Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان (بەشی یەکەم)

جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان (بەشی یەکەم)

لێکۆڵینەوەی: جێفری ئۆستلەر

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

کورتەیەک

پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان مشتومڕی زۆر لەخۆدەگرێت. گەلێ لە نووسەران وایدەبینن کە کۆچپێکردن و ڕاگواستنی بێئامانی دانیشتووانی ڕەسەنی هەردوو کیشوەری ئەمریکا لە پاش ساڵی ١٤٩٢ حاڵەتێکی ڕوون و ئاشکرای جینۆسایدە، بەڵام نووسەرانی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا ڕەفتاری ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر هندییەکان مایەی داخ و نیگەرانییە بەڵام بەدەگمەن جینۆساید بووە. تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکنەکەوتن لەسەر مەودای تەشەنە کردنی جینۆساید لە مێژووی نیوەگۆی ڕۆژاوای زەویی لە قۆناخی دوای کۆڵۆمبس، بە شێوەیەکی گشتی و مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە چواردەوری پێناسەکانی جینۆسایددا دەسووڕێتەوە. پێناسە موحافزەکارەکان جەخت لەسەر ئەو ڕێکار و سیاسەتانەی حکوومەتەکان دەکەنەوە کە سەر دەکێشنەوە بۆ زیانی زۆر گەورەیدانیشتووان و بەعادەت بە هۆی کوشتنی ڕاستەوخۆوە. پێناسەکانی کە زیاتر لیبراڵین بانگەشە بۆ پێوەری کەمتر توند دەکەن لە نیاز و مەبەستدا، بە تەرکیز کردنێکی گەورەتر لەسەر ئەنجامەکان. ئەوانە بەزەروورەت پێویستیان بە سزای ڕاستەوخۆ نییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە، بەڵکوو هێز و لایەنە کاراکانی کۆمەڵگە دیاری دەکات.هەروەها بوار دەدات بە بوونی زۆرێک لە هێزە یەکتربڕەکانی وێرانکردن و لەنێویاندا نەخۆشی و ڕاووڕووت.ئەوجا لەبەر ئەوەی مشتومڕ لەبارەی جینۆساید بەئاسانی وەردەگەڕێت بۆ ڕێکنەکەوتن لەسەر پێناسەکان، بۆیە مامەڵەیەکی کراوە بۆ پرسی جینۆساید هەیە کە پەردە لەسەر چەندین قۆناخ و ڕووداو لادەدات کە توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ئێستای هەبێت. بە چاوپۆشی لە چۆنێتیی چارەسەری پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا، گرنگ ئەوەیە درک بەوە بکەین کە پرۆژە کۆڵۆنیاڵییەکانی نیشتەجێبوونی ئەوروپی و ئەمریکییەکان جڵەویان شلکردووە بۆ هێزگەلێکی هێجگار ڕووخێنەر بۆ سەر گەلان و کۆمەڵگە ڕەسەنەکان. ئەمەش ڕاستەوخۆ ئەو توندوتیژییە دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی کشان و فراوانبوونی نیشتەجێ settlers(سپیپێستەکان) و توندوتیژیی نێوان خێڵەکان (کە بەزۆری بە هۆی دەستێوەردانی کۆڵۆنیاڵییەوە لە گرێژەنە چووە) و بەکۆیلەکردن و نەخۆشی و مەیخوارنەوە(ئەلکوهوول) و لەدەستدانی زەویوزار و سەرچاوەکانی ژیان و گوزەران و ڕاگواستنی زۆرەملێ و هێرشکردنە سەر ئایین و کولتوور و زمانی خێڵەکان هاتووەتە کایەوە. هەڵبەت پێکهاتەی ئەم هێزانە و کاریگەریی گەورەیان لە کات و شوێنی جیاوازدا بەپێی ئامانجی پرۆژەی کۆڵۆنیاڵیی دیاریکراو و توانای کۆمەڵگە و دامەزراوە کۆڵۆنیاڵییەکانەبۆ بەدواداچوونیان.توانای گەلە ڕەسەنەکان و کۆمەڵگە لۆکاڵەکان بۆ بەرگری و بەرهەڵستیی ڕاستەوخۆی داگیرکارییە کۆڵۆنیاڵییەکان یان سووککردنیان یان هەڵاتن لێی بایەخێکی هاوشێوەی هەیە.

وشە کلیلەکان:

جینۆساید، ئەمریکییە ڕەسەنەکان، هندییە ئەمریکییەکان، درم و پەتا، ئاوڵە، نەخۆشی، کۆڵۆنیالیزم، ئیمپریالیزم، کوشتار، ڕاگواستنی هندییەکان، پاکتاوکردنی ئیتنیکی، مۆڵگەی هندییەکان، ئاسیمیلە یان تواندنەوە.

مێژووی نیشتمانیی بەرایی -مێژووی ئەمریکییە ڕەسەنەکان

زیاتر پێدەچێت کە ناونیشانی ئەم وتارە، لە دووتوێی ئاماژەدان بەوەی کە جینۆساید بەشێکە لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکان، پەرچەکردارێکی تەواو دژبەر بەرپا بکات. ئاخۆ ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر بە هندییەکان بە جینۆساید دادەنرێت یان نە؟ کەسانی ئەکادیمی و خوێندکاران و هاووڵاتییان و بەکورتی تا ڕادەیەک هەموو کەس ڕایەکی خۆی هەیە لەسەر ئەم بابەتە. هەندێک بە دڵنیاییەوە بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە و ڕاگواستنی لەئەژمارنەهاتووی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا لە دوای ساڵی ١٤٩٢ حاڵەتێکی ڕوون و بەرچاوی چینۆساید بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی تر بە هەمان ئەندازە دڵنیان کە وەڵامەکە نەخێرە، واتە ڕەفتار و سیاسەتە ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر بە هندییەکان (لانیکەم لە هەندێ حاڵەتدا) مایەی داخ و ناڕەحەتییە بەڵام ناکرێ بە جینۆساید وەسف بکرێت.

ئەم وتارە بەو گریمانەیە دەست پێدەکات کەوا پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا هێجگار ئاڵۆزە و بە ڕادەیەکە ناتوانرێت بە وەڵامێکی سادەی بەڵێ و نەخێر وەڵام بدرێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا مێژووی پەیوەندیدار مێژوویەکی دوور و درێژە (زیاد لە پێنجسەد ساڵە) و دەیان نەتەوە و گەلی ڕەسەن و زۆرێک لە ئیمپراتۆرییەتە ئەوروپی و نیۆ – ئەوروپی و دەوڵەت نەتەوەی گەورە دەگرێتەوە. لەکاتێکدا کەوا مەسەلەیەکی نابەجێیە ئەم مێژووە لە یەک کاتیگۆریدا کورت بگرێتەوە، بە جینۆسایدیشەوە، شیاوترە وا چاوەڕێ بکرێت کە جینۆساید بەشێک بووە لەم مێژووە. کەوابوو بەم پێوەرە وتارەکە داوا لە خوێنەران دەکات بەرهەڵستیی ئەو ئاڕاستەیە بکەن کە بەدوای چارەسەرێکی خێرا یان ئاسانەوەن بۆ پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا و بپەرژێنە سەر دۆزینەوەیەکی کراوە. پرسەکە وەڵامدانەوەیەکی کۆتایی نییە بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی کێشەکانە.

جینۆساید زیاد لە چەندین مشتومڕ هەڵدەگرێت و بەزۆریش لەسەر پێناسەکانی چڕدەبێتەوە و بە هۆی ئەم ڕاستییەوە، خوێنەران چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە وتارێک لەسەر جینۆساید بێت بە مشتومڕی پێناسەی جیاوازی زاراوەکە دەست پێبکات (لەگەڵ زاراوە پەیوەندیدارەکانی وەک پاکتاوکردنی ڕەگەزی و جینۆسایدی کولتووری) و پاشان بگوێزێتەوە یان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەک پێناسەیزاڵ و متمانەپێکراو یان پێشنیازکردنی پێناسەیەکی نوێ. بەهەرحاڵ ئەم مامەڵەیە ڕەنگە دژ بەو ئامانجەی من کاربکات کە خۆی لە ئاسانکردنی دۆزینەوەیەکی کراوەی پرسەکەدا دەبینێتەوە و بەم پێیە گفتوگۆ فەرمییەکەی پێناسەکان دوادەخرێت بۆ بەشی مێژوویی لە کۆتایی ئەم وتارەدا، هەرچەندە لەگەڵ ڕەوتی پەرەسەندنی وتارەکەدا بە شێوەیەکی دەوری دەوەستین بۆ تێڕوانین لە چۆنێتیی ڕەچاوکردن یان نەکردنی ئەو ڕووداو یان قۆناخە تایبەتییانەی کە بە جینۆساید دادەنرێن بەپێی ئەو پێناسانەی کەوا پەیڕەوی کراون یان دەکرێ پەیڕەوی بکرێن لەسەری. وەک دواتر ڕووندەبێتەوە، مشتومڕ لەبارەی ئەوەی کە حاڵەت و قۆناخی دیاریکراو دەکرێت بە جینۆساید لەقەڵەم بدرێت و بەعادەت لەسەر ئەم پرسانە چڕدەبێتەوە وەک: نیاز و مەبەستەکانی مێژوویی بکەرەکان (لە نێویاندا حکوومەتەکانیش بەڵام نەک بە حەسری) بۆ مەودای ڕاگواستنی گرووپە تایبەت و دەسنیشانکراوەکان و هۆکاری ڕاگواستنیان.

پەتا و درمەکانی خاکی پاکیزە و دەست لێنەدراو و دەرپەڕاندنی دانیشتووانی ڕەسەن

بەزۆری مشتومڕ لەسەر جینۆساید لە هەردوو ئەمریکادا بە ساتەوەختی پەیوەندیی بەرایی نێوان ئەوروپییەکان و دانیشتووانی ڕەسەن دەست پێدەکات و جەخت لەسەر کاریگەریی کارەساتباری نەخۆشییە ئەوروپییەکان دەکاتەوە (بەتایبەتی ئاوڵە و سوورێژە) کەوا هندییەکان بەرگریی بەدەستهاتوویان نەبوو لەدژی. تاوەکوو ساڵانی ١٩٦٠کان، زانا و توێژەران مەزەندەی ئەو زیانە گیانییە قورسەیان لا نەبوو کە لە ئەنجامی “درم و پەتای خاکی دەست لێنەدراوەوە” سەرچاوەی گرتبوو، وەک ئەڵفرید کرۆسبی ناوی لێنابوو، لەبەر ئەوە زۆر لە قەبارەی دانیشتووانی نیوەگۆی ڕۆژئاوایان کەمکردبووەوە لەپێش کۆڵۆمبسدا و خەمڵاندنی ستانداردیان بە هەشت ملیۆن دانابوو بۆ تەواوی ئەو نیوەگۆیەی زەوی و ملیۆنێکیش بۆ باکووری ڕیۆ گراند. بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا هێنری دۆبینسی زانای مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆڵۆجیست)بەپێیڕەچاوکردنی نەخۆشییەکە مەزەندەیەکی زۆر بەرزتری هێنایە کایەوە و ٧٥ ملیۆنی بۆ نیوەگۆ دانا و١٠ – ١٢ ملیۆنی بۆ باکووری مەکسیک. هەرچەندە مەزەندەکانی دۆبینس بەگەرمی مشتومڕی لەسەر دەکرا و تەنانەت داکۆکیکاران لە ژمارەی زۆر لەوە کەمتریش ددانیان بە کاریگەریی درم و پەتا وێرانکەرەکاندا دەنا.١

داکۆکیکاران لە هەڵوێستی “بەڵێ، ئەوە جینۆساید بوو” قایل بوون بە مەزەندەی بەرزی دانیشتووان لەپێش کۆڵۆمبسدا و بەو پێیەش ژمارەیەکی هێجگار بەرز لە بەرانبەر دابەزینی ژمارەی بەرایی دانیشتوواندا. خۆ ئەگەر ٧٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ١٤٩١دا لە نیوەگۆی ڕۆژاوادا ژیابێتن و مردنیش بە نەخۆشیی درم٧٠ و ٨٠ یان تەنانەت ٩٠ لەسەد بووبێت (کە هەندێ جار حاڵەتەکە وابوو)، ئەوە ژمارەی (٥٠ – ٦٠ ملیۆن) هێجگار گەورەیە و ناچارمان دەکات وەک جینۆساید پێی لێبنێین ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ژمارەی ئەو حاڵەتانەی جینۆسایدی سەدەی بیستەمدا.٢

بەهەرحاڵ، ئەوە مەسەلەیەکی دژوارە بۆ جەختکردن لەسەر ژمارەیەکی هێجگار گەورە لەپێناوی ڕاگواستنی بەرایی دانیشتوواندا و دەکرێ دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ هەڵوێستێکی دژ و پێچەوانە. هەڵبەت ئەو ئەوروپییانەی هۆکاری ئەم نەخۆشییانەیان لەگەڵ خۆ هێنا بۆ نیوەگۆی ڕۆژئاوا ئەوەیان بە مەبەستی کوشتنی دانیشتووانی ڕەسەن نەکردووە و بەو پێیەش کە نیاز و مەبەست بەگوێرەی زۆرێک لە پێناسەکان پێوەری یەکلاکەرەوەیە بۆ جینۆساید، ئەوە دەکرێ ژمارەیەکی گەورە بەکاربێنیت بۆ پشتیوانی کردن لە هەڵوێستی “نەخێر ئەوە جینۆساید نەبووە”، لەسەر بنەمای ئەوەی کە زۆربەی زۆری مردنەکان ناشایستە بوون.٣بۆ بەرهەڵستی کردنی ئەم هەڵوێستە، هەندێک لە نووسەران نموونەی چەند ئەوروپییەکیان هێناوەتەوە کە بە ئەقەست هندییەکانیان تووشی نەخۆشی کردووە (کە بەعادەت لە ڕێگەی بەتانیی پیسکراو بە میکرۆبی ئاوڵەوە) و بە شێوەیەکی نموونەیی (ئایدیاڵ) مشتومڕیان دەکرد.٤ بەڵام بەڵگەکان ڕێکخرابوون و تا ئێستا شکستی هێناوە لە خستنەلاوەی کۆدەنگیی توێژەران کەوا هۆکاری بەئەنقەستی نەخۆشییەکە دەگمەن بووە. کەواتە، تا ئەو سنوورەی کە پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان تێیدا بە شێوەیەکی گەورە بەند دەبێت بە مەسەلەی قەبارە و نیازی ڕاگواستنی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە، ئەوە هەڵوێستی “نەخێر جینۆساید نەبووە” بە متمانەدار دەمێنێتەوە.

بەهەرحاڵ، هۆکارێکی بەجێ هەیە بۆ تەحەدا کردنی ئەو گریمانەیەی کەوا مەودا و مەبەستی راگواستنی سەرەتایی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە مەسەلەیەکی تەواو گرنگە بۆ پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان. با لەپێناوی ئارگومێنتدا ئەو گریمانەیە بکەین کەوا ڕەفتاری ئەوروپی و ئەمریکییەکان لە بەرانبەر هندییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ئەمریکا لە ماوەی سەدەی هەژدەدا (بە ماوەیەکی دوورودرێژ لە پاش دەرکەوتنی یەکەم درم و پەتاکان) هەمیشە جینۆساید بووەبەگوێرەی موحافزەکارترین پێناسە بۆ بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کردنی نیازی کۆمەڵگەیی یان حکوومیی کوشتنی فیزیکی یان جستەیی تەواوی هندییەکان.بە مامەڵەیەکی بیرکارییانە کە زۆربەی کۆی مردنەکان بدرێتە پاڵ نەخۆشی ڕەنگە ئارگومێنت بێت دژ بە لەقەڵەمدانی دوا قۆناخی ڕاگواستن وەک جینۆساید، بەڵام بۆچی پێویستە ژمارەی هندییەکان لەو ناوچانەدا کە لە کاتێکی پێشتردا بە هۆی نەخۆشییەوە مردبوون هیچ کاریگەرییەکی نەبووبێت لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئاخۆ لەناوبردنی ئەوانەی کە لە دەست نەخۆشی دەرباز بووبوون و مابوونەوە بە جینۆساید دادەنرێت یان نە؟ ئەوجا ژمارەی ئەو دەربازبووانەی دەستی نەخۆشی کە دواتر لەناوبران نوێنەرایەتیی ١٠ یان ٣٠ یان ٥٠ لە سەدی دانیشتووانی پێش کۆڵۆمبس بکەن ئەوە هیچ بایەخێکی نییە.

سەبارەت بە مشتومڕی جینۆساید، ئەوە مەسەلەکە پەیوەندیی نییە بە کاریگەریی درم و پەتا سەرەتاییەکانەوە بە ئەندازەی ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە کاریگەریی ئەو ڕێکارە ڕاستەوخۆیانەوە کە ئەوروپاییەکان و ئەمریکاییە ئەوروپییەکان گرتبوویانە بەر لە بەرانبەر هندییەکاندا لە ڕێگای جەنگەکانی داگیرکاری و بەکۆیلەکردن و تاڵان و برۆ و ڕاگواستن و وێرانکردنی کەرەستە و سەرچاوە ماددییەکانەوە. لەم دۆخ و سیاقەدا، نەخۆشییش پەیوەندیدارە وەک بەشێک لە هەڵسەنگاندنی دەرەنجام و لێکەوتەکانی ڕەفتاری داگیرکەرە کۆڵۆنیاڵەکان. بۆ نموونە، دەکرێ جەنگببێتە هۆکاری ئاوارەبوون و هەژاری و فشاری کۆمەڵایەتی و بەو پێیەش بەرکەوتنی زیاتری هۆکاری نەخۆشییەکان. لەڕاستیشدا، فرەجار نەخۆشییە درمییەکان لە ساتەوەختی پەیوەندی و تێکەڵیی سەرەتاییەوە دەرنەدەکەوتن بەڵکوو لە قۆناخێکی دواتردا دەردەکەوتن کاتێ کە پرۆسەکانی کۆڵۆنیزەکردن یەکبینە بەڕێوەدەچوون.

نەخۆشی و هێزە وێرانکەرەکانی تر

بۆ ئەوەی ئەم سەرنج و تێبینییانە زیاتر کۆنکریتی بن، با بڕوانینە ئەوەی کە چی ڕوویداوە لەو شوێنەی کە بۆ یەکەمجار کۆڵۆمبس تێیدا لەنگەری گرتووە لە ناوچەی دەریای کاریبیدا. بەپێی ئەو گێڕانەوە باوەی کەوا ئەوروپییەکان لەگەڵ خۆیاندا میکرۆبی کوشندەیان هێناوە، ڕەنگە مایەی سەرسوڕمان بێت کەوا یەکەم گەشتی دەریایی کۆڵۆمبس نەبووەتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان بۆ هندییەکانی کاریبی، بەڵکوو بە سرووشتی خۆی، ئەو دەستە و تاقمە ئەوروپییانەی کە بەر هندییەکان دەکەوتن هەموو کات ئەو خەڵکانەیان تێدا نەبووە کە نەخۆش بووبێتن یان هەڵگری میکرۆبی درم و پەتای جۆراوجۆر بووبێتن. بەڵام دۆخەکە لە گەشتی دووەمی کۆڵۆمبسدا (١٤٩٣ – ١٤٩٦) جیاواز بوو. لەم گەشتەدا، لە پاش لەنگەرگرتن هەندێ کەس لە دەستەی کەشتییەکە نەخۆش کەوتن و لەوانەیە تووشی ئەنفلۆنزا بووبێتن و خەڵکە ڕەسەنەکەی هیسپانیۆلا و کووبا و جامایکا لێیانەوە گرتوویانە.پێدەچێت توندی و سەختیی پەتاکە پەیوەست بووبێت بە بەرنەکەوتنی پێشتری هندییەکان بۆ هۆکاری ئەم نەخۆشییە دیاریکراوانە، ئەگەرچی ناکرێ پەتاکە لە هێزە وێرانکەرەکانی تر جیابکرێتەوە. ئامانجی ئەم نێردەیە کوشتنی هندییەکان نەبووە، بەڵام لەکاتێکدا سەرکردە و پیاوانی نێردەکە لە هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکەیاندا بوون – کە ئەویش بەدەستهێنانی زێڕ بووە -ڕێکوڕەوان ئەوەیان کردووە. بۆ بەدەستهێنانی زێڕ، ئیسپانییەکان پێویستیان بە ناسینی هندییەکان و کار و پیشەیان بووە و لەو سۆنگەیەوە کردوونیان بە کۆیلە و پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی بۆ دابینکردنی خەڵکە ڕەسەنەکە و کۆت و پێوەند کردنیان. هەندێ لە گێڕانەوەکان وەک ئەوەی بارتۆلۆمێ دی لاس کاساس کە لەو ئیسپانییانە بوو گرەوی ئەوەیان کردبوو کە “هەر کەسێک پیاویک بکات بە دوو کەرتەوە، یان بە پێداکێشانێک سەری لە لاشەی جیابکاتەوە یان منداڵانی کۆرپە لەسەر سینگ و مەمکی دایکیان هەڵپڕووکێنن و بیانکێشن بەسەر بەرددا و لەتوپەتیان بکەن”، کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەقڵییەتی جینۆسایدی، هەرچەندە ئەم باس و گێڕانەوانە ئاماژەی زیمنین بەوەی کە ئەم کارانە بەتایبەتی ڕەفتار و بەرهەمی کەسانی خراپەکار بوون و پەیوەندییان نەبووە بە نیاز و مەبەستی نێردەکەوە. بەڵام لەڕاستیدا، سەرکردەکانی نێردەکە وایان بە لاوە باش بووە کە توندوتیژی کارێکی پێویست بووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. بۆ خولقاندن و بەردەوامی پێدانی کۆیلەکردنو دامرکاندنەوەی یاخیبوونە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان، ئیسپانییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کەوتنە شێواندن و کوشتن و بەرپاکردنی جەنگ دژ بە دانیشتووانی ڕەسەن. ئامانج ئەوە نەبوو کە هەموو هندییەک بکوژرێن (چونکە هەندێکیان بۆ کارکردن پێویست بوو) بەڵکوو مەبەستتۆقاندن و ناچارکردنیان بوو بە ملکەچی. ئەتککردنی نامووسیش، کە ڕوون و ئاشکرا باو بووە، نەک هەر ئەوە بووە بە سادەیی نەخۆشییەکانی تاک یان بەکۆمەڵ دەربخات، بەڵکوو وەک ئامرازێکی تیرۆر و تۆقاندن بەکاردەهات. کەوابوو توندوتیژی توخمێکی سەرەکی بوو لە کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانیدا لە ناوچەی دەریای کاریبیدا، ئەگەرچی مردنی ژمارەیەکی زۆر زیاتری هندییەکان بە هۆی نەخۆشی و بەدخۆراکی و برسێتییەوە بووە.٥

بێجگە لە بەڵگەگەلێکی کەم لە سەر ژمارەی کوژراوان لە ساڵانی بەرایی داگیرکاریی ئیسپانی شتێکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کەوا لەگەڵ بەرفراوانبوونی پرۆژەی کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمدا، ئاسەوارە وێرانکەرەکانی هەڵکشان. توندوتیژیی بەردەوام بوو وەک یەکێک لە هۆکارەکان(لە ساڵی ١٥٠٢دا، نیکۆڵاس دی ئۆفاندۆی حوکمڕانی هیسپانیۆلای ئیسپانی نزیکەی ٦٠٠ – ٧٠٠ هندیی سەربڕی لە ناوچەی خێڵنشینی هیگوی، کە وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەکارهێنانی ئیسپانییەکان بۆ سەگی دڕی پەلاماردەر یاخی بووبوون)، لە پاڵ بەدخۆراکی و نەخۆشیدا (وەک دیزانتری و تیفۆس و تاد.) لە ژێر بارودۆخی کاری زۆرەملێ و بێگاری و پشێویی ئابووریدا. پاشان پەتایەکی تر، کە ئاوڵە بوو، لە ساڵانی ١٥١٨ – ١٥١٩دا لە دوورگەکانی ئەو ناوەدا بڵاوبووەوە. بەهەرحاڵ، تا ئەم ماوەیە، ژمارەی دانیشتووە ڕەسەنەکانی دوورگە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی گەورە دابەزیبوو. لە هیسپانیۆلادا، تەنها ٢٠ – ٣٠ هەزار کەسی گەورەی خێڵی تاینۆ لە ژیاندا مابوونەوە و ئەم ژمارەیە زۆر لە ژمارەی دانیشتووانی پێش کۆڵۆمبس کەمتر بوو کە لانی کەم دەگەیشتە چەندسەد هەزارێک و هەندێ مەزەندەش دەیگەیاندە هەشت ملیۆن. لەم حاڵەتەدا، ئاوڵە کە بە زۆری وەک وێرانکەرێکی سەرەکی دەرکەوتبوو، کارەساتێکی ترسناکی لەگەڵ خۆی هێنا. بە هاتنی ساڵی ١٥٤٢، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لە هیسپانیۆلا گەیشتبووە تەنها دوو هەزار کەس. وا ئێستا ئەفریقییە بەکۆیلەکراوەکان سەرچاوەی سەرەکیی کرێکارین٦ و تەنها ڕێژەیەکی کەمی هندییەکانی کاریبی مردبوون بە هۆی درم و پەتاکانی خاکی دەست لێنەدراو بە مانای باوی ئەو پەتایانەی گەیشتبوون لە پێش یان ساتەوەختی گەیشتنی بەراییان، هەرچەندە بە بێگومان نەخۆشییەکە، کە گەورەترین بکوژ و هۆکار بوو بۆ ئەو دۆخەی ئیسپانییەکان خولقاندبوویان لە سەردەمیکۆڵۆنیزەکردنی دوورگەکاندا.ڕەنگە هەندێ لە شیکاران لێکدانەوەیەکی توند بکەن بۆ نیاز و مەبەستەکان و ئەنجامگیریی ئەوە بکەن کە ئیسپانییەکان جینۆسایدیان بەرپا نەکردووە، چونکە هیچ پلانێکی فەرمییان دانەناوە بۆ لەناوبردنی تەواوی هندییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، شیکارانی تر تێبینیی ئەوە دەکەن کەوا زۆربەی زۆری هندییەکانی کە لەو پەنجا ساڵەدا مردبوون، بە هۆی ئەو بارودۆخەوە بووە کە ئیسپانییەکان دروستیان کردبوو لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێ ئەمە بە جینۆساید دابنرێت لە سایەی ڕاڤەکردنێکی شلوشاودا بۆ نیاز و مەبەست.

هاوکاتیی نەخۆشییەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ هێزەکانی تری وێرانکاریدا لە ناوچەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی تر لە ناو هەردوو ئەمریکادا. لەوەی کە دواتر بوو بە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک مێژوونووس پۆل کێلتۆن دەریدەخات، ئەوە نێردەی دۆزینەوەی پۆنس دی لیۆنلە ساڵی ١٥١٣ و نێردەکانی دۆزینەوەی دواتری ئیسپانی نەخۆشیی نوێیان نەهێناوەتە ناوچەکەوە، سەرەڕای ئەو ئاژاوە و پشێوییانەی کە لەم نێردانە دەکەوتنەوە بارودۆخی بڵاوبوونەوەی هۆکاری ئەو نەخۆشییانەیان دەڕەخساندکە بە واقیع هەبوون وەک سووزەنەک و یاو syphilis and yaws. بەڵام نەخۆشیی کوشندەی ئاوڵەی کلاسیکی دەرنەکەوتبوو لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەدا نەبێت.کاتێکیش ئەوە ڕوویدا، بڵاوبوونەوەی بەتوندی پەیوەست بوو بەو پرۆژە کۆڵۆنیاڵییە بەریتانییەوە کە خۆی لە سوود وەرگرتن لە ڕەفتاری دانیشتووانە ڕەسەنەکەدا دەبینییەوە بۆ ئەوەی لەدیلەکان بازاڕی بازرگانیی کۆیلە دروست بکەن لە دەرەوەی وڵاتی هندییەکان و بۆ کاڵا ئەوروپییەکان (پیشەسازان و مەی و جل و پۆشاک) تێیاندا. هەڵبەت بازاڕی کۆیلە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە بازرگانیی کۆیلەدا بینی بۆ چۆڵکردنی زۆرێک لە کۆمەڵگە هندییەکان، بەڵام لێکەوتەی زۆر زیانبەخشتر خولقاندنی بارودۆخی گونجاو بوو بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان. کاتێ کە لە ساڵی ١٦٩٦دا، نەخۆشیی ئاوڵە بەخێرایی بڵاوبووەوە لە ڕێگەی ئەو تۆڕی پەیوەندییانەوە کە توندوتیژی و چەوساندنەوە و بێبەشبوون دروستیانکردبوو، ئەمە وێرانبوون و تێکشکاندنی کۆمەڵگە هندییەکانی لێکەوتەوە لە هەردوو ویلایەتەکەی کارۆلایناوە بۆ ڕۆخی کەنداو (مەبەست کەنداوی مەکسیکە – وەرگێڕ) و لە سەرووی ڕووباری میسیسیپییەوە تا دەگاتە ئیلینۆی. ئێستا تەنها لە دوای دووسەد ساڵی یەکەم گەیشتنی ئەوروپی بۆ باشووری ڕۆژهەڵات، دانیشتووانی ڕەسەن دابەزینێکی کارەساتباریان بەخۆیانەوە بینیوە لە ژمارەدا کە بەعادەت پەیوەستە بە پەتا و درمەکانی پەیوەندییە بەراییەکانەوە. وەک چۆن لە ناوچەی دەریای کاریبیداڕوویدا کاتێ کە نەخۆشیی ئاوڵە بڵاوبووەوە، ئەوش دەرەنجامی هەوڵی ئابووریی ئەوروپییەکان بوو.٧

لە یەکێک لەو دوا ناوچانەی کەوا زەرەرمەندی داگیرکاریی ئەوروپییەکان بوون، باکووری ڕۆژاوای ئۆقیانووسی پاسیفیک بوو، کە چیرۆک و بەسەرهاتەکەی نزیکبوو لە چیرۆکی ئاسایی درمە وێرانکەرەکانی پەیوەندییە بەراییەکان.ئەوروپییەکان دەستیان نەکردبوو بە دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی کە ئێستا پێیان دەوترێئۆریگۆن و واشنتن و کۆڵۆمبیای بەریتانی تاوەکوو تێپەڕینی نزیکەی سێسەد ساڵ بەسەر گەیشتنی کۆڵۆمبسدا. لە ناوچەکەدا بۆ یەکەمجار ئاوڵە لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٧٧٠کاندا دەرکەوت، کە ڕەنگە لە ڕێگەی ئەو نێردە ئیسپانییانەوە گوێزرابێتەوە کە دابەزیبوونە سەر درێژایی کەنار دەریا. لە ماوەی پەنجا ساڵی دواتردا، پەتای ئاوڵە بەردەوام بوو لە وێرانکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگە ڕەسەنەکاندا، هەرچەندە بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی هێڵی دابەزین لە ژمارەی دانیشتوواندا، هندییەکانی باکووری ڕۆژاوای وڵات توانیبوویان بەشێکی گەورەی زیانەکانی دوای پەیوەندییان بگێڕنەوە و کات و زەمانێکی باشیان هەبوو لە ناو ئەو درم و پەتایانەدا بێنەوە سەرخۆ و بە تێپەڕینی کات درمەکان کەمتر توند و کاریگەر بوون چونکە خەڵکە دەربازبووەکە تا ئاست و مەودایەکی باش بەرگریی لەشیان زیادی کرد دژ بە نەخۆشییەکان.٨ لە ماوەی ئەم دەیانەدا، هندییەکانی ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەر هێزە وێرانکەرەکانی تر نەکەوتن و پرۆژەی سەرەکیی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی لە باکووری ڕۆژاوا بازرگانیی کەوڵ و فەروو بوو. ئاڵوگۆڕ کردنی کەوڵ بە کاڵا و شمەکە ئەوروپییەکان جار جارە دەبووە هۆی شەڕ و ناکۆکی و هەندێ جاریش توند. بە تێپەڕینی کاتیش ئەم بازرگانییە هانی بەکارهێنانی مەی و سۆزانێتی و لەناوبردنی نێچیری کێویی دەدا و هەموو ئەم فاکتەر و هێزانە زیانیان بە تەندروستی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەی هندییەکان دەگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە دەزگا و دامەزراوە کۆڵۆنیاڵییەکانی تردا، بازرگانیی کەوڵ بە ڕێژەیەک باش بوو و لێکەوتە و دەرەنجامی ئەرێنی کورتمەودای هەبوو بۆ تاکەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی لە دۆخێکدا بوون کە بتوانن خۆشگوزەرانیی ماددییان باشتر بکەن و ئامانجە ستراتیجییەکانیان پێشبخەن.

بەهەرحاڵ، لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا مەلاریا – کە نەخۆشییەکی نوێ بوو -بە شێوەیەکی چەندبارە دای لە خێڵەکانی شینووک و کالاپویا بە درێژایی هەردوو ڕووباری کۆڵۆمبیا و ویلامیتی خواروو. بە پێی ڕۆبەرت بۆیدی زانای ئەنسرۆپۆڵۆجیا (مرۆڤناسی)، لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٤١دا، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لەم ناوچەیەدا بە ڕێژەی ٩٠% دابەزی. بەپێچەوانەی پەتای ئاوڵەی ساڵی ١٦٩٦ لە باشووری ڕۆژهەڵات پەتای مەلاریا لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا لە باکووری ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەسترابوو بە کۆڵۆنیالیزمەوە. بە سرووشتی حاڵ، ئەوروپییەکان نەخۆشیی مەلاریایان لەگەڵ خۆیان هێنابوو (پێدەچێت لە ڕێگەی تۆڕەکانی بازرگانییەوە لە ئۆقیانووسی پاسیفیکدا بووبێت)، بەڵام نەخۆشییەکە لە ژینگەیەکدا بڵاوبووەوە کە پرۆژە کۆڵۆنیاڵییەکانی ئەوروپی نەیاندەتوانی چیتر پەکی بخەن.٩بەم پێیە ئەم پەتایە، زیاتر لە چەندین پەتای تر، لەگەڵ چیرۆکی ستانداری وێرانکارییەکی مەودا فراواندا بگونجێت، کە ئەویش پاتای خاکی دەست لێنەدراوی بێمەبەست بوو. بەهەرحاڵ، وەک پێشتر باسی لێوە کراوە لەوانەیە ئەم هەرەسهێنانەی “بێمەبەستی” دانیشتووان پەیوەندیی نەبێت بە هەڵسەنگاندنی جینۆسایدەوە. پرسیاری یەکلاکەرەوە ئەوەیە کە دواتر چی ڕوویدا. هەڵبەت تەنها شتێک کە ڕوویدا ئەوەیە کەوا دانیشتووانی ڕەسەن نەگەڕانەوە سەر داروباری خۆیان، یان بە بارێکی تردا بیڵێین، هەرگیز ڕێگەیان پێنەدرا بێنەوە سەر خۆیان. هۆکاریش هاتنە پێشەوەی قۆناخێکی نوێ بوو لە کۆڵۆنیزەکردنی ناوچەکەداو ئەویش هاتنی مسیۆنێرەکان و نیشتەجێ یان موستەوتینە ئەمریکییەکان بوو بە نیاز و مەبەستی سەرلەنوێ پێکهێنان و داڕشتنەوەی وڵاتی هندییەکان بە دید و وێناکردنی خۆیان. هەرچەندە مسیۆنێرەکان (مژدەدەرەکان)پێشنیازی چوونە سەر ئایینی کریستانیان خستە بەردەمیان، وەک چۆن مێژوونووس گرەی والی چەند و چوونی لەسەر دەکات، ئەوان لە کۆڵۆنیزە کردندا پەرەسەندنێکی پێشکەوتوویان بینی کە ڕەنگە بواری ڕزگاربوونی ژمارەیەکی کەمی تاکی هندییەکان بڕەخسێنێت بەڵام لەوانەبوو بە پێچەوانەی ئەوەوە سەر بکێشێتەوە بۆ داماڵینیان لە ماڵ و مڵکیان و بەگشتی لەناوبردنیان. ئەوجا هەر بە گەیشتنی نیشتەجێکان (موستەوتینەکان،settlers)، هندییەکانیان ناچار کرد دەسبەرداری زەویوزاریان ببن و بە زۆرییش خاک و زەویی دانیشتووانی ڕەسەنیان داگیر کرد پێش مۆرکردنی ڕێککەوتن و پەیماننامەکان، کە لە دواییدا داماڵینی مڵکییەتیان بەیاسایی کرد. هەندێ جاریش هندییەکان دانوستانکاری پەیماننامەکانیان ناچار دەکرددەسبەرداری هەندێ شت ببن و ئەمانیش جۆرە ئیمتیازێکی تایبەتیان بەدەست دەهێنا، بەڵام ئەمە وا ناگەیەنێت کە هندییەکان “خۆبەخشانە” وازیان لە زەوییەکانیان هێنابێت. لەجیاتیی ئەوە ڕاستییە مەیدانییەکانخۆیان لە داگیرکردنی زۆرەملێدا دەبینییەوە، بێجگە لە بێبەشبوونی سەختی ماددی و هەڕەشەکردن بە توندوتیژی و پەنابردنە بەر ئەو هەڕەشانە بە کردەیی، هۆکاری بەهێزیان پێکدەهێنا بۆ ناچارکردن. توندوتیژی بە شێوەیەکی تایبەتی ڕوون بوو لە باشووری ڕۆژاوای ئۆریگۆن لە سەرەتای ساڵانی ١٨٥٠کاندا کاتێ کە نیشتەجێ دڵگەرمەکانی بەدەستهێنانی زێڕ جەنگی لەناوبردنیان دژ بە هندییەکان دەستپێکرد و ئەمەش حاڵەتێکی ڕوونە بۆ نیاز و مەبەستی جینۆساید. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ هەندێک، تەنانەت ئەم حاڵەتەش ڕەنگە نەتوانرێت وا پۆلێن بکرێت کە جینۆسایدە، چونکە حکوومەتی فیدراڵی سزای ڕاستەوخۆی نەسەپاندبوو بەسەر کردار و ڕەفتاری موستەوتینەکاندا(ئەگەرچی زەمانەتی فراوانخوازیی کردبوو لە ناوچەکەدا). لە هەمان دەیەدا، نیشتەجێکانی ناوچەی پوگێت ساوند بەرەو جەنگ چوون بۆ ملکەچ پێکردنی بزووتنەوەی بەرگریی ڕەسەنەکان بە سەرکردایەتیی ڕابەرەکەیان نیسکواڵی لێسکی. لەم دۆخەدا، جەنگ هەڵنەکشاوە بۆ لەناوبردنی تەواو، چون ژمارەیەکی کەمی ڕێژەیی نیشتەجێکان ئەو مەیل و هێزەی نەبووە بۆ لەناوبردنی هندییەکان.١٠

نیوئینگلاند و جەنگی پێکۆت

ئەگەر مشتومڕ لەبارەی جینۆسایدەوە لە هەردوو ئەمریکادا لە سەرەتاوە ئاڕاستەی نیوەگۆی ڕۆژئاوا بکرێت و هەندێ بایەخ بداتە ئیمپریالیزمی ئیسپانی لە ناوچەی کاریبی و ئەمریکای ناوەڕاستدا، ئەوە بەعادەت چاو دەبڕێتە باکوور بۆ نیشتەجێکانی کۆڵۆنیالیزمی ئینگلیزی لە ڤەرجینیا و نیوئینگلاند. کردەوە و ڕەفتاری زیارەتکەران و پیوریتانەکان لە بەرانبەر هندییەکاندا، بەتایبەتی وا دەبینرێت کە پێکهاتەیی و رەمزییە بۆ مێژووی دواتری کۆڵۆنیاڵی و نیشتمانیی دواتری ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لە ساڵی ١٦١٦دا، ڕاستەوخۆ لەپێش گەیشتنی حاجییەکان(زیارەتکارانPilgrims) پەتایەک (کە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەک تیفۆس و تای زەرد و نەخۆشیی بریمیات پێناسە دەکرێت) لە نیوئینگلاند و کۆمەڵگەکانی کەناری هندیی داوە و ماوەی سێ سال بەردەوام بووە. مەزەندەکانی ئێستا ئیشارەت بەوە دەکەن کە پەتاکە نزیکەی ٩٠%ی دانیشتووانی ڕەسەنی کوشتووە لە ناوچەی کەنداوی ماساچۆسێتس. کاتێ کە حاجییەکان لە ساڵی ١٦٢٠دا، ئاماژە و بەڵگەی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانیان بینی و گێڕایانەوە بۆ “خواست و بەزەیی خودا… بەڵکوو شوێنێکمان بۆ دابنێت لەوێ”. پەتایەکی تر – کە ئەمجارە سوورێژە بوو- لە ساڵی ١٦٣٣ – ١٦٣٤دا بڵاوبووەوە.١١مشتومڕەکان لەبارەی جینۆسایدەوە لە نیوئینگلاند کەمتر بایەخیان بەم پەتایانە داوە وەک لەوەی داویانە بە جەنگی پێکۆت لە ساڵی ١٦٣٧دا کاتێ کە سەرکردە پیوریتانییەکان بواریان بە کردەوەیەکی سەربازی دا بۆ سزادانی پێکۆتەکان لەبەر ئەوەی بازرگانانی ئینگلیزیان کوشتبوو. هێزێکی کۆڵۆنیاڵی، بە پشتیوانیی هاوپەیمانانی هەردوو خێڵی ڕەسەنی ناراگانسێت و موهێگان ئاگریان بەردایە گوندێک لەسەر ڕووباری میستیک کەوا چەندسەد کەسێکی پێکۆتی تێدا دەژیا و زۆربەی ئەوانەیان کوشت کە هەوڵی هەڵاتنیان دا. کۆڵۆنیاڵەکان کەوتنە ڕاوەدوونانی دەربازبووەکانی پێکۆت و هەندێکیان کوشتن و هەندێکیشیان وەک کۆیلە فرۆشتن و پاشان پەیماننامەیەکیان سەپاند کەوا نەتەوەی پێکۆتی هەڵوەشاندەوە.١٢

ئەو توێژەرانەی باوەڕیان وایە کار و کردەوە کۆڵۆنیاڵییەکانی دژی پێکۆت جینۆساید نەبووە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەن کەوا هێرشەکانی پێکۆت مەترسییەکی ڕاستەقینە بوون بۆ سەر کۆڵۆنیاڵەکان و لەبەر ئەوە کردەوەکانیان بەرگریی لەخۆکردن بووە. بۆیە کردەوەکانی کۆڵۆنیالەکان لە ڕووباری میستیک خۆڕسکانە بووە و بەکۆیلەکردنی کۆڵۆنیاڵەکان بۆ هەندێک لە خێڵ یان گەلی ڕەسەنی پێکۆت بەڵگەیە کەوا نیازی کوشتنی هەموویان نەبووە، وەک لەو هاوپەیمانییەکەیاندا لەگەڵ ناراگانسێت و مۆهێگاندا دەردەکەوێت. ئەوانەی کە داکۆکی لە جەنگی پێکۆت دەکەن بەو پێیەی کە حاڵەتێکە لە جینۆساید وەڵامیان ئەوەیە کەوا هۆکاری کۆتایی جەنگ فراوانخوازیی کۆڵۆنیاڵی بووە و هەرچەندە کۆڵۆنیاڵەکان ڕەنگە خۆیان لە بەر مەترسیی ڕاستەقینەدا بینیبێت، بەڵام لە ڕووی بابەتییەوە ئەمە ڕاست نەبووە و لەدواجاردا بەشێک بووە لە دید و تێروانینێکی جیهانیکە گریمانەی باڵادەستیی کولتوورییان دەکات بەسەر هندییە کێوییەکاندا و ئەگەرچی شۆڤێنییەتی کولتووریی کۆڵۆنیالیستەکان بەزەروورەت جینۆساید نەبووە دەرهەق بە تەواوی هندییەکان و تەنها لە حاڵەتی ئەو هندییانەی دژ بە بەرژەوەندیی کۆڵۆنیاڵی ڕەفتاریان دەکرد (وەک پێکۆت) ئەوە دەکرا سەر بکێشێتەوە بۆ ئەقڵییەتی جینۆساید و ئەگەرچی کۆڵۆنیاڵەکان تەواوی پێکۆتەکانیان نەکوشت، بەڵام کوشتنی ژمارەیەکی زۆریان، بەوانەشەوە کە شەڕکەر نەبوون و جاڕدانی یاساییان بۆ لەناوبردنی نیشتمانی دەکاتە جینۆساید بەپێی زۆرێک لە پێناسەکان.١٣

ئەم مشتومڕەتا ڕادەیەک دووبارەبوونەوەی ئارگومێنت و پاساوە کۆنەکان لەخۆدەگرێت لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ کردەوەی کۆڵۆنیاڵەکان ڕەوا بووە یان جێی داخ. بەڵام لە کۆتاییدا، بێنەوبەرە لەبارەی جینۆساید و جەنگی پێکۆتەوە پشت بە پێناسەکان دەبەستێ. بەپێی پیناسەی بەرتەسکی جینۆساید کە پێویستی بە نیازی لەناوبردنی جەستەیی هەموو تاکێکە لە گرووپێکی ئیتنیکی یان ڕەگەزی (تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپە پەیوەندیدارە تەنها پێکۆت بگرێتەوە و وا لێکنادرێتەوە کە ئەوە تەواوی هندییەکانە)، ئەوە جەنگی پێکۆت بەتەنها مەبەست ناپێکێت.بەهەرحاڵ، ئەگەر پێناسەکە سووک بکرێت بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی نیاز و مەبەستی تێکشکاندنی گرووپێک بگرێتەوە لە ڕێگەی لەناوبردنی فیزیکییەوە بۆ بەشێکی گەورەی ژمارەکانی، ئەوە ئەگەر هەیە شتێکی وا ڕووبدات، لەبەر بوونی بەڵگەی زۆری کردەوەی کۆمەڵکوژی لەپێش کوشتارەکەی ڕووباری میستیکدا.سەبارەت بەو کۆمەڵە پێناسانەیکە لەبەردەستدان بۆ جینۆساید و هەندێکیان کاریگەریی هەڵدەسەنگێنن نەک نیاز و مەبەست و هەندێکیشیان تەنها پێویستیان بە تێکشکاندنی کولتوورییە، ئەوە ئەم پێناسەیە هێشتا هەر تا سنوورێک موحافزەکارە چونکە زەروورەتی نیازی کۆمەڵکوژیی لەخۆگرتووە.

سەبارەت بەوانەی ڕەخنە لە پیوریتانییەکاندەگرن(مەزهەبێکی کریستیانی پرۆتستانتیی توندە کە ئایدیای کۆمەڵایەتی و سیاسی و مۆراڵی و لاهووتی تێکەڵ دەکات – وەرگێڕ)، ئەوە جەنگی پێکۆت بە گوناهێکی سەرکیی نیشتمانیی دادەنێن و بەو پێیە ئاشکرایە کەوا دەبێتە چەقی مشتومڕێکی توند لەبارەی جینۆسایدەوە. بەهەرحاڵ، ئەو بڕیارەی کە پێیگەیشتوون سەبارەت بە خودی ئەم پرسە، ڕەنگە سوودێکی سنوورداری زیاتری نەبێت لە چارەسەرکردنی مەسەلەی بەرفراوانتری جینۆساید لە مێژووی ئەمریکادا. هەڵبەت ئەو پێناسەیەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی جەنگی پێکۆت هەڵبژێردراوەدەکرێ ڕەچاوی ئەو بۆچوونانەش بکات کە پەیوەستن بە حاڵەتەکانی تری توندوتیژیی گشتگیرەوە، بەڵام هەر پێویست بەوە دەکات کە شێوازەکانی توندوتیژی بە تێپەڕینی کات دیاریبکرێت و بخرێتە چوارچێوەیدۆخ و سیاقێکی بەرفراوانتری ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و کردارەئەمریکییە ئەوروپییەکانەوە و بەستنەوەیان بە هێزەکانی تری وێرانکارییەوە. لەکۆتاییدا، دەبێ مەسەلەکە ئەم مێژووەئاڵۆزانە ڕەچاو بکاتکە بە لایکەمەوە ماوەی سێ سەدە دەگرێتەوە. خۆ ئەگەر وا دابنرێت کە جەنگی پێکۆت جینۆسایدە، ڕەنگە ئەوە حاڵەتیکی نەشاز بێت ئەگەر جەنگ وا پۆلێن بکرێت کە جینۆساید نییە و ئەوەش هەر بە ڕاست و دروستی دەمێنێتەوە کەوا کردەوەکانی دواتری کۆڵۆنیاڵەکان جینۆسایدئامێز بوون.

ویلایەتە یەکگرتووەکان و پرسی جینۆساید ١٥

مشتومڕەکان لەبارەی جینۆسایدەوە لە مێژووی ئەمریکادا بەگشتیڕۆشنایی دەخاتە سەر هەندێ لەو ڕووداوانەی تر کە لە پێش ساڵی ١٧٧٦دا ڕوویانداوە، وەک جەنگی شا فیلیپ (١٦٧٥ – ١٦٧٨) و هەوڵەکانی جەنەراڵی بەریتانی جێفری ئەمهێرست بۆ دابەشکردنی کەرەستە و شمەکی ئاوڵاوی بەسەرهندییە یاخییەکانی ڕۆژئاوای پەنسلڤانیادا ساڵی ١٧٦٣ و کوشتارەکەی پاکستۆن بۆیس دژ بە گەلی ڕەسەنی کۆنستۆگای ئاشتیخواز لە هەمان ساڵدا. بەڵام بەگشتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا دەسپێکێکە بۆ تێڕوانینێکی گشتگیرتری جینۆسایدلە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئەو نووسەرانەی کەوا ئەمریکا و هاووڵاتییەکانی تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی جینۆساید دابەزینی ژمارەی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە وەک بەڵگە دەهێننەوە و هەندێ جار ئیددیعای ئەوە دەکەن کە بەنقەست ئەو کارە کراوە. تۆمەتی زۆر باو ئەوەیە کە سوپا یان بازرگانانی کەوڵ و فەروپەتووی هەڵگری میکرۆبی ئاوڵەیان بەسەر هندییەکانی بەشی سەرەوەی ڕووباری میسووریدا دابەشکردووە لە ساڵی ١٨٣٧دا١٦و هەرچەندە توێژەران بە شێوەیەکی گشتی بەو بەڵگانە قایل بوون کە نیازێک بووە بۆ بەرپاکردنی جەنگیکی بایۆلۆجی لە حاڵەتی ئەمهێرستدا، بەڵامئەوەیان قبووڵ نەبوو لە حاڵەتی تەشەنەکردنی ئاوڵە لە میسووریی سەرەوەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەگشتی، ئەو پاساوانەی پشتیوانیی لە جینۆساید دەکەن زیاتر مەیلیان بەلای کوشتار و ڕاگواستنی زۆرەملێوەیە وەک لەوەی قورسایی بخەنە سەر نەخۆشییەکە. بەپێچەوانەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی جەنگی پێکۆتەوە بەڕێوەدەچێت و ڕکابەرەکان هەڵوێستی ڕوونیان تێدا وەرگرتووە، بەدەمەوەهاتنی ورد بۆ هەر خاڵێک بەجیا نەبوو بۆ ئەو ئارگومێنتانەی گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکان تاوانی جینۆسایدیبەرپاکردووە بەشێوەیەکی سیستماتیک. ئەمەش بە هۆی کۆدەنگییەوە نەبووە لە پشت هەڵوێستی “لایەنگری بۆ جینۆساید”. لەڕاستیدا، هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە توێژەرانی بواری مێژووی هندییە ئەمریکییەکان و مێژووی ڕۆژاوایی ئەمریکا مامەڵەیەکی سیستماتیکیان لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایددا کردووە، بەڵام سەبارەت بە زۆرێک لە توێژەران و ڕەنگە زۆربەی زۆریشیان بێت لەم بوارەدا، ئەوە تۆمەتبارکردنی گشتگیر بە جینۆساید پێدەچێت هێجگار پەڕگرانە بێت. لەوانەیە هەندێک باس لە حاڵەت و ڕووداوی دیاریکراو بکەن، وەک کوشتارەکەی ساند کریک لە ساڵی ١٨٦٤دا یان توندوتیژیی مەودا فراوانی نیشتەجێکان settlers دژ بە هندییەکان لە هەڵپە و تاومای گەڕان بەدوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا، کە ئەوە جینۆسایدە، بەڵام سیاسەتەکانی ئەمریکا و کردار و ڕەفتاری نیشتەجێکان بەردەوام بەم ڕەنگە نابینرێن. پێدەچێت هەندێکی تر بەرهەڵستیی ئەو ئارگومێنتانە بکەن کە پشتگیریی بەرپابوونی جینۆسایدێکی سنووردار دەکەن لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، بە هێنانەوەی بەڵگەی پێناسەکانی جینۆسایدکە وا دیارە پێویستیان بە سیاسەتێکی حکوومەتی فیدراڵییە بۆ تێکشکاندنی فیزیکیی هەموو (یان زۆربەی) هندییەکان و سەرنجدانی ئەوەی کە سیاسەتە فیدراڵییەکان ئامانجیان ڕێگرتن بووە لە پاکتاوی جەستەیی یان فیزیکی لە ڕێگەی هاندانی تواندنەوەو ئاسیمیلەکردنەوەassimilation. ڕەنگە هەندێ لە توێژەران پێشنیازی پاکتاوی ئیتنیکیی بکەن وەک ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ جینۆساید.١٧ لەوانەشە ئەوانیتر تواندنەوە و ئاسیمیلەکردن بە شێوەیەک لە شێوەکانی جینۆسایدی کولتووری دابنێن بەڵام پێداگرن لەسەر جیاکردنەوەی بەهێزی ئەم سیاسەتە و لەناوبردنی فیزیکی یان جەستەیی.

مەسەلەیەکی ڕاست و دروستە کەوا سیاسەت داڕێژان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بە ڕێکی گوزارشیان لە پەسەندکردنی ئاسیمیلە کردووە، ئەگەرچی ئەمە ڕەتکردنەوەی لەناوبردنی فیزیکی یان جەستەیی ناگەیەنێت لە هەموو بارودۆخێکدا. بۆ تێگەیشتنی تەواو لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە هندییەکان، گرنگ درک کردنە بەوەی کە ئەم سیاسەتە لەسەر پابەندبوونی سەرەکیی گەل – نەتەوە (یان ئوممە) بە فراوانخوازیی هەرێمایەتی ڕاوەستابوو. ئەم پابەندبوونەش تەنها لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆششی تاکەکانی نیشتەجێ و نێوەندگیر و دەڵاڵەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی سامان سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو لە گریمانەی بنەڕەتیی فەلسەفەی سیاسیی ئەمریکییە کۆمارییەکانیشەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا ئازادی پشتی بە خاوەندارێتیی مەودا فراوانی مڵکییەتی تایبەت بەستووە. بۆ بنیاتنانی ئەوەی کە تۆماس جێفەرسن بە “ئیمپراتۆرییەتی ئازادی” باسی دەکات، مەسەلەکە وای پێویست دەکرد زەویوزاری هندییەکان وەدەستبهێنرێت. ئاخۆ ئەم کارە چۆن بکرێت؟ سیاسەت داڕێژان وێنای سیناریۆیەکی ئایدیاڵیان کردبوو کەوا هندییەکان بە خوایشتی خۆیان ئیمزا لەسەر پەماننامەکانی دەستبەرداربوون لە خاک و زەویی خۆیان بکەن لەبەرانبەر هاوکاری کردنیان بۆ بەشارستانی بوون. بەڵام ئەیئەگەر هندییەکان ڕەتیانکردەوە دەستبەرداری خاک و زەوییەکانیان ببن چی بکەن؟ ئەی ئاخۆ چی بکەن ئەگەر “دیاریی” شارستانییەتیان ڕەتکردەوە؟ لەو قۆناخەدا، سیاسەت داڕێژانی ئەمریکی بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد کە هندییەکان دەبێ ملکەچی جەنگ ببن، نەک ئەو جەنگە سنووردارەی کەوا تیۆریستە یاساییە ئەوروپییەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە و لە نێوان میللەت و وڵاتە شارستانییەکاندا قبووڵکراوە، بەڵکوو جەنگی لەناوبردن دەبێت. لە سالی ١٧٩٠دا، هێنری نۆکسی وەزیری جەنگی ئەمریکا مۆڵەتی بەم چەشنە جەنگە دا کاتێ کە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا دا کەوا “ئەگەر بکرێت، لە ڕەگ و ڕیشە دەریابێنن” و مەبەستی ئەو کۆنفیدراڵییەتە هندییە بوو کە مەڵبەندەکەی لە ئۆهایۆ بوو و داواکارییەکەی ئەمریکای ڕەتکردبووەوە بە دەستبەرداربوون لە خاک و زەوی. لە بەرەوڕووبوونەوەی بەرهەڵستکارییەکی هاوشێوە لەپاش حەڤدە سال، سەرۆک جێفەرسن پەیامێکی نارد بۆ ئەو هندییانەی کە لە نزیکی دێترۆیت بوون بەم مانایەی کەوا “ئەگەر ناچار ببین پاچ و تەور دژ بە هەر خێڵێک هەڵبگرین، هەرگیز وازناهێنین تا بەتەواوی ئەو خێڵە لەناودەبەین، یان دەریاندەکەین بۆ پشت ڕووباری مسیسیپی” و ئەوەشی خستەسەر کەوا ئەگەر هندییەکان چوون بۆ جەنگ “ئەوە هەندێکمان لێدەکوژن، بەڵام ئێمە لێناگەڕێین و هەر هەموویان لەناودەبەین”. کەوابوو، جەنگی جینۆسایدئامێز تەنها بژاردەیەک نەبوو، بەڵکوو مەسەلەیەکی پێویست بوو لە حاڵەتی بەرگری کردنی گەلە ڕەسەنەکاندا.١٨

سەرچاوە:

Genocide and American Indian History

Jeffrey Ostler

https://doi.org/10.1093/acrefore/9780199329175.013.3

Published online: 02 March 2015

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …