Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / بەشێک لە شیوەنی گلگامێش بۆ ئەنکیدۆی ھاوڕێی. تابڵۆی ھەشتەمی داستانی گلگامێش

بەشێک لە شیوەنی گلگامێش بۆ ئەنکیدۆی ھاوڕێی. تابڵۆی ھەشتەمی داستانی گلگامێش

Fig.+5.3.+Gilgamesh+sleeps+while+the+snake+steals+the+secret+flower+of+Eternity

 

 نوسینی: شاسوار هەرشيمی..

glgameishلاواندنەوەی دۆستێک شاسوار ھەرشەمی کردویەتیە کوردی…

بەشێک لە شیوەنی گلگامێش بۆ ئەنکیدۆی ھاوڕێی. تابڵۆی ھەشتەمی داستانی گلگامێش

(چەند ساڵێکە داستانەکەم، له‌ 320 لاپه‌ڕه‌دا، بە بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەوه‌ کردۆتە کوردی و،‌ ھێشتا چاپم نەکردووە)

ئەوەی لەم پارچە ھەڵبژاردەیە تێبینی دەکرێت، ئەو زمانە بەرزەی پیاھەڵدانە، کە کەس باوەڕ ناکات، ئەمە لە شارۆچکەیەکی قوڕینی، پێش پێنج ھەزار ساڵێک لەم چەرخە، ھەر بە هه‌مان ئه‌و زمانە بەرزە مرۆڤانەیە نوسراوە، کە ئێستا داھێنەرێک، دەتوانێت پێی بنوسێت.

 

١- ئێنکیدو! ئەو ڕێگایانەی، کە بۆ دارستانی سورە چنارەکان دەچن

٢- با ھەمیشە بۆت بگریێن، ھەموو ڕۆژان، ھەموو شەوان.

٣- لە ناو شورە بەرینەکەی ئوروکدا، ڕیش سپیەکان

………………………..

 

١٠ – با بۆت بگرێین. ئەوانەی ئێمەیان فەڕو پیرۆز کرد، با بۆت بگریێن!

١١- دانیشتووانی چیا و، وڵاتە بەرزەکە، با بۆت بگریێن،

١٢- (….) ئاسک،

١٣- لەوەڕگاکان با وەک دایکت، بۆت بگریێن!

١٤- با ئەو سەرو، و سورە چنارانە، بۆت بگریێن

١٥- کە ئێمە تیژڕەو، بە ناویاندا تێپەڕین!

١٦- ورچان، کەمتیاران و پڵینگان، بەور، کەڵە کێوی و پشیلە کێوی،

١٧- شێر، گا کێوی، بزنە کێوی و گاڕانی دەشت و دەر،

با بۆ تۆ بگریێن!

١٨- ڕوباری پیرۆزی – ئولایە- با بۆت بگریێ،

کە جارێک زۆر بە شانازیەوە، بە کەنارەکانیدا پیاسەمان کرد.

١٩- ڕوباری پیرۆزی فرات، با بۆت بگریێ،

٢٠- کە ئاوەکەیمان، وەکو دیاری، ھەڵدەڕشتە کوندەکانی خۆمانەوە.

٢١- پیاوە گەنجەکانی ناو شورە بەرینەکەی ئوروک، با بۆت بگریێن،

٢٢- ئەوانەی کە دیتیان چۆن، ئێمە کەڵەگای ئاسمانیان بەلاداخست.

٢٣- ئەو جوتیارەی لای ھەوجاڕەکەیەتی، با بۆت بگریێ،

٢٤- ئەوەی کە بە ئاوازێکی جوان، ناوت بەرز ڕادەگرێ.

٢٥- (….) ناو شورە بەرینەکەی ئوروک، با بۆت بگریێ،

٢٦- کە یەکەمجار ناوی تۆ دێنێ(….)

٢٧- شوانەکە، پارێزەری گەلە ڕان، با بۆت بگریێ

٢٨- کە، مەی پێدای، تا بینۆشی.

٢٩- کوڕە شوانەکەی لەوەڕگا، با بۆت بگریێ

٣٠- کە ڕۆنە کەرەی پێدای، تا بیخۆی

٣١- پیرەکانی ناو ئوروکی بە شورە دەورگیراو، با بۆت بگریێن،

٣٢- ئەوانەی کە شەڕابی خورمایان پێدای، تا بینۆشی.

٣٣- شامھاتی کچە شادیبەخش، با بۆت بگریێ

٣٤- کە تۆی بە ھەتوانی بۆندار چەور کرد.

٣٥-(….) بۆت بگریێ،

٣٦- کە لە خانەی زەماوەندگێڕان(….) ئامۆژگاریەکانی تۆ.

٣٧- پیاوانی گەنج با بۆت بگریێن، برایەکان با بۆت بگریێن،

٣٨- با پرچیان بەردەنەوە، ھەر وەک ژنانی گەنج.

٣٩- ئێنکیدو، ھەروەکو باوک و دایکت،

٤٠- با منیش بە خەمباریەوە بۆت بگریێم.

٤١- گوێبگرن، پیاوانی گەنج، ببیستن،

٤٢- بەساڵداچوانی ئوروکێ، گوێ لە من بگرن!

٤٣- من بۆ ئێنکیدو دەگریێم، دۆستەکەم،

٤٤- بە خەمباریەوە دەڵاڵێمەوە، ھەر وەک گرینۆکێک!

٤٥- چارە نوسی بەد، بە زوویی ھاتو لە منی زەوتکرد

٤٦- ئەی تەوری لە تەکم، ھەی ئاسودەیی دەستەکانم،

٤٧- ئەی شمشێری لە تەکم، ھەی سپەرێک کە دەیپاراستم،

٤٨- ئەی جلوبەرگی ئاھەنگم، ھەی باشترین کەمەربەندم!

٤٩- دۆستەکەم، کەڵە کێویە ڕەوھەنەکەم،

کەڵی شاخی، پڵنگی دەشت و دەر،

٥٠- ئێنکیدو، دۆستەکەم، کەڵە کێویە ڕەوھەنەکەم،

کەڵی شاخی، پڵنگی دەشت و دەر،

٥١- ئێمە بەیەکەوە، تا سەر لوتکە، بە شاخدا ھەڵگەڕاین،

٥٢- ئێمە بە یەکەوە، کەڵەگای ئاسمانیمان کوشت،

0- ھومبابامان لە ناو برد، کە لە دارستانی سورە چنارەکان دەژیا.

 

به‌للۆره‌یه‌ک، داستانی گیلگامێش تابڵۆی شه‌شه‌م

glgameishtablo
.
بەللۆرەیەک لە نێوان گیلگامێش و ژنە خوداوەند (ئیشتار)

داستانی گیلگامێش/ تابڵۆی شه‌شه‌م…

١- ئەو خۆی شوشت و، لە پیسی پاک بووەوە، کەرەستەکانی خۆیشی پاککردەوە.

٢- ئەو سەری خۆی ڕاوەشاند و، پرچی بەسەر پشتی دا بڵاوکردەوە.

٣- ئەو جلە دژونەکانی خۆی فڕێدا و، جلی پاکی لەبەر خۆی کرد.

٤- ئەو کەوایەکی درێژی بەسەر شانی دادا و، کەمەربەندی لەسەر بەست.

٥- گیلگامێش تاجەکەی لەسەر سەری داناو… جا

٦- ئیشتار، شاژنەکە، جوانی گیلگامێشی بۆ دەرکەوت،

 

(ئیشتار داوا لە گیلگامێش دەکات تا بیخوازێت) :

٧- “وەرە، گیلگامێش، ببە بە یاری من!

٨- تۆوی خۆتم پێ ببەخشە!

٩- تۆ مێردی منی و، منیش ژنی تۆ.

١٠- من گالیسکەیەک، لە بەردی پیرۆزەی شین و زێڕ، بۆتۆ ڕادەبەستم

١١- دەستگری لە موروی کارەبا و، پێچکەکانی لە زێڕ بن.

١٢- ڕێدەدەم تا بونەوەرانی بریقەداری ئومو و، ھێستری گەورە

گالیسکەکە ڕابکێشن!

١٣- بڕۆ ناو ماڵەکەمان و، بۆنی تەختەی سورەچناران بکە!

١٤- کە دەچیە ناو ماڵەکەمان، سەکۆ لە دار داتاشراوەکەی

١٥- بەردەرگا، پێیەکانت ماچ دەکات.

١٦- پاشاو بەگزادان دێن و، لەبەر دەمت کڕنوش دەبەن و

١٧- لە چیا و لەدەشت، دیاریت بۆ دێنن.

١٨- بزنەکانت بە سکێ، سیانە دێنن، مەڕەکانت بە سکێ، جمکە دێنن.

١٩- کەرەکەت بە بارەوە، لە ھێسترێک خۆشتر ڕێدەکات .

٢٠- ئەسپە بەنازەکانت، بە ڕاکردن گالیسکەکەت ڕادەکێشن .

٢١-گایەکەت بە کونجکاویەوە لەژێر نیر، ھاوتای نیە! ”

 

٢٢- گیلگامێش ھاتە دوان و

٢٣- بە شاژنی مەزن، ئیشتاری گوت:

٢٤- ” بیربکەوە، ئەگەر من تۆم بە ھاوسەر پەسەند کردبا!

٢٥- ئەوا من دەمتوانی ڕۆنی بەدەن و، جلوبەرگم بداباییێ،

٢٦- ئەوا من دەمتوانی خۆراک و بژیویم بداباییێ .

٢٧- بەڵام ئایا تۆ نانێکت دەدامێ، کە شایستەی خودایان بێت ؟

٢٨- ئایا تۆ شەرابی شاھانەت دەدامێ؟

٢٩- (…)

٣٠-(…) خزینە خوار (…)

٣١-(…) کەرەستە

 

٣٢- کێ دەخوازێ لەگەڵ تۆ زەماوەند بکات؟

٣٣- تۆ(…)ی سەھۆل

٣٤- پشتە دەریەک، کە باو ڕەشەبا ناگێڕێتەوە،

٣٥- کۆشکێک، کە سەربازەکانی خۆی لەناو دەبات.

٣٦- فیلێک، کە خۆی لەبن کەژاوەی سوارەکەی دەردێنێ،

٣٧- قیڕێک، کە ھەڵگرەکەی پیس دەکات.

٣٨- کوندەیەک، کە دەستی ھەڵگرەکەی زامدار دەکات،

٣٩- بەردی بناغەیەک، کە دیوارەکەی دەڕوخێنێت،

٤٠- دیوار شکێنێک، کە وڵاتی خۆی وێران دەکات،

٤١- پێڵاوێک، کە پێی خاوەنەکەی دەڕوشێنێت،

٤٢- کامە لە دەسگیرانەکانت، بۆ ھەمیشە تۆی خۆشویست؟

٤٣- کامە لەیارەکانت، بۆ ئاسمان سەرکەوتن؟

٤٤- وەرە، ڕێبدە تا باسی یارەکانت بۆ بکەم!

٤٥- ئەوەی کە شانەکانی (…) دەستان.

٤٦- ھەرچی دموزیشە، خۆشەویستەکەی سەردەمی لاویت،

٤٧- تۆ بڕیارت دا، تا ئەو، ساڵ لەدوای ساڵ ھەر بگریێت.

٤٨- تۆ باڵندە ڕەنگینەکە، ئەللاللوت خۆشویست،

٤٩- کەچی ھەرخۆت لێتدا و باڵی ویت شکاند.

٥٠- ئێستا ئەو لەناو دارستان ماوەتەوە و، ھەر ھاوار دەکات (باڵەکەم! )

٥١- تۆ شێرەکەت خۆشویست، ئەوەی ھێز و توانای بێخەوش بوو،

٥٢- کەچی تۆ حەوت جاران، حەوت چاڵت بۆی ھەڵکەند.

٥٣- تۆ بارگینەکەت خۆشویست، کە بە جەنگکردن ڕاھاتبو،

٥٤- بەڵام تۆ ڕم و قامچیت دایێ،

٥٥- تۆ واتکرد تا حەوت جووتکاتژمێر ڕابکات،

٥٦- تۆ واتکرد تا، لەو ئاوە بخواتەوە کە خۆت پیست کردبوو،

٥٧- تۆ واتکرد تا سیلیلی دایکی بۆ ھەمیشە بگریێت .

 

تێبینی(1): وشه‌ی ناو که‌وانه‌کان، دوای تێپه‌ڕینی 3000 ساڵ به‌سه‌ر نوسرانی داستانه‌که‌، داڕوشاون و نه‌خوێندرانه‌وه‌.

تێبینی (2): به‌للۆره‌ هونه‌رێکی گۆرانی پێک هه‌ڵگوتنه‌ له‌ نێوان کوڕان و کچان، که‌ زۆر جار له‌ دژی یه‌کدی قسه‌ ده‌که‌ن، یان هه‌ر یه‌که‌ و به‌ شان و باڵی خۆی هه‌ڵده‌دا. به‌للۆره‌ له‌ ده‌شتی هه‌ولێر، به‌ڕانه‌تی و شوێنی دیش باوه‌

تێبینی ٥٨ – ئولایە، Ulaia . توێژەرەوانی داستانی گیلگامێش، لەسەر ئەمە ڕێککەوتوون کە مەبەست لە ڕووباری ئولایە، دەبێ ڕووباری کارۆن بێت، کە ئەو کات کەوتبووە باشووری وڵاتی ئیلام. سنوری درەنگتری نێوان دەوڵەتی ئێران و عوسمانی، (کە دواتر بوو بە سنوری نێوان ئێران و ئێراق). زۆر لە توێژەرەوەکانی چەواشە کردووە و ئیلامیان لە میزۆپۆتامیا دابڕیوە، سەرەڕای ئەوەش کە ھەمیشە ئەوان لە جەرگەی ڕووداوەکانی میزۆپۆتامیادا بوون. ئەوەی لە ڕووی فۆنەتیک و گۆکردنەوە سەرنجی منی ڕاکێشاوە، لێکنزیکی ناوی(ئولایە)یە لەگەڵ ناوی(حەلوان یان ئەلوان). بە ھەمان شێوەش، ئولایەی پیرۆز، لە ناوی ڕووباری(ئەلوەن) دەچێت کە بە شاری خانەقیندا گوزەر دەکات. ھەر بۆیەشە من بەلامەوە پەسەند ترە، کە مەبەست ھەمان ڕووباری ئەلوەند بووبێت. ڕەنگە ناوی حەلوانیش ھەر بۆ سەر ھەمان وشە بگەڕێتەوە.

تێبینی: وەک دەبینیت ھەندێک ژمارەی دێرەکان پەڕێندراون. ھەنێک وشەش خاڵبەنیان بۆ داندراوە. من دەقەکەم ڕێک وەک خۆی کردۆتە کوردی. شوێنە نادیارەکان، لەسەر تابڵۆ قوڕیەکاندا سڕاونەتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …