Home / شوێنەوارى کوردستان / نێژراوانی گرێ چەتاڵ

نێژراوانی گرێ چەتاڵ

مردووەکانی گرێ چەتاڵ نزیک لە زیندووەکان نێژراون، لە بن زەوی خانوو، سەکۆ و بناغەی خانووەکانیسیان، ناشتوویانن. جارجار لە چۆڵایی دەرەوەی خاووەکانیشیاندا ناشتوویانن. دەکرێ ئەوانەی لە دەرەوە نێژرابن لە ئاستێکی کمەڵایەتیی نزمتر بووبن، یانیش لەبەر هۆی مردنیان لەوێ نیژراون. بەر لە ناشتنیی مردووەکان ڕەنگ، سەبەتە، نەرمکردنی زەوی ناشتن و بابەتی دیکەی پێچانیان بۆ بەکارهێناون. زۆرتر لە بەشەکانی باکوور، ڕۆژهەڵات یان ناوەڕاست ژوورەکان نێژراون و بۆ چەند جارێکیش تەرمی دیکەیان لە هەمان شوێندا شاردووەتەوە و لەگەڵ هەڵکەندندا ئێسقانی ئەوانەی پێشتر دەرکەوتوون. جار هەبووە هەموویان دەرهێناوەتەوە و لە لایەکیان داناوە، جاری دیش هەبووە لەگەڵ داپۆشینی تەرمەکە ئێسقانە کۆنەکانیشیان لەگەڵ داناوەتەوە. زۆر جاریش هەبووە گۆڕەکانیان هەڵداوەتەوە و پارچەیەکی یان زۆرتریان دەرهێناوەتەوە، هەرجارێکیش ئەو کارەیان کردبێ، گۆڕەکە شێواوتر بووە.

هەڵدانەوەی گۆڕەکان و دەرهێنانی ئێسقانەکان نیشانەی پێوەندی ئالۆز و توندی زیندووەکانە بە مردووەکانیانەوە. لە سەرەتای گەڕانەکانی ساڵی ١٩٩٥ بە دواوە، نزیکەی ٤٠٠ پەیکەر دۆزراونەوە. هەیانبوو یەکجار نێژرابوو و لەجێی خۆیان مابوون، بەڵام هەبوو دەرهێندرابوو و نێژرابووەوە، ڕەنگە بۆ ناشتنی مردوویەکی نوێ بووبێ یانیش بۆ دەرهێنانەوەی چەند پارچە ئێسقانێکی مردووە کۆنەکەیان بووە. بەشێکی دیکەی ئێسقانەکان دوور لە گۆڕەکانی خۆیان، لێرە و لەوێ دۆزرابوونەوە. بەشێک لەو ئێسقانانە بە تایبەتی لە ڕووی سەرەوە، ئاژەڵان گەڕاون و دەریانهێناوە. کۆی ئەو پارچانەی دۆزرانەوە ١٨٧٨ پارچە ئێسقان بوون.

لابردنی ئێسقانی مردوو لە گۆڕەکاندا لە شوینەواری دیکە زاندراوە، وەکو کۆرتک تەپە، کۆتێ پەرچەم، نەوالی چۆری و گرد جەعفەر لە ئەناتۆلیا و شوێنەواری دیکە وەکو کفارهاهۆریش، عەین غەزالە، تەل ڕەماد و جوریکۆ لە ناوچەکانی لێڤانت. هیچ جیاوازییەک بۆ نێر و مێ لەو کارەیاندا نەکراوە، هەردووکیان پارچەیان دەرهیندراوەتەوە. لە گرێ چەتاڵ جار هەبووە بەر لە ناشتن دەست و قاچەکان لێکراونەتەوە، چەنکە لە دۆزراوەی تەرمێکی ئەوێ دیترا بەشێکی باشی لەش نێژراوە و پارچەکانی دیکەی دیارنین، هیچ شوێنەواری بڕین و لەتکردن لەسەر ئێسقانەکان نەبوون.

ئەندرۆ و تیمەکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ توێژینەوەیان بۆ سەروو ٩٠ پەیکەرە ئێسقانی دەرهاتووی ساڵانی نێوان ١٩٩٥ تا ١٩٩٩، کرد. هەموویان بە مەبەستی ناشتنی مردوو، نێژرابوون، مەبەستی دیکەیان لە پشت نەبووە. زۆربەی گۆڕەکان یەک کەسی تێدا بووە، بەڵام بە دەگمەنیش هەبووە زیاتر لە یەک مردووی تێدا نێژراوە. زۆر جار بۆ ئەوەی مردووی دووەم بنێژی، لە هەمان شوێنی گۆڕی یەکەم ناشتوویانە و ئێسقانەکانی مردووی یەکەمیان تێکچووە. دەکرێ لەبەرئەوەبێ مردووە کۆنەکە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و نزیکی لەگەڵ ئەوانەی مردووە نوێیەکەیان ناشتووە، نەبووبێ، بۆیە لایان گرنگ نەبووە ئەو ئێسقانە کۆنە لاببەن و گۆڕەکە بشێوێ.

بە شێوەیەکی گشتیی، ئەگەر هەموو ئێسقانە دۆزراوەکان لەبەر چاو بگیرێن ئەوا زۆربەی زۆری نێژراوان مرۆڤی تەواو پێگەیشتوو بوون، بەڵام گۆڕی منداڵیش کەم نین. ئەوەندەی تواندرا هەوڵ درا رەگەزی نێژراوەکان دیاریی بکرێت، بەشێکی زۆریان جارێ پێنەگەیشتبوون و ئێسقانەکانی حەوزیان تەواو گەشەی نەکردووە بتوانرێ ڕەگەزی دیاری بکرێ. بۆ ئەوانەی توانرا دەستنیشان بکرێن، ژمارەی گەنجی نێر و مێ زۆر لەیەک نزیک بوون، بەڵام پیرەکان تا ڕێژەی ٦٣٪ مێ بوون. دیارنییە بۆچی ژمارەی پیرەکانی مێ لە نێر زۆرترن، چونکە ئەگەر نێرەکان بە گەنجی مردوون، دەبوایە ژمارەیان لە گەنجانی مێ زۆرتر بێ، بەڵام وانییە. دەشکرێ نەبوونی ژمارەی زۆری نێرەکان لەبەر ئەوەبێ، ئەوان لەدەرەوەی ئەو نیشتەجێیە مردوون و بۆ ناشتنیان نەهێندراونەتەوە.

شییکردنەوەی ئەو شوێنانەی نێژراوەکانی تێدا دۆزرایەوە دەریدەخات جیاوازیی نەبووە، گەورە و بچووک، نێر و مێ هەر لە ژێر زەوی خانووەکان نێژراون. بەڵام ٧٢٪ی هەموو نێژراوە گەورەکان یان لە باکوور، یانیش لە ڕۆژهەڵاتی خانووەکان بوون. بەڵام ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا زۆرتر منداڵی لێ نێژراوە، لەوانیش ٦٥٪ منداڵی تازە لە دایکبوو بوون. منداڵی تازە لە دایکبوو، جگە لە بەشی باکوور، لە شوێنی دیکەی خانووەکاندا هەبوون. بەڵام بەشی هەرەزۆری نێژراوەکان لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا بوون، ئەو شوێنەی جێێ کار و چالاکیی ڕۆژانە بووە. ئێسقانی دیکە هەبوون لەگەڵ بناغەی خانوو و دیوارەکان داندراون.

ئەوەی لە چۆنییەتی هەڵکەندنی گۆڕەکاندا دیارە ئەوەیە بەر لەوەی هەرکەسێک بنێژرێ، پێشتر بڕیاردراوە چۆن دەنێژرێ. زۆربەی گۆڕەکان هێلکەیی بوون و لەگەڵ شێوەی یەکێک خۆی کروش کردبێتەوە، دەگونجێ. بەشێکی زۆر کەمیان هەیە قاچیان یان دەستیان کەمێک درێژ کراوە. لەناشتنیشدا چۆنییەتی دانانی تەرمەکە (لەسەر تەنیشت، لەسەر پشت یان لەسەر سک) و ڕووی ئەو چاڵە چۆن بووە بیری لێکراوەتەوە. زۆر لەو تەرمانە وا چەمێندراونەتەوە و کرووش کراونەتەوە، ئەژنۆیان لە چەنەگەیان داوە و دەستەکانیش لەدەوری قاچەکان گیر کراون. سەریش بەرەو خوار هێندراوە. تا تەرمەکان بەو شێوەیەیان لێبکرێ، پێچراون و بەستراون ئینجا خراونەتە گۆڕەکانیان. بێگومان ئەو پێچان و بەستنە دەبێ هەر زوو دوای مردن (بە پێی کەشوهەوا لە نێوان ٣٦ تا ٧٢ کاتژمێر) کرابێ، بەر لەوەی لاشەکە ڕەق بووبێ.

لە کۆی ٢١٦ گۆڕ، ڕێژەی ٤١٪یان لەسەر تەنیشتی چەپ داندرابوون، ٢٩٪ لەسەر تەنیشتی ڕاستیان، ١٩٪ لەسەر پشت بوون و ١١٪ لەسەر سك بوون. تەنیا یەک تەرمیش بە دانیشتوویی نێژراوە. ڕیژەی ٦٥٪ ی نێژراوان ڕوویان لە باشوور و ڕۆژئاوا بووە. لەبەرئەوەی زۆربەیان لە لای باکووری خانوەکان نێژراون، کەواتە ڕوویان بۆ ناوەڕاستی خانووەکان بووە. ٥٨ نێژراو دۆزرانەوە پێچرابوون یان لە کاتی ناشتندا جلیان لەبەردا بووە، زۆربەی ئەوانەی پێچرابوون، نێر بوون. بەڵام منداڵەکان، هەبوو لە قەدی گژوگیا یان لە قامیش پێچرابوون.

بە مردنی ئەندامێکی کۆمەڵگەی گرێ چەتاڵ، دانیشتووانی گرێ چەتاڵ دەبوایە چەند بڕیارێک سەبارەت بە چۆنییەتی ئامادەکردن و ناشتنی تەرمەکەی، بدەن. ئەوەی لە دۆزینەوەکانی گڕی چەتاڵ بۆمان ئاشکرا بووە ئەوەیە مردووەکان لە ٢٤ کاتژمێردا نەنێژراون، بەڵکو بۆ ناشتن ئامادەیان کردوون. بەرلەوەی تەرمەکە ڕەق ببێ، پێچاویانە یان بەستوویانە تا بتوانن لە گۆڕێکی شێوە هێلکەییدا بینێژن. دەکرێ بڵێێن نزیکەی هەموو نێژراوەکانی گرێ چەتاڵ، لەو بارەدا نێژراون. دۆزینەوەی قەدی گژوگیای ئەو ناوچەیە بەڵگەی ئەو جۆرە پێچان و بەستنەیە. ئەو جۆرە بابەتەی ڕووەک وەکو بەستەری مردووەکان بەکارهاتووە، لە وێنەکانی ڕاپۆرتەکەی لە سەرچاوە داندراوە، دیارن.

نێژراوانی گرێ چەتاڵ وەکو چەند شوێنەوارێکی دیکەی ئەو سەردەمە، ئێسقانی مردووەکانییان ڕەنگ کردووە ئینجا ناشتوویانن. ڕەنگەکان یان لەسەر ئێسقانەکان یانیش لە ناو چاڵی ناشتنەکانیان دۆزراونەتەوە. ڕەنگی زەرد و سوور (لە تێکەڵەیەکی گڵ) دروست دەکرا، یان ڕەنگێکی خۆڵەمێشیی (گۆگردی جیوەیە) دروست دەبێ. نێژراوەکان تەپڵی سەریان ڕەنگکراوە. لە گەڕانەکانی ساڵانی ١٩٦٠ جەیمس میللارت ئەو تێبینیە تۆمار کراوە. دوو کەللەسەر، یەکیان منداڵێکی ساوایە و ئەوی دیکەیان پیاوێکە پاشماوەی رەنگی خۆڵەمێشیان لەسەر ماوە. چەند دانەیەکی دیکە ڕەنگی زەرد و سووریان لەسەر مابووەوە، یەکێکیان لە ناو خانووەکاندا نەبوو، تەواو لە ڕەنگی زەرد و سوور هەڵکێشراوە ئینجا نێژراوە.

ئامارەکان دەریدەخەن مێیەکان زۆرتر ڕەنگکراون، ڕێژەیان دەگاتە ٦٢٪ و نێرەکان تەنیا ٣٨٪ یان، ڕەنگ کراون. هەرچی منداڵی ساوا ڕێژەی ٣٢٪یان ڕەنگکراوەن و لە تەمەنەکانی دیکە زۆرترن. جگە لەو ڕەنگانە پرتەقاڵیی، قاوەیی و ڕەشیش لە زۆر شوێنی دیکەی گۆڕەکانی گرێ چەتاڵ دۆزرایەوە. بە پێی توێژینەوەکانی شیلیتۆ و تیمەکەی ئەو ڕەنگە زەردەی لە ٥ گۆڕدا دۆزراوەتەوە، لە ناشتنی ڕووەک ماوەتەوە لەگەڵ مردووەکە لەو گۆڕە داندراوە. ڕەنگە پرتەقاڵییەکەی لە دوو گۆڕدا دۆزرایەوە کۆلسترۆڵی ئاژەڵە، دیارە دانانی ڕووەک و ئاژەڵ لەگەڵ مردووەکان، جارجارە هەبووە. هەرچی قاوەییە لە پاشماوەی دار دروستبووە. لەوەدەچێ تاکە لێکدانەوەی شایستە بۆ ڕەنگی ڕەش نەخۆشیی سییەکانە، بە تایبەت لە پیرەکاندا. دووریش نییە لە کاتی ناشتنیاندا کەمێک ڕێوڕەسمیان بۆ کرابێ و سووتاندنی هەندێ بابەت ئەو ڕەنگە ڕەشەی دروستکردبێ، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی ڕەنگەکە لە ناو قەفەسی سنگ نەبووە.

منداڵی ساوا هەبوون بابەتی لە ئێسقان ، قاوغ یان بەرد دروستکراو لەگەڵ لاشەکانیان داندراوە، منداڵێکی ٦ مانگە بابەتێکی شێوە ملوانکەی لەگەڵ نێژراوە. زۆرترین بابەتەکان لەگەڵ ئەو تەرمانە نێژراوە لە باکووری ژوورەکاندا بوون. بابەتی گەورە لەگەڵ تەرمەکانی باکووردا داندراون. بە گشتیی مێیەکان لە باکوور نێژراون تا دەگاتە ڕێژەی ٦٦٪، تەنیا ٣٤٪ی نێرەکان لە باکوور نێژراون. ئەوەی تێبینی کراوە ئەوەیە هەموو نێژراوەکان، بەر لە ناشتنیان کرووش کراونەوەتە، لە باکوور زۆربەیان لەسەر لای چەپ داندراون، ئینجا لەسەر لای ڕاست و کەمێک لەسەر سک و پشت. بەڵام لە باشوور، بە پێچەوانەوە زۆربەیان لەسەر لای راست داندراون و لەسەر سک و پشت، کەس نەنێژراوە. کەمیک گۆڕانکاری بەپێی چینەکانیش هەیە، بەڵام تاک تاکەن.

ڕێژەی ٥٠٪ی ئەوانەی لەباکووری خانووەکان یان لە خانووەکانی باکوور نێژرابوون، بە قەدی گژو گیا یان قامیش پێچرابوون. لە چینەکانی دیکەدا ڕێژەی دیکە هەبوون. پێچانەوەکان توند بوون، ڕەنگە بۆ ئەوە بووبێ قەبارەیان بچووک بکەنەوە. تەنانەی منداڵێ ساوا لە ناو سەبەتەیک داندراوە و پێچراو/یان بەستراوە، دەکرێ هەر ئەو سەبەتەیە چەند جارێک بەکارهاتبێ یان لەگەڵ مردووەکان نێژرابێ. لەبەرئەوەی بەڵگەی کۆبوونەوە و نانخواردنی کۆمەڵە دەستکەوتووە، پێدەچێ ئە وجۆرە مەراسیمەی کۆبوونەوە و نانخوارن لەگەڵ مردوو ناشتن هەبووبێ.

دۆزینەوەی پەیکەرێکی ژنێکی دووگیان لە پشتەوە شێوەی پەیکەری ئێسقانی لەسەر دروستکراوە، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. دانیشتووانی گرێ چەتال دەیانزانی ئێسقانەکانی پەراسوو لە پشتەوە لەگەڵ بڕبڕەی پشت یەکدەگرنەوە، شوێنی ئێسقانی شان لە کوێێە و هەر پارچەیەکی حەوز، چۆنە. لەیەک پەیکەردا منداڵبوون و مردنیان وێناکردووە. سەیر ئەوەیە لە زۆر شوێنەواری ئەو سەردەمەدا کەللەی سەر لەگەڵ مردووەکاندا نەنێژراوە، جا ئایا بە جیا داندراوە یان لێکراوەتەوە تەواو دیار نییە، بەشێکی زۆری مردووەکانی گرێ چەتاڵ بە بێ کەللەی سەربوون. چەند بووچوونێک بۆ لیکدانەوەی ئەو کارەیان هەیە، بەڵام زۆرترین ڕایەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵگرتنی کەللەسەرەکان نیشانەی پێوەندی توندوتۆڵی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە دێرینەکانە بۆ کەڵەکەکردنی بیرەوەرییەکان و گرێدانی مردووەکان بە زیندووەکانەوە.

لە ژێر زەوی ژوورەکانیان مردووی زۆریان ناشتووە، دەبێ بۆ ئەوە بێ لەگەڵ خۆشەویستانیان نزیک بمێننەوە. مردووەکان وەکو بەشێک لەو ماڵە و شوێنی ژیان چاویان لێکراوە و بۆیان گرنگ بوون. ئەو شوێنانەی گۆڕەکانیان تێدایە چەند جارێک هەڵدراونەتەوە، لەگەڵ هەر مردوویەک هەڵکەندراوە و داپۆشراوەتەوە. بەشێکی دیکە ڕەنگە بۆ ئەوە بێ هەموو کەس بە منداڵێشەوە بزانن مردن بەشێکە لە ژیانی سروشتیی و ویستوویانە بە چاوی خۆیان بیبینن. پێناچی کەسیان لە مەردوو یان مردن ترسابن. بەپێی کات و لەگەڵ گەورەبوونی ژمارەی نیشتەجێبووانی گرێ چەتاڵ مردنیش زۆرتر بووە، بۆیە ئەوانەی لە چینەکانی سەرەوەدا نێژراون ژمارەیان زۆرترە ەوانەی لە چینەکانی خوارەوەدان. لە لایەکی دیکەوە شیواویی لە گۆڕەکانی چینەکانی سەرەوە زۆرترە وەک لەوانەی بنەوە، ئەویشیان هەر لەبەر هەمان هۆیە.

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

سەرچاوە: https://www.researchgate.net/publication/289525849

About دیدار عثمان

Check Also

ئەشکەوتی گەلیمگۆش

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە …