Home / مێژووى جیهان / 40 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی میسر و سووریا دژ به‌ ئیسرائیل تێپه‌ر ده‌بێت

40 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی میسر و سووریا دژ به‌ ئیسرائیل تێپه‌ر ده‌بێت

2017031608070171

لە ٦/١٠/١٩٧٣ جەنگ لە هەردوو بەرەی سوری و میسری دەستیپێکرد، سوپای میسری توانی لە هەمان ڕۆژدا هێڵی بەرگری بارلیف بشکێنێت و بپەڕنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کەناڵی سوێس. لە ڕۆژی دووەمی جەنگدا سادات بە نهێنی نامەیەك ئاڕاستەی هێنری کێسنجەر دەکات بەوەی پێی بڵێت ئامادەم جەنگەکە ڕابگرم لە پێناو ئاشتی لە ناوچەکەدا، ڕۆژی دواتر کیسنجەر بە ئەرێنی وەڵامی دەداتەوە بەڵام لە ژێریشەوە لەگەڵ ئیسرائیلیەکاندا ڕێکەوت بەوەی زۆرترین چەك و تەقەمەنیان بداتێ.
بۆ ئەوەی بتوانن باڵانسی هێزی جەنگەکە بگۆڕن ئەو کاتە جەنگ ڕاگرن و بچنە دانوستاندنەوە، چونکە ئەگەر لە سەرەتادا ڕازیبوونایە پێگەیان لە دانوستاندا بەرامبەر عەرەب لاواز دەبوو بەوەی لەسەرەتای جەنگەکەدا سوپای عەرەبی پێشڕەویەکی بەرچاویان بەرەو قوڵای دەکرد.
بۆیە سوپای ئیسرائیلی بە هاوکاری ئەمەریکا تەرکیزیان خستە سەرگەمارۆدانی سوپای سێ ی میسری چونکە بەمە زیاد لە ٤٠ هەزار سەربازی میسری دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلیەکانەوە کە بێگومان ئەمەش کارتێکی بەهێزی دەدایە ئیسرائیلیەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەنگەکە.
ئیسرائیلیەکان لەم پلانەیان سەرکەوتووبوون و جەنگەکە ڕاوەستاو ئاگربەست کرا. مانگی دوازدەی هەمان ساڵ لە جنێف بۆ یەکەمجار وەزیرانی هەریەك لە ئەردەن و میسر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دا کۆبوونەوەو باسی کشانەوەی ئیسرائیلیان کرد بۆ پێش هێڵەکانی (٥/٦/١٩٦٧)، وەزیری دەرەوەی سوریا بایکۆتی ئەم دانیشتنەی کرد.
لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٤)دا لەسەر داوای سادات خۆی هەواڵگیری ئەمریکا هەستا بە پارێزگاریکردن لە شەخسی سادات خۆی.
لە هەمان ساڵدا نیکسۆن بەهۆی ئابڕووچوونی وەتەرگەیتەوە دەستی لە کارکێشایەوە و جێڕاڵد فۆرد جێگای گرتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٥ جەنگی نێوخۆی لوبنان دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی زیاد لە ١٥ ساڵ بەردەوامبوو، زیاد لە ١٢٠ هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژران. ئەم شەڕە زۆر زەبری لە دۆسییەی فەڵەستینی دا چونکە ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستینی بەشداربووی ئەو جەنگە بوو.
لە ساڵی ١٩٧٦ سوپای سوریا هاتە لوبنان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی لوبنان و سەرکوتکردنی فەڵەستینیەکان، چونکە حافز ئەسەد پێی وابوو کە نابێت لایەنە فەڵەستینیەکان ئازاد و سەربەخۆ بن بەڵکو دەبێت لە ژێردەسەڵاتی سوریا دابن بۆ ئەوەی کارتی فەڵەستینی لە دەستی سوریادا بێت لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا وە هەروەهاش بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریبێنێت. جێگای باسە ئەم شەڕەی لوبنان، ئیسرائیل سوودمەندی سەرەکی بوو تێیدا.
لەساڵی ١٩٧٧ کۆمەڵێك ڕووداو روویاندا کە ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێکەوتنی کامپ دێڤد،
١- مناحم بێگنی سەرۆکی پارتی لیکود بووە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل کە ئەمەش یەکەمجاربوو لە مێژووی ئیسرائیل دا پارتێکی ڕاستڕەو بێتە سەر حوکم.
٢- جیمی کارتەری ئەندازیاری کامپ دێڤید بووە سەرۆكی ئەمریکا.
٣- لە (٩/١١/١٩٧٧) ئەنوەر سادات لەبەردەم ئەنجوومەنی گەل دا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بچێتە ئیسرائیل بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە شانزەی هەمان مانگ دا سادات سەردانی سوریا دەکات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ دەستپێشخەریەکەی، بەڵام حافز ئەسەد ڕەتیکردەوە و پێی ڕاگەیاند چوون بۆ قودس مانای تەسلیم بوونە نەوەك ئاشتی.
بەمەش سادات تەنها مایەوە، چونکە نەك پاڵپشتی عەرەبی نەبوو بەڵکو دووان لە وەزیرەکانی خۆشی بەهۆی دەستپێشخەریەکەوە دەستیان لەکارکێشایەوە، کە ئەوانیش             ١- ئیسماعیل فەهمی/  وەزیری دەرەوەی میسر ٢- محمد ڕیاز/ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە بوون.
لە (١٩/١١/١٩٧٧) سادات سەردانە مێژوویەکەی بۆ ئیسرائیل دەکات لە لایەن گەورە بەرپرسانی وڵاتەوە پێشوازی لێدەکرێت، ڕۆژی دواتر لەبەردەم کنێستدا وتارە مێژوویەکەی پێشکەش دەکات.کە جەختی لە چارەسەریدۆسییەی فەڵەستینی دەکردەوە بەوەی ئەمە تاکە هەنگاوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بێگن بەست کە زیاد لە دووهەزار ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری جیهانی ئامادەیبوون.
لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هەریەکە لە (جەزائیر- سوریا- لیبیا) پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میسردا پچڕاند. سادات وایدەزانی کە ئەم سەردانەی دەبێتە هۆی زیادکردنی گوشار لەسەر بێگن و کارتەر و گەلەکانیان بۆ بەدەمەوەهاتنی داواکاریەکانی، بەڵام سادات لەمەدا هەڵە بوو.
لە ٢٥/١٢/١٩٧٧ مناحێم بێگن وەکو یەکەم بەرپرسی ئیسرائیلی لە مێژوودا بە شێوەیەکی ئاشکرا سەردانی میسردەکات، کە ئەمەش دەبێتە ڕێگا لەبەردەم گەشتەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵات بۆ لای یەکدی بە شێوەی ئاشکرا.
لە ئازاری ساڵی ١٩٧٨ دا لەسەروبەندی هێرش و داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بێگن پەیامێك بۆ سادات دەنێرێت کە پێی ڕادەگەیەنێت ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار دەکەمە سەر باشووری لوبنان بە مەبەستی لاناوبردن و دەرکردنی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی لەو ناوچانەدا، هیوادارم تۆ نەبیتە بەربەست لەبەردەم ئەم هەنگاوەی سوپای ئیسرائیلی!
لە مانگی هەشتی ساڵی ١٩٧٨ دا کارتەر داوا لە سادات و بێگن دەکات بەوەی بێنە ئەمریکا و لە ئاستێکی باڵا باس لەسەر کێشە و ناکۆکیەکان بکرێت.
بێگن و سادات لە ٥/٩/١٩٧٨ گەیشتنە کامپ دێڤید بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندن لە نێوان میسر و ئیسرائیل دا لە ژێرچاودێری ئەمەریکادا.
دانوستاندنەکە ١٣ ڕۆژی سەختی تێپەڕاند و لە ڕۆژانی کۆتایدا محمد ئیبراهیم کاملی وەزیری دەرەوەی میسر دەستی لەکارکێشایەوە بە هۆی هەڵوێستەکانی سادات، بەمەش بووە سێهەم وەزیری میسری دەست لەکاربکێشێتەوە لەوکاتەدا.
لە ١٧/٩/١٩٧٨ ڕێکەوتنامەی کامپ دێڤید لەسەر حسابی دۆسیەی فەڵەستینی لە نێوان میسر و ئیسرائیل دا مۆرکرا، بەجۆرێك کە لە ماوەی ٣ ساڵدا گشت سەرباز و مەدەنیەکی ئیسرائیلی لە بیابانی سینادا بکشێنەوە، لەبەرامبەر دا میسر نەوت بە نرخی هەرزان بداتە ئیسرائیل وەهەروەها ڕێگەبدات بە هاتوچۆی کەشتی ئیسرائیلی لە کەناڵی سوێسدا، ئەمانە و چەند خاڵێکی تری پەیوەست بە ئاشتی و نەهێشتنی ناکۆکی لە نێوان هەردوولایەندا و کردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی و کلتوری….هتد لەنێوان هەردوولادا.
بۆ زانیاری خوێنەرانیش لەم ڕێکەوتنەدا بیابانی سینا کرا بەسەر سێ بەشدا (A،B،C):-
لەبەشی (A)یدا سوپای میسری دەتوانێت بە شێوەیەکی دیاریکراو چەکی قورس و سەربازی تێدا دابنێت.
لەبەشی (B)یدا دەبێت ژمارەی سوپای میسری کەم بن و چەکی قورسیان پێنەبێت.
لەبەشی (C)یدا دەبێت تەنها پۆلیسی میسری بەچەکی سوکەوە لەوناوچەیەدا بن .
سادات و بێگن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان بەهۆی کامپ دێڤیدەوە لەو ساڵەدا وەرگرت. دوای کامپ دێڤید وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیان لەگەڵ میسردا پچڕاند و بارەگای زانکۆی عەرەبی لە قاهیرەوە گواسترایەوە بۆ تونس.
هەروەها ناڕەزایی و خۆپیشاندانێکی زۆر لە دژی سادات بەڕێوەچوو لە شەقامی عەرەبیدا.
لە(٦/١٠/١٩٨١) سادات بەهۆی کامپ دێڤیدەوە تیرۆردەکرێت و ساڵێك دواتر ئیسرائیل لوبنان داگیردەکات و کوشتارێکی زۆردەکات، بەمەش ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی لە لوبنانەوە کۆچدەکەن بەرەو تونس.
لە ئێستادا کە ئەم ڕستانە دەنووسم ٤٠ ساڵ زیاتر بەسەر ڕێکەوتنی ئاشتیدا ڕۆیشتووە، بەڵام ئەوەی لێمان دیت جگە لە خوێن و وێرانکاری هیچی دیکە نەبوو، ئەسڵەن ئیسرائیل توانی لەم ڕێگەیەوە جیهانی عەرەبی پەرت بکات و بیانداتە یەك، وەکو هەمیشە.

کارۆ کاوه‌ مه‌حمود

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …