Home / ناوداران / خەباتگێری دڵسۆزی كوردایەتی ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی 1925- 1976

خەباتگێری دڵسۆزی كوردایەتی ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی 1925- 1976

18644583_1425642930851149_738808580_n

دزةيى

ئا: كەریم شارەزا
خەباتگێری بە جەرگی كورد و دڵسۆزی كوردایەتی ، كاك ئەحمەد كوڕی حەمەدەمین كوڕی حاجی بایز كوڕی حەوێز ئاغای دزەیی و ناسراو بە (ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی) ، لە ساڵی 1925 دا چاوی ژیانی بەدیمەنە دڵڕفێنەكانی پەرێز و جۆخینی دەشتی هەولێر لە گوندی (دووگردكان)ی سەر بە ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر هەڵێناوە و بووەتە ئەندامێكی وەفاداری كاروانی خەباتی كورد لە پێناوی سەرفیرازیدا . ئەو زاتە لە بنەماڵەیەكی گەورە و ناسراوی كوردستان ، بنەماڵەی حاجی بایزی حەوێز ئاغای دزەیی پەروەردە بووە . دایكی كچی شێخ مارفی هەڵەبجەیی بەرزنجی بووە، كە ئەویش كەسایەتیەكی ناوداری ناوچەی هەولێر بووە . كاك ئەحمەد جارێ‌ تەمەنی 12 ساڵان بووە كە باوكی كۆچی دوایی كردووە و لەو تەمەنە بچوكییەوەی بە زیرەكی و هوشیاریی خۆی توانیویەتی سەرپەرشی كاروباری گوزەرانی بنەماڵە گەورەكەی بكات و هەر چوار براكەی (ئەنوەر، موحسین، سەعدی و هۆمەر) پێ‌ بگەیەنێ‌ و خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی، ئامادەیی و تەنانەت پەیمانگا و زانكۆكانی بەغدا و ئەوروپاشیان پێ‌ تەواو بكات و ببنە خاوەنی بڕوانامەی بەرز . كاك ئەحمەدی لاو چاك ، هەر لە تافی لاوییەوە سەبارەت بە خەباتی بێ‌ ووچانی كوردایەتی ، بووەتە خاوەن كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و نیشتمانیی خۆشەویستی روح سووك لە پارێزگای هەولێر بە تایبەتی و لە كوردستانی عێراق بە گشتی و لەو كاتەی كە موڵكدارێكی گورە بووە ، كەچی پەیوەندیی لەگەل جووتیارەكانی دێیەكەی ، پەیوەندیی برا و برا بووە ، نەك پەیوەندیی نێوان ئاغا و جووتیار . ئەو كەسایەتیە دڵسۆزەی كوردایەتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەگەڵا دامەزراندنی (حزبی هیوا) لە سەر هەیكەلی (كۆمەڵەی داركەر) لە بەهاری 1939دا بە سەرۆكایەتی مامۆستای سیاسەتمەدار رەفیق حیلمی ، بووەتە ئەندامێكی چالاكی ئەو حزبە نەتەوەییە لە مەڵبەندەكەی خۆی . كاتێكیش كە شۆڕشی 1943- 1945ی بارزانی بە سەركردایەتی (بارزانیی نەمر) هەڵگیرسا ، كاك ئەحمەد دزەیی دەورێكی باشی هەبوو لە پشتگیریی كردنی شۆڕشەكە و یارمەتیدانی شۆڕشگێڕانی بە پارە و بە چەك و لە سەر ئەو هەڵوێستە سیاسییەی بەرامبەر بە خەباتی شۆڕشگێڕیی كوردایەتی لە ساڵی 1945دا ماوەیەك گیرا و گەلێك ئەشكەنجەدرا و كاتێكیش كە پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا و بە نهێنی كۆنگرەی یەكەمی لە 16/ 8/1946 دا لە بەغدا بەست . ئەم زاتە دڵسۆزەی رێبازی كوردایەتی بووە ئەندامێكی كارای ئەم حزبە نەتەوەییە دیموكراتیەی كورد و خەڵكێكی زۆری لە مەڵبەندەكەی خۆی بۆ ناو ڕیزەكانی ئەم حزبە ڕاكێشا . لە ماوەی خەباتی بەردەوامی لە ریزەكانی پارتیدا ، لە سەردەمی حوكمی پاشایەتی عیراقدا ، زۆر جار گیراوە و لە دوای دامەزراندنی كۆماری دیموكراتیی كوردستانیش بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد ، پشتگیرییەكی ماددی و مەعنەوی ئەو تاقیكردنەوە سیاسیەی كوردی كردووە و لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابوردوو و لە سەردەمی حوكمی كۆماریی عێراقیشدا لە سەر هەڵوێستی كوردایەتی چەند جار دەست بە سەر كراوە و لە ناوچەكەی خۆی دوور خراوەتەوە . لە دوای رووخانی كۆماری دیموكراتیی كوردستان و گەرانەوەی خێزانە بارزانیەكان لە كوردستانی ئێرانەوە بۆ كوردستانی عێراق و دابەش كردنیان بە سەر گوندەكانی دەشتی مولكیە و كەندیناوە و دەشتی قەراجی پارێزگای هەولێر ، كاك ئەحمەد دزەیی لە دوای ساڵی (1948)ەوە تاكو گەراندنەوەیان بۆ بارزان، 30 ماڵە بارزانی لە گوندەكانی خۆی داڵدە داوە و زۆر یارمەتی داون و ئەو ماڵانەی كە لە گوندەكانی خزمە دزەییەكانیشی بوون، بە راسپاردەی ئەمەوە ، زۆر رێزیان لێ‌ گیراوە و خزمەت كراون . ئەم هەڵوێستە نەتەوەییەشی بووەتە مایەی پێزانینی خواڵێخۆشبوو جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی ، بۆیە لەو ساوە قەدر و رێزێكی زۆری بووە لە لای شێخی نەمر و لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلول لە 11/9/1961 دا، كاك ئەحمەدی تێكۆشەر چەند جار بە تۆمەتی پشتگیریی كردنی شۆرشەكەی كوردستان تووشی گرتن و دوور خستنەوە بووە . ئەم تێكۆشەرە بە جەرگە لە ساڵی 1963 دا لە دوای كوودەتا شوومەكەی 8ی شوباتی بەعسی فاشی چووەتە ریزی شۆرشگێرانی كوردستان و خەباتێكی سەختی لە دژی دوژمنانی كورد و كوردستان كردووە و بەرامبەر بە چالاكیەكانی گەلێك پلە و پایەی سیاسی و عەسكەری پێدراوە، كاتێكیش كە لە تەمەنی پەنجا و یەك ساڵیدا گەیشتە ئاكامی مەرگی بێ‌ وادەی ، لە رۆژی 25/5/1976 دا گیانی بە بەهەشتی نەمرانی كورد و كوردستان شاد بوو ، بەڵام گیان‌و دڵی دۆست و سەرجەم كوردپەروەران كەوتنە دەریای خەم و پەژارەیەكی سەخت و قووڵ و ئەدگاری خۆی و خەباتە بێ‌ وچانەكەی لە ویژدانی گەلی كورددا بە نەمریی مانەوە .

سەرچاوە :
1-نامەیەكی تایبەتی ڕێزدار موحسین دزەیی لە مانگی ئایاری 2001دا .
2- رۆژنامەی برایەتی ژمارە 3396 ی رۆژی 31/5/2001 – نووسینێكی كەریم شارەزا .

18643809_1425642914184484_1740998318_n

 

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …