Home / ناوداران / شاعیر و چیرۆكنووس و رەخنەگری خەباتگێڕی كورد شەهید مارف بەرزنجی (پشكۆ) 1921- 1963

شاعیر و چیرۆكنووس و رەخنەگری خەباتگێڕی كورد شەهید مارف بەرزنجی (پشكۆ) 1921- 1963

18644583_1425642930851149_738808580_n

بشكؤ

ئا: كەریم شارەزا
شاعیر، چیرۆكنووس، رەخنەگری لێهاتوو، توێژەری ئەدەبی، هونەری و خەباتگێڕی پێشكەوتنخواز شێخ مارف كوڕی شێخ عەبدولكەریم كوڕی شێخ حوسەینی بەرزنجییە ناسراو بە مارف بەرزنجی و نازناوی ئەدەبی (پشكۆ) بوو، لە مانگی شوباتی 1921 دا لە ناحیەی قادر كەرەم لە بنەماڵەیەكی ئایینی و ئەدەب پەروەر چاوی ژیانی هەڵهێناوە . لە تەمەنی شەش ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، لە قوتابخانە سەرەتاییەكەی قادر كەرەم ، تا پۆلی چوارەم خوێندوویەتی، ئینجا پۆلی پێنجەم و شەشەمی لە شاری كەركوك تەواو كردووە، لە سالی 1937 لە قوتابخانەی ناوەندیی كەركووك دەخوێنێ‌، لە 1940دا دەردەچی و قۆناغی ئامادەییش هەر لەو شارەدا لە ساڵی 1943 دا تەواو دەكات ، هەر لەو ساڵەدا ژن دێنێ‌ و بۆ ماوەی 9 مانگ لە فەرمانگەی تەموین بە فەرمانبەر دادەمەزرێ‌، بۆ ساڵی 1944 دەچێتە بەغدا و لە كۆلێجی حقووق وەردەگیرێ‌، لە ساڵی 1948دا خویندنی یاسا تەواو دەكات و دەبێتە پارێزەرێكی یاسا ناسی مەعلانە . لە ساڵانی 1948 و 1949 دا لە كەركووك پارێزەری دەكات و ماوەیەكی كەمیش دەكرێتە فەرمانبەر لە كۆمپانیای نەوتی عیراق لە كەركووك، بەڵام بە دڵی نابێ‌ و زوو وازی لێدێنێ‌ و هەر لەو ساڵەدا ئەحكامی عورفی جاڕ دەدرێ‌ و ئەم دەربەدەر دەبێ‌ ، چونكە ئەندامێكی چالاكی حزبی شیوعی عیراق دەبێ‌ و تاكو مانگی ئاداری 1950، بە شاخەكانی سەنگاو، قەرداغ و شارباژێرەوە ئاوارە دەبێ‌، نزیكەی چوار مانگیش لە لای شێخ مەحموودی نەمر و مانگێكییش لە (سیتەك) لای شێخ لەتیف بووە و رێزێكی زۆری لێگیراوە، چونكە تێكۆشەرێكی بە جەرگ بووە و دوای هەڵگیرانی عورفی دەگەرێتەوە قادر كەرەم و دوای چەند رۆژێك دەچێتە كەركووك و خۆی بەدەستەوە دەدات و دەدرێت بە دادگا و ڕەها دەكرێت . لە ساڵی 19545دا شێخ مارف یەكێك بووە لە نوێنەرانی بەرەی نیشتمانی یەكگرتووی عیراق لەگەڵا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەبنە پاڵێوراوی سلێمانی لە هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمان دەنگێكی یەكجار زۆر لە ناو شاردا وەردەگرن بەرامبەر پالێوراوانی حكومەتی بەغدا ماجید مستەفا و عەلی كەمال، بەڵام حكومەت لە دەنگدانی گوند و دێهاتەكان فڕ و فێڵ دەكات نایەڵێ‌ نوێنەرانی بەرەی نیشتمانی دەربچن، بەر لە دەست پێكردنی هەڵبژاردنەكەش حكومەت بڕیاری گرتنی هەردووكیان دەردەكات تاكو دەرنەچن ، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەگیرێ‌ و (شێخ مارف)یش بۆی دەردەچێ‌، بەڵام لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دێتەوە ناو شار و سەردانی سندووقی هەڵبژاردن دەكات . شێخ مارف لە ساڵانی 1954 و 1955 پارێزەرێكی ڕاوێژكار و ناوداری لێدێتەوە و داوای جووتیارەكان لە سەر زەوی و زار لە دژی دەرەبەگەكان دەگرت و بە زۆریش سەردەكەوت و لە ساڵی 1956 دا لە سەر هەرای شەڕی كەنالی سویسی میسر ماوەیەك دەگیرێ‌ . پاش شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 بە سكرتێری ئاشتیخوازانی پارێزگای كەركووك هەڵدەبژێردرێ‌ و دەشبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئاشتیخوازان لە كۆماری عیراقدا، لە سەر داوای جەماوەری كەركووك دەكرێت بە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە كوردستانیە، پاش ماوەیەك لە دوای فیتنەكەی كەركووك لە رۆژانی 14و15ی تەمووزی 1959 دەگیرێ‌ و لەگەڵا دەستەیەك لە خەباتگێڕانی كوردی شارەكە لە بەندیخانە توند دەكرێن، بە پێی ماددەی هەشتا لە یاسای سزای بەغدادی دەدرێتە دادگای عورفی عەسكەری و لە ئەنجامی دادگایی كردنێكی رووكەش حوكمی لە سێدارەدانیان دەدرێ‌ بەڵام تاكو حوكمی عەبدولكەریم قاسم لە ناو نەچوو و بەعسیە فاشیەكان نەهاتن حوكمەكەیان جێبەجێ‌ نەكرا، لە بەرە بەیانی 23ی حوزەیرانی 1963دا لە بەندیخانەی كەركووك لە سێدارەدران و گیانی پاكیان بەرە و بەهەشتی شەهیدانی كورد و كوردستان كەوتنە پەرواز و فڕین . شێخ مارف بەرزنجی كوردپەروەری پێشكەوتنخواز : رەگی تێكۆشانی نیشتمانپەروەریی شێخ مارف دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1937، لەو ساڵەی كە قوتابی پۆلی یەكەمی ناوەندیی كەركووك بووە ، چووەتە پال (كۆمەڵەی داركەر) و كاتێكیش كە ناوەكەی لە ساڵی 1939 بووە حزبی هیوا چووە پاڵ ئەو رێكخراوە نەتەوەییە سیاسیەی كورد، لە ساڵی 1940دا كراوە بە بەرپرسی قوتابیانی كەركووك لەو حزبەدا، رێبازێكی شۆڕشگێریی گرتۆتە بەر و لە زۆر خاڵدا ناكۆك بووە لەگەڵا رێبازی زەعیمی حزب مامۆستا رەفیق حیلمی . بۆیە لە سالی 1944 بەملاوە رێبازێكی ماركسی گرتۆتەبەر و لەگەل رەوتی حزبی شیوعی عیراق دەڕۆیشت و تا ڕۆژی شەهید كردنی ئەو رێبازەی بەر نەدا .شێخ مارف بەرزنجی شاعیر : شێخ مارف وەك زۆربەی ئەدیبانی كورد بە شیعر دەستی پێكردووە و چۆتە نێو دنیای ئەدەبیات و وەك خۆی دەیگوت ، یەكەمین ئەزموونی شیعری لە ساڵانی 1936 و 1937 دا دەست داوەتێ‌ و بە شیعری نەتەوەیی دەستی پێكردووە و جارێ‌ لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووە لە شاری كەركووك هەندێ‌ نموونەی شیعری سادەی نووسیوە هەر وەك دەڵێ‌ :

تیرو شیری خۆم دەبەستم باسی كوردستان ئەكەم
دوژمنی خاكی وڵاتم پەرتی سەرگردان ئەكەم
بەڵام شاعیر تا سەر لە سەر ئەو ڕێبازە نامێنێتەوە بەلكو ڕێبازێكی ئینتەر ناسیۆنالی دەگرێتە بەر، باسی خەباتی هاوبەشی میللەتان دەكات لە پێناوی ئازادی و بەختیاری و لە ناو بەندیخانە، لە سێبەری حوكمدانی بە لە سێدارەدان ئاگای لە سەركەوتنی گەلان بووە، سەركەوتنی بیرو باوەڕی (لینین)ی پێشەوای سوسیالیستی زانستی وەك مژدەیەكی خۆش بە عالەم دەگەیەنێ‌، ئەویش سەركەوتنی سۆڤیەت بووە لە ناردنە دەرەوەی مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان، كە (یووری گەگارین) بووە لە كەشتیەكی ئاسمانیدا و گووتوویەتی :
ئێمەی دەست بەستەی ناو زیندان
وا باڵ ئەكەین
ئەفڕین لە خۆشیانا ئەفرین
چونكە هاوڕێیەكی شیرین
وەك (گەگارین)
كوڕی جووتیارێكی زەمین
مژدەی سەركەوتنی لینین
وەك فرشتە
ئەبا بۆ ئاسمانی بەرین !!
شێخ مارف بەرزنجی چیروكنووس : شێخ مارف چیرۆكنووسێكی لێهاتوو بوو ، لە ساڵی (1947)ەوە چیرۆكی واقیعی نووسیوە ، بەڵام یەكەمین هەوڵدانی بۆ نووسینی چیرۆك لە سەر شێوە و تەكنیكی نوێ‌ لە ساڵی 1955 دا بووە، بە ناوی (سەر لە بەیانی نەورۆزێك) نووسیوە و لە پیشەكیەكەیدا دەڵێ‌: ((ئەم چیرۆكەم لە سەر شێوازی (تەیاری وەعی = تەوژمی هۆش) نووسیوە، هەندێ‌ لە رەخنەگرانی وەك كاك عومەر مارف بەرزنجی دەڵێن : ((لەم شوێنەدا بە پێویستی ئەزانم كە ئەو ڕاستیە بەڵگە نەویستە بخەمە ڕوو كە لە مێژووی سەرتاپا گیری چیرۆكی كوردیدا (مارف بەرزنجی) یەكەم كەسە لە ناوەڕاستی پەنجاكانی ئەم سەدەیە (كە مەبەستی سەدەی بیستەمە .ك . ش) پەی بەم شێوازە نوێیە بردبێ‌ كە شێوازی بە كار هێنانی (شەپۆلی هۆشە) لە چیرۆك نووسیندا و ئەم چیرۆكانەی خۆی پێ‌ پۆشتە كردۆتەوە)) . شێخ مارف لە سەرەخۆ چیرۆكی بڵاوكردۆتەوە بەڵام كە بڵاوی دەكردنەوە سەرنجی هەموو رەخنەگرانی رادەكێشا.
دیارترین چیرۆكی كە لە رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا بڵاوی كردبێتەوە ئەمانەی خوارەوەن :-
1- ئاواز و كەباب : لە گۆڤاری (شەفەق)ی ژمارە (2) ساڵی 1985 دا بڵاوكردۆتەوە.
2- گای پیرۆز : لە ژمارە (1)ی مولحەقی كوردی گۆڤاری (اڵادیب العراقی) مانگی تەمووزی 1961 دا بڵاو كردۆتەوە .
3 – شەتڵ : لە ژمارە (33)ی گۆڤاری (هیوا)ی ساڵی 1961 دا بڵاوكردۆتەوە . 4 – جەژنێكی شادی : ئەم چیرۆكەی لە ژمارە (4)ی گۆڤاری (روناهی)ی ساڵی 1961 دا بڵاو كردۆتەوە.
جگە لەم چیرۆكانەش هی تری كە كتێبی (سەرجەم بەرهەمەكانی مارف بەرزنجی)ی نووسینی عومەر مارف بەرزنجی بڵاو كردۆتەوە لە ئەمانەی خوارەوەیە :
1 – پەیكەرەكەی گاور باغی.
2- بە سەر هاتی قوتابیەكی پۆلی چوارەمی حقووق.
3 – مەلا برایم.
4- من و براكەم.
5 – مەمەدە فەندی سەرسام .
بە كورتی شێخ مارف لە پەنجاكانی سەدەی بیستەمەوە وەك چیرۆكنووسێكی هەرە چاك و دیاری دنیای ئەدەبیاتی نوێی كورد هاتە مەیدانی نووسین و بڵاو كردنەوە، گۆی هونەری چیرۆكی نوێی لە مەیدانی داهێنانی ئەدەبیدا بردەوە .

سەرچاوە :
1 – عومەر مارف بەرزنجی – سەرجەمی بەرهەمەكانی مارف بەرزنجی شەهید – هەولێر 1933 .
2- گۆڤاری شەفەق – ژمارە (1) ساڵی (1) كەركووك 1958.
3- ڕۆژنامەی ئازادی – ژمارە 87ی رۆژی 23/3/1960 بەغدا.
4- گۆڤاری روناهی – ژمارە (7-8) ساڵی یەكەم – بەغدا 1961 .

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …