Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / هاوسـەرگـیریـی، مـاڵ و مــوڵــک و گــۆڕینـى ئــاییـن لــە نێــوان زەردەشتییــەکــان: لە ساسانییە کۆنەکانەوە بۆ ئیسلامى ئێران

هاوسـەرگـیریـی، مـاڵ و مــوڵــک و گــۆڕینـى ئــاییـن لــە نێــوان زەردەشتییــەکــان: لە ساسانییە کۆنەکانەوە بۆ ئیسلامى ئێران

وەرگێڕانى: ڕزگار قاسم محمود

Touraj Daryaee University of California, Irvine

پێشەکى:

ئەم لێکۆڵینەوەیە باس لە کاریگەرى (xwēdōdah) واتا هاوسەرگیریی لەنێوان هاوخوێنەکان، کە ڕێگە پێدراو بوو لە نێو نەریتەکانى زەردەشتى لەناو خەڵکدا لەکاتى گفتوگۆ ئاینییەکان، و ڕازیکردن لەسەر گۆڕینى ئاین لە (Ērānšahr) (600- 800 زاینى). من باوەڕم وایە ئەو لایەنگیریکردنە بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیریکردنە زۆر بەهێز بووە لە ماوەیەکى دیاریکراو دا لە مێژووى ئێرانى دا، بە تایبەتى لە سەدەى سێیەمدا، کاتێک (مانەوى) بەربەرەکانێى زەردەشتییەتى دەکرد، لەوەش گرنگتر لەسەدەى شەشەمدا کاتێک مەسیحییەت بوو بە هەڕەشەیەکى سەرەکى، و لە کۆتایى دا لە سەدەى هەشتەم و نۆیەمدا کاتێک لایەنگیرى بۆ زەردەشتییەت هەرەسى هێنا و موسڵمانەکان بوون بە دەسەڵات و هێزێکى نوێ. وا پیشان دراوە هاوسەرگیریى هاوخوێنەکان (xwēdōdah) مەبەستێکى تایبەتى هەیە: بۆ بەردەوامى هەبوونى ماڵ و سامان و دەسەڵات بووە لەنێوان خانەوادەکان و کۆمەڵگادا، لە کاتێکدا ئایین گۆڕین هەڕەشە بوو بۆ مانەوەى زەردەشتییەت.

شتێکى ترى سەرنجڕاکێش تر و ئاڵۆزترى دابونەریتى کۆمەڵایەتی لەنێوان ئێرانییە کۆنەکاندا، بریتى بووە لە ئەنجامدانى هاوسەرگیریى هاوخوێنەکان. چەندین دەقى فارسى ناوەڕاستى کۆتایى ساسانییەکان و سەرەتاى ماوەى ئیسلامى(کە لە کرمان، و فارس و بەغداد دانراون)، زانیارى دەربارەى ئەو بابەتە دەخەنەڕوو، یاسا و هاندان هەیە بۆ ئەنجامدانى هاوسەرگیریی هاوخوێنەکان. کاتێک لێکۆڵەرە زەردەشتى و ئێرانییەکان هەوڵیاندا نکوڵى بکەن لەم جۆرە کارە (سانجان: شەهباز) بەڵگەى تەواو لەبەردەست هەن بۆ پێچەوانەکەى، لەنێوان سەدەى شەشەم و دەیەمى زاینى (west; Frye: Mitteratuer: Frandsen) لەم لێکۆڵینەوەیەدا لە یادەوەرییەکانى (زیڤ ڕووبین)، حەزدەکەم هەندێک خاڵ بخەمەڕوو، کە لەوانەیە لەناو جەرگەى ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەوە بێت.

ئەم لێکۆڵینەوەیە گفتوگۆیەکى یاسایى و لەوەش گرنگتر کاریگەرى ئابوورى لەئەنجامدانى ئەو جۆرە کارە لەنێو کۆمەڵگاى زەردەشتییەت. لەپاش داگیرکرنى عەڕەبە موسڵمانەکان و پێشنیازکردن بۆئەوەى ئەم جۆرە یاسایە لە کتێبەکان بوونى هەیە، وا دیارە ئەم کارە ئەنجام دراوە لەبەرامبەر کاردانەوەى بەئیسلامکردنى ناوچەى ئێران.

ئەو ماددانەى دەربارەى ئەو بابەتە لەبەردەستن لە دەقێک کۆکراونەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەدەى شەشەم تاوەکو سەدەى دەیەمى زاینى، بەشێوەیەک دەکرێ پێیى بوترێ فراوانکردنى ناوچەى جوگرافى (Ērānšahr) یان وەکو لە دەقە کلاسیکییە فارسییەکان ئاماژەى پێدەکات، وەک ئەو ناوچەیەى لە (ئۆکسەس) تاوەکو ڕووبارى فوڕات. پێویستە ئەمە لە سەرەتاوە تێبینى بکرێت، بەناوبانگترین لێکۆڵەر لە بوارى یاساى ساسانییەکان (M. Macuch) ئەوەى پیشان داوە، کە بابەتى هاوسەرگیریی هاوخوێنى لەناو ئەو دەقانەى پاشماوەى ساسانییەکاندا، بەشێوەیەکى زۆر جیاواز مامەڵەى لەگەڵ کراوە بەبەراورد لەگەڵ ئەو دەقانەى سەرەتاى ماوەى ئیسلامى. پێش ئەوەى سەیرى هۆکارەکانى دابەشبوونى سات بەدواى سات و کاریگەرییەکانى سەبارەت بە (هاوسەرگیریی هاوخوێنى)بکەین. باسەیرى سڕووشتى ئەو بەڵگەیە بکەین بۆ ئەنجامدانى ئەم جۆرە کارە. گرنگترین و پوختەترین دەق کە باس لە (هاوسەرگیریی هاوخوێنى دەکات بریتى یە لە (Pahlavi Rivāyāts Accompanying the Dādestān ī Dēnīg) کە لەلایەن (وڵیەمز ، هەروەها پاراد) دۆزراوەتەوە. لەم دەقە دا گرنگترین چوار فەرمان و کار لە نەریتى زەردەشتییەت ئاماژەى پێکراوە.

gyāg(-ē) paydāg kū ohrmazd be ō zarduxšt guft kū čahār tis ēn pahlom yazišn ī ohrmazd ī xwadāy ud ātaxš ēsm ud bōy ud zōhr dādan ud mard ī ahlaw šnāyēnīdan ud kē abāg burdār ayāb duxt ayāb abāg xwah xwēdōdah kunēd

لەشوێنێک ئەوە ئاشکرا کراوە کە (ئۆهرامازد) بە زەردەشتى وت: ئەو چوار شتە باشترین شتن: پەرستنى ئۆهرامازد: و کردنەوەى ئاگر ترسان و قوربانیدان بۆ ئاگر، دەستەبەرکردنى (پێویستییەکان)ى موغە (پیاوى ئاینى)، کە هاوسەرگیریی هاوخوێنی لەلا ئەنجام دەدات لەگەڵ دایکى یان کچى یان خوشکى (پارادى دووەم ، بەشى 11 و لە ژمارە 18 و 51) .

ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە شتێکى تاک نییە لە جیهانى ئێرانى. میسر و ئێران وا دیارە دوو لە گرنگترین شوێنى کۆنن کە (هاوسەرگیریی هاوخوێنى) تێیاندا ئەنجام دراوە. ئەمە دەزانین بۆ نمونە خانەوادەى شاهانە لە میسر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان ئەنجام داوە. فیرعەون هاوسەرگیریی کردووە لەگەڵ خوشکەکانى، زڕخوشکەکانى و ئامۆزاکانى، ئەمەش بۆ مانەوە و بەردەوامبوونى دەسەڵاتى خانەوادەیى و پشتاوپشتى بووە. (مانچیپ وایت، 15) زانیارى سەرژمێریمان لەبەردەستە لەماوەى سەدەى سێیەم نزیکەى لە 20% ى دانیشتوان هاوسەرگیریی خوشکوبرایان ئەنجام داوە (هۆپکینز: هوبنێر). بۆیە کەسێک دەتوانێ بڵێ ئەو بیرۆکەیەى، گەشەى سەندووە لەنێوان خانەوادەى شاهانە، لە کۆتاییدا لەم کۆمەڵگایەدا بەشێوەیەکى زۆر بڵاوبوویەوە.

بۆ بارودۆخى ئێرانییەکان، زۆر گرانترە بنچینەى هاوسەرگیریى هاوخوێنى دیارى بکرێت، لەکاتێکدا وا دیارنییە هیندۆ-ئەوروپییەکان لەم جۆرە کارە تێوەگلابن (فراى). هەرچەندە لە (ئیلام) یەکێک لە گرنگترین شارستانییەکانی کە کاریگەرى لە ئێرانییەکان کردووە، هاوسەرگیریی نێوان برا و خوشک بەڵگەیەک بوو لەنێوان خانەوادەى شاهانە (هینز، 76-77)، و خانەوادەى شاهانەیى فارسى (ئەچایمێنید) لەوانەیە ئەو کارەیان لەنێوان خۆیاندا ئەنجام دابێت(Herren- schmidt; Bucci) .

لە ئێرانى کۆندا چەندین سەرچاوە دەدۆزینەوە لەسەر ئەنجامدانى ئەو هاوسەرگیرییە، وەکو نووسینە کۆنەکانى سەرەتاى سەدەى سێیەم و دەقە فارسییەکانى ناوەڕاست. بۆ نمونە لەسەدەى سێیەمى زاینى (کێردیر) بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین موغى زەردەشتى پێمان دەڵێت، بۆ هەرشوێنێک ڕۆیشتبێت، هەڵساوە بەئەنجامدانى هاوسەرگیریى هاوخوێنى :

BYN štry ZY ’yl’n KBYL ’twry ZY wlhr’n YTYBWNd W KBYL hwytwtd’hy klty

ناوچەى ئێرانییەکان، کە چەندین ئاگرى (وەهرام) کراونەتەوە، چەندین هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام دراوە(Gignoux). لەناوەڕاستى (Rivāyāts) فارسى، چەندین سەرچاوە هەیە دەربارەى رێگەپێدانى یاسایى بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیریی و یەکگرتنە. کەسێک دەتوانێ بڵێ بەرەوپێشچوونێکى هاوتەریبمان هەیە لە ئێران و میسر، ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لەنێوان خانەوادە شاهانەیییەکان بوونى هەبووە و پاشان لەناو خەڵکى کۆمەڵگاش بەشێوەیەکى بەرچاو پەرەى سەندووە، بەڵام لە ئێران ئەمە یاسایەکى ئایینى بووە.

وادیارە لە کۆندا بەربەریکانێکردنى ئایینى زەردەشتى لە سێ ماوە دا زۆر توند بووە، یەکەم، لە سەدەى سێ یەمى زاینى (مانەوى)یەتى پێشبڕکێى دەکرد لەگەڵ زەردەشتیەتى نەک تەنها بۆ ئەوەى ببێتە ئاینێکى ڕەسمى ئیمراتۆرییەتى ساسانى، بەڵکو بۆئەوەى ببێتە ئاینێکى جیهانى (ڕووسێڵ). بەربەرەکانێکەى دووەم لەلایەن مەسیحییەتەوە بوو، کە لەسەدەى شەشەم بوو بەئاینێکى بەربڵاوى جیهان بەهۆى بەدیلگیراوە ڕۆمانییەکان و نیشتەجێکردنیان لە ئێران. و هەوڵەکانى گۆڕینى ئاین کە لەلایەن کەنیسەى نێستۆریان بەڕێوەدەبرا لە زەردەشتییەت، بەتایبەتى ئەندامەکانى خانەوادەى شاهانە. ژیاننامە و تۆمارى شەهیدە کۆنەکان بەڵگەى ئەوە بەدەست دەدەن، کە هەندێک لە ئەندامانى خانەوادەى شاهانەیى و پیاوماقوڵانى تر ئایینى خۆیان گۆڕیوە بۆ مەسیحییەت، کە بە ئاشکرا لەناو خەڵک ئاینەکەیان ئاشکرا کردووە لە ماوەى ساسانییەکان. بەدڵنیاییەوە ئەمە مەترسییە بۆئەوەى ئایینى زەردەشتى ببێت بە ئاینێکى باش و بۆ کۆمەڵگایەکەش. کەمبوونەوەى ژمارەى زەردەشتییەکان تەنها ماناى لەدەستدانى پشتگیرى ئەو ناوچەیە نییە، کە بە یەکگرتوویى بمێنێتەوە، بەڵکو ماناى لەدەستدانى ماڵ و سامان دەسەڵاتى موغە زەردەشتییەکانە. سەرنەکەوتنى پەرستگاى زەردەشتییەت بۆ بەجیهانیکردنى ئایینى زەردەشتى نەک تەنها بۆ ئایینى ئێرانییەکان، لەوانەیە هۆکارى سەرەکى کەمبوونەوەى ئەم ئاینە بێت بە بەراورد لەگەڵ ئایینى (بووزى) لە خۆرهەڵات و ئایینى مەسیحى لە خۆرئاوا. هێشتا ئیمپڕاتۆریەتى ساسانى پشتگیرییەکى گرنگ بوو بۆ پەرستگاى زەردەشتییەت بۆئەوەى بەهۆى پارە و دەسەڵاتەوە.

سەختترین کات بۆ نەریتى زەردەشتییەکان پاش داگیرکردنى ئیمپراتۆریەتى ساسانى لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە بوو، لەماوەى فەرمانڕەوایى ئومەوییەکان و عەباسییەکاندا. سەدەکانى هەشتەم و نۆیەم بە چەرخێکى خێراى ئاینگۆڕین دادەندرێت، بەگوێرەى (بووڵێت) ئەم ماوەیە ئەوە بوو، موغە زەردەشتییەکان پلە و پایە و دەسەڵاتى خۆیان لەدەستدا لەناو کۆمەڵگا دا. (کرێینبڕۆک). ئەمە ئەو کاتە بوو، زۆرێک لە دەقە فارسییەکانى ناوەڕاست نووسرابوون باسى هاوسەرگیریى هاوخوێنەکانیان تێدا کرابوو. ئەو دەقانەى کەسێک دەتوانێ ئەو یاسا و فەرمانانە بدۆزێتەوە لەناویاندا لەسەرەتاى ماوەى ئیسلامى بریتى بوون لە (Rivāyāt ī Hēmīt ī Ašawahištān) (گێڕانەوەکانى سەفا-ئیسفەهانى)، (Shāyest Nāshāyest) (حەڵاڵ و حەرام چییە؟ (مازداپوور) ، و (Dēnkard) (کردار و ئەرکى ئاین)، (Amouzgar and Tafazzoli) . هەموو ئەو دەقانە هۆکارى ئەوە باس دەکەن کە بۆچى (هاوسەرگیریی هاوخوێنى) دەبێت ئەنجام بدرێت. لەم دەقەى خوارەوە، فشار بۆئەوانەى کە گومانیان هەیە و باوەڕبهێنن و ڕازى بن بۆ ئەم کارە یان دژى ئەم کارەن ڕوون کراوەتەوە (Amouzgar and Tafazzoli,Dēnkard V, 18, 1-2):

abar xwēdōdah kū kē a-kunišnīh pahikārēd pēšēmālīh ēwarīg paydāgēnīdan ī èim èimīg ud padiš griftār ān ēè ēwēnag nē bōxt tā pad kunišnīh.

دەربارەى هاوسەرگیریى هاوخوێنى(xwēdōdah) هەرکەسێک ئەنجامى نەدات و لەدژى بێت. بەدڵنیاییەوە دەبێ هۆکارەکانى ڕوون بکاتەوە، وە ئەگەر ڕوونکردنەوەکەى مەنتقى و ژیر نەبوون ئەوا ئەو کەسە کە ئەو نەریتە جێبەجێ ناکات ڕزگارى نابێت تاوەکو ئەو جۆرە کارە ئەنجام نەدات.

گەر سەیرى ئەو بارانە بکەین کە لە دەقەکەى سەرەوە گفتوگۆى لەسەر کراوە، ڕوون و ئاشکرایە کە بۆماوە و میرات، و تواناى پیاوێک بۆ گواستنەوەى سەروەت و سامانەکەى بۆ نەوەکانى گرنگترین بابەت بووە کە لەبەردەست بێت. کەواتە هۆکارى ئایینى لە پشت هاوسەرگیریى هاوخوێنى وەکو پاساوێک بووە بۆ پاراستنى سەروەت و سامانى خانەوادە زەردەشتییەکان. لەمەش ئاشکرا تر، دەقەکانى (Rivāyāt ī Hēmīt ī Ašawahištān) پڕە لە یاسا دەربارەى هاوسەرگیریى هاوخوێنى، بۆ نمونە پرسیارى (22) دەربارەى هاوسەرگیریی خوشکى کەسێکە و ئاخۆ ئەو کەسە پارەى بۆ دەدات یان یەکێک دەبێت لەو کەسانەى کە کارى چاکەى بۆ هەژمار دەکرێت و ڕێزى لێدەگیرێت. (RHA22,157-158).

im xwēdōdah im kirbag rāyēnēd bawēd ud rāyēnidār ud drahm dādādar āgenēn hem-kirbag hēnd ōy-šān har dōān kirbag ī xwēdōdāh warzišnīh bunīgīhā xwēš

ئەو کەسەى ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجام دەدات و ئەو کەسەى پارەکە دەدات، هەمان کارى چاکە و ڕێزیان هەیە. هەردووکیان لە سوودو قازانج و خێرى تەواوى هاوسەرگیرییەکە هاوبەش دەبن.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچى دەبێ کەسێک پارە بدات بۆ هاوسەرگیریی برا و خوشکى کەسێکى تر، و بۆچى بە چاکە و شایانى ڕێزگرتن هەژمار دەکرێت؟ هیوادارم وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەمەوە بەتایبەتى بۆ سەرەتاى ماوەى ئیسلامى لەکۆتایى ئەم لێکۆڵینەوەیە. بەڵام ئەو دەقەى سەرەوە پێمان دەڵێت کە خەڵک لە ناو کۆمەڵگاى زەردەشتیدا ئامادە بوون بۆ یارمەتى دانى ئەو کەسانەى کە هەڵدەستان بە ئەنجامدانى ئەم جۆرە هاوسەرگیریییانە. هەروەها جۆرە فشارێکى کۆمەڵایەتیش دەبینین بۆ هێشتنەوەى کۆمەڵگاکە لەگەڵ یەکترى و پاراستى سەروەت و ماڵ و سامان لە ناو خانەوادەکان. بەڵام هاوسەرگیریى برا و خوشک تاکە جۆرى یەکگرتن نییە، کە بە چاکە و شایانى ڕێزگرتن هەژمار کرابێت. لە راستى دا چاکترین جۆرى هاوسەرگیریی هاوخوێنى بریتین لە هەر یەکێک لەم سێ جۆرە، لەگەڵ دایک، خوشک یان کچى کەسەکە. (RHA 28,195-196):

xwēdōdah abāg har sē pad har dādīh hēnd ka kunēnd kirbag ī xwēdōdah bowandagīhā ud ēd rāy ka-š frazand az-š nē bawēd kamīh-ē abar kirbag ī xwēdōdāh andar nē āyēd.

هاوسەرگیریى هاوخوێنى لەگەڵ هەر یەکێک لەم سێ کەسانە، لە هەر تەمەنێک بن بە نایابترین هاوسەرگیریى هاوخوێنى دادەنرێت. لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر هیچ منداڵک نەبوو، ئەوا چاکەى ئەو هاوسەرگیرییە کەم ناکات.

موغە زەردەشتییەکان هەوڵیان دا بۆ هۆکارەکانى چاکەى هاوسەرگیریى نێوان برا و خوشک ڕوون بکەنەوە بە گفتوگۆکردن دەربارەى ڕەسەنایەتى مرۆڤایەتى، بەگوێرەى ئایینى زەردەشتى لەگەڵ یەکەم جووتە دەست پێدەکات (ماشیا و ماشیانى)، کوڕ و کچى یەکەم پیاو (گایۆمارت)، دەقەکە ئەمە ڕوون دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت ” زۆر جووتە کەس کە لەوانەوە هاتنە بوون، بە بەردەوامى جووتەکان دەبوون بە ژن و مێرد، وە هەموو خەڵک، لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا ئەوا لە تۆوى هاوسەرگیریی هاوخوێنى درووستبوونە. (West, 402).

لە دەقێکى ترى (Pahlavi Rivāyāt ī Hēmīt ī Ašawahištān, (RHA 28, 195-196) گرنگى هەبوونى منداڵ بەهۆى هاوسەرگیریی هاوخوێنییەوە ڕوون کراوەتەوە، بەڵام ئەگەر منداڵیش نەبێت ئەوا هەر بە چاکە و ڕێزەوە هەژمار کراوە. هەرچەندە کەسێک دەبێ هەوڵى ئەوە بدات کە خێزانێکى تر جا خزم بێت یان لیکەوە نزیک بن بهێنێت بۆئەوەى نەوەیەکى نێر بهێنێتە دونیاوە. هەروەها دەقەکانى تر کە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەى نۆیەم وەکو (PRADD) چەخت لەسەر کێشەکانى کۆمەڵگاى زەردەشتى دەکاتەوە. یەکێک لەم بابەتانە ئەو یاسایەیە، کە وادەکات کۆمەڵگا ببێت بە زەردەشتییەکى باش لەکاتى ناهەموار و فشاردا و پاراستنى کەسانى کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئایینى شەیتانى و شەڕانگێز. (ag-dēn) (ئاینى شەڕانگێزى) بەبەردەوامى لەم دەقانە ئاماژەى پێکراوە، کە بە ئەگەرێکى زۆرەوە مەبەستى کەسانى موسڵمانە، کە سەرزەنشت کراون لە کەمکردنەوەى نرخى خانەوادەیى. (PARADD, 51):

èē hamāg nēst-tisīh *pid-kēnīh ud adōšagīg be ō mardōmān az ān mar mad ka-šān az jud šahr ud az jud rōstāg ud az jud deh mard āmad hēnd u-šān zan kard ud ka-šān zan be burd pid dud mād griyist hēnd pad ēn kū-mān duxt pad wardagīh hamē barēnd

بۆ هەموو هەژارییەک(nēst-tišīh کە هیچ شتێکى نەبێت) و ڕق و کینەى دایک و باوک(pid-kēnīh) ناخۆشەویستى (adōšagīg) کە هاتوون بەسەر مرۆڤایەتى دا، کاتێک مرۆڤ لەبۆى هات لە خاکێک و هەرێمێک و وڵاتێکى نامۆوە، هاوسەرگیریان کرد (zan kard) و کاتێک هاوسەرەکانیان بۆ شوێنێکى تر دوورخستنەوە(zan burd) و دایک و باوکەکان (هى ئەم ئافرەتانە) گریان(griyist) لەگەڵ ئەم وشانە: ” ئەوانە کچەکانى ئێمەیان برد وەکو دەستبەسەر و کۆیلە(wardagīh)، (Williams, 11-12).

ویستى بەردەوام بۆ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لەلایەن موغەکانى دەقە فارسییەکانى ناوەراست چەندین هۆکارى کردارەکى تێدایە. بۆ یەک شت کە هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام دراوە. ئافرەتەکان لەناو خانەوادەکە بەزەردەشتى ماونەتەوە. سەرۆکى خانەوادەکە دەیتوانى کۆنترۆڵى کچەکانى بکات و بەم شێوەیەش سەروەت و ماڵ و سامانەکە هەر لەناو ئەم خانەوادەیەدا دەمایەوە. ئەمەش ماناى ئەوەیە سەروەت و سامانى ئەم کۆمەڵگایە کەمى نەدەکرد، هەروەها ئەو قەشانەى پاڵپشتى ناوچەکەیان لەدەست دەدا، دەبوونە سەرکردەى ڕاستەقینەى ئەم کۆمەڵگایە و دەیانتوانى بەردەوام بن لە ژیان. ئەگەرنا، هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسانى دەرەوەى خانەوادەکە لەوانەیە ئەنجامى گۆرینى ئایینى منداڵەکانى ئەم کچەى لێبکەوتایەوە و ببووایە هۆى لەدەستدانى سامانى کۆمەڵگا. (RHA) گفتوگۆى لەسەر چەندین نمونەى ئەم جۆرە سیناریۆیانە کردووە، کە پێشنیازى کێشەیەکى ڕاستەقینەى کردووە. چەندین کەیس و حالەت هەن وەکو” پێگەى کۆمەڵایەتی ئافرەتێکی کە هاوسەرگیریی کردووە لەگەڵ پەیوەندى برا ئاینگۆراوەکەى بۆ ئیسلام”. یان ” ڕێکارە یاسایییەکان چین لەبارەى میرات بۆ کورێک کە ئاینەکەى گۆڕیبێت؟” لە هەمووى گرنگتر” چى ڕوودەدات بەسەر ئەو ماڵ و سامان و موڵکەى کەسێکى زەردەشتى کە ئاینەکەى دەگۆڕێت بۆ ئیسلام؟” (RHA، پرسیارەکانى 2، 4، 25) وەڵام بۆ کۆتا پرسیار ئەوەیە کە کەسە گۆڕاوەکە کە هەڵساوە بە ئەنجامدانى تاوانى (tanāphul) وای لێدەکات نەگونجاو بێت بۆ چوونە بەهەشت، هەروەها دەبێتە (margarzān) (شایانى مردن) هەروەها گرنگتر بۆ لێکۆڵینەوەکەمان ئەوەى کەسە بیرمەندەکان دەریدەخەن ئەوەیە هەمان شتیش بەسەر ماڵ و موڵکى ئەو کەسە ڕوودەداتRHA, 22)):

ka ēn kū har kē az weh-dēnān ān xir ud xwāstag fradom abar gīrēd pad xwēšīh ī xwēš dārēd pādixšāy

هەر زەردەشتییەک (weh-dēnān) (لە پلەى باشى ئاین بێت) و یەکەم جار دەست دەگرێت بەسەر ئەم ماڵ و موڵک و سامانە، دەبێتە خاوەنى هەموو شتەکان. (RHA,181- 182).

ئەم کارە بۆ هەموو کەسێک وەکو یەک وابوو، ئەو ماڵ و موڵکەى زەوت دەکرد کە لە لایەن کۆمەڵگاوە بە ئاشکرا وەکو ترسێک لە زەردەشتییەکان هەروەها وەکو ڕێزێک بۆئەوەى لەدەستیان داوە. لەبەرئەوە هاوسەرگیریى هاوخوێنى لە کۆمەڵگاى کۆنى زەردەشتیدا مەبەستێکى تایبەتى ئابوورى هەبووە. بەتایبەتى پاش داگیرکاریى موسڵمانەکان. ئەمە شتێکى سەرسامکەر نییە، کە چەمکى (هاوسەرگیریی هاوخوێنى) تاکە بابەتى هەرە سەرەکى نەبووە، کە بە بەردەوام و دووبارە لە دەقە فارسییەکانى ناوەراست لە سەدەکانى هەشتەم و نۆیەم هەیە، بەڵام بەهەمان شێوە درێژەى کێشاوە لە نوسینەکانى (Rivāyāts) فارسى لە سەدەکانى سیانزەهەم و چواردەهەمى زاینشدا. فشارى ئایین گۆڕین و لەدەستدانى پلەو پایە لەماوەى چەرخى ئیسلامیدا، زۆر بە ڕوونى لەم دەقانەى خوارەوە دەبیندرێت کە لە(Zand ī Wahman Yasn)، (ZWN) وەرگیراوە، داوا کراوە شوێنکەوتوانى ئاینە باشەکە(زەردەشتى) هەڵدەستن بە ئەنجامدانى هاوسەرگیریی هاوخوێنى:

ahlaw ī ahlāwān ī pahlom ān bawēd kē pad weh-dēn ī māzdēsnān ēstēd u-š dēn ī xwēdōdah pad dūdag rawēd

بەناوبانگترین ئەو کەسە باوەڕدارانە ئەوانەن، کە دەوەستن و لەسەر ئەم ئاینە باشەى(مەزدیانز) بەردەوام دەبن، و ئەوانەن بە یاساى ئاینییەوە هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام دەدەن لەناو خانەوادەکەیاندا. (Cereti, ZWN, 159).

هەرچەندە لەوانەیە ئەو فرمانە ئاینییانە بۆماوەیەکى زۆر درابن، بەڵام هەمیشە وەکو حەزێک نەبووە بۆ هەندێک خەڵک کە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بکەن. پێویستە سەیرى سەرچاوە نازەردەشتییەکان بکەین وەکو دەقە سیریاکییەکان بۆئەوەى ڕا و بۆچوونى زەردەشتییەکان بزانین دەربارەى ئەم جۆرە فرمان و یاسایە. هەندێ کات ڕووانگەیەکى سەرنجڕاکێش و هەستێک لەناو دانیشتوانى زەردەشتى هەیە سەبارەت بەم جۆرە کارە، کە لە دەقە فارسییەکانى ناوەراستدا بوونى نییە. لە سەدەى هەشتەمدا لە کتێبى (Law Book of Ishu‘Boxt) ئاماژە بەم سەختیانە دەکات کە کۆمەڵگا تووشى بوونەتەوە لەکاتى ئەنجامدانى ئەم جۆرە یاسا و فرمانە:

تەنانەت شوێنکەوتوانى زەردەشتیش ناویستانە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان ئەنجامداوە، هەمیشە ئەمە لەبەر فرمانى ئاینەکە بووە، کە کورێک دەبێتە میراتگرى خوشکەکەى یان دایکى و ئەمەش واى لێکردووە ڕازى بێت بە هاوسەرگیریی هاوخوێنى.

لەکاتێکدا ئەمەى ئەوەى نوسیووە و باسى کردووە (کریستیان ئاچبیشۆپ)ە، بۆیە هیچ سەرسامکەر نییە کە هەوڵیداوە نیگایەکى نەرێیانە پیشان بدات سەبارەت بە هاوسەرگیریی هاوخوێنى، بەڵام هێشتا زانیارییەکى زۆر گرنگ دەستەبەردەکات کە پرسیارى میراتگرێک بووە بۆئەوەى بەنەویستانە هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام بدات. من ئەم چەمکە دەگۆڕم بۆ (ڕێبازى ئاینى) لەشوێنى (پێویستى ئابوورى)، و لەوانەیە ترسى لەدەستدانى سەروەت و سامان لەوەى ئەگەر خوشکێک هاوسەرگیریی بکات لەگەڵ کەسێکى دەرەوەى خانەوادەکە.

(M. Macuch) ئاماژەى بەوە کردووە، کە دەقە فارسییەکانى ناوەڕاست زیادەڕۆییان کردووە لەباسکردنى بەربڵاوى هاوسەرگیریی هاوخوێنى لەماوەى چەرخى ساسانییەکاندا، و دەڵێ ئەم جۆرە کارە خونەریتێکى زۆر کۆن بووە بۆ نیشاندانى هاوسەرگیریی هاوخوێنى لەسەرەتاى چەرخى ئیسلامى دا. بەشێوەیەک ئەو پێیى دەڵێت (ژینگەیەکى نەیارى)، (Macuch, 134). هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات کە چەند هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام دراوە و ڕوونکراوەتەوە لەبەرئەوەى هۆکارى ڕاستەقینە بریتى بووە لە ناپەرۆشى بۆ ئەو کارە؟

(یاکۆڤ ئیلمان) کە کارەکەى لەسەر(تەلمودیک و دەقە فارسییەکانى ناوەڕاست) بووە دەرگایەکى نوێیى لەنێوان تێکەڵبوونى ئەم دوو کۆمەڵگایە کردۆتەوە، ئەوانى تر پێشنیازى ئەوەیان کردووە ئەمە بەڕاستى ئاینگۆڕین نییە، ئەگەر هاوسەرگیریی هاوخوێنى کەم بکەیتەوە. بەڵام قەیرانى گەورەى دانیشتوان لە سەدەى شەشەمدا بەهۆى یاخیبوونى(مەزداک) بووە، کە هەوڵى داوە دەست بگرێت بەسەر ماڵ و موڵکى پلە بەرزەکان بۆئەوەى شوێنگرەوەیەکى یاسایى هەبێت هەڵساوە بە ئەنجامدانى هاوسەرگیریی هاوخوێنى(Elman,2007,134). هێشتا (ئیلمان) خۆى گومانى لەوە هەیە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بەم شێوەیە بەربڵاو بووبێت، پێدانى خەڵات و پاداشتى ناڕەوا بە موغە زەردەشتییەکان بۆئەوەى بەڵێنى ئەوە بدەن تا ئەو جۆرە یاسایە بڵاوە پێبکەن.(Elman, 2007,131).

چارەسەرى ئەمە ئەوەیە، بە ووردى سەیرێکى ئەو دەقە بەناوبانگە بکەین کە ناسراوە بە (دەقى یاسایى ساسانییەکان)(Madīyān ī Hazār Dādestān) واتا (کتێبى هەزار فەرمان)(MHD) (Perikhanian, Macuch)، کە ئەم حالەتە گریمانانەى تێدا نییە، بەڵام جگە لە داخوازییەکى یاسایى زۆر کەمى دادگاى ساسانییەکان. ئەوەى لێرەبوونى هەیە زۆر سەرنجڕاکێشە. (ماکیوچ) ئاماژە بەوە دەکات کە (2/3) (کتێبى هەزار فرمان) مامەڵە لەگەڵ یاساى خانەوادە دەکات، هاوسەرگیریی هاوخوێنى تەنانەت لە یەک حاڵەتى یاسایى باس نەکراوە و دەرنەکەوتووە(ماکیوچ، 136). (ماکیوچ) کە کتێبى (Madīyān ī Hazār Dādestān) وەرگێڕاوە باوەڕى وایە کردارى هاوسەرگیریی هاوخوێنى زۆر ئەنجام نەدراوە، لەکاتێک دا کە لە (Madīyān ī Hazār Dādestān) (ibid) ئاماژەى پێنەکراوە. بێگومان هەژمارکردنى هاوسەرگیریی هاوخوێنى بەم شێوە بەربڵاوییە بابەتێک نییە کە لەگەڵ یاساى ساسانییەکان پێکببەسترێتەوە.

هەرچەندە من هاوڕام لەگەڵ هۆکارى (ماکیۆچ)، و ئەوە ڕادەگەیەنم موغە زەردەشتییەکان و زەردەشتییەت لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتى ساسانییەوە پشتگیرى دەکران، بەڵام بەلایەنى کەم ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە هەوڵى داوە ناوەندگیرى و ڕێکخستنەوە بکات سەبارەت بە بابەتى ئاینگۆڕین. لەسەرەتاى چەرخى ئیسلامیدا، هیچ بەرگرییەک نەبووە بۆیە زەردەشتییەت و موغەکان هەموو پشتگیرییەکى حوکمیان لەدەستدا، لە کاتێکدا کە هیچ تۆڕێک و پەناگەیەکى ئارام نەبێت، ئەگەر ئێمە بیروبۆچوونەکانى (بوولیێت) قبوڵ بکەین کە ئەمە لە ماوەى سەدەکانى هەشتەم و نۆیەم بووە، کە لافاوى ئاین گۆڕین لە زەردەشتیەوە بۆ ئیسلام لەم ماوەیە ڕوویداوە، هەماهەنگە لەگەڵ ئەو کاتەى کە زۆربەى دەقەکانى فارسى ناوەڕاست (Rivāyāts) ئەوکاتە نووسراونەتەوە، و ئەو کاتە بووە، کە سوودى یاساى هاوسەرگیریی هاوخوێنى و ئەنجام دانى ئەم کارە لەم کاتدا بووە. لەبەرئەوە بۆتە شێوەیەکى پاراستنى کۆمەڵگا لە لەدەستدانى ماڵ و سەروەت و سامان و ئاینگۆڕین.

موغە زەردەشتییەکان بۆ زیاتر پاساوهێنانەوە بۆ هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەو سەرچاوانە بەکاردەهێنن کە دەڵێن یاسایە لەلایەن خواوەند(ئۆهرمازد) لە (ئاڤێستا) تەنانەت دەڵێن زەردەشت خۆى ئەم کارەى کردووە بۆئەوەى بێبەش نەبێت لە سوود و خێرى ئەم کارە. ئەنجامدانى ئەم کارە ئاینییە هەمووى پێکەوە لە کاتى ساسانییەکان زۆر باو نەبووە لەوانەیە زیاتر قبوڵکراو بێت بۆ شوێنکەوتوانى ئاینە باشەکە(زەردەشتییەت)، بۆیە هاوسەرگیریی هاوخوێنى ئەنجام دراوە، کە بۆ پاراستنى سەروەت و سامان و ماڵ بووە لەناو خانەوادە و کۆمەڵگا لەبەرامبەر ئاینگۆڕیندا. لە کۆتاییدا لافاوى ئاینگۆڕین بۆتە هۆى ئەوەى کۆمەڵگاى زەردەشتى بەدەست قەیران و کارەساتى ئابووریەوە بناڵێنن، و لە کۆتایى چەرخى عەباسییەکان زۆر لە موغەکان پێویست بوو کار بکەن و داواى خێر بکەن لە کۆمەڵگا، نەک هەڵسن بە نووسینەوەى لێکدانەوەکانى کتێبى پیرۆز و لە کارەکانیاندا بەکاریان بهێنن. لەبەر ئەوە نەریتى ژیرى زەردەشتى زۆر کەمى کرد لە ماوەى سەدەکانى ناوەڕاستدا، لەو کاتەشدا بووە هۆى کۆتایى هێنان بە یاساى هاوسەرگیریی هاوخوێنى.

سه‌رچاوه‌ كورد زه‌رده‌شتییه‌ت : ئا د.عوسمان علی ، دیدار عوسمان ، سه‌نته‌ری تاسك ، 2019 ، ل 653.

53790529_2439282176153881_4932580471268704256_n

15-1-640x330 cms-image-000023664

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …