به‌هار و هاوینی ساڵی خوێندنی (١٩٥٤-١٩٥٥)، له‌گه‌ڵ هاوڕێی دێرینم كاك مسته‌فا قه‌ره‌داغی كه تازه له ئه‌مریكا هاتبوه‌وه، پێكه‌وه له ژوورێك ده‌ژیاین له ئوتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكه حه‌مه. له‌و ئوتێلهشدا حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك كرێكار كاری ده‌كرد. منیش ئه‌وسا وەک لاوێكی چه‌پی خۆ بهماركسیست زان عه‌وداڵی هوشیاركردنه‌وه و ڕێكخستنی ڕه‌نجده‌ران و كرێكاران بووم. بۆیه دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ په‌یداكرد. كه زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشه ئیتر ترسم لێی ڕه‌وییه‌وه كه سیخوڕی عێراق بێت. بۆیه زووتر له‌گه‌ڵیا چوومه ناو باسه‌كانه‌وه و له‌ڕێی كوردایه‌تییه‌وه ڕامكێشا به‌لای خۆماندا. تا وای لێهات ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی نهێنی، چی هی خۆمان و چی هی حیزبه‌كانی تر، لای ئه‌وم داده‌نا و ئه‌ویش له ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئوتێله‌كه، له سه‌ربانه‌كه، كه زۆرتر نوێنی تێدا هه‌ڵده‌گیرا، بۆی ده‌شاردمه‌وه.
شەوانەش ناوبه‌ناو كه ئیشی كه‌م ده‌بوو ده‌هاته لام لە ژووره‌كه‌م. تا ڕۆژێكیان به‌سه‌ریدا چووم كه گۆرانی (كیژان ده‌چنه مێرگوڵان)ی ده‌گوت. منیش تاوێك هه‌ستم لێ ڕاگرت و گوێم لێ گرت و زۆرم به‌لاوه خۆش بوو. ئیتر پیرۆزباییم لێ‌كرد و ته‌شویقم كرد. شه‌ویش کە هاته ژووره‌كه‌مان داوام لێ كرد گۆرانییه‌كه‌م بۆ بڵێته‌وه. به‌ڕاستی زۆرم به‌لاوه خۆش بوو. ئه‌ویش هه‌ندێ گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین كه له‌ناویاندا (ده‌سماڵ هه‌ریری سووره)شم زۆر به‌لاوه خۆش‌بوو.
ئیتر له‌گه‌ڵ کاک حه‌سه‌ن زیره‌كی هه‌ڤاڵ و ده‌نگخۆشدا تا ده‌هات به‌ینمان خۆشتر ده‌بوو. ئه‌ویش شه‌وان دره‌نگ كه كاره‌كانی له‌سه‌ر سووك ده‌بوون، ده‌هاته لام له ژووره‌كه‌مان و گۆرانی خۆشی بۆ ده‌گوتین. پاش ماوه‌یه‌ك دیتم ده‌نگی خۆشه و بەتایبەتی شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌یه له گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا. بۆیه كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌یاندنی ئه‌و دهنگهیم به ڕادیۆ كه‌وته‌سه‌ر. بۆیه هه‌ڵسام چوومه لای كاك (عارفی تاڵه‌بانی) خزممان، كه ئه‌وسا (مفتش اداری) بوو له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعه‌ی كوردی به‌غدا بوو. له‌لای كاكە عارف باسی حه‌سه‌ن زیره‌ك و گۆرانییه‌كانیم بۆكرد، ئه‌ویش به‌لایه‌وه باش بوو كه بیبه‌ینه ئیزاعه‌ی كوردی به‌غدا. هه‌ربۆیه‌ش له‌به‌رچاوی خۆم قسه‌ی له‌گه‌ڵ مدیری ئیزاعه‌ی كوردی كرد و ئه‌ویش ڕازی بوو، داوای كرد من حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌رمه لای و ئه‌وانیش تاقی بكه‌نه‌وه. ئه‌وه بوو منیش چوومه ئوتێل و مژدهكهم دا به حه‌سه‌ن زیره‌ك. ئه‌ویش له خۆشیانا قاچی ئه‌رزی نه‌ده‌گرت. بۆ ڕۆژی دووه‌م كه بردم له‌گه‌ڵ خۆم بۆ ئیزاعه‌ی كوردی زۆر له‌سه‌رەخۆ له تاقیكردنهوەدا به‌شداری كرد و سه‌ركه‌وتوو بوو. له‌و ڕۆژه‌وه وه‌رگیرا به گۆرانیبێژ، به‌و شه‌رته‌ی هه‌فته‌ی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هه‌رجاره‌ی ٣ یان ٤ دیناری بدرێتێ. ئه‌وەش ئه‌وی ڕۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكه ئه‌و له ئوتێله‌كه جگه له خواردن و نووستن ته‌نها ٣ دیناری وه‌رده‌گرت.
به‌م جۆره حه‌سه‌ن زیره‌ك بوو به گۆرانیبێژ له ڕادیۆی كوردی به‌غدا. وه‌زعی ماڵیشی باشبوو. هه‌ر له سایه‌ی خهباتگێڕیشدا به كاك حه‌سه‌نه سوورم ناساند كه ئه‌ویش كرێكار بوو لای كاك برایمی مصور. هه‌ردوكیانم له شانهیهكدا كۆده‌كردنه‌وه، هه‌ردووكیانیش بوون به هه‌ڤاڵ، پاشان حه‌سه‌ن زیره‌ك خوشكی حه‌سه‌نه سووریشی هێنا.
هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه وا بۆ یه‌كه‌مین جاره بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌ڵام خانمی حه‌سه‌ن زیره‌ك لێی ئاگاداره، خوالێخۆشبوو خۆشی جارێكیان باسی كردووه، به‌ڵام چونكه له زه‌مانی شا دا نه‌یده‌وێرا ناوی من بهێنێت، ده‌ڵێ یه‌كێك ئه‌وی بردۆته ڕادیۆ كه پێیان دەگوت مام.
سەرچاوە: گۆڤاری خاك، ژماره (٤١)، ل (١٨ و ١٩)، تشرینی دووه‌می ساڵی ٢٠٠٠
مام جەلال: حه‌سه‌ن زیره‌كم چۆن ناسی و چۆن بردم بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا
نووسینی: مام جه‌لال