Home / مێژووى جیهان / کۆتایی سەدام لەزاری پارێزەرەکەیەوە

کۆتایی سەدام لەزاری پارێزەرەکەیەوە

کۆتایی سەدام لەزاری پارێزەرەکەیەوە

1459853023936

لەعەرەبییەوە: لاوک ئەمجەد

“من هاوڕێی سەدام نیم” ئەمە وتەی بوشرا خەلیل، ژنە پارێزەری سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوتری عێراقە، کە لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە چەندین نهێنی دەکات لەبارەی چۆنێتی دەستگیرکردنی سەدام و دەشڵێت: نامەبەری نێوان سەدام و عیزەت دوری بوم.
بوشرا خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی عوکازی سعودی باس لەچەندین نهێنی ساتەوەختی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی سەدام حوسێن دەکات و دەشڵێت: نامەبەری نێوان سەدام و عیزەت دوری بوم.

-چیرۆکی راستەقینەی دەستگیرکردنی سەدام حسێن چیە؟
بوشرا: لەراستیدا ئەم پرسیارە زۆر گرنگ و جەوهەرییە، ئەوە تاکە پرسیارە کەمن لێم نەکردوە، چونکە ئەو راستگۆبو لەگەڵمان، ئەگەر بیویستایە راستی نەڵێت، ئەوا خۆی لە وەڵامەکە لادەدا.
بەڵام دواتر پرسیارم لەوانە کرد کە لەگەڵیدا بون، بەتایبەت یەکێک لەو چوار کەسەی لەو قۆناغەدا لەگەڵیدا بو، وتی: سەدام چەندین بارەگای ئامادەکردبو بۆ خۆشاردنەوە و گواستنەوە کە سەرجەمیان لەرێگەی تونێلەوە بەستراونەتەوە، کاتێک لەرێگەی تونێلەوە چوینە نێو ئەو ژورەوە، ئەمەریکییەکان وێنەیان دەگرت و دواتر لەو چاڵەدا دەستگیریان کرد، سەدام ئەزمونی هەیە لە رۆشتن و راکردن، هەر لە سەردەمی عەبدول کەریم قاسمەوە، هەروەها ئەمەریکییەکان لەکاتی نوێژی شێواندا گەمارۆی ئەو کێڵگەیەیاندا کە سەدامی تێدابو، چونکە پێشتر چاودێری ئەو شوێنەیان کردبو و دەیانزانی کە لەوکاتەدا سەدام سەرقاڵی نوێژ کردن دەبێت، هەربۆیە لەکاتی نوێژکردندا بۆمبێکی غازی ئەعسابیان هەڵدا و سەرجەم ئەوانەی لە کێڵگەکەدابون، توانای جوڵە و راکردنیان نەما و دەستگیرکران، ئێستا دڵنیاتان دەکەمەوە، کە سەدام لەنێو ئەو چاڵەدا نەگیرا، بەڵكو ئەمەریکییەکان بردیانە نێو چاڵەکەو لەوێ وێنەیان گرت تاوەکو وای نیشان بدەن لەو چاڵەدا گیراوە.

– پێت وایە ناپاکی سەدام حسێنی خست؟
بوشرا: ناتوانین بڵێین ناپاکی سەدامی خست، راستی چیرۆکەکە ئەوەبو کە سەدام بازنەیەکی ئەمنی هەبو لە چوار کەس پێکهاتبون، کە بۆ هەرشوێنێک بڕۆشتایە یاوەرییان دەکرد، هەروەها متمانەیەکی کوێرانەی پێیان هەبو، سێ کەسیان گیرا و دانەیەک لەگەڵیدا مایەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆسەر کێڵگەی یەکێک لە شێخەکانی رومادی دەستپێکرد بەناوی موسا خەربیت، بەراستیش سەدام لەو کێڵگەیەدابو، بەڵام بەرنەکەوت، ئەو ئەفسەرە کە خەڵکی شاری هیتە لەگەڵ سەدام مایەوە، هەربۆیە بونی کەسێک لەروی ئەمنییەوە باشە، هەروەها ئەو ئەفسەرە ماوەی هەشت مانگ بو خێزانەکەی نەبینیبو، بۆیە داوای مۆڵەتی لە سەدام کرد کە سەردانی خێزانەکەی بکات، پلانی ئەمنی دانا بۆ ئەوەی لەروی شوێن و کاتەوە خێزانەکەی ببینێت، بەڵام هێزەکانی مارێنز چاودێری خێزانی ئەو ئەفسەرەیان دەکرد و دوای ئەوەی ئەفسەرەکە سەردانی خێزانەکەی کرد، ئەمەریکییەکان دەستگیریان کرد و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر بەبەرچاوی خێزانەکەیەوە، ناچاریانکرد شوێنی سەدامیان پێ بڵێت.

-قسەت لەگەڵ ئەو یاوەرەدا کرد، بەوپێیەی تۆ پارێزەرەی سەدام حسێن بویت؟
بوشرا: نەخێر چاوم پێ نەکەوت، دواتر زانیم کە لە ئەمەریکایە و لەژێر ئەمنییەتی دەزگای هەواڵگریدایە، بەڵام ئەوەی دەیزانم و دڵنیام، ئەو کەسە لەپێناو خەڵاتە داراییەکە شوێنی سەدامی ئاشکرا نەکردوە، بەڵکو بەهۆی ئەوە بوە کە ئەشکەنجەی زۆری دراوە.

-واتە تۆ دڵنیایت لەوەی خیانەت نەکراوە؟
بوشرا: بەڵێ دڵنیام، چونکە ئەمەریکییەکان فیلمێکی هۆڵیودییان لەسەر ئەو چیرۆکە دروست کردوە، وەک چۆن لە یۆگسلاڤیا و ڤێتنام و چەندین دۆسییەی تر لە جیهاندا کردویانە، دەیانویست وێنەی سەدام حوسێن ناشرین بکەن لە عێراق، چونکە دەیانزانی بەهێزە، پێش گرتنی سەدام، چەندین سەرکردەی عێراقی دەستگیرکران، لەوانە تەها یاسین رەمەزان، جێگری سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری و وەزیری راگەیاندن، دواتر سەرجەم هەمو ئەمانە پشتیوانیان بۆ سەدام دوپات کردەوە، بۆیە ئەمەریکییەکان بڕیاریاندا وێنەی سەدام لەو فیلمە هۆڵیودییەدا بشێوێنن، بەوە ناوبراو لە چاڵێکدا دەستگیرکراوە و دواتر ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆی، بەڵام بەوەش ئامانجەکانیان بەدی نەهات، تەها یاسین رەمەزان لە زیندانەکەیدا نامەیەکی دامێ لەبارەی ئەو ئەشکەنجەدانییەوە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە و جگە لەوەش پێشنیاری پۆستی سەرۆک کۆماریان بۆ کردوە لەبەرامبەر شێواندنی وێنەی سەدام، بەڵام رەتیکردوەتەوە.

-پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت، سەدام چۆن هاتوچۆی دەکرد؟
بوشرا: قسەم لەگەڵ یەکێک لە یاوەرە تایبەتەکانی کرد لەو قۆناغەدا و ئەو پرسیارەم لێکرد، لە وەڵامدا پێی وتم: سەدام لەو ماوەیەدا بە جلی عەرەبییەوە دەگەڕا، ڕیشی بەردابویەوە، لەراستیدا روخساری بچوکتربو وەک لەوەی دەرکەوت، ئەوەش وای دەکرد بەئاسانی هاتوچۆ بکات، هەروەها بەهۆی ماندوبون و رۆشتنی بەردەوامەوە جەستەی شەکەت ببو.

-کەی سەدامت ناسی؟
بوشرا: یەکەمجار کە بینیم لە دادگا بو.

-ئەی راستی ئەو دەنگۆیانە چیە کە باسیان لە پەیوەندی تۆ و سەدام دەکرد؟
بوشرا: “بەپێکەنینەوە” پەیوەندی؟ عەرەب خەیاڵی فراوانە و ئەوەش شتێکی دیارە، ژیاننامەی عەنتەرە بخوێنەرەوە، دەزانیت خەیاڵ چیە و قەبارەکەی چەندێکە.

-باشە چۆن بڕیارت دا بەرگری لە سەدام بکەیت؟
من لە دەرەوە بوم، کاتێک هاتمەوە ماڵەوە و سەیری تەلەفزیۆنم کرد، بێژەرەکە وتی “سەدام حسێن دەستگیرکرا”، توشی شۆک بوم، و نەمتوانی ئەو رۆژە نان بخۆم، عێراق لەسەر ئاستی سیاسی پێش گەمارۆکەی ئەمەریکا چەندین تێبینی لەسەر بو، بەڵام نەمتوانی بەرگەی دەستگیرکردنی سەرۆکێکی عەرەبی بگرم، لەو کاتەدا نامەیەکم بۆ کەناڵی جەزیرە نارد و بڕیارمدا بەرگری لێ بکەم، کەناڵی جەزیرەش نامەکەی چەندینجار بڵاوکردەوە، ئەوەش کاریگەری ئیجابی لەسەر شەقامی عەرەبی هەبو لەبەرامبەر کەیسی سەدامدا و ئەوەش ئەمەریکییەکانی توشی شۆک کرد.

-چۆن یەکەم دیدار دەگێڕیتەوە؟
بوشرا: کاریگەربوم بەوەی سەدام دەبینم، گەیشتینە ناوچەی سەوز کاتێک وابڕیاربو دادگاییەکە بەڕێوەبچێت، واش رێککەوتین پێش دادگاییەکە بیبینین، هەوڵیاندا رێککەوتنەکە رەتبکەنەوە، دواتر وتیان پاش کەمێکی دیکە دەیبینیت، دواتر چومە ژورێکەوە کە دو مێز و شەش کورسی تێدابو، ئەوەش ژمارەی ئێمەبو وەکو دەستی پارێزگاری، دو مێزەکە دورییەکەی نێوانیان زۆر بو، مێزی دوەم کورسییەکی لە نزیک بو ، دەیانویست بە دەنگی بەرز قسە بکەین بۆ ئەوەی گوێبیستی دەنگمان بن، بۆیە بە هاوڕێکانم گوت دەیانەوێت گوێیان لە دەنگی ئێمە بێت، بۆیە هەوڵمدا مێزەکە نزیک بکەمەوە، بەڵام لەوکاتەدا سەربازێکی مارێنز هاتە ژورەوە و مێزەکەی بردەوە شوێنی خۆی، بۆیە گومانم نەما لەوەی ئەوان دەیانەوێت گوێمان لێبگرن.
دوای کەمێک دەرگاکە کرایەوە و سەدام حسێن هاتە ژورەوە و دو سەربازیش لە پشتییەوە بون، ئەوەش من سەرسام بوم پێی ئەوەبو، کە پێشبینیم دەکرد کەسێکی ماندو و شکاو بێتە ژورەوە، بەڵام ئەو بە رێکی و پێکانی پێش جەستەی دەکەوتن، چومە پێشەوە و سڵاوم لێکرد و خۆمم پێ ناسان، پێی وتم: باش تۆ دەناسم.
دواتر دانیشتین و قسەمان کرد لەسەر کەیسەکە و دانای ستراتیژێک بۆ ئەوەی لە دادگاییەکەدا پشتی پێ ببەستین بۆ بەرگری.
بەڵام سەدام وتی: ئەم دادگاییە بۆیە دروستکراوە تاوەکو لە سێدارە بدرێم، بۆیە خۆتان ماندو مەکەن، دەمەوێت بزانم لە دەرەوە چی رودەدات.
دەیویست بزانێت هەواڵی عێراق چیە و چی لە رومادی و فەلوجە و دیالە و موسڵ و بەغدا رودەدات، منیش وتم ئەمە کەیسێکی یاسایی نیە، بەڵکو سیاسیە و دەبێت بەشێوەیەکی سیاسی و راگەیاندن کاری لەسەر بکەین، ئەویش پێکەنین روخساری گرت وەکو ئەوەی رازیبێت لەسەر ئەو قسانەی کە کردم.
دواتە دیداری دوەم هەبو لە دانیشتنی دوەمدا، وەکو جاران سەدام رەتیکردەوە قسە لەسەر دادگاییکردنەکەی بکات و خەمی ئەو تەنها ئەوەبو، بزانێت عێراق و عێراقییەکان چیان بەسەر هاتوە، هەروەها دەیویست لەرێگەی منەوە نامەیەک بۆ بەرگریکارانی عێراق و سەرکردەکان بنێرم، جارێک بە ئامادەبونی پارێزەرەکانی دیکە پێی گوتم:”پێم گوتون کە عێراقییەکان نایانەوێت بنکەی سەربازی بیانی لە وڵاتدا هەبێت”، دواتر تێگەیشتم دەیەوێت لەرێگەی منەوە ئەم نامایە بگەیەنێت بە عیزەت دوری، کاتێک لە گفتوگۆدابون بۆ دانانی بنکەی سەربازی لەعێراق.
چەندین جاری دیکە لەرێگەی منەوە نامەی بۆ سەرکردەکانی بەرگری لە عێراق ناردوە.
لەیەکێک لە چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ سەدام پێم وت: خەڵکی عێراق کوڵاون، پێویستە پەیامێکیان ئاڕاستە بکەیت، بەڵام پێ کەنی بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت.
دواتر لە دانیشتنی ئاشکرای یەکەمدا سەدام دوای لە دادوەر کرد کە قسە بکات، دادوەریش رێگەی پێدا، لەوێدا پەیامێکی ئاڕاستەی عێراقییەکان کرد، دادوەرەکە نەیتوانی بێ دەنگی بکات، هەربۆیە لەرێگەی سەربازێکی ئەمەریکییەوە نامەیەکی پێ گەیشت و دادوەرەکە رایگەیاند: دانیشتنەکە دەبێت نهێنی بێت، بۆیە پەخشی دانیشتنەکەیان راگرت.
بەڵام سەدام زۆربەی قسەکانی کردبو، دواتر بەپێ کەنینەوە سەیرێکی کردم و زانیم کە بیر لەوە دەکاتەوە کە من بیری لێ دەکەمەوە.

بڕوای هەبو بەوەی دەگەڕێتەوە بۆ حوکمی عێراق
لەبارەی لەسێدارەدانی سەدامەوە خەلیل وتی: ئەمەریکییەکان سەرکەوتوبن لە خستنی سەدام. لەدواین وادەی دادگاییەکەدا تێبینی ئەوەم کرد کە سەدام بڕوای وایە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات، تەنانەت بەیاننامەی یەکەمی بۆ گەڕانەوە ئامادەکردبو، ئەوەشی کە بینیم و بیستم، ئەمەریکییەکان قسەیان لەگەڵ سەدام دەکرد بۆ ئەوەی کات بەدەست بهێنن و رێگری بکەن لەبڵاوبونەوەی سەرجەم ئەو وەرەقانە و سەردانەکانی رامسفێڵد، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ عێراق.
هەروەها دەیانویست کات بڕوات بۆ جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی سەدام و سەدامیش لە زۆر بابەت بێدەنگ بو.
بەڵام ئەوکاتەی لە ئوردن بوم لەگەڵ رەغدی کچی سەدام و سەیری هەواڵەکانم دەکرد، داوام کرد بچمە عێراق و سەدام ببینم، بەڵام رەتیانکردەوە، دواتر رازیبون بەڵام وتیان دوای جەژن دەیبینیت.
دواتر بە رەغدم وت: سزای لەسێدارەدانەکە جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئەو وتی: دڵنیایم وەرگرتوە لەوەی سزای لەسێدارەدانەکە جێبەجێ ناکرێت، بەڵام پێم وتوە: ئەوەی من دەیبینم، ئەوەیە کە دڵنیام لەوەی سزاکە جێبەجێ دەکەن.
ئەو شەوە نەمتوانی بخەوم و ئەوەی لێی دەترسام رویدا، هەواڵی لە سێدارەدانی سەرۆک سەدام بڵاوکرایەوە، توشی توڕەیی و شۆک بوم لەلایەن یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە پەیوەندیم پێوەکرا، بەڵام وتم تا بەیانی بوەستن.
دوای ئەوەی سۆزی خەڵکی عێراق جوڵا و عەشایەرەکان ململانێیان دەکرد لەسەر ناشتنی سەدام، بەڵام دانیشتوانی گوندەکەی سەدام وتیان توانامان هەیە پارێزگاری لە گۆڕەکەی بکەین، رویدا ئەوەی رویدا.

ئەمەریکا بەڵێنی دا و دواتر بەڵێنەکەی شکان
بوشرا خەلیلی پارێزەر دەڵێت: یەکێک لە سەرۆکە عەرەبەکان لەکاروانی ئۆتۆمۆبێلەکانیدا بو، دواتر هەواڵی لەسێدارەدانی سەدامی پێ گەیشت، بۆیە فەرمانی کرد ئۆتۆمۆبێلەکان بوەستن و دواتر دابەزی و فەرمانی کرد کەس دوای نەکەوێت، چەند سەد مەترێک لە کاروانی ئۆتۆمۆبێلەکان دورکەوتەوە و دواتر گەڕایەوە، سەرجەم ئەوانەی لەوێدابون هەستیان بە توڕەیی ئەو سەرۆکە کرد.
ناوبراو دەشڵێت: ئەو روداوە لە چەندین سەرچاوەوە گوێبیستی بوم، چونکە ئەمەریکا بەڵێنی بە زیاد لە سەرکردەیەکی عەرەب دابو، کە سزای لە سێدارەدانەکە جێبەجێ ناکەن، بەڵام سەرجەم ئەو بەڵێنانە شکێندران.

سەرچاوە: رۆژنامەی عوکاز

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …