Home / ناوداران / دژايه‌تيى نێوان مه‌ولانا خاليدى نه‌قشبەندی و شێخ مارفى نۆدێيى

دژايه‌تيى نێوان مه‌ولانا خاليدى نه‌قشبەندی و شێخ مارفى نۆدێيى

نووسینی: ڕێبوار حه‌مەتۆفیق 

نەقشبەندی، وەک ناوی تەریقەتێکی دیاری تەسەووف، له‌چاو ئه‌و مێژووه‌ى كه‌ ته‌ريقه‌ته‌كه‌ى تێدا پەیدا بووه، مێژوويه‌كى زۆر دێرينى لە کوردستاندا نییە. كه دەگەڕێتەوە‌ بۆ سەردەمی خەلیفەی ڕاشیدین ئەبوو بەکری سیددیق. لە ئەو قۆناغەشەوە تا سەردەمی بایەزیدی بەستامی، بە تەریقەتی سیددیقی ناسراوە، لە سەردەمی بایەزیدی بەستامییشەوە تا سەردەمی عەبدولخالقی غەجدەوانی، بە تەریقەتی تەیفووری ناو براوە. لە دوای ئەمیشەوە تا سەردەمی شێخ محەممەدی بوخاری، بە تەریقەتی خواجەگان ناوبراوە، وەک ئاشکرایە شێخ محەممەدی بوخاری، بە شاهی نەقشبەند بەناوبانگە. واتە: لێرەوە ئیتر ناوی نەقشبەندی بووەتە ناوی ئەم تەریقەتە. (1). تەریقەتی نەقشبەندی هەرچەندە لە زەمانی کۆندا بووە و لە کوردستانیشدا نیشانەی هەبووە، بەڵام لەو سەردەمانەدا تەریقەتێکی ناسراو نەبووە و لەناو خەڵکیدا ناوبانگی نەبووە. (2). تا سەردەمی دەرکەوتنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی  و گەڕانەوەی لە دیهلیی هیندستان دوای ساڵێک و مانەوەی لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵای دیهلەویدا و وەرگرتنی فەرمانی ئەم شێخە، کە دواتر بڕیار دەدات بگەڕێتەوە کوردستان و بەپێی ئەم فەرمانە، لە ناوچەکانی سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی، خەڵک بانگێشتی ڕێبازی نەقشبەندی بکات.

ساڵانی 1811-1820 بە پڕبەرهەمترین ڕۆژانی ئەم ڕێبازە لە کوردستاندا دەژمێردرێت، کاتێک ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە گەڕانەوەی مەولانا لە ساڵی 1811دا بۆ سلێمانی هاتنە سەر ڕێبازەکەی، بەتایبەتی ئەو توێژە بازاڕییانەی کە هەلومەرجی پڕ شەڕوشۆڕی میرنشین، زیانی لە بەرژەوەندییەکانیان دەدات. (3). تەنانەت خەڵکانێکیش کە لە توێژی خوارەوە بوون و دژی ئەو دەرەبەگانە بوون، بە شێوەیەک لە شێوەکان و بەپێی بەرژەوەندییان، لەگەڵ هێزی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی پایتەختدا بوون و نەیارێتییان دەکردن. ئەمەیش وایکردبوو ڕێبازەکە لە دوو لاوە خەڵکی لێ کۆ ببێتەوە. ئەمانە و چەندین خاڵی تریش کە لەم باسەدا جێگەیان نییە، وایان کرد زۆر بەخێرایی ڕێبازەکە پەرەبسێنێت و بە کوردستان و سەرجەم ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە، هەروەک (ڕیچ) (4) دەڵێت لە سەرانسەری تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکاندا، دوازدە هەزار موریدی هەیە. (5). مامۆستا (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس)یش، ژمارەی خەلیفە کوردەکانی مەولانا خالید بە 34 خەلیفە و خەلیفە بێگانەکانیشی بە 33 خەلیفە دادەنێت. (6). هەروەها (عەباس عەزاوی)یش موریدانی تەریقەتی نەقشبەندی لە هەموو وڵاتاندا، بە بیست هەزار کەس دادەنێت.  (7).

مەولانا خالیدی نەقشبەندی، ناوى (خالیدی کوڕى ئەحمەد کوڕى حسێن)ـە. لە تیرەى میکایەڵى جافە. ساڵى 1190-1193 ک، کە دەکاتە 1779 ز، لە ناوچەى (قەرەداغ) لە دایک بووە. هەر لە سەرەتاى منداڵییەوە، چووەتە بەر خوێندن و لاى ژمارەیەک لە مەلا گەورە و زانا دیارەکانى ئەو سەردەمە، بۆ نموونە (سەیید عەبدولکەریمى بەرزنجى) خوێندوویەتی. پاشان لاى (شێخ قەسیمى مەردۆخى) ئیجازەى وەرگرتووە. پاش کۆچى دوایى مامۆستاکەى (سەیید عەبدولکەریمى بەرزنجى) بە فەرمانى (ئەوڕەحمان پاشاى بابان) مەولانا خالید لە جێگەى ئەو دانراوە. ئەم زاتە، زانایەکى گەورەى ئایینناسە و لە سەرانسەرى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا، ڕێبەرى ڕێوڕەچەى نەقشبەندى بووە. هەزاران خەلیفە، مورید و مەنسووبى هەبووە. چەندین کتێب و پەراوێزى لە زانستەکانى دین و ڕێوڕەچەى نەقشبەندیدا نووسیوە، لە هەمان کاتدا شاعیرێکى پایەبەرز بووە و دەستێکى باڵاى لە هۆنینەوەى شیعردا هەبووە. بە زمانەکانى فارسى، عەرەبى و کوردى -بە هەردوو شێوەزارى (گۆران، بابان)- شیعرى هۆنیوەتەوە. لە ناو میرانی باباندا، کە لە ئەو سەردەمەدا حوکمڕانی ناوچەی سلێمانی بوون، بە ڕێزەوە سەیر کراوە و نامەی زۆر لە نێوان ئەم و ئەو میرانەدا هەبووە.

لە ساڵى 1220ک/1805ز بە ڕێگەى (موسڵ، دیاربەکر، حەڵەب، دیمەشق)دا سەفەرى حەجى کردووە. دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، بڕیاری سەفەرکردن بۆ هیندستان دەدات و ئەم بڕیارەشی جێبەجێ دەکات. بۆ گەڕانەوەیشی، لە ساڵی 1226 ک لە سنەوە دەگاتەوە سلێمانی. پاش ماوەیەک، بۆ ماوەی پێنج مانگ ڕوو دەکاتە بارەگای حەزرەتی غەوس لە بەغدا و لەوێ، حەزرەتی شێخ عوسمان سیراجودینی هەورامیی تەوێڵەیی (تەمەسوکی پێوە کردووە. ئەوانەی کە کەڵک و قازانجیان لەگەڵ بوونی مەولانا لە سلێمانیدا یەک نەکەوتووە، دەبن بە ناحەزی و لە دژی، دەس بە قسەبڵاوکردنەوە دەکەن و گەلێ شتی ناڕەوا و نادروست بەدەمیەوە هەڵدەبەستن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم قسانە ڕوو لە زۆربوون دەکەن. لەم کاتانەیشدا بەهۆی هەرای نەبڕاوەی نێوان خالید پاشای کوڕی ئەحمەد پاشا و عەبدوڕڕەحمان پاشای کوڕی مەحموود پاشای گەورەوە، ناوچەی بابان پڕ بووە لە پەشێوی. بۆیە مەولانا بڕیار دەدات لە سلێمانی نەمێنێتەوە و لە ساڵی 1228 ک، دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و تا ساڵی 1231 یان 1232 ک، لە بەغدا دەمێنێتەوە و دواتر بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە و مەحموود پاشا خانەقایەکی بۆ دروست دەکات و بۆ ماوەی شەش مانگ لە سلێمانی دەمێنێتەوە. لە 25/10/1820دا بە یەکجارەکی سلێمانی جێ دەهێڵێت و بەرەو بەغدا و دواتریش بۆ هەورامان سەفەر دەکات. ساڵانی1236، 1237، 1238 ک لە هەورامان بەسەر دەبات و دواتریش بەرەو شام دەکەوێتە ڕێ و لە ساڵی 1241 ک، دەچێتە مەدینە و لە ساڵی 1242 ک، پاش ساڵێک لە گەڕانەوەی لە حەج، لە شام و لە یازدەی مانگی زیلعیقدەی 1242 ک، مانگی یانزەی 1827ز تووشی نەخۆشی تاعوون دەبێت و پاش دوو ڕۆژ، کۆچی دوایی دەکات. (9).

کۆنترین تەریقەتی سۆفی لە ناو کورددا، تەریقەتی قادرییە. کە بە ناوی دامەزرێنەرەکەیەوە عەبدولقادری گەیلانی 1077-1116ک  کە بە (گیلانی، کەیلانی، خەیلانی)یش گۆ دەکرێت، ناونراوە. ئێستا زۆر خانەدانی ئایینی بە ناوبانگی کورد، لە پەیڕەوانی ئەم تەریقەتەن، یان جاران لە پەیڕەوانی بوون. تەریقەتی قادری لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە، لە ژێر تین و فشاری تەریقەتێکی تری سۆفییانەدا کە تەریقەتی نەقشبەندییە، بەردەوام لە پاشەکشەدایە. مەڵبەندی سەرکردایەتیی تەریقەتەکە، شارۆچکە دێرینە پیرۆزەکەی بەرزنجەیە کە نزیکە لە شاری سلێمانییەوە. ئێستا خەڵکی کوردستانی باکوور و تاڕادەیەکیش خەڵکی کوردستانی خۆراوا، پەیڕەوی لە تەریقەتی نەقشبەندی دەکەن. ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی کوردستانیش قادرین. مەولانا ساڵی 1779ز، هەڵمەتێکی بۆ پەیداکردنی لایەنگر لە ڕێگەی دیاریکردنی ژمارەیەکی زۆری نوێنەران لە کوردستان و ئەودیوی کوردستاندا، دەست پێ کرد. (10).

کاتێک مەولانا خالید لە هیندستان دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە بانگێشتکردن بۆ ڕێبازی نەقشبەندی، ئیدی ناوبانگی بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبێتەوە. لەبەر ئەوەیشی کە لەو کاتانەدا و لە سلێمانی تاکە ناودار و تاکە ڕێبازێک، (شێخ مارفی نۆدێيى 1752-1838) (11). تەریقەتی قادری دەبێت، شتێکی ئاساییە کە ململانێ لە نێوان مەولانا خالید و شێخ مارف، یان تەریقەتی نەقشی و قادری پەیدا ببێت. بەتایبەت دوای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتە (تەبەعە) بۆ مەولانا خالید و تەریقەتی نەقشبەندی پەیدا دەبێت. (ڕیچ) پلەی مەولانا خالیدمان بۆ دیاری دەکات و دەنووسێت: موسوڵمانێکی بەناوبانگی گەورە لە سلێمانی دەژی، ناوی خالیدە، بەڵام کوردەکان پێیان وایە کە نەنگییە بۆیان ئەگەر لە حەزرەتی مەولانا کەمتری پێ بوترێت. موسوڵمانەکان قسەکانی ئەو لە پلەی حەدیسی نەبەویدا دادەنێن. ئەم شێخ خالیدە لە خێڵی جافە، کوردەکان هەموویان بە وەلی دادەنێن، زۆریشیان لە پلەی پێغەمبەری خۆیاندا ڕیزی دەکەن. (عوسمان بەگ) پێی وتم: ئەو و پاشا و هەموو سەرکردە کوردەکانیش، موریدی ئەون. (12).

لە ناو خەڵکیدا ئەوە باوە کە (شێخ مارفی نۆدێیی) بووە بە ناحەز و دژی مەولانا خالید، ئەمەیش وایکردووە کە مەولانا لە سلێمانی دەرچێت و بەرەو بەغداد کۆچ بکات. (13). تەنانەت ناکۆکییەکان دەگاتە ئاستێک کە شێخ مارف، کاک ئەحمەدی شێخی کوڕی و عەبدوڕڕەحمان تاڵەبانی خەلیفە، بۆ کوشتنی دەنێرێت، بەڵام هەردوکیان کاری کوشتنەکەیان بۆ جێبەجێ ناکرێت و دەگەڕێنەوە، ئەگەرچی شێخ مارف بۆ جاری دووەمیش دەیاننێرێتەوە، بەڵام بەختیان لە جاری یەکەم باشتر نابێت و دیسان دەگەڕێنەوە. (14). بۆیە مەولانا خالید ناچار دەبێت هەڵبێت. لە ئەم بارەیەوە ڕیچ دەنووسێت: ئەم بەیانییە شێخ خالیدی بەناوبانگ هەڵهات. لەگەڵ ئەوەیشدا کە هەڵهاتنەکەی نهێنی و بەپەلە بوو، بەڵام توانی هەر چوار ژنەکەی لەگەڵ خۆیدا بەرێت. هێشتا نەزانراوە بەرەو کوێ ڕۆیشتووە؟ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کوردەکان لەپلەیەکی بەرزتر لە عەبدولقادر دایان دەنا. پاشا عادەتی واب وو لەبەردەمیدا ڕادەوەستا و قلیانی بۆ تێ دەکرد، کەچی ئەمڕۆ پێی دەڵێن: کافر و داستانی زۆر لەبارەی فیز و کافری و زەندیقییەوە، دەگێڕنەوە. لەبارەی هۆی هەڵهاتنیەوە، قسەی جۆراوجۆر دەکرێت. هەندێک دەڵێن: دەستی کردبوو بە ئاژاوەنانەوە لە نێوان پاشا و براکانیدا کە ویستبوویان لای پاشا لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببنەوە. هەندێکی تریش دەڵێن: دەستی کردبوو بە دانانی بناغەی مەزهەبێکی نوێ و دەیویست خۆی بکات بە گەورەی وڵاتەکە. گومانی تێدا نییە کە زۆر شتی لەبارەوە وتراوە و شتی لەمانە زۆرترى دراوەتە پاڵ. مەلا و سەییدەکان، لە سەرووی هەموویشیانەوە شێخ مارف، ڕقیان لە شێخ خالیدە و ئەویش کاتێک کە دەسەڵاتی هەبوو، هەموو ئەمانەی بەزاندبوو. (15).

بەڵام ئەمە هەموو لایەنەکانی ململانێ و ناکۆکییەکان نییە، چونکە لەو کاتانەدا گەلێک لە مەلایانی ناوچەی سلێمانی کە لە خوێندندا هاوڕێی مەولانا بوون و خۆیان لەو بە باشتر زانیوە، لە وەزعی مەولانا و لە پایەبەرزی لای میرانی بابان و خەڵکی شار و دەوروپشتی، ناڕەحەت بوون، بەڵام دەستیان نەڕۆیشتووە هیچ بکەن. یەکەم زانای عیلم و تەریقەتیش کە لەو ڕۆژەدا و لە ناوچەکەدا بووە، شێخ مەعرووفی نۆدێ بووە، کە مەلایەکی گەورە و مورشیدێکی پایە بەرز بووە و بەهۆی عەشرەت و تایەفەوە زۆر خاوەن دەسەڵات بووە، چوونەتە لای و فیتنەییان کردووە، هەر شتێک کە بە عەیبەیان زانیوە، کردوویانە بە چەند قات و وایان نیشان داوە کە ئەم مەولانایە، هاتووە دین تێک بدات و ئاشووب بنێتەوە و شتی ناڕەوا دابمەزرێنێت، ئەویش لەبەر ئاموشۆنەکردنی مەولانا و دڵسافیی خۆی و سوێندخواردنی ئەو کەسە درۆزنانە، ئاڵۆز بووە و بە واجبی ئایینی خۆیی زانیوە لە دژی مەولانا بجووڵێتەوە. بەڵام سەرەنجام کە ڕاستیی بۆ دەرکەوتووە، پەشیمان بووەتەوە و شێخ حوسەینی قازی و چەند سەییدێکی تری ناردووەتە لای مەولانا بۆ عوزرهێنانەوە. (16). ئەم ململانێ و ناکۆکییە زۆر لە ململانێیەکی کەسی و کاتی، گەورەتر بووە. چونکە کار گەیشتووە ئەوەی کە لە شێوەی ناکۆکیی ڕۆژانەدا ببینرێتەوە و ڕوخسارێکی سیاسی بەخۆوە بگرێت. کاتێک کە چەوسانەوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن پاشاوە، مەولانای هەڵپێچا کە لە سلێمانی هەڵبێت و پەنا بۆ بەغداد بەرێت، شێخ مارف نامەیەکی بۆ والی بەغداد نارد و ناوی (تحرير الخطاب في الرد علي خالد الكذاب)ـی لێ نا و تێیدا داوای ئەوەی دەکرد (خالیدی درۆزنی کافر ڕیسوا بکرێت و لە بەغدا وەدەر بنرێت)، بێگومان ئەم داوایەی ڕەت کرایەوە. پاشتر هەر خۆی نامەکەی فەوتاند و ئێستا تەنها چەند پارچەیەک لە ئەو نامەیە ماوەتەوە. ساڵی 1813 پاش کۆچی دوایی پاشا، کاتێک مەولانا بۆ سلێمانی گەڕایەوە، ململانێی نێوان هەردوو ڕێبازەکە، لە ناو شاردا ڕەنگی ناکۆکییەکی ڕۆژانەی وەرگرت. تاکتیکی شێخ مارف ئەوە بوو کە هەموو لایەنگرانی لەگەڵ خۆیدا ساز و تەیار بکات و هەوڵیش بدات ململانێکە بخاتە بەردەم دەوڵەتی عوسمانییەوە و لەناو کوردەواریدا نەیهێڵێتەوە. بۆیە شێخ مارف هانی (عوسمان جەلیل مەوسڵی)دا کە کتێبی (دين الله الغالب علي كل منكر مبتدع الكاذب) دابنێت، کە مەبەستی مەولانا خالید بوو. محەممەد ئەمین سویدی موفتی ئێراقیش بە داواکاریی والی بەغدا -نەک مەولانا خالید- بە کتێبێک بە ناوی (السهم الصائب في من سمي الصالح بالمتدع الكاذب) بەرپەرچی دایەوە. مەولانا بەهەمان شێوە بەرەنگاری ئەم تاکتیکە نەبوویەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، تێکۆشا کە ڕێ لە دڵگەرمیی هەندێک لەو لایەنگرانەی بگرێت کە دەیانەویست بەهەمان شێوە بەرپەرچی زەبرلێدانەکە بدەنەوە. (17).

لە نامەیەکی شێخ مارفی نۆدێییدا کە بۆ (یەحیا مزووری)ـی ناردووە، هەموو ئەو ڕاستییانەی سەرەوە دەردەکەوێت، کە پەیوەندیی نێوان مەولانا و شێخ مارف، چەند خراپ و ئاڵۆز بووە. لەم لایەنەوە، هەندێک لە نەیارانی تەریقەتی نەقشبەندی و دۆستانی قادری، بە بەرنامە بێت، یان لە ژێر کاریگەریی سۆزی دەروونییاندا بووبێت، بەرامبەر بە مەولانا وەستاونەتەوە و هەوڵی زیانپێگەیاندنیان داوە، یەکێک لەم کەسانە بە ناوی (شێخ ئەحمەدی سەردار) (18)ـەوە بەم نیازە، لە سەرگەڵووەوە بۆ سلێمانی دێت. مەولانایش لە ڕۆژی جومعەدا و لە پاش نوێژی جومعە کە لە مزگەوتی گەورە دێتە دەرەوە، تەوەججوهێکی لێ دەکات، ئەویش جەزبە دەیگرێت و لە لای دەست بە سلوک دەکات، تا بە پایەی خەلیفەیی دەگات و ئیجازەی ئیرشاد وەردەگرێت. (19)

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:

1- سلێمانی، زەمینەی پەرەسەندن و ململانێی تەسەووف، عەتا قەرەداغی، زنجیرەی بڵاوکراوەکانی هەفتەنامەی سلێمانیی نوێ، سلێمانی، 2003، ل12.

2- یادی مەردان، بەرگی یەکەم، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد، 1979، ل44.

3- ڕیشە و پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، د. هەڵکەوت مەلا حەکیم خانەقینی، گۆڤاری سەنتەری ستراتیجی (سیاسەتی دەولی) ژمارە 21، ساڵی شەشەم 1998، ل14.

4- ڕیچ: لە ساڵی (1787ز) لە فەرەنسا لە دایکبووە و لە ساڵی 1821دا کۆچی دوایی کردووە.

5- رحلة ریچ في العراق عام 1820، کلودیوس جیمس ریچ، ج1، نقلها إلى العربیە بهاء الدین نوري، بغداد، 1951، ل98.

6- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو، ل83- 86.

7- مولانا خالد النقشبندي، عباس العزاوي، مجلة المجمع العلمي الکردي، العدد1، بغداد، 1973،ل 697.

8- شێخ عوسمان (1195-1295ک).

9- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو، ل8- 54.

10- ئایین و تایفە ئایینىییەکان لە کوردستان، میهرداد ئیزەدی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کامەران فەهمی، بڵاوکراوەی: مەکتەبی بیر و هۆشیاری، سلێمانی، 2002، ل81.

11- شێخ مارفی نۆدێيى (1752-1838ز): کوڕی شێخ مستەفای سەیید ئەحمەدی غەززالییە، بە چەند پشتێک دەچێتەوە سەر بابا ڕەسووڵی گەورە.

12- رحلة ریچ في العراق عام 1820، سەرچاوەی پێشوو، ل98.

13- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو، ل44

14-ڕیشەو پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، سەرچاوەی پێشوو، ل21. کە ئەمیش لە (Rich، op. cit، p. p. 303- 21)ى وەرگرتووە.

15- رحلة ریچ فی العراق عام 1820، سەرچاوەی پێشوو، ل227- 228.

16-  یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو، ل46.

17- ڕیشە و پێشینەی ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا، سەرچاوەی پێشوو، ل19.

18- شێخ ئەحمەدی سەردار: سەیید ئەحمەدی سەرگەڵوویی بەرزنجییە، بە (سەیید ئەحمەدی سەردار) ناسراوە.

19- یادی مەردان، سەرچاوەی پێشوو، ل88.

ئەم نووسینە لە ڕێکەوتی 24/08/2021 لە سایتی زەمەن پرێسدا بڵاو کراوەتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …