Home / ناوداران / كچە كوردی خەباتگێر و بووكی كوردستان شەهید لەیلا قاسم 1953-1974

كچە كوردی خەباتگێر و بووكی كوردستان شەهید لەیلا قاسم 1953-1974

18644583_1425642930851149_738808580_n

لةيلا

كەریم شارەزا

كچە كوردی خەباتگێڕ و فیداكاری كوردستان خاتوو لەیلا قاسم لە ساڵی (1953)دا، لە شاری دێرینی كوردستان خانەقین چاوی ژیانی هەڵێناوەو لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر گەورە بووە. لە ساڵی (1959)دا چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە شارەكەی خۆیدا تەواو كردووەو لە ساڵی (1970)دا چووەتە بەغداو لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێجی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوەو هەموو سالێك بە پلەیەكی بەرز قوناغەكانی بڕیوە تاكو گەیشتووەتە قۆناغی چوارەمی ئەو كۆلێجە.

لەیلا قاسم و یەكێتی قوتابیانی كوردستان و پارتی دیموكراتیی كوردستان:-
خاتوو لەیلا هەر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندییەوە لە خانەقین چووەتە ناو ڕێزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و بەنهێنی خەباتی لەو ڕێكخراوەی قوتابیاندا لە پێناوی ڕزگاریی كوردستان و سەربەرزیی نەتەوەكەی خۆی كردووە. كە چووەتە كۆلیجی ئاداب لە بەغدا وەك ئەندامێكی دڵسۆزیی پارتی دیموكراتیی كوردستان دڕێژەی بە خەباتەكەی داوە. لە دوای دەست پێكردنەوەی شەڕو كوشتار لە بەهاری (1974)دا، خاتوو لەیلا قاسم و هەڤاڵە بەجەرگەكانی وەك (حەسەن حەمە ڕەشید) و(ئازاد سلێمان میران) و (نەریمان فوئاد مەستی) و چەند هەڤاڵێكی دیكەی چالاكیەكی زۆریان لە بەغدا ئەنجامداو لە دژی رژێمی بەعسی فاشی خەباتی سەختیان كرد، بەڵام مخابن دوژمنانی كورد ماوەیان نەدان لە خەباتی كوردایەتیان بەردەوام بن و بەتاوانی بێ‌ بنەما لە ڕۆژی (29/4/1974)دا خاتوو لەیلا قاسم و هەڤاڵانی لە گەڕەكێكی بەغدا دەسگیركران و هەر زوو بە زوو دران بە دادگاو حوكمی لە سێدارەدانیان بەسەردا دراو بۆ ڕۆژی (13/5/1974) هەواڵی جێبەجێ‌ كردنی لە سێدارەدانەكەیان لە هۆیەكانی ڕاگەیاندنی حكومەتی بەعسی فاشی بڵاوكرایەوە. لە سێدارەدانی خاتوو لە یلا قاسم وەك ئافرەتی خۆبەختكەری كورد لە پێناوی مافە نەتەوەییە رەواكانی خەڵكی كوردستان، هەر لە چوار چێوەی ڕووداوێكی خوێنین و كارەساتێكی دڵتەزین نەمایەوە، بەڵكو بووە داستانێكی قارەمانیەتی نەتەوەیی. بەڵێ‌ لەیلا قاسم و هەڤاڵانی لە سێدارەدران و گیانی پاكیان چووە بە هەشتی شەهیدانی كوردو كوردستان بەڵام ناوی ئەو ئەستێرە درەوشاوانەو خەبات و بەرخودانیان هەرگیز لەبیر ناكرێت و لەناو دڵی میللەتی كورددا دەژین، چونكە بوونەتە رەمزی خۆبەختكردنی ئافرەتی كوردو لاوی خوێن گەرم و دڵسۆزی كوردستان و گیانیان بووەتە تارماییەكی بەسام و ترسناك بەرامبەر بە دوژمن و جەللادەكانیان. دەنگدانەوەی لە سێدارەدانی لە یلا قاسم و هاوڕێیانی بووەتە دەنگی زوڵاڵی خەباتگێڕی دیكەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كوردو هەرگیز كپ ناكرێ‌ و هەمیشە لە رووی دوژمنانی كوردو كوردستان بەرزدەبێتەوە. لە سێدارەدانی لەیلا قاسم ویژدانی شاعیرە هەست ناسكەكانی كوردی هەژاند، یەك لەوانە شاعیری مەزنی كورد هێمن (1921- 1986) بوو، بە بۆنەی لە سێدارەدانی ئەم كچە قارەمانە ئەم چەند دێرە شیعرەی نووسی كە دەڵێ‌:-
كە تۆ تۆرای لە چاوم وەك خەوی من
لەبسكت رەشترە مانگە شەوی من
بڕۆ مەجنوون بەلەیلای خۆت مەنازە
وەرە ناوبانگی پتر دەركرد ئەوی من
* * *
بزەی هاتێ‌ و ووتی: رووناكە ئاسۆ
وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەمە پەت نییە، مەدالیای ئیتیخارە
كە بوومە قەرەمانی میللەتی خۆم!!
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی خاتوو لەیلا قاسمی شەهیدو هەڤاڵانی لە ئارامگای نەمرانی كوردو كوردستاندا.

سەرچاوە:
1- ڕۆژنامەی خەبات – ژمارە (1792)ی ڕۆژی 13/5/2005
2- ڕۆژنامەی خەبات – ژمارە (2489)ی ڕۆژی 9/5/2007

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …