Home / یاداشت / یادەوەریەکانى گرتووخانەى حامیە، تەویلەخانەکە ساڵى ( 09/06/1963 )

یادەوەریەکانى گرتووخانەى حامیە، تەویلەخانەکە ساڵى ( 09/06/1963 )

یادەوەریەکانى غەفور رەشید داراغا

fbeaddb8-6439-42ee-b08f-5572d8e3c3af

لە دواى کودەتاى ( 08/02/1963 ) بە سەر ( عبد الكريم قاسم )دا حیزبى بەعس  دەسەلاتى گرتە دەست وە (عبد السلام محمد عارف ) بوو بە سەرۆک کۆمارى عیراق و ( أحمد حسن البكر ) بوو بە سەرۆک وەزیران .

بارى سیاسى عێراق بەرەو خراپى ڕۆیشت وە لە ناو ( حیزبى بەعس )دا ترازان ڕوویدا و بوون بە چەند بەشێکەوە , لە ( 18/02/1963 ) عبد السلام محمد عارف فرمانى دەرکردنى بۆ ( أحمد حسن البكر ) دەرکرد و دوورى خستەوە لە پۆستى سەرۆک وەزیران وە هەموو دەسەڵاتەکانى خستە ژێر دەستى خۆیەوە , بارى نائاساى ( قەدەغەى هاتوچۆى ) لە سەرجەم پاریزگاکانى عێراق راگەیاند و دەسەڵاتى دابە ( لەشکرى سەربازى ) تا بتوانن نەیارەکانى ناو حیزبى بەعس و خەڵکانى دژ بە حکومەتەکەى لە ناوبەرن .

بە هەمان شێوە لە شارى سلێمانیش وەک شارەکانى ترى عێراق حکومەتى عێراقى هەستا بە ( قەدەغەى هاتوچۆ ) و گرتنى هەموو ئەو کەسا و لایەنانەى کە دژى حکومەتى کودەتاى تازەى عێراق بوون .

لە ناو ئەو کەسانەدا کە بە تایبەتى هاتبوون بۆ گرتنى نووسەر ( غفور رشید داراغا ) بوو .

ئەم رووداوە  لە میژووى شارەکەدا زۆر ترسناک و گەورە بوو, کە لە یەک ڕۆژدا بە هەزاران پیاو و گەنجى شارەکەیان ڕەشبگیرکران و برانە ( حامیەى سلێمانى ) وە هەر لەوێ بە دەیان کەس گولە باران کران و لەی بە ژێر خاکەوە کران .

ئەوەى بۆ من جێى سەرنجە لەم یادەوریانەى نووسەر ( غفور ڕشید داراغا ) ئەو وردەکاریانەى کە لەو ڕۆژەدا ڕوویداو و پێنج جار لە دەفتەرى یادگاریەکانیدا تۆمارى کردوە, ئەو وردەکاریانى ئەو ڕۆژە ئەگێرێتوەوە کە چۆن گیراون , لە چ شوێنێک گیراون , چەند کەس بوون , بارو گوزەرانى ڕۆژانەى گیراوەکان چۆن بووە , مامەڵەى سەربازەکان لەگەل گرتوەکاندا چۆن بووە , بارى دەروونى خەڵکى شارەکە لە ژێر چ فشارى سەربازەکاندا وە بە تایبەت نووسەر خۆى چ هەستێکى دەروونى هەبووە لەو کاتەدا وەک گیراوێک .

دەقى یادەوەریەکانى گرتووخانەى حامیە ناو ( تەویلەخانە )کە

لە نووسینى : غەفور رەشید داراغا

ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى 09/06/1967

لە سەعات ( 3 ) بەیانیەوە ( 09/06/1963 ) تەقە دەستى پێکرد , شار کڵپەى کرد , ئاگر باران بوو , مەرگ دەرگاى بە هەموو کەسێک گرتبوو .

تاوان , گوناء , دەست درێژى , خراپە کردن , باڵى ڕەشى بە سەر خەڵک دا کێشا بوو. 09/06/1963 ڕۆژى ڕەش , ڕؤژى ترس و ڕۆژى قەلاچۆکردن …

ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى 09/06/1968

ئەمڕۆ ڕۆژى یادى پێنج هەمین ساڵەى کوشتارەکەى سلێمانیە کە جانەوەرە دڕندە لە ڕێ دەرچووەکان پێى هەڵات , ئەم کاتەى کەئەم چەند دێڕەى تیا ئەنووسم , لەو شەوەدا نۆ لەسەر دەى مانگى شەشى ساڵى هەزار و نۆسەد و شەست و سێ ( 09 – 10/ 06/1963 )  لە تەویلەى نمرە یەک دابووم .

وەک مەڕوماڵاتى تاڵانى تێک خزێنرابووین , بێ خواردن و خواردنەوە , بێ پێخەف لەسەر یەک و تەرسەکەى ئێسترەکان گۆشت لەسەر گۆشت تێ خزابووین , لە هەموو لایەکەوە گرمە و زرمەى شەستتیر و تۆپ و تفەنگ و کلاشینکۆف و سیمینۆف ئەهات , کەس خەو لە چاوى نەئەکەوت , ترس و تۆقین باڵى بەسەر هەموو کەسێکدا کێشابوو جگە لە تاق و ڵۆقێکى سەرسەخت ,

لە مانە یەکێکیان من بووم کە بە هیچ جۆرێک لە هیچ نەئەترسام , مردن بەلامەوە وەک ئاو خواردنەوە ئاسانتر و ڕەوانتر بوو .

ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى 09/06/1970

یادى ڕۆژى 09/06/1970 بوو کە لەو ڕۆژەدا , دوژمنى سەرسەخت ئەیویست کورد نەهێلێ خاکى کوردستان بە گوولەو بۆمبا بسوتێنێ .

بەڵام بێ گومان نەک دوژمنى ( 1963 ) بەڵکو هەموو دوژمنەکانى کوردستان خەیاڵیان خاوە , سەریان دا لە بەرد نەتەوەى کورد هەر ئەمێنێ و کوردستان هەر جێنشینى کورد ئەبێ , هەر ئەگاتە ئاوات …

لەم کاتەدا کە ئەمە ئەنووسم , سات ( 9.5 ) پاش نیوەڕۆ حەوت ساڵ پێش بەند بووم لە تەویلەى ژمارە یەک ( 1 ) دا .

بە هۆى ( 9 ) حزیرانەوە تەنیا , بڕێک دروشم هەڵواسرابوو وە بەیانى ئافرەتان چوونە گردى شەهیدان , ئیوارەش پیاوان …

لە سەعات ( 1,15 ) سەربازەکان منیان خزاندە تەویلەکەوە , کە چوومە ژورەوە , دیم ئەو تەویلەیە  , کەهى ئێسترەکانى سوپا بوو , عەردەکەى بستێک پەین کۆن و تازەى تیا بوو , ئەو تەویلەیە ڕووبەرەکەى نزیکەى ( 350 ) متر چوارگۆشە بوو , لەم بەر و ئەو بەرى نزیکەى ( 30 ) ئاخووڕى تیا بوو , یانى ئەو شوێنە جێگەى ( 30 ) ووڵاخ بوو .

بەڵام ژمارەمان لە ئێوارەیەکى درەنگ دا و گەیشتى ( 780 ) کەس , کە لاشە لەسەر لاشە بوو , لە هەموو لایەکەوە قرمەى شەستتیر و گرمەى تۆپ و دەنگى کلاشینکۆف و سمیتۆف و دۆشکە ئەهات وات ئەزانى کە ئاگر ئەبارێ بە سەر شاردا .

بەڵێ ئەو شەوە , کەس خەوى لێ نەکەوت لە ترسا , بە تایبەتى کە ئە بیسترا , خەڵکیان ئەبردە دؤڵى مەرگەوە ( وادى الموت ) وە لەوێ سەر نگوون ئەکرا …

بەڵام من بە ئاگادارى و شایەتى زۆر کەس , کە مردن و ژیانم بەلاوە یەک بوو , و سلم لە هیچ شتێک نەئەکردەوە …

بەڵێ لەو شوێنەدا  سێ ڕۆژ لە سەر یەک بێ خواردن ماینەوە , نرخى سەموون کە ئەسکەرەکان ئەیان فرۆشت بە خەڵک گەیشتە ( 750 ) فلس وە نرخى پاکەتى جگەرە  بوو بوو بە ( 250 ) فلس …

بە ڕاستى خواردن و ئاو و نان بە لامەوە هیچ بوو , جگە لە جگەرە , کە شەیدای بووم .

بەڵام کاتێک لە ماڵەوە دەریان هێنام , دایکى میدیا سێ چوار پاکەت جگەرەى ( جگەرەى غازى ) خستە گیرفان مەوە لەگەڵ ( 4,250 ) دینار .

بەڵى سێ ڕؤژى رەبەق لەسەر یەک بێ نان و ئاو ماینەوە , لە پاش سێ ڕۆژەکە , برنجێکى خوساووە لەگەڵ چلکاوێک  کە پێیان ئەوت شلە ئەیان دانێ , لەلایەن  قۆنترات چى ( قەیرەوان ) ەوە .

بەڵێ تا ڕۆژى ( 01/07/1963 ) لە تەویلەکە مامەوە , لە پاشان بردمیانە قاوشى ( 3 ) شوێنێکى زۆر خۆش بوو لە چاو تەویلەکەدا .

لە ڕۆژى ( 03/07/1963 ) چۆن بە کەرەکى گرتیانین هەروەهاش بەرەڵا کرراین نزیکەى ( 130 ) کەس … یەکێک لەوانە من بووم .

کە هاتمە ماڵەوە ( کە خۆم کرد بە ماڵا ) مناڵەکان میدیا و تەنیا و چیا و زەرادەشت لە ترسا ڕایان کرد , چونکە لە شێت ئەچووم , پیاوێکى ڕیش ماش و برنج , توکى سەر هاتوو , چڵکن و پیس , کە منداڵەکان نەیان ئەناسیمەوە …

ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى 09/06/1971

ئەمڕۆ یادى ڕۆژى خوێناوى و تەماوى ( 9 ) حوزەیرانى ساڵى ( 1963 ) بوو کە ( 8 ) ساڵى بڕى بەسەرا ڕۆیشت , ئا لەم ڕۆژەدا لە سەرانسەرى کوردستان دا هاتووچۆ قەدەغە کرا وە دەستکرا بە گرتن و کوشتن و بڕینى خەڵکى بێ تاوانى کوردستان , کە ئەمە ئەنووسم وە سەعات ( 10 ) پاش نیوەڕۆیە , هەشت ساڵ پێش لە تەویلەکەى سەربازگە تووندکرابووم لەگەڵ ( 712 ) کەس , بێ نان و ئاو و جگەرە , بێ پێخەف , لەسەر پەینەکە لە سەر یەک کەڵەکە کرابووین .

ئاى لەم ڕۆژە کە هەموو شەقامەکانى سلێمانى ناڵەى شەستتیر و کلاشینکۆف و تۆپ ئەهات … شەقامەکان بۆنى خوێنیان لێ ئەهات , دادگەى دۆڵەکە لە کارابوو … پاش کوشتن ئەکران بە ژیر خۆڵەوە … ڕۆژێکى وەهابوو مناڵ لە بێشکەدا زیڕەى ئەهات .

بەڵام من بە گیانێکى بەرز و پۆلایى یەوە بەرەو رووى ئەو کارەساتە هاتم , باکم نەبوو , خەڵک ئامۆژگارى ئەکرد .

ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى 09/06/1972

ئەمڕۆ نۆ ساڵى ڕەبەق تێ پەری بە سەر ڕۆژە ڕەشەکەى ناوچەکانى کوردستان دا  کە لەم ڕۆژە لە بەرەبەیانەوە گرمە و ناڵەى تۆپ و دەنگى شەستیر و قرمەى کلاشینکۆف گوێى کەر ئەکرد , هەموو شارەکانى کوردستان مەرگ باڵى ڕەشى بەسەرا کێشابوو , مناڵ لە بێشکەدا خۆى نەئەگرت .

بەڵێ ڕۆژ بووەوە , شەقام و کۆلانەکان پەپووت تیا بخوێنایە , تەنها جل زەرد و شەستیر بە دەست نەبێ … لە سەعات ( 1,15 ) پاش نیوەۆ لە تەویلەکەیا تووندیان کردم .

لە هەموو ژیانما ڕۆژى وەهام نەدی بوو …

ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى 09/06/1973

یادى دەیەمین ساڵەى ( 9 ) حوزەیران بوو , گەڵێک دروشمى جوان هەڵواسرابوو, هەروەها ڕێ ڕەوێکى ڕێکوپێک کرا بەرەو گردى شەهیدان .

شایەت حاڵەکە *( هاوژینی ) غفور ڕشید دراغا بوو , دوای چەند ساڵێک لە کۆچی دوای بەندکراوەکەی تەویلەکەی ( حامیە ) بەم شێوەیە ساتی دەستگیرکردنەکەی بۆ گێرامەوە  .

هەر لە بەیانی زووەوە شار شلۆقا و دەنگی تفەنگ لە هەموو لایەک ئەبیسترا حکومەت لە بلندکۆکانیەوە ڕایگەیاند کە (مەنع تەجەولە ) و کەس لەماڵەکانیان دەرنەچن و بمێننەوە ، پێش نیوەڕۆ بوو لە دەرگای ماڵەکەمانیاندا هەر زوو زانیم هاتوون ( غفور ) بگرن ، ئەوکاتە خاوەنی سێ کچ و یەک کوربووین ئەو کات ماڵمان لە بەردەرکى سەرابوو لە پشت بیناى ( نورى على و گەراجى سەنە کریم تەنیشت نەقڵیاتى گۆیژە )  کە دەرگاکەم کردوە بینیم موختاری گەرەک لەگەڵ چەند سەربازێک هاتوون بە ناو بۆ گرتنی هاوژینەکەم , واتە لیستی ناویان تایبەتیان پێ بوو بۆ گرتنى ئەو کەسانەى مەبەستیان بووە ، ئەو کات زانیم ئیتر جارێکی تر نایبینمەوە , موختاری گەرەک پێی ووتم دوا خواحافیزی لە هاوژینەکەت بکە ،  تەنها فریای ئەوە کەوتم کە هەندێ پارە و چەند پاکەتیکی جگەرە بدەمێ .

هەر لەوێوە وە سەربازەکان ئەیبەن بەرەو ( ئەسحابە سپی ) چونکە زیلەکان لەوی کۆبوونەوە وە لەوێوە خەلکەکانیان ئەبرد بۆ ( حامیە ) لەبەر ئەوەی هاوژینەکەم بەلیستى تایبەت  گیرابوو , خرابووە ناو زیلیکی سەربازى تایبەتەوە تا وەکو ئەوانەیتر یەک سەر بدرینە بەر گولە و بیان خەنە ژیر خاکەوە لە هەمان شوین لە ناو ( حامیە )دا .

بەلام قەدەر بەلایەکی تردا بردی ، ئەو کاتەی هاوژینەکەم بە تەنها لە ناو زیلەکەدا دانیشتبوو (زابتیکی ) سەرباز بەوێدا ئەروات و ئەمر ئەکات کە ئەو کەسەی بۆ بە تەنهایە  لە ناو ئەو زیلەدایە !! بیخەنە ناو زیلەکانى ترەوە کە پرە لە خەلک و بیانبەن بۆ ( حامیە ) لەو کاتەدا هاوژینەکەم تێکەڵی خەلکە ئاسایەکانى تر ئەبیت و دەینێرنە ناو تەویلەکەوە لەگەل ئەوانەی تر وون ئەبێ کەس نایناسیتەوە و لە مەرگ ڕزگارى ئەبێت.

*نووسەر غفور رشید داراغا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە  ( 1923-1976 )

*سەبێحە ئەحمەد ساڵح کچى ( ئەحمەدى عەتارە ) هاوژینى نووسەر غفور رشید داراغا بوو .

*حامیە لە ئێستادا پارکى ئازادیە لە دواى داگیرکردنى ئینگلیزەکان سەربازگە و فرۆکەخانە بوو , بەڵام ئەم سەربازگەیە مایەوە و هەموو حکومەتەکانى دواى ئینگلیزەکان بەکاریان هێناوە بۆ سەرکوت کردنى هەموو ناڕەزایەک و شۆرشێک. لە دواى ڕاپەرینەوە ئەم سەربازگەیە کرا بە پارکى ئازادى وەک یادەوەریەک بۆ ئەو هەموو کاراساتانەى کە روویداوە لەو شێونەدا.

About دیدار عثمان

Check Also

بیره‌وه‌ریه‌كانی شاژنه‌ سوره‌یا

بیره‌وه‌ریه‌كانی شاژنه‌ سوره‌یا نووسینی سعید قانعی وه‌رگێڕانی سمیر حسین له‌ بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی چاپ و په‌خشی …