئاماری” بەدیدەهێنێت.٣٩

مشتومڕی ئەدەب

زاراوەی جینۆساید کە یاساناسی پۆڵەندی ڕافایڵ لێمکین لەو کتێبەیدا دایڕشتووە کە ساڵی ١٩٤٤ دەرچووە بە ناوی “حوکمی میحوەر لە ئەوروپای داگیرکراوداAxis Rule in Occupied Europe”. پێناسەکەی لێمکین تا ڕادەیەک بەرفراوان بوو:

جینۆساید بەزەروورەت تێکشکاندنی دەسبەجێی گەل – نەتەوە – ئوممەت ناگەیەنێت، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمەڵکوژیی تەواوی تاکەکانی ئەو گەلەوە نەبێت. بەڵکوو مەبەست لێی ئاماژەیە بە نەخشە و پلانێکی ڕێکخراو لە کار و کردەوەی جۆراوجۆر بە ئامانجی تێکشکاندن و وێرانکردنی کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ژیانی گرووپە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکان، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو گرووپانە خۆیان. بێگومان ئامانجی ئەم پلانە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و زمان و هەستی نەتەوەیی و ئایین و ئابووریی ئەو گرووپەیە و تێکشکاندنی ئاسایش و ئازادی و تەندروستی و شکۆی شەخسی و تەنانەت ژیانی ئەو تاکانەش کە سەر بەو گرووپانەن.٤٠

لێمکین ئەم زاراوەی بۆ کۆمەڵێ حاڵەت بەکارهێناوە و لەوانە زۆرێکیان پەیوەستن بە پرۆژەکانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپییەوە لە ئەفریقا و ئوسترالیا و نیوزیلاند و هەردوو ئەمریکا. توێژینەوەیەکی نوێی دەستنووسێکی تەواونەکراوی مێژووی جیهانی بۆ جینۆساید، کە لێمکین لە دوادوایی ١٩٤٠کان و سەرەتای ١٩٥٠کاندا نووسیوێتی، تێڕوانینێکی ئاسۆ فراوان دەردەبڕێت بۆ ئەوەی کە لێمکین ناوی لێناوە “جینۆسایدی کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی”. ئەو هەرگیز کاری نەکردووە لە سەر فەسڵێکی چاوەڕوانکراو لەبارەی “هندییەکانی ئەمریکای باکوور”ەوە، هەرچەندە سەرنج و تێبینییەکانی ئیشارەت بەوە دەدەن کەوا لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر ڕاگواستنی هندییەکان و پەیماننامەکان و هەڵپەی گەڕان بە دوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا و جەنگی پێدەشتەکان.٤١

لە پاش داڕشتنی ئەم زاراوەیە، لێمکین بێوچان کەوتە کار بۆ قەناعەت هێنان بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەتاوان ناساندنی جینۆساید. ساڵی ١٩٤٨ نەتەوە یەکگرتووەکان “ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادان لەسەری” گەڵاڵە کرد کە بە ڕێککەوتننامەی جینۆساید دەناسرێت و وای پێناسە دەکات کەوا هەر کردەوەیەک لەمانەی خوارەوە بەرپا بکرێت بە مەبەستی تێکشکاندنی، گشت یان بەشێکی، گرووپێکی نەتەوەیی یان ئیتنیکی یان ڕەگەزی یان ئایینی، بەم جۆرەی خوارەوە:

(ئە)کوشتنی تاکەکانی گرووپەکە.

(بێ)هۆکاربوون بۆ زیان گەیاندنی جەستەیی یان ئەقڵیی مەترسیدار بە ئەندامانی گرووپەکە.

(جیم)بەئەنقەست سەپاندنی بارودۆخی تایبەتیی ژیان بەسەر گرووپەکەدا بە مەبەستی تێکشکاندنی فیزیکیی گشت یان بەشێکی.

(دال) سەپاندنی ئەو ڕێکارانەی ڕێگەی لەدایکبوون دەگرن لە ناو گرووپەکەدا.

(هـێ) گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر.

لە زۆر ڕووەوە، پێناسەی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێ بەرفراوانە، چونکە هێزە جۆراوجۆرەکانی تێکشکاندنی تەواو یان بەشێکی گرووپەکە دەستنیشان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەستنیشانکردنی “نیاز” هەندێ جار کاریگەرییەکی ڕێگریی هەیە، چ لە فیقهی یاسای نێودەوڵەتی یان لە مێژوودا، بەتایبەتی ئەگەر وا لێکدرایەوە کە بۆ بکەری دەوڵەت سنووردار بێت.

تێبینی: بۆ ئاگاداریی خوێنەری بەڕێز، لەبەر ئەوەی توانای فەیسبووک سنووردارە، تەواوی باسەکە بەم دوو بەشە جێگەی نەبووەوە و هێشتا چەند بڕگەیەکی باسەکە و پەراوێزەکانی دانەبەزیون و خوێنەر ئەگەر مەبەستی بێت دەتوانێت لە سایتی ڕێگای کوردستان Regay Kurdistan وەدەستی بێنێت، لەگەڵ ڕێزم – وەرگێر.

سەچاوە:

Genocide and American Indian History

Jeffrey Ostler

https://doi.org/10.1093/acrefore/9780199329175.013.3

Published online: 02 March 2015

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …