Home / هاوپۆلنه‌كراو / پێگەی ئافرەت لە شارستانیەتی یۆنانی کۆندا

پێگەی ئافرەت لە شارستانیەتی یۆنانی کۆندا

ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح

هەروەک لای هەموومان زانراوە کە کۆمەڵگای یۆنانی کاریگەری بەسەر بیرکردنەوەکانی تەواوی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی هەبووە، بەهۆی فەلسەفەو فەیلەسوفان، بەشێک لە فەیلەسوفە یۆنانیە کۆنەکان پشکی گەورەیان هەیە لەبەرهەمهێنانی تێکست دژی ئازادیی و مافەکانی ژنان، ئەمەش بەڕوونی لە بۆچوونەکانیان دەردەکەوێ، بەڵام دوو بەشی کۆمەڵگا بەتەواوی چەوسێنراونەتەوەو هیچ ماف و ئازادیەکیان نەبووە جگە لە خزمەتکردن، ئەوانیش ژنەکان و کۆیلەکان بوون.
لەکۆمەڵگای یۆنانیدا تەنها پیاوی یۆنانی مافی هاوڵاتی هەبووە، ئافرەت هیچ ڕۆڵێکی لە بونیاتنانی شارستانیەت و بناغەی کۆمەڵدا نەبووە، ژنان خزمەتکارو بەخێوکەری منداڵ بوون، وەکو کەلوپەلێکی ناوماڵ لەناو چواردیواردا دەژیا، بەجۆێک کە ژنان وەکو وەسیلەی تێرکردنی ئارەزووە سێکسیەکانی پیاویش سەیرنەکراون بەڵو تەنها سێکسی ژنانیان بۆ منداڵبوون ویستووە، ئەوەی کەبرەوی هەبووە هاوڕگەزبازی بووە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت لەکۆمەڵگای یۆنانیدا بەرهەمهێنانی تێکستی فەلسەفی و گەڕان بەشوێن ناسینی سروشت و هتد… هیچی بەژنان نەبەخشیوە، جگە لەکۆیلەکردن و ملکەچ پێکردن بۆ دەسەڵاتی پیاو، ژنان بۆیان نەبوو بەژداری بکەن لە کاروباری سیای و کۆمەڵایەتی و تەنانەت مافی دەنگدانیشیان نەبوو.
کۆیلەکردنی ژنان لەدەسەڵاتی پیاو تێپەڕدەکات و دەبەسترێتەوە بەخواوەندەکانەوە بەوەی کە فەرمانی خواوەندەکانە ژنان کۆیەلەی پیاوبن، زەینەفۆن دەڵێت: ئەوە بڕیاری خواوەندەکانە و یاساکانی مرۆڤیش جێبەجێیان کردووە، واباشترە بۆ ژنان لەنێو ماڵەکانی خۆیاندابن لەوەی بێنە دەرەوە، بەڵام پێچەوانەکەی بۆ پیاوان باشترە، ئەگەر پیاوێک شتێک بکات پێچەوانەی خواوەندەکان بێت ئەوا سزای دەدەن و هەرگیزلێی خۆشنابن. ئەفلاتونیش پێی وایە دەبێت ژنی لەش و لار ڕێک و بێ پەڵە بۆ پیاوی ساغ و تەندروست باش بێت، بەڵام لەکۆتاییدا ژن وەسوەسەی شەیتانەو دوورە لەڕەحمەتی خودا.
لەکۆمەڵگای یۆناندا باوک بۆی هەبوو ئەندامەکانی خێزانەکەی بکاتە قوربانی یاخود بیان فرۆشێ بۆ دانەوەی قەرزەکانی، ژنان کاروبارەکنیان لەچوارچێوەی ماڵەکانیان و بەخێوکردنی منداڵان بووە، لەکاتی هاتنە دەرەوەشدا دەبوایە حیجاب بکەن، بۆ ئەوەی بناسرێن کە ئافرەتی یۆنانیەو موڵکی تایبەتەو خاوەنی خۆی هەیەو جیابکرێنەوە لە کەنیزەک و ئافرەتی بێگانە، پۆشینی ئەم حیجابە بەزۆر لەلایەن پیاوەکانەوە بەسەر ژنەکان سەپێنراوە، تاوەکوخیانەتی هاوسەری بنەبڕبکەن، ئەمەش لەکاتێکدابوو کەپیاوان خۆیان خیانەتی هاوسەریان دەکرد و بەناپاکی هاوسەری سەیر نەدەکرا، هاوسەر تەنها بۆ خستنەوەی منداڵی شەرعی بوو نەوەک ژیان،  ژنانیش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتیان نەبوو دەبوایە ڕازیبن، ئەگەر ئافرەتەکەش خیانەتی بکردایە بەتودترین شێوە سزادەدرا،  هەروەک فیسا گورسی دەڵێت: پێوسیتە لەسەر ئافرەت بەرگەی ناخۆشیەکانی پیاو بگرێت، جا لەگەڵ ئافرەتانی تربێت یاخود مەشڕوب خۆربێت هتد.. بەڵام بۆ ئافرەتان قەدەغەیەو دەبێت چاوەڕوانی سزابکەن.
ژنان بەبێ ویستی خۆیان فرەمێردیان هەبوە، پیاو ژنەکەی پێشکەشی پیاوێکی دیکە کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵی جوتبێت بۆ منداڵ،  هەروەک گوتاربێژە بەناوبانگەکەیان (دیموستین) دەڵێت: ئێمە ئافرەتە لەشفرۆشەکانمان بۆ چێژوەرگرتن دەوێ و بۆباری تەندروستیشمان ئافرەتە دۆستەکانمان دەوێ، هاوسەرەکانیشمان بۆ وەچە خستنەوە دەوێ. دیاردەی لەشفرۆشی و هاوڕگەزبازی و بونی کەنیزەک و ئافرەتی بێگانە هۆکارێک بوون بۆئەوەی پیاوەکان ئارەزوەکانیان تێربکەن، بەڵام ژنان دەبوایە پشت بە یەک پیاوببەستن.
بۆ هاوسەرگیری یۆنانیەکان تەنها پیاویان دیاری دەکرد و هیچ کچێک نەبوو بەخواستی خۆی هاوسەری دیاری بکات، ژنان دوای مردنی مێردەکانیشیان ئازاد نەدەبون و دەگەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی باوکیان و بەخواستی ئەوان هاوسەری داهاتویان هەڵدەبژاردەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژنان بۆیان نەبوە لەدیاریکردنی چارەنوسی خۆشیان بڕیاربدەن، چونکە ژنان هەرزانترین کاڵابونە پیاوان بۆیان هەبوو کچەکانیان یاخود خوشکەکانیان ببەخشنە پیاوان بۆئەوەی لەگەڵیان ڕابوێرن، زۆر جار پیاو ژنەکەی وەکو ڕێزێک پێشکەشی میوانەکەی دەکرد، یاخود ژنەکەی دەخستە کارەوەو پارەی پێ پەیدادەکرد، پیاو دەیتوانی ژنەکەی ببیاتە لای پیاوێکی کەشخە و بەناوبانگ تاوەکو منداڵی لێ هەبێت و وەکو ئەو بەشان و شەوکەت بێت، بەڵام ئەم کارە بەشورەیی و نەنگی دادەنرا.

بەپێی سیستەمی یۆنانیەکان ژنان مافی بردنی میراتیان نیەو تەنها پیاوان بۆیان هەیە میرات ببەن، ئەگەر پیاوێک کوڕی نەبایەو کچی هەبا بۆئەوەی میراتەکەی نەکەوێتە دەست کچەکانی ئەوا بەئارەزوی خۆی پیاوێکی دیاری دەکرد و میراتەکەی پێ دەدا، هەروەک ئەفلاتونیش ئاماژەی پێکردوە. کچ گەر تەنها بۆخۆی بوایە لەم حاڵەتەدا میراتی وەردەگرت  بەمەرجێک شوو بەخزمێکی خۆی بکات، بۆئەوەی میراتی بنەماڵکەی خۆی لەکیس نەچێت، دوای مردنی مێردەکەشی هیچ  بەشە میراتێکی بۆ بەجێ نەدەما. ئەگەر پیاوێک مرد ئەوا ژنەکەی دەبێت منداڵەکانی بەخێوبکات، تەنها لەیەک حاڵەدتدا نەبێت ئەگەر ژنەکە تەمەنی کەم بوو توانای سەرپەرشتیکردنی نەبوو.
سەبارەت بە مەسەلەی خۆشەویستی و سۆزداریشیەوە تێڕوانینێکی نەفیان بەرامبەر ژنان هەبوە، چونکەن ژنهێنان لە یۆنانی کۆندا زیاتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بوو، کەمتر لەسەر بنەمای خۆشەویستی بوو، خۆشەویستی ئەوان لەنێوان نێرو مێ دا نەبووە، بەڵکو خۆشەویستی بووە لەنێوان نێرو نێردا، هەروەک لە تێکست و دیالۆگەکانیاندا دەردەکەوێ. هەرچی بەمەسەلەی ژنخوازیشە پیاو لەگەڵ کەسێکی خوار تەمەنی خۆی هاوسەرگیری دەکرد، نیشان کردن خاڵێکی گرینگ بوو لەمەسەلەی هاوسەرگیریدا، مارەیی دادەنرا بۆئافرەت، لەکاتی تەڵاقدان مارەییەکە بۆ پیاو دەگەڕایەوە، لەنێوان دەستنیشان کردن و گواستنەوەدا چەند مەراسیمێکی ئاینی ئەنجام دەدرا.
لەزستاندا مانگی گاملیون (مانگی هاوسەرگیری) لەهەموو وەرزەکان باشتربوو بۆ هاوسەرگیری، لەڕۆژی چوارەم دوای دەرکەوتنی مانگ لەشەوی بدر بەموژدەی خێریان دادەنا بۆ هاوسەرگیری، ئەم هاوسەرگیریەش لەدەوڵەتە شارێکەوە بۆ دەوڵەتە شارێکی دیکە جیاوازبوو.
لەئەسینا بوک و زاوا لەڕۆژی هاوسەرگیریدا خۆیان دەشوشت، جوانکاریان بۆ خۆڕازاندنەوە بەکاردەهێنا، پاشان هەڵدەستان بۆپێشوازیکردن لەمیوانەکان لە ماڵی زاوا، پاشان قوربانیەکانیان سەردەبڕی و کێکیان دەخوارد کە لەکونجی دروست کرابوو، پاش کۆتایی هاتن بەمیوانداریەکە بوکیان بەڕێ دەکرد بۆماڵی هاوسەرەکەی.
پیاو دەیتوانی بەئارەزووی خۆی لەهەر کاتێکدابێت ژنەکەی تەڵاق بدات، بەڵام ئافرەتەکە بۆی نەبوو داوای تەڵاق بکات، ژنی نەزۆکیش تەڵاق دەرا، بەڵام پیاوی نەزۆک پەیوەندی بەخزمێکیەوە دکرد تاوەکو ژنەکەی دوگیان بکات، کچانی یۆنانی تەنها دەیانتوانی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڵاتی بکەن، نەیاندەتوانی لەگەڵ کۆیەلەو بیانی هاوسەرگیری بکەن، کاتێک کچەکە شوی دەکرد باوکی کچەکە کۆمەڵێک دیاری پێدەدا، باوکی کچەکە پارەیان دەدا ئەو کوڕەی هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەکیان بکردایە، بۆیەکچە هەژارەکان لە هاوسەرگیری دوادەکەوتن.
ئافرەتان بێبەش کرابوون لەخوێندن و مۆڵەتی خوێندن تەنها دەدرا بە نێرینە ئازادەکانی یۆنان، بەڵام هەموو جۆرە خوێندنێک بۆ ئافرەتان دەرگای داخرابوو، هەروەک ئەرستۆی گەورە فەیلەسوف و زانایان لە کتێبی ڕامیاری (السیاسیە) دەڵێ: سروشت هیچ ئامادەکاریەکی هۆش و بیری بەئافرەتان نەداوە تاوەکو شت فێرببێ، بۆیە تەنها پەروەردە بکرێن لەسەر کاروباری منداڵ و منداڵ لە ئامێزگرتن. ئەرستۆ دەڵێت: ژن پیاوێکی ناکامڵە، سروشت لە پەیژەی هەرەخوارەوەی دروستبووندا وازیلێهێناوە، ژن بۆ پیاو وەک بەندە وایە بۆ گەورەکەی، وەک بابای نامۆ وایە بۆ خەڵکی یۆنانی، پلەی پیاو هەردەم لەهی ژن بەرزترە. ژن لەدەرەوەی ماڵ نەیدەتوانی لەشانی پیاوەکەی بڕوات، بەڵکو دەبوایە چەند هەنگاوێک لەدواوەی پیاوەکەی بێت، لەبەشی پشتەوەی ماڵەوە بەشێکی بۆ تەرخان کرابوو، میوان نەیدەتوانی بچێتە شوێنی ژنان و ژنیش نەیدەتوانی لەو بەشەی ژنان بێتە دەرەوە، ئەم بەشەی ماڵیش پەنجەرەی لەسەر دیواری دەرەوە نەبوو.
کاتێک منداڵی کچ لەدایک دەبوو خوری لەدەرگای حەوشەکە دەبەسترا کەمانای ئەوەیە ئەوکەسەی لەدایک بووە کچەو کاری ڕستن و چنینە، ئەگەر کوڕیش لەدایک بووایە شیرینی وزەیتون لەدەرگا دەبەسترا و ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا. باوک لەخێزاندا دەسەڵاتی ڕەهای لەپەروەردەکردنی منداڵ هەبوو، باوک دەیتوانی منداڵەکانی بێبەش بکات تا مردن، لە سپارتە لەگەڵ لەدایک بوونی منداڵ  لەلایەن ئەنجومەنی ئەیفۆریەکان پشکنینی بۆدەکرا، ئەگەر لاوازو کەم ئەندام بوایە ڕێگەیان نەدەدا بژی یاخود دەیاندا بەکۆیلەکان، لەڕۆژی پێنجەم یاخود حەوتەم مەراسیمی شوشتنی پاککردنەوەی بۆدەکرا، لەڕۆژی دەیەم مەراسیمێکی گشتی بۆدەکراو ناوی بۆ دادەندرا، زۆرجار ناوی باو باپیرانی باوک یان دایکیان لێدەنا، لەدوای حەوت ساڵی منداڵەکە دەدرایە دەوڵەت و ئەرکی پەروەردەکردنی بەدەوڵەت دەسپێردرا.

سەرچاوەکان
١- نەهرۆ ئیسماعیل محمد، مێژووی کۆنی شارستانییەتی یۆنان و ڕۆمان – بەرگی یەکەم – یۆنان، چاپخانەی تەفسیر، ٢٠١٩.
٢- سەروەر کەریم – شادیە حەسەن، توندوتیژی دژی ژنان لەیۆنانی کۆنەوە تا بەئێستا دەگات، چاپخانەی تەوار، ٢٠٠٨.
٣- محمد عەبدولمەقسوود، ژن لەئاین و چاخە جیاوازەکان، و. حەیدەر عەبدوڵڵا، چاپخانەی حاجی قادری کۆیی، ٢٠١١.
٤- د. ابراهیم طاهر معروف الربانی، ئافرەت لەمێژوودا، چاپخانەی نارین، ٢٠٠٩.
٥- علی صالح میران، ئافرەت لەکۆمەڵگای ئیسلامدا، چاپخانەی تەفسیر، ٢٠١٩.
٦- احمد حسن حمد ئافرەت “پێش ئیسلام، لەئاینی ئیسلام، لەئێستای ڕۆژئاوا”،  چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٢.
٧- سورێن ئەکرەم، فێمێنیزم و جێندەرناسی، چاپخانەی کولتور، ٢٠٢٢.
٨- ماکوان کەریم، ناساندنی چەند لێڕەوارێک، چاپخانەی حاجی قادری کۆیی، ٢٠٢٢.

About دیدار عثمان

Check Also

میرێکی میرنشینی بابان: ناكۆكی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ وایکردوە تورك‌و ئێرانی‌ به‌سه‌رماندا زاڵ بن

ئا: بارام سوبحی كاربه‌ده‌ستێكی‌ ئینگلیز پێیوایه‌ كورد بێجگه‌ له‌قودره‌ت له‌هیچ شتێك ناگا، راشیده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر حكومه‌تێكی‌ …