Home / ناوداران / ئافرەتی نیشتمانپەروەری كورد خاتوو ساكینە سولەیمان 1930-16/12/2005

ئافرەتی نیشتمانپەروەری كورد خاتوو ساكینە سولەیمان 1930-16/12/2005

18644583_1425642930851149_738808580_n

ساكينة

كەریم شارەزا

بە دڕێژایی مێژووی كورد ئەو دەرفەتەی بۆ پیاو خوڵقاوە بە دەگمەن نەبێ‌ بۆ ئافرەتی كورد نەخوڵقاوە، مەگەر چەند نموونەیەكی كەم نەبێ‌ كە دەوری كارگێری و كۆمەڵایەتی و سیاسیان گێراوە. وەك خانزادخانی سۆران و مەستوورەی ئەردەڵانی و قەدەم خێر و عادیلەخانم و حەپسەخانی نەقیب و هی دی…
ئافرەتی كورد تاكو سی و چلەكانی سەدەی بیستەم ئەوەندە دەوری لە ژیانی حزبایەتیدا نەنواندووە، بەڵام لە دوای ئەو مێژووەوە ئافرەتی بەجەرگی كورد هاتوونەتە مەیدانی خەباتی سیاسی لە پێناوی وە دەست هێنانی مافی زەوت كراوی خۆیان و نەتەوەكەیان و یەكێك لەوانە خاتوو ساكینە سولەیمان خدر بووە وەك شێرەكچێك لە شاری هەولێری دێرین هاتووەتە مەیدانی خەباتی نیشتمانی و چینایەتی. ست ساكینە سولەیمان لە ساڵی (1930)دا لە قەڵای هەولێری دێرین لە بنەماڵەیەكی هەژار لە دایك بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی هەر لە هەولێر تەواو كردووەو لە ساڵی (1947)ەوە بەشداریی لە خەباتی سیاسیدا كردووەو هەر وەكو خۆی دەیگوت:(كەوتووەتە بەر كاریگەریی بیروباوەڕی ماركسی برا گەورەی شەهید(موسا سولەیمان)یتێكۆشەری كۆمۆنیست و لە ڕێگای ئەوەوە گەلێك گۆڤاری كوردی و عەرەبی وەكو گەڵاوێژ و نزار و كتێبی ماركسی خوێندۆتەوەو بیرو باوەڕی سوسیالیستی زانستی وەرگرتووە.لە قوناغلی خوێندنی لە قوتابخانەی ناوەندیی لە شاری هەولێر لە ساڵانی (1947 و 1948)دا ئافرەتانی شارەكەی ڕێكخستووەو لە ئاهەنگی نەورۆزو بۆنەی تر وتاری سیاسی پێشكەش دەكردو لە ساڵی (1948)یشدا ئافرەتانی هاندەدا بۆ بەشداریی كردن لە خۆپیشاندان لە دژی پەیمانی پۆرتسمۆپ كە ناودار بوو بە پەیمانی (جەبر – بیڤن)وگۆر كردنی و لەو خۆپیشاندانانەدا ووتاری سیاسی پڕ جۆششی دەخوێندەوە ورەی ئافرەتان و سەرجەم خەباتگێڕانی پێ‌ بەرز دەكردەوە. خاتوو ساكینە لە ساڵی (1949)دا لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە بەغدا وەرگیراوەو لەو شارەی پایتەختیشدا بەشداریی لە چاڵاكیەكانی حزبی شیوعی دا دەكرد وەك خۆپیشاندان و پێشكەش كردنی داواكاریی بە ناوی خێزانی گیراوە سیاسیەكان، كە مووسا سولەیمانی كاكی یەكێك بووە لەو بەندكراوە سیاسییانەی قوربانی سیاسەتە چەپەڵەكەی وەزارەتەكەی ئەوسای نووری سەعیدی ساڵی (1949)دا. خاتوو ساكینە توانی لە ساڵی (1952)دا خوێندنی خانەی مامۆستایان تەواو بكات و بۆ پایزی ئەو ساڵە لە پارێزگای هەولێر بەما مۆستای قوتابخانەی سەرەتایی كچان دامەزراو لەسەر خەباتی نهێنی خۆشیی بەردەوام بوو.
كاتێكیش كە مووسا سولەیمانی كاكی لە كوشتارەكەی بەندیخانەی مەركەزی بەغدا شەهید بوو، كە لە (18/6/1952) پۆلیسەكانی حكومەتەكەی نووری سەعید لە دژی مانگرتووە كۆمۆنستەكان ئەنجامیاندا، خاتوو ساكینە پتر چاڵاكی سیاسی نواندو بووە یەكەمین ئافرەتی كورد لە هەولێر لە پێكەوەنانی ڕێكخستنی لقی (كۆمەڵەی مافی ئافرەتان) لە هەولێرداو لە ساڵی (1956)دا لەسەر ئەو چاڵاكیە سیاسیەی گیراو بەمەش بووە یەكەمین ئافرەتی هەولێری لەسەر چاڵاكی حزبایەتی بگیرێ‌. ئەم ئافرەتە خەباتگێڕە شان بەشانی ئەندازیار هاشم عەبدوڵڵای هاوسەری بەردەوام لە تێكۆشانی سیاسیدا بووەو تووشی راوەدوونان و گرتن بووە، بەڵام كۆڵی نەداوەو لە دوای بەرپابوونی شۆرشی (14)ی تەمووزی (1958)دا سەبارەت بە رابوردووی پاكی لە خەباتی سیاسیدا بە یەكەمین سەرۆكی (كۆمەڵەی ئافرەتان) لە هەولێر هەڵبژێردراوەو، لەدوای كوودەتا شوومەكەی (8)ی شوباتی (1963)ی حزبی بەعسی فاشی لەگەڵ تێكۆشەر هاشیم عەبدوڵڵای ئەندازیاری مێردی گیراوەو دراوە بە دادگای عورفی و بە سالێك بەندكردن حوكمدراوە بەڵام جێبەجێ‌ نەكراوەو خراوەتە ژێر چاودێری ئاسایشەوە. ئەم خوشكە تێكۆشەرە لە ساڵی (1984)دا لەسەر داوای خۆی خانەنشین كراو لە / / 200دا هەر لە هەولێر كۆچی دوایی كردو چووە ڕێزی نەمرانەوە.

سەرچاوە
* دیمانەیەك لەگەڵ خوالێخۆش بوو لە ڕۆژی 28/10/1995 لە ماڵەكەی خۆیدا.

تێبینی:
بۆ وەدەستهێنانی وێنەیەكی جوانی مامۆستا ساكینە سلێمان، نزیكەی دە جار لە رێگای دكتۆر سامیە چاوشلییەوە پەیوەندیمان بە منداڵەكان كرد، كە وێنەیەكی باش رەوانە بكەن، بەڵام بەداخەوە بەدەستمان نەگەیشت. ئەم وێنەیەش لە رێگای مامۆستا مەغدید حاجی و نەجات خۆشناوەوە لە ئەرشیفی رێگای كوردستان بە دەستمان گەیشت، سوپاس بۆ هەموو لایەك.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …