Home / ناوداران / خەباتگێڕو نووسەری مەزنی كورد دوكتۆر نوورەدین زازا 1919-1988

خەباتگێڕو نووسەری مەزنی كورد دوكتۆر نوورەدین زازا 1919-1988

18644583_1425642930851149_738808580_n

زازا

ئا: كەریم شارەزا

نوورەدین زازای خەباتگێڕی كورد پەروەر‌و نووسەری لێهاتوو لە ڕۆژی 20ی ئەیلوولی 1919دا، لە شاری (مادەن)ی نێوان دیاربەكر(ئامەد)‌و (عەزیزیە)ی كوردستانی باكوور لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لە 1929دا تەواو كردووەو بۆ پایزی ئەو ساڵە چۆتە شاری دیاربەكرو خوێندنی ناوەندیی دەستپێكردووەو ئەو قۆناغەو قۆناغی ئامادەیی لەو شارە مەزنەی كوردستان تەواو كردووە، ئینجا لە ساڵی 1938دا چووەتە شاری (قامیشلوو) ی كوردستانی ڕۆژئاواو بە (جگەر خوێن)ی شاعیری نەتەوەیی‌و نیشتیمانپەروەری كورد گەیشتووە‌و بەیەكەوە خەباتی سیاسییان كردووە لەپێناوی ڕزگاری كوردستان لە داگیركەرانی.
لەمانگی تەمووزی 1944 دا هەوڵی داوە سنووری عێراق ببڕێ‌و پەیوەندیی بەسەركردەو ئەندامانی (حیزبی هیوا)وە بكات. بەڵام لەسەر سنوور پۆلیس گرتوویانەو ساڵێك لە بەندیخانەدا توندیان كردووە.
نورەدین زازایی تێكۆشەر بە دەربەدەری ژیان بەسەر دەبات‌و ڕوودەكاتە بەیرووت‌و لە زانكۆی فەڕەنسی وەردەگیرێ‌و لەبەشی زانستە سیاسییەكان دەخوێنێ‌و لەهەمان كاتیشدا دەبێتە لێپرسراوی بەشی كوردی لە ئێسگەی ڕادیۆیی بەیروت لەجێی كامەران بەدرخان.
لە ساڵی 1947دا بڕوانامەی لێسانس لەو زانكۆیەدا وەردەگرێ، ئینجا ڕوودەكاتە وڵاتی (سویسڕە) بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا‌و لە زانكۆی(لۆزان) دەخوێنێ‌و لە ساڵی 1956دا بڕوانامەی دوكتۆرا لە فەلسەفە وەردەگرێ‌و لەسەر خەباتی كوردایەتی خۆیشی بەردەم دەبێ‌و دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە سووریەو دەبێتە مامۆستای فەلسەفە لەزانكۆی دیمەشقدا.
ئەو زاتە زاناو تێكۆشەرە لەساڵی 1957دا لەگەڵ تێكۆشەری كورد ئۆسمان سەبری‌و ژمارەیەك لەهاوڵاتیانی كوردی سوریاو كوردستانی باكوور(حزبی دیموكراتی كورد) لەسووریە دادەمەزرێنن. بە هیوای بەدەست هێنانی مافی ڕۆشنبیری‌و ئیداری بۆ كوردی سووریە لەكوردستانی ڕۆژئاوادا.
حكوومەتی سووریە بەم هەڵوێٍستەیان زۆر سەغلەت دەبێ‌و (نووردەین زازاو ‌و ئۆسمانی سەبری، رەشید حەمۆ)ی سەركردەكانی حیزبەكە دەگرێ‌و لە 8/8/ 1960 حوكمی لەسێدارەدانی دەدات. بەڵام گەلێك نووسەرو ڕۆشنبیری كورد لەئەوڕوپاو لوبنان‌و كوردستانی عێراق یادداشت‌و داواكاریی پێشكەش بەحكومەتی جەمال عەبدولناسر دەكەن كە ئەو ساكە میسرو سووریە بوو بوونە یەك دەوڵەتی فیدڕاڵی‌و داوای بەردانیان دەكەن‌و لەئەنجامدا دوای ساڵێك بەندكردنی قورس لە ڕۆژی 8/8/ 1961 دا بەریان دەدەن.
جەنابی نووردەیین زازا دوای ئازاكردنی لە ساڵی 1963 دا سووریە بەجی دێڵێ‌و ڕوو دەكاتە شاری بەیروت‌و پەیوەندیی بە كەسایەتی ناودارو خاوەن ڕۆژنامەی وەكو(كەمال جونبلات)‌و (پیتر جومەیل) دەكات‌و دەبێتە نوێنەری غەیرە ڕەسمی بۆ شۆڕشی ئەیلوولی ڕزگاریخوازی كورد لە لوبنان.
دوكتۆر زازا لەسەر هەڵوێستی كوردایەتی لەساڵی 1966دا دەگیرێ‌و 7 مانگ لەبەندیخانەدا دەمێنێتەوەو لەدواییدا بۆ چیای درووز دوور دەخرێتەوە‌و لە نیسانی 1967دا دەگەڕێتەوە شام بەنهێنی ڕوودەكاتە كوردستانی باكورو، دوای ئەوەی كە هەست دەكات ئاووهەوایەكی نیمچە دیموكراتی لەوبەشەی كوردستان خوڵقاوە تا هاوینی 1970 لەلای (رەشۆ)ی برای دەمێنێتەوە، ئینجا ڕوو دەكاتەوە سوێسرەو لە شاری (لۆزان) نیشتەجێ دەبێ‌و لەو شارەدا كچە ڕۆژنامەنووسێكی سویسری دێنێ‌و كوڕێكی لێ دەبێ بەناوی (شەنگۆ ڤالێری).
دكتۆری زانامان لەو شارەی (لۆزان)دا دەبێتە مامۆستای زمانی فەڕەنسی لەزانكۆكەیدا تاكو لە ڕۆژی 7/10/1988 دا چاوی ژیانی پڕ خەبات‌و زانیاری لێك دەنێ‌و نەتەوەی كورد زانایەكی مەزن‌و نووسەرێكی لێهاتووو خەباتگێڕێكی بەجەرگی مەیدانی كوردایەتی لەدەست دەچێ.

بەرهەمەكانی دوكتۆر نووردەین زازا:
دوكتۆر نووردەین زازای زاناو نووسەری خامەڕەنگینی كورد گەلێك بەرهەمی ئەدەبی‌و ڕۆشنبیریی كوردی بەنرخی لەپاش بەجێماوەو كەمیان لێ چاپكراوە، تا ئێستا ئەوەی ئێمە زانێتمان ئەمانەی خوارەوەی داناوە:
1-داستانا مەمێ ئالان- شام- كەرم- لەساڵی 1956دا چاپكراوە.
2-شڤانێ كورد(ڕۆمان) دانانی عەرەبی شەمۆ- وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە بۆ كوردی لەلایەن نووردەین زازاوە.
3-دیوانێكی چاپكراوی شیعری خۆی بەناوی (شەرمێ ئازادی).
4-دوو كتێبیشی بە زمانی فەڕەنسی داناوە بە ناوی:
أ-ژیانم وەك كوردێك ب-كوردستان
جگە لەم بەرهەمانەیشی گەلێك ووتارو موحازەرەی لەبارەی كوردستان‌و كێشەی كوردەوە لەڕادیۆو تەلەفزیۆن‌و ڕۆژنامەكاندا بەكوردی‌و فەڕەنسی پێشكەش كردووەو بەجیهانی ناساندووە.
سەرچاوە:
1-الدكتور نورالدین زازا-جریدە الاتحاد –اربیل العدد (0) فی 24/ 10/ 1992. مقال مترجم بقلم حسن كوخی.
2-كەریم شارەزا – ناودارانی كورد- تۆماری ژمارە(15) (دەستنووس).

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …