Home / ناوداران / نیشتمانپەروەری ناسراوی كورد عەونی یوسف 1908-1988

نیشتمانپەروەری ناسراوی كورد عەونی یوسف 1908-1988

18644583_1425642930851149_738808580_n

عةونى

ئا: كەریم شارەزا

نیشتیمانپەروەرو پارێزەری یاسا ناس‌و وەزیری كورد مامۆستا عەونی یوسف لەساڵی 1908دا لەشاری هەولێری دێرین چاوی ژیانی هەڵێناوە. ئەم زاتە كوڕی یووسف ئەفەندی قازی هەولێر بووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەستی بە خوێندنی دەرسی ئایینی‌و زمانی عەرەبی كردووەو دوای فێربوونی بنچینەی خوێندنەوەو قورئانی پیرۆز، لەساڵی 1921دا چۆتە قوتابخانەی میری‌و قۆناغی سەرەتایی‌و ناوەندیی هەر لە هەولێر تەواو كردووەو خوێندنی ئامادەیشی لە قوتابخانەی دواناوەندیی مەركەزی بەغدا لە ساڵی 1934 دا تەواوكردووەو لە كۆلیجی حقوق وەرگیراوەو لەساڵی 1939 دا خوێندنی تەواو كردووەو بووەتە پارێزەرێكی یاسا ناس.

مامۆستا عەونی یووسف لە (ساڵی 1940)ەوە تێكەڵ بە بزووتنەوەی كوردایەتی بووەو بووەتە ئەندامێكی چاڵاكی (حیزبی هیوا)ی كورد‌و لەسەر هەڵوێستی سیاسی بەفەرمانی مستەفا یەعقووبی موتەسەریفی هەولێر گیراوەو ڕەوانەی بەغدا كراوەو لە بەندیخانەی مەركەزیی توند كراوە. لە بەندیخانەدا كوردە كاربەدەستەكان سەردانیان كردووەو هەوڵی بەردانیان بۆ داوەو جارێ هەر لە گرتووخانە دەبێت، دەكرێت بە دادوەرو لەشاری زاخۆ دادەمەزرێت‌و لەو قەزایەش لەسەر چاڵاكی سیاسی‌و كوردایەتی دەگوێزرێتەوە بۆ مووسڵ‌و دوای شەش مانگ دەنێردرێ بۆ بەسرا‌و لەكاتی تێپەڕبوونی بە شاری هەولێردا تاكو بچێ بۆ (بەسرا) بەفەرمانی مستەفا یەعقووبی موتەسەریف دەگێرێ‌و 3ساڵ لە بەندیخانەدا دەمێنێتەوە تاكو لە ساڵی 1946 دا بەر دەبێت. ئینجا دەگەڕێتەوە هەولێر‌و خەریكی پیشەی پارێزەری دەبێت‌و بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی خەباتی كوردایەتی خۆی.

لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕۆژی 16/8/ 1946دا وەك ئەندامێكی دیاری ئەو حزبەو ئەندامی كۆنگرەی یەكەمی ئامادە دەبێت‌و لە كۆتایی دانیشتنەكانی كۆنگرەكەدا مامۆستا عەونی تێكۆشەر بەئەندامی یەكەمین لێژنەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبدەبژێردرێ.

مامۆستا عەونی یووسف لە ئەنجامی خەباتی بێ وچانی كوردایەتی وەك سەركردەیەكی پارتی تووشی گەلێك كێشەو ئەشكەنجەدان بووەو خۆشی لە خۆی نەدیوە تاكو لە دوای شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958ی میللەتی عێراق بەكوردو عەرەبییەوە ئینجا كراوە بەسەرۆكی دادگای كەركووك‌و لە 13/7/1959 شدا بەناوی بزووتنەوەی نیشتیمانیی كورد كراوە بە وەزیری ئەشغال لە حكوومەتەكەی زەعیم عەبدولكەریم قاسم تاكو ساڵی 1960، ئینجا دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و كەوتووەتەوە سەر پیشەی پارێزەری لە دادگایی شاری هەولێر.

لەدوای كوودەتا شوومەكەی 8ی شوباتی 1963ی حیزبی بەعسی فاشی، مامۆستا عەونی خۆی گەیاندۆتە رێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان‌و بە فەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە بە دادوەری شۆڕشی ئەیلوول‌و لە ساڵی 1964دا گەڕاوەتەوە هەولێر‌و لەم شارەو لەشاری بەغدای پایتەخت‌و شارەكانی تر خەریكی كاری پارێزەری بووەو تۆسقاڵێك لە ڕێبازی كوردایەتی لانەداوە تاكو لە ڕۆژی 15/7/1988 دا لە تەمەنی 80 ساڵیدا لەشاری بەغداو لە نەخۆشخانەی (ئبین ئەلبەیتار) كۆچی دوایی كردووە‌و تەرمەكەی دەهێنرێتەوە هەولێر‌و بەڕێزێكی دڵسۆزی كورد‌و كوردایەتی تا هەتایە دەپێچرێتەوە‌و ناوو خزمەتگوزارییەكانی ئەم نیشتمیانپەروەرەوە لەناو ویژدانی كوردا بە نەمریی دەمێننەوە.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …