Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی دووەم]

قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی دووەم]

Arago_1819

هێمن عەلی محەمەد

هۆکارەکانى قوربانیکردن:

قوربانى کردنى ئاینە سەرەتاییەکان گەلێک هۆکارى جیاوازى هەبووە. هەندێک لەوەانە هێمایەک بوو بۆ سوپاس و ستایش و سوپاسگوزارى خواوەندەکان یان وەکو دۆعا و پاڕانەوە و بەدەست هێنانى ڕەزامەندى و کەم  و کردنەوەی توڕەییان و لێخۆشبوون لە گوناهەکانیان و ڕزگاربونیان لە ناڕەحەتیەکانى جیهانى کۆتایی ، بۆ هاوخوانى کردن لەگەڵ خواوەندەکان و پێشبینى کردنى ڕووداوەکان و پیرۆزکردنى کۆبونەوە و دانیشتنەکان. لە ڕۆمای سەدەى چوارەمى پێش زاین دواى ئەوەى کێشە کەوتە نێوان (ئەنجومەنى سنا) و خەڵک لە جەژنى ڕازانەوەدا، خەڵکی لە تەواوى پەرستگاکاندا قوربانیان بە نیازى ڕەزامەندى خواوەندەکان پێشکەش کردووە. (سلتەکان)، بۆ سوپاسکردنى خواوەندى بەرهەم مرۆڤیان دەکردە قوربانى.  قوربانیەکان بریتى بوون لە ژنى گەنج و مناڵ و دیلى جەنگ و دز و پیاو کوژ کە ئەمانە دەستگیر دەکران دەدرانە کاهنەکان هەتا لە ڕۆژى دیاریکراودا بکرێنە قوربانى.. هەندێک باوەڕیان وابووە ئەگەر کەسێک لە دنیا بکرێتە قوربانى یان خۆى بکوژێت ئەوا لە ژیانى داهاتوو بە کەسێکى خۆش بەخت و ئازاد و بەڕیز لە دایک دەبێتەوە. لەم ڕوەوە ئەو کەسانەى کە دەچوون بۆ شوێنى قوربانیکردن ئەوا بەجێ هێشتنى ناڕەحەتیە و ڕۆیشتن بووە بۆ ژیانى دڵخۆشى. کۆئینەکان کە لە هۆزە ڕەش پێستەکانى ئەمریکا بوون خۆیان دەکوشت تا لە ژیانى داهاتوودا کەسێکى خۆش بەخت و ئازاد بن. یۆنانیەکان باوەڕیان وابوو بە ئەنجامدانى قوربانی خواوەندەکان دەبنە میوان و ئامادەبونى خواوەندەکانیش هێمای بەرەکەت و خۆشحاڵیە و هێزیان پێدەبەخشێت. بەم هۆیەوە یەکەمجار شەراب دەکەن بەسەر قوربانیەکەدا ئەنجا دەیکەنە ناو پیاڵەکانى خۆیانەوە و وایان دادەنا کە خواوەندەکان لەگەڵ ئەواندا شەرابیان خواردوەتەوە.

فینیقیەکان، بەمەبەستى کەمکردنەوەى توڕەیی مولوخ یەکەم مناڵى خۆیان لەبەر ئەم خواوەندە مناڵ خۆرەدا دەدا بە زەویدا. خەڵکى (سربستان) لەکاتى دروست کردنى پەرستگا و بیناى گەورەدا ژنێکیان دەکردە قوربانى و لە بیناکەدا دەیان ناشت بۆ ئەوەى لە کاتێکدا کە خواوەندەکە توڕە دەبێت کاولیان نەکات.
خەڵکى ئوسترالیا لە بەرامبەر هەر گوناهێک پارچەیەکى پەنجەیان دەدایە خواوەندەکان یان خۆیان زامدار دەکرد . لە ڕۆما ژنێک ئەگەر پێش تەواو بوونى عیدەکەى شووى بکردایە ئەوا دەبوو مانگایەک بکاتە قوربانى بۆ لێخۆش بوون لە گوناهەکانى. لە کەنارەکانى باکورى پیرۆ هەر خێزانێک بۆ بەدەستهێنانى پێویستەکانیان نەزریان دەکرد کە کچێکى بچوکى خۆیان بکەنە (وەقف)ی پەرستگا یان دەیانکردە قوربانى بۆ خواوەندى مانگ. ئەو کچانەى کە پێشکەشى پەرستگا دەکران پیرۆز بوون. بۆیە پێویست بوو هەمووان ڕێزیان لێبگرن، تەنها پاشا و پیاوە ئاینەیەکان دەتوانن کارى سێکسییان لەگەڵدا ئەنجام بدەن. هەندێ هۆزى تر بۆ ئەوەى بەرهەمیان زۆر بێت،  کەسێکیان دەکوشت و خوێنەکەى لەکاتى داچاندنى تۆى دانەوێڵەدا بە زەویەکەدا بڵاویان دەکردەوە. کاتێک کە بەرهەم پێدەگەیشت ئەوەیان بە هێماى زیندوو بونەوەى ڕۆحى قوربانى کراوەکە دەزانى. ڕوسەکان کاتێک کە دەیانویست کارێکى گەورە ئەنجام بدەن ئەوا بە جگەر و سیقەتۆرەى قوربانى کراوەکە فاڵیان دەگرتەوە. لە ئەسینا بۆ پیرۆز کردنى ئەنجومەنى گشتى بەرانیان دەکردە قوربانى.[1]

مەزدەکی یەکێکە لە ئاینە کۆنەکانى ئیران و بەناوى مەزدەکەوە ئاینەکە ناونراوە ئەم پیاوە لە نیوەى دووەمى سەدەى پینجەمى زاینی لەدایک بووە و سەرکردایەتى شۆڕشێکى کۆمەڵاتى دەکرد دژى چینایەتى و نادادگەرى کۆمەڵایەتى. ئەمانە شا قوبادی ساسانیان برد بۆ شوێنێک کە دەست گەیشتن پێی ئاسان نەبوو ، پێیان وتبوو کە لە ڕابردوودا گوناهکار بویت و داوایان لێکرد بوو لەبەردەم ئاگرى پیرۆزدا قوربانى ئەنجام بدات.[2] لە یۆنان لەکاتى چوون بۆ شەڕ و  سەرکەوتن، سەرکردەکانى شەڕ ەکە دەچوون لەبەردەم خواوەندەکاندا مانگا و گوێرەکە و بەرازیان دەکردە قوربانى و دەپاڕانەوە کە خواوەندەکان وەکو دۆعایەک لێیان وەربگرێت بە نیازى سەرکەوتن لە شەڕدا.[3]

کەفارەتى گوناه سولەیمانى کوڕى داود لە کەفارەتى نوێژێکى لە دەست چووى سەد حوشترى کردبووە قوربانى.
هەروەها یەکیکى تر لە هۆکارەکانى قوربانى،  بریتیە لە داواکارى خواى گەورە لە مرۆڤ بۆئەوەى قوربانى ئەنجام بدات لە گێراِنەوە و بەسەرهاتی سامیەکاندا باس لەوەدەکرێت، دواى ئەوەى ئادەم خانەى کەعبەى دروست کرد و تەوافى ئەو ماڵەى کرد و خودا داواى لێکرد کە قوربانى ئەنجام بدات.[4] هەروەها لە هۆکارەکانى تر لاى گەل و نەتەوەو هۆزە کۆنەکان، بریتیە لە ڕەد دانەوەى شەڕى سروشت و شەڕى گیاندارانى ترسناک و ڕەزامەندى خودا و گەشە و تەمەن درێژى و فیربوون و پارێزى لە توڕەیی خواوەند و کاتى بڵاوبونەوەى نەخۆشى و برسێتى.

رێورەسمەکانی  قوربانکردن

قوربانیکردن لە ئاینە سەرەتاییەکاندا لە ڕووى کات و شوێن ئاداب و رێورەسمی خۆى هەبووە.  هەروەها ئەو ئاژەڵانەی  کە دەکرانە قوربانى و ئەو کەسەى کە قوربانیەکە ئەنجام ئەدات… هەندێک لە قوربانیەکان دەبوایە لەلایەن کەسی تایبەتەوە ئەنجام بدرێت ئەمەش نەوەک موى سەرى بە هەڵە چاک بکات، لەکاتێکدا خواوەندەکان لە قوربانیەکە دەخۆن، بەڵام نیازى ئەو کەسەى کە قوربانیەکەى ئەنجام داوە بەدى نایەت. هەندێک لە قوربانیەکان لە شوێنى تایبەتدا دەکران بە قوربانى دەبوایە لە پەرستگاکاندا ئەنجام بدرایە. لە هەمان کاتدا هەندێکى تر پێویستى نەدەکرد لەهەر جێگایەکى تردا بووایە ئەوا ئاسایی بوو.
لە شێوازى هەڵبژاردنى قوربانیەکان جیاوازى هەیە لە نێوان میللەتاندا. هەندێک لە قوربانیەکان تەسلیمى ئەو شوێنانەیان دەکرد کە قوربانیەکانیان تێدا ئەنجام ئەدرا.
بەپێی مەرج و ئادابەکان، ئاژەڵى قوربانى نابێت عەیبى هەبێت و دەبێت تەواو بێت چونکە ئاژەڵى عەیبدار شایەنى خواوەندەکان نین.

ئەو پیاوە ئاینیانەى کە تایبەت بە کاروبارى قوربانى کردنەوە بە تەواوەتى تەماشاى ئاژەڵەکەیان دەکرد تەنانەت زمانیشیان دەپشکنى ئەمانەش لەبەرئەوەى دڵنیا بن لە لەشساغى و سەلامەتى ئەو ئاژەڵەى کە بە نیازن بیکەن بە قوربانى. لاى هەندێک لە هۆزەکان ئەگەر کەسێک ئاژەڵێکى ناتەواو بکاتە قوربانى ئەوا سزاکەى کوشتن بوو. یۆنانیەکان کاتێک کە نیازى قوربانى کردنیان هەبوو،  مووى سەری ئاژەڵەکەیان لێدەکردەوە و لەسەر گردەکان بڵاویان دەکردەوە، خواوەندەکانیش بۆ ئەم نیازە شایەتیان لێوەردەگرتن.
لە ڕۆما لە کاتى سوێندى گەورەیان دەخوارد ئەوا پیاوێکیان دەکردە قوربانى و تەواوى ئەو کەسانەى کە پەیمانەکەیان دەدا، دەستیان دەخستە ناو خوێنەکەوە و قومێکیان لێدەخواردەوە. لاى هەندێک هۆز لە کاتى دەستپێکردنى زستان کە وەرزى دیار نەمانى خۆرە بۆیە ئەمان مەراسیمێکیان ڕێکدەخست بۆ خواوەندى خۆر. کاهنى مەزن هێڵى پەیوەندى نێوان مرۆڤ و خواوەند بوو لەبەردەم قوربانیەکەدا کە داواى فراوانى ڕۆزى دەکرد بۆ خەڵک. کاهین سنگى قوربانیەکەى بە خەنجەرێک دەردەهێنا و پێشکەشى خواوەندى خۆرى دەکرد. خواوەندى خۆریش وەحى بۆ کاهین دەکرد. مرۆڤى قوربانیکراو بە ناونیشانى نوێنەرى خواوەندى خۆر لە نێوان خەڵکدا دابەش دەکرا. هەندێک کات قوربانیەکەیان لەگەڵ کەلوپەلى گران بەها.دەخستە چاڵێکەوە

لە هەندێ لە مەراسیمدا قوربانیەکان و بەشداربوان ئارایشى تایبەتیان دەکرد و سەما و شەراب خواردنەوەى تیادا بوو.  بەوپێیەی باوەڕیان وابوو بەم ڕێگەیە دەتوانن سەرنجى خواوەندەکان ڕابکێشن و هێزیان لێوەربگرن. لەشى قوربانیەکە هێشتا گیانى تیادا ماوە کە ئەوان موەکانى سەرى و چاوێکى پێشکەش بە خواوەند دەکەن و بە چاوەڕوانى قبوڵبونى قوربانیەکەیان دەمێننەوە. هێماى قبوڵبونى قوربانیەکە بریتی بووە لە بینینى باڵدارێک لە ئاسمان لەم کاتەدا مژدەى سەرکەوتنى کارەکەیان بە دەست دەهێنا. لاى هەندێ هۆزى تر پێش قوربانى کردن بە ڕۆژوو دەبوون، دواى ئەوەى کە قوربانیەکەیان پێشکەشى خواوەند دەکرد ، ئەم پێشکەش کردنە ناوى بەڵا لابەرى لێدەنرا ئەمەش بە واتاى بەرگرى لە بەڵا و ناخۆشى.

شێوازى پێشکەشکردنەکە جیاواز بوو ئەوەش خوێنەکەیان دەڕشت یان دەیان سوتاند یان ئەسپەردەیان دەکرد. سوتاندنى قوربانیەکە کۆن لە ناو جولەکە و یۆنانیەکاندا باو بووە کە پێدەچێت مەبەستیان ئەوە بوبێت کە بۆنى  دوکوڵەکە بگات بە لوتى خواوەندەکان. ئەسپەردەکردنى قوربانى بە نیازى نزیک بونەوە لە خواوەندى ژێر زەوى . لاى هەندێک لە ئاین و میللەتان شێوازیان بەلاوە گرنگ بوو. هەندێ جار ئاژەڵیان نەدەکوشت بەڵکە وەقفى خواوەندەکانیان دەکرد و دواتر لە جێگایەکى پیرۆزدا بەرەڵایان دەکرد.(ئازتکەکان) لە مەکسیک قوربانیەکەیان بە مێخێکەوە دەبەستەوە تا بۆ خۆى بمرێت. ئەنجا گۆشتەکەیان پارچە پارچە دەکرد و بەسەر خەڵکیدا دەیان بەخشیەوە. ئەوانە قوربانیەکانیان  بە توندترین شێواز ئازار دەدا بە جۆرێک کە تەواوى جەستەیان تێکدەشکاندن و چاوەکانیان دەردەهێنان . تەواوى ئەمانەیان بۆ ئەوە دەکرد کە پیاوەتى و لەسەرخۆیی و ئامادەییان پیشان بدەن و بزانن بەم کارانە شایستەى بەرزى و بڵندین یا نا؟ لاى هەندێکى تر دواى کوشتنى قوربانیەکە یان دواى ئەنجامدانى  قوربانیەکە نوسراوێکیان بە ئیمزاى کاهین وەردەگرت کە بەڵگەنامەى چونە بەهەشت بوو.

بەشێکی دیکە لە ئاینەکان،  دواى ئەنجامدانى قوربانیەکە ئاژەڵ یان مرۆڤ ئەوا جۆرێک لە پۆزشیان بۆ قوربانیکراوەکە دەهێنایەوە. میسریەکان دواى مەراسیمى قوربانى کردن دەگریان و هەندێکى تر خۆیان زامدار دەکرد. هەندێکیش هەڵدەهاتن و ڕایان دەکرد لەبەرئەوەى دەترسان، چونکە کە ئەمان بەشدار بوون لە کردەوەیەکى کوشتندا.
لە یۆنان دواى ئەنجامدانى قوربانى گوناهەکەیان دەخستە گەردنى چەقۆوە بۆیە فڕیڕیانئەدا ناو دەریاوە. لاى هەندێک لە ئاینە سەرەتاییەکان ئەنجامدانى قوربانى بۆ ئەوە بوو کە لەو کاتەدا ئامادەبکرێت و بیخۆن. (ویڵ دورانت) باسى ئەوە دەکات کە مرۆڤى سەرەتایی لەو باوەڕەدابوون، ڕێز و گەورەیی هەر شتێک بە خواردنى لەلایەن مرۆڤەوە ئەوا ئەو ڕێز و گەورەییەى بۆ دەگوازرێتەوە. بۆیە لە ئەنجامدا بەوە گەیشتن کە خواوەندەکان بخۆن. زۆر کات کەسێکیان هەڵدەبژارد و باش پەروەردەیان دەکرد و نازناوى خواوەندیان لێدەنا و تاوەکو دواتر بیکوژن و خوێنەکەى و گۆشتەکەى بخۆن. کاتێک کە ئەم دیاردەیە زۆر بوو وەکو جۆرێک لە بەزەیی دروست بوو لە دڵیاندا کە لە جیاتى قوربانى کردنى خوداوەند شتێکى تر لە جۆرى خۆراکى بکەن بە هێما و ڕەمزى خۆیان و بیخۆن.

لە مەکسیکى کۆن پەیکەرى خواوەندیان لە چەرەس دروست دەکرد و خوێنى مناڵى کوژراویان دەکرد بەسەریدا و لە جیاتى خواوەند دەیانخوارد.
فرۆید باوەڕی وایە کە گەورەکان بە خواردنى قوربانیەکە دەروونیان پاک دەبویەوە و یەکێتى لەنێوان خۆیان و هۆزەکان لە لایەک و لەلایەکى تر ئەندامانى هۆز لەگەڵ خواوەند لەگەڵ خواوەند پتەو تر دەبێت. ئەوان وا بیریان دەکردەوە کە لەو خواردنە خوێنێک دروست دەبێت لەکاتى خواردنیدا دەچێتە جەستەى هەموو بەشداربوەکانەوە بەوە یەکگرتوو دەبن لەنێو خۆیاندا.[5] عەرەبى سەردەمى پێش ئیسلام سەرقاڵى پەرستنى شتانى جۆراوجۆر بوون وەکو ئەستێرە و ئاژەڵ و …. بوون هەروەها زۆر شتی سروشتى و ئاژەڵی و ئەفسانەییان وەک سەرچاوەى ترس دادەنا بۆ خۆپاراستن لەمانە قوربانیان بۆ خواوەندەکانیان ئەنجام دەدا. هەروەها لەکاتى ئەنجامدانى فەریزەى حەجدا قوربانیان ئەنجامداوە وە لە کاتى مردنى کەسێکدا. زۆربەى قوربانیەکان وشتر بوون کە بەلاى ئەوانەوە ئاژەڵێکى خۆشەویست و بەهادار بوو.

قوربانی لاى سابیئەکان:
سابیئەکان بە چەند جۆرێک ناویان هاتووە سابیئە ، حەنیف ، مەندائى ، بە یۆنانیش گنوسیس. سەردەمى پەیدابوونى ئەمان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى پێغەمبەر عیسا. لە بنچینەدا ئەمانە لە زەوى فەلەستین بوون ناچار کراون کۆچ بکەن هاتونەتە عێراق و سوریا و ئێران. ئەمانە هەر مانگێک چوار قوربانیان هەیە کە دەبێت کەڵەشێر بێت و خوێنەکەى بخرێتە ژێر گڵەوە و ئیسقانەکەى بسوتێنرێت.[6]

قوربانی لاى جولەکە:
یەهودییەت وەکو ئاینێکى یەکتاپەرستى درێژەى دا بەو جۆرە قوربانیەى کە لاى کۆمەڵگانى تر باو بوو. بەڵام بەقوربانیکردنى مرۆڤیان هەڵوەشاندەوە  ئەوەش لە چیرۆکى بە قوربانى کردنى ئیسحاق لەلایەن باوکیەوە پێغەمبەر ئیبراهیم لە جیاتى مرۆڤ بەرانێک کرا بە قوربانى، بەڵام بە هەمان هۆکارى خەڵکەکانى تر ئەمان قوربانیان ئەنجام دەدا ئەویش لێخۆش بوون لە گوناهو دورخستنەوەى ناڕەحەتى و گوێڕایەڵى و داواکارى هاوکارى.

بەکارهێنانى ئاژەڵ بۆ قوربانى بابەتێکە دووبارە دەبێتەوە. بۆ نمونە لە کتێبى پیرۆزدا، باس لە قوربانى کردنى قابیل و هابیل دەکرێت. قوربانیەکەى قابیل وەرنەگیرا بەهۆى ئەوەى بەرهەمى زەوى بوو، بەڵام قوربانیەکى هابیل قبوڵ کرا  لەبەرئەوەى ئاژەڵ بوو. دواى کۆتایی هاتنى تۆفان پێغەمبەر نوح هەستاوە بە ئەنجام دانى قوربانى بە ئاژەڵ. هەروەها باس لە چیرۆکى بە قوربانیکردنى ئیسحاق دەکات لەلایەن باوکیەوە  کە لەو کاتەدا چەقۆکە دەخاتە سەر ملى بانگ دەکرێت تا کوڕەکەى سەرنەبڕێت و لە جیاتى ئیسحاق[1] ئەو بەرانەى کە بۆیان هێناوە سەرببڕێت. ئەمە بویە سەرەتایەک بۆ بۆ کۆمەڵگاى ئەو سەردەم بە گۆڕانى قوربانى مرۆڤ بۆ ئاژەڵ.

بیرۆکەى پاککپونەوە بە خوێن (قوربانى) شتێکە لە تەوراتدا باسى لێوە کراوە بەوەى هەموو شتێک پاک دەبێتەوە، بەڵام بەبێ ڕژانى خوێن (قوربانى) لێخۆشبوون بەدەست نایەت… لە چەند ئایەت و دەقى پیرۆزدا داواى ئەنجام دانى قوربانی کراوە و لەهەمان کاتدا چەند جۆرێکیش قوربانی هەیە و هەریەکەیان بە موناسەبەیەک ئەنجام دەدرێن.[7] ساڵى 974 ى پێش زاین لەوکاتانەى کە پێغەمبەر (داود) بەرەو پیرى دەچوو بیناى (ئور شەلیم)ى تەواو کرد و دەستى کرد بە دروستکردنى پەرستگا کە تەواو نەبوو داواى لە سولەیمانى کوڕى کرد کارەکە تەواو بکات. داود، سولەیمانى کوڕى کرد بە پاشاى (بەنو ئیسرائیل) لە میوانییەکدا کە گەورە و پیرەکانى نەتەوەکەى تیادا ئامادەبوون ئامۆژگارى کردن و پێى وتن کە خودا فرمانى پێکردوون تاوەکو ماڵێکى پیرۆز دروست بکەم و لەوێ قوربانى ئەنجام بدەم.[8]

موسا، فرمانى کرد بەسەر گەلی جولەکەدا کە ساڵانە مەڕێک بکەن قوربانى بۆ خودا وەکو یادکردنەوەى ڕزگاربونیان لە دەستى فیرعەون یان ڕزگار بوون لە کۆیلایەتى ئەمانە پێش قوربانیکردن نزا و پاڕانەوەیان دەکرد. لە مانگى نیسان بۆ ماوەى حەوت ڕۆژ بەردەوام بووە.[9] تەورات قوربانیەکەى پێغەمبەر (ئیبراهیم) بە ئیسحاقى کوڕى دادەنێت لە کاتێکدا گێڕانەوە ئیسلامیەکان قوربانیەکە بە (ئیسماعیل) دادەنێن و دواتر بەرانێک لە شوێنى ئەو دەکرێتە قوربانى تا ببێتە نەریتى خەڵکى و چیتر مناڵەکانیان نەکەنە قوربانى.

موسا پێغەمبەر دواى بەدەستهێنانى ١٠فرمانەکە گەڕایەوە ناو گەلەکەى و قوربانى ئەنجامدا و نیوەى خوێنى قوربانیەکەى هەڵگرت و کردیە تەشتێکەوە و نیوەى پژاند بەسەر قوربانیەکەدا و نیوەکەى ترى پژاند بەسەر گەلەکەیدا… لە ئەحکامە جەزائیەکانى تەوراتدا هاتووە کە هەر کەس قوربانى بۆ غەیرى خودا ئەنجام بدات ئەوا بە هیلاکدا دەچێت. هەروەها هاتووە ئەگەر بکوژى کوژراوێک نەدۆزرایەوە ئەوا دەبێت نزیکترین کەس لە شوێنى ڕووداوەکەوە قوربانى ئەنجام بدات. ئەگەر کەسێک بێئاگا سوێند بخوات بۆ کارێک و دان بە هەڵەى خۆیدا بنێت ئەوا دەبێت قوربانى بکات. کەسێک کە بە هەڵە تاوان ئەنجام بدات بەرامبەر بە شتە پیرۆزەکان ئەوا دەبێت قوربانى ئەنجام بدات . شاهیدێک خۆى بدزێتەوە لە لە شاهیدیدان ئەوە گوناهى کردووە و دەبێت قوربانى ئەنجام بدات. شایەتى لە هەندێک شتدا واجبە ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوا دەبێت قوربانى ئەنجام بدات.

جولەکە چەند جۆر قوربانیان هەیە بەپێى کاتى جیاواز و بۆ مەبەستى جیاواز لێرەدا بە کورتى ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەدەین:  بى کوریم: واتە لە یەکەمین کوڕ ، یەکەمین بەرى ئاژەڵ ، یەکەم بەرهەمى کشتوکاڵى دەبێت قوربانى بدات. ئەم یەکەمانە دەدرێنە پیاوانى ئاینى بەڵام کاتێک یەکەمین مناڵەکانیان دەدرێتێ ئەوا لێیان دەکڕنەوە.
قوربانى هەمیشەیی: بەگشتى لە جەژنەکاندایە کە دەبێت قوربانیەکان مەڕ و مانگا و گوێرەکەى ساغ بێت. ئەم قوربانیە بە مەبەستى ڕەزامەندى خودایە.
قوربانى کیپور: کەفارەت هەرکات کەسێک توشى گوناهێک دەبێت ئەوا دەبێت قوربانى ئەنجام بدات لە پەرستگا و لە مەراسیمێکدا بەڕێوەدەچێت.[10]

قوربانیکردن لاى مەسیحیەکان

قوربانى لاى مەسیحیەکان جیاوازە لە جولەکەکان لەبەرئەوەى لاى ئەمان زیاتر شێوەیەکى عیرفانى هەیە. لاى مەسیحیەکان نیشانەى قوربانی عیسا کوڕى مەریەمە سەلامى خواى لەسەربێت. مەسیح بە قوربانیکردنى خۆى گوناهى مرۆڤەکانى سڕییەوە و بوە هۆى ڕزگارى میللەتى بەنى ئیسرائیل لە ژێر ستەمى ڕۆمەکان. هەندێک باوەڕیان وایە لەناو ئەو مەسیحییانەى کە لە بنەچەدا جولەکە بوون قوربانى هەبووە، بەڵام لە ناو مەسیحیە ناجولەکەکاندا ئەم قوربانیە شێوەیەکى عیرفانى هەیە.[11] کەوایە قوربانى لاى مەسیحیەکان دوو جۆرى مادى و مەعنەوى هەیە، لایەنە مادیەکەى نان و شەراب دەگرێتەوە و لایەنە دەرونیەکەى –باگن- بە خوێن و جەستەى مەسیحەوە پەیوەستە کە ئەو بە تەواوى کرا بە قوربانى.[12] لاى یەزیدى:باوەڕدارانى ئێزدى هەموو ساڵێک لە یەکەم چوارشەممەى مانگى نیسان لە ڕۆژى جەژنى (سالى) مەڕێک بۆ مەلیکە تاوس دەکەنە قوربانى ، لە سیانزەى مانگى ئەیلول ڕۆژەکانى جەژنى جەماعە دەستپێدەکات و بۆ ماوەى حەوت ڕۆژ بەردەوامە و قوربانى تیادا ئەنجام دەدەن کە زۆر جار گایەکى گەورەیە و ئامادە دەکرێت و ئامادە بوان لێیدەخۆن.

قوربانیکردن لە چین:

لە کولتوورى کۆنى بوداییەکانى چین بە قوربانیکردنى کچانى تازە پێگەیشتوو باو بووە لە سەری ساڵدا پیاوانى ئاینى هەستاون بە ئەنجامدانى قوربانیەکە. ئەمان خوێنەکەیان دەخواردەوە و گۆشتەکەیان بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرد . ئەم دیاردەیە کۆتایی پێهات، بەڵام لە ساڵى 2009 لە یەکێک لە گوندەکانى ئەو وڵاتەدا هەمان کار ئەنجام درایەوە. ئەوان باوەڕیان وابووە خواردنەوەى خوێنى قوربانیەکە دەبێتە هۆى درێژبونی تەمەن. لە ناوچەى (زاو و شانگ) کۆیلەکان کراون  بە قوربانى و لە کاتى مردنى گەورەکەیاندا. هەروەها مرۆڤیان بۆ خواوەندى ڕووبار کردوەتە قوربانى.[13]

قوربانی لاى میسرییە کۆنەکان : قوربانى کارێکى ڕۆژانەى میسرییەکان بووە  لەسەر بنەماى ئەو باوەڕەى کە خواوەندەکان و مردووەکان لە خەڵکن و پێویستیان بە خۆراکە وەکو چۆن مرۆڤ ڕۆژانە پیویستى پێیەتى. ئەم کارەش پیاوانى ئاینى پێی هەڵدەستان یان لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا قوربانیان بۆ خواوەندە گەورە و بچوکەکان ئەنجام دەدا. لەگەڵ پەیکەری پاشا و سەرکردەکان. کارەکانى ئەم قوربانیانە لە نێوان پیاوانى ئاینى و کرێکارانى پەرستگا دابەش کرابوو کە قوربانیەکان ئاژەڵ و بەرهەمە خۆراکیەکانى لەخۆدەگرت لەگەڵ سوتانى بخورد.

بۆ مردوەکان دەبوایە ڕۆژانە خواردن و خواردنەوەیان پێبدرایە. کە پێویست بو کوڕە گەورە یان پیاوى ئاینى ئەوەى بکردایە دواتر ئەمانە کەم دەکرانەوە و تەنها لە جەژنەکاندا بۆیان دادەنرا. کردنەوەى دەمى مردووەکان بە ماناى ئەوە دەهات کە دەتوانێت بخوات…. بە تێپەڕبونى کات ڕێگایەکى تریان بەکارهێنا بۆ پێشکەش کردنى قوربانى بۆ مردووەکان ئەویش کێشان یان هەڵکەندنى وێنەى خواردن بوو لەسەر بەردێک کە وێنەى نان و گۆشت و باڵندە و میوەى لەسەر دەنەخشێنرا…. لەکاتى پێشکەشکردنى قوربانیەکاندا سرود و دۆعایان دەخوێند.[14]

لاى میسرییە کۆنەکان پەرستنى دیاردە سروشتیەکان یەکێک بووە لە شتە بەربڵاوەکان. وەکو پەرستنی خۆر و مانگ و ئاژەڵەکان ، ئەمانەیان وەکو خواوەند پەرستووە و هێما و ڕەمزى تایبەتیان بۆ داناون و لە پەرستگاکاندا دایان ناون، کڕنوشیان بۆ بردوون و لە بەردەمیاندا پاڕاونەتەوە، قوربانیان بۆ ئەنجام داون و داواى لێخۆشبونیان لێکردون هەروەها داواى پاراستنیان کردووە لە لافاو و شتە ترسناکەکان. بۆیە لاى میسرییەکان دیاردەى فرە خوایی هەبووە و تەنها لەسەردەمى ئەخناتوندا نەبێت کە یەکتاپەرستى خواى (ئاتون)یان پەرستووە، بەڵام لە دواى ئەمیشەوە فرە خواوەندى سەریهەڵداوەتەوە. لەکاتى حەج و سەردانى پەرستگاکان لە (تیبە و مەنفیس) نزا و پاڕانەوە و قوربانیان ئەنجام دەدا.[15] هەروەها  هەموو ساڵێک مرۆڤیان دەکردە قوربانى بۆ ڕوبارى نیل هەتا ببێتە هۆى پاراستنیان لە توڕەیی و لافاو. لە پاشماوەى پەرستگاکاندا باس لە قوربانیکردنى خزمەتکاران دەکرێت لەکاتى مردنى گەورەکانیاندا هەتاوەکو لە جیهانى دواتریش خزمەتیان بکەن.[16]

 

وەرگیراوە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

[1]احمد اقايي مبيدى : سةرضاوةى ثيَشوو

[2] عبدالله مبلغى آبادانى: سةرضاوةى ثيَشوو , ل 59

[3]وليم دورانت: تاريخ تمدن,  جلد سوم, 65

[4]قربانى در اينة اديان و اساطير   http://vista.ir/article/227903/%D9%82%D8%B1%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%A2%DB%8C%D9%86%D9%87-%D8%A7%D8%AF%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%A7%D8%B3%D8%A7%D8%B7%DB%8C%D8%B1

[5]احمد اقايي مبيدى : سةرضاوةى ثيَشوو

[6]عبدالله مبلغى آبادانى: سةرضاوةى ثيَشوو , ل 362 , 319

[7]http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=329016

[8]عبدالله مبلغى آبادانى: سةرضاوةى ثيَشوو , ل 163

[9]طقوس القرابين البشرية والحيوانيةhttp://defense-arab.com/vb/threads/64946/

[10]عبدالله مبلغى آبادانى: سةرضاوةى ثيَشوو ل 115 -108

[11]http://iec-md.org/farhangi/qurbaani_adyaan_faraahaani.html

[12]http://www.delgarm.com/religious/236-green-peace/1632-ghorbani-kardan1632

[13] طقوس القرابين البشرية والحيوانيةhttp://defense-arab.com/vb/threads/64946/

[14]  خزعل الماجدى : الدين المصرى , 1999 , ل 230-231

[15] عبدالرزاق رحيم صلال الموحى: العبادات فى الاديان السماوية (اليهودية-المسيحية-الاسلام) الطبعة الاولى, دمشق , 2001 , ص 24

[16] طقوس القرابين البشرية والحيوانيةhttp://defense-arab.com/vb/threads/64946/

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …