Home / مێژووى جیهان /  نهێنی كوژرانی عەدنان خێروڵای خاڵۆزای سەدام لە لاپەڕەكانی مێژوودا

 نهێنی كوژرانی عەدنان خێروڵای خاڵۆزای سەدام لە لاپەڕەكانی مێژوودا

13652016_712260_3834591269856889

 نهێنی كوژرانی عەدنان خێروڵای خاڵۆزای سەدام لە لاپەڕەكانی مێژوودا

 ئەحمەد عەبدوڵا

كاتژمێر 10 و 10 خولەكی شەوی 5ی ئایاری 1989، ئەحمەد عبو، فڕۆكەوانی پێشكەوتوو تەلەفۆنی بۆ یەكێك لە هاوكارانی عەدنان خێروڵا، وەزیری بەرگری و خاڵۆزای سەدام حسێن كرد و پێی وت، “گەورەم سەرۆك كۆمار لە ژیاندایە، بەڵام وەزیری بەرگری شەهید بوو”، ئەوە یەكەم پەیامی گەیاندنی كۆتا هەواڵ بوو لەسەر عەدنان خێروڵا، كە لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا لە پارێزگای نەینەوا گیانی لەدەستدا.

ڕووداوی گیان لەدەستدان یان كوشتنی عەدنان خێروڵا، كە ئەمڕۆ 29 ساڵی تەواوی بەسەر تێپەڕ دەبێت، دەنگدانەوە و لێكدانەوەی زۆری لە نێو سەركردایەتی بەعس و خەڵكی عێراقدا بەگشتی لێكەوتەوە، هەندێك بە رووداوێكی ئاساییان وەسف كرد و كەمیش نەبوون ئەوانەی تەئكیدیان دەكردەوە، كە ناوبراو بەپلانێك لەلایەن خودی سەدام حسێنەوە كوژراوە.

ڕۆژی 5ی ئایاری 1989، كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان-دا، تەرمی عەدنان خێروڵا گەڕێندرایەوە بۆ بەغداد و لە مەڕاسیمێكی جەماوەری گەورەدا بەخاكسپێدرا، لە ڕاگەیاندنی عێراقیشەوە وەك هەواڵێكی گرنگ بڵاوكرایەوە و هۆكارەكەیشی گەڕێندرایەوە بۆ تێكچونی كەشوهەوا.

بەپێی گێڕانەوەی یەكێك لە ئەفسەرانی دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەوكاتەدا، بە فەرمانی سەدام حسێن دەستەیەكی لێكۆڵینەوە لەكەسانی ئەكادیمی ڕەوانەی شارۆچكەی گوێر لە پارێزگای نەینەوا كران، بۆ ئەوەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی عەدنان خێروڵا بزانن و ئەوانیش لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە ڕاپۆرتێك وەڵامی سەدام حسێنیان دایەوە، كە كورتیەكەی بریتی بوو:

وەزیری بەرگری عێراق بە فڕۆكەی جۆری” BELL- 214- ST” بە ژمارە”5700″ لە پارێزگای نەینەواوە گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، بەڵام بەهۆی كەشوهەواوە فڕۆكەكەی كەوتوەتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا، چونكە لەو كاتەدا خێرای با”20-25KT ” بووە و ئاستی بینینیش دابەزیووە بۆ “0” كیلۆمەتر، سەرباری هۆشداریش، بەڵام وەزیری بەرگری سورە بووە لەسەر ئەوەی سەفەر بكات.

دوای ڕووداوەكە پەیوەندییە خێزانییەكانی نێوان ماڵی سەدام حسێن و خێروڵا تولفاح تێكچوو، چونكە خێروڵا تولفاح و ساجیدە تولفاح، سەدام حسێنیان بە بكوژی عەدنان تۆمەتبار كرد و سەدامیش چەند ڕۆژێك ماتەمینی لە عێراقدا ڕاگەیاند و لە زۆربەی ماڵەكانەوە ئاڵای ڕەش، وەك پیشاندانی خەمباری هەڵكرا.

Adnan.H.SH.3

عەدنان خێروڵا تولفاح، ساڵی 1940 لە بەغداد لە دایكبووە و ساڵی 1958 چووەتە كۆلیژی سەربازی و پلە سەربازییەكانی بەشێوەیەی ئەكادیمی بڕیووە.

لە هەردوو كودەتای 1963 و 1968 دا بەشداری كردووە و یەكێك بووە لە ئەفسەرە دیارەكانی سوپای عێراق و یەكەم وەزیری بەرگرییە لە مێژووی عێراقدا، كە 11 ساڵ لە پۆستی وەزیردا ماوەتەوە، چونكە نزیكترین كەس بووە لە سەدام حسێنە و هاوڕێی لاوێتی سەدام بووە، برای ساجیدە تولفاحی خێزانی سەدام بووە، سەدام زۆربەی تەمەنی لاوێتی لەماڵی ئەواندا بەسەر بردووە.

ساڵی 1978 عەدنان خێروڵا لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حسێنەوە وەك وەزیری بەرگری دەستنیشان كرا، عەدنان كەسێكی باوەڕپێكراوی ئەحمەد حەسەن بەكریش بووە و مێردی كچەكەی بووە (وەفا ئەحمەد حەسەن بەكر).

مەزهەر دلێمی، ئەفسەر لە دەزگای هەوڵگری پێشووی عێراق لە بیرەوەرییەكانیدا دەربارەی عەدنان خێروڵا وتویەتی، دوای مردنی عەدنان خێروڵا دەزگای هەواڵگری تۆڕێكی سەربازی و مەدەنییان دەستگیركرد و دواتر لەژێر ئەشكەنجەی توندا دانیان بەوەدا، كە لە هەوڵدابوون كودەتایەك بكەن و عەدنان خێروڵا بكەنە سەرۆكی عێراق، بەتایبەتی عەدنان كەسێكی خۆشەویست بوو لای خەڵكی عێراق و وەك پاڵەوانی شەڕی عێراق-ئێران وەسف دەكرا.

هەرچەندە هیچ زانیارییەكی فەرمی لەسەر كوژرانی عەدنان تائێستا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام هەندێك ئاماژە هەن، شاهێدی ئەوەن پەیوەندییەكانی نێوان سەدام حسێن و عەدنان لەساڵانی كۆتایی هەشتاكاندا ئاسایی نەبوون، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی 1986 دا سەدام ژنی دووەمی هێنا (سەمیرە شابەندەر) پەیوەندییەكانی خێزانی خێروڵا و سەدام حسێن تێكچوو، چونكە عەدنان و ساجیدە ئەو كارەی سەدامیان بە سوكایەتی بە ساجیدە دەزانی.

ڕۆژی 3ی ئایاری 1989 عەدنان و گروپ پاسەوانی تایبەتی لە فڕۆكەخانەی موسەنای سەربازی لە بەغداد بەڕێكەوتن بۆ باكور (هەرێمی كوردستان) بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش، لەكاتی جەژنی ڕەمەزاندا، بەڵام ڕۆژی 6ی هەمان مانگ و سێ‌ ڕۆژ دواتر تەرمی عەدنان گەڕێندرایەوە بۆ بەغداد و هەر زوو خێروڵا تولفاح و ساجیدە تولفاح، سەدامیان بە كوشتنی عەدنان تۆمەتبار كرد و سەدامیش پرسە و ماتەمینی سەرتاسەری لە عێراقدا ڕاگەیاند و لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی عێراقەوە وابڵاوكرایەوە، كە بەهۆی باهۆزێكی خۆڵاوییەوە فڕۆكەكەی فەریق ڕوكن عەدنان خێروڵا كەوتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

بەبڕوای بەشێكی تر لە سەرچاوەكانی مێژوو، عەدنان یەكێك بوو لە بەردەست و مەترسییەكانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، لەبەرئەوەی پێگە و نفوسێكی گەورەی لە نێو سوپای عێراقدا هەبوو، زۆر لە عودەی كوڕە گەورەی سەدامەوە نزیك بووە و دەزگای هەواڵگری عێراقیش چەندجارێك سەدامیان لە مەترسی عەدنان و عودەی ئاگاداركردۆتەوە.

عەدنان خێروڵا لەكاتی جەنگی عێراق-ئێراندا چەندجارێك جوڵەی نائاسایی بە سوپای عێراق كردووە بە ناونیشانی جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزیری بەرگری، تەنانەت بەناوی خۆیەوە فەرمانێكی لێبوردنی بۆ هەڵهاتوانی سەربازی دەركرد و دواتریش سەدام حسێن بە نوسراوی فەرمی فەرمانەكەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەیش نیگەرانی عەدنانی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە چەند ڕۆژێك عەدنان نەچووە سەر كارەكەی لە وەزارەتی بەرگری.

چیرۆكی كوژرانی عەدنان 29 ساڵی بەسەردا تێپەڕی، هێشتا زۆر دیوی شاراوەی بەر تیشكی ڕوناكی مێژوو نەكەوتوون، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە چیرۆكی مردنی ئەفسەرێكی ناسراوی سوپای عێراقە، كە لە ڕووداوێكی تەمومژاوی و لە ڕۆژێكی خۆڵبارانی ئایاردا لەناوچوو و بووە بەشێك لە لاپەڕە شاراوەكانی مێژووی عێراق.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …